ئەمنە سورەکە، قەڵای باستیلی بەعس

بڵاوکردنەوە:

ئاریان ئومێد

نووسەر:

ئاریان ئومێد

بینراو:

357

بەش:

مێژوو

لەبەرەبەیانی 7ی ئازاری 1991، دەمژمێر 7ی بەیانی، یەکەم پریشکی ڕاپەڕین لە شاری سلێمانی، لە فولکەی دەستاڕەکەوە هەڵگیرسا و زۆر بە زوویی تەواوی شارەکەی گرتەوە. زۆربەی بنکەو بارەگاکانی ڕژێم بەر لە نیوەڕۆ لە لایەن هێزی پێشمەرگەو جەماوەری ڕاپەڕیوەوە دەستی بەسەرداگیرا، جگە لە چەند بنکەیەک نەبێ کە تا نزیکی ئێوارەی هەمان ڕۆژ بەرگرییان کرد، بەڵام لەگەڵ هاتنی ئێوارەدا تەواوی بنکەو تەنانەت سەربازگەکانی دەوری شاریش گیران. تەنها شوێن کە تەواوی هێزی بەعسی تێدا کۆکرابوویەوە و بەرگریدەکرد، ئەمنە سورەکە بوو. ئەو ئەمنەی وەک قەڵای باستیلی فەڕەنسا، سیمبولی جەور و ستەمی ڕژێمی دەسەڵاتدار بوو.
ئەمنە سورەکە باڵەخانەیەکی فراوان و پتەوبوو، ڕژێمی بەعس هەر لە ساڵی (1979) کە بڕیاری دروستکردنی دابوو تا ساڵی (1985) کە کاری بیناسازیەکەی تەواوبوو، وەک بنکەیەکی سیاسی و ئەمنی لە بزێوترین و چالاکترین شاری کوردستاندا کە شاری سلێمانی بوو، بەکاریدەهێنا. نەخشەی باڵەخانەکە لە ئەڵمانیای ڕۆژهەڵاتیی ئامادەکرابوو، حیسابی گەمارۆدان و هەموو پێشهاتێکی نەخوازراو کرابوو، بیری تایبەتی بۆ دابینکردنی ئاوی خواردنەوە تێدا هەڵکەندرابوو، هەموو پێداویستیەکانی ژیانی تێدا فەراهەمکرابوو بە جۆرێک ماوەیەکی زۆر بتوانێ بەرگری بکات و بەرگەی گەمارۆ بگرێت.
ئەمە جگە لەوەی بە هێزێکی زۆری سەربازی و چەکی قورس پارێزرابوو. لەگەڵ ئەوەی لەیەکەم ڕۆژی ڕاپەڕینەوە شەڕ لە نزیکی ئەمنەکە هەبوو، بەڵام هێرشە چڕەکانی هێزی پێشمەرگە و جەماوەر لە ڕۆژی (8-3-1991)، دەستیپێکرد، پیاوانی ڕژێم و لێپرسراوە گەورەکانی حکومەت، بە کورد و عەرەبەوە، لەو باڵەخانەیەدا کۆبوبونەوە، هەربۆیە بەرگریەکی قورس و شەڕی مان و نەمانیان تێدادەکرد.
هێزی پێشمەرگە لە هەر چوارلاوە بە ئاربیجی و هاوەن بۆردمانی ئەمنەکەیان دەکرد، لەگەڵ گرتنی بنکەکانی دیکەی بەعس و دەستکەوتنی چەکی قورسی وەک دۆشکە، هێرشەکان بۆسەر ئەمنەکە چڕتربوو. لە سەدان لاوە تەقە لە باڵەخانەکە دەکرا. بەعسییەکان بە ئومێدی ئەوەی هاوکارییان پێبگات بەرگریەکی زۆریانکرد، توانییان لە بەیانیی ڕۆژی یەکەمی ڕاپەڕینەوە تا درەنگانی ڕۆژی دواتر بەرگریبکەن، بەڵام ئەمە دادی نەدان و ئەوەبوو لە ئێوارەی 8ی ئازار، بە دیاریکراوی نزیک دەمژمێر (6)، ئەمنە سورەکە بەتەواوی دەستیبەسەردا گیراو زۆربەی ئەو تاوانبارانەی لەوێدا خۆیان حەشاردابوو کوژران یان بەدیل گیران، سەدان زیندانیش ئازادکران. کۆی گشتی کوژراوانی ڕژێم لە ئەمنە سورەکە بەگوتەی هێزە کوردییەکان نزیکەی (٥٠٠) پێنجسەد کەس و  بەگوتەی ڕژێمیش (310) سێسەد کەسبوو، کە لەنێویاندا پارێزگاری سلێمانی و بەڕێوبەری ئەمنی سلێمانی و چەندین بەرپرسی باڵای دیکەی بەعسی تێدابوو.
هەروەها نزیک بە (١٣٠) سەدوسی کەس کە لەزیندانییەکانی کورد، کە لەئەمنە سورەکەدا لەچاوەڕوانی چارەنووسێکی نادیاردا مابوونەوە، ئازادکران. 

مامۆستا بەهجەت عەبدولکەریم، کە خۆی یەکێک بووە لە شایەتحاڵەکانی ئەو ڕۆژگارە، بەم شێوەیە دیمەنی دوو ڕۆژ پاش گرتنی ئەمنەکە دەگێڕێتەوە: "ڕۆژی یەکشەمە(10-3-1991)، لاشەکانی سەر شەقامەکەیان پاککردبووەوە، کە چووینە بەر دەرگای کۆڵانەکە چەندین لاشە لەو ڕێگایە کەوتبوون، وتیان ئەمە یەکێکیان مەسئولی دەزگای حزبی (حطین)ـە، سەروچاویان پان کرابووەوە، پاش ئەوە لەدەرگای سەرەکی ئەمنەکە کە دەرگایەکی گەورەبوو چوینە ژوورەوە، چەند لاشەیەکی تر کەوتبوون، یەکێکیان حەمەئەمین عەبو جێگری پارێزگار بوو کە لە نزیک دەرگای سەرەکی کەوتبوو، هەروەها لاشەی ❪ئەسوەد❫ کە بەرپرسێکی باڵای بەعس بوو لە سلێمانی، لەگەڵ لاشەی کوڕەکەی و دەیان لاشەی تر کەوتبوون، جگە لەوە لە بەردەرگایەکی بچووکدا نزیکەی 25 لاشە بەسەریەکدا کەوتبوون، کە زۆربەیان سوتابوون، لە هەموو لایەک ئۆتۆمبیلی سووتاو لە کۆرۆلا و بەرازیلی و لاندکرۆز بڵاوبوبوونەوە. گێڕانەوەو وەسفکردنی ئەو دیمەنانەی ناو  ئەمنەکە ئەستەمە، هەستێکی سەیر خەیاڵی ئەو خەڵکەی داگیرکردبوو، خەڵکەکە بە ژن و پیاو و کوڕو کچی گەنجەوە بەناو ئەو لاشانەدا دەگەڕان!، بەقێزەوە و بەچاوی تۆڵەوە سەیری ئەو لاشانەیان دەکرد!." 

بەو جۆرە کۆتایی هات بەچیرۆکی تۆقێنەر و تراژیدیەکەی ئەو باڵەخانە سامناکە، کەبۆ ماوەی چەند ساڵێک ژیانی لە دانیشتووانی شاری سلێمانی تاڵکردبوو.
شایەنی باسە لە ئێستادا ئەمنە سورەکە وەک سیمبولێکی جەور و ستەمی ڕژێمی بەعس و هەروەها وەک نموونەیەک بۆ تۆڵەی ئاگرینی گەلی کورد لە دوژمنان، ماوەتەوە و کراوەتە مۆزەخانەیەکی نیشتمانی. ڕووکاری دەرەوەی باڵەخانەکە هەتا ئەمڕۆ ئاسەواری زەبری ڕاپەڕینە مەزنەکەی خەڵکی سلێمانی پێوەدیارە. 

سەرچاوەکان: 

1- مەسعود مەحمود حەسەن: شاری سلێمانی (1988-2003)، توێژنەوەیەکی مێژوویی سیاسییە، ماستەرنامە(بڵاونەکراوە)، کۆلێژی زانستە مرۆڤایەتییەکانی زانکۆی سلێمانی، 2018.
.
2- بەهجەت عەبدولکەریم خەفاف: سلێمانی 1991، چاپی یەکەم، چاپخانەی کارۆ، 2021. 
.
3- کریس کۆچێرا: بزووتنەوەی نەتەوەیی کورد و ویستی سەربەخۆیی، وەرگێڕانی: حەسەن ڕەستگار، چاپی یەکەم، چاپخانەی ڕۆژهەڵات، هەولێر، ٢٠١٣.
.
4- سارا سەردار: مۆزەخانەی ئەمنە سوورەکە، ماڵپەڕی باسنیوس، 18/8/2021.

زۆرترین بینراو

developed by Scorpion shield