دانیشتووانی کوردستانی دێرین؛ خورییەکان

بڵاوکردنەوە:

ئاریان ئومێد

نووسەر:

ئاریان ئومێد

بینراو:

786

بەش:

مێژوو

بەشی پێنجەم

 

خورییەکان

 

خورییەکان یەکێکن لەو کۆمەڵانەی لە هەزارەی سێیەمی پێش زاینەوە لە ناوچەکەدا دەرکەوتوون و لە چەندین دەقی مێژوویی ئەو سەردەمەدا ئاماژەیان پێکراوە. ناو و شۆرەتیان بە چەند شێوەیەکی جیاواز هاتووە، لەوانە: (حۆریت و حۆریم، خورلیلی، هورلیلی) بەڵام لە سەرچاوەکانی خۆیاندا بە (خوری) هاتووە.

باوەڕوایە لە هەزارەی سێیەمی پێش زایندا لە چیاکانی باکووری کوردستاندا ژیاون و دواتر بە ناوچەکەدا بڵاوبونەتەوە. لە زۆر شوێنی کوردستان شوێنەواریان بەجێماوەو پێدەچێت هەر لە باکووری ڕووباری سیروانەوە بە درێژایی ڕۆژهەڵاتی دیجلە تا نزیکی دەریاچەی وان نیشتەجێ بووبن.
لە دوای ڕووخانی ئیمپڕاتۆریەتی ئەکەدی و لاوازبوونی دەسەڵاتی گوتییەکان لە عێراقدا، خورییەکان وەکوو هێزێکی نوێ لە ناوچەکەدا نەش و نمایان کردوو دەرکەوتن. یەکێک لەو پاشا بەهێزانەیان کە لەو چەرخەدا ڕێبەری دەکردن بە (ئەتیل شین یان ئەری شین) ناوی هاتووە، کە لە دوای خۆی تابلۆیەکی لە برۆنز دروستکراوی بۆ بەجێ هێشتووین و تێیدا ئاماژە بەوەدەکات (ئەتیل شین) پاشای (ئورکیش و نەوار) بووە، کە کەوتونەتە بەری ڕۆژهەڵاتی ڕووباری دیجلەوە. 

خورییەکان لەم چەرخەدا دەسەڵاتیان پەلدەکێشێ بۆ ناوچەکانی چواردەوری خۆیان و تا ڕادەیەک بەهێزەوە دەردەکەون، بەڵام لەگەڵ سەرهەڵدانی بنەماڵەی (نەوەی سێیەمی ئور ٢١١١-٢٠٠٣ پ.ز) لە باشووری عێرقی ئەمڕۆدا، وردە وردە دەسەڵاتی خورییەکان بەرەو لاوازی دەڕوات، پاشایانی بنەماڵەی ئوری سێیەم چەند جەنگێکیان لە دژی خورییەکان هەڵگیرساندووە، هەرچەند پێدەچێ ئۆرکیشی پایتەختی خوری ڕاستەوخۆ نەکەوتبێتە ژێر داگیرکاری پاشایانی ئورەوە، بەڵام بەگشتی دەسەڵاتی خورییەکان لە ئاکامی ئەو هێرشانەدا بەرەو لاوازی چوو.

ئەم سەردەمە زۆری نەخایاند و بەهۆی هاتنی هۆزە ئامورییەکان لە نیمچەدورگەی عەرەبیەوە دەسەڵاتی بنەماڵەی ئوری سێیەم بەرەو لاوازی چوو. بەم شێوەیەش دووبارە دەرفەت بۆ خورییەکان ڕەخسا دەستبەسەر بەشێکی زۆری ناوچەکانی باکوور و باکووری ڕۆژهەڵاتی عێراقی ئەمڕۆدا بگرنەوە، دواتریش توانیویانە ناوچەکانی باکووری سوریا (ڕۆژئاوای کوردستان) کۆنتڕۆڵ بکەن و بەرەو ئاسیایی بچووک و کەنارەکانی دەریایی ناوەڕاست پێشڕاوی بکەن و دەسەڵاتیان لە شامەوە تا لوبنان و فەڵەستین ڕۆیشتووە. 

هەرچی دەربارەی زمان و نووسینی خورییەکان بەردەستمان کەوتبێ، ئەوە نیشاندەدا خورییەکان لە ڕووی زمانەوە نزیکییان لەگەڵ زمانەکانی لولوبییەکان و سوئییەکاندا هەبووەو پێدەچێ سەر بە یەک خێزان بن و تەنها لە ڕووی شێوەزارەوە جیاوازیان هەبووبێ، هەر وەک ئەوەی لە کوردستانی ئەمڕۆدا دەبینرێت.

هەرچی نووسینیشە وەک زۆربەی گەلانی ناوچەکە ئەلفبای (مێخی)یان بەکارهێناوە، بەڵام بۆ گونجاندن لەگەڵ زمانەکەیاندا ژمارەی پیتەکانیان کەم کردووەتەوەو سادەتر نووسیویانە، چەندین دەقی جیاوازیان لێ بەجێ ماوە وەک دەقەکانی (نوزی)کە بە ئەکەدی نوسراون بەڵام کاریگەری زمانی خورییشیان پێوەدیارە، ئەم دەقانە لە نزیک کەرکوک دۆزراوەتەوە، کە مەڵبەندێکی گرنگی خورییەکان بووەو لەو ناوچەیەشدا شارو ئاوەدانی زۆریان بنیادناوە کە باوەڕوایە یەکێک لەو شارانەی دروستیان کردووەو تا ئێستا ژیانی تێدایە شاری (خورماتوو)بێت.
بەدەر لەمانە چەندین دەقی دیکەشمان هەیە کە بە زمانی خوری نوسراون، وەک زۆربەی ئەو دەقانەی لە دواترداو لەسەردەمی ئیمپڕاتۆریەتی میتانییدا نووسراون، لەوانە دەقەکەی (توشراتا)ی پاشای میتانی کە بە درێژترین دەقی خوری دادەنرێ و بۆ پادشای میسری نووسیوە. 

لە ڕووی ئایینداریشەوە خورییەکان وەک زۆربەی گەلانی ئەو سەردەمە باوەڕیان بە چەندین خواوەند هەبووە، کە گرنگترینیان (تیشوب)بووە کە خواوەندی باوبارانە، چەند خواوەندێکی تریشیان پەرستووە لەوانە خواوەند (شاوشکا) کە هاوتای خواوەند عەشتاری سۆمەری بووە.
ئەمە جگە لەو خواوەندانەش کە لەگەلانی تری ناوچەکەیان وەرگرتووە.
خورییەکان لە ناوچەکەدا چەند دەوڵەتۆکەیەکی بچوکیان بنیادناوەو ڕۆڵی سیاسیان تا سەدەی شازدەی پێش زانین بەردەوامی هەبووە تا ئەو دەمەی میتانییەکان وەک هێزێکی سیاسی دەردەکەون و لەسەر پاشخانی شارستانییەتی خورییەکان ئیمپڕاتۆریەتێکی گەورە دادەمەزرێنن.

 

سەرچاوەکان

١- د. جەمال ڕشید، د. فوزی ڕشید: مێژووی کۆنی کورد.

٢- د. محمد محمود مەندەلاوی: مێژوو و شارستانیەتی کورد.

٣- کۆمەڵێک وانەی زانکۆیی: د. دڵگەش ئیبراهیم، زانکۆی سلێمانی.

زۆرترین بینراو

developed by Scorpion shield