دۆسیەی کۆڵۆمبیا و پیرۆ

بڵاوکردنەوە:

سۆنیا مەحموود

نووسەر:

سۆنیا مەحموود

بینراو:

457

بەش:

ڕامیاری

پەنابەر، بە پێی سەردەم و قۆناغە جیاوازەکانی ژیانی مرۆڤایەتی پێناسە و ناساندنی زۆری بۆ کراوە. ھەرچەندە جیاوازیی ھەبێت لە نێوان چەمکی پەنابەری ئێستا و ئەوسا، خودی بیرۆکەی کە چی پەنابەری پێکدەھێنێت وەک خۆی دەمێنێتەوە و وەک خۆشی ماوەتەوە. بە واتایەکی سادە، پەنابەر کەسێکە کە بەهۆی ترس لە چەوساندنەوە و ئازاردان لە بەرامبەر جیاوازی ئاینی و رەگەزی، نەتەوەی، نەژادی، ڕەنگ، زمان و ئەندامیەتی لە دەستەو کۆمەڵەی سیاسی یان کلتوری، وڵاتەکەی خۆی بەجێدەهێڵێت و پەنا بۆ ولاتێکی تر دەبات و داوای مانەوەی لێدەکات. لێرەدا ئەو پەنابەرە مافێکی بۆ دەچەسپێت و دەبێت بە خاوەنی مافێک کە بریتییە لە (مافی پەنابەری). مافی پەنابەرانیش لەگەڵ زۆربەی باسە یاساییەکانی تر، لە یاسای نێودەوڵەتی هاتۆتە بەر باس و لە کۆڕبەندە جیهانیەکانیشدا زۆر بەڵگەنامەی پەیوەندیدار پێیەوە پەسەند کراون. بە واتایەکی سادە مافی پەنابەری پێدانی پەناگەیە، پەناگەیەکی کاتی. کە کەسێک بە دوایدا دەگەڕێت و ترسی ژیانی لە وڵاتەکەی خۆی ھەیە. ھەوڵدەدات سوود لە پاراستن و ئاسایشی وڵاتێکی دیکە وەربگرێت. وە چەندان جۆری مافی پەنابەریمان ھەیە و ئەوەی کە باسی نووسینەکەی ئێمەشە بریتییە لە "مافی پەنابەری سیاسی". شایەنی باسە پرسی پەنابەری سیاسی یان دیبلۆماسی لە ڕێڕەوی دۆسیەی کۆڵۆمبیا و پیرۆ سەرھەڵدەدات. کە بە (کەیسی پەنابەران)یش ناسراوە و دۆسیەیەکی یاسای نێودەوڵەتی گشتییە. لە ماوەی سەرھەڵدانی ئەو دۆسیەیەدا یاسای نێودەوڵەتی لە قۆناغێکی زۆر سەرەتایدا بوو. بەڵام، کاریگەری زۆر و قوڵی بەسەر یاسای نێودەوڵەتی و یاسا نێودەوڵەتییەکانی داھاتوو ھەبوو. لە بەرواری (٣ی تشرینی یەکەمی ١٩٤٨) بە سەرکردایەتی (ڤیکتۆر ڕائول هایا دی لا تۆرێ) دامەزرێنەر و سەرۆکی هاوپەیمانی شۆڕشگێڕی جەماوەری ئەمریکی, یاخیبوونێکی سەربازی لە ویلایەتی (پیرۆ)ی ئەمریکای باشور سەریھەڵدا. بەڵام لە ماوەی یەک ڕۆژدا یاخیبوونەکە کپکرا و تۆمەتباران دەستگیر کران. ڕۆژێک دوای ھەڵوەشاندنەوە و پوچەڵکردنەوەی یاخیبوونەکە ڕێوشوێنی یاسایی دژی (ڤیکتۆر ڕائول هایا دی لا تۆرێ)، بە تۆمەتی ھاندان و ئاڕاستەکردنی یاخیبوونەکە دەستیپێکرد.  لە ئەنجامدا، ڤیکتۆر لە دەستگیرکردنەکە ڕایکرد و نەیانتوانی سەرکەوتووبن لە دەستگیرکردنی. وە خۆی لە دەسەڵاتدارانی پیرۆ دوورخستەوە کە دەیانھەویست دادگایی بکەن. بەڵام دواتر لە ساڵی (١٩٤٩)، ئەوە بە دەسەڵاتدارانی پیرۆ گەیشت کە (ڤیکتۆر ڕائول هایا دی لا تۆرێ) لەلایەن نوێنەرانی کۆڵۆمبیا لە لیما مافی پەنابەری پێدراوە. بەو پێیەش نوێنەری کۆڵۆمبیا داوایکرد کە ڤیکتۆر مافی پەنابەری پێبدرێت، یان بتوانێت بە سەلامەتی وڵاتی پیرۆ بەجێبھێڵێت. بەڵام، وڵاتی پیرۆ بەو پەڕی ڕێزەوە ڕەتیکردەوە و ڕایگەیاند کە ڤیکتۆر بە تاوانێکی باو و ئاسایی  لە کۆمەڵگادا تۆمەتبار کراوە. مافی پەنابەری سیاسی پێنابەخشرێت. بە واتایەکی تر پیرۆ ھەموو ئەو بانگەشانەی کۆڵۆمبیای ڕەتکردەوە کە دەیانگووت "ڤیکتۆر رائول ھایا دی لا تۆرێ پەنابەرێکی سیاسییە". زۆری نەخایاند، چەقبەستووی سیاسی و دیبلۆماسی نێوان ھەردووک دەوڵەتی ئەمریکای باشوردا درووستبوو. دوای ئەوەی لە مانگی تەمموز گفتوگۆکان پشێویان تێکەوت، ھەردوولا رێککەوتن لەسەر ئەوەی کە بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکی و کێشەی نێوانیان پەنا ببەنە بەردەم (دادگای دادی نێودەوڵەتی). ئەوەش، لە ئەنجامی نامەیەکی دیبلۆماسی کە بە واژۆ کردنی ئەو نامەیە کۆتایھات. لە لیما (٣١ی ئابی ١٩٤٩)، بوو بە یاسایەک و ھەردوو حوکومەت ڕێککەوتن لەسەر پێشکەشکردنی دۆسیەکەیان بۆ بەردەم دادگای نێودەوڵەتی. ڕێککەوتن کە هەر لایەنێک مافی ئەوەی دەبێت بە شێوەیەکی تاکلایەنە داواکارییەکەی پێشکەش بە دادگا بکات. بەبێ ئەوەی ئەو ڕێوشوێنە لەلایەن لایەنی بەرامبەرەوە وەک کارێکی دوژمنکارانە هەژمار بکرێت. لە دوای ئەوەی کەیسەکە خرایە بەردەم دادگای نێودەوڵەتی، ویلایەتی کۆڵۆمبیا، لە بەردەم دادگای نێودەوڵەتی چەند پرس و بەڵگەیەکەی وروژاند سەبارەت بەوەی کە مافی پەنابەری داوە بە ڤیکتۆر و مافی ئەوەی ھەیە. ھەروەھا گووتیشی کە ئەو مافەشی لەسەر سێ ڕێککەوتنامە و پەیماننامەی گرنگی یاسای نێودەوڵەتی دامەزراوە. کۆڵۆمبیا لە بەردەم دادگا جەختی لەوە کردەوە کە بە پێی ڕێککەوتنامەی کارپێکراو (ڕێککەوتنامەی بۆلیڤاری ساڵی ١٩١١ سەبارەت بە ڕادەستکردنەوە - ڕێککەوتنامەی ھاڤانای ساڵی ١٩٢٨ سەبارەت بە پەنابەری - ڕێککەوتنامەی مۆنتیڤیدیۆی ساڵی ١٩٣٩ سەبارەت بە پەنابەری سیاسی - بە پێی یاسای نێودەوڵەتی ئەمریکا) مافی پەنابەری بەخشیووە. سەبارەت بە ڕێککەوتنامەی بۆلیڤاری ساڵی (١٩١١) سەبارەت بە ڕادەستکردنەوە، کۆڵۆمبیا بانگەشەی ئەوەیکرد سەبارەت بەو بنەما گشتیەی کە لە ڕێککەوتنامەکە سەرچاوەی گرتووە، ئەوا لە چوارچێوەی مافەکانیدایە بۆ پێدانی مافی پەنابەری بە ڤیکتۆر و پێشێلی ھیچ بنەمایەکی یاسای نێودەوڵەتی نەکردووە. لە ڕێککەوتننامەی پان ئەمریکی هاڤانا بۆ پەنابەری، کە ساڵی  (١٩٢٨) داڕێژرابوو کە بە هەندێک مەرج، دەتوانرێت مافی پەنابەری لە باڵیۆزخانەی بیانی بدرێت بە پەنابەرێکی سیاسی کە هاوڵاتی دەوڵەتی خاکی بێت. ھەروەھا کۆڵۆمبیا بانگەشەی ئەوەیکرد کە بنەمای پێدانی مافی پەنابەری لە یاسای نێودەوڵەتی ئەمریکا سەرچاوەی گرتووە. گوتیان کە لە یاسای پان ئەمریکیدا ئەو پەیڕەوکردنە بوونی ھەیە. بۆ مافی دەوڵەتێک بۆ پێدانی مافی پەنابەری بەبێ ھیچ ڕێگریەک. ھەروەھا کۆڵۆمبیا ئاماژەی بەوەش کرد کە پیرۆ لە ژێر پابەندبووندایە، بەوەی کە ڕێگە بدات بە تێپەڕبوونی سەلامەت بۆ پەنابەرێک کە لەلایەن وڵاتێکی ترەوە مافی پەنابەری پێدراوە.

وڵاتی پیرۆش لە بەردەم دادگا چەند پرس و ناکۆکیەکی خستەڕوو. وڵاتی پیرۆ گوتی کە ئەو مافی پەنابەریەی لەلایەن کۆڵۆمبیا بە ڤیکتۆر ڕائول ھایا دی لا تۆرێ بەخشراوە، پێشێلکاری و پێشێلکردنی ڕاستەوخۆی ڕێککەوتنامەی ھاڤانایە بۆ پەنابەری. لەبەرئەوەی بە پێی ڕێککەوتنامەی ھاڤانا دەتوانرێت مافی پەنابەری سیاسی بدرێت بە تاوانبارانی سیاسی. وە پیرۆ بانگەشەی ئەوەی کرد کە ڤیکتۆر تۆمەتبارە بە تاوانی ئاسایی و باو لە کۆمەڵگا، بە تاوانی سیاسی تۆمەتبار نەکراوە. ھەروەھا پیرۆ ئاماژەشی بەوە کرد کە بە پێی ڕێککەوتنامەی ھاڤانا بۆ پەنابەری، دەبێت لە ھەموو داوایەکی پەنابەریدا مەترسیەکی دەستبەجێ و بەپەلە لە دژی ئەو کەسە ھەبێت کە داوای مافی پەنابەری دەکات. سەرئەنجام، دادگا لە (٢٠ی تشرینی دووەمی ١٩٥٠)دا بە نەرێنی وەڵامی بانگەشەکانی کۆڵۆمبیای دایەوە. بەڵام لە هەمان کاتدا دیاری کرد کە پیرۆ نەیسەلماندووە کە بەڕێز هایا دی لا تۆرێ تاوانبارێکی باو و ئاسایی بووە، نەوەک تاوانبارێکی سیاسی. لە کۆتاییدا لە بەرژەوەندی داواکارییەکی بەرپەرچدانەوەیدا کە لەلایەن پیرۆوە پێشکەشکرابوو، دادگا بۆی دەرکەوت کە ڤیکتۆر  هایا دی لا تۆرێ بە پێشێلکردنی ڕێککەوتننامەی هاڤانا مافی پەنابەری پێدراوە لەلایەن کۆڵۆمبیا. لە کۆتایدا، دادگای دادی نێودەوڵەتی کەیسەکەی یەکلایکردەوە لە بەرژەوەندی وڵاتی پیرۆ.

 

زۆرترین بینراو

developed by Scorpion shield