ستراتیژییەتی جەنگی ئەستێرەکان

بڵاوکردنەوە:

ئیسماعیل عەبدوڵڵا ئەحمەد

نووسەر:

ئیسماعیل عەبدوڵا ئەحمەد

بینراو:

424

بەش:

ڕامیاری

ستراتیژییەتی جەنگی ئەستێرەکان، ئەو سیاسەتە بوو کە سەرۆکی ئەمریکا رۆناڵد رێگان پەیڕەوی دەکرد. رۆناڵد رێگان، لەوکاتەدا بە سیاسەتە تووندەکانی لە بەرامبەر یەکێتی سۆڤییەت ناسرا بوو، کە یەکێتی سۆڤییەتی بە ئیمپراتۆرییەتی شەڕ ناوبرد. سەرۆک رێگان داوای پەیڕەوکردنی سیاسەتی کێبڕکێی خۆپڕچەککردنی دەکرد، کە مەبەست لێی ڕاکێشانی سۆڤییەت بوو بۆ کێبڕکێیەکی ماوە درێژی پڕ لە خەرجی بەو ئامانجەی، کە ئابووری سۆڤییەت نەتوانێت بەرگەی کێبڕکێیەکی پڕ لە تێچوون و خەرجی لەم شێوەیە بگرێت، بە واتایێکی تر دەیویست کە سۆڤییەت دووچار خوێنبەربوونێکی گەورە بکات لە گشت بواری هێزەکانییەوە لە ڕێگەی زیانگەیاندن بە ئابوورییەکەیەوە.

ئەگەر سەیری ستراتیژییەتی ئەمڕۆی ئەمریکاش بکەین، کە بەردەوام لە هەوڵی دەورەدان ڕێگرتنە لە هەموو لایەنێکەوە بە مەبەستی ڕێگەگرتن لەبەردەمی هەر دەوڵەت و لایەنێک، کە مەرامی بونیادنانی ژێرخانی چەکی ناوەکی هەبێت.

لەم پێناوەدا بە تووندی وەستاوە لەبەردەمی هەوڵەکانی هەر یەکێک لە دەوڵەتانی عێراقی رژێمی پێشوو، سوریا، کۆریای باکوور لە ئێستاشدا، لیبیا لە سەردەمی قەزافیدا، وە ئێران لە ئێستاشەوە. وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، بە تووندی لە دژی هەر هەنگاوێکی ئەو دەوڵەتانە بووە، کە لە پێناوی بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی نابێتییان. ئەمریکا، بەردەوامی فشاری سیاسی و ئابووری و سەربازی دەخاتە سەر ئەو دەوڵەتانە، کە لە هەمان کاتیشدا بێ دەنگی و چاوپۆشی دەنوێنێت لە بەرامبەر جبەخانە ئەتۆمییەکانی ئیسرائیل و ئەو پێشێڵکارییانەی، کە پەیوەست بە یاسا نێودەوڵەتییەکان دەیکات.

لەم ڕووەوە دەردەکەوێت، کە ئەمریکا وەکو زۆربەی بابەتەکانی تر سیاسەتی دوو لایەنە بەکاردەهێنێت، کە مۆرکی پەیڕەوی گشتی سیاسەتی ئەمریکا، سیاسەتێکی پراگماتیکییە. لەم سەردەمی ئەمڕۆدا، وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە نێوان گشت وڵاتەکانی جیهاندا خاوەنی زۆرترین چەکی ئەتۆمی و کۆمەڵکوژە، کە پسپۆران بە زیاتر لە ١٦,٠٠٠ مووشەک و کڵاوەی ئەتۆمی دەیخەملێنن.

دایڤید ئارمسترۆنگ، لە چەند شوێنێکی وتارەکەیدا لە بەشی ڕۆژنامەوانی 'خزمەتگوزاری هەواڵی ئاسایشی نیشتمانی (The National Security News Service)' ساڵی ٢٠٠٢دا، ئاماژەی بە 'سیاسەتی جەنگی ئەستێرەکان' کردووە. سەرچاوە بەکارهێندراوەکانی وتارەکەی ئارمسترۆنگ، هەمان ڕاپۆرتی کۆتایی و ڕاگەیێندراوی ستراتیژی سیاسەتی ئاسایشی نوێی ئەمریکا نییە، کە لە سێپتێمبەری ٢٠٠٢دا لە ماڵپەڕی کۆشکی سپیدا بڵاوکراوەتەوە، بەڵکو ئەو ڕەشنووس و دەستپێشخەرییە جۆراوجۆرانەن، کە بە درێژایی نەوەدەکان و تەنانەت بەر لە ڕووخانی بلۆکی خۆرهەڵات لە پێگەی جۆراوجۆردا بڵاوکراونتەوە.

 

لێرەدا بەشێک لە وتارەکەی، کە لە چەند شوێنێکدا ئاماژەی بە سیاسەتی جەنگی ئەستێرەکان کردووە، وەکو خۆی لە ئینیگلیزییەوە وەرگێڕدراوە:

 

دووبارە گەڕانەوە

لە دوای هەشت ساڵ لە هەڕەمی دەسەلاتدا، سەردەمی کلینتۆن کۆتایی هات. سەردەمێک کە لەلایەن دیک چینی و هاوکارەکانییەوە بە سەردەمی ریسکی سەربازی سەرنەکەوتوو و جۆرە دەنووکوەشاندنێکی تۆڵەکارانە ئاماژەی پێدەکرێت. لەگەڵ هاتنەوە سەردەسەڵاتی بۆشی کوڕدا، دەستە کۆنەکە دووبارە هاتنەوە نێو دەسەڵات، بۆ ئەوەی لەو شوێنەوە دەستپێبکەنەوە کە کۆتاییان پێهێنابوو. ئەمجارەیان دیک چینی وەک جێگری سەرۆک و کۆلین پاوڵ وەک وەزیری دەرەوە، وە وۆڵفویتزیش وەک دووهەمین کەسایەتی لە پێنتاگۆندا، کە گشتیشیان لە ژێر سایەی وەزارەتەکەی 'دۆناڵد رامسفێڵد'ان.

بازنەی دەوروبەری دیک چینی، لە ماوەی هەشت ساڵی دەسەڵاتداریێتی کلینتۆندا بۆچوونی خۆیان سەبارەت بە ستراتیژییەتی سیاسەتی ئاساییشی ئەمریکاوە نەگۆڕی بوو، بەڵام لەسەرەتای هاتنە سەردەسەڵاتی بۆشەوە پێیان وانەبوو، کە دووبارە نەخشەکە دابڕژرێتەوە. لە شوێنی ئەوەی خەریکی داڕشتنەوەی ستراتیژێکی تایبەتی پەیوەندیداربن بە سیاسەتی دەرەوەدا، سەرنج و چەقبەستنییان لەسەر کۆمەڵێک پرس و پرسیاری جیاواز بوو، کە هیچ جۆرە پەیوەندیێکی کاریگەرییان بەیەکەوە نەبوو. بۆ نموونە پرسی وەک ستراتیژییەتی 'جەنگی ئەستێرەکان' دووبارە خرایەوە نێو ئەجێندای سیاسی ئەمریکا. لە دواتریشدا بابەتی یوتیلاتێریالیزم خرایەوە نێو بڕیارەکانی ئیدارەی نوێ، وە ڕاستەوخۆ و تاک لایەنانە بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی 'ڕێککەوتننامەی دژە-مووشەکی بالیستی (ABMT)'یان لەگەڵ رووسیا دا. ڕەتکردنەوەی ڕازیبوون بە ڕێککەوتننامەی نێودەوڵەتی پەیوەندیدار بە قەدەغەکردنی تاقیکردنەوەی ئەتۆمی و ڕازینەبوون و بەرهەڵستی پیشاندان لە بەرامبەر دادگای نێودەوڵەتی سەبارەت بە پێشێڵکارەکانی یاسا نێودەوڵەتییەکانی پەیوەندیدار بە چەکە نێوەکییەکان، بەشێکی تری ئەو بڕیارانە بوون کە ئیدارەی نوێ سەرقاڵ بوون پێیانەوە. ئیدارەی نوێ، هەڵوێستێکی ڕوون و تووندتری دیبلۆماسی لە بەرامبەر جیهان و دەوڵەتە نەیارەکانی ئەمریکا و سیاسەتەکانی گرتەبەر. لەوانەیە ئاشکراترینییان ئەو سیاسەتە تووندانە بێت، کە لە بەرامبەر چین و کۆریای باکووردا دەبیندران. سەرەرای ئەوەی، کە هیچ یەکێک لەو بڕیارانە لە شێوەی بەشێکی دانەبڕاوەی ستراتیژییەتی سیاسەتەکانی ئەمریکا نەدەهاتنە بەرچاوان.

 

لە ئامادەکردنی

ئیسماعیل عەبدوڵا ئەحمەد، توێژەری سیاسی، زانکۆی سەڵاحەددین – هەولێر

بەرواری ئامادەکردن

 ٠٣/٠١/٢٠٢٣

 

زۆرترین بینراو

developed by Scorpion shield