چۆن ئەمریکا کۆگراوی "چاگۆســ"ـی دزی

بڵاوکردنەوە:

زنار بابەکر

نووسەر:

زنار بابەکر

بینراو:

314

بەش:

ڕامیاری

تێبینی ١: ئەم بابەتە بەتەواوەتی لە یەکێک لە ڕاپۆرتەکانی جۆنی هاریس (Johnny Harris)، ڕۆژنامەوانی ئەمریکی، وەرگیراوە و سەرجەم زانیارییەکان لە بەدواداچوون و لێکۆڵینەوەکان هین هەوڵ و ماندووبوونی ئەوە.

تێبینی ٢: وشەی "کۆگراو" بە واتای "کۆمەڵە دوورگە" دێت، مەبەست لە چەند دوورگەیەکە لە پارچەیەکی دیاریکراوی ئاودا. وشەکە پێکهاتووە لە "کۆ" لەگەڵ "گراو." لێرەدا، "گراو" شێوەیەکی گۆڕاوە بۆ "گراوە،" کە لە فەرهەنگەکانی هەنبانەبۆرینە و خاڵدا، بە واتای "دوورگە"ی کوردی و "جزیرة"ی عەرەبی هاتووە.

 

کۆگراوی چاگۆس (Chagos Archipelago) بریتییە لە چەند دوورگەیەکی بچووک (بەنزیکەیی 60 دانە) لە زەریای هیندیدا؛ لە خۆرهەڵات دەوڵەتی هیندستان، خۆرئاوا کیشوەری ئەفریکا و باکوور ناوچەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست.

جاران، خەڵکی ڕەسەن لەوێ دەژیا؛ ڕەشپێستی بە ڕەچەڵەک ئەفریکی. بەڵام، ئەمڕۆ هیچ ژیانێکی ڕەسەن لەوێ بوونی نەماوە و دوورگە سەرەکییەکە، بە ناوی دیێگۆ گارسیا (Diego Garcia)، بەم شێوەیە دەردەکەوێت...

 

 

بنکەیەکی سەربازیی سوپای ئەمەریکییە. هەروەها، لەجیاتی ئەو کۆمەڵگە دێرین و ڕەسەنەی کە جاران درەختی گوێزی هیندییان بەخێودەکرد، ئەمڕۆ کۆمەڵگەیەکی بچووکی ئەمەریکیی لێ بنیاتنراوە – ئەمە لە یەکێک لە شوێنە هەرە دوورەپەرێزەکانی گۆی زەوی بەتایبەت دوور لە دەوڵەتی ئەمەریکا. بەڵام، ئەم دوورگەی کە ئەمەریکا چەکداری کردووە و سوپای خۆی لێ بنیات ناوە، تەنانەت لە بنەڕەتدا هین ئەمەریکاش نییە! بەڵکوو، سەر بە خاکی بەریتانیایە و بەشێوەیەکی نهێنی بەر لە نزیکەی پینجا ساڵ لەمەوبەر بەکرێگیراوە لەلایەن ئەمەریکاوە. ئەمەریکا ئەم دوورگەیەی بۆچییە؟ بۆچی بنکەیەکی سەربازی لەسەر ئەم دوورگە بەریتانییە هەیە و چی بەسەر خەڵکە ڕەسەنەکەیدا هات؟...

لە ساڵی 1814، بەریتانیا دەستی گرت بەسەر کۆگراوی چاگۆس، بە دەرهێنانی لەژێر ڕکێفی دەسەڵاتی فەڕەنسا. ئەوکات، زۆرینەی هەرە زۆری خەڵکە ڕەسەنەکەی ئەو ناوچەیە، کاری بەرهێنانی گوێزی هیندیان دەکرد بۆ هەناردەکردن بۆ کۆمپانیا ئۆرۆپییەکان. بەڵام، تا ناوەندی ساڵانی 1900ـەکان، ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان دامەزرا و یەکێک لەو هەنگاوە هەرە سەرەتاییانەی کە گرتییە بەر بریتیبوو لە هەڵاوێردکردنی نەخشەی جیهان لە سایەساکار – واتە، داڕمینی ئیمپڕاتۆرییە زلهێزەکانی جیهان لە دەسەڵاتیان بەسەر سایەساکراویاندا...

(تێبینی: وشەی "سایەساکردن" هاوواتایە لەگەڵ وشەی "Colonization."

بۆیە، بەریتانیاش دەستیکرد بە بچووکردنەوەی قەبارەی ئیمپڕاتۆرییەکەی. لە هەمان ئەو کاتەشدا، دەوڵەتی ئەمەریکا ڕێک پێچەوانەی ئەمەی دەکرد: دەسەڵاتی ڕامیاری و هێزی سەربازی بڵاودەردەوە بە جیهاندا. هەورەها، بنکەیەکیشیان دەویست لە زەریای هیندیدا، بەڵام دەسەڵاتیان بەسەر هیچ خاکێکدا نەبوو تا تێیدا بنکە بنیاتبنێن. بۆیە، ئەمەریکا چاوی خستە سەر کۆگراوی چاگۆس! بەتایبەتیش، دوورگەی ناسراو بە دیێگۆ گارسیا.

سەرجەم دوورگەکانی چاگۆس، بەشێکبوون لە مۆریشیەس (Mauritius)؛ یەکێک لە سایەساکانی بەریتانیا. بەڵام، مۆریشیەس هێواش هێواش سەربەخۆیی خۆی ڕادەگەیاند لەژێر سێبەری ئەو ڕامیارییەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ هەڵاوێردکردنی نەخشەی جیهان لە سایەساکان. بەریتانیا خەریکبوو ناچاردەبوو کۆگراوەکە بۆ خەڵکە ڕەسەنەکەی خۆی بگێڕێتەوە. ئەمەریکاش خۆی گلاندە ناو ئەم ناوەندەوە و ڕێککەوتنێکی نهێنی لەگەڵ هاوپەیمانی خۆی، بەریتانیا، ئەنجامدا. جا، لەو کاتەشدا بەریتانیا هەر خۆی بڕە پارەیەکی زۆر قەرزداری ئەمەریکا بوو بەهۆی گەشەسەندن بە مووشەکێکی دیاریکراوی کەشتی ژێردەریایی، لە جۆری UGM-27 Polaris. ئەمەریکاش بەڵێنی دا تا بڕی 14 ملیۆن دۆلار لەو قەرزە بسڕێتەوە، ئەگەر هاتوو بەریتانیا دوورگەی دیێگۆ مارسیا بخاتە دەستی ئەمەریکاوە. بەڵام، بیرتبێت کە بەریتانیا هەر خۆی خەریکبوو ئەو کۆگراوەی جێدەهێشت، بۆیە پێویست بوو شتێکی تر لەگەڵ مۆریشیەس ئەنجام بدات تاکو بتوانێت ئەو ڕێککەوتنە لەگەڵ ئەمەریکا بکات. هەر لەبەر ئەمەش، بەریتانیا بە مۆریشیەسی وت کە دەتوانێت سەربەخۆیی خۆت هەبێت، هەروەها بە بڕی 3 ملیار پاوەندەوە ئەگەر کۆگراوی چاگۆس هەر بۆ بەریتانیا جێبهێڵێت. ئەمەش، کارێکی زۆر ژیرانەبوو! چونکە، ئێستا، بەریتانیا بەهانەی ئەوەی هەیە کە ئەو کۆگراوی چاگۆسی "کڕیوە" و بەمەش مافی خۆی بەسەرەوە هەیە، لە کاتێکدا خۆشیان بێبەری نەکرد لە ڕامیاری هەڵاوێردیی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ نەخشەی جیهان.

ئەمەریکا و بەریتانیا هیچ ڕێککەوتنامە و پەیماننامەیەکیان بەیەکەوە مۆرنەکرد و هیچ پارەیەکیشیان بۆ یەکتر نەگواستەوە، چونکە ئەمانە هەمووی پێویستی بە پەسەندی کۆنگرەیی و بەدواداچوونی خەڵکی گشتی و ئەم شتانە هەبوو کە لەوانە بوو هەموو ئەم پلانە هەڵبوەشێنێتەوە. بۆیە، لەجیاتی هەموو ئەمە، شتەکەیان بەنهێنی هێشتەوە – واتە، بەتەواوەتی نهێنی. بەشێوەیەک نهێنی، کە لەو نامە هاتوو و چووانەی کە بۆ یەکتریان نووسیوە، وتوویانە "ڕێککەوتنێکی نهێنی هەیە." هەروەها، ئەمەریکا "بەشێوەیەکی کارا، بەڵام ناڕاستەوخۆ، پارەی ئەو دوورگانە بۆ بەریتانیا دەگێڕێتەوە." کە، ئەمەش واتە هیچ ئاڵوگۆڕییەکی دەستاودەستی لە پارە نەبووە، بەڵام هێشتاش هەر پارەی دوورگەکانیان بە بەریتانیا داوەتەوە بە پاککردنەوەی بەریتانیا لەو قەرزەی کە بۆ ئەمەریکا هەیەتی. ئەوەشی تێدایە کە "ڕێگەی تایبەت دەگرنەبەر بۆ هێشتنەوەی نهێنی ئەم ڕێککەوتنە." جا، لەسەروو هەموو ئەوەشەوە، بیرتبێت کە ئەو نامەیەی هەموو ئەوانەی تێدا نووسراوە بە "نهێنی" تۆمارکراوە. جا، کە دەڵێم نهێنی، ئەوە واتە تەواو نهێنیی نهێنی!...

 

 

لە دەوروبەری کۆتایی ساڵانی 1960ـەکان، هیچ شتێک نەمابوو تا ڕێگری لە ئەمەریکا بکات بۆ بنیاتنانی بنکەیەکی سەربازی لە زەریای هیندیدا، جگە لەو هەزاران خەڵکە ڕەسەنەی کە هێشتاش لەسەر دوورگەی دیێگۆ گارسیا دەژیا. بەڵام، لە چاوی ئەمەریکا و بەریتانیاوە ئەمە کەی کێشە بوو! لە نامەیەکی دەوڵەتیدا، بەریتانییەکان دڵنیایی ئەوەیان بە ئەمەریکا داوە کە هیچ دانیشتوویەکی ڕەسەن لەو دوورگە بوونی نامێنێت جگە لە نەورەسەکان؛ بەتەواوەتیش وەکوو خۆی بەڵێنی خۆیان بۆ ئەمە بەجێ هێنا...

 

 

 

هەرچی خەڵکی سەر ئەو دوورگە بوو بەڕێکرایە ناو کەشتی بارهەڵگرەوە و نێردرا بۆ دوورگەکانی تری خاکی مۆریشیەس و دەوڵەتی سەیشێڵس. هەموویان جێهێڵدران لەوێ؛ لە دنیایەکی تر، کە هەرگیز نەیانبیوە پێشووتر. زۆرینەیان تەنانەت هەرگیز لە دەرەوەی دوورگەکەیان ئیشیان نەکردبوو، نە هیچ شارەزایی و لێهاتوویەکیان لە پەیداکردنی ئیشێکیش لە دنیای سەردەمدا هەبوو. دوای خۆشیان، لە دوورگەکە، هەرچی ئاژەڵی ماڵی هەبوو دەستی بەسەردا گیرا و بە گاز بێهۆشکرا. هەرچی خانوو و ماڵی خەڵکەش بوو، جێهێڵدرا تا بەسەریەکدا داڕما. هیچ شتێک لەو دوورگەیە، جگە لە نەورەسەکان، بوونی نەما. لە کۆتایی هەموو ئەمەشدا، پڕۆژەی درووستکاریی بنکەکەی ئەمەریکا کاراکرا.

ئەوە ئەمەریکا بنکەی سەربازی خۆی لە زەریای هیندیدا بەدەستهێنا، کە دەسەڵاتیان بەسەر ناوچەی زۆر کاریگەری وەکوو خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و ئاسیادا پێدەدات. تا کات زیاتر و زیاتر تێپەڕدەبوو، دوورگەی دیێگۆ گارسیا هێزی گەورەتری سەربازی بەسەردا دەسەپێندرا. تەنانەت، بەندەرێکی قووڵی دەریایی بۆ درووستکرا کە ژێردەریایی بە هەڵگری چەکی ناوکی تێدا بەندەر دەکرا. دوای ماوەیەکی تریش لەمە، درووشمی "شوێنپێی ئازادی" پێ هەڵگیرا – لە کاتێکدا بە تێپەڕبوونی کات زیاتر گیانێکی نهێنی بە بەردا دەکرا. هیچ ڕۆژنامەگەرێک ڕێگەی پێنەدراوە سەردانی دیێگۆ گارسیا بکات، تەنانەت ڕێژەیەکی زۆر کەم لە خەڵکی مەدەنی توانیویەتی بۆی بڕوات و لەناو ئەوانەش، هەر با بزانیت، ئافرەتی بەجۆشهێنەری خولی نەتەوەیی تۆپی پێی ئەمەریکا بوون – تا ورەی سەربازەکان بەرزبکەنەوە. دیێگۆ گارسیا بە هەمان شێوە وەک "ناوچەیەکی ڕەشی" CIA بەکارهێنراوە، بۆ لێپرسینەوە لە گومانلێکراوان دوای کارەساتی یازدەی سێپتەمبەر. جا، هەردوو ئەمەریکا و بەریتانیا، پێشووتر، نکۆڵیان لەمە دەکرد، بەڵام لە کۆتاییدا هەر دانیان پێدا نا. دوای یازدەی سێپتەمبەر، دوورگەی دیێگۆ گارسیا ڕۆڵێکی زۆر کاراتری گێڕا وەک بنکەیەکی بنچینەیی و سەرەکی لە جەنگەکانی ئێڕاق و ئەفگانستاندا. هەر لەبەر ئەمەش، بینای گەورەتر و ئاڵۆزتری تێدا بنیاتنرا بۆ دابینکردنی پێویستیی سەربازەکان، کە بەشە تازە بنیاتنراوەش ناودەبرا بە "کەمپی دادوەری (Camp Justice)."

مادام هەر ئاماژە درا بە دادوەری؛ ئەو خەڵکە ڕەسەنەی کە دوورگەکەیان لێسەندرا و دوورخرانەوە لە زێدی خۆیان، داوای مافی خۆیان دەکرد. لە ماوەی ئەم چەند ساڵەدا، هەر چەندێک کە توانیبێتیان جەنگاون بۆ دادوەری و مافی خۆیان. دەوڵەتی بەریتانیاش، هەوڵی داوە مافیان بۆ بگێڕێتەوە، هەندێک جار بە پارە و هەندێک جاریش بە بەخشینی هەڵبژاردەیەک بۆ بوون بە هاووڵاتی بەریتانی. لەگەڵ ئەوەشدا، هێشتاش زۆرینەی هەرە زۆریان لە بارودۆخێکی زۆر نالەباردا دەژین؛ وێڵکراون لە خاکی خۆیان! ئەوەی کە بەڕاستی دەیانەوێت بریتییە لە گەڕانەوە بۆ زێدی خۆیان. بە ماوەی چەندان ساڵ لە هەوڵی یاسایی، دۆسیەیەکی بەهێزیان درووستکردووە بۆ بەدەستهێنانەوە ئەم مافەی خۆیان.

ئەو پارە گێڕانەوە "ناڕاستەوخۆ" و "ڕێگە تایبەتـ"ـانەت بیرماوە کە بەریتانیا و ئەمەریکا دەیانگرتە بەر بەیەکەوە؟ هەموو ئەوەی کە زۆر، زۆر بەڕوونی باسمکرد "نهێنی" بوو؟ دەی، ساڵی 2019، دادگای دادوەریی نێودەڵەتی بڕیاری ئەوەی دا کە هەموو ئەوە بەتەواوەتی نا-یاسایی بووە و هاوتا نەبووە لەگەڵ ڕاییکاریی هەڵوەشاندنەوەی سایەسایی. کۆڕی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان بە ڕێژەی 116 دەنگ بەرانبەر 6 دەنگ، بڕیاری ئەوەی دا کە بەریتانیا هەرگیز سایەسایی مۆریشیەسی هەڵنەوەشاندۆتەوە، چونکە هێشتاش دەستیان بەسەر ئەو کۆگراوەدا گرتووە. هەروەها، بەریتانیایان ئاگادارکردەوە کە ڕاستەوخۆ کۆتایی بەم ڕاییکارییەی کەیسی گەڕاندنەوەی کۆگراوەکە بهێنێت بۆ گەڕاندنەوەی بۆ خەڵکە ڕەسەنەکە. کەچی، سەرەڕای ئەم بڕیارە یاساییانە و تێوەگلانە جیهانییە، بەریتانیا و ئەمەریکا هێشتاش پێناچێت ملی خۆیان بنەوێنن. بەریتانیا هەر خەریکە پشتگیری لە مافی خۆی دەکات بۆ ئەو دوورگەیە و تا لەمەش بەردەوامبن، ئەمەریکا بنکەیەکی سەربازی وەک ماڵی خۆی لەوێ دەبێت.

 

 

 

 

 

ئەمەی خوارەوە بریتییە لە خودی ڤیدیۆکەی جۆنی هاریس کە تەواوی بابەتەکە و هەموو ئەو وێنانەم لێوەرگرتووە کە لە بابەتەکەدا خستوومەتەڕوو:

https://youtu.be/e1EymGBTl-A

زۆرترین بینراو

developed by Scorpion shield