دادگاییکردنی ئاژەڵان

بڵاوکردنەوە:

سۆنیا مەحموود

نووسەر:

سۆنیا مەحموود

بینراو:

550

بەش:

ڕامیاری

ئایا ھەرگیز گوێبیستی ئەوە بووی کە ئاژەڵانیش وەک مرۆڤەکان لەسەر کردەوە تاوانکاریەکانیان دادگای کرابن؟

ڕەنگە، وەڵامەکەت نەخێر بێت و جێگای سەرسوڕمانی تۆ بێت، بەڵام ئەمە ڕاستیە و لە مێژووی مرۆڤایەتی ڕوویداوە و بوونی ھەبووە. دادگایکردنی ئاژەڵان لە سەدەی (١٣ تا ١٨) لە ئەوروپا ڕوویداوە، لە سەدەی (١٤ تا ١٦)دا گەیشتە لوتکە. لە ڕاستیدا ئەمە مێژووی قێزەون و تا ڕادەیەکی زۆر لەبیرکراوی ئەوروپایە کە "تاوانبارانی ئاژەڵیان" دادگایی کردووە و لە سێدارەیان داون. زانایان ھەمیشە هەوڵیانداوە بزانن بۆچی ئەو کارە سەیر و سەمەرانە بەرامبەر ئاژەڵان کراون؟ بەڵام ھەر وەک ویلیام ئیڤاڵد گوتی "کەس نازانێت بۆ چی بوون و کەسیش نەیزانیوە." بەشێک لە زانایان دەیگەڕێننەوە بۆ ئەوەی کە زۆرێک لە دەسەڵاتدارانی سەدەی ناوەڕاست، پێیان وابووە تاوانەکان کە لەلایەن ئاژەڵەکانەوە ئەنجامدەدرێن کاری شەیتانن, ڕێگەدان بە بێ ئەوەی سزایان بدرێت دەرفەتێک بۆ شەیتان دەڕەخسێنێت کە دەست بەسەر کاروباری مرۆڤایەتیدا بگرێت. ھەموو ئەو ڕووداوانەشی کە ڕوویانداوە لەلایەن دەسەڵاتەوە بڕیاریان لێدراوە. لە هەموو حاڵەتەکانی دادگاییکردنی تۆمارکراوی ئاژەڵەکاندا، دادوەر و پارێزەران و ئەندامانی ئەنجومەن دۆسیەکانیان بەھەند وەردەگرت. وەک ئەوەی هەر دادگایکردنێکی مرۆڤەکانیان بەھەند وەردەگرت.

لە کتێبی (دادگاییکردنی ئاژەڵان) کە ڕێبازێکی فرە پسپۆڕیی مێژوونووس (پیتەر دینزلباکەر)ە دەڵێت کە "بەکارهێنانی کارمەندانی دادگا ئاساییەکان نەک ئەوانەی کە بەتایبەتی بۆ دادگاییکردنی ئاژەڵان دامەزراون، بەڵگەی سەرەکییە کە ئەم ڕێوشوێنانە چەندە بەتوندی بەڕێوەچوون." دادوەرەکان و فەرمانبەران بەخۆڕایی کارەکانیان نەدەکرد و هەمان ڕێژەی ڕۆژانەیان بۆ دادگاییکردنی ئاژەڵان وەردەگرت وەک ئەوەی بۆ دەستەی زیندانییەکی مرۆڤ وەریاندەگرت. ئەو جۆرە دادگاییکردنە تا سەدەی (١٨) بە بەشێکی دانەبڕاو لە چەندین سیستەمی یاسایی مایەوە. لە کاتێکدا لە سەردەمی نوێدا، لە زۆربەی سیستەمەکانی دادوەری تاوانکاریدا وا دادەنرێت کە ئاژەڵەکان توانای ئەخلاقییان نییە. هەر بۆیە ناتوانرێت بەرپرسیاربن لە کردەوەیەک کە زیان بە مرۆڤەکان و چواردەوریان بگەیەنێت. بەڵام، ئەوە بە مانای ئەوە نایەت کە لە سەردەمی نوێدا ئەوە ڕووینەدابێت، بەڵکو حاڵەت بوونی ھەیە کە لەو سەردەمەدا ڕوویداوە. وەک حاڵەتی ورچێکی مەکدۆنی کە لە ساڵی (٢٠٠٨)دا بە دزینی هەنگوین لە هەنگەوانێک سزادراوە. سزای ئاژەڵەکان بە پێی جۆر دەگۆڕا. لە کاتێکدا ئاژەڵە ماڵییەکان وەک بەراز، ڕێوی، گورگ، بزن، گوێ درێژ، گا، مانگا، سەگ، ئەسپ و مەڕ دەکەوتنە ژێر دەسەڵاتی دادگا مەدەنی و تاوانکارییەکان. سزاکەیان بریتیبوو لە هەڵواسین یان سووتاندن یان لەسێدارەدان. دادگاکانی کەنیسەکان مامەڵەیان لەگەڵ هەموو مێرووەکان دەکرد. ھەروەھا لەگەڵ مشک، جرج، مار، مارمێلکە، مێروولە، کۆتر و کرم. وە ئەو جۆرە بوونەوەرانە بە دەرکردن سزا دەدران نەک لە سێدارەدان. ئەم جیاکارییەش بۆ ئەوە دەگەڕایەوە کە مێشوولە و مێرووەکان بابەتی کۆنترۆڵی مرۆڤ نەبوون. نەدەکرا لەلایەن دەسەڵاتی مەدەنییەوە دەستیان بەسەردا بگیرێت و زیندانی بکرێن.

ئەو ڕووداوانەی خوارەوە نە داهێنراون و نە ڕازێنراونەتەوە هەموویان حاڵەتی ڕاستەقینەی ناو بەڵگەنامە و سەرچاوە هاوچەرخەکانن. لێرەدا ئاماژە بە چەند نموونەیەکی کەم لە دادگایکردنی ئاژەڵەکان دەکەین.

لە ڤالانسی ھەرێمی درۆمی فەڕەنسا، دادگا دانیشتنێکی تایبەتی ئامادەکرد لە ساڵی (١٨٥٨) بە مەبەستی دادگایکردنی کرمێک کە نەخۆشی خستبووە ناو کێڵگەی جوتیارێکەوە. سەرۆکی دادگا پارێزەرێکی ڕاسپارد بۆ بەرگریکردن لە کرمە تۆمەتبارەکە. لە کۆتایدا دادوەر بڕیاریدا بەوەی، کە لە جێگای ئەوەی کرمەکە لە سێدارە بدرێت دەبێت لە ھەرێمەکە دووربخرێتەوە.

ساڵی (١٢٦٦) بەرازێک بە تۆمەتی کوشتنی منداڵێک ڕەوانەی دادگای ھەرێمی فونتنی فەڕەنسی کرا. لە دوای دادگایکردنی دادگا بڕیاریدا بە سەپاندنی سزای لەسێدارەدان بە سووتاندن بەسەر بەرەزەکەدا. لە ناوەڕاستی شاردا ئاگرێکی گەورە کرایەوە و بە بەرچاوی ھەموو خاڵکی بەرازەکەیان سوتاند.

ھەروەھا ساڵی (١٣٨٦) دادگای لافالیزی فەڕەنسا حوکمی لەسێدارەدانی سەپاند بەسەر بەرازێک، بەرامبەر ئەو تاوانەی ئەنجامی داوە. کە بریتی بوو لە بڕینی سەر و قاچی منداڵێک. ئەو سزایەش لە گۆڕەپانی شاردا بەسەر بەرازەکە جیبەجێکرا.

لە پاییزی ساڵی (١٤٥٧)دا، گوندنشینانی شاری ساڤینی لە فەرەنسا شایەتحاڵی هێرشی کۆترێک و شەش بەرازی بچووک بوون، کە کوڕێکی تەمەن ٥ ساڵان دەکوژن. ھەر یەک لە کۆترەکە و شەش بەرازەکە چوونە بەردەم دادگا. دادگایکردنەکە بە ئامادەبوونی یەک دادوەر و دوو داواکاری گشتی و هەشت شایەتحاڵ و پارێزەرێکی بەرگریکردن لە بەرازە تۆمەتبارەکان بەڕێوەچوو. لە کۆتایدا شایەتحاڵەکان سەلماندیان کە کۆترەکە منداڵەکەی کوشتووە. بەڵام ڕۆڵی بەرازە بچووکەکان دیارنەبوو. هەرچەندە خوێنیان ڕژابوو، بەڵام هەرگیز نەبینرابوون ڕاستەوخۆ هێرش بکەنە سەر کوڕەکە. دادوەر سزای بەسەر کۆترەکەدا سەپاند کە بە پێی دواوەی بە دارێکی دارستان هەڵواسرێت. بەپێچەوانەوە بەرازە بچووکەکان بێتاوان دەرچوون.

 

زۆرترین بینراو

developed by Scorpion shield