مافی چارەی خۆنووسین
بڵاوکردنەوە:
سۆنیا مەحموود
نووسەر:
ڕۆمان عوسمان
بینراو:
2087
بەش:
ڕامیاری
مافی چارەی خۆنوسین چییە؟
ئەو دەستەواژەیە دەگەڕێتەوە بۆ سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا (وودرو ویلسۆن). هەرچەندە، پێش ئەو زاراوەی هاوشێوە بەکاردەهێنرا. هەروەها بنەمای چارەنووسی خۆنووسین لە ناوەڕۆکی پەیماننامەی (ڤێرسایدا)بوو کە دوای جەنگی جیهانی یەکەم واژۆ کرا و دژە کۆڵۆنیالیزم بوو. زاراوەی " مافی چارەی خۆنووسین " کە لە بواری سیاسەتی نێودەوڵەتی و زانیاری سیاسیدا هاتۆتە ئاراوە، و بووە بە زاراوەیەکی یاسایی و سیاسی جیهانی. ئاماژە بەوە دەکات کە هەر نەتەوە و گەلێکی خاوەن ناسنامەی جیاواز، مافی ئەوەی هەیە کە خواستە سیاسییەکانی خۆی دیاری بکات و شێوازێکی سیاسی دروستیش بگرێتەبەر بۆ هێنانەدی ماف و داوا ڕەواکانی و بەڕێوبردنی ژیانی گەلەکەی، لە چوارچێوەیەکی یاسایی و دەستوریدا. بەبێ دەست تێوەردانی دەرەکی یان سەرکوتکردنی بەهێز لەلایەن دەوڵەتانی بێگانەوە.
ئەو زاراوەیە بە داننان بە مافەکانی گەلان دادەنرێ لە هەر وڵات و شوێنێک بێت. مافی چارەی خۆنووسین، گوزارشتێکە بۆ مافێکی جەوهەری مرۆڤ وەکو گروپ و بنەمایەکی یاسایی نێودەوڵەتی مۆدێرن. ئەگەرچی ئەو مافە وەکو مەفهومێکی تیۆری و تەنانەت ئەزموونی کرداریش مێژوویەکی دوور و درێژتری هەیە لەسەردەمی کۆڵۆنیالیزم. شایەنی باسە کە بەڵگەنامەی نەتەوە یەکگرتووەکانیش دانی بەو مافەدا ناوە. مافی چارەی خۆنووسین شۆڕشێکی یاسایی بوو لە دژی دیاردەی کۆڵۆنیالیزم لەسەرەتادا. بەڵام، نەمانی کۆڵۆنیالیزم نەبووە هۆی هەڵوەشاندنەوەی ئەو مافە. لە ڕووی کردارییەوە نیو سەدەی خایاند تا تەواوی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی ئەو مافەیان وەک ڕاستینەیەکی حقوقی(ماف) گەردونی قبوڵکرد. دەتوانین بڵێین کە یەکەم میکانیزمی گەیشتن بە مافی چارەی خۆنووسین بریتی بوو لە "تێکۆشانی چەکداری". هەروەها، یاسای نێودەوڵەتی ئەو مافەی بەچەند کۆت و بەندێک بەرتەسک کردۆتەوە، بۆ ئەوەی نەبێتە هۆی پارچە پارچەبوونی دەوڵەتەکان و ناسەقامگیری سەروەرییان. ئەگەر، هەموو کەمینەکانی ناو دەوڵەتەکان بڵێن زمان و مێژوویەکی هاوبەشمان هەیە وەک کەمینەیەک و بەمجۆرە داوای جیابوونەوە لە دەوڵەتەکان بکەن واتا دەوڵەتی دایک، ئەوا ئەوە بە واتای پارچە پارچەبوونی دەوڵەتەکان دێت. بەو پێیە دەکرێ بڵێین چارەی خۆنووسین لە دوو حاڵەتدا قەتیس ماوە:
یەکەمیان: دۆسیەی گەلانی ژێردەستەی کۆلۆنیالیزم یان داگیرکاری. کە بە هۆی ئەم مافەوە مافی خۆیانە لە داگیرکاری بێگانە ڕزگاریان بێت یان، جیاکاری ڕەگەزی و بۆ بەڕێوەبردنی خۆیان.
دووەم: حاڵەتی کەمینەکانە کە لەلایەن دەوڵەتەوە تووشی جیاکاری ڕەگەزی سیستماتیک دەبن.
- شێوازو ڕێگای مافی چارەی خۆنووسین:
١ - بە ڕێگای ریفراندۆم ( ڕاپرسی گشتی ):
ئەو شێوازەش باشترین ڕێگایە بۆ ئەوەی کە گەلانی ئازادیخواز بە ئازادی دەنگ بدەن و بڕیار لە مافی چارەنووس و سەربەخۆیی و ئایندەی خۆیان بدەن. ئەو راپرسییەش یاساییە و دژ بە هیچ یاسایەکی نێودەوڵەتی نییە. پێویستە ڕاپرسییەکەش بە سەرپەرشتی نەتەوە یەکگرتووەکان ئەنجام بدرێت. نموونەی ئەم شێوازەش، جیابوونەوە و سەربەخۆیی ( تەیموری ڕۆژهەڵەت) لە ئەندەنۆسیا لە ساڵی ( ٢٠٠٢) دا. هەروەها، جیابوونەوەو سەربەخۆیی (کۆماری باشووری سودان) لە سودان لە ساڵی (٢٠١١). وە جیابوونەوەی (کۆسۆڤۆ) لە (سربیا).
٢ - لە رێگای خەباتی چەکدارییەوە:
گەر داگیرکەر و دەسەڵاتی خۆسەپێن رازی نەبوون کە بە شێوازێکی ئاشتی و بە ریفراندۆم، گەلی ژێردەستەکراو و نیشتمانی داگیرکرراویان، نەتوانن مافی چارەنووس و سەر بەخۆیی دەستەبەر بکەن. ئەو نەتەوە و نیشتمانە داگیرکراوە، مافێکی ڕەوای خۆیانە کە لە پێناوی مانەوەی خۆیان و بەرگریکردن لە نیشتمانەکەیان و رزگاربوونیان لە داگیرکەران، ناچاربن پەنا بۆ شۆڕش و راپەڕین و خەباتی چەکداری بەرن. ئەو رێبازە تا ئەمڕۆش باوترین و بڵاوترین خەباتە بۆ ملکەچکردنی داگیرکەران و دەستەبەرکردنی مافە ڕەواکانیان و هێنانەدیی مافی چارەی خۆنووسین و بڕیاردان لە جیابوونەوە و راگەیاندنی سەربەخۆیی خۆیان. نەتەوە یەکگرتووەکانیش، بەرگری و پەنابردن بۆ راپەڕین و شۆڕشی چەکداری بە مافێکی ڕەوای گەلانی ستەملێکراو دەزانێت. بۆ نموونە (کۆماری جەزائیر) لە ڕێی شۆڕشێکی چەکدارییەوە توانی لە فەرەنسا رزگاری بێت و سەربەخۆیی خۆی رابگەیەنێت.
- بەشەکانی مافی چارەی خۆ نووسین:
١- یەکگرتنی ئارەزوومەندانە (فیدڕالیەت).
٢- چونە پاڵ دەوڵەتێکی تر (دووبەشی نەتەوەیەک یەک بگرنەوە).
٣- دامەزراندنی دەوڵەتێکی سەربەخۆ.
- سەرچاوەکانی مافی چارەی خۆنوسین:
مافی چارەی خۆنووسین، لە ماددەی یەکەمی پەیماننامەی نێودەوڵەتی مافە مەدەنی و سیاسییەکان (ICCPR) و (پەیماننامەی نێودەوڵەتی مافەکانی مرۆڤ-١٩٦٦)، و ماددەی یەکەمی پەیماننامەی نێودەوڵەتی مافە ئابووری و کۆمەڵایەتی و کلتوورییەکاندا هاتووە. ھەروەھا ئەو مافە لە مادەی سێیەمی جاڕنامەی مافەکانی گەلانی ڕەسەنیشدا هاتووە.
هەرورەها چەند ماف و ئازادی تر هەیە کە پەیوەندی بە مافی چارەی خۆنووسین هەیە:
١- مافی بەشداریکردن لە بەڕێوەبردنی کاروباری گشتی لە مادەی ٢٥ی (پەیماننامەی نێودەوڵەتی مافی مرۆڤ ١٩٦٦).
٢- مافی کەمینەی نەتەوەیی، ئایینییەکان یان زمانییەکان بۆ سوود وەرگرتن لە کلتوور، ئایین و زمانی خۆیان لە مادەی ٢٧ی (پەیماننامەی نێودەوڵەتی مافی مرۆڤ ١٩٦٦).
٣- مافی ئازادبوون لە هەموو جۆرە جیاکارییەکی ڕەگەزی لە مادەکانی ٢ و ٥ی (لیژنەی نەهێشتنی جیاکاری ڕەگەزی).
دەرئەنجام، گەیشتین بەوەی کە مافی چارەی خۆنووسین بابەتێکی گرنگی ئەو سەردەمەیە. هەندێک جار مامەڵەی خراپی پێوە دەکرێت، ئەو کەیسە ڕووبەڕووی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بۆتەوە و پێویستە بۆ چارەسەری هەنگاوی گونجاوی پراکتیکی بهاوێژرێت. بەڵام، نەتەوە یەکگرتووەکان ناتوانێت گهرهنتیی یهكپارچهیی و دابهشنهبوونی وڵاتان بکات و، زۆر بهتوندی دژایهتیی دانپێدانان به مافی چارهی خۆنووسینی نهتهوهكان و سهرپهرشتیی پێشێلكاریی مافی مرۆڤ دهكات.
* کۆڵۆنیالیزم یان داگیرکاری - بریتییە لە دەست تێوەردانی ڕامیاری و ئابوری و کۆمەڵایەتی وڵاتێکی زلهێز و خاوەن دەسەڵات لەسەر دەوڵەتێکی تر بە بیانووی ئاوەدانی.
بابەتی هاوشێوە
زۆرترین بینراو
developed by Scorpion shield