جەنگی سارد

بڵاوکردنەوە:

ئیسماعیل عەبدوڵڵا ئەحمەد

نووسەر:

ئیسماعیل عەبدوڵا ئەحمەد

بینراو:

947

بەش:

ڕامیاری

لە دوای کۆتایی هاتنی جەنگی دووەمی جیهانی، زاراوەیێکی نوێ لە بواری پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان هاتە ئاراوە، کە ئەویش زاراوەی 'جەنگی سارد' بوو. ئەو جەنگە ململانەیێکی سیاسی، ئایدیۆلۆژی، دیبلۆماسی، جەنگی دەروونی، جەنگی ڕاگەیاندن و پروپاگەندەی سیاسی بوو، کە لەگەڵ کێبڕکێی بەرەوپێشبردنی ئابووری نێوان هەردوو بلۆک و کێبڕکێی پڕچەککردن و فراوان کردنی توانا سەربازییەکان بەرفراوانتر بوو.

لە لایەنی سەربازییەوە مانۆڕ و نماییشی سەربازی لەخۆدەگرێت، وە هەروەها بەستنی پەیماننامەی سەربازی و جەمسەربەندی بۆ گەمارۆدانی دوژمن، بەڵام لە دۆخی ڕووبەڕووبوونەوە لە جەنگی ساردا ناگات بە ئاستی جەنگی جیهانی و جەنگی گشتی لە بەکارهێنانی ڕاستەوخۆی تووندوتیژی و خوێنڕشتن، وە یانیش بەکارهێنانی چەکی ناوەکی و کۆمەڵکوژ. جەنگی سارد، زیاتر لە ململانەیێک لە ئاستی نێودەوڵەتییەوە نزیکترە وەک لە جەنگێکی ڕاستەوخۆی نێوان بلۆکەکان. دەکرێت بوترێت، کە جەنگی سارد نە لە حاڵەتی ئاشتی دایە، وە نە لە حاڵەتی جەنگی ڕاستەوخۆی نێوان لایەنەکان. لەو ململانەیەدا گشت هۆکار و پاڵنەرەکان بۆ گرژی لە نێوان بلۆکەکان بوونیان هەیە، بەڵام ناگات بە ئاستی جەنگی ڕاستەوخۆ و چەکداری نێوان لایەنەکان. دەکرێت بوترێت، کە جەنگی سارد، جەنگێکە بەهێزتر لە ململانێ و کەمتر لە جەنگی ڕاستەوخۆ و پێکدادانی سەربازی نێوان بلۆکەکان. لایەنە ناکۆکەکان لە جەنگی ساردا، گشت جۆرە چەکێکی سیاسی، ئابووری، ڕاگەیاندن، دەروونی و تەکنەلۆژی لە دژی یەکتردا بەکاردەهێنن، جگە لە پێکدادانی سەربازی و بەکارهێنانی چەکی سەربازی.

جەنگی سارد، ململانەیێکی ئایدیۆلۆژی نێوان ئایدیۆلۆژیای سۆشیالیستی بەسەرکردایەتی سۆڤییەت و ئایدیۆلۆژیای سەرمایەداری بەسەرکردایەتی ئەمریکا بوو. لەو جەنگەدا، ڕۆڵی وشە و وتار زیاتر بوو، لە ڕۆڵی چەک و هێزی سەربازی. لەگەڵ ئەوەشدا، پێویستە ئاماژە بەوەش بکرێت، کە کێبڕکێی پڕچەککردن لەسەر ڕووی هەموویانەوە چەکی ئەتۆمی، یەکێک بوو لە سیمایە هەرە دیارەکانی جەنگی سارد. لە سەردەمی جەنگی ساردا، پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان زۆر کێشە و گرژی و جەنگی سنوورداری بەخۆیەوە بینی، لەوانە؛ ئابڵووقەدانی بەرلین ١٩٤٨، جەنگی کۆریا ١٩٥٠، دانانی دیواری بەرلین ١٩٦١، قەیرانی مووشەکەکانی کوبا ١٩٦٢، بەڵام ئەو کێشە و گرژییانە نەبوونە هۆی سەرهەڵدانی جەنگی سێیەمی جیهانی. جەنگی سارد، بەشێوەیێکی بەرچاو لە ساڵی ١٩٤٦ دەرکەوت، وە هاوکات لەگەڵ لووتکەی ماڵتا لە کانوونی یەکەمی ١٩٨٩، وە لە دوای ڕووخاندنی دیواری بەرلین لە کانوونی یەکەمی ١٩٨٩ و هەڵوەشانەوەی بەرەی سۆشیالیستی و هاوپەیمانی وارشۆ لە ساڵی ١٩٩١، کۆتایی بە جەنگی سارد هات.

دەستەواژەی 'جەنگی سارد'، بەر لە ساڵی ١٩٤٥ بە دەگمەن بەکارهاتووە. هەندێک لە نووسەران یەکەم بەکارهێنانی دەستەواژەکە دەگەڕێننەوە بۆ دۆن خوان مانوێلی ئیسپانی، کە لە سەدەی چواردەهەمی زایینی، بە زمانی ئیسپانی ئەو زاراوەیەی بەکارهێناوە وەک ئاماژەدان بۆ ململانێی نێوان ئایینی ئیسلام و مەسیحییەت لە ئیسپانیادا. کاتێک نووسەر و ڕۆژنامەنووسی بەناوبانگی ئەمریکی واڵتەر لیپمان، لە ساڵی ١٩٤٧ کتێبێکی بە ناوی جەنگی سارد بڵاوکردەوە، ئیتر لەوکاتەوە چەمکی جەنگی سارد، بووەتە یەکێک لە دەستەواژەکانی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان. دەکرێت بەم شێوەیە پێناسەی چەمکی جەنگی سارد بکەین، کە حاڵەتێکی ئاڵۆزی و گرژی بوو لە نێوان هەردوو زلهێزەکە (ئەمریکا و یەکێتی سۆڤییەتی پێشوو)، کە لە دوای جەنگی دووەمی جیهانیدا سەریهەڵدا.

جەنگی سارد حاڵەتێکە لە نێوان ئاشتی و جەنگدا، واتا نە ئاشتی تیایدا بەرقەرارە، وە نە جەنگی ڕاستەوخۆ و فراوانیش لە نێوان لایەنەکاندا ڕوودەدات. جەنگی سارد دۆخێکە، کە تیایدا فاکتەرەکانی هەڕەشە و بێ متمانەیی و پشێوی زاڵە لە پەیوەندی نێوان دەوڵەتەکان لە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی، وە هەروەها لە بنەڕەتدا جەنگی سارد دەگەڕێتەوە بۆ ناکۆکی ئایدیۆلۆژی و سیاسی نێوان هەردوو زلهێزەکە.

 

لە ئامادەکردنی
ئیسماعیل عەبدوڵا ئەحمەد، توێژەری سیاسی، زانکۆی سەڵاحەددین – هەولێر
بەرواری ئامادەکردن
٠١/٠١/٢٠٢٣

زۆرترین بینراو

developed by Scorpion shield