وشەی عەرەب، کوردییە!

بڵاوکردنەوە:

هاوڕێ جەلال

نووسەر:

هاوڕێ جەلال

بینراو:

936

بەش:

زمان

عەرەب: تازیی

 

دەزانیت لە کۆندا، باووباپیرانمان بە (عەرەب)یان وتووە تازیی، تاژیی؟

وشەی (تازیی)، مانای ڕووت، لات دەدات. کە مەبەست لەوە بووە عەرەب پێیان پەتیی(ڕووت) بووە. یان ڕووت و شڕۆڵ بوون.

وشەی عەرەبیش کە ناوی نەتەوەکەیە، ئەویش مانای ڕووت، وشک، لات دەدات. کە جێگۆڕکێی وشەی (ئەبر)ە. سەیری وشەی (عەبڕەش، ئەبڕەش) بکەن

(ئەبر)+ (ڕەش: شیر): کەمشیر، کەمدۆ، وشکەدۆ

 

ڕەنگە نەزانن، دوو وشەی عەرەب هەیە!

یەکێکیان واتای تەواو، پڕ، کام(کامل) دەدات. ڕێک بە پێچەوانەی وشەکەی ترەوە. وەک ئەوەی تاژیی مانای (ڕووت، لات، سفت) دەدات. کەچی هەر (تەژیی) مانای (پڕ، تەواو، کام،...) دەدات. بە واژی ئەوی ترەوە!

زۆر وشە هەن لە زمانی کوردییدا، لە نووسین و دەربڕیندا یەک شتن، بەڵام لە مانادا تەواو پێچەوانەی یەکترن. ئەمانە پێیان دەوترێت (هاوگی دژواتا). خۆی باسەکە درێژدادڕە، بۆیە با درێژتری نەکەمەوە. ئەمە نموونەیەک

دەمبڵ: لاڵەپەتە

دەمبڵ: دەمهەراش، لەبلەبان

 

وشەی (عەرەب)ی دووەمیان، ئەویش وشەیەکی کوردییە و لە وشەی (ئە/ڕەب)ەوە هاتووە کە وشەی (پڕ) جێگۆڕکێی ئەوە.

سەیر بکەن؛ وشەی ڕەبەق، لە وشەی (ڕەب، ڕەپ)ەوە هاتووە و مانای تەواو، تەژیی دەدات.

وشەی ڕەپ بە مانای قووت، قیتیش ڕۆشتووە. وشەکانی (بەل، باڵا، بڵند، بەلۆکە) لەمەوە داکەوتوون.

وشەی ڕەب، پاشگری (ەک، ەق)ی چووەتە سەر و بووە بە (ڕەبەق) واتە تەواو

سێ ساڵی ڕەبەق: سێ ساڵی ڕێک، سێ ساڵی تەواو

 

خودای مەزن، شەش جاران لە قورئانی پیرۆزدا دەستەواژەی ((قُرْآنًا عَرَبِيًّا))ی فەرمووە. کە مەبەست لێی ئەوە نییە زمانی قورئان عەرەبییە! وەک: ((إِنَّا أَنزَلْنَاهُ قُرْآنًا عَرَبِيًّا لَّعَلَّكُمْ تَعْقِلُونَ))

واتە ئەو دەستەواژەیە وەک دەستەواژەی ((بِلِسَانٍ عَرَبِيٍّ مُّبِينٍ)) نییە. بەڵکوو مانای ئەوە دەدات کە قورئان؛ تەواو و بێ کێماسیی و کەموکورتییە! (خوداش زانایە)

ئەمە ڕای من نییە، من بە لێکدانەوەم بۆ وشەی عەرەب پێی گەیشتووم. بەڵکوو ڕای بەشێکی شیکاران و ڕاڤەکارانی قورئانە! نموونەیەک لەو ڕاڤانە کە بینیومن هەر وەک خۆی و بە دەقە عەرەبییەکەی بۆتان دادەنێمەوە:

((فالكلمتان ( قرءناً عربيّاً ) تعنيان بإطارهما العام ، قرآناً كاملاً شاملاً تامّاً مفصّلاً لا عوج فيه وخالياً من أيِّ عيب أو نقص ، ومعناهما ليس محصوراً بإطار التفسير المعروف - تقليديّاً - بأنّه قرآن بلغة قوم العرب...))

 

بڕۆ خۆت لەسەر ئینتەرنێت بگەڕێ، دەیان وتارت بە زمانی عەرەبیی لەسەر ئەمە بۆ دێت.

 

لە قورئانی پیرۆزدا، دەیان وشەی کوردیی هەن، مەگەر تۆ کێشەت لەگەڵ ئەم قسەیە هەبێت! دەنا زانایانی عەرەبیش نکۆڵییان لەمە نەکردووە.

ئەوجار وشەی (عەرەب) بە مانای (پڕ) یەک لەو وشانەیە کە ئاماژەی پێ نەدراوە.

 

ئێستا با بێینەوە سەر وشەی تازیی.

وشەکە داڕێژراوە و یای پاڵدراوی پێوەیە.

وشەکە لە بنەمادا (تاس، تاز)ە بە واتای ڕووت.

نموونەیەک بۆ بەرچاوڕوونیی:

تازییکرن: ڕووسکردن، ڕووتکردن، تاشین

سەرتاس: سەرڕووت. کەچەڵ. سەرکۆت (قۆت، قووت. هەمان وشەیە کە لە ڕووت وقووتدا هەیە)

وشەی تاس لە بنەڕەتدا جێگۆڕکێی وشەی (سات)ە.

نموونەیەک بۆ بەرچاوڕوونیی.

ساخور: ڕووتەنی ناو لێڕەوار

ساتار: ڕووتەنی ناو چڕەڵان و دارستان و جەنگەڵ

لە وشەی (سات)ەوە درووست بووە ڕووت، کۆت، قووت. کە هەر ئەمەیە جێگۆڕکێی کردووە و بووە بە تاس

وشەی (سات)یش دەنگی (خ)ی تێدا چووە. دەنا وشەکە خۆی (ساخت، سوخت)ە هەروەک ئەوەی وشەی لەخت بووە بە لات یان گۆڕاوە بۆ ڕووت دەنگی (خ)ەکەی ڕۆشتووە. یان ڕوخت، ڕوهت. کە دەنگی (خ)ەکەی دیارە

وشەی ڕوخت، ڕوهت، ڕوختە، ڕوهتە لای فارسەکان بووە بە (روفت، روفته) واتە داماڵڕاو، پاککراو، ڕووتکراو

 

لووت: ڕووت، لۆت، لۆتی، لوێت،...

وشەی ڕووتە بە شێوەی روفتە چووەتە لای فارسەکان

سوخت: بێپارە و لات، سۆخت

سوخت بوون: سفت بوون، بێپارە بوون، لێکەوتن

سوختە: فێرخوازی سەرەتای خوێندن و بێ هەگبە

سووتاو: سەرسەری

ڕاستییەکەی سەرتان نەئێشێنم؛ وشەی (سوخت) قەدی کرداری (سووختن، سووتن، سووتان)ە و وشەکەش کوردییە. مەگەر لای کەسانێک هاوشێوەی ئەم چاوگانە کوردیی نین، کە نازانن نیشانەکانی چاوگ چین لە زمانی کوردییدا. کە پێم وایە ئەگەر نەڵێم هەموو کورد؛ ئەوا زۆرینەی کورد نایزانن!

 

ئەوی جێی دەنگی (خ)ی گرتووەتەوە لە وشەی (سوخت)دا. دەنگی (ل)ە. سەیری ئەم وشانە بکەن.

سۆیتەلی: سوێتەلی، لات و سەرسەری

سەڵیتە: ژنی بێڕەوشت

سوڵت: ڕووت و قووت

شێلوو: شەل، زەلووت، ڕووت، قووت، زلووت، سەڵت، زڵت، زوت

زرووت: زگورت، ڕەوەت، سەڵتوقوڵت

ساتۆڕە: هەرزە، خوێڕیی

ساتۆلیی: هەرزە، خوێڕی

 

هەر بۆ زانیارییتان تازیی کە واتای تاژانگ(قامچی)ە مەبەست لە تووڵی باریکە

تورلێدان: تازی لێدان

هەروەها واتای تاژی (تانجی)ش دەدات کە گیاندارێکی لەڕ و لاتە. پێشی دەوترێت (تووڵە سەگ). وشەی تووڵ مانای باریک دەدات. واتای بێچووش دەدات... ئەوە هەمان وشەشە کە بووە بە (تێشک) بە واتای بەچکە

 

وشەی تاز، تاژ پێشگریشی چووەتە سەر و بووە بە ئاتاژ، ئاتاج بە واتای (ڕژ، ڕەشوڕووت، ڕووس، زار، ژار، هەژار)

وشەی ئاتاژ چووەتە زمانی تازیی(زمانی عەرەبیی) و کردوویانە بە احتاج

زۆرترین بینراو

developed by Scorpion shield