دانیشتووانی کوردستانی دێرین؛ گۆتییەکان

بڵاوکردنەوە:

ئاریان ئومێد

نووسەر:

ئاریان ئومێد

بینراو:

810

بەش:

مێژوو

بەشی سێیەم

 

گوتییەکان

 

گوتییەکان یان گۆتییەکان یەکێک لە گرنگترین ئەو پێکهاتانەن کە لە کوردستانی دێریندا ژیاون. کۆنترین سەرچاوە باسی کردبن دەقی پاشایەکی سۆمەریە بە ناوی (لۆگال ئانی مێندوو) کە لە هەزارەی سێیەمی پێش زانیندا ژیاوە.

سنوری قەڵەمڕەوی و نیشتەجێبوونی گوتییەکان بە تەواوەتی ڕوون نیە، بەڵام بەگشتی باوەڕ وایە لە نێوان ڕووباری سیروان و زێی بچوکدا ژیاون و شاری (ئارابخا) واتە کەرکوکی ئەمڕۆ، مەڵبەندی دەسەڵاتەکەیان بووە.

گوتییەکان بە چەند شێوازێکی جیاوازی وەک (گوتی، قوتی، کوتی) ناویان هاتووە، قسەو باسی زۆر لە بارەی ناوەکەیانەوە هەیە، کە باوەڕوایە لە ناوچەکەیانەوە وەرگیرابێت کە لە خواروی ناوچەی (کردا)دا هەڵکەوتووە.

گوتییەکان لە یەکێک لە قۆناغەکاندا بە سەرکردایەتی پاشا (ئیلولومیش) دەست بەسەر تەواوی عێراقدا دەگرن و کۆتایی بە دەسەڵاتی ئەکەدییەکان دەهێنن، دەنگۆی ئەوە هەیە بۆ ماوەی نزیک بە (١٠٠) ساڵ، فەرمانڕەوایی ناوچەکەیان کردبێت، هەر ئەمەش وایکردووە ناویان لە تۆمارەکاندا زیاتر بوونی هەبێ و ناوی بەشێک لە پاشاو دەسەڵاتدارەکانیان ئاشکرابێت. هەر لەو ماوەیەدا ناوی (٢١) بیست یەک پاشایان لە لیستی پاشایانی سۆمەریدا تۆمارکراوە، وەک (ئیلولومیش، سالاگاب، ئیریدوپیزیر) کە ئەمەی کۆتاییان ناوبانگێکی زۆری هەیە، چوونکە دەقێکی لێ بەجێماوە تێیدا باسی بەشێک لە چالاکیە سەربازیەکانی دەکات.

پێدەچێت گوتییەکان ماوەیەکی کەم تەواوی ناوچەکەیان دەستبەسەردا گرتبێ و پاشان لە هەندێک لە ناوچەکانی باشوور کشابێتنەوە. بەڵام لە بابل و ناوچەکانی نزیکی ماوەیەکی زۆرتر ماونەتەوە. سۆمەرییەکان ئەم ماوەیە بە سەردەمی پشێوی و ئاڵۆزی دادەنێن، وادیارە گوتییەکان بەو سیستەم و ژینگەیەی سۆمەرییەکان ئاشنا نەبوون، یاخود وەک پێویست سروشتی خەڵکی ناوچەکەیان نەناسیووە، هەر بۆیە کێشەیان لە بەڕێوەبردنی ناوچەکاندا بۆ دروستبووە.

خاڵێکی گرنگی تر لەمەڕ گوتییەکانەوە ئەوەیە کە ئەم گەلە پێدەچێ هەنێک جار پاشاکانیان بۆ ماوەیەکی کاتی و دیاریکراو دانابێ، واتە بە پێچەوانەی ئەکەدی و سۆمەرییەکانەوە، پاشاکانی گوتیی جگە لە چەند پاشایەک، بەشێکی زۆریان ماوەی حوکمڕانیان یەکسان و دیاریکراوە.

هەڵبەت کۆمەڵێک بەڵگەو ئاسەواری گرنگ هەیە گومان دەخاتە سەر ئەو ڕایەی کە پێیوایە گوتییەکان تەنها لە مەڵبەندی نێوان زێی بچوک و سیرواندا ژیابن، وەک لە دەقێکی پاشای ئاشووریی (شەلمانسەری یەکەم ١٢٨٠ - ١٢٦١ پ.ز) دەردەکەوێت و ئاماژە بە بوونی خەڵکی گوتیی دەکات لە ناوچەکانی (ئورارتۆ) واتە باکووری کوردستان. هەروەها دۆزینەوەی سەری پاشایەکی گوتیی کە لە بڕۆنز دروستکراوە لە نزیک هەمەدان، گومانی ئەوە زیاتر دەکات کە گوتییەکان ڕووبەرێکی زۆر لەوە فراوانتریان لە ژێردەستدا بووە کە باس دەکرێت.

هاوکات شوێنەوارو جێ دەستی خۆیان لە ناوچەکەدا بەجێهێشتووە، لەوانە داتاشراوی (هۆرێن شێخان) کە مێژوونوس و لێکۆڵەرێکی وەک "دیاکۆنۆف" باوەڕیوایە شوێنەوارێکی گوتییەو دەگەڕێتەوە بۆ هەزارەی دووەمی پێش زاین.

مێژووی گوتییەکان تاکوو ئەمڕۆش پێویستی بە لێکۆڵینەوە و بەدواداچوونە، هێشتا وەکوو پێویست کنەو پشکنینی ورد لە ناوچەکانیان نەکراوە، دەشێت هێشتا نووسین و شوێنەوارێکی زۆریان مابێ کە نەکەوتبێتە بەر چاوی توێژەران و شوێنەوارناسان.
 

سەرچاوەکان:

١- د.جەمال ڕشید، د.فوزی ڕشید: مێژووی کۆنی کورد.

٢- د.محمد محمود مەندەلاوی: مێژوو و شارستانیەتی کورد.

٣- کۆمەڵێک وانەی زانکۆیی (د. دڵگەش ئیبراهیم)، زانکۆی سلێمانی.

زۆرترین بینراو

developed by Scorpion shield