ئەو سێ سوپایەی بێسەروشوێن بوون؛ مێژوو بە شێوەک باسیان دەکات وەک دەڵێی بوونیان نەبووە.

بڵاوکردنەوە:

ڕێکان جیهان

نووسەر:

ڕێکان جیهان

بینراو:

522

بەش:

مێژوو

هەمیشە گۆڕینی دەسەڵات و ململانێی نێوان وڵاتان، جەنگ بەدوای خۆیدا دەهێنێت. بەڵام، جەنگێک، کە کاولکاری لەدوای خۆی جێبهێڵێت و سوپاکان بە هێرش کردن بۆسەر سنوور و دەسەڵاتی یەکتری هەنگاوی داگیرکاری دەنێن.
لە پەڕەکانی مێژوودا، ئەو سوپایانە دەخەینەڕوو کە ئاسەواریان لە سەردەمی خۆیاندا نەماوە ...
 

سوپای کەمبوجی دووەم
کەمبوجی دووەم، پاشای هەخامەنشین، ساڵی 526 پ. ز. هەڵمەتێکی سەربازی بۆسەر وڵاتی میسڕ دەست پێکرد. لەو هەڵمەتەدا، توانی میسڕ داگیربکات، ئەویش دوای بردنەوەی شەڕی (پلۆزیۆم) لە ساڵی 525 پ. ز. و شکانی سوپای میسڕ لە ساڵی 524 پ. ز.
پاشا (کەمبوجی دووەم)؛ سوپایەکی ٥٠ هەزاری ڕەوانەی (پەرستگای مێرگی سیوا) کرد کە لە قووڵایی بیاباندا بوو، بەڵام سوپاکە هەرگیز نەگەیشتە شوێنی خۆی و لەنێو بیاباندا بێسەروشوێن بوون و ئاسەواریان نەما. مێژوونووسی یۆنانی، (هێرۆدۆت)، دەڵێت "سوپاکە کە بەڕێکەوتن بۆ لەناوبردنی پەرستگای ئامون لە مێرگی سیوا، ژمارەی سوپاکە ٥٠ هەزار کەس بوون. لە ناوەڕاستی بیاباندا، گەردەلوولی لمی بیابانی هەڵیکرد و تەواوی سوپاکەی لەناوبرد."
بۆچوونی جیاواز هەیە لەسەر ئەم ڕووداوە، وەک ئەفسانە میسڕییەکان دەڵێن کە ئەم سوپایە بەر غەزەبی ئامون کەوتوون و هەموویانی لەناوبردووە. بۆچونێکی دیکەش هەیە، کە دەڵێت سوپاکە شەکەت بووە و یاخیبووەکانی ئەوکاتەی میسڕ لە بیاباندا لەناویان بردوون. سوپاکە دیار نەما، ئەوەی هەیە تەنها ناویەتی لە مێژوودا.
 

فەیلەقی ٩ـی ئیسپانیا
ئیمپڕاتۆریەتی ڕۆمانی یەکێک بوو لە ئیمپڕاتۆریەتانەی کە سوپاکانی جێگیر و هەمیشە ئامادەبوون. فەیلەقی ٩ـی ئیسپانیا یەکێک بوو لە فەیلەقەکانی ئیمپڕاتۆریەتی ڕۆمان، کە سەدەیەک پێش زایین دامەزرا و لە چەندین ناوچەی ئیمپڕاتۆریەتەکە خزمەتیان کردووە و ژمارەیان ٥ هەزار سەربازی ڕۆمانی بوون. ئەم فەیلەقە یەکێک بوو لەو لەشکرانەی کە بەشێکی بەڕیتانیایان داگیرکرد.
لە ساڵی 120 زایینی، بە فەرمانی ئیمپڕاتۆر (ئادریان) نێردران بۆ بەڕیتانیا بۆ ئەوەی یاخیبوونی هۆزە بەڕیتانییەکان کپ بکەنەوە لەودیوی شوورای (ئادریان). کاتێک شووراکەیان تێپەڕاند، ئیدی لەو کاتەوە نە دەنگیان ما نە شوێنەوار و (٥ هەزار) سەربازی ڕۆمانی بێسەروشوێن بوون و لەو کاتەوە کەس نەیزانی چی بەسەر ئەم سوپایەدا هات.
بۆچوونی جیاواز هەیە لەسەر ئەمانەی سوپاکە و دەڵێن ئەم فەیلەقە هەموویان کوژراون بە دەستی خێڵە بەڕیتانییەکان و کەسیان لێ دەرباز نەبووە. ڕایەکی تریش هەیە کە دەڵێت ئەم لەشکرە چونکە سەربازەکانی پێشتر لە بیاباندا بووە بۆ شەڕی پارسەکان و ئینجا ڕاستەوخۆ هێندراون بۆ باکوور بۆ ناو ئەو سەرماوسۆڵەیە، بۆیە سەربازەکان کەشوهەواکەیان پێنەکەوتووە و نەخۆش کەوتوون. دوای بڕینی شوراکەش و ڕۆشتنیان بەرەو باکوور، زیاتر سەرمایان بووە و سوپاکە تووشی لەناوچوون بووە و کەسیان دەربازیان نەبووە.
دواتر، ئەم ڕووداوە لەناو ئیمپڕاتۆریەتەکەدا دەنگی دایەوە و هەربۆیە خەڵکی بەودیوی شورای (ئادریان) دەوت کۆتایی جیهان، هەروەها نازناوی (فەیلەقی ونبوو)یان لەم سوپایە نا. لەمڕۆدا، چەند فلیمێک هەیە باسی ئەم فەیلەقە دەکات کە چۆن ونبووە، بەڵام هەموویان گریمانەن و تا ئێستا نازانرێت چیان بەسەرهاتووە.
 

هەڵمەتی خاچپەرستی منداڵەکان
لە ساڵی 1212 زایینی لە گەرمەی هەڵمەتە خاچ پەرستییەکاندا، وڵاتی فەڕەنس هەڵمەتێکی خاچ پەرستیی ڕاگەیاند بۆ خاکی موسڵمانان. ئەوەی جیاواز بوو لەم هەڵمەتەدا، ئەوە بوو کە تەنها منداڵ بەشداری تێدا کردبوو، کە ژمارەی سوپاکە نزیکی 20 هەزار منداڵ دەبوو؛ لە وڵاتانی ئۆرۆپاوە بە دەنگ ئەم هەڵمەتەوە هاتبوون. ئەوەی ئەم هەڵمەتەی جیا دەکردەوە لەوانی تر، ئەوەبوو کە لەلایەن پاپاوە دەرنەکرابوو هەڵمەتەکە.
سوپاکە لە پاریسەوە بەڕێکەوت تا باشووری ئۆرۆپا و گەیشتنە کۆماری (جەنەوەی) و هەر لەو شارەدا، لەوێوە بودجەی سوپاکە تەواوبوو و کەس نەبوو پارەیان بۆ سەرف بکات. هەربۆیە، سوپاکە هەڵوەشایەوە و هەڵمەتەکە پێش ئەوەی بگاتە خاکی پیرۆز شکستی هێنا.
باشە، بۆ یەکێکە لەو سوپایانەی کە ون بوون؟ پێش شکست، هەندێکیان چوونە کەنار دەریاکە؛ چاوەڕێی کەشتییەکان بوون بێت و بیان پەڕێنێتەوە بە دەریادا، بەڵام هەموویان بێسەروشوێن بوون لە کەنار دەریاکەدا و پاش شکستی هەڵمەتەکەش تەنها کەمێکی منداڵەکان توانیان بگەنەوە ماڵەوە. لەپاش ڕووداوەکەش، زۆربەی منداڵەکان ڕفێنران و بێسەروشوێن کران.

زۆرترین بینراو

developed by Scorpion shield