جیهانگیری

بڵاوکردنەوە:

ئیسماعیل عەبدوڵڵا ئەحمەد

نووسەر:

ئیسماعیل عەبدوڵڵا ئەحمەد

بینراو:

432

بەش:

ڕامیاری

جیهانگیری، (بە ئینگلیزی؛ Globalization، بە عەرەبی؛ العولمة)، پرۆسەی کارلێککردن و یەکگرتنە لە نێوان مرۆڤەکان، کۆمپانیاکان و حکومەتەکان لە سەرانسەری جیهاندا. زاراوەی جیهانگیری بۆ یەکەمجار لە سەرەتای سەدەی بیستەمدا دەرکەوت (جێگرەوەی زاراوەیەکی پێشووتری فەرەنسی مۆندیالیزەکردن)، ماوەیەک لە نیوەی دووەمی سەدەی بیستەمدا مانای ئێستای پەرەپێدا و لە ساڵانی نەوەدەکاندا هاتە ناو بەکارهێنانی باو بۆ وەسفکردنی پەیوەندییە نێودەوڵەتییە بێوێنەکانی جیهانی دوای جەنگی سارد. سەرچاوەکەی دەگەڕێتەوە بۆ سەدەی ١٨ و ١٩ بەهۆی پێشکەوتنی تەکنەلۆژیای گواستنەوە و هۆکاری پەیوەندی. ئەم زیادبوونە لە کارلێکە جیهانییەکان بووەتە هۆی گەشەکردنی بازرگانی نێودەوڵەتی و ئاڵوگۆڕی بیرۆکە و بیروباوەڕ و کولتوور. جیهانگیری بە پلەی یەکەم پرۆسەیەکی ئابووریی کارلێک و یەکگرتنە کە پەیوەستە بە لایەنە کۆمەڵایەتی و کولتوورییەکانەوە، بەڵام ناکۆکی و دیپلۆماسی نێودەوڵەتیش بەشێکی گەورەی مێژووی جیهانگیری و جیهانگیریی مۆدێرنە.


لە ڕووی ئابوورییەوە جیهانگیری کاڵا، خزمەتگوزاری، داتا، تەکنەلۆژیا و سەرچاوە ئابوورییەکانی سەرمایە دەگرێتەوە. فراوانبوونی بازاڕە جیهانییەکان چالاکییە ئابوورییەکانی ئاڵوگۆڕی کاڵا و پارە ئازاد دەکات. لابردنی بەربەستەکانی بازرگانی نێوان دەوڵەتان بووەتە هۆی ئەوەی کە پێکهێنانی بازاڕە جیهانییەکان زیاتر ببێت. پێشکەوتنەکان لە بواری گواستنەوەدا وەک لوکۆمۆتیڤی هەڵم، کەشتی هەڵم، بزوێنەری جێت و کەشتییە کۆنتێنەرەکان، هەروەها پێشکەوتنەکان لە بواریی ژێرخانی پەیوەندییەکان وەک تەلەگراف، ئینتەرنێت، مۆبایل و مۆبایلە زیرەکەکان، هۆکاری سەرەکی بوون لە جیهانگیریدا و وابەستەیی زیاتری ئابووری و چالاکییە کولتوورییەکان لە سەرانسەری جیهان.
 

هەرچەندە زۆرێک لە زانایان سەرچاوەی سەرهەڵدانی جیهانگیری دەگەڕێننەوە بۆ سەردەمی مۆدێرن، بەڵام هەندێکی تر مێژووەکەی دەگەڕێننەوە بۆ ماوەیەکی زۆر لەپێش سەردەمی دۆزینەوە و گەشتەکانی ئەوروپا بۆ جیهانی نوێ، تەنانەت هەندێکیان بۆ هەزارەی سێیەمی پێش زایین. جیهانگیری بەرفراوان لە ساڵانی ١٨٢٠ دەستیپێکرد و لە کۆتایی سەدەی نۆزدەهەم و سەرەتای سەدەی بیستەمدا بووە هۆی فراوانبوونی خێرای پەیوەندی ئابووری و کولتوورەکانی جیهان. دواتر زاراوەی شاریی جیهانی لەلایەن کۆمەڵناس ساسکیا ساسن لە کتێبەکەیدا بەناوبانگ بوو بە ناونیشانی 'شاری جیهانی: نیویۆرک، لەندەن، تۆکیۆ (١٩٩١)'.
 

لە ساڵی ٢٠٠٠ سندووقی دراوی نێودەوڵەتی (IMF) چوار لایەنی بنەڕەتی جیهانگیری دەستنیشان کرد کە بریتین لە: بازرگانی و مامەڵە، بزووتنەوەی سەرمایە و وەبەرهێنان، کۆچ و هاتووچۆی خەڵک و بڵاوکردنەوەی زانیاری. پرۆسەکانی جیهانگیری کاریگەریان لەسەر ڕێکخستنی بازرگانی و کار، ئابووری، سەرچاوە کۆمەڵایەتی و کولتوورییەکان و ژینگەی سروشتی هەیە، هەروەکو چۆن ئەم خاڵانە کاریگەریان لەسەر جیهانگیری هەیە. ئەدەبیاتی ئەکادیمی بە شێوەیەکی باو جیهانگیری بەسەر سێ بواردا دابەش دەکات: جیهانگیری ئابووری، جیهانگیری کولتووری و جیهانگیری سیاسی.


بەرواری ئامادەکردن
٢٠٢٣/٠٤/٠١

زۆرترین بینراو

developed by Scorpion shield