دەوڵەتی با، دەوڵەتەکەی نالی

بڵاوکردنەوە:

ڕێکان جیهان

نووسەر:

ڕێکان جیهان

بینراو:

431

بەش:

وێژە

ئاخر و ئۆخرەکەی میرنشینی بابانە، خاکی شارەزوور بوە بە مەیدانی جەنگی بە وەکالەتی قاجارەکان و عوسمانیەکان، "محمود پاشا" حوکمی "سلێمان پاشا"ی برای پێ قبوڵ ناکرێت و "سلێمان پاشا"ش بە هەمان شێوە، میرنشینەکە لە شەڕی ناوخۆدایە و جەنگاوەرە کوردەکان شەکەت بوونە بەهۆی ئەو هەموو شەڕ و ڕاوەدوونانەوە، بێگومان خەڵکی ناوچەکەش باجی ئەم شەڕ و مەینەتیانە دەدات، ئەم جەنگی ناوخۆیە تا ساڵی ١٨٣١ بەردەوام دەبێت و پاشان دەسەڵات لە بەرژەوەندی "سلێمان پاشا" جێگر دەبێت، لەو کاتەدا "نالی" تەمەنی ٣٤ ساڵە و تەمەنی گەنجی لە جەنگی ناوخۆدا بەسەر بردوە، پاشان ١٨٣٨ "ئەحمەد پاشا" دەبێتە میری بابان و دووبارە جەنگی ناوخۆ هەڵدەگیرسێتەوە و ئەمجارە لەگەڵ مامی کە "محمود پاشا"یە ئەم جەنگە بەردەوام دەبێت هەتا ڕوخانی میرنشینەکە ١٨٤٧ کە کۆتا میر "ئەحمەد پاشا" لەسەر حکوم لادەبرێت و دەسەڵاتی نیمچە سەربخۆیی میرنشینی بابان نامێنێت.
"نالی" ئەوکات لە وڵاتی شام دەبێت کە هەواڵی روخانی میرنشینەکە دەبیستێت کە هەواڵێکی چاوەڕوانکراو بوو بۆی، دنیادیدەیەکی وەکو "نالی" دەزانێت کە میرنشینێ چارەکە سەدەیەک لە جەنگی ناوخۆدا بوە چارەنوسی هەر ڕوخانە، هەروەها دەزانێت کە عوسمانیەکان هەوڵی بە تورکاندنی شارەکە ئەدەن و چونکە تازە لە جەنگ بونەتەوە زوڵم و ستەم زۆر ئەکەن لە شارەکەدا، هەر لەو کاتەدا "نالی" بۆ پاراستنی شارەکە دەوڵەتێکی نوێ ڕادەگەیەنێت و پەیامی دەوڵەتەکە بە "با"دا دەگەیەنێتە دەشتی شارەزوور و شارەکەی سلێمانی، ئەو پەیامەش قەسیدەی "قوربانی تۆزی ڕێگەتم" کە بە " چامەکەی نالی بۆ سالم" ناسراوە، "نالی" لەم قەسیدەیەیدا ناوی یەکە بەیەکەی گەڕەکەکان و ناوچەکانی سلێمانی دەهێنێت کە بۆ پاراستنیەتی لە ناوگۆڕینی ئەو جێگایانە لەلایەن تورکەکانەوە، لە قەسیدەکەیدا ناوی ئەم جێگایانە ئەهێنێت کە "با" پیایدا گوزەر دەکات ( شارەزوور، سلێمانی، شیوەسوور، سەرچنار، بەکرەجۆ، گوندی خاک و خۆڵ، سەرشەقام، پیرمەسوور، شێخ هەباس، کانی با، سەیوان،  کانی ئاسکان (کانێسکان)، شیوی ئاودار (شیوەکە)، تانجەرۆ، خانەقا، شیوەسور).
ئەشێ "نالی" ئەم ناوهێنانەی بۆ هیشتنەوەی شوناسی کوردی بە شارەکەوە بوبێ، گەر نەتوانێ تورکەکان دەربکات و شارەکە بپارێزێت لە سەربازە تورکەکان ئەوا ئەتوانێت ناوە کوردەواریەکانی گەڕەک و ناوچەکانی سلێمانی بپارێزێت بۆ نەوەکانی داهاتوی و مێژوویەک بۆ شارەکە تۆماربکات، "نالی" بەم قەسیدەیەی دەوڵەتێکی بەهێزی دروست کرد، بەهێزتر لەو دەوڵەتەی کە دایمە لە جەنگی ناوخۆدا بوو، تا ئەمڕۆش دەوڵەتەکەی بەردەوامە، جوانترین ناویش بۆ دەوڵەتەکەی ناوی پەیامنێرەکەیەتی کە "با"یە، "سالم"ی هاوڕێی ئەودەمە لە سلێمانیا دەمێنێتەوە و ئاگاداری ڕووداوەکانی شار دەبێت و لە هۆنراوەکانیا باسی کۆمەڵیک ڕووداو دەکات کە لەو شارە ڕووی داوە بەتایبەت شەڕی کۆڵان بەکۆڵانی سوارە بابانیەکان و سەربازە تورکەکان، " نالی"ش کۆچ دەکات بۆ ئەستەمبوڵ و تا مردنی لەوێ دەمێنێتەوە ١٨٧٧.

زۆرترین بینراو

developed by Scorpion shield