دانیشتووانی کوردستانی دێرین؛ کاشییەکان

بڵاوکردنەوە:

ئاریان ئومێد

نووسەر:

ئاریان ئومێد

بینراو:

873

بەش:

مێژوو

بەشی چوارەم

 

کاشـییەکان

 

سەرەتای دەرکەوتنی ئەم کۆمەڵەیە دەگەڕێتەوە بۆ نیوەی یەکەمی هەزارەی دووەمی پێش زاین. باوەڕوایە ناوەکەیان لە ناوی خواوەندەکەیانەوە وەرگیرابێت، کە ناوی (کاش)بووە. زێدی کاشییەکان دەکەوتە باشووری خاکی لولوبی و گوتییەکانەوە. بە ئەگەری زۆرەوە پێدەچێ ناوچەی سەرەکییان لە گەرمیانی باشووری کوردستانەوە، تا ناوچەی لوڕستان بوبێت.

بەشێکی کاشییەکان وەکوو جوتیارو کرێکار ڕوویان لە ناوچەکانی نزیکی بابل و ڕووباری دیجلە کردووە و لە کێڵگەکاندا کاریان کردووە، بەم شێوەیە لە ڕۆژهەڵات و باکووری ڕۆژهەڵاتی دیجلەدا بارگەیان خستووەو بە شێوەیەکی نەرم و دوور لە شەڕ لەو ناوچانەشدا نیشتەجێ بوون.

ئەم ڕەوشە بەردەوام دەبێ تا ئەو کاتەی هیتییەکان بە سەرکردایەتی (مورسیلی یەکەم) لە دەوروبەری (١٥٩٥پ.ز) هێرش دەکەنە سەر بابل و تاڵانی دەکەن و کۆتایی بە حوکمڕانی بنەماڵەی فەرمانڕەوای بابل دەهێنن.

کاشییەکان ئەم هەلە دەقۆزنەوەو دەستبەسەر بابل و نیشتیمانی سۆمەردا دەگرن و بۆ ماوەی نزیک بە چوار سەدە فەرمانڕەوایی ناوچەکە دەکەن.

هەرچەند باوەڕوایە پێش داگیرکاری هیتییەکانیش، لە دەرەوەی بابل کاشییەکان، جۆرە حوکمداریەکیان هەبووە. بەڵگەش بۆ ئەمە ناوی (حەوت) پاشای کاشییە کە مێژووی حوکمڕانییان بۆ قۆناغی پێش گرتنی بابل دەگەڕێتەوە، بەڵام بەگشتی دەکرێت بگوترێ لوتکەی هێزو فەرمانڕەوایی کاشییەکان لە دوای گرتنی بابلەوە دەست پێدەکات و یەکەم پاشایان کە وەک فەرمانڕەوای بابل ناوی تۆمار کرابێت (ئەگومی دووەم)ە کە بە (ئەگوم کاکریمیە)ش ناسراوە، تا نزیکەی (١٥٨٥پ.ز) حوکمڕانی ناوچەکە دەکات.

ئەم پاشایە هێرشێکی تایبەتی کردووەتە سەر ناوچەی عانەو پەیکەری دوو خواوەندی گێڕاوەتەوە بۆ بابل بە ناوەکانی (مەردۆخ و سەربەنیتم) کە دواتر پەرستگای بۆ بنیادناون و دەقێکی دوورو درێژیشی لەو بارەیەوە بۆ بەجێ هێشتووین.

سەردەمی کاشییەکان تا ڕادەیەکی زۆر بە سەردەمێکی سەقامگیرو هێمن ناسراوەو وڵات لە سایەیاندا ئارامی و ئاشتی بە خۆیەوە بینیووە.

هەروەها کاشییەکان لەم ماوەیەدا چەندین دیاردەی گرنگی شارستانییان هێنایە ناوچەکە، وەک بەکارهێنانی ئەسپ و عارەبانە کە پێشتر لەم دەڤەرەدا بەکار نەهاتبوو.

هەروەها برەودان بە ئاوەدانکردنەوە و بەرەوپێشچوونی لایەنی بیناسازی و بنیادنانی شارو پەرستگاکان، وەک بنیادنانی شاری (دورکوریکالزو) کە هەر بە ناوی پاشاکەیانەوە ناویان لێناوەو ماوەیەک لەبری شاری بابل کراوەتە پایتەخت و مەڵبەندی دەسەڵاتەکەیان، کە ئێستا پاشماوەی شارەکە بە (ئەقەرقوف) ناسراوە.

کۆمەڵێک شێوازی بنیادنان و ڕازاندنەوەی تەلارەکان لەم سەرەدەمەدا بەرچاودەکەون کە زیاتر بە شێوازێکی تایبەت بە کاشییەکان و جیاواز لەوانەی پێش ئەوان دادەنرێت، لەوانەش بنیادنانی زەقورەکان کە بەرزتر لەوانەی پێشوو دروستدەکران، هاوکات ڕازاندنەوەی دیوارەکان بە وێنەی هونەریی ڕەنگاو ڕەنگ و سەرنجڕاکێش.

میراتی کولتووری و شارستانیی کاشییەکان لە دوای خۆشیان لە لایەن گەلانی دیکەوە سوودی لێ بینراوە و دووبارە کراوەتەوە، لەوانە کلدانییەکان و ئەخمینییەکان کە بە شێوازی تەلارسازی کاشییەکان سەرسام بوون و لە ڕازاندنەوەی کۆشک و پەرستگاکانیاندا سوودیان لێ بینیووە.

 

کاشییەکان سەرەڕای ئەوەی خاوەنی کولتوورو زمانی تایبەت بەخۆیان بوون، بەڵام کەوتونەتە ژێر کاریگەری زمان و فەرهەنگی سۆمەرییشەوە، هەر بۆیە جگە لە ناوی چەند پاشایەک و ژمارەیەک خواوەند نەبێ، هیچی وایان بە زمانی ناوچەیی خۆیان بەجێ نەهێشتووەو زۆربەی تۆمارو نووسینەکانییان بەخەتی مێخی و زمانی بابلی تۆمارکردووە.

کاشییەکان لەماوەی حوکمڕانیاندا پەیوەندی دیبلۆماسیان لەگەڵ زلهێزەکانی ناوچەکە هەبووە، لەوانە بنەماڵەی هەژدەهەمی فەرمانڕەوای میسر، ئەمەشمان لە نامە دۆزراوەکانی (تەل عەمارنە)دا بۆ دەردەکەوێ کە ئاماژە بە گۆڕینەوەی دیاری و نامە دەکات لە نێوان پاشایانی کاشیی و فیرعەونەکانی میسردا.

کاشییەکان لە ڕووی ئاینییەوە وەک زۆربەی گەلانی ناوچەکە باوەڕیان بە چەندین خواوەند هەبووە. هەرە باڵاترینیان خواوەندی (کاش) بووە. بەڵام هاوکات لەگەڵ خواوەندە تایبەت و خۆماڵیەکانی خۆیان، بەشێک لە خواوەندەکانی میزۆپۆتامیاشیان پەرستووە و هاوشان لەگەڵ خواوەندەکانی خۆیاندا ناویان هێناون.

 

کاشییەکان لە کۆتایی ماوەی فەرمانڕەوایەتیاندا تووشی شەڕو ئاژاوەی زۆر دەبوون لەگەڵ دەوڵەتی ئیلامدا. ڕووبەڕووی چەند هێرشێکی زۆر توندی پاشایانی ئیلام بوونەوە، کە گرنگترینیان هێرشەکەی ساڵی (١١٦٢پ.ز)بوو کە توانیان بە تەواوی کۆتایی بە دەسەڵاتی کاشییەکان بهێنن و دەستبەسەر شاری بابلدا بگرن.

بەڵام وەک دەگوترێت کاشییەکان لە ناوچەی گەرمیاندا دووبارە خۆیان ڕێکخستووەتەوەو شانشینێکیان بە ناوی (نامری) دامەزراندووە، کە حەوت شاری ئاوەدانیان لە ناوچەکەدا بنیادناوە. بەڵام لە دواتردا بە هۆی هێرشە بەردەوامەکانی ئاشوورییەکانەوە دەبنە وێرانە.

هەرچەند دووبارە هەندێک شاری نوێ بنیاد دەنێنەوە و بەشێکیشیان بە کۆچەری لە ناوچەکەدا دەژین، وەلەو هێرشی ئاشوورییەکان هەر بەردەوام دەبێ تا ئەو کاتەی کاشییەکان بەتەواوی تێکدەشکێن و ناوچەکانیان بە شاری ئەرەپخا دەبەسترێتەوە کە ئەوکات لەلایەن ئاشوورییەکانەوە حوکمڕانی دەکرا.

 

سەرچاوەکان:

١- د.جەمال ڕشید، د.فوزی ڕشید: مێژووی کۆنی کورد.

٢- د.محمد محمود مەندەلاوی: مێژوو و شارستانیەتی کورد.

٣- کۆمەڵێک وانەی زانکۆیی: د.دڵگەش ئیبراهیم، زانکۆی سلێمانی.

زۆرترین بینراو

developed by Scorpion shield