پڕۆژەی مارشاڵ

بڵاوکردنەوە:

ئیسماعیل عەبدوڵڵا ئەحمەد

نووسەر:

ئیسماعیل عەبدوڵا ئەحمەد

بینراو:

545

بەش:

ڕامیاری

پڕۆژەی مارشالٚ، پڕۆژەیێکی ئابووری ئەمریکی بوو لەپێناوی بووژاندنەوەی ئەوروپای ڕووخاوو. ئەم پڕۆژەیە لە دوای جەنگی دووەمی جیهانی هاتە ئاراوە بە مەبەستی بونیادنانەوەی ئەوروپا، کە جەنگی دووەمی جیهانی وێرانی کردبوو. بانکی نێودەولٚەتی پالٚپشتی لە پڕۆژەکە کرد لەپێناوی دووبارە بونیادنانەوەی ئەوروپای دوای جەنگ. ئەم پڕۆژەیە لە لایەن جۆرج مارشالٚ، سەرۆکی دەستەی ئەرکانی سوپای ولٚاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا داڕێژرا، کە لە کاتی جەنگی دووەمی جیهانی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بووە لە سالٚی ١٩٤٧. لە وتارەکەیدا لەبەردەمی زانکۆی هارڤارد ،ئەو دەستەیەی کە حکومەتەکانی ئەوروپا پێی هەلٚسان لەپێناوی جێبەجێکردنی پڕۆژەکە ناوی لێندرا 'ڕێکخراوی هاوکاری و ئابووری ئەوروپی'. ئەو گوژمەیەی تەرخان کرا بووە بەشێک لە پڕۆژەی بونیادنانەوەی ئابووری و بەکارخستنەوەی کارخانەکانی ئەوروپا، کە گوژمەی تەرخانکراو بە نزیکەی ١٣ ملیار دۆلار دەخەملێندرێت.

جەنگی دووەمی جیهانی هۆکارێکی سەرەکی بوو بۆ ڕووخان و هەلٚئاوسانی دارایی لە ئابووری ولٚاتانی ئەوروپا، کە بووە هۆی بێ بازاڕی و بلٚاوبوونەوەی بێ کاری و هەژاری بە شێوەیێکی بەرفراوان، کە ئەم دۆخە زەمینەیێکی لەباری رەخساند بۆ بلٚاوبوونەوەی کۆمیونیزم لە خۆرهەلٚاتی ئەوروپا، کە ئامانجی یەکێتی سۆڤییەتی پێشوو بوو. هەرچی سەبارەت بە ئەمریکایە، پێویست بوو لەوکاتەدا بە خێرایی بجوولٚێتەوە و گرینگی بە بازنەی ئابووری بدات وەکو هۆیەکی سەرەکی و کاریگەر، کە ئەمانەش بەرەو دوو ئاڕاستە دەچوون بۆ کۆنترۆلٚکردنی ئەوروپا و ژاپۆن. جوولٚانەوەی ئەمریکی لەگەلٚ بوورژوازییەتی ئەوروپا و ژاپۆن بەرەو دوو ئاراستە هەنگاویان نا؛

1. پڕۆژەی مارشالٚ، بۆ بونیادنانەوەی سەرمایەداری لە ئەوروپا بە شێوەیێکی گشتی، هەروەها بۆ ڕاگرتنی درێژەپێدانی شۆرشی ڕزگاریخواز لە پلەی یەکەمدا و بەتایبەتی لە فەرەنسا و ئیتالٚیا ،هەروەها بە مەبەستی کۆنترۆلٚکردنی سەرمایە لە هەردوو ولٚاتدا.
2. بونیادنانەوەی سەرمایەی ئەلٚمانیا و ژاپۆن، کە کۆمەلٚگاکانیان بە لاوازی ڕێژەیی لە بوونی سەندیکایە سیاسییەکان ناسرا بوون، کە بووبوونە مایەی داهاتێکی زۆر بەرز بۆ سەرمایەی ئەمریکا و بۆرژوازییەتی ئەلٚمانی و ژاپۆنی. بەهۆی ئەوەی دۆلار وەکو دراوێکی جیهانی مامەلٚەی پێوە دەکرا، ئەمریکا دەیتوانی کۆنترۆلٚی پڕۆژەکانی وەبەرهێنان بکات، لە ڕێگای کڕینەوەی پڕۆژەکان و پەیماندان بەو ولٚاتانە لە بەرامبەر پێدانی دۆلار. لێرەدا ولٚاتانی ئەوروپا و ژاپۆن بووبوون بە پاشکۆ و وابەستەی سیاسەتە ئابوورییەکانی ئەمریکا.

ئەمریکا پەیڕەوی سیاسەتێکی ستراتیژی و ئابووری کرد بۆ بەرەنگاربوونەوەی مەترسی شەپۆلٚی کۆمیونیزم، لە ڕێگای پێشکەشکردنی یارمەتی و کۆمەک و قەرزدان بە ولٚاتانی ئەوروپا. لە ڕێگای قەرزدان بەو ولٚاتانەی، کە لە دوای جەنگی دووەمی جیهانیدا دووچاری داڕمان و هەلٚئاوسانێکی گەورەی ژێرخانی ئابووری و مرۆیی بووبوونەوە.

پڕۆژەی مارشالٚ وا ڕاگەیاندرا، کە لە دژی هیچ ولٚات و ئایدیۆلۆژییایێک نییە، بەلٚکو لە دژی هەژاری و بێ کاری و برسیێتییە، کە لە دوای جەنگی دووەمی جیهانیدا ولٚاتانی ئەوروپا دووچاری زیانی گەورە بووبوونەوە لە ژێرخانی کەرتی کشتوکالٚی و پیشەسازی و بازرگانی، کە ئەم دۆخەش زەمینەیێکی لەباری بۆ بلٚاوبوونەوەی شەپۆلٚی کۆمیونیزم لە ولٚاتانی ئەوروپا بەتایبەتی خۆرهەلٚاتی ئەوروپا دەرەخساند.

لە ڕاستیدا پڕۆژەی مارشالٚ، ئامانجی سیاسی و ئابووری و سەربازی خۆی هەبوو. جۆرج مارشالٚ ڕایگەیاند، کە ئەم پڕۆژەیە لە دژی هیچ ولٚات و ئایدیۆلۆژیایێک نییە، بەلٚکو لە دژی ئەو هەژاری و بێ کاری و برسیێتییەیە، کە ولٚاتان لە دەرئەنجامی جەنگی دووەمی جیهانیدا دووچاری بوونەتەوە.

ئالٚۆزی نێوان هەردوو جەمسەری ڕۆژهەلٚات و ڕۆژئاوا قوولٚتر بوویەوە، کاتێک گەلٚالٚەنامەی مارشالٚ بۆ بووژاندنەوەی ئابووری ئەوروپا ڕاگەیاندرا. ئەم پڕۆژەیە یارمەتی دارایی دەبەخشییە ولٚاتە ئەوروپییەکان بەو مەرجەی، کە کالٚا و شتومەکی ئەمریکی بکڕن، کە دەبووە هۆی جوولٚێنەری زیاتری ئابووری ئەمریکا. دەبوو ئەو یارمەتییە داراییانەی، کە ئەمریکا پێشکەشی ولٚاتانی ئەوروپای دەکرد لە دامەزراندنی کەرتی تایبەت و بونیادی دامەزراوەی سیاسی و ئابووری لیبرالٚی بە سەرپەرشتی ڕاهێنەر و مەشپێکراوی ئەمریکی خەرج بکرێن.

ستالین ڕایگەیاند، کە پڕۆژەی مارشالٚ بۆ هاریکاری ئەوروپا، فیلٚێکە لە لایەن سەرۆکی ئەمریکا هاری ترومان، کە تەنها هۆکارێکە بۆ فراوانخوازی ئابووری ئەمریکی. ستالین وەلٚامی ئەم پڕۆژەیەی دایەوە و بە پڕۆژەیێکی ئیمپریالیزمی ناوبرد و بەشداری نەکرد، وە ڕێگەی نەدا کە ولٚاتانی سەر بە یەکێتی سۆڤییەت بەشداری بکەن. لەگەلٚ هەموو ئەمانەشدا ،١٦ ولٚات لە نێوانیادا ئەلٚمانیای ڕۆژئاوا لە پاریس کۆبوونەوە و بەرنامەیێکیان داڕشت، کە ئەمریکا بڕی ١٧ ملیار دۆلاری تەرخان کرد. بە شێوەیێکی گشتی پڕۆژەی مارشالٚ سەرکەوتنی بەدەستهێنا. ئەمریکا هەمیشە 'سیاسەتی دەرگای کراوە'ی لە بواری ئابووری نێودەولٚەتیدا پەیڕەو دەکرد، بۆ ئەوەی ئابووری ولٚاتانی تر بە ئابووری ئەمریکاوە گرێبدات.

لە ئامادەکردنی: ئیسماعیل عەبدولٚا ئەحمەد عەبدولٚا ؛ توێژەری سیاسی، هەولێر، زانکۆی سەلٚاحەددین – هەولێر.
بەرواری ئامادەکردن: ٠١/٠١/٢٠٢٣ 

زۆرترین بینراو

developed by Scorpion shield