ڕێکخراوی ناتۆ

بڵاوکردنەوە:

ئیسماعیل عەبدوڵڵا ئەحمەد

نووسەر:

ئیسماعیل عەبدوڵا ئەحمەد

بینراو:

517

بەش:

ڕامیاری

ناتۆ (NATO)، کورتکراوەی 'ڕێکخراوی هاوپەیمانی باکووری ئەتڵەسی (North Atlantic Treaty Organization)'. ٣٠ وڵات تیایدا ئەندامن، بەشێک لەو وڵاتانە بریتین لە ئەمریکا و بەریتانیا و فەرەنسا، کە خاوەنی مافی ڤیتۆن، کە لە هەمان کاتیشدا ئەندامی هەمیشەیی ئەنجوومەنی ئاساییشی نەتەوە یەکگرتووەکانن، دووبارە ئەو وڵاتانە خاوەنی چەکی ناوەکین. لەپاڵ ئەم سێ وڵاتە زلهێزەدا، هەر یەکێک لە وڵاتانی ئیتاڵیا، ئەڵمانیا، بەلجیکا و تورکیا و ...هتد هەن. ناتۆ، لە دوای جەنگی دووەمی جیهانی، لە ساڵی ١٩٤٩ دامەزراوە بۆ بەرپەچدانەوەی شەپۆڵی کۆمیونیزم، بەتایبەتی لە خۆرهەڵات و نێوەڕاستی ئەوروپا.

ڕێکەوتننامەی دەنکێرک، کە لەلایەن فەرەنسا و شانشینی یەکگرتووەوە لە ٤ی مارسی ١٩٤٧، لە دوای جەنگی دووەمی جیهانی و سەرەتای دەستپێکردنی جەنگی سارد، وەک ڕێکەوتنێکی هاوپەیمانیێتی و هاریکاری لە ئەگەری هێرشی ئەڵمانیا یان یەکێتی سۆڤیێت پێکێهێندرا. لە مانگی مارسی ١٩٤٨، ئەم ڕێکەوتنە لە پەیماننامەی برۆکسلدا فراوانتر کرا بۆ ئەوەی وڵاتانی بێنێلۆکس (Benelux) بگرێتەوە، بۆیە ڕێکخراوی پەیمانی برۆکسلیان پێکهێنا کە بە 'یەکێتی ڕۆژئاوا' ناسراوە. سەرەتا لە مارسی ١٩٤٨، هەر یەکێک لە وڵاتانی بەریتانیا، فەرەنسا، بەلجیکا، هۆڵەندا و لۆکسەمبۆرگ، بە واژۆی پەیماننامەی برۆکسل 'یەکێتی بەرگری بەکۆمەڵ'یان پێکهێنا. لە دواتردا هەر یەکێک لە وڵاتانی دانیمارک، ئایسلەندا، ئیتاڵیا، نەرویج و پرتوگال هاتنە ڕیزی ئەو وڵاتانە، وە لە دوای دوو مانگدا هەر یەکێک لە وڵاتانی کەنەدا و ئەمریکاش هاتنە ڕیزی ئەو وڵاتانە. وتوێژەکان بۆ پێکهێنانی هاوپەیمانییەتیێکی سەربازی، کە دەکرا وڵاتانی ئەمریکای باکووریش بگرێتەوە دەستپێکرد. هەر لەو مانگەدا ئەمریکا، کە سیاسەتی دەرەوەی بەپێی دۆکترینی ترومان بوو، هاودەنگی نێودەوڵەتی بەرەوپێشبرد دژی ئەو کارانەی کە وەکو ڕەفتاری دوژمنکارانەی کۆمیونیستی دەیبینی، هەروەکو کودەتاکەی شوباتی ١٩٤٨ لە چیکۆسلۆڤاکیا. ئەم دانوستاندنانە بوونە هۆی واژۆکردنی هاوپەیمانییەتی باکووری ئەتڵەسی لە ٤ی نیسانی ١٩٤٩ لەلایەن وڵاتانی ئەندامی 'یەکێتی ڕۆژئاوا' لەگەڵ ئەمریکا، کەنەدا، پورتوگال، ئیتاڵیا، نەرویج، دانیمارک و ئایسلەندا. دیپلۆماتکاری کەنەدی لێستەر بی پیرسۆن، نووسەر و داڕێژەری سەرەکی پەیماننامەکە بوو.

ناتۆ، هاوپەیمانییەتیێکی سەربازییە کە لە ٣٠ وڵاتی سەربەخۆ پێکهاتووە لە گشت ناوچەکانی ئەورویا و ئەمریکای باکوور، وە هەروەها ٢٢ وڵاتی تر بەشداری دەکەن لە پرۆگرامی هاوبەشی لەپێناوی ئاشتی، وە هەروەها ١٩ وڵاتی تر بەشداری لە پرۆگرامی وتووێژی دامەزراوەیی ناتۆدا دەکەن. بارەگە سەرەکییەکەی ناتۆ، لە سەرەتادا لە فەرەنسا بوو، بەڵام لە ساڵی ١٩٦٦ەوە گوازراوەتەوە بۆ شاری هارین، کە بەشێکە لە شارەوانی برۆکسلی بەلجیکا. ماددەی ٥، سەرەکیترین ماددەی ئەم ڕێککەوتنەیە. ماددەکە سەبارەت بە هێرشە بۆ سەر هەر یەکێک لە وڵاتانی ئەندامی هاوپەیمانییەتیێکە وەکو هێرش بۆ سەر گشت ئەندامەکان، وە دەبێت تەواوی ئەندامەکان لە دژی وڵاتی هێرشکار بوەستنەوە.

ئۆرگانەکانی ناتۆ:

١. ئەنجوومەنی باکووری ئەتڵەسی
گرینگترین کۆمیتەکانی ئەنجوومەنی باکووری ئەتڵەسی:
• لیژنەی ڕاوێژکارانی سیاسی
• لیژنەی ڕاوێژکارانی ئابووری
• لیژنەی پێداچوونەوەی ساڵانە
• لیژنەی کەرەستە سەربازییەکان
• لیژنەی بودجەی سەبارزی
٢. سکرتارییەت
٣. لیژنەی سەربازی

 

بەشێک لە ئۆپراسیۆن و چالاکییەکانی ناتۆ:

• دەستتێوەردان لە عێراق ١٩٩١
• دەستتێوەردان لە بۆسنە و هێرسک ١٩٩٢
• دەستتێوەردان لە کۆسۆڤۆ ١٩٩٩
• دەستتێوەردان لە ئەفغانستان ٢٠٠١
• چاودێری کردنی دەریای نێوەڕاست ٢٠٠١
• نێردەی مەشق و ڕاهێنان لە عێراق ٢٠٠٤
• ئامادەبوون لە دوورگەی عەدەن بۆ دژایەتی گرووپە چەتەییەکان ٢٠١٠
• دەستتێوەردان لە لیبیا ٢٠١١
• پاڵپشتی ڕێکخراوی یەکێتی ئەفریقا ٢٠٠٧

لە ئامادەکردنی
ئیسماعیل عەبدوڵا ئەحمەد، توێژەری سیاسی، زانکۆی سەڵاحەددین – هەولێر

بەرواری ئامادەکردن
٠١/٠١/٢٠٢٣

زۆرترین بینراو

developed by Scorpion shield