حەشاشیەکان بکوژی پیرۆز لە ئیسلامدا

بڵاوکردنەوە:

ڕێکان جیهان

نووسەر:

ڕێکان جیهان

بینراو:

654

بەش:

مێژوو

پێشەکی:-

ئەتوانین بڵێین ئەساسین - حەشاشی - باطنی - ئیسماعلی هەر ناوێک لەمانە راستن بۆ ئەم گروپە ئایینیە، کە سەردەمانێک لە رۆژهەلاتی ناوەڕاستدا کارو چالاکیان هەبوو بەجۆرێک دژی چەند ئیمپڕاتۆریەتێک سەنگەریان گرتبوو، ترس و تۆقاندنیان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بڵاوکردبویەوە، ئەوەی دژی ئەمان قسەی بکردایە تیرۆریان دەکردن یاخود بە بڕە پارەیەک دەمکوتیان دەکردن، لەم ڕاپۆرتەدا سەرەتا باسی دروست بونی ئیسماعیلیەکان دەکەم پاشان دەوڵەتی فاتمی و دواتریش ژیانی حەسەنی کوڕی سەباح و قەڵای ئەلەمونت و لە کۆتاییشدا باسی دەوڵەتی فیدایی و دەوڵەتەکیان لە سوریا دەکەم.

 

دروست بونی ئیسماعیلیەکان:-

پاش شەهید کردنی (عەلی کوڕی ئەبوتالیب) لە ساڵی ٦٦١ز، بەدەستی خەواریجەکان، شوێنکەوتوانی عەلی هەستیان بە تاوان دەکرد چونکە پێشتر نەیانزانی چۆن پاڵپشتیبن و بەرگری لێبکەن، بۆیە گرێیەکی تاوان لەلایان سەریهەڵداو وای لێکردن کە لە دەوری ئالوبەیتی عەلی کۆببەنەوە و ئەوان شێوە جیاوازەکانی دەسەڵاتیان ڕەت دەکردەوە و جەختیان لەوە دەکردەوە کە دەبێ خیلافەت لەلای نەوەکانی عەلی بێت، پێشەوایەتی میراتگری بو بە بازنەی کاری شیعە، سەرەتا بزوتنەوەکە تەنها عەرەب بوو، بەڵام ئەونەی نەبرد نەتەوە نا عەرەبەکانیش هاتنە ناو بزوتنەوەکەوە بەتایبەت فارسەکان کە لەزۆر بۆنەدا بەرهەڵستکار بوون هەم دژی عەرەب هەم دژی ئیسلام، شیعە مامناوەندەکان لەدەوری نەوەکانی فاتمە کۆبونەوە و بە وریایی لەسەر بڕیاری سونە ئیشیان دەکرد، بەڵام توندڕەوەکان لە دەوری (موحەمەدی کوڕی عەلی) کۆبونەوە.

 

دابەشبوونی شیعە:

بزوتنەوەی شیعە لەگەڵ هاتنی پێشەوا (جەعفەری سادقی) پێشەوای پێنجەم چوە ڕێڕەوێکی یەکلاکەرەوەی مێژوویەوە کە ئەویش دابەشبونی شیعەبوو بۆ دوو بەش بە پێی بیرۆکە و تێڕوانینی مافی میراتگری لای شیعە، ئەودووانەش بریتیبون لە ئیمامیەی دوانزە ئیمامی و ئیسماعیلیە کە شوێنکەوتەی (ئیسماعیلی کوڕی جەعفەر) بوو، فارسەکان ئەم دابەش بونەیان قۆستەوە و ئیسماعیلیان لە بەرژەوەندی خۆیان ئاراستە کرد.

سەرچاوەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە جەعفەری سادقی ئیسماعیلی کوڕی وەک پێشەوا دەستنیشان کرد بەڵام لە سەردەمی جەعفەردا ئیسماعیل مردووە، بۆیە دەستەی یەکەم ئیمامەت دەگوازنەوە بۆ کوڕەکەی (موسای کازمی) کە پێشەوای حەوتەمە، بەڵام دەستەی دووەم هەر ئیسماعیل بە پێشەوای خۆیان دەزانن.

سەدەو نیوێک دوای مردنی ئیسماعیل، ئیسماعیلیەکان هەر خۆیان بە نهێنی هێشتبویەوە، لە ناوەڕاستی سەدەی نۆیەم گۆڕانکاریەکی گەورە ڕویدا ئەویش لاوازبون و پارچە بونی خەلافەتی عەباسی بوو، لەم کاتەدا هەل بۆ شیعەکان هەڵکەوت بەتایبەت ئەو بنەماڵانەی کە شیعەی دوانزە ئیمامی بوون، لە ساڵی ٩٣٤ (بوەیهیەکان) توانیان دەسەڵات بسەپێنن بەسەر بەغدادا و خەلیفە و سیستەمی سوننەکان بخەنە ژێر ڕکێفی خۆیان، بەڵام ئیسماعیلیەکان توانیان بانگەوازی خۆیان لە باشوری عێڕاق و یەمەن بڵاوکەنەو و سەرکەوتوش بوون، دواتر نێردراویان نارد بۆ هیندستان و باکوری ئەفەریقا، بەڵام لە ئەفەریقا سەرکەوتنی گەورەیان بەدەست هێنا و توانیان دەوڵەتی فاتمی دروست بکەن.

 

دەوڵەتی فاتمی:-

دامەزراند:

دوای ئەوەی ئیسماعیلیەکان لە یەمەوەنەوە نێردراویان نارد بۆ باکوری ئەفەریقا و یەکێک لەو نێردراوانە (محمد عبداللە مەهدی) بوو، پاش ئەوەی بەسەرکەوتوانە بیروباوەڕی ئیسماعیلیان لە ناوچەکە بڵاو کردەوە بۆیە تا دەهات خەڵکی زیاتر لەدەوری محمد کۆ دەبونەوە، تا وای لێهات لە ساڵی ٩٠٩ ڕابەری خۆی ئاشکرا کرد و لە ڕەقادە دەوڵەتی فاتمی دامەزراند یەکەم خەلیفەش (محمد عبداللە مەهدی) بوو لە نازناوی (مەهدی) وەرگرت، فاتمی وەک ئاماژەیەک بوو بۆ ئەوەی کە خەلیفەکان لە نەوەی فاتیمەی کچی پێغەمبەرن.
 

فراوان خوازی:

لە نیوەی یەکەمی سەدەی دەیەمدا فاتمیەکان توانیان حوکمی باکوری خۆرئاوای ئەفەریقا و دورگەی سەقڵیە بگرنە دەست، بەڵام چاویان هەر لەسەر خۆرهەڵات بوو، خاکی ئیسلام کە تەنها هەر لەوێوە دەیانتوانی ئامانجەکەیان بهێننەدی کە بریتیبوو لە روخاندنی خەلافەتی عەباسی سوننی و خۆیان وەک تاکە سەرکردەی ئیسلام ڕابگەیەنن.

شاند و بە کرێگیراوی ئیسماعیلیەکان چالاک و گورجوگۆڵبوون لە ناوچە سوننەکاندا وە یەکەمین هەنگاویش بەرەو خۆرهەڵانراو سوپای فاتمیەکان لە تونس خۆیان ئامادەکرد لە پێناو داگیرکردنی میسڕدا.

ساڵی ٩٦٩ز یەکەمین هەنگاو لەم پێناوەدا جێبەجێ کرا لەسەردەمی خەلیفە (المعز لدين الله)و هێزە فاتمیەکان دۆڵی نیلیان داگیرکرد هێندەی نەبرد لە سیناوە پێشڕەویان کرد بەرەو فەڵەستین و باشوری سوریا سەرکردە فاتمیەکان میسڕیان داگیر کرد و لە نزیک (فوستاد) کە سەنتەری کۆنی حوکمەت بوو شارێکی تازەیان دروست کرد ناویان لێنا قاهیرە، ئەمە بوو بە پایتەختی ئیمپڕاتۆریەتەکەیان، زانکۆی ئەزهەریش بوە ناوەندێکی زانستی و ئایینی ئاینزاکەیان.

بەناوبانگترین خەلیفەی فاتمیش (ئەبو عەلی مەنصور) بوو کە بە (حاکم) ناسراو بوو ئەم خەلیفەیە دەسەڵاتی فاتمی بەتەواوی لە میسڕدا چەسپاند و دەورێکی باڵای هەبوو لە بڵاوکردنەوەی ئیسماعیلیەت وە خەلیفەیەکی دادپەروەر بوو و بە ڕێگەیەکی نەرم و ئاشتیانە خەڵکی بانگێشتی مەزهەبەکەی دەکرد.

لەسەردەمی خەلیفە (موستەنصربیللا ١٠٣٦-١٠٩٤) دەسەڵاتی کەسایەتیە سەربازیەکان پەیدا بوو لە دوڵەتدا و ڕۆڵی خەلیفە وردە وردە بەرەو لاوازی دەچوو، لەسەردەمی موستەنصر فاتمیەکان گەیشتنە لوتکەی بەرفراوانی و هەر لەم سەردەمەشدا داڕمان و دەسەڵاتیان لە باکوری ئەفەریقا لەدەستدا و هەروەها لە خۆرهەڵاتەوە سەلجوقیەکان بەسەرکردایەتی ئەلب ئەرسەلان هێرشیان کردە سەر شام و داگیریان کرد بەم جۆرە فاتمیەکان تەنها میصڕیان لەژێر دەسەڵاتا بوو.

 

دابەش بوونی ئیسماعیلیەت:

پاش مردنی (موستەنصربیللا ) کێشەی جێنشینی کەوتە نێوان کوڕەکانیەوە، نزار کە کوڕە گەوورە بوو و باوکی بەجێنشین دیاری کرد و داعیەکانی ئیسماعیلی پشتگیریان دەکردن، بەڵام موستەعلی کوڕە بچوک بو و لەلایەن کەسە سەربازیەکانەوە پشتگیری دەکرا، لە دوای مردنی باوکیان سەرکردەکانی سوپا پشتی موستەعیلیان گرت و بە خەلیفەی فاتمیان ناساند بەڵام لەو کاتەیە نزار هەڵهات بۆ ئەسکەندەریە و پشتیوانی خەڵکی ناوچەکەی بەدەست هێناو دەستی کرد بە شۆرش، شۆڕشەکەی سەرکەوتو نەبو و شکستی هێنا و پاشان بە دیلی گرتیان و کوشتیان، بەم شێوەیە بۆیەکەم جار ئیسماعیلیەکان بوو بە دوو بەشەوە بەشێکیان لایەنگری نزار بوون کە بە (ئیسماعیلی نزاری) ناسراوبوون و ئەمان خۆیان لە فاتمی بێ بەری کرد و لەو وڵاتە دورکەوتنەوە، بەشەکەی تریش لایەنگری موستەعلی بوون کە بە (ئیسماعیلی موستەعلی) ناسراوبوون، ئەمان تا کۆتایی لە دەسەڵاتی فاتمی مانەوە.

ئیسماعلیەکان لە خۆرهەڵات ئامادە نەبوون کە خەلیفەی نوێ بەفەرمی بناسێنن و هەموو پەیوەندیەکی خۆیان بچڕاند لەگەڵ سیستەمی خەلافەتی فاتمی، بەم شێوەیە فاتمیەکان بەرەو لاوازی چوون بەهۆی دوبەرەکی و هێرشی تورکەکان و سۆدانیەکان ، پاشانیش هێرشی خاچپەرستان، دوای ئەوەی چوار خەلیفەی فاتمی لە قاهیرە هاتنە سەر حوکم بەڵام دەوڵەت هەر بەرەو لاوازی دەچو و لە ساڵی ١١٧١ عازیدی کۆتا خەلیفەی فاتمی کۆچی دوایی کرد و (صەڵاحەدین) خێرا دەسەڵاتی گرتە دەست و بەم شێوەیە دەسەڵاتی ئیسماعیلی شیعە لە میسڕ کۆتایی هات و دووبارە دەسەڵاتی سوننە لەو ناوچەیدا باڵا دەست بوو.

 

سەردەمی حەسەن سەباح:-

ژیانی حەسەنی کوڕی سەباح:

حەسەنی کوڕی سەباح لە ساڵی ١٠٣٧ لە شاری (قوم) لەدایک بوە کە ئەوکات ئەو شارە سەر بە شیعەی دوانزدە ئیمامی بوو، مناڵ بوو ئەوکاتەی کە چونە شاری (ڕەی) کە ئەوشارە ناوەندی ئیسماعیلیەکان بوو، حەسەن لەوێ ژیا و هاوڕێیەکی پەیا کرد بەناوی (ئەمیرازاراب) کە ئەم هاوڕێیەی بیروباوەڕی گۆڕی و بەرەو لای ئیسماعیلیەت هانیدا و دواتر بوە ئیسماعیلی، لە ڕێگەی (عبدولمەلیک ابن عتاش) بەیعەتی دا بە خەلیفەی فاتمی و دواتر لەسەر داوای عبدولمەلک چوو بۆ قاهیرە بۆ خوێندن، لە ساڵی ١٠٧٨ گەیشتە قاهیرەی پایتەختی فاتمی ٣ ساڵ لەوێ مایەوە پاشان لەگەڵ سەرکردەی سەربازی (بەدرولجەمال) بوە کێشەیان بەهۆی بیروڕای جیاوازە کە حەسەن پێی وابوو (نزار) کوڕە گەورەی (موستەنصربیللا) خەلیفەیە، بەڵام سەرکردە سەربازیەکان پشتگیری (موستەعلی) کرد و ئەویان کرد بە خەلیفە، چونکە حەسەن لایەنگری (نزار)ی ئەکرد گرتیان و دوریان خستەوە بۆ باکوری ئەفەریقا بەڵام بە ڕوداوێ ڕزگاری بوو و گەڕایەوە بۆ ئەسفەهان، حەسەن سەباح بیری لەوەو کردەوە کە ئیسماعیلیەکانی فارس و عێڕاق جیا بکاتەوە لە فاتمیەکان بۆیە ئەو ویستی بنکەیەکی بەهێز بدۆزێتەوە بۆ ئەوەی بانگەواز بکات، هەر بۆیە باشترین شوێن بۆ ئەم ناوچەی (دەیلەم) بوو کە باکوری ئێران دەکات، ناوچەیەکی سەخت و شاخاوی بوو ئەم وناوچەیە وەختی خۆی بە بێ شەڕ بونە مسوڵمان چونکە هیچ سەرکردەیەکی ئیسلامی نەی توانی ئەم ناوچەیە داگیر بکات،(جارێک حەجاج ویستی و نەخشەی وڵاتەکەی پشانی میرەکاندا و میرەکان لە وەڵامدا وتیان (لەم نەخشەیەدا زانیاری ڕاستیان پێ داویت لەسەر وڵاتەکەمان، بەڵام بۆیان دەرنە خستویت کە ئەو جەنگاوەرانە کێن کە بەرگری لەم وڵاتە دەکەن.) هۆکارێکی تر بۆ هەڵبژاردنی دەیلەم ئەوە بوو کە خەڵکی ئەم ناوچەیە زۆر ئازابوون بەڵام زۆربەی نەخوێندەواربون و خەریکی کشتوکاڵ بوون وە ناوچەیەکی سەختیش بوو، حەسەن لەو ناوچەیدا گەڕا تا قەڵایەکی سەختی دۆزیەوە کە مێژوویەکی کۆنی هەبوو (ئەم قەڵایە لەلایەن پاشایەکی دەیلەمەوە دروست کراوە کاتێ هەڵۆکەی لەسەر تەپۆلکە شاخێک ئەنیشێتەوە و بڕیار دەدات کە لەو جێیە قەڵایەک دروستبکات و ناوی دەنێ (ئەلەمونت) کە بەمانای (هێلانەی هەڵۆ) دێت.)

 

قەڵای ئەلەمونت/

بەکوردی واتە (هێلانەی هەڵۆ) ئەم قەڵایە لەلایەن باتنیەکانەوە نۆژەن کراوەتەوە و قەڵایەکی سەخت بوە بەرزاییەکەی ٢،٠٠٠م بوە و دەشتاییەکانی دەوروبەری عەرزی بە پیت بون و کە باتنیەکان سودیان لێ دیوە بۆ دروست کردنی دەرمانی گیایی (بەتایبەتی حەشیش) ئەم قەڵایە لانەی سەرەکی باتنیەکان بوە کە بە سەرۆکایەتی حەسەنی کوڕی سەباح شۆڕشیان دژی ئیمپڕاتۆریەتی سەلجوقی بەرپاکرد، ئەم قەڵایە مایەوە تا ساڵی ١٢٥٦ کە لەلایەن مەغۆلەوە داگیر کراو و بەردی بەسەر بەردەوە نەما.

حەسەن سەباح لە ساڵی ١٠٩٠ قەڵاکەی داگیرکرد و دەوڵەتەکەی خۆی ڕاگەیاند و کەوتە دژایەتی ئیمپڕاتۆری سەلجوقی و خەلیفەکانی بەغداد،حەسەن لەم قەڵایە مایەوە و فەرمانی کوشتنی چەندین کەسی دەرکرد بەتایبەت (نیزام المولک) وەزیری سوڵتانی سەلجوقی لە ساڵی ١٠٩٢ کە فیداییەکی باتنیەکان کە بە دەروێش خۆی ناساندبوو خۆی لە قافڵەکەی نزیک کردەوە و بەر خەنجەری دا، لە دوای کوشتنی (نیزام) باتنیەکان کردیان بە جەژن چونکە وەزیری سوڵتان تا سەر ئێسقان دژایەتیی ئەم گروپەی دەکرد.

باتنیەکان بە گرتنی قەڵای (ئەلەمونت)ەوە نەوەتسان بەڵکو قەڵاکانی دەورو بەری ڕوباری (ڕودبار)یان کۆنتڕۆڵ کرد گەورەترین سەرکەوتنیش کە بەدەستیان هێنا کۆنتڕۆڵ کردنی قەڵات (لامسار)بوو لە لایەن (کیا بزروگ ئومید)، هەروەها بێتەوە قەڵای (مەیموندز)یش کۆنتڕۆل کرا، حەسەن سەباح گروپەکەی زۆر بە ڕێکو پێکی دانا و سەرکەوتوش بوو، بەهێزی ئەمان لەوەدا بوو کە نهێنیان دەپاراست و هەمیشە لە هەوڵی زانیندابوون

سەرکردە باتنیەکان دەیانوسیت بیرو باوەڕی خۆیان بە تەواوی ناوچەکەدا بڵاو کەنەوە بۆیە نێدراویان نارد بۆ عێڕاق و هیندستان و سوریا، بەڵام تەنها لە سوریا توانیان سەرکەوتن بە دەست بێنن ئەویش بەهۆی بۆشایی سیاسی و زۆری شاخ و گرد لەو وڵاتەدا.

لەو کاتەوەی کە حەسەن سەباح قەڵای (ئەلەمونت)ی داگیرکرد چەندین جار کەوتۆتە بەر شاڵاوی هێرشەکانی سەلجوقی لە ساڵی ١٠٩٢ بەسەرکردایەتی (ئەرسەلان تاش) هێرشیان کردە سەر ئەلەمونت بەڵام سەلجوقیەکان دوچاری شکست بونەوە، هەر لە ساڵی ١٠٩٢ (مەلیک شا‌ه) سوڵتانی سەلجوقیەکان مرد (ئیسماعیلیەکان ئەڵین فیداییەک کوشتی بەناوی (ئەبو تاهیر ئەلعەرانی))و کیشە کەوتە نێوان کوڕەکانیەوە و بەمەش ئیمپڕاتۆریەتی سەلجوقی بەرەو هەڵوەشانەوە چوو، کوڕە گەورەی (مەلیک شاه) کە ناوی (بەریقاروق) بوو خۆی بە میراترگری سەلجوقی ناساند وە باتنیەکان لە سەردەمی ئەمدا دەسەڵاتیان بەهێزبوو و دزەیان کردە ناو سوپاو و کاربەدەستانی سوڵتانەوە، سوڵتان بە هاوکاری باتنیەکان (محمد تەپەری) یان تێک شکاند (کوڕە بچوکەکەی مەلیک شاه) و پاشەکشەیان پێکرد بەرەو خۆراسان، سوڵتانی تازە بێزار بوو لە دەست ئیسماعیلیەکان بۆیە ناچار چو لەگەڵ سوڵتان (سەنجار)ی برای ڕێکەوتن کە لە ئیسماعیلیەکان بەن ساڵی ١١٠١ سوپای سەنجار هێرشیان کردە سەریان و گەمارۆی قەڵای (تەبەس) یاندا و داگیریان کرد بەڵام دواتر کشانەوە، وە لە ساڵی ١١٠٧ تا ١١٠٨ سوڵتان سەنجار سوپایەکی تۆکمەی ناردە ناوجەرگەی وڵاتی باتنیەکانەوە و بە ئاراستەی قەڵای (غیرەدۆک) چون و وە لە هەمویشیان گرنگتر قەڵا مەزنەکە بوو (ئەلەمونت)، ئەم سوپایە بەسەرکردایەتی (محمدی کوڕی نیزامولک) کە باوکی و براکەی بەدەستی ئەمان تیرۆرکرا، بەڵام سوپاکەی شکستی هێناو پاشەکشەی کرد، وە دوبارە سەنجار بەسەرکردایەتی خۆی هەڵمەتێکی دەست پێکرد دژیان بەڵام فیداییەکی باتنیەکان خەنجەرێک و نامەیەکی لەلاوە دانا کاتێ خەوتبوو، لە نامەکدا نوسرابوو( پێم خۆش نەبوو ئەو خەنجەرەی لەسەر زەویەکە لە سنگی سوڵتاندا بچەقێت) پاش ئەم ڕووداوە سوڵتان سەنجەر پاشەکشەی کردو وازی لە ئیسماعیلیەکان هێنا، حەسەن سەباح لە کاروباری دەوڵەتەکەیدا زۆر جدی بوو چی بوتایە هەر ئەوە بوو، کەسێکی بیرمەند و زانا بوو، سیاسەتێکی توندی بەکار دەهێنا کە بریتی بوو لە ملکەچکردنی تاک لەبەردەم دەوڵەتدا، ئەوەی دژایەتی ئەمانی بکردایە لەناو دەچوو، گروپی فیداییەکانیان زۆر بەجوانی ڕا ئەهێنران لەسەر بەکار هێنانی خەنجەر و خێرایی و زانست، بەم شێوەیە سەدەیەک بەردەوام بوون لەسەر کوشتن و تۆقاندنی خەڵکی ، حەسەن لەبەر ئەوەی کوڕی نەبوو چونکە هەموو کوڕەکانی خۆی کوشت ئەویش دوای ئەوەی سەرپێچی یاسای حەسەنیان کرد، بۆیە حەسەن سەباح لە دوای خۆی (کیا بزروگ ئومێد) بە جێنشین دیاری کرد، حەسەن سەباح لەساڵی ١١٢٤ بەهۆی نەخۆشیەوە مرد.

 

دەوڵەتی فیدایی:-

حەسەن سەباح ساڵی ١٠٩٠ پاش گرتنی قەڵای (ئەلەمونت) دەوڵەتی خۆی راگەیاند بەناوی (دەوڵەتی ئیسماعیلی) لەلای ڕۆژئاواییەکان بە (دەوڵەتی فیدایی) ناسراوە، ئەم دەوڵەتە پایەیەکی بتەوی هەبوو وای لە تاکەکانی دەکرد کوێرانە شوێن فەرمانی دەوڵەت بکەون و بەتەواوی تاک ملکەچی دەوڵەت کرا، ئەم دەوڵەتە ٨ فەرمان رەوای بە خۆوە بینی و سەدە و نیوێک تەمەنی بوو(١٠٩٠ – ١٢٥٦)، لەماوەی تەمەنیدا ٢ جار قیامەت ڕاگەیەندراوە دانەیەک لەسەردەمی (حەسەن سەباح) وە دانەیەکیش لەسەردەمی (حەسنی کوڕی محمد)، ئەم دەوڵەتە پلەبەندی بۆ تاکەکانی کردبوو کە بەم شێوەیەی خوارەوەیە:-

*داعی (حەسەن سەباح)

*ڕەفیق (ئەو کەسانە بوون کە لێهاتوبون و لە توانایاندا بوو کە سەرکردایەتی قەڵایەک بکەن)

*لاصق (خەڵکانی ئاسایی بوون)

* موجیبە ( دەروێشە نوێیەکان)

* فیداییەکان (ئەمانە کەسانی تایبەت بوون و مەشقیان پێ دەکرا بۆ کاری کوشتن دەیانارد و هەموویان لە پیاوەتی دەخران بۆ ئەوەی لە ئەرکەکانیاندا تەمەڵی و ئەملاو ئەولا نەکەن)

گرنگترین چەکی دەوڵەت بریتی بوو لە کۆمەڵەی فیداییەکان کە ترس و تۆقاندنیان دەخستە دڵی سوڵتان و خەلیفە ومیرەکانی ئەو ناوچەیە وە چەندین سوڵتانی خەلیفەیان تیرۆرکرد لەوانەش (خەلیفە موستەرشید ، خەلیفە الراشید کوڕی موستەرشید، سوڵتان داودی سەلجوقی، نیزام المولک ، فەخرەدینکوڕی نیزام المولک) چەندین کەسی تر ، وە کۆمەڵ کوژیکردنی خەڵک و کوشتنی ئیمامەکان و فەرماندە سەربازیەکان، بەم جۆرە بەردەوام بوون تا سەردەمی (رکن الدین خورشاه) ١٢٥٥- ١٢٥٦ دوای ئەوەی خۆیدا بەدەستەوە بۆ مەغۆلەکان و قەڵاکانیان یەک لەدوای یەک بەدەستەوەدا بۆ ەغۆلەکان و لە (ئەلەمونت)یش سوکە شەڕێک کرا بەڵام لە کۆتایدا شکستیان هێناو مەغۆڵ لەساڵی ١٢٥٦ قەڵاکەی بەتەواوی خاپور کرد کۆتایی هێنا بە فەرمانڕەوایەتی مەترسیدارترین و ڕێکخراوترین گروپی لە مێژوودا کە سەدەو نیوێک ترس و تۆقاندنیان لە جیهاندا بلاوکردەوە.

هەروەها قەڵای تایبەتیان هەبوو بە ڕاهینانی فیداییەکان و لەو قەڵایانەدا گەنجیان پەروەردە دەکرد بۆ کاری کوشتن و بەهەموو شێوەیەک لە جیهانی دەرەوە دایان دەبڕی وایان لێ دەکرد کە بە فەرمانی ئیمامیان خۆیان بکوژن بێ بیرکردنەوە، هەروەها هەرگیز بیریان لە ژن نە ئەکردەوە و هاتنە ناوەوەی ژن بۆ ئەو قەڵایانە قەدەغەبوو، هەمووشیان ئەخەسێندران.

 

باسێکی کورتی ئیمامەکانی ئەلەمونت:-

١/ بزروگ ئومێد/ دوای مردنی حەسەن سەباح ئەم دەسەڵاتی گرتە دەست (١١٢٦– ١١٣٨) لە دوای ئەوەی هەڵمەتێکی گەورەی سوڵتان سنجاری سەلجوقی تێکشکاند دەستی کرد بە دروستکردنی قەڵای (مەیموندز) بزروگ ئومێز ١١٣٨ مرد و محمدی کوڕی دەسەڵاتی گرتە دەست، لەسەردەمی ئەمدا خەلیفە ڕاشد و سوڵتان داودی سەلجوقی تیرۆرکرا.

٢/ محمد بزروگ ئومێد/ ماوەی فەرمان ڕەواوی (١١٣٨- ١١٦٢) دوای مردنی کوڕەکەی جێگەی گرتەوە.

٣/ حەسەنی کوڕی محمد/ ناسراوە بە حەسەنی دووەم و هەروەها پاشگری (على ذكره السلام) هەیە و ئەم ئیمامە جیاواز بوو لەوانەی پێش خۆی و بیری ئازادی هەبوو و دوای ئەوەی باوکی مرد کە دەسەڵاتی گرتە دەست کۆتایی بە سەردەمی شەریعەت هێنا و قیامەتی ڕاگەیاند حەشاشیەکان لەم سەردەمەوە بوو کە ناوە خراپەکەیان هاتە پاڵ ئەویش بەهۆی ئەوەی کە هەر خەریکی خواردنەوە و ئافرەت بوون، باوک و کچ برا و خوشک دایک و کوڕ هەموویان لەیەک حەڵاڵ کران ئەوەی سێکسی نەکردایە و نەیخواردبایەتەوە ئەوە بە خیانەتکار لە قەڵەم دەدرا هەر لە سەردەمی ئەمە بوو کە لقی سوریا خۆیان جیاکردەوە بەسەرکردایەتی (سینان) پیری چیا، کە دژی ئەم هەڵوێستەی حەسەن بوو و بەتەواوی پەیوەندیەکانی خۆیان لەگەڵ فارسا پچڕاند، بە پێی بیر و باوەڕی حەسەن دەبوایە هەموو کەس وازی لە نوێژ بهێنایەو چیتر خۆی بە عیبادەت و شەریعەتەوە خەریک نەکردایە چونکە پێی وابوو کەئەم قیامەتی ڕاگەیاندوە و مسوڵمانان لە قیامەتدا واز لەو عیبادەت و شتانە دێنن، تەنانەت لە وتاری بون بە ئیمامدا وتی( شەراب خواردنەوەیەکی ئەهلی بەهەشتە، ئەوەی شەراب نەخوات ئەوە بەهەشتی نیە)، ئەوەی کاری قێزەونبێ لەم سەردەمەیا ئەیانکرد سەردەمی حەسەنی دووەم ساڵی ١١٦٢ – ١١٦٦ بوو و لە ژیانیدا ٢ سەرکردە دژی قیامەتەکەی وەستانەوە یەکێکیان سینان بوو ئەوی تریان زاواکەی خۆی بوو کە فەرماندەی قەڵای لامسەربوو بەڵام فیداییەکی نارد بۆ هەر دووکیان و زاواکەی خۆی کوشت و بەڵام کوشتنی سینان شکستی هێنا، دوای مردنی خۆی کورەکەی جێگەی گرتەوە.

٤/ محمدی کوڕی حەسەن/ ١١٦٦ – ١٢١٠ دوای مردنی کوڕەکەی جێگەی گرتەوە.

٥/ جەلالەدین حەسەن/ ١٢١٠ – ١٢٢١

٦/ عەلادین محمد/ ١٢٢١ – ١٢٥٥

٧/ ڕوکنەدین خورشاه/ ١٢٥٥ – ١٢٥٦ ئیمامێکی لاواز بوو و کۆتا فەرمانرەوا بوو خۆی دابەدەستەوە بۆ مەغۆلەکان و هەموو قەڵاکانیشی دابەدەستەوە و خۆری دەوڵەتی فیدایی لە وڵاتی فارس کۆتایی پێهات پاش کەوتنی ئەلەمونت و ئیمامیش لە ڕێگەی خۆراسان کوژرا.

ئەم گروپە لە دوای (ئیخوان سەفا)کان بە ڕێخراوترین گروپ دادەنرێت لە مێژوودا، ئەمان زیاتر لە شاخەکاندا جێگیر ئەبوون و سیاسەتی ترس و تۆقاندنیان بەکار دەهێناو تا سەردەمی حەسەنی دووەم بە بەهێزی مانەوە و بەڵام لەدوای ئەم ئیتر خۆرەکەیان بەرەو ئاوا بوون دەچوو و تا لە کۆتاییدا مەغۆلەکان کۆتاییان بەمان هێنا بەڵام لە سوریا هێشتا چالاکیان مابوو و چەندین میر و پاشایان تیرۆر کرد و چەندین جاریش هەوڵی کوشتنی سەڵاحەدینی ئەیوبیاندا.

 

حەشاشیەکانی سوریا:-

کاتێ حەسەن سەباح  لە قەڵای ئەلەمونتەوە دەستی کرد بە بانگەواز هەوڵی دا لە هەموو ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی سەلجوقیەکان دەست بکات بە بانگەواز و قەڵا و شار داگیربکات و بیانکاتە بنکەی ئیسماعیلیەت، لە فارس و دەویلەم سەرکەوتنی بەدەست هێنا چونکە ناوچەکە شاخاوی بوو و لەگەڵ ستراتیجیەتی خۆیاندا دەگونجا کە پشتیان بە چیاکان و قەڵا سەختەکان قایم دەکرد، بەڵام لە عێڕاق و میسڕ نەیانتوانی سەرکەوتوبن بەهۆی دەشتایی ناوچەکە و ئاسانی دەست گەیشتن بەم گروپە لەلایەن دەسەڵات دارەکانی ناوچەکەوە، هەروەها چونکە ناوەندی خەلافەتەکان بوو بۆیە هەر زوو خەلیفەکان سەرکوتیان دەکردن، بەڵام لە سوریا بەهۆی ناجێگیری سیاسی و هەروەها هەڵکەوتەی جوگرافیای کە ناوچەی شاخاوی لێبوو توانیان سەرکەوتن بەدەست بهێنن، سەرەتا بەهۆی جیاوازی زمانەوە کە نێردەکانی ئەلەمونت هەمووی فارس بوون و فارسیان دەزانی بەڵام دانیشتوانی سوریا عەرەب بون گرفتیان بۆ دروست دەبوو، بەڵام بەم جۆرە هەوڵی تەواوی خۆیاندا بۆ قایمکردنی پێگەی خۆیان لە سوریا و نزیکی نیو سەدە خەریک بوون تا شوێنی خۆیان قایمکرد لە (شاخی نەصیریە)، لە قۆناغەکانی یەکەم و دووەمدا کە ساڵانی ١١١٣ و ١١٣٠ ز کۆتاییان هات ئەمان لە هەردوو شاری دیمەشق و حەلەبدا بە ڕەزامەندی فەرمانڕەواکانی ئەو دوو شارە کاریان دەکرد توانیان پشتیوانی بۆ خۆیان لە ناوچەکانی دەوروبەردا بەدەست بهێنن بەڵام سەرەنجام ئەم دوو قۆناغە بە شکست کۆتایی هات، لە قۆناغی سێیەمدا کە ساڵی ١١٣١ ز دەستی پێکرد توانییان ئەو بنکانە بە دەست بهێنن و قایمیان بکەن کە پێویستیان پێیان بوو، لەو ماوەیەشدا کاری کوشتن و تیرۆرکردنیان زۆر ئەنجام دا و چەندین میر و سەرکردەی سەربازیان تیرۆرکرد و هەروەها شوێنکەوتەی ئیسماعیلی و باگەوازکارانیان لەلایەن فەرمانڕەواکانەوە کۆمەڵکوژ دەکران، دەسەڵاتی ئیسماعیلی پاش لە سێدارەدانی (ابو تاهیر السایغ) لە حەلەب کۆتایی پێهات و ئیسماعیلیەکان بە ڕابەرایەتی (بەهرام) کە جێنشینی تاهیر بوو ڕویان کردە دیمەشق.

لەقۆناغی سێیمەدا حەشاشەکان سەرکەوتنی زۆریان بەدەست هێنا لە سوریا و توانیان قەڵای (قەدموس) بکڕنەوە، ساڵی ١١٤٠ توانیان گرنگترین قەڵا داگیربکەنکە قەڵای (مەصیاف)بوو، هەروەها توانیان قەڵاکانی (خەوابی ، روسافە، قلیعە، منیقە) کۆنترؤل بکەن، لەو ماوەیەدا کە حەشاشەکان بە هێمنی شوێنی خۆیان پتەو دەکرد کاریگەریان نەبوو لەسەر دونیای دەرەوە، ئەوەی جێی سەرنجە کە پێش (سینا) حەشاشەکان سەرکردەیەکی کوردیان هەبوو بەناوی (علی بن وفا) کە هاوکاری ری،مۆندی فەرمانڕەوای ئەنتاکیا کردووە لە هەڵمەتەکەیدا دژی نورەدین لەگەڵیاندا و لە شەڕی عناب لە ساڵی ١١٤٩ دا کوژراوە، هەر لەو ماوەیەدا حەشاشەکان توانیان (کۆنت ریمۆند) فەرمانڕەوای تەرابلوس بکوژن و ئەمەش بوە یەکەم قوربانی خاچپەرستان کە بە دەستی حەشاشیەکان کوژرابێت.

 

شێخی چیا سینان:-

سینان بەناوبانگترین سەرکردەی حەشاشەکانی سوریا بوو وە چالاکترین و زیرەکترینیان بوو، توانیویەتی قەڵاکانی بپارێزێت لە هێرشی خاچپەرست و ئەیبویەکانیشآ، سینا هەر لەمناڵیەوە لە ئەلەمونت خوێندویەتی و پاشان لە ساڵی ١١٦٢ لە سەردەمی (حسن علت ذکره سلام) هاتوەتە سوریا و ڕابەرایەتی حەشاشیەکانی سوریای کردووە، وە هەر لە ساڵی ١١٦٤ خۆی لە حەشاشیەکانی فارس جیادەکاتەوە و سەربەخۆ دەبێت، هەر لە سەردەمی ئەمدا دوو جار هەوڵی تیرۆرکردنی سەڵاحەدین دەدرێت و وە شکستیش بە هێرشی سەڵاحەدین دەهێنێت بۆ سەر مەسیاف و وە (کۆنراد مۆنتیفرات) سەرکردەی خاچپەرستەکان و پاشای شانشینی ئۆرشەلیم تیرۆر دەکات، سینان لە ساڵی ١١٩٤ز مرد و کۆتایی بە دەسەڵاتە ترسناکەکەی هات، وە پاش مردنی دەسەڵاتی ئەلەمونت گەڕایەوە بۆ سوریا.

دەسەڵاتی حەشاشیەکان لە سەردەمی سوڵتانی مەمالیک (زاهیر بیبرس) تا ساڵی ١٢٧٣ز توانی کۆتایی بە دەسەڵاتەکەیان بهێنێت و هەموو قەڵاکانیان بخاتە ژێر دەسەڵاتی خۆیەوە.

ئەوەی جێی سەرنجە کە حەشاشیەکان لە زۆربەی سەردەمەکانیاندا باج و خەراجیان داوە بە سوارچاکانی پەرستگا و لێیان ترساون، چونکە ستراتیجی تیرۆرکردن لە بەرامبەر سوارچاکەکان سودی نەبوو و کاتێک سەرکردەیەکیان دەکوشت ئەوا سەرکردەیەکی بەهێزتر ئەهاتە جێگەی، ئەمەش لە سودی حەشاشیەکان نەبوو.

 

سەرچاوەکان:

١. مێژووی ئایینەکان، د.کەیوان ئازاد ئەنوەر.

٢. پوختەی مێژووی ئیسلام، محمد سوهیل طوش، و. نهاد جلال حبیب اللە.

٣. بەنگکێشەکان، بێرنارد لویس، و. د.شێرکۆ عەبدوللە.

٤. سەمەرقەند، ئەمین مەعلووف، و. د.ئەحمەدی مەلا.

 

زۆرترین بینراو

developed by Scorpion shield