ڕاپەڕینی ئازاریی ١٩٩١

بڵاوکردنەوە:

ئیسماعیل عەبدوڵڵا ئەحمەد

نووسەر:

ئیسماعیل عەبدوڵڵا ئەحمەد

بینراو:

826

بەش:

مێژوو

ڕاپەڕینی ئازاریی ١٩٩١ یان ڕاپەڕینە گەورەکە ناسراو بە ڕاپەڕین، بریتیی بوو لە ڕاپەڕینێکی جەماوەریی خەڵکی باشووریی کوردستان هاوشانی هێزەکانیی پێشمەرگە لە دژی ڕژێمیی بەعس بە پاڵپشتی ھێزە چەکدارەکانیی بەرەی کوردستانی، کە لەوکاتەدا یاخیی بووبوون لە ڕژێم و لە شاغەکانی کوردستاندا دژ بەڕژێم ئۆپەراسیۆنیان ئەنجام دەدا. ڕاپەڕینی ئازاریی ١٩٩١ ڕووداوێکی گرنگ بوو لە مێژووی کوردستانیی باشوور، خاڵی وەرچەرخان و گۆڕانگاریی ڕیشەیی بوو. ڕاپەڕین لە ٥ی ئازاری ١٩٩١ لە شاری ڕانیەوە دەستیپێکرد و تا ٢١ی ئازاری ١٩٩١ لە دوای ئازادکردنی کەرکووک کۆتایی پێھات، کە بەم شێوەیە دەزگایەکانی ڕژێمیی بەعس لە باشووری کوردستان کرانە دەرەوە و سەرجەم ھێز و سەربازەکانیان کوژران و بەدیل گیران و دەربەدەر کران. کۆمەڵکوژیی پردێ بەهۆی ئەم زنجیرە ڕاپەڕینانەوە ڕوویدا، چەند ڕۆژێک لە دوای ڕاپەڕین، وەکو وەڵامێک ڕژێمیی بەعسی بە سوپایەکی بێشوماری پڕچەکەوە ھێرشی کردەوە سەر کوردستان و کۆڕەوی خەڵکی کوردستان دەستیپێکرد، کە تێیدا خەڵکی کوردستانیی باشوور لەسەر خاک و ئاو و هەوای خۆیان بوونە پەنابەریی سنووری وڵاتە ھاوسێیەکانیی عێراق (سووریا و ئێران و تورکیا)، کە لە دواترا ناونرا کۆڕەوە گەورەکەی ساڵی ١٩٩١.

دوای ماوەیەکی کەم لە ڕاپەڕینەکەی باشووریی عێراق، ڕاپەڕین لە شاری ڕانیە دەستیپێکرد و تەواوی کوردستانیی باشووری گرتەوە. بە پێچەوانەی ڕاپەڕینە یاخیبوونەکەی باشووریی عێراق، شەپۆڵی ڕاپەڕینە یاخیبووەکەی کوردستانیی باشوور لە لایەن دانیشتووانی کوردەوە بە شێوەیەکی فراوان لە لایەنە جیاوازەکانەوە پێکهێندرابوو. ڕاپەڕینەکە لە کوردستانیی باشوور لە ٥ی ئازار لە شارۆچکەی ڕانیە سەریهەڵدا. لە ماوەی ١٠ ڕۆژدا یاخیبووانی کورد ناشیۆنالیستی (پێشمەرگە)، ئیسلامی (بزووتنەوەی ئیسلامیی کوردستان)، هەروەها کۆمۆنیست (لە ICP و حزبی شیوعیی کوردستان؛ پارتی کرێکارانیی کوردستانیش تا ڕێژەیەک چالاک بوو) بەشداری ڕاپەڕینەکەیان کرد، بە دەیان هەزار میلیشیایی هەڵهاتوو و سەربازیی هەڵهاتوو لە سوپا ڕوویان لە هێزە کوردییەکان کرد (بەپێی زانیارییەکان، زیاتر لە ٥٠ هەزار کەسیان لە سەرانسەری ناوچەکەدا هەبوون)، دەستیان بەسەر هەموو شارێکی کوردستانیی باشووردا گرت، جگە لە کەرکووک (کە دواجار لە ٢٠ی ئازاردا دەستیان بەسەر ئەوێشدا گرت) هەروەها 'موسڵ'یش.  تەواوی یەکەکان بەبێ بەرگرییەکی زۆر و هیچ بەرگرییەک خۆیان ڕادەست کرد، لەنێویاندا تەواوی فیرقەی ٢٤، کە یەک فیشەکیشیان نەتەقاند. بە پێچەوانەی ڕاپەڕینەکەی باشووریی عێراقەوە، بەر لە دەستپێکردنی فەرمی ڕاپەڕینە یاخیبووەکەی کوردستانیی باشوور، زنجیرەیەک خۆپیشاندان لە ژێر درووشمی سیاسی ڕوون وەکو: دیموکراسی بۆ عێراق و ئۆتۆنۆمی بۆ کوردستان بەڕێوەچوو.

 

دۆخی ئەنجامدانی ڕەوتیی ڕاپەڕین

لە ڕاستیدا ماوەیەک بەر لە ڕاپەرین، دۆخی لایەنە سیاسییەکانی کوردستان و ھەلومەرجی سیاسی لەناو هێزە سیاسییەکانی کوردستانیی باشوور زۆر نالەبار و تەنگەتاو بوو، بەهۆی ئەوەی کاتێک لە ١٩٨٨/٠٨/٠٨ جەنگی خوێناویی نێوان عێڕاق – ئێران وەستا، ڕژێمیی بەعسی دەستبەتاڵ بوو، ئینجا بە ھەموو ھێز و شێوازێک کەوتە دژایەتیکردنی نەتەوەیی کورد. دەستیکرد بە ڕەوتیی ڕەشی ئەنفال و کیمیاباران. بە نامرۆڤانەترین و دڕندانەترین شێوە دەستیکرد بە پووکاندنەوەی شۆڕشیی نەتەوەی کورد لە کوردستانیی باشوور، لایەنە چەکدارە سیاسییەکانی کوردستانیی باشوور ڕوویان کردە سەر سنوورەکان و لەوێ مۆڵگەی سەربازییان پێکهێنا، لە ھەموو ڕوویەکەوە ژیانێکی سەختیان بەسەردەبرد. لایەنە سیاسییە کوردییەکان لە هەموو لایەکەوە دەورەدرابوون، سەرەڕای هەموو ئەمانە پیلانگێڕییەکانیی ڕژێم و پاڵپشیتکارەکانی زیاتر بوون هەرچەندە دوای ئەوەی ڕژێمی بەعس لە ١٩٩٠/٠٨/٠٢ ھێرشی کردە سەر کوێت و داگیری کرد، ھاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بە سەرۆکایەتیی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لەبەر پاراستنی بەرژەوەندییەکانیان لە ناوچەکە و بەرپەچدانەوەی هەر هەڕەشەیەک بۆ سەر ئاسایشیی نیشتیمانیان لە 'جەنگی یەکەمی کەنداو'دا، هەردوو ئۆپراسیۆنی سەربازیی 'ئۆپراسیۆنی قەڵغانی بیابان' و 'ئۆپراسیۆنی گەردەلوولی بیابان'یان لە دژی لەشکرکێشییەکانیی ڕژێم لە کوێت ئەنجامدا. دەرگای گۆڕانکاری و ڕاپەڕین کرایەوە، سوپایی ڕژێم دووچاری تێکشکان و زیانێکی گەورە بوو، پێگەی نێودەوڵەتیی عێڕاق لاواز بوو، دۆخ و هەلومەرجیی سیاسیی و ئابووریی عێراق بە تەواوی داڕووخا، کە هەموو ئەمانەش ڕێگا ساکارکەر بوون بۆ لایەنە چەکدارەکان بۆ ڕێکخستن و ئەنجامدانی ڕاپەڕینێکی سەرتاسەری لە تەواوی کوردستانیی باشوور و عێراق.

 

ئامادەسازی بۆ ڕاپەڕین

بەپێی ھێز و توانایان لەوکاتەدا لایەنە چەکدارەکانی کوردستانیی باشوور و عێڕاق لە ھەموو ڕوویەکەوە کەوتنە دۆخی ئەوپەڕی ئامادەسازی بۆ ئەنجامدانی ڕاپەرین. سەرەتا لایەنە عەرەبییەکان لە باشووریی عێراق دەستیان بە ڕاپەرین کرد، ڕژێمیش لە ڕێگەی سەرکوتکردن تاوەکو ڕێژیەک ڕاپەڕینەکەی باشووری عێراقی دامرکاندەوە. لە دواتریشدا لایەنە کوردییەکان لە کوردستانیی باشووردا کەوتنە دۆخی ئەوپەڕی ئامادەسازیی سەربازی و لۆجیستی بۆ ئەنجامدانی ڕاپەڕین. لایەنە کوردییەکان کۆبوونەوەیان لەسەر ئاستی سەرکردایەتی پێکدەهێنا، بارەگایان لەسەر سنوورەکان زیاتر کرد، لە ڕێگەی ڕاگەیاندنەوە کە لەو کاتەدا لە ڕێگەی ڕادیۆ و وێستگەکانیانەوە جەماوەری کوردستانیی باشووریان ئاگادارکردەوە بۆ دەستپێکردنی ئەنجامدانی ڕاپەڕینی سەرتاسەری لە کوردستانی باشوور. ھەر لایەنێکی کوردی لە سنووری ناوچەکەی ئامادەسازی تەواوی بۆ ڕاپەڕین کردبوو، کۆمیتەی بۆ سنووری ناوچەکەی پێکهێنابوو و جەماوەری ئاگادارکردبوویەوە. بەشێک لە لایەنەکان بەیەکەوە لە شاغەوە چوونە ناو شار و شارۆچکەکان، هەروەها ڕێکخستنەکانی ناوشار پێشوازییان لێکردن و هاریکارییان بوون بۆ ئەمجامدانی ڕاپەڕینەکە.

 

سەرەتای ڕاپەڕین

ڕاپەڕین بە شێوەیەکی فەرمی لە ٥ی ئازاری ١٩٩١ لە ڕانیە کە نازناوی 'دەروازەی ڕاپەڕین'ی لێندراوە دەستیپێکرد، بەڵام بۆ یەکەم جار بە شێوەیەکی کرداری لە ٣ی ئازاری ١٩٩١ وەکو دەستپێکی ڕاپەڕین لە ئۆردووگای خەباتی ھەولێر شەڕێک لە نێوان پشدەرییەکان و بنکەی پۆلیسیی خەبات ڕوویدا، کە لە دەرەنجامدا ھەڵیانکوتایە سەر بنکەکە و دەستیان بەسەرداگرت. ڕژێم بەرپەچی هێرشەکەی دایەوە، موحەممەد فارووق و بەختیاری شەهید کرد، دوو کەسی تریشی زامدارکرد، دوو کەسیش لە چەکدارانیی ھەرکی و سەربازێکیش لە ڕژێم کوژرا. چەکدارانیی ھەرکی سێ کەسیان لە پشدەرییەکان بەدیل گرتن لەگەڵ بوونی چەند زامدارێکی تر لە پشدەرییەکان. لە دواتردا ڕێککەوتن لە نێوان جەماوەر و ڕژێمدا کرا کە دیلەکان ئازاد بکرێن، لە بەرامبەریشدا دەزگایەکان بگەڕێندرێنەوە بۆ ڕژێم، تاوەکو لە دوترا پڕیشکی ڕاپەڕینیی سەرتاسەری کوردستانیی باشوور قەزای خەباتیشی گرتەوە، ھاوکات لە ھەمان ڕۆژدا ڕاپەڕین لە 'بەسرا'شدا سەریھەڵدا.

 

قۆناغەکانی ڕاپەڕین

لێرەدا بە یانزە قۆناغ ئاماژە بە ڕاپەڕینی ئازاریی ١٩٩١ و ئازادکردنی تەواوی کوچە و کۆڵان و شەقامەکانی شار و شارۆچکەکانی کوردستانیی باشوور لە لایەن جەماوەر و هێزەکانیی پێشمەرگەوە دەکەین.

 

قۆناغی یەکەم/ قۆناغی دەستپێک؛ ڕانیە

لە ٥ی ئازاری ١٩٩١، ڕاپەرینیی سەرتاسەری خەڵکی کوردستانیی باشوور لە شاری ڕانیە لە کاژێر ٩ی بەیانی بە شێوەیەکی فەرمی دەستیپێکرد، لە گشت لایەک خەڵکی شارەکە داڕژانە کوچە و کۆڵان و شەقامەکان، لە ڕادیۆیەکان و بەرزەگۆی مزگەوتەکان خەڵکیان ھاندا بۆ ڕاپەڕین، لە دواتردا جەماوەر ھەڵیان کوتایە سەر دەزگایەکانی ڕژێمیی بەعس، کاژێر ٣ی ئێوارە تەواوی شاریی ڕانیە لە ڕژێمی بەعس پاککرایەوە. لە ھەمان ڕۆژدا چوارقووڕنە، حاجیاوا، دەشتی بتوێن و سەرکەپکان ئازاد کران، سەربازگەی سەرکەپکانیش دەستیبەسەرداگیرا و بەندکراوە ئازادیخوازەکان ئازادکران، جگە لە تیپی ٤٤ی چواڕقووڕنە، ٥٠ کەس لە ڕژێم کوژران، ١٠ کەسیش لە ھاونیشتمانیان شەهیدکران، ژمارەیەکی زۆریش لە کاربەدەست و بەرپرس و چەکدارانی ڕژێم بەدیل گران، بۆیە ئەو ڕۆژە لە مێژوودا بە ڕۆژی دەستپێکی ڕاپەرینی ئازاریی ١٩٩١ دادەندرێت، هەروەها ڕانیەش بە شاری دەروازەی ڕاپەڕین دەناسرێت. ئەگەرچی لە لایەن لایەنە سیاسییەکان ٧ی ئازار بە ڕۆژی دەستپێکردنی ڕاپەڕین دیاریکرابوو، بەڵام پەرۆشی و گڕوتینی خەڵکی ڕانیە بۆ ڕاپەڕین و ڕزگاربوون و پاککردنەوەی شارەکە و تەواوی کوردستانیی باشوور لە ژێر ستەم و زۆرەملێی ڕژێمیی داگیرکەری بەعس، وای کرد کە ڕاپەڕین بەر لە ڕۆژ و کاتی دیاریکراوی خۆی دەستپێبکرێت، لە دواتریشدا ڕاپەڕینەکە سەرتاسەری باشووریی کوردستان بگرێتەوە.

 

قۆناغی دووەم؛ بازیان یەک و دوو، دەشتی بتوێن و دەشتی پشدەر

لە ٦ی ئازاریی ١٩٩١، ناوچەی بازیانی یەک و دوو و ناوچەی ناو دەشتی پشدەر ئازادکران، بە شێوەیەک کە لە بازیان کاژێر ٤ی ئێوارە ھەڵیانکوتایە سەر دەزگایەکانی ئەوێ و ھەر زوو سەرکوتیانکردن، لە پشدەریش دەزگا و سەربازگەکانی ڕژێم لە نێوان پێشمەرگەی شاغ و جەماوەری ناوشارەوە دەورەدران و ھەر زوو دەستیان بەسەرداگیرا، تەنھا فەوجی قادراوای پشت سەنگەسەر نەبێت کە شەڕی کۆتاییان کرد کە لە دەرئەنجامدا چەندین پێشمەرگە و ھاونیشتمانی قوربانیاندا، هەروەها بووە هۆی کوژران و گیرانی دەیان سەربازیی فەوجەکە. لە لایەکی تریشەوە ھەمان ڕۆژ لە بتوێن تیپی ٤٤ی چواڕقووڕنە، لە چوارقووڕنە و لە سێ لاوە دەورەدرا، ھەر زوو کۆنتڕۆلکرا و دواتر پێگەکانی سەر 'کلکەی کۆڵین و حاجیلە و بەرزاییەکانی دۆڵە ڕەقە' بەبێ شەڕ دابەزینە خوارەوە و خۆیان ڕادەستی جەماوەر کرد، تەنھا لە تیپی چوارقوەڕنە چەند شەھیدێک و کوژراوی ڕژێم ھەبوون. ڕژێم لیوایەکی لە کۆیە نارد بۆ گردجان بۆ پاڵپشتی تیپی چوارقووڕنە و بە تۆپ و خومپارە هێرشی کردە سەر هاونیشتمانیانی ناوچەکە. لە ھەمان ڕۆژدا ئەوێش دەستیبەسەرداگیرا و چەند سەرباز و فەرماندەیەک کوژران.

 

قۆناغی سێیەم؛ سلێمانی

لە ٧ی ئازاریی ١٩٩١، جەماوەریی شاری سلێمانی ڕاپەڕی و ھەر زوو ھەڵیانکوتایە سەر بنکەی حامیەیی پۆلیس و سەرا، ھەروەھا بۆ بەیانیی ٨ی ئازار 'قەڵای ئەمنە سوورەکەیی سلێمانی و سەربازگەی سەلام و بنکەکانی سەر چیای ئەزمەڕ'یان دەستبەسەرداگرت، بە جۆرێک پارێزگاری سلێمانی و دەیان پلەدار و بەرپرسانی ڕژێم کوژران، هەروەها بە ھەزاران سەربازیش خۆیان بەدەستەوەدا. لە سلێمانی، یاخیبووان ئەوکاتەی گەمارۆی بارەگای ناوچەی 'پۆلیسی نهێنی بەڕێوبەرایەتیی ئاسایشی گشتی' ترسناکیان دا و گرتیان (دوای چەند ساڵێک، باڵەخانەکە کە بە زمانی کوردی بە ئەمنە سوورەکە یان ئاسایشی سوور ناسراوە، بووە مۆزەخانەی تاوانەکانی ڕژێمی سەدام) لە تۆڵەسەندنەوەیەکی خوێناویدا چەند سەد بەرپرس و ئەفسەریی ئەمنی بەعسیان بەدیل گرت و بەبێ دادگاییکردن کوشتیانن؛ بەپێی زانیارییەکان زیاتر لە ٩٠٠ ئەفسەریی ئەمنی لە سلێمانی کوژران، هەروەها بڕێکی زۆر لە بەڵگەنامەکانی ڕژێمیان دەستبەسەرداگرت، کە پەیوەندیان بە کەمپەینی بەدناوی ئەنفالەوە هەبوو کە تێیدا هێزەکانی ڕژێم بە شێوەیەکی ڕێکخراو دەیان هەزار کوردی کوردستانیی باشوور و ئەندامانی کەمینە نەتەوەییەکانی تریان سێ ساڵ پێشتر لە ساڵی ١٩٨٨ کۆمەڵکوژ کردبوو؛ ١٤ تۆن لەم بەڵگەنامانە لەلایەن 'هیومان ڕایتس وۆچ'ەوە کۆکراونەتەوە.

 

قۆناغی چوارەم؛ ڕاپەڕینی دەورووبەری سلێمانی: چەمچەماڵ، ھەڵەبجە، عەربەت، کۆمەڵگە زۆرەملێیەکانی زەڕایەن، ڕزگاری (سموود)، نەسڕ، باریکە، پیرەمەگروون و ئەلڵایی

لە ٨ی ئازاریی ١٩٩١، ڕاپەڕین لە دەورووبەری سلێمانی: چەمچەماڵ، ھەڵەبجە، عەربەت، کۆمەڵگە زۆرەملێیەکانی زەڕایەن، ڕزگاری (سموود)، نەسڕ، باریکە، پیرەمەگروون و ئەلڵایی دەستیپێکرد و سەرجەم ئەو ناوچانە و ڕێگا سەرەکییەکانی نێوان سلێمانی و کەرکووک و بەعقووبە دەستیان بەسەرداگیرا، بە خوێنی چەندان شەھید و کوژرانی دەیان سەرباز لە ڕژێم. ھەر ئەو ڕۆژەش سەرجەم ڕەبییەکانی پشتاوی سەر مامەندە و قەڵادزێ دابەزینە خوارەوە و بەبێ شەڕ خۆیان بەدەستەوەدا. لە لایەکی تریشەوە قەڵای سووسێی ڕژێم گیرا و شاڵاوی جەماوەر بەرەو دووکان بەڕێکەوت، لە لای دۆڵی خەلەکانیش پێشمەرگە و جەماوەر بەرەو بەنداوی دووکان دەچوون، بۆیە تاوەکو ئێوارە ئەو ناوچەیەش بە تەواوی دەستیبەسەرداگیرا، هەروەها سەرزێی خازر ئازادکرا، لە ھەمان ڕۆژدا خانەقینیش ئازادکرا.

 

قۆناغی پێنجەم؛ کۆیە و شەقڵاوە و کفری

لە ٩ی ئازاریی ١٩٩١، جەماوەری شاری شەقڵاوە و کۆیە ڕاپەڕین، هەرچەندە یەکینەی زۆری سەربازیی ڕژێم لە 'چیای ھەیبەت سوڵتان' ھەبوون، لە ٨یی ئازاردا ڕژێم چەند لیوایەکی زرێپۆشی زیاتری نارد بۆ ئەوێ، بەم شێوەیە لە ئاسمان و زەوی بەرگریەکی پڕچەکیان لەخۆیان کرد، بەڵام بەهۆی ئەوەی ناوشاری کۆیە ئازادکرا، دواتر لە ھەموو لایەک ھەیبەت سوڵتان دەورەدرا و دەستبەسەر بنکە سەربازییەکانی ڕژێم گیرا، هەروەها تەواوی سوپایەکەی ڕژێمیش کوژران و قۆڵبەستکران یانیش خۆیان بەدەستەوەدا. سەرەڕای ئەوەی کە ناوچەی شەقڵاوەش ئازادکرا تاوەکو کاژێر ٤ی سەر لە ئێوارە لە ئۆردووگای زۆرەملێی ناحیەی باسرمە لە ناوچەی هەریر ھەڵیان کوتایە سەر بنکەی پۆلیس و ئەوێش تاوەکو بەیانی بە تەواوی پاککرایەوە. لەلایەکی تریشەوە، لە کفری ڕاپەڕین لە ھەمان ڕۆژدا سەریھەڵدا کە بووە ھۆی ئازادکردنی 'کفری و باوەنوور و بەرزاییەکانی'.

 

 

قۆناغی شەشەم؛ مەسیف، تەقتەق، ڕەواندز، قەرەھەنجیر، ئاغجەلەر، ھەریر، باتاس، خەلیفان، سپیلک، سۆران، چۆمان، حاجی ئۆمەران و مێرگەسوور

لە ١٠ی ئازاریی ١٩٩١، ڕاپەڕین لە ناوچەکانی مەسیف، تەقتەق، ڕەواندز، قەرەھەنجیر، ئاغجەلەر، ھەریر، باتا، خەلیفان، سپیلک، سۆران، چۆمان، حاجی ئۆمەران و مێرگەسوور سەریهەڵدا و ئەو ناوچانە بە تەواوی لە ڕژێم پاککرانەوە.

لە ١٠ی ئازاریی ١٩٩١، جەماوەری مەسیف، تەقتەق، ڕەواندز، قەرەھەنجیر، ئاغجەلەر، ھەریر، باتاس، خەلیفان، سپیلک، سۆران، چۆمان، حاجی ئۆمەران و مێرگەسوور ڕاپەڕین و لە چەند کاژێرێکدا ئازادکران و بە تەواوی لە ڕژێم پاککرانەوە. کاژێر یەکی دوا نیوەڕۆی ئەو ڕۆژە سەرەتا کۆڕێ ئازادکرا، لە دواتردا مەسیف ئازادکرا تاوەکو کاژێر ١٢ی نیوەڕۆ ھەریر و باتاس ڕاپەڕین، هەروەها سپیلک و دۆڵی بیاو و بێخمە ئازادکران. لە کۆیە، لە ھەمان ڕۆژدا پێشمەرگە و جەماوەر بەرەو تەقتەق پێشڕەوییان کرد و خەڵکی ئەوێش لەم ڕۆژەدا ڕاپەڕین و شارۆچکەکەیان ئازادکرد، ھەر ئەو رۆژەش ئۆردووگای بەستۆرەش بە خوێنی چەندان پێشمەرگە و هاونیشتمانیان ئازادکرا، کە بەدەیان سەربازی ڕژێم لەو ناوچانە کوژران و بەدیل گیران و خۆیان بەدەستەوەدا. لە شەقڵاوە ٣٣ پێشمەرگە شەهید بوون، لە دواییدا هەر هەمان ڕۆژ جەماوەری قەزای دووزخورماتووش لە دژی ڕژێمیی بەعس ڕاپەڕین و سەرکەوتنیان بەدەستهێنا.

 

قۆناغی حەوتەم؛ ڕاپەڕینیی هەولێر

لە ١١ی ئازاریی ١٩٩١، جەماوەریی شاری ھەولێر هەر لە بەرەبەیاندا لە گەڕەکەکانی شۆڕش و مەلایان و برایەتیی سەرەوە ڕژانە سەر شەقام و بارەگایەکانی ڕژێم، لە دواتردا کاژێر ٩یی بەیانی تەواوی جەماوەر لە گشت گەڕەکەکان ڕژانە سەر شەقام و کوچە و کۆڵانەکان، هەمووان بەیەکەوە ڕژانە سەر دەزگا و بارەگایەکانی ڕژێمیی بەعس، بەتایبەتی 'بەڕێوەبەرایەتیی ئاساییش، سوپای شەعبی، ئاساییشی فریاگوزاریی، مەنزوومەیی شیمالی، بنکەکانی پۆلیس و ھتد...'، کە تاوەکو ئێوارە سەرجەم ئەو بارەگایانە دەستیانبەسەرداگیرا، تەنھا لە بەڕێوەبەرایەتیی ئاساییش و مەنزومەی شیمالی بەرگرییەکی تووند کرا، بۆیە کوژراوێکی زۆریان لێ کەوتەوە و ھەندێکیشیان بەدیل کەوتنە ژێر دەستی جەماوەر، کە لە دواتردا لە ژێر تووڕەیی جەماوەری ڕاپەڕیودا گولە باران کران. ھاوکات لە ھەمان ڕۆژدا ڕاپەڕین لە سەرجەم ئۆردووگا و ناوچەکانی دەورووبەری ھەولێریش دەستیان پێکرد. ھێزی پێشمەرگە و جەماوەر پێ بە پێ لە دێگەڵەوە شاڵاوی ڕاپەڕینیان درێژکردەوە تاوەکو تەواوی بان و بەرزاییەکانیان لە سوپا و پێگەکانی ڕژێمی بەعس پاککردەوە. لە دواتردا شاڵاوی ڕاپەڕین گەیشت بە کەسنەزان، بۆیە دەزگا و پێگەکانی بەعس لە کەسنەزان و بنەسڵاوە بەبێ شەڕ خۆیان بەدەستەوەدا، لە دارەتوو بە نیو کاژێر ناوەندیی پۆلیس گیرا، لەوێ شەھید بەخشرا و ڕژێمیش کوژراوی ھەبوو، ئۆردووگایەکانی 'قووشتەپە، شاوێس، پیرزین و مەلا ئۆمەر'یش ھەر زوو ئازادکران، لە دواتردا ھاوکات ئۆردووگایەکانی 'جدیدە و تۆبزاوا'ش ڕاپەڕین و دوای چەند کاژێرێک لە شەڕ ئازادکران و بە خوێنی چەند هاونیشتیمانیەک و کوژرانی زۆرێک لە پیاوانی ڕژێم، لە ھەمان کاتیشدا لە 'ئۆردووگایەکانی خەبات' ھەڵیان کوتایە سەر 'بازگەی ئاسکی کەڵەک' و ھەر زوو دەستیان بەسەرداگرت، لە دواتریشدا ئۆردووگایەکانی 'کەورگۆسک و بەحرکە و بەرحوشتر' ئازادکران.

لە لایەکی ترەوە بۆ ئێوارەی ھەمان ڕۆژ فەیلەقیی ٥ی سەربازگەی ھەولێر دەستیبەسەرداگیرا، بۆ بەیانیی ١٢ی ئازار پێگەکانی بەعس لەسەر 'بەرزاییەکانی ڕەشکین و کانی قڕژالە و ڕێگای گوێر – مەخموور' دەستیانبەسەرداگیرا و خۆیان ڕادەست بە جەماوەر کرد، بە دەیان ھەزار سەربازی تریش لەوانەی پارێزگای ھەولێر و سەربازگەکانی سەروو تاوەکو مووسڵ و کەرکووک خۆیان بەدەستەوەدا بەبێ ئەوەی لە لایەن پێشمەرگە و جەماوەرەوە بکوژرێن، بەڵکو نان و ئاویشیان پێدرا.

 

قۆناغی هەشتەم؛ جەلەولا، مەخموور، ئاکرێ، خانەقین و شێخان

لە ١٢ی ئازاری ١٩٩١، جەماوەری جەلەولا ڕاپەرین و تاوەکو ئێوارە ناو شاری جەلەولا و دەورووبەریان ئازادکرد، بەڵام لە دواتردا ڕژێم لە ئاسمان و زەوییەوە بە چەکی گران تۆپبارانی کردن، بۆیە چەندان پێشمەرگە و ھاونیشتمانی لەوێ شەھیدبوون، هەروەها ڕژێمیش زیانێکی زۆری بەرکەوت.لە لایەکی تریشەوە ھەر ھەمان ڕۆژ ناحیەی مەخمووریش لە خوارووی ھەولێر ئازادکرا، لە ڕێگای مووسڵیش لافاوی جەماوەر لەزێی کەڵەک پەڕییەوە بۆ بادینان، بۆیە ھەر ئەو ڕۆژە ئاکرێ و ناحیەی بجیل و سوورچیایەتی و بەردەڕەش و دینارەتی زێبار تاوەکو دەگات بە شێخان و سەرزێی خازر ئازادکران و هەر ھەمان ڕۆژیش خانەقین ئازادکرا.

 

قۆناغی نۆیەم؛ زاخۆ، پردێ، جەبارە و کۆڵەجۆ

لە ١٣ی ئازاریی ١٩٩١، لەوسەری سنوورەوە جەماوەریی زاخۆ و دەورووبەری ڕاپەڕین. لە ئەنجامدا 'ناوشاری زاخۆ و کۆمەڵگای ھیزاوە و دەرکار عەجەم' ئازادکران و ڕاپەڕین گەیشتە 'دەشتی سلێڤان و چیای بێخێر و ژوێ' ئازادکران، لە دواییدا 'شارۆچکەی پردێ' لە سنووری کەرکووک ئازادکرا و لە گەرمیانیش 'کەلار و ناحیەی جەبارە و کوڵەجۆ' ئازادکران.

 

قۆناغی دەیەم؛ دھۆک

لە ١٤ی ئازاریی ١٩٩١، لەگەڵ کازیوەیی بەیانی جەماوەریی دھۆک لە گەڕەکی بەرۆشکێی سەرەوە ڕاپەڕین و بە تێکڕا گەمارۆی بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایش، هەواڵگری، پۆلیس، ئالیات و لیواو فیرقەی حیزبیی بەعسیان دا و هەڵیان کوتایە سەر؛ تا نیوەڕۆ ھەموویان دەستیان بەسەرداگیرا، جگە لە بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایش نەبێت، کە بەرگریەکی پڕچەک و درێژ خایەنیان لەخۆیان کرد، بۆیە زۆربەیان کوژران و لە دواتریشدا لیوایەکە خۆیان ڕادەستی جەماوەر و هێزیی پێشمەرگە کرد. بەمەش ناوچەکانیی زاوێتە، مانگێش، باگێرا، سەرسەنگ، ئەنیشک، بامەڕنێ، دێرەلووک، ئامێدی، سیریێ، شێلادزێ، باتووفە، بێ گۆڤا ھتد... پشتاوپشت بوون. لە ڕۆژانی دواتردا ناوچەکانی تر تا دەگاتە 'کانی ماسی و ناوچەی بەروای بالا و رێکان' ئازادکران، بۆیە پێگەکانی سەر 'چیای گارا، چیای مەتین، چیای شیرین، چیای فاتێ، چیای بارزان و چیای بامەڕنێ' خۆیان بەدەستەوەدا.

 

قۆناغی یانزەهەم/قۆناغی کۆتایی: کەرکووک

لە ٢١ی ئازاریی ١٩٩١، هاوڕۆژ لەگەڵ جەژنی نەتەوەیی نەورۆز شاری کەرکووک ئازادکرا. لە دوای ئازادکردنی گشت شار و شارۆچکەکانی کوردستانی باشوور و دەستبەسەرداگرتنی بنکە و بارەگایەکانی ڕژێمیی بەعس لە لایەن پێشمەرگە و جەماوەری کوردستانەوە، تاکە شار کە مابوویەوە ئازاد بکرێت کەرکووک بوو، هەر بۆیە سەرجەم لایەنەکانیی کوردستان بەیەکەوە و هاوکاری ڕێکخستنەکانیی ناوشار و جەماوریی کەرکووک ئامادەکارییان بۆ ئازادکردنی دوایین شار لە کوردستانیی باشوور کرد. لە سەرەنجامدا ڕۆژی ٢١یی ئازار تەواوی کوچە و کۆڵانەکانی شاری کەرکووکیش ئازادکرا، بە خوێنی دەیان شەهیدی پێشمەرگە و جەماوەر ئەم دەسکەوتە نەتەوەییە تۆمارکرا. جێگای باسە ئازادکردنی شاری کەرکووک زۆری نەخایاند، دوای ماوەیەکی کەم ڕژێم بە هێزێکی دڕندەی بێشومار و پڕچەکەوە، هەروەها بە یارمەتی 'مووجاهیدینی خەڵقیی ئێران'، کە لەوکاتەدا لە بەغدا بوون شاری کەرکووک داگیرکرایەوە. لە دەرئەنجامی ئەم داگیرکارییە خەڵکی شارەکە لەسەر خاک و ئاو و هەوای خۆیان بوونە پەنابەر و دووبارە ڕژێم هێرشی زەمینی و ئاسمانی بۆ سەر شارەکانیی کوردستان دەستپێکردەوە، لەوێوە 'کۆڕەوە گەورەکە'ی خەڵکی کوردستانیی باشوور و بەرەو سنوورەکانی سووریا و ئێران و تورکیا ڕوویدا.

زۆرترین بینراو

developed by Scorpion shield