بۆچی پرسیارەکانی ڕابردووی مرۆڤایەتی نادیارن و ناڕوون؟

بڵاوکردنەوە:

ناوەندی پەڕنووس

نووسەر:

گەرمیان حەسەن

بینراو:

931

بەش:

مێژوو

بۆچی پرسیارەکانی ڕابردووی مرۆڤایەتی نادیارن و ناڕوون؟ باشە، بۆچی ئێمە تەنیا باسی سەردەمێکی سەخت و پڕ جەنگ و لەشکرکێشیمان بەرگوێ کەوتووە! ئەی وەڵامی ئەم پرسیارانە لەکوێن و بۆچی دەستگیرنابن تا بزانین؟

هۆکاری ئەم دیاردەیە دەگەڕێتەوە بۆ هەزاران ساڵ لەمەوبەر، هەر داگیرکارێک یان داگیرکەرێک، یەکەم کار لە کاتی داگیرکردنی مەملەکەت و شارێکی نوێدا ئەنجامیداوە بریتی بووە؛ لە جێگرتنەوەی کولتووری هەبوو و دامەزراندنی کولتوورێکی نوێ لەگەڵ ئەودا بگونجێت بۆ دەسەڵاتەکەی. ئەمەش پێویستی بەوە بوو تەواوی میراتی کولتووری و مێژوویی لەناوببات، ئەگەر تۆمارەکانی مێژوو بکەیتەوە، بۆت دەردەکەوێت دوای ئەوەی داگیرکەر دەچێتە ناو هەر مەملەکەت و ناوچەیەک لەسەر ڕووی زەوی یەکەم شت دەکرێتە ئامانج "شوێنی کتێب و سەکۆی زانستی و چەوسانەوە یان تیرۆری زانایان و ڕۆشنبیرانی خۆیانە" بۆ ئەوەی قوربانییەکەی دواتر نەوەیەک لە بابەتی ئایدیۆلۆژیاکەیاندا لە دایک دەبێت، کە لە خراپەی بەرهەڵستی و دژایەتیکردنی بیپارێزێت.

بۆ نموونە جێنشینەکانی ئەسکەندەری مەقدۆنی کتێبخانەی "ئەسکەندەریە"یان وەک چرایەکی زانست دروست کردبوو ئەمەش ڕوونە، بەڵام ئەسکەندەر و گەلەکەشی هەر ئەو کەسانە بوون، کە کتێبخانەی ‌"پیرسیپۆلیس"ی دەوڵەتی ئەخمینیان سووتاند و ڕووخاند. لە کاتی داگیر کردنی هندستان و ئەفغانستان و سوریادا چەندین دامەزراوەی ڕۆشنبیریان وێران کرد، چونکە کاتێک کتێبخانەی ئەسکەندەریەیان بنیادنا، ئامانجیان پشتگیریکردن نەبوو لە زانست و کولتوور، بەڵکو تەنها پشتگیریکردن بوو لە زاڵکردنی زانست و کولتوری یۆنانی خۆیان.

دروستکردنی کتێبخانەکە کارێکی گەورەیە، بەڵام بەهۆیەوە ڕەنگە ئەو سەرچاوە دێرینانەی ڕاستییەکانی پێشووی زەوی تێیدا تۆمارکراون لەناوببرێن و بەشێوەیەکی سیستماتیک کەلتووری یۆنانی دەستیانکرد بە بڵاوبوونەوە بەناوچەکاندا، ئەمە بۆ ئێمە بووە زنجیرەیەکی پچڕاو و ونبوو لەو تۆمارانەی مێژووی مرۆڤایەتی بۆ هەمیشە کۆتایی هات، کە لە کتێبخانەی پێرسیپۆلیس بوو، ئەگەر هەشبێت دانە و دووان بەنهێنی لای خێزانێک بن مابێتەوە لەو دەمەدا.

لە بەرژەوەندی هیچ داگیرکەرێکدا نییە، کە کولتوورێکی ڕۆشنگەری و مەعریفە لە وڵاتەکانی داگیرکراودا بڵاوبکاتەوە و ئەمەش ڕێک ئەوەیە، کە ئیسپانییەکان لە کاتی داگیرکردنی ئەمریکای باشووریشدا کردوویانە.

کتێبخانەی ئەسکەندەریە، لە کاتە جیاوازەکاندا  شاهیدیی لەناوبردنی دڕندانەی بڕێکی زۆر لە دەستنووس و تۆمارە نووسراوەکان بوو، کە لە سەردەمی کۆنی خۆیدا وەکوو باسی لێوەکراوە یەک ملیۆن دەستنووس بوو. نەک هەر چەندین بابەتی لەسەر زانست و فەلسەفە لەخۆگرتبوو، بەڵکو دەستنووسی نهێنییەکانی جیهانی کۆنیشی تێدابوو، یولیۆس قەیسەر بەتەنها حەوت سەد هەزار دەستنووسی دەگمەنی لەناوبردووە، کاتێ چووەتە ناو ئەسکەندەریە بۆ کوشتنی بەتلیمۆسی سێزدەهەم، لەسەر فەرمانی کلیۆپاترای خوشکی بۆ گەیشتن بە تەختی دەسەڵات، سووتاندنی کتێب بۆ ماوەی شەش مانگ بەردەوامی بووە، بەجۆرێک ئەم لەناوچوونە کارەساتبارە کاریگەری لەسەر پاپیروسە دەگمەنەکانی سەردەمی چاخی بەردین لەناوچوونی چەندەها دەستنووس گرنگ لە کتێبخانەکە لەسەر مێژووی میسر و ناوچەکەش کە سەرچاوەکان دڵنیایی تەواو نادەن، بەڵام مەزندەی "٩٠٠ هەزار" پاپیرۆس کراوە. کتێبخانەی ئەسکەندەریە وەکوو باقی زۆرێک لە کتێبخانەکانی تر وێران بوو.

 بە درێژایی مێژووش تاوانی گەورە بەرامبەر بە کتێب ڕوویانداوە کە بریتین لە:

لە ساڵی ٣٣١ پ. ز. کتێبخانەی پێرسیپۆلیس لەلایەن ئەسکەندەری گەورەوە سووتێنرا و دەوترێت دە هەزار دەستنووسی تێدابوو.

ئیمپراتۆر چی هوانگ تی "دروستکەری شورای چین" لە ساڵی ٢١٣ پ.ز. فەرمانێکی دەرکرد بۆ لەناوبردنی ژمارەیەکی زۆر کتێب.

لە ساڵی ١٤٦ پ. ز. کتێبخانەی کارتاژ (قرتاج) وێران کرا، پێنج سەد هەزار دەستنووسی تێدابوو، کە بۆ ماوەی حەڤدە ڕۆژ لەلایەن ڕۆمەکانەوە سووتێنرا.

کتێبخانەی "پڕگامۆس" لە ئاسیای بچووک بە هەوڵ ماندووبوونێکی زۆر بنیادنرا، لە سەدەی دووی پ. ز. پاشای ئەسکەندەریە هەناردەکردنی پاپیرۆسی حەرامکرد بۆ ئەوەی ئەم کتێبخانەیە نەتوانێت ڕکابەری کتێبخانەی ئەسکەندریە بکات، کە دوو سەد هەزار کتێبی تێدابوو، لەناوچوو.

لە ساڵی ٨٤ پ. ز. هەموو ئەو کتێبانەی کە بە پەرستگای "ئەپۆلۆوە" لکێنرابوو لە یۆنان سووتێنران.

کتێبخانەی "ئەسکەندەریە" لە ساڵی ٤٨ پ. ز. لەلایەن یولیۆس قەیسەرەوە سووتێنرا. هەروەها یولیۆس قەیسەر لە شارۆچکەی ئۆتۆنی چەنها کتێب و دەستنووسەی لەناوبرد. ساڵی ٤٩٠ی زایینی جارێکی تر ئاگر لە کتێبخانەی ئەسکەندەریە کەوتەوە. لە ساڵی ٦٤١ی زایینی دووبارە هەمان ڕووداوی ئاگرکەوتەوە بێ شومار نوسراو کتێبەگەلێکی زۆر بوونە خۆڵەمێش.

پاشان ئیمپراتۆری ڕۆمانی ئۆگستۆس لە ساڵی ١ی زایینیدا هەموو ئەو کتێبانەی سووتاند کە نامۆ بوون بە شارستانیەتی ڕۆمانی وەک کتێبی فیرعەونەکان، تبت و هیندی،" کە کتێبی گرنگ بوون کە لە دوو هەزار کتێب تێپەڕیون.

لە ساڵی ٥٤ی زایینیدا، قەدیس پۆڵس فەرمانی سووتاندنی هەموو کتێبەکانی "شاری ئەفسوس"ی دەرکرد. دوای چەند ساڵێک، فەرمانڕەوا مەسیحییەکان جارێکی تر هەزاران کتێب و سەرچاوەی دەگمەنی تێدابوو سووتاندی.

لە ساڵی ٢٩٦ی زایینی ئیمپراتۆر دەقلیانووس فەرمانی سووتاندنی هەموو کتێب و دەستنووسە یۆنانی و فیرعەونییەکانی وڵاتەکەی دەرکرد.

لە ساڵی ٣٨٩ی زایینی ئیمپراتۆر تیۆدۆسیۆس کتێبخانە ناسراوەکانی سەردەمی خۆی سووتاند.

خەلیفەی ئومەوی عەبدولمەلیکی کوڕی مەروان لە ساڵی ٨٢ی کۆچیدا ڕەزامەندی دەربڕیوە بۆ کوڕەکەی سلێمان، کتێبێکی سووتاندووە، کە ستایشی خەڵکی مەدینە دەکات. خەلیفە ترسی ئەوەی هەبوو خەڵکی دیمەشق ئەو کتێبە ببینن، کە لەلایەن "ئەبان کوڕی عوسمانی کوڕی عەفان"ەوە نوسراوە دەربارەی ستایش و فەزڵی خەڵکی مەدینە. تەنانەت وتییەتی: (پێویستمان پێی نییە خەڵکی "شام" شتێک دەزانن، ئێمە نامانەوێت بزانن.)

لە خەلیفە بەناوبانگەکانی عەباسی لەم بوارەدا؛ "مەهدی" بە توندی بەرامبەر بە "زنادیقەکان" ناوبانگی دەرکردبوو، تەنانەت دیوانێکی دروستکردبوو بەناوی "صاحب الزنادقة".  پشکنینی بۆ دەکردن و کتێبەکانیان دەسوتاند. لەنێو قوربانییەکانیدا دوو شاعیری ناسراوی عەباسی بوون: بەشاری کوڕی برد و ساڵحی کوڕی عەبدالقدوس بوون.

لە ساڵی ٥٤٦ی زایینی گەلی گوتەکان هێرشیان کردە سەر شاری “ڕۆما” و کتێب و دەستنووسەکانی لەناوبرد کە لە دەیان هەزار زیاتر بوون.

دوای ڕووخانی مەدائین پایتەختی ئیمپراتۆریەتی ساسانی گەشتن بە قوڵایی ئەو دەوڵەتە، موسڵمانان خۆیان لەبەردەم هەزاران کتێب و کتێبخانەدا بینیەوە کە ئاشنا نەبوون و ئاشنای زانستەکانی ناویان نەبوون، فەرماندەی سوپای ئیسلامی سەعد بن ئەبی وەقاس نامەی نارد بۆ خەلیفە عومەری کوڕی خەتاب لە مەدینە تا ڕاوێژی پێ بکات، عومەر بۆی نووسی فڕێی بدەیتە ناو ئاو، ئەگەر ئەوەی تیایە هیدایەت بێت، ئەوا خودای گەورە لەلای خۆیەوە هیدایەتمانی کردووە، ئەگەر گومڕایی بێت، ئەوا خودا بەسە بۆمان، کەواتە فڕێی بدە ناو ئاو یان ئاگر .

لەناوەڕاستی ساڵەکانی ٤٠٠ی زایینی لەسەر بڕیاری قەیسەری ڕوم فلاڤیۆس ڤالینس سەرجەم کتێبخانەکانیان لە کتێب بەتاڵ کرد و خاوەن کتێبخانەکانیشیان لەگەڵ  دەسووتاندن، بەشێکیان لە ترسی گیانیان بەرەو میزۆپۆتامیا ڕۆشتن.

لە ساڵی ٥٢٩ی زایینی قەیسەر یوستنیان ئەکادیمیایی ئەسینای داخست.

لە ساڵی ٧٢٨ی زایینیدا کتێبخانەی "بیزەنتین" لەلایەن لیۆن ئیزۆری سووتێنرا کە زیاتر لە نیو ملیۆن کتێبی تێدابوو.

لە ساڵی ٧٨٩ی زایینی، شا شارلمان هەموو دەستنووس و ئاماژەکانی بتپەرستی لە دژی بیر و باوەڕی کەنیسەی سووتاند.

لە سەدەی شەشەمدا بەشێکی زۆر گەورە لە ئەدەبیاتی کلاسیکی ئەوروپی بە شێوەیەکی سیستماتیکی لەلایەن کەنیسەی پاپاوە لەناوچوو” بە مەبەستی بنبڕکردنی بتپەرستی، کە کاریگەری لەسەر هەموو ئەوروپا هەبوو.

لە ساڵی ١٢٥٨ی زایینی، هۆلاکۆ کتێبخانەی "بیت الحیکمە"ی بەغدا و کتێبخانەکانی سووتاند گەورەترین کتێبخانەی ئەو دەمە بووە، بەجۆرێک مێژوونووسان سەبارەت بەم کارە باسیان لێوەکردووە دیجلە پڕ بووە لە کتێب، کە کاتی خۆی "مەئموون" بەهەوڵی زۆر پەیدای کردوون لە بەرمبەر هەر کتێبێکا وەرگێڕاوە، بەقەد کێشەکەی ئاڵتونی داوە پێی، هەندێکی لە فەوتان و داڕزینی لە کۆگاکان و سوتاندنی لە لایەن پاشاکانی ترەوە پاراستووە.

 لە کۆتایی سەدەی سێزدەهەمیشدا، قەشە مەسیحییەکان زۆرێکیان سووتاند لەهەموو کتێبخانەکانی ئەوروپا، کە گوایە کوفرن و خەڵک گومڕا دەکەن .

دادگاکانی پشکنین لە ئیسپانیا هەموو کتێبەکانی بەناوی دژە مەسیحی لە سەدەی چواردەهەمی زایینیدا سووتاند، کاتێ شانشینی عەرەبی ئەندەلوس ڕووخێنرا بەناوی دژە مەسیحی "کتێبخانەی کۆردۆبایان" تێک و پەکاندا، کە لە ئەوروپا کتێخانەی وەها هاوشانی نەبووە مەگەر "بیت الحيكمە"ی بەغداد.

لە ئەندەلووسیش زۆرێک کتێب و دەستنووسیان گرنگیان بەناوی کوفر و ئیلحادەوە لەناوبرد، کتێبە فەلسفیەکانیان لە هەرکوێ بینایە بیخوێندایە پێیان دەوەت گومڕا یان یان شار بەدەر و کتێبەکانی دەستی بەسەردا دەگیرا، کەسێکی وەکوو ئیبن ڕوشد" قوربانی گەورە بوو، بەرهەمەکانی و کتێبخانەکەی دەستی بەسەرا گیرا لە کۆردۆبا سووتێنران بە بیانووی کوفرەوە، وەکوو دەگێڕێنەوە یەکێ لە خوێندکارەکانی گریاوە بۆ ئەم کارە، ئیبن ڕوشد وتیەتی: "بۆ ئەمە مەگەری بۆ حاڵی ئەندەلوس و موسڵمانان بگری."

لە سەدەی شانزەهەمدا، دیێگۆ دی هەموو کتێبخانەکانی مەکسیکی کۆن سووتاند، پاشان داگیرکەرانی ئیسپانیا هەموو ئەو ئەدەبیاتەیان سووتاند کە پەیوەندییان بە شارستانیەتی مایاکانەوە هەبوو: باسی لێوەکراوە هاوار و ناڵەیان بووە ئەو زانایانەی مایا کە لە کاتی سووتاندنیدا تەماشایان دەکرد، کە بە تەواوی لەناوچوو، جگە لە تەنها چوار بەڵگەنامە کە ئێستا لە مۆزەخانەکانی ئەوروپادان.

ساڵی ١٥٦٦ی زایینی، مەلیک ئەلبێرۆ فەرمانی سووتاندنی هەموو وێنەکێشراو و نووسراوەکانی سەر تابلۆ و دیواری پەرستگا کۆنەکانی لەناوبرد و ئەگەر ئەو کەرەستە و دێرینەنانە تا ئێستا مابایەتەوە، هەموو شتێکمان لەبارەی شارستانییەتە نهێنییەکانی ئەمریکای باشوورەوە دەزانی، کارە بەوەوە نەوەستا ساڵی ١٥٨٦ی زایینی ئەنجومەنی لیما (پیرۆ) ڕەزامەندی دەربڕی لەسەر سووتاندنی ئەو زنجیرە بەناوبانگەی کە بە "گوریسەکان" گرێدار ناسراوە، کە گەلی ئینکا مێژووی خۆیان و مێژووی باوباپیرانیان لەسەر نووسیوە جیهان یەکێک لە گەورەترین کۆگاکانی زانست لەدەست بدات جیهانی کۆندا.

کاتێ جەنگەکانی ناپلیۆن سەریان هەڵدا، زۆرێک لە کتێبخانەکان لە ئەوروپا وێران و تاڵان کران.

لە جەنگی یەکەم جیهانیدا، چەندین کتێبخانەی زەبەلاح لەناوچوون. زۆر دوور نەڕۆین سوتاندنی کتێبخانەی بەغدا بۆ ئەو دەمە کتێبخانە دەوڵەمەند بووە لەگەڵ هاتنی سوپای بەریتانیا بۆ بەغداد تاڵان کراوە و فەرهوود دەست پێکراوە، لە ١٦ی شوباتی ساڵی ١٩١٨ی زایینش تورکەکان کتێبخانەی بەغدایان سووتاند، کە بیست هەزار کتێبی تێدابوو. لەکاتی ڕووخاندنی سەدامیش لە ٢٠٠٣ تاڵانی زۆر کراوە لە مۆزەخانە و کتێبخانەکان.

لە جەنگی دووەمی جیهانی، دەستنووسە گرنگەکان و سەرچاوە دەگمەنەکان لەدەستچوون.

بەم شێوەیە مرۆڤ گەورەترین ستەمی لە خۆی کردوو، مێژووی باوباپیرانی بە دەستی خۆی سڕیوەتەوە. بەم شێوەیەش مرۆڤ بەدڵنیایەوە ناتوانێ کۆنترۆڵی ڕابردووی خۆی بکات و لەسەری بدوێت، بۆیە پێت سەیر نەبێت لە ڕۆژگاری ئەمڕۆدا ئەم هەموو تێوەرە هەن و لە دایکیش دەبن. ئەگەر سەیریش بکەین بە درێژایی مێژوو سێ هۆکاربوونە بوونەتە هۆی ونبوونی مێژوو، یەکەمیان "دەسەڵاتدار و ئیمپراتۆرەکان"  لەکاتی جەنگ و لەشکرکێشی بۆ ناوچەکان لەسڕینەوە فەرهەنگی دەستدرێژی دەستیان نەپارێزاوە هەوڵی سڕینەوەی دراوە بیسڕێتەوە خۆی جێگەی بگرێتەوە. دووەمیان "پیاوانی ئایینی" بەناوی کوفر و جۆرەها بابەتی ترەوە سەدان هەزار دەستنووس و کتێبیان لە ناوداوە لەمێژوودا، بێجگە لە نوسەر و زانا و بیرمەند و مێژوونووس  بەخۆیان کتێبەکانیان لەناوبراون. هەروەها شوێنەوار و کەلەپووری میراتی نەتەوەیی دەستیان نەپاراستووە، بۆ نموونە کاتی خۆی هەموو جیهان و تکا و ڕجایان لە بزووتنەوەی تاڵیبان کرد لە ئەفغانستان تا پەیکەرەکانی بودا نەتەقێنێتەوە لە پێناو ئەوەی، کە خەڵکانێکی زۆر لە جیهاندا پەیڕەو لەم ئایینە دەکەن، هەر هیچیش نەبێ لە پێناو ئەوەی بنجینەیەکی مێژووی مرۆڤایەتی هەزاران ساڵەیە و ماوەتەوە، کەچی خاپووری کرد، یان داعش ئەوەی لە موسڵ کردی و، لە سووریاش شوێنەوارەکانی تەدمووری مێژووی وێرانکرا، ئەمانە نموونەی زەقن.

سێیەم هۆکاریش بوونی "دیاردە سروشتیەکان"ی لە لافاو، بیابانبوون، ئاوژێرکەوتن، باران و ئاو بەرکەوتن و بوونە ژێر و خول و قوڕ لیتە، و بەدارستان بوون ئەمەیان وەکوو لە ئەمریکای باشووردا زۆر بوونی هەیە بوونە بەژێریەوە یان دایپۆشیووە. هەندێجاریش دروستبوونی شارستانی نوێ لەسەر ئەو شارستانیەتە کۆنە و داپۆشینی بە نیهێنی مانەوە مێژووەکە لە ژێر خاکدا.

ئەگەر سەیرێک بکەین ئەو بابەتانەی لەسەر شارستانیەتە کۆنەکان و جیهانی کۆنی مرۆڤایەتی نوسراوە توێژەران و نووسران پشت بە شوێنەوار و کەلوپەل و وێنە و کەرەستە گەلێکی سادە دەبەستن دەیانجار لێکدانەوە و بووچۆنی جیاوازی لەسەر نوسراوە نەگەشتوونەتە وەڵامێکی تەواو، ئەم ووتەیە بۆ هەموو مێژووی مرۆڤایەتیش دروستە، بۆ نموونە پەیکەرەکەی "دەربەندی گاور" لە قەرەداغ  دەیان بۆچوون هەیە لەسەری هەر توێژەرەو پەنجە دەخاتە سەر شتێ هەنێک دەڵێن نەرامسینە، هەندێکی دەڵێن شولگیە پاشایانی ئەکەدە، هەندێکی بۆچوونیان وایە جەنگاوەرێکی کۆنی لۆلۆییەکانە... چەندانی تر، چونکە ئەم ناوچەیە لەبەرئەوەی بەردەوام لەبەر لەشکرکێشی و شاڵاوە جەنگیەکانی ڕابردوو بوو ئەگەر نوسراو و وەڵامێکیش هەبووبێت لەناوچووە، هەموو ئەوانەی باسدەکرێ تەنها بۆچوونە و نامانگەیەنێتە وەڵامێکی تەواو.

لە قۆناغێکدا گەڕیدەکان بەناوچەکانی جیهاندا گەڕاون هیچ نەبێ هەواڵ و دەنوباسێکیان گێڕاوەتەوە لەکتێبی گەشتەکانیان لەسەر شوێنەوار و مێژوو و باس گەلێکیان باسکردووە، دواتر لەژێر خوێندنەوەی ئەو گەشتانە درک بەهەندێ مێژوو و شوێنەوار بکەن کەلێنێ پڕبکەنۆ، بەڵام ئەمە بەس نەبووە، چونکە ئەوان سەرپێی کردوویانە هەندێجار دوایی خوێندنەوەیان نەیانتوانیوە توێژەران و پسپۆڕان درک بەو مێژوو و شوێنەوارەش بکەن باسیانکردە. لەکاتێکدا دەبوایە دانیشتووانی ئەو شار و ناوچەیە خۆیان تۆماریان بکردایە بیانپاراستایە تەنها بەوەشەوە لە ڕوانگەی کوفر و جۆرەها بۆچوونی جیاوازەوە هەوڵی تێکدان و لەناوچوون و تاڵانکردن بووەتەوە بە مەبەستی ماددی.

سەرەڕای هەموو ئەمانە مرۆڤ هۆکارە گەورەکە بووە، کە مێژووی باوباپیرانی یەکەمی خۆی لەناوبردووە، جا چ شوێنەوارێک بووبێت، یان دەستنووسێک بووبێت، یان تەنانەت بەردێکیش بێت، نەک هەر قبووڵی کردووە کە مێژووەکەیان لەناونەچێت بێت، بەڵکو ناڕوونییەکەی زیاتر کردووە، گەلی مایاکان نهێنی گەلێکی زۆر بەنادیاری ماوەتەوە... بەگەلێکی ترسناک ناسێنراون، لە کاتێکدا دەستنووس و نووسراوەکانی تیهوانکۆ و ماچو پیچۆ هەموویان لەلایەن مرۆڤەوە بۆ هەمیشە لەناوبران و سڕیانۆ ئەورووپی و ئیسپانیەکان.

چەندین کاریگەری تر، کە ناتوانین لێی تێبگەین و لە گرنگییەکانیان تێبگەین، لە ژێر ڕۆشنایی نەناسینی زۆرینەی بوونی شارستانییەتە کۆنەکان لە بنەڕەتدا. سەرباری هەموو ئەو شتانە بەڵام بەشی پێویست مێژووی ونبووی مێژووی مرۆڤایەتی بەنادیار ماوەتەوە، پێویستە بە ئاگایی کاری لەسەربکرێ و بدۆزرێتەوە، بازنەکانی گەڕان بەدوایی ئەو ڕابردووەی مرۆڤدا پشتگوێ نەخرێت، بەتایبەت بۆ کورد نەک هەر ونە، بەڵکو ئەوەشی هەیە لێی زەوت دەکرێت. لەناو کوردیشدا لەم ڕووداوە بەدەر نییە، وەکوو ئەوەی مەولەوی تاوەگۆزی شاعیر، سەدەونیوێک بەر لە ئێستا ژیاوە لە ئەنجامی شەڕی نێوان خێڵی ئیمامی و تاوەگۆزیدا کە بە سەدان دەستنووس و کتێب و نوسراو بەبایەخی ئەم میللەتەی  تیابووە دەسوتێنن، هەر ئەو قوربانی ڕووداوێکی لەو شێوە نییە،  لەکاتی داگیرکردنی شاری سلێمانی "حەمدی" شاعیر ماڵەکەی ئەویش داگیر دەکرێ و ناوماڵەکەی دەبەن. کتێبخانەیەکی گەورەیشی هەبووە سووتێنراوە.

 

سەرچاوەکان:

1. شریف سامی، مختصر حضارات العالم،دار دون للنشر و التوزیع، قاهرة 2020.

2. سیروان ئەحمەد، دەوڵەتی ئاینی، چاپخانەی کارۆ، سلێمانی، 2017.

3. ئیمامی سیوطی، مێژووی خەلیفەکانی ڕاشدی و ئومەوی و عەباسی.

4. فوأد سالح السید، أعظم الأحدث المعاصر (1900-2014)، مکتبة حسن العصرية، بیروت، 2015.

5. خالد الغالي، إحرق کتب...، ماڵپەڕی (irfaasawtak).

إحراق الكتب.. النار التي تحمي العقيدة | Irfaasawtak

6. عەبدوڵا خالد مەولوود، دیوانی حەمدی، چاپخانەی ڕۆژهەڵات، هەولێر، 2013.

7. یوسف ئەحمەد مەنتک، چەند لێکۆڵینەوەیەکی ئەدەبی و ڕۆژنامەوانی، دەزگای ئایدیا، سلێمانی، 2017.

8. محمدی مەلا کەریم، مەولەوی ژیان و بەرهەمی، دەزگای ئاراس، هەولێر، 2001.

9. سوند دال، مێژووی کتێب لەکۆنترین سەرەمەکانەوە تا سەردەمی ئێستا، و: ئەدهەم ئەمین، چاپخانەی خانی، دهۆک، 2008.

زۆرترین بینراو

developed by Scorpion shield