بیرۆکەکانی ئەفلاتۆن بۆ خۆشگوزەرانیی زیاتر لە ژیان

نووسەر:

The School of Life

بینراو:

1154

بەش:

فەلسەفە

ئەسینا، 2400 ساڵ پێش ئێستا شوێنێکی ڕێکوپێک، نزیکەی چارەگە ملیۆنێک کەسی لێ دەژیا. مەیخانە، شانۆ، پەرستگا، قەیسەری بازاڕی و هۆڵی وەرزشیی لێبوو. کەشوهەواکەشی بۆ ماوەی زیاتر لە نیوەی ساڵ گەرمە. ئێرە شوێنی یەکەم فەیلەسوفی ڕاستەقینە و لەوانەشە مەزنترین بێت لە جیهاندا: "ئەفلاتۆن" لە خێزانێکی دیار و دەوڵەمەندی شارەکە لەدایک بووە. ئەفلاتۆن ژیانی خۆی بۆ یەک ئامانج تەرخان کردووە ئەویش یارمەتیدانی خەڵک بوو  بۆ گەیشتن بە حاڵەتێک کە ناوی دەبرد بە "یودایمۆنیا" یاخود خۆشگوزەرانی.

ئەفلاتۆن زۆرجار لەگەڵ سوقرات بەهەڵەدادەبرێت. سوقرات هاوڕێیەکی کۆنی بووە کە زۆر شتی فێری ئەفلاتۆن کرد، بەڵام هیچ پەرتووکێکی نەنووسیوە. ئەفلاتۆن کتێبی زۆری نووسیوە، 36 دانە کە هەموویان گفتوگۆ بوون؛ نووسینی جوان و دەقی گفتوگۆی خەیاڵی کە سوقرات هەمیشە ڕۆڵی ئەستێرەیی گێڕاوە لە ناویاندا. لەوانەش: کۆمار، کۆڕەکە، یاساکان، مینۆ هەروەها داوای لێبوردن.

 

ئەفلاتۆن چوار بیرۆکەی گەورەی هەبوو بۆ خۆشگوزەرانی زیاتر لە ژیان:

 

یەکەم بیرۆکەی گەورە: زیاتر بیربکەوە.

ئێمە بەدەگمەن کات بۆ خۆمان تەرخان دەکەین تا زیاتر بە وردی و لۆژیکی بیر لە ژیانمان بکەینەوە و چۆن بەڕێوەی ببەین. هەندێجار ئێمە تەنها لەگەڵ ئەوە دەڕۆین کە یۆنانیەکان پێی دەڵێن "دۆکسا" یان "بیروڕا گشتییەکان". ئەفلاتۆن لە 36 پەرتووکەکانیدا باسی کردووە، نیشانی داوە کە ئەم "هەستە باوە" تێکەڵدەکرێت بە "هەڵە"، لادان لە ڕاستی و هەروەها خورافییات.

ناوبانگ شتێکی زۆرباشە، بەدوای دڵت بکەوە، پارە کلیلی ژیانێکی باشە، بەڵام کێشەکە ئەوەیە ئەم بۆچوونە باوانە بەرەو بەها و پیشە و هەروەها پەیوەندییەکی هەڵەمان دەبەن. وەڵامەکەی ئەفلاتۆن، بۆ ئەم بەهەڵەچوونە بریتییە لە "ناسینی خۆت". ئەمەش واتە ئەنجامدانی جۆرێکی تایبەت لە چارەسەری دەروونی وەک فەلسەفە، ئەویشیان بە تاقیکردنەوەی بیرۆکەکانت لەجیاتیی ئەنجامدانی کارێک لەخۆوە.

ئەگەر تۆ توانیت خۆت بەهێزتر بکەیت، ئەوا هێندە بە هەستەکانتەوە پاڵنانرێیت. ئەفلاتۆن ڕۆڵی هەستەکانمانی بەراوردکرد بەوەی کە کاتێک بەشێوەیەکی مەترسیدار لەلایەن کۆمەڵێک ئەسپی کێویەوە ڕادەکێشرێین.

ئەفلاتۆن لەسەر شەرەفی مامۆستا و هاوڕێکەی "سوقرات"، ئەم جۆرە تاقیکردنەوەی ناونا بە "گفتوگۆی سوقراتی" کە دەتوانیت لەگەڵ خۆت ئەنجامیبدەیت، یان بە هەڵبژاردەی خۆت لەگەڵ کەسێکی تر کە هەوڵ نادات بەهەڵەت بخاتەوە بەڵکو یارمەتیت دەدات بۆ ڕوونکردنەوەی بیرۆکەکانی خۆت.

 

دووەم بیرۆکەی گەورە: با خۆشەویستییەکەت بتگۆڕێت.

سەیرە، تۆ بڵێی خۆشەویستی بەواتای دۆزینەوەی کەسێک بێت کە تۆی تەنها بەو شێوەیە بوێت کە هەیت. لە پەرتووکی کۆڕەکەدا، شانۆگەری ئەفلاتۆن لەبارەی ئاهەنگێکی ژەمی ئێوارەوە، کە تیایدا کۆمەڵێک هاوڕێ زۆر دەخۆنەوە و باس لە خۆشەویستی و سێکس و پەیوەندی دەکەن. ئەفلاتۆن دەڵێت "خۆشەویستیی ڕاستەقینە بەدڵبوونە". بە واتایەکی تر، ئەو کەسەی کە پێویستە لەگەڵیدا بیت دەبێت تایبەتمەندی زۆر باشی هەبێت کە تۆ خۆت نیتە. با بڵێین کە دەبێت زۆر بوێر یان ڕێکوپێک یان دڵگەرم و دڵسۆزبێت. بە نزیکبوونەوە لەم کەسانە دەتوانیت کەمێک وەکو ئەوانت لێبێت.

کەسە دروستەکان بۆ ئێمە یارمەتیمان دەدەن بگەین بە توانای تەواوی خۆمان. بۆ ئەفلاتۆن لە پەیوەندییەکی باشدا دوو کەس پێویست ناکات یەکترییان خۆشبوێت ڕێک بەو شێوەیەی کە هەن لە ئێستادا، بەڵکو پێویستە پابەندبن بە پەروەردەکردنی یەکتر لەگەڵ تێپەڕبوون بەو ڕێچکە زریاناوییانەی کە دەکەوێتە بەردەمیان، هەر کەسەو دەیەوێت ئەوەیتر فریوبدات بۆ ئەوەی ببێت بە وەشانێکی باشتر بۆ خۆی.

 

سێیەم: پەیامی جوانی شیبکەوە.

هەموو کەس حەزی لە شتە جوانەکانە، بەڵام ئەفلاتۆن یەکەم کەس بوو کە پرسیاری کرد بۆچی حەزمان لێیانە؟ هۆکارێکی سەرنجڕاکێشیشی دۆزییەوە: "شتە جوانەکان ڕاستییە گرنگەکانمان بەگوێدا دەچرپێنن دەربارەی ژیانێکی باش"...

ئێمە شتەکانمان پێ جوانە کاتێک کە نا-ئاگاییانە لەناویاندا هەست بەو تایبەتمەندییانە دەکەین کە پێویستییمان پێی هەیە بەڵام ونن لەژیانماندا. ڕووخۆشی، تەبایی، هاوسەنگی، ئاشتی و بەهێزی. بۆیە شتە جوانەکان کارێکی زۆر گرنگیان هەیە کە یارمەتی پەروەردەکردنی ڕۆحمان دەدەن.

ناشرینییش بابەتێکی گرنگە بەهەمان شێوە. تایبەتمەندییە مەترسیدار و زیان لێکەوتووەکان دەردەخات لە بەردەمماندا، ژیری و میهرەبانیی و ئارامی سەختتر دەکات.

ئەفلاتۆن، هونەر وەکو چارەسەر دەبینێت، ئەوە ئەرکی شاعیران و نیگارکێشەکانە، ئەمڕۆش ڕۆماننووس و بەرهەمهێنەرانی تەلەفزیۆن و دیزاینەرەکان، تاوەکو یارمەتیمان بدەن ژیانێکی خۆش بژین.

 

چوارەم: چاکسازیی کۆمەڵگا.

ئەفلاتۆن کاتێکی زۆری بەسەربرد بە بیرکردنەوە لەوەی کە حکومەت و کۆمەڵگا دەبێت چۆنبن بەشێوەیەکی نموونەیی. ئەو یەکەم بیرمەندی نموونەیی جیهان بوو. لەمەدا ئەو بە ڕکابەری گەورەی ئەسینا سەرسامبوو: سپارتا، کە بریتیبوو لە ئامێرێکی بەقەبارەی شارێک گەورە بۆ بەرهەمهێنانی سەربازی مەزن. هەموو شتێک کە سپارتاکان ئەنجامیان دەدا چۆن مناڵەکانیان گەورە دەکرد، چۆن ئابووریان ڕێکخرابوو، بە کێ سەرسامبوون، چۆن سێکسیان دەکرد، چیان دەخوارد، هەمووی بەو تاکە ئامانجە بەسترابۆوە.

سپارتا زۆر سەرکەتووبوو لە ڕوانگەی سەربازییەوە بەڵام ئەمە بەلای ئەفلاتۆنەوە گرنگ نەبوو، ئەو دەیویست بزانێت چۆن دەکرێت کۆمەڵگایەک هەر باشتربێت لە بەرهەمهێنانی هێزی سەربازی نا، بەڵکو کەسی خۆشگوزەران؟

لە پەرتووکی کۆمارەکەیدا، ئەفلاتۆن ئاماژە بە کۆمەڵێک گۆڕانکاری دەدات کە پێویستە ئەنجامبدرێن

کۆمەڵگای ئەسینا زۆر پشتی دەبەست بە دەوڵەمەندەکان، وەکو ئەریستۆکراتی توند، ئەلسیبایەدیس، هەروەها ناودارە وەرزشییەکان، وەکو بۆکسەر، مایلۆی کرۆتۆن. ئەفلاتۆن بەم کەسیەتییانە سەرسام نەبوو بەڵکو گرنگیی بەوە دەدا کە ئێمە کێمان خۆشدەوێت؟ چونکە کەسایەتییە ناودارەکان کار دەکەنە سەر تێڕوانین، بیرۆکە و هەروەها ڕەوشتەکانمان. پاڵەوانە خراپەکانیش، شادی بە کەموکوڕییەکانی کەسایەتیی دەبەخشن. بۆیە ئەفلاتۆن دەیویست کەسانیتری ناودار بە ئەسینا  ببەخشێت، بۆ جێگرتنەوەی بەروبوومی ئێستا بە کەسانی ژیر و چاک بەناوی "پارێزەرەکان" وەکو نموونەیەک بۆ گەشەکردنی باشیی هەموو کەسێک.

ئەم کەسانە بە تۆماری خزمەتی گشتیی، بێفیزی، خووە ئاساییەکان، ناحەزییان بۆ سەرنجە گشتییەکان و ئەزموونە فراوان و قووڵەکانیان جیادەکرانەوە. ئەم کەسانە دەبوون بە شکۆمەندارترین و سەرسامترین خەڵکی ناو کۆمەڵگا.

لەگەڵ ئەوەشدا ئەفلاتۆن دەیویست کۆتایی بە دیموکراسیەت بهێنێت لە ئەسینا. ئەو شێت نەبوو بەڵکو تەنها تێبینی ئەوەی دەکرد کە چەندە کەم خەڵک بەباشی بیردەکاتەوە پێش ئەوەی دەنگبدەن، بۆیە فەرمانڕەوای زۆر ژێرپێوانەییمان دەبێت. ئەو نەیدەویست دیموکراسییەت بە دیکتاتۆرییەکی ترسناک جێبگرێتەوە، بەڵکو دەیویست ڕێگە لە دەنگدانی خەڵک بگرێت تا ئەو کاتەی هۆشیارانە بیریان دەکردەوە.

واتە تا ئەوکاتەی دەبوون بە فەیلەسوف، ئەگەرنا حکومەت دەبێت بە جۆرێک لە فەرمانڕەوایەتیی ئاژاوەگێڕ.

بۆ یارمەتییدانی ئەم پرۆسەیەش، ئەفلاتۆن قوتابخانەیەکی کردەوە بەناوی "ئەکادیمیا" لە ئەسینا، کە بۆ 300 ساڵی باش مایەوە. لەوێ خەڵک نەک هەر تەنها فێری بیرکاری و ڕێنووس دەبوون، بەڵکو چۆن باش و میهرەبانبن. ئامانجی کۆتایی ئەوە بوو کە سیاسەتمەداران دەبێت ببن بە فەیلەسوف. ئەو وتی کە "جیهان ڕاست نابێت، هەتاوەکو پاشاکان نەبن بە فەیلەسوف یان فەیلەسوفەکان نەبن بە پاشا".

 

ئەم بابەتە لە چەناڵی یوتیوبی (The School of Life) وەرگیراوە.

زۆرترین بینراو

developed by Scorpion shield