سەربەخۆیی ساختەی ئیمپڕیالیزم

بڵاوکردنەوە:

ڕێکان جیهان

نووسەر:

ڕێکان جیهان

بینراو:

255

بەش:

ڕامیاری

(فەڕەنسا بە نمونە)

لە سەدەی (١٩)، شەپۆلێکی گەورەی کۆڵۆنیالیزم (داگیرکاری) وڵاتە زلهێزەکانی ئەوروپا بەرەو کیشوەری ئەفەریقا هات، و دڕندانە کەوتنە گیانی دانیشتوانە ڕەسەنەکانی کیشوەرەکە و دەرامەتە سروشتییەکانیان دەدزی و زۆربەی خەڵکی ناوچەکەش بوونە سوتەمەنی مرۆیی بۆ جەنگە جیهانییەکانیان. فەڕەنساش، کە ئەوکات و ئێستاش (Great Power) زلهێزی جیهانە پێشەنگی وڵاتان بوو لە داگیرکارییەکانیدا بۆ سەر ئەفەریقا، بەهۆی بەرفراوانبوونی ناڕەزایەتییەکانی خەڵکی داگیرگەکان فەڕەنسا ناچار بوو لە ساڵی (١٩٦٠) سەربەخۆیی بدات بە گەلانی ژێردەستەی لە ئەفەریقا (بێجگە لە جەزائیر). بەڵام، ئەم سەربەخۆییە تەنها تەڵەیەک بوو. ڕێککەوتنێکی هاوکاریکردنی بە وڵاتە سەربەخۆکان مۆرکرد، کە ئابوری ئەو وڵاتانەی خستە ژێردەستی خۆیەوە و تەنانەت دراوی وڵاتە نوێکانیش دراوی (CFA) بوو، کە دراوی فەڕەنسییان بەکاردەهێنا. ئەمە بێ لەوەی کە فەڕەنسا دەبوایە سەرچاوە سروشتییەکانی ئەو وڵاتانە بەکاربهێنێت بۆ خۆی، و لە بەرامبەردا فەڕەنسا هاوکاری دارایی و سەربازی وڵاتان دەکات. لە ئێستاشدا، ئەم ڕێککەوتنامەیە هەر ماوە و فەڕەنسا بە تەواوی دەستێوەردان دەکات لە کێشە ناوخۆییەکانی وڵاتە کۆنە-کۆلۆنیالیزمەکانی.

ئەوەی ئەو وڵاتانە بەدەستیانهێنا تەنها سەربەخۆییەکی ساختە بوو. لە بڕی ئەوەی کە خەڵکە ڕەسەنەکە شەڕ دژی بێگانەکان بکەن، ھاوکێشەکە گۆڕدرا بۆ ئەوەی کە خەڵکە ڕەسەنەکە شەڕ دژی خەڵکە ڕەسەنەکانی خۆیان بکەن و لەپاڵ ئەو شەڕەشدا ئیمپڕالیزمییەکان ڕسق و ڕۆزی خاکەکەیان هەڵلوشن و سەربازی خۆیان بە کوشت نەدەن هەتا سەربازە ڕەسەنەکانی ئەو ناوچانە وەستابن. ئەوەی لەسەر ئیمپڕالیزمییەکانە، تەنها پێدانی هاوکاری سەربازی و دارایی و هەندێ فرمێسکی تیمساحیانەیە بۆ ئەو کارەساتانەی کە لەو ناوچانە دروستدەبن و خەڵکە ڕەسەنەکانی ئەو ناوچانە ئەم داگیرکەری ئەخلاقی و دەرامەتیانە بە فریادڕەس بزانن و فەزڵیان بدەن بەسەر ڕەسەنێتی خۆیاندا.

سەرەڕای تێپەڕبونی چەندین ساڵ بەسەر کشانەوەی فەڕەنسا و زلهێزەکان لە داگیرکەکانیاندا. بەڵام، هەر هەژموونیان ماوە بەسەر وڵاتە نوێکانیاندا و بەردەوامن لە دەستێوەردان و هەردەم وا لەو وڵاتانە دەکەن کە پێویستیان بە هاوکاری داگیرکەرەکانیان بێت. فەڕەنساش بە نمونە.

زۆرترین بینراو

developed by Scorpion shield