گەنج، عیشق، ماڵ

بڵاوکردنەوە:

شاکار جوامێر عەزیز

نووسەر:

سیداد ئەسوەد خدر

بینراو:

560

بەش:

فەلسەفە

خوێندنەوەیەکی سایکۆفەلسەفییانە بۆ ئەم سێ چەمکە لە ڕێگەی کتێبەکەی "پێشڕەو عبدوڵڵا".

 

تێگەیشتن لە کۆمەڵگەی کوردی و پشکنینی دیوە سایکۆڵۆژی و مەعریفییەکانی ئەرکێکی ڕۆشنبیری و ناچارەکییە، بۆ گەیشتن بە فۆڕمی دیکەی ژیان و بیرکردنەوە لە ئەگەر و شیانی دیکەی باشتر بۆ هاوسەرگیری و عیشق و دروستکردنی ماڵ.

ئێمەیش وەکو کۆمەڵگایەکی زیندوو، مافی ئەوەمان هەیە بیر لە ئەگەری باشتر بکەینەوە بۆ ژیانکردن، هەوڵی تێگەیشتن لەو ئاڵەنگاریانە بدەین کە، بوونەتە هۆی بێتاقەتی و دڵ توندی گەنجەکانمان و لانیکەم تێگەیشتنێک بێتە ئاراوە بۆ دروستکردنی خێزانێکی بەختەوەر و تێگەیشتوو، کە هێزی ڕووبەڕووبونەوەی ژیانی هەبێت.

لە ڕۆژگارێکی وەهادا کە زۆربەی شتەکان بە ڕێڕەوی خۆیان بەڕێوە ناچن، پێشبینی سەرهەڵدانی کێشەکان شیانێکی چاوەڕوانکراو و بەرچاون. بۆیە ئەم پڕۆژەیە کە بریتی دەبێت لە (گەنج، عیشق، ماڵ) کێشەیەکی هەنوکەیی باو دەبێت لای ئەم جیلە و جیلی داهاتووش بێگومان، بۆیە لە ئەگەری ڕووبەڕووبوونەوەی کێشەکان بە ڕووی گەنج، عیشق، ماڵدا زیاتر ڕژدتر و وردتر دەبینەوە لەهۆی شتەکان، چونکی بە تێگەیشتن لە هۆی شتەکان، حەقیقەتمان بۆ ڕۆشن دەبێتەوە.

بۆیه لەو کێشەو مەشاکیلانە ئەو بیرکردنەوەیەی بۆ ڕەخساندووین کە، بەجدی زانست لانکەکەی خۆی جێهێشتووە و لە دەرەوەی لانکەکەیدا شرۆڤەی باسە نوکەییەکانی دەکات، بە ئەگەرێکی زۆرەوە سەرکەوتن دەگەڕێنینەوە بۆ قورسایی و هێزی (Imitation)، چونکی بەندە وەکو شارەزایەکی بواری زمانەوانی ئەزانێ، کە لە فێربوونی زمانێکیشدا ئیمیتێیشن چەنێ ئەهمیەتی بۆ خۆی خوڵقاندووە، واتە بەکورتی سەرکەوتن لە ئێستایا هەر ئەوەنەیە بتوانی فۆڕمە حازر و بزرەکان دووبارە بکەیتەوە و لاساییان بکەیتەوە، چەنێک باشتر، چەنێ سەرکەوتووتر.

لە ڕاستیدا وەکو قوتابیەکی زانکۆش، زۆرجار بیرەکەمەوە زانست بۆ وا بێئەمەکانە دەڕوا بەڕێدا، کەچی پێویستی بە ڕیفۆرم کردنێکی واقعیانەی تەواوەتی هەیە. لە سەردەمی ئێستادا زۆر و بۆری لە توێژینەوە و لێکۆڵینەوە مەیدانی و نامەیدانییەکان لە پەیمانگا و زانکۆکاندا، وای کردووە هەمیشە فەرد ناچار بکرێت، بیربکاتەوە، بەڵام هەتا لە زانکۆکەی خۆشمدا هێندەی توێژینەوەکان دەخوێنمەوە بە عەرەبی و کوردی و ئینگلیزیش هیچیان ئازادی بیرکردنەوەیەکی خەفیفانە ناداتە دەستی خوێنەرێکی گەنجی وەکو من و سەدان هاوشوێنی وەکو من.

هێندەی گەنجانی ئێمە لە ئێستایا پێویستیان بەوەیە، بیرکردنەوەی تایبەت بە خۆیانیان هەبێت و لە دیوە تاریکەکانیان بنۆڕین و لە ناوی ناوەوەیان تێبگەین، هێندە پێویستیان بەوە نییە، کە بێین و ڕووکەشیان بۆ جوان بکەین، چیتر ئێمە لەوانە نین بە سیستەمی (وەرگرتن و دانەوە) کاربکەین، بەڵکو ئەوەش دەڵێین کە وەرگرتن و دانەوە دەمانخاتە ناو شوێنێکی زۆر مەترسیدارەوە. ئەگەری ئەوە هەیە وەرگرتن و دانەوە هەموو شتەکان بکاتە ڕای کەسی، خۆشتان ئەزانن ڕای کەسی نابێتە حەقیقەتێکی پشت پێ بەستراو.

بە خۆگرتنەوەمان لە بابەتە (سیاسی و ئابووریەکان) و مانا بەخشینەوە بە ماڵ و نیشتیمان لای گەنجەکانمان، شتەکانی خۆمان وردتر کردۆتەوە، بەڵام کە ئەڵێین مانا بەخشینەوە بە ماڵ و نیشتیمان لای گەنجەکانمان، ئەوە بزانن خەریکە بەهایەکی ئەوتۆی نامێنێ کەچی ماڵی کوردی پێویستیەکی جدی بەم بابەتانە هەیە.

بەھیوام ئەم نوسینەمان ببێتە هۆیەک بۆ زیاتر ئاشنابوونی گەنجانی خۆمان بەخۆی و بە جڤاتەکەی. هەرچەندە نوسینەکە تێکەڵەیەک لە بیروڕای خۆم و نووسەر بەڵام پێویست وایە بانگێک بێت بەگوێی گەنجەکانمان بدرێت و بەس...

کەم و کوڕیش لە فیترەتی مرۆڤەوەیە.

 

١. ماڵ لەبەردەم هێزی دەرەوەدا:

بەئاگا و بێئاگا، لەوەی کە باسی دەکەین، ڕاستە، پێویستییەکانی مرۆڤ، مرۆڤ بەشێوەیەک ناچار دەکات بچێتە دەرەوە، کە هەندێ جار وای لێدەکات، بە مانگ و دوو مانگیش نەیەتەوە ماڵ، بەڵام ئەوەی لێرەدا باسی دەکەین ڕەنگبێ ئەوە نەبێ بەڵکو لێرەدا پرسیار گەلێک لەدایک دەبن، کە ئایا ئەوە ناشرینی ماڵە وا لەمرۆڤ دەکات بچێتە دەرەوە؟ یان جوانیی ماڵە مرۆڤ پەلکێشی دەرەوە دەکات؟

یان ئایا ئەوە ناشرینی دەرەوەیە وا لە مرۆڤ دەکات، بڕواتە ماڵ؟ یاخود جوانی ماڵە دەتگەڕێنێتەوە بەرهەیوانەکانی خۆی؟ تۆی مرۆڤ گەرچی زۆرێک هۆکار هەبن پەلکێشی نەچوونە دەرت بکەن، بەڵام ناتوانی مانگێک لەماڵ بمێنیەوە، وەک وتم مانگێک ئەتوانی نەچیتە ماڵ! ئەزانی چی؟ کاتێ پیاو یان ژن یان کوڕەکەت یان کچەکەت، ناتوانێ بەهەشت لە دیەی ماڵ ببینێ و بدۆزێتەوە، هەوڵ ئەدات لە ڕێگەی، سەیران و گەشت و گوزاردا، هێزی بەهەشت و خۆشی لە دەرێی ماڵدا بدۆزێتەوە.

 

ئەرستۆ ئەڵێ:

"بێ ماڵی، بێ ئیسراحەتییە."

بەڵام لێرەدا من شتێک دەڵێم، ئەڵێم ئایا دەکرێت مرۆڤ بەهەشت لە ماڵێدا بخولقێنێ؟ ئەڵێم بەڵێ سادەترین شت کە تێیدا بتوانم وەڵام بخولقێنم ئەوەیە کە، دیارترین وشە کە بەهەشتی پێدەناسینەوە بریتیە لە "ئاشتی".

 

ڕەنگبێ چیرۆکەکەی "ئادەم و حەوا" پاڵنەرێکی باش بێت تا بیربکەینەوە کە ئایا ماڵ تەنیا شوێنێکە تا شەو سەری پێوە بنێینەوە و شەوان لەدەرەوە نەخەوین؟ کە ئەوە تێگەشتنێکە بۆ شوێنێک کە پێی دەوترێ (هۆتێل)، گەر وا تێگەشتووی؟ بەداخەوە لە مانای ڕاستەقینەی ماڵ نەگەشتووی، بەڵام  ئادەم و حەوا خۆ ڕووت و قووتیش بوون ئەو کاتەی لە بەهەشت بوون و هاتنە خواریش، کەچی ئەزانی بۆ هەستیان هەبوو بۆ ماڵ و لە مانای ڕاستەقینەی ماڵ گەیشتبوون؟ چونکە بەڕاستی ماڵ لە ناوەوەی ناویان بوو.

لە مێژینەی هەستەکانی منەوە، کۆمەڵگەی من وای تێگەیاندم کە پرسیار و وەڵام دوو شتی دژیەکن و هەمیشە ئەیان وت، ئێستەیشی لەگەڵ بێت ئەیڵێنەوە کە، پرسیار و وەڵام دووژمنن، هەردووکیان هەوڵی قوتاربوون لە یەکتری ئەدەن تا نەکەونە بەر شاڵاوی ئەنفالی یەکتری، بەڵام تێگەشتنی من جودابوو، چون پێم وایە گەر پرسیار نەبێ! وەڵامێکیش نییە بەدوایدا وێڵبێ، بۆیە دوو هاوڕێی یەک گیانین لەدوو جەستەدا.

بۆیە گەنجی ئێمە، وەک تاکێکی کوردیی ڕەسەن دوور لە هەموو فۆڕمە مۆدێرنەکان پێویست وایە بیربکاتەوە کە بۆچی ئەوەنە حەزی لە دەرەوەی ماڵە و لای ئاسایی نییە و قوڕسە کە هێلانەیەک پێکەوەبنێ، یان هێندە شوێن ئومێدەکانی دەرەوە نەکەوێت.

ڕۆژێک من وەک ھاوڵاتییەکی ئەم وڵاتە، وەک سیداد زۆر ئەترسم کە دەرەوە هێندە کار بکاتە سەر عەقڵی ناموختاری گەنجەکانمان کە ماڵیان بۆ لەیەک نەدرێتەوە لە یەک تێرمی سەربەخۆدا، چون بەڕاستی دەرەوەی ماڵ مرۆڤ پەلکێشی خۆی دەکات لە جیهانی ئێستەی کامێرە و شاشەی بەردەم مرۆڤدا، کە لە ساتە بێزارەکانی ژیانییدا پەناو هانا بۆ دەرەوە دەبات.

چ کوڕ بێ چ کچ بێ، گەر ماڵێک ئاشتی تێدا بەرقەرار نەبێ، ئەترسم کچان و کوڕانی ئێمە لەبەر ئەو فەرایەی ناو ماڵەکانیان بڕۆن و کوێرانە هاوسەرگیری بکەن. لێرەوە ماڵ دەکەوێتە بەر شاڵاوی دەرەوە.

 

بەڵام لێرەیا با پێتی بڵێم، کە هەرگیز شتێک نییە کە هاودژییەکەی ئامادەنەبێت، بە نموونە گەر تۆ ڕادەکەیت تا ماڵ بەدەرەوە بکەیت، یەکێکیش لە دەرەوە ڕادەکات تا دەرێ بەماڵ بکات.

 

٢. شەڕ لەنێوان ماڵ و دەرەوەدا:

دەرەوە بە جۆرێک خۆی ئارایشت دەکات، تا لەسەر شێوەی ماڵ بەنێو دڵی هەموواندا گوزەر بکات، کە زۆربەی جارەکانیش ماڵ ناتوانێ، ئەو شەڕە لەوبەرێتەوە. لەگەڵ ئەوەشدا کە ئەم شەڕە لەنێوانیاندا شەڕی بەیەکچواندنی یەکترییە، وەلێ هەرکاتێ دەرەوە هەستی کردبێ کە بەتەواوەتی ماڵی کوشتووە و ماڵ لەنێو زیهنی مرۆڤدا نەماوە، دڕندانە ڕێگەی نەیاوە کە هەست بە مردنی ماڵ بکات.

تاکە جیاوازیش لەنێوان ئەم دووانەدا ئەوەیە کە ماڵ، هەرکاتێ هەستی کردبێ دەرەوە مردووە، مرۆڤەکانی ئازاد کردووە لەوەی نەبنە گێڕەرەوەی مەرگی دەرەوە. باوەڕم وایە کە مرۆڤ هەرگیز لە ئەنجامی حەزی بۆ دەرەوە ماڵ بەجێ نایەڵێ، بەڵکو خودی ماڵە، مرۆڤ پەلکێشی دەرەوە دەکات، بەو بۆمبانەی کە بۆی دانراوە و نایەوێ چیتر بەریان بکەوێت، بۆیە ناچارە بۆ ئەوەی نەبێتە قوربانی لەنێو ئەم هەموو بۆمبەدا، ماڵ بەرەو دەرەوە کۆچ بکات.

ئەمەش خۆی لەخۆیدا هەڵگری دەیان پرسی جوداوازە، کە یانی چی مرۆڤ لە ماڵەوە لە دەرەوە بێت و پێچەوانەکەشی هەر ڕاستە. کۆمەڵێک گێژەڵۆکەی جوداواز هەن پێویستە کاریان لەسەر بکرێت بەجدی! بە بەردەوام بوونی ئەم شەڕەش پێم وایە مرۆڤ بە تایبەت پیاو، بەجۆرێک بێزار دەبێت لەوەی کە دەرەوە و ماڵەوە تۆپ تۆپێنەی پێ دەکەن و ناشتوانێ و هەردووکیشیان بواری نادەن کە بە چ شێوازێک یەکلایی بکاتەوە کامەی کامەیە و کامەشیان لە کامەی باشترە تا بە تەواوی تێبگات کە چی چییە.

گەر بمەوێت وەک سیداد ئەم شەڕە یەکلایی بکەمەوە، ئەوان پێشنیاری کتێبێکی وەکو کتێبێکی (چرپە، خەرمانێک لە ئامۆژگاری بۆ هاوسەران) دەکەم کە بەڕاستی ورد و درشت باسی کردووە کە ماڵ چییە و ئەبێ چۆن بێ، چونکی تێگەیشتنێکی دینیانە لە ئەگەری بوونی هەر کێشەیەکی دەروونی و کۆمەڵایەتی، باشترین چارەسەری بەردەم کێشەکانە!...

 

"چرپە، خەرمانێک لە ئامۆژگاری بۆ هاوسەران"

 لە دانانی (دکتۆر حەسسان شەمسی پاشا).

وەرگێڕانی: (ئازاد عەبباس گڵێجاڵی).

 

٣. کوژرانی ماڵ:

گەنجەکانمان و ماڵمان وەک ماڵی کوردی زۆرجار دیفاعی کردووە لەبەردەم هێزە ڕووخێنەرەکانی دەرەوەدا، بەڵام هەمیشە لە شوێنانێکی تر خۆی دۆڕاندووە و مانای خۆی لەدەستداوە بۆ دەرەوە. نەمەویست کۆمەڵێ هۆکار بخەمە ڕوو کە لای خوێنەر و لای منیشن بەڵام تەکنەلۆجیا هۆکارێکی سەرەکییە کە خۆی لە ڕادیۆ و شاشە و ئینتەرنێت دەبینێتەوە.

خوێنەری کارا و بەڕێز بەڕاستی کاکە سیدادت زۆر زۆر داغدارە لە ڕاگەیاندنی کوردی، کە بەم چەشنە هەڵیکوتاوەتە سەر ماڵەکانمان و هەرچی جوانی و ناشرینیمانە پیشانی دەرەوەیان دا، شتێکت پێ بڵێم؟ بەس پێم بڵێ گەر کەسێک هەموو شتێکی وڵاتەکەم لە چاوی ڕاگەیاندنەکانمەوە ببینێ چ مەجبوورە بڕە پارەیەکیش خەرج بکات تا گەشتێکمان بەناودا بکات؟! تێناگەم! قەت تێناگەم ئەم هەموو بەڕەڵاییە چییە لەناو ڕاگەیاندنی کوردیدا؟

 

٤. زەمەنی پێش ڕاپەڕین:

سیاسەتی بەعسی فاشیست، لە کوردستانی باشووردا، سەلمێنەری بەهێزی ماڵی کوردی بوو، چون گەرچی مرۆڤی کورد ئەو کات هەموو ئازادیەکی دەرەوەی ماڵی لێ تۆق کرابوو، کەچی ماڵ لای تاکی کورددا ببووە سەرچاوەیەکی سەرەکی تێدا حەسانەوە و ژیان کردن، بەجۆرێک ئەوانەی لە شاخ بوون و ڕاکە ڕاکەی کوردایەتیان بوو لە شاخ، حەزیان ئەکرد بۆ ساتێکیش بێ بێنە ماڵەوە و ئیسراحەتێک بەڕووی ڕۆژگاری سەختی کوردایەتی بکەنەوە.

بەعس وای لە تاکی کوردی کرد کە دەرەوە بە قومبەلە بزانێ و ژوورەوەش بە هێلانەی ئارامی، گەرچی واش بوو، بەڵام بەعسییەکان هەمیشە لە بەهێزی ماڵی کوردی ئەترسان و تۆقا بوون لێی. ماڵی کوردی بەرفراوانی بەخۆیەوە بینی، بە جۆرێک کە هەوڵ و هەواڵی کوشتنی کوردێک هەمووانی دەتاساند و لە هەوڵی پەیداکردنی هەڵوێست بوون. باشە لێرەدا پرسیارگەلێک دێنە ئاراوە، کە ئایا ئەو کات ماڵی کوردی ئەو تامەی ئەدا ئێستا بۆ نایدا؟ خێرە؟ یان بەجدی ناشرینی دەرەوەبوو وای کردبوو وا بیربکەینەوە؟ یان بەپێچەوانەوە؟ ئیتر زۆر شتی تر.

 

٥. زەمەنی دوای ڕاپەڕین:

گەرچی بەعس ئەو دەسەڵاتەی جارانی نەما، بەڵام بە فیکر ساف و هەیبەتی هەر مابوو، بۆیە دوای ئەوە ڕووبەڕووی فۆڕمێکی نوێ و تازەگەری ماڵ دەبینەوە. واتە دەرەوە ئەمجارە جوانتر دەبێت لە جاران بۆ تاکی کوردی، با پرسیار بکەین چی وای کرد ئەمە ڕووبدا؟ چەند نموونەیەک:-

 

کۆڕەوەکەی ١٩٩١ یەکێک بوو لە گەورەترین کارەسات و تێکشکێنەرەکانی نێو ماڵی کوردی، بەڵام بۆ؟

تاکی کوردی پێشتر قەت دەستبەرداری ماڵی خۆی نەدەبوو، بە جۆرێک خۆیشی لە پێناو ئەکردە قوربانی، بەڵام کۆڕەو ئەو پیرۆزیانەی ماڵی کوردی تێکشاند. چونکی بەجێهێشتنی یەکجارەکی ماڵەکانمان وای کردووە چەمکی ماڵ لە دڵی هیچ کوردێک بوونی نەبێ بەڕاستی. چونکی لە کۆتاییدا بەعس، سەرکەوتنی بەدەست هێنا لە تێکشکاندنی ماڵی کوردیدا. لەو کاتەوە تا ئێستە گەنجەکانمان تەمایان بە ماڵی کوردی نییە و هەمیشە دەریا و جەنگەڵ ماڵی سەرەکییان بووە و وەهمی جێ هێشتنی ماڵیان کەوتۆتە دڵ و دەروون و کەسیش پێی چارەنابێ؟ ھەڵبەت دارێک گەر بتەوێت ڕاستی بکەیتەوە و یان بیکەیتە ئەوەی ئەتەوێ، پێویست وایە لە ناسکیدا وای لێبکەی، دەنا کە خۆی گرت و ڕەق و تەق بوو، ناچاری بۆ ئەوەی زیانی نەبێ، لەبنا بیبڕی.

 

لێکەوتەکانی کۆڕەوەکە ئەمانەبوون:

١. چوونی بەشێکی زۆری گەنجانمان بۆ ناو ڕیزەکانی PKK:

وەک سیداد، سەر بە هیچ ئایدۆلۆجیایەکی حیزبی نییم بەڵام، پەکەکە بە مەترسیدارترین هێزێک دەزانم کە خەباتی چەکداری خۆیان هێنایە کوردستانی باشوور و هەرێمی کوردستانی عێراق و ھەڵبەتە لێرەدا وەک ناشیۆنالیستێکیش ئەم قسەیە فڕێ ئەیەم...

پەکەکە لە ئێستاشدا هەوڵی بردنی زۆرێک لە بەھا ئەخڵاقییەکانی نێو کۆمەڵگەی کوردی ئەدات و پێشم وایە ئەبێ هەوڵێکی نیشتیمانی و وەڵاتیانە لەناو ماڵی کوردی، پەکەکە بەری بکات لە خۆی چونکە هێزێکە تا بڵێی بێ بنەما و سیخور و چەتەن کە هێشتا سوود لە بەرهەمی کۆڕەوەکە وەردەگرن.

٢. کۆچکردنی کورد بۆ هاندەران:

چ دڵێک خۆش ئەکەی بە عەقڵی ئەو تاکە کوردەی کە دەیان برادەری منیان وەک سیداد ڕەوانەی هاندەران کردووە و ئێستا دڵخۆشە چونکی کوڕەکەی لە هاندەرانە و کەچی منیش ئاگام لێیە، کە بێ ماڵ و بێ حاڵە و تەنیا شتێک هانای بۆ بەرێ کوشتنی خەونەکانیەتی لەبەر پەیدا کردنی بژێوی ئەوروپایەکی گران و تاس و تەرا.

 

برادەران زۆرم لەسەر ئەم بابەتە هەیە بەڵام لە دەرفەتێکدا هەوڵ ئەدەم پۆستێکی لەسەر بکەم، دڵنیابن.

 

٦. فۆڕمەکانی دیکەی ماڵ:

لە هەمبەر ئەوەشدا دێینە سەر فۆڕمەکانی دیکەی ماڵ، بۆ ئاسانتر بوون و بەرچاو ڕوونی چەند گرتەیەک وەردەگرین.

 

یەکەم: بەشە ناوخۆییەکانی قوتابیان:

دایک و باوکی بەڕێز، ئەزانی گومرگێک لە تووڕەییم لە دڵایە لە هەمبەر بێخەمیت لەوەی مناڵەکەت لە داخلی چییەکات و چی ناکا، چون بەڕاستی دیوتە کە داخلی فۆڕم ئەکاتە بەرخۆی بە فۆڕمی ماڵەوە؟ کە کوڕەکەت و کچەکەت ئەوەی بۆی ناڕەخسێ لە ماڵەوە لە داخلی بێئاگایی لە تۆ، دەیکات، بۆیە کە دێتەوە ماڵەوە، تاسەیەک لە خەمۆکی تووش دەبێت و پێی خۆشە هەرچی زووە بچیتەوە ئەوێ، بۆ؟ چونکی ماڵەکەت ئەو ئازادیەی تێدانییە کە ئەو لە داخلی بەدی دەکات، ئەوەش هەوڵێکی گەورەی دەوێت تا بتوانی ماڵەوەی بۆ بە داخلی بکەی بە گۆڕینی خراپەکەشی و دۆزینەوەی بەدیل بۆ خراپەکەشی و بۆ چاکە.

 

دووەم: شوێنی کار و فەرمانگە:

بەڕاستی شوورەییە بۆ ماڵێک کە فەرمانگە و شوێنێکی ئیشکردن بەماڵ بکات لە دەرەوە بۆ پیاوێک و ئافرەتێک کە خوێندنەوەیەکی تێر و تەسەلیان نییە بۆ چەمکی ماڵ. برای بەڕێزم و خوشکی بەڕێزم بۆ ئەوەنە بێباکانە ئیشەکەت خستۆتە ملی ڕۆژگار و ئەڵێی ڕێگەم نادا بچمەوە ماڵ و ئاگام لەماڵ بێت؟ یان بەڕاستی لێت ترساوم ئەزانی بۆ؟ چونکە تۆی کە ناخوێنیتەوە چارەسەرێکی دەروونی و کۆمەڵایەتی و شەخسی و ناشەخسیت پێنییە بۆ ئەم کێشەیە.

 

٧. توانەوەی شوێنەکان لەناو یەکدا:

گومان، لەمێژینەی زانیندا گومان شتێکی زۆر ئاسایی بووە، گەر زانین گومانت بۆ دروست نەکات چ گرنگیەکی هەیە ئەو زانینە؟ بەڵکو لێرەشدا چۆن ماڵ ئەهمیەت و بەهاکانی خۆی لەدەست دەدات دەرەوەش هەروا پۆخڵەواتیەکی تر دەبێت بۆ مرۆڤ، ئەها کە مرۆڤ بگاتە ئەو ڕادە بیرکردنەوەیەی کە چیتر جیاوازی نەبێت لەنێوان ماڵ و دەرەوەدا، ئەوەشیان مەترسیدارترین شتێکە کە هەستی پێ بکرێ لە پڕۆسەی ماڵ و دەرەوەدا.

نموونەی (کۆڵۆمبۆس)، نموونەیەکی باشە، ئەو گەیشتە ئەوەی نیشتیمان بۆ ئەو هیچ مەعنایەکی نییە، ئەوە بوو سەری هەڵگرت و حاشای لەمەرگیش کرد و بەڵام ئیرادەی خۆی سەلماند و دوای دۆزینەوەی ئەمریکا'ش، ئەو گرنگییەی نەبوو وەک باسی لێوە دەکرد، بەڵکو تەنیا هەست کردنێک بوو کە ئەوێش هیچ جیاکارییەکی نییە لەگەڵ ئەو شوێنەی لێوەی هاتووە، تەنیا کاتێ پرسیار دەکات کە ئایا ئەوە شوێنی ڕاستەقینەیە؟ هەموو شتێکمان بۆ ڕوون دەبێتەوە.

خوێنەری بەڕێز، هەمیشە ئێمەدا، ئارگومێنتمان لەبارەی چییەتی پرسیارە؟ نەک وەڵام؟!

 

٨. دەرچوون لە دەسەڵاتی شوێن:

بەڕاستی بۆ سیدادیش هەمیشە جێگای سەرنج بووە کە بۆچی هەمیشە بە گوێرەی شوێن و کات دەگۆڕێین، ئەوە پرسیارێکی زۆر وازحە کە، بۆچی مرۆڤ بە گوێرەی شوێن و کات کەسایەتی ئاڵوگۆڕ پێدەکات، بە نموونە مامۆستایەکی زانکۆ لە زانکۆ مامۆستایە و لە بازاڕ کەسێکی ترە، بەڵکو مامۆستایەتی خۆی ئاگا لێ نییە لەو لاوە گەر مەوقیفێک بێتە پێشی، بۆچی هەمیشە لە هەر شوێنێک بین هەست ناکەین کە خۆمانین؟

لێرەدا دوو جۆر ماڵ لەیەکتری جیادەکەینەوە:

یەکەم: ئەو ماڵەی هەموومان هەمانە و لە چوارچێوەی خێزانێکداین و تیایدا دەخەوین.

دووەم: ئەو ماڵەی کە مرۆڤ بگەڕێتەوە ناو خۆی و ئەو کاتیش گەڕاوەتەوە ماڵەوە. مرۆڤ کاتێ لە ماڵەوەیە، کە ئیتر لەگەڵ خۆیایەتی.

 

وتەیەک:

"کەواتە ماڵی دووەم شوێنێکی جوگرافی نییە، بەڵام دەکرێت لە شوێنێکی جوگرافیشدا خۆی بەرجەستە بکات. ماڵی دووەم ئەو خەیاڵەیە کە هەمیشە حەز دەکەیت لەناویدابیت. ئەمە بۆ نیشتیمانیش دروستە، هەر کاتێک ئەو خاک و وڵاتەی تێیدا دەژیت، ڕێگرنەبوو لە زەوتکردنی ئازادییەکانی تاک و یارمەتیدەر بوو بۆ خۆش ژیان و ئارامی و ئاسایش تێیدا بەرقەرار بوو، ئەو خاکە لە خاکێکی ڕووتەوە دەگۆڕێت بۆ نیشتیمان."

 

٩. عیشق و ونکردنی ماڵ:

خۆو مەخەڵەتێنە گیانەکەم، برای من، خوشکی من، وەرە بۆتی باس بکەم کە عیشق چ دەردە سەریەکە تووشت دەبێت، سەرەتا عیشق پڕە لەجوانی و پڕە لەوەفا، پڕە لە بەهەشت، بە جۆرێک لە سەرەتای کەشفکردنی یەکتردا، لەزەتێک وەردەگرن کە ئەستەمە من بتوانم باسی بکەم، بە جۆرێک زۆرجار دەبنە دوو کائینی ئەفسانەیی و لەسەر زەوی نامێنن و هیچ یاسا و دەستوور و  کلتورێک نایان گرێتەوە، دەبنە دوو مرۆڤی باڵدار و لە دەرەوەی هەموو سیستەمەکاندا دەفڕن، بەڵام دوای ماوەیەکی دی، ئیدی وردە وردە دێنە سەر زەوی و دەکەونە ژێر کاریگەری کلتور و پەیوەندی نێوانیشیان هێندە کاڵ دەبێتەوە، تا دەگاتە ئاستێکی مەرحەباییەکی ساردی بەیانیان.

لە یەکێک لەو کتێبە عەرەبیانەی من وەکو سیداد زۆر چێژم لێی بینی ئەوەبوو کە ئەیوت, "عیشق وەک جەنگ وایە، دەست پێکردنی ئاسانە و کۆتایی پێ هێنانی زەحمەتە و بە ئەسەفەوە بۆشت لەبیرناکرێ" بۆیە خۆت مەخەرە ناو ئەو گێژاوەوە، بەڵکو لەولاوە پێغەمبەری ئیسلام چارەی بۆ داناوی، کە پاش زەواج عیشق دروست بکە.

دونیا خراپ نەبووە گەر کچێک نەیەوێیت یان کوڕێک، بەڵکو من پێم وایە شایەنی تۆ نەبووە ئەو کەسە، چەندان کچی جوانی تر هەن کە شایەن بە تۆن و ئەکرێ بیان هێنیتە ژیانت، بێگومان ئەمە بۆ کچێکیش ڕاستە کە کوڕێک نایەوێت.

من پێم وایە ئاقڵانەتر بیربکەینەوە، ئەوەیە کە نەکەوینە ژێر کاریگەری چیرۆکەکانی وەک، "خەج و سیامەند" چونکی سیامەند بێ ئەوەی خەج ببینێ دوای مردنی خۆی بۆ دەکوژێت؟ یان ڕۆمیۆ و جولێت، یان هەر چیرۆکێکی تر کە جوانە. ئەدەب چاوساغی بۆ مرۆڤ دروست بکات وەک ڕێکخستنی کۆمەڵگە، نەک تەنیا کارێک کە بیکات پەلکێشکردنی خەڵق بێت بۆ هەست و عاتفی بوون.

لە ڕێکخستنێکی زۆر کورتدا، عەشقێک کە ماڵەکەت تیایدا ون کردووە، واز هێنانت لێی باشترە.

من پێم وایە عیشقی ناو کۆمەڵگەی ئێمە، حیساب نەکردنە بۆ بەهاکانی مرۆڤایەتی، چون پڕە لە غەم و پەژارە و قەهر و هەمیشە درۆ تیایدا حاکمی یەکەمە و زۆر شتی تر و دواین شتیش وێرانکردنی ماڵی مرۆڤە....

لێ بەدیلی ئەوەیان ئەتوانین بڵێین، کە عیشقێکی تر هەیە کە یارمەتیدەرە، بۆ دۆزینەوەی ماڵ، بەجۆرێک کچ و کوڕەکە ڕێگەی یەکتری تەواو دەکەن، بەبێ ئەوەی پەیمان ببەستن. هەموو ڕۆژێ یەکتری ناسینێکی گەورەیە، بەڵام شەرت نییە هاوسەرگیری تێیدا حوکم بکات، چونکی موڵکی هیچ کەسێک نییە ئەم عیشقە و دونیا ناڕووخێ گەر ئەم عیشقە بڕووخێ و ڕاستە زۆربەی هاوسەرگیری لەڕێگەی عیشقەوەن، بەڵام کامانەن ئەوانەی دوای پانزە ساڵ، وەک بێگانەیەک نین بۆ یەکتری؟ بەڵکو بەپەنجەی دەست ئەژمێردرێن.

ڕێک هەمان هاوسەرگیرییە کە کورد لە ئێستایا تێی کەوتووە. کە دەبێت دادگاکان کێشەکانیان بۆ چارە بکەن و کەسەکان مەشاکیلیان چارە بکەن، ڕێک مناڵەکانیشیان لەدوای تەمەنی گەنجیدا، خەون بەدەرەوە دەبینن، کە کۆچی ملیۆنەها کوردی لێکەوتەوە بۆ هاندەران.

عیشقێکی تر هەیە، کە نە مەعشق نە عاشق تیایدا ڕاوچی و نێچیر نین، بەڵکو عیشق وەک خۆی تێدەگەن و هەموو شتەکان بەجوانی دەڕۆن بەڕێدا، لە کورتیدا دەیبڕێنمەوە، ئەمە ڕەنگبێ زۆرجار بگاتە هاوسەرگیری، بەڵام، لە زانیاری پەیدا کردن و شارەزا بوون لە وەزعەکە هیچ شتێکی تر نییە.

 

ئەوەی گرنگە لێرەدا ئێمە باس لە هاوسەرگیری بکەین لەناو کۆمەڵگەی کوردیدا، کە خۆی لە چەند قۆناغێک دەبینێتەوە:-

 

قوناغی یەکەم: هاوسەرگیری لەژێر ڕەگباری هێزە کۆمەڵایەتیەکان و ڕەگباری بڕیاری ئەم و ئەو:

لێرەدا، زەمەنی پێش ڕاپەڕین بە نموونە وەربگرین، شتێکی باشەبێت، چونکی لەو ساتدا بەزۆری، کاتێک کوڕێک ویستبای ژن بێنێ، ئەوا دایک و باک و خزم و عەشیرەت دەگەڕان بەشوێن ئەو کەسەدا بیکەن بەژن بۆ کوڕەکەیان. کوڕەکە خۆی خاوەنی هیچ بڕیارێک نەبوو، گەر فێمینیستانەش فیکر بکەینەوە، کچەکەش تەنیا کاری جێبەجێ کردنی ڕەعیەت بوو، بێ گوێدانە ئەوەی ئەمەوێت یان نامەوێت؟!

کە تا ئێستاش ئەم ژەهرە هەر بەردەوامە، کە تێیدا دایک و باوکانی ئێمەش ئەگرێتەوە. خوێنەری بەڕێز، بەڕاستی ئەوەی من ئەیبینم لەناو جیلی هاوسەرگیری ئەم سەردەمەی باسی ئەکەین، خراپترین جۆری هاوسەرگیرییە، چونکی داڕمانێکی یەک جار گەورە کراوە، لەهەست و ئیحساسی هەردوولا، چون نە یەکتریان ناسیوە، نە لە یەکتریش تێگەشتوون. تەنیا لەبەر هێز و سەپاندن و عەیبەی کۆمەڵگەش نەبایە، ٪‏٨٠ ی کۆتایی بەو حاڵەی ئێستایان هێنابوو و تەڵاق لەیەکتری جیادەکردنەوە.

پێکەوەبوون، گیانییە، نەک پێکەوەبوونێکی خانوویی، سەیارەیی، یان لەکۆتاییدا جەستەیی!

دەتوانم بڵێم حەقی خۆیەتی گەر دایک و باوکت ئەمە ڕەت بکاتەوە، چونکی بەتەواوی خۆی گونجاندووە لەگەڵ وەزعەکەدا. وەک لەسەرەتاش وتم زۆرێک نەک هەموویان، تکایە ئاگاداری ئەو خاڵەشبە چونکی نموونەی زۆر شیک و جوانیشیان تێدایە.

 

قۆناغی دووەم: گەشەکردنی عەقڵی تاکی کوردی و بەرهەڵستی بڕیارەکانی قۆناغی یەک:

بەکورتی باسی ئەم قۆناغه دەکەم، کە هەنگاوێکی خێرا و باش بوو کۆمەڵگای کوردی نای لە ئەسنای ئەم پڕۆسەیەدا، کە ئەویش گەر پێشتر بڕیار بە دەست هێزە کۆمەڵایەتیەکان با ئێستا بە دەست کوڕ و کچەکانە و خۆیان دڵخوازی خۆیان دیاری دەکەن.

بەڵام هێشتاش بەو جۆرە باش نیە کە ئێمە ئەمانەوێت، چونکی ئێمە لەیەک شت ئەترساین، ئەویش ڕوویدا، کاتێ هێزی کۆمەڵایەتی ڕووخساری نامێنێ، بەڵام ناواخنی لە ناوینەی مرۆڤانێک ئەمێنێ کە خۆیان لە پلەکانی وەک (مامۆستای زانکۆ، توێژەر، نوسەر، خەڵکێکی ئاسایی و دوور لە بابەتی ئەکادیمی) دەبینێتەوە، گەرچی دێنە سەر تەلەفزیۆن و قسەی قەبەش دەکەن، بەڵام لەولاوە کچەکانیان ناچارن لەبەر قسەی ئەوان، شوو بە پیاوێک بکەن کە دە ساڵ لەخۆیان گەورەترە، کە بۆ ئەوەی کچەکەیان بیر بکاتەوە لە تێگەیشتن لەو پیاوە پێویستە دە ساڵ بچێتە سەر تەمەنی خۆی.

لە قۆناغی یەکەمدا هێزی کۆمەڵگە ناچاری ئەکردن ڕووکاری دەرەوە جیابوونەوە ڕوو نەدات و میکیاجێکی باشی ئەکرد، بەڵام لەم قۆناغەدا بە تەواوی بانگی جیابوونەوەی بەڕەتڵە ڕاهاوێشترا بە ڕووی کۆمەڵگەی کوردیدا.

 

قۆناغی سێیەم: لە کورتیدا ئەیبڕێنمەوە کە قۆناغی سێیەم، قۆناغێکی هەستیارە زۆر زۆر، بە ڕاستی قۆناغی هۆشیاری (وەعی) تاکە.

بێ گوێدانە سەیرکردن، بینین دەکەنە سەنگی مەحەک، کوڕ و کچەکە لە ڕێگەی بیبینی یەکتریەوە، شتەکان بە بنەما دەکەن و ماڵ دادەمەزرێنن، لەم قۆناغەدا، پەیوەندی هەردووکیان وەک پەیوەندی مرۆڤ و درەختە، دوان ئۆکسیدی کاربۆن ئەدەیتە درەخت و لە هەمبەردا ئۆکسجین وەردەگری و پێی دەژیت. هەر یەکە و کاری خۆی دەکات و بە تەواوەتی تەواوکەری یەکترن، بەڵام بێ ئاگا نین لەوەی بێ کێشەش نین.

 

لە کۆتاییدا ئەڵێم:

زۆر گرنگ بوو بۆم ئەم بابەتە بەم شێوەیە بخەمە بەر دیدی گەنجانی وڵاتەکەم لە ڕێگەی سۆشیاڵ میدیاوە، چونکی زۆرم لە خۆم کردووە کە سێ شت ببم لەناو خۆمدا، ئەوانیش (پۆلیس، پارێزەر، لە کۆتاییدا حاکم)، بە تێڕامانیشت لەم سێ پیشەیە و وردبوونەوەت لێیان دڵنیابە ئەگەیتە ئەو تێگەشتنەی من پێی گەیشتوون. برای بەڕێزم, خوشکی ئازیزم، گەنجانی وڵاتەکەم، ئێوە شایەنی باشترینن لەم وڵاتەدا وەلێ تەنیا فیکر بکەوەو ڕۆژێ ئەگەر عاشق بوویت و عەشقەکەت تەنیا دەرد و غەم بوو، ئەوە بیربکەوە و عەشقەکە لە دڵتەوە بگوازەوە عەقڵت ئینجا تێدەگەیت کە لە بەردەم جەنگەڵێکی هەڵەدایت، وە تۆی گەنجیش کە داینەمۆی وڵاتێکی مەعقوڵ نیە خۆو بکەیتە قوربانی تاک و تەرایەک و گەمەیەک کە هی تۆ نییە وە پێکهێنانی ماڵ و ڕاگرتنی ماڵیش وەک خودی ماڵ بەرپرسیاریەتی خۆی هەیە، من وەک سیداد تا گەیشتمە ئەو بەرپرسیارەتییە زۆری ویست، بەڵام ئێستا تێدەگەم، کە دەبێ کێ هەڵبژێرم و کێ بکەمە هاودەمی ژیانم و کێم بۆ هەمیشە وەک هاوژینی خۆم خۆش بوێ؟

 

بەدڵ بڕیاربدە و بە عەقڵ ڕێکی بخە.

 

سیداد ئەسوەد خدر، قوتابی قۆناغی چوار بەشی زمانی ئینگلیزی – فاکەڵتی ئاداب – زانکۆی سۆران. بەرپرسی بەشی چالاکییەکان لە ڕێکخراوی ئاوێزە بۆ ڕۆشنبیری گشتی.

زۆرترین بینراو

developed by Scorpion shield