چوارباخ - چوارباغ

بڵاوکردنەوە:

هاوڕێ جەلال

نووسەر:

هاوڕێ جەلال

بینراو:

542

بەش:

زمان

چوارباخ، ناوی گەڕەکێکی شاری سلێمانییە. ئەم ناوە، یەکێکە لەو وشانەی کە ڕووکەشێکی هەڵخەڵەتێنەریان هەیە. بەڵێ! ڕووکەشی وشەکە کاری خۆی کردووە و خەڵەتاوی دوورکوژی وشەکە کەوتوونەتە هەوای خۆیان و چیرۆکێکیان بۆ داڕشتووە. وتوویانە؛ گوایە کاتی خۆی ئەحمەد پاشای بابان لەو ناوچەیەدا چوار باخی درووست کردووە. پڕ بووە لە قەیسی و قۆخ و تۆ بڵێ مانگۆ و ئەنەناسیش! دوای ڕووخانی میرنشینی بابان، باخەکان تێکدراون و شوێنەکەیان کراوە بە خانوو! بەڵام ئەمانە گشتی وڕێنە و بزڕکاندن و خەیاڵبڵاویین! قسەگەلێکن بێ پاڵپشتی هیچ بەڵگەیەک و تۆش دەتوانیت دەست بکەیت بە گیرفانتدا و چیرۆکێکی وەها لەسەر گەڕەکێکی تر بهۆنیتەوە! بۆ نا! بڵێ ناوی گەڕەکی چوارچرا لەوەوە هاتووە ئەوڕەحمان پاشای جاف! چوار چرای لەوێدا داناوە و بۆ ترش و خوێش بڵێ چراکان بە ڕۆژیشدا داگیرساون و هەر پاشا خۆشی هەموو جارێک نەوتی چراکانی گۆڕیوە!

بەڵام دەشێت نەگبەتێکی وەک من! ڕیسەکەت بکاتەوە خوری!

ئاخر قوربان! مێژووی گەڕەکی چوارباخ ئەوەندە دوور نییە! بەڵکوو لە دوای زۆرێک لە گەڕەکەکانی ناوەندی شار درووست کراوە. بگرە ناوی (چوارباخ) لەم دواییانەدا داکەوتووە!

ساڵی 1939 خەڵکی گەڕەکەکە پارەیان کۆکردووەتەوە و بە نوێنەریی شێخ مەحموودی قەرەچێوار داوای مۆڵەتی درووستکردنی مزگەوتێکیان لە گەڕەکەکەیان لە شارەوانیی کردووە . دواتر شێخ مەحموود کە بووە بە مەلای مزگەوتەکە  داوای لە شارەوانیی کردووە گەڕەکەشیان ناوی مزگەوتەکەیان هەڵبگرێت کە ناویان ناوە مزگەوتی (چوارباخ). کە دواتر ناوی مزگەوتەکە وەک ناوی زۆر مزگەوتی تر، ناوی مەلاکەی هەڵگرتووە. ئەمیش بە ناوی مزگەوتی شێخ مەحموود ناسرا.

بەم جۆرە گەڕەکەکە ناوی چوارباخی وەرگرتووە. دەنا پێشتر ئەو شوێن و گەڕەکە پێی وتراوە (ئاشەگواوی). کە مەبەست لە ئاشێکە بە ئاوی سەراو بگەڕێت. ئەو ئاشە لە لافاوەکەی ساڵی 1957ی سلێمانییدا ڕووخاوە. لەوەدوا پێی دەوترا (ئاشەڕووخاو، ئاشەکۆن). واتە گەڕەکی چوارباخ، وەک گەڕەکەکانی تری (هەمزەکوێر، قەرەجاوا،...) ناویان گۆڕاوە و ناوی نوێیان وەرگرتووە.

دەی خۆ لە سنەش، گەڕەکی چوارباخ هەیە و ڕەنگە لە شوێنی دیکەش گەڕەکی چوارباخ هەبێت. مەرجیش نییە هیچ باخێک لە ئاردا بێت! بەڵکوو سپاس بۆ خوا! خەڵکی کوردزمان؛ زمانی کوردیی نازانێت! زانین ئەوەنا کە تڕەتڕە و چڕوچاوشکاویی دەزانێت قسەی پێ بکات. بەڵکوو ئەوەی کە بزانێت ئەو وشانەی بە کاریان دەهێنێت چین و مانای چی دەدەن!

وشەی چوارباخ، بە ڕای من، چ پێوەندیی بە باخەوە نییە. بەڵکوو بێئاگاین لەوەی کە وشەی چوارباخ/چوارباغ واتای (چواربەش، چواربەخش، چوارپارچە) دەدات. واتە باغ، باخ یان بوغن لە (بەخش، پەخش، بەخت)ەوە هاتوون. کە هەر ئەم وشەیەیە بووە بە (بەش، پاژ، پشک، پاچ) دوایە هەر ئەمانەن کە پیتی (ر)یان بۆ زیاد بووە: (پارچ/ە، پەرت/پارت، پەرژ/فەرژ).

وشەی چوارباخ لە فارسییدا بە شێوەکانی (چارباغ، چهارباغ)ە. هەیە.

 

زۆرترین بینراو

developed by Scorpion shield