دەربەندی گاور (هەڵکۆڵدراوی نەرامسین یاخود شولگی؟)

بڵاوکردنەوە:

ڕێکان جیهان

نووسەر:

ڕێکان جیهان

بینراو:

807

بەش:

مێژوو

دەربەندی گاور دەکەوێتە زنجیرە چیاکانی قەرەداغەوە نزیک شارۆچکەی قەرەداغ لە پارێزگای سلێمانی، لەم دەربەندەدا هەڵکۆڵدراوێکی لێیە کە بەم شێوەیە باسی دەکەین.

"لە بۆسەکەیا ڕام نەکرد، وەکو شێرێکی گەنج شەڕم دەکرد دژی دووژمنەکانم لە خاکەکەیاندا... بەرپەرچی گۆتیەکانم دایەوە لە گردەکاندا...، بە تەنها بەناو خاکەکایندا ئەڕۆشتم، وەکو ئەژدیهایەک بە تەنها ترسم بڵاو کردەوە..."(١)

- شولگی پاشای سۆمەر 2094 بۆ 2047 پ.ز.

 

* باسی شێوەی هەڵکۆڵدراوەکە:

کەسێکە وانیشان دەدات کە بەسەر دەربەندەکەدا سەردەکەوێت کە دەرخەری سروشتی ئەو ناوچەیەیە کە ئەم نەخشەی لەسەر کێشراوە، زەوی سەر هەڵکۆڵدراوەکە سەرەتا بەرزیە پاشان دۆڵە و ئینجا دەبێت بە شاخ، و لە لاپاڵی شاخەکەدا دوو جەنگاوەری دووژمن دەکەونە خوارەوە، کەسەکە بە گەورەیی کێشراوە کە دوو بازنی لە دەستدایە و  ملیوانکەیەکیشی لە ملدایە، کڵاوێکی کردۆتە سەری و پشتێنێکی بەستوە و تەنورەیەکی لەبەردایە و نەعلی لە پێدایە، جلوبەرگەکەی جلوبەرگی جەنگە، هەروەها لەشولارێکی ڕێکی هەیە و ڕیشی درێژەو قژیشی کەمێک لە کڵاوەکەی هاتۆتە دەرەوە دیارە، بەدەستی ڕاستی تەورێکی دوو سەری پێیە کە سەرێکیان تیژە و سەرەکەی تریان گرنج گرنجە بەڵام کوشندەیە، بەدەستی چەپی تیروکەوانێکی پێیە و ئەم کەسەش پاشایە، لە ژێر پێیدا دوو جەنگاوەری دوژمن هەڵکۆڵدراون کە قژیان درێژە و چەکیان پێ نیە.

 

* بارودۆخی نەخشەکە:

لە نەخشەکەدا شەڕ بەرەو کۆتایی دەڕوات گەر بڕوانینە نەخشەکە قاچێکی لە خوارەوەیە و قاچێکیشی لە سەرەوە ئەمەش واتای ئەوە دەگەیەنێت کە تەواوی شاخەکەی گرتەوە و گەیشتۆتە لوتکە.

بەچوونت بۆ دەربەندەکە درک بەوە دەکەیت کە شەڕیکی یەکجار سەخت بوە و خوێناویش بووە، بە جۆرێک کە ئەگەری هەیە بردەنەوەی شەڕەکە لە جۆری "سەرکەوتنی پیرک"بیت *(ئەو سەرکەوتنەیە کە سوپای براوە قوربانیەکی یەکجار زۆری داوە و بەراورد ناکرێت بەرامبەر چێژی بردنەوەکەیان)، یان ئەوەتا لە دۆڵەکەدا شەڕیان کردوە و ئەو هەڵکۆڵدراوەیان لە دەروازەی دۆڵەکە هەڵکۆڵیوە وەک لە نەخشەکەدا بە (ڕەنگی زەرد) ئاماژەم بە ناوچەی شەڕداوە.

 

"ئاڵاکەم لە سەرسنوری بێگانەکان هەڵکرد و ئەشەکایەوە، تیرەکەم ئەندازەکردوە و ئامادەیە بۆ هەڵدان وەک ئەژدیها، نوکی تیرەکەم وەکو هەورەبروسکە ئەدرەوشێتەوە، تیرەکەم بەخێرایی وەکو شەمشەمە کوێرە دەفڕێت، دەفڕێت بۆ ناو مەیدانی شەڕەکە." (٢)

- شولگی

 

* مێژووی نەخشەکە و ناوی ئەو پاشایەی ناو نەخشەکە:

پاشا  "ئور نەمۆ" یەکەم پاشای بنەماڵەی ئوری سێیەم لە شەڕێکدا دژی گۆتیەکان پاشا (ئور نەمۆ) بە دەستی گۆتیەکان دەکوژرێت، لە دوای خۆی کوڕەکەی "شولگی" دەبێتە پاشا و بەهێزترین پاشای بنەماڵەی ئوری سێیەم دەبێت و کەسایەتیەکی سەربازی بەهێزیشی دەبێت بەهۆی ئەو جەنگانەی کە کردویەتی، پاشای تازە لە تۆڵەی باوکی بەردەوامی بە هەڵمەتە سەربازیەکەی باوکی ئەدات بەرەو باکور و گۆتیەکان تێکدەشكین، لە کۆتایی پێنج ساڵی فەرمانڕەوایەتی پاشا "شولگی" ساڵانی 2051 بۆ 2047پ.ز "شولگی" هەڵمەتێکی سەربازی بەڕێوەدەبات بۆ ڕوبەڕوبونەوەی هاوپەیمانیەتیەکی باکور کە هاوپەیمانیەتیەکە لە نێوان "حووریەکان" و چیانشینەکان "لولوبیەکان" ، وە پاشا "شولگی" ڕایگەیاند کە لە 2051پ.ز هاوپەیمانانی تێکشکاند.

 

"شێر هەرگیز لە هێز ناکەوێت، هێزەکەی بە جێگیری دەمێنێتەوە..." (٣)

-شولگی

 

* لە ئەنجامدا:

 ئەشێ بڵێین کە ئەم هەڵکۆڵدراوە ڕەنگە بۆ ساڵی 2051پ.ز بگەڕێتەوە و لە شەڕێکی یەکلاکەرەوەدا لولوبیەکانی تێکشکاندوە، وە ئەو پاشایەی کە لەو هەڵکۆڵدراوەدایە پاشا "شولگی"ە و لە کاتی تێکشکاندنی لولوبیەکاندایە ئەو دوو جەنگاوەرەی کە دەکەونە خوارەوە هەردووکیان لولوبین، چونکە هەڵکۆڵدراوی بۆ کراوە پێدەچیت شەڕێکی یەکلاکەرەوە و گەورە بوبێت و وە شەڕێک بوبێت کۆتایی بە جەنگێک هێنابێت وە ئەو جەنگەش تەنها هەڵمەتە سەربازیەکەی سەر هاوپەیمانانی باکورە، چەند ئەگەرێک هەیە بۆ ڕوودانی ئەم شەڕە:

١/ سوپای سۆمەریەکان لەو دەربەندەدا کەوتونەتە بۆسەی لولوبیەکانەوە.

٢/ مەڵبەندی لولوبیەکان بوبێت و سۆمەریەکان دۆزیبێتتانەوە و ویستبێتیان زەبری جەرگ بڕیان لێبدەن.

٣/ هەردوو سوپاکە لەوێدا لوتیان تەقیبێ بەیەکا و تێکهەڵپژابن.

 

دەربەندەکان لە کۆندا گرنگیەکی زۆری هەبووە و وەکو دەروازەیەک وابوە بۆ شورا سروشتیەکان کە شاخەکانە.

 

"چەکەکەم وەکو ئاو خوێنی مرۆڤی لێ دەتکێ، تەورێکی دوو سەرە، خوێنی ئەوانی لێدەڕژێت کە زەویەکەیان داپۆشیوە... لەو دۆڵەدا خوێن وەکو ئاو بەرزبۆتەوە"(٤)

-شولگی

 

ئەم هەڵکۆڵینە لە خاکی لولوبیەکاندا وەکو جەنگێکی دەروونی وابوو بۆ ئەوەی دانیشتوانی ناوچەکە یان هەر سوپایەکی تر بیەوێ بێت و ئیمپڕاتۆریەتیەکەی تاڵان بکات سڵ بکاتەوە و ترس بخاتە دڵیانەوە.

لە کۆتاییدا، چەند ڕایەکی تر هەیە کە گوایە ئەم کەسایەتی ئەم هەڵکۆڵدراوە "نەرامسین"ی پاشای ئەکەدیە و ڕایەکی تریش هەیە کە ئەم کەسایەتیە پاشایەکی ناوچەکە بوە، بەهیزترین و تازەترین ڕا ئەوەیە کە پاشای "شولگی"ە چونکە زۆرترین پێکدادانە سەربازیەکانی لە ناوچە شاخاویەکان بووە بە تایبەت دژی گۆتی و لولوبیەکان و هووریەکان، خودا بە هەمووشتێک زانا و ئاگادارە.

 

سەرچاوەکان:

(١) G.B. Lanfranchi, R. Rollinger, The body of the heroic king in Sumerian literary texts, p42.

(٣) G.B. Lanfranchi, R. Rollinger, هەمان سەرچاوەی سەرەوە.

(٢) William J. Hamblin, Warfare in the Ancient Near East to 1600 BC, P112.

(٤) William J. ,Hamblin, هەمان سەرچاوەی سەرەوە.

زۆرترین بینراو

developed by Scorpion shield