گرینگی بنەماکانی دیموکراسی بۆ سەقامگیریی سیاسی لە هەرێمی کوردستان
بڵاوکردنەوە:
فەرەیدون دڵشاد
نووسەر:
فەرەیدون دڵشاد
بینراو:
698
بەش:
ڕامیاری
پێشەکی:
جێگیربوونی بنەماکانی دیموکراسی، زەمینەییەکی فراوان دەڕەخسێنێت بۆ ئەوەی هەر دەستە و لایەنێک داخوازییەکانی خۆیان بخەنەڕوو، وە بەدەستهێنانی دەسەڵات بەشێوەیەکی ئاشتییانە. ئەوەش دەبێتە هۆی ئەوەی کە سەقامگیریی سیاسی لەناو کۆمەڵگا فەراهەم بێت. چونکە، دیموکراسی دەنگی خەڵک بەکاردەهێنێت بۆ دوورکەوتنەوە لە توندوتیژی و دروستکردنی سەقامگیریی، هەم بۆ سیستمی سیاسی و هەم بۆ کۆمەڵگا. کەواتە، دیموکراسی و سەقامگیریی سیاسی پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆیان بەیەکەوە هەیە. بەڵام، ئەو پەیوەندییە بەشێوەیەکی ڕەها نیە، بەڵکو بە شێوەی ڕێژەییە، چونکە سەقامگیریی سیاسی پەیوەستە بە دروستبوونی کلتوری دیموکراسی لەناو ئەو کۆمەڵگایە. لە هەرێمی کوردستان بنەماکانی دیموکراسی تا ڕادەیەک بەراورد بە عێراق باشتر توانیویەتی دەنگی خەڵک بەدەستبهێنێت، وە مامەڵەیەکی ئاشتییانە دروستبکات لەناو پەرلەمان. وە بوونی ئۆپۆزیسیۆنی سیاسی کارا لە هەرێم بەتایبەت لە خولی سێیەمی پەرلەمانی کوردستان لە ساڵی (٢٠٠٩) سەلماندی کە سەقامگیریی سیاسی لە هەرێمی کوردستان باشترە وەک لە عێراق .
— گرینگترین ئەو بنەما سەرەکیانەی دیموکراسی کە سەقامگیریی سیاسی لە هەرێمی کوردستان زیاتر دەکەن بریتیین لەمانەی خوارەوە :
١- حوکمڕانیەکی دەستوری؛ دەستوور چوارچێوەیەکی یاساییە بۆ دیاردە سیاسییەکان. دەستوور سنورێک بۆ دەسەڵاتی تێکڕای دامەزراوەکانی حوکمڕانیەتی دادەنێت، وە دەستوور دەبێت لەلایەن کۆمەڵگاوە ڕەزامەندی لەسەر درابێ، کە ئەمە مەرجی یەکەمی دیموکراسیبوونی هەر سیستەمێکی سیاسییە بۆ ئەوەی سەقامگیریی سیاسی لەناو سیستەمی سیاسی و کۆمەڵگادا هەبێ .ئەگەر تەماشای هەرێمی کوردستان بکەین ڕاستە دەستوورمان نییە. بەڵام، کۆمەڵێک یاسامان هەیە کە مۆرکێکی دەستوریان هەیە دەتوانێ کاروبارەکانی سیستەمی سیاسی و دیاریکردنی ئەرکەکان و هاوسەنگی نێوان دەسەڵاتەکان بپارێزێت، ئەمەش سەقامگیریی سیاسی بۆ هەرێمی کوردستان زیاتر کردووە.
٢- هەڵبژاردن؛ بنەمایەکی سەرەکی دیموکراسیبوونی سیستەمی سیاسییە لە هەر کۆمەلگایەک، وە بنەمایەکە بۆ سەقامگیریی سیاسیش. چونکە، جەوهەری دیموکراسی بوون بریتییە لە ڕەزامەندی خەڵک و پێدانی متمانە (شەرعیەت) بە سیستەمی سیاسی له ڕێگای هەڵبژاردنەوە. لە هەرێمی کوردستانیش کارکردن بەم بنەمایە دیموکراسییە هەیە. هەر چوار ساڵ جارێ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەدەچێت (لە خوولەکانی پێشوو سەرۆکی هەرێمیش بە هەڵبژاردن دیاریکراوە ). وە کار بە مافی دەنگدان و خۆ کاندید کردن بۆ هەمووان کراوە. سیستەمی سیاسیش، لەلایەن خەڵکی کوردستانەوە متمانەی (شەرعیەت) پێدەدرێت. هەروەها، هەرێمی کوردستان لە ڕێگای یاسای هەڵبژاردن و کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و ڕاپرسی هەرێمەوە کاروبارەکانی ئەنجامدانی پڕۆسەی هەڵبژاردن رێکدەخات.
٣- فرە لیستی (حیزبی)؛ سیستەمی سیاسی هیچ مانا و ناوەڕۆکێکی دیموکراسی نییە ئەگەر کۆمەڵە لیستێک (حیزبێک) لەناویدا نەبێ. بۆ ئەوەی ململانێی یەکتر بکەن بۆ گەیشتن بە دەسەڵات بەشێوەیەکی ئاشتییانە. فرە لیستی، بە مانای دەستاودەستکردنی دەسەڵاتە بەشێوەیەکی ئاشتییانە بۆ براوەی هەڵبژاردنەکە. ئەم پڕۆسەیە سەقامگیریی سیاسی دروستدەکات. لە هەرێمی کوردستان فرە لیستی بوونی هەیە، کە تیایدا چەندین پارت لە هەڵبژاردنەکاندا ململانێی یەکتر دەکەن بۆ بەدەستهێنانی دەسەڵات بەشێوەیەکی ئاشتییانە. ئەم فرە لیستییە وا دەکات سەقامگیریی سیاسی زیاتر بۆ هەرێمی کوردستان دروستبێت.
٤- پاراستنی مافی کەمینەکان؛ پاراستنی مافی پێکهاتەکان یەکێکە لەو بەرپرسیاریەتییە گرنگ و سەرەکیانەی کە پێویستە هەر دەوڵەتێک پێوەی پابەندبێت. بە پێچەوانە پێشێلکردنی مافی پێکهاتەکان، و جیاوازیکردن لە نێوانیان بە مانای ئەتککردنی بەها مرۆییەکان دێت. گومان دەخاتە سەر دیموکراسیبوونی ئەو کۆمەڵگایە و سیستەمە سیاسییەکەشی. لەو چوارچێوەیەدا کۆمەڵناسە هاوچەرخەکان پێیان وایە نابێ باسی دیموکراسی بوونی ئەو کۆمەڵگا و سیستەمە بکرێت کە مافی پێکهاتەکان پێشێلدەکەن، چونکە سەقامگیریی سیاسی دەخاتە بەر مەترسی.
لە هەرێمی کوردستان پێکەوە ژیانی نێوان پێکهاتە جیاوازەکانی ناو کۆمەڵگا لە ئاستێکی بەرزدایە، و هەوڵ دراوە بەپێی هەندێک یاسای بەرکار لە هەرێمی کوردستان مافەکانی وەکو (خوێندن، ئازادی بیروڕا، مافی خۆکاندیدکردن و دەنگدانیان بۆ دەستەبەر بکرێت). بۆ نموونە لە پەرلەمانی کوردستانیش (١١) کورسی کۆتا بۆ پێکهاتەکان مسۆگەر کراوە بە مەبەستی بەشداریپێکردنیان لە دەسەڵاتی یاسادانان. هەروەها، لە ڕووی بەجێ گەیاندنی پەرستش و سروودە ئایینییەکانیان، رێگە بە پێکهاتە ئایینییەکان دراوە پەرستگا و شوێنی ئایینی تایبەت بە خۆیان بکەنەوە.
بێ گومان ئەم هەنگاوانە ڕۆڵی گرنگیان دەبێت بۆ ئەوەی سەقامگیریی سیاسی لەناو کۆمەڵگا و سیستەمی سیاسی هەرێمی کوردستان بەرەو پێش هەنگاو بنێت.
پێمان وایە، ئەگەر لە هەر شوێنێکی ئەم جیهانە بنەماکانی دیموکراسی جێگیرکرا، ئەوا ڕاستەوخۆ یارمەتیدەر دەبێت بۆ بەدەستهێنانی مافی چارەی خۆنووسینی ئەو کۆمەڵگایە. بۆیە هەنگاونان بەرەو جێگیرکردنی بنەماکانی دیموکراسی لە هەرێمی کوردستان بەبێ کەموکوڕی، سەرەتا یارمەتیدەر دەبێت بۆ بەرپابوونی سەقامگیریی سیاسی و دواتر زەمینەی گونجاو دەڕەخسێنێت بۆ هەنگاونان بەرەو ڕاگەیاندنی سەربەخۆیی.
— ئەنجام
لە ئەنجامدا، دەتوانین ئەوە بلێین مەحاڵە هەرێمی کوردستان بگاتە سەقامگیرییەکی سیاسی تەواو، ئەگەر هاتوو وازی لە جێبەجێکردنی بنەماکانی دیموکراسی هێنا. هەرێمی کوردستان، هەنگاوی باشی ناوە لەم بارەیەوە. بەڵام، لەگەڵ ئەوەشدا کەموکوڕی بەرچاوی هەیە کە پێویستە بە هاوکاری نەتەوە یەکگرتووەکان و وڵاتانی ئەوروپی دیکە کاری جددیتر بکات بۆ چەسپاندنی بنەماکانی دیموکراسی لەسەر ئاستی هەرێم. ئەگەر لەم قوناغە سەرکەوتوو بوو ئەوە ڕاستەوخۆ سەقامگیریی سیاسیش بەرپا دەبێت.
بابەتی هاوشێوە
زۆرترین بینراو
developed by Scorpion shield