فەلسەفە
بڵاوکردنەوە:
ئاری ساڵح قادر
نووسەر:
ئاری صاڵح قادر
بینراو:
1500
بەش:
فەلسەفە
وشەی فەلسەفە مانای چییە؟
زاراوەى فەلسەفە لە دوو وشەى یۆنانى (philo) بە ماناى خۆشویستن و (sophia) بە ماناى زانست پێکهاتووە، کەواتە چەمکى فەلسەفە واتە خۆشویستنى زانست، یان لایەنگرى و گرنگیدان بە زانست و زانیارى.
چەمکی فەلسەفە لە کوێوە سەری هەڵداوە؟
پێناسەی وردی فەلسەفە، کارێکی نەکردەییە و هەوڵدان بۆ ئەنجامدانی وەها کارێک، لانیکەم لەم دەسپێکەوە ڕێگەکەمان لێ هەڵە دەکات. لەوانەیە کەسێک لە ڕووی توانجەوە بە هەموو شت، یان بە هیچ بیشوبهێنێت، مەبەستیشی ئەوە بێت کە جیاوازی فەلسەفە لەگەڵ زانستە تایبەتییەکان لەوەدایە کە هەوڵ و تەقەڵای فەلسەفە بۆ ئەوەیە بەگشتی چوارچێوەیەک لە هزری مرۆڤایەتی و تەنانەت تەواوی واقیعەکان تا ئەو جێگەیەی کە لە توانایدا بێت بەدەستەوە بدات، بەڵام بە کردەوە ڕاستییەک بەدەر لەوەی زانستە تایبەتییەکان پێشکەشمان دەکەن بوونی نییە تا ئەو جێگەیەی کە بە بۆچوونی هەندێ کەس، ئیتر جێیەک بۆ فەلسەفە نەماوەتەوە، وەها ڕوانگەیەک بۆ پرسەکە بەرەو لارەڕێمان دەبات، بەڵام دەبێ ئەوەش قبوڵ بکەین تا ئێستا فەلسەفە لەوەیدا کە توانیویەتی ئەو ئامانجە گەورانەی کە مەبەستیەتی بیپێکێت یان لە بەراورد کردن لەگەڵ زانست، زانست و مەعریفەیەکی بەرچاو کە جەماوەر لەسەری ڕێک کەوتبن بەرهەم هێنابێت سەرکەوتوو نەبووە.
ئەم بابەتە تا ڕادەیەک بەتەواوی پەیوەندی بەوەوە هەیە لە هەرکوێ مەعریفەیەکی لۆژیکی کە لە وەڵامی کێشەیەک درابێتەوە ئەو کێشەیە پەیوەندی بە بەشی زانستەوە هەبووە نەک فەلسەفە.
چەمکی فەیلەسوف لە باری ماناییەوە بە واتای خۆشەویستی (حیکمەت) دێت، لە بنەڕەتیشدا پەیوەندی بەو وەڵامە بەنێوبانگەی فیساگۆرسەوە هەیە کە لە وەڵامی ئەو کەسەی کە ئەوی بە حەکیم ناوبردبوو دابۆیەوە. ئەو لە وەڵامی ئەو کەسەدا گوتبووی؛ من لە حەکیم بوونی خۆم دەزانم کە نازانم، لەبەرئەوە دەبێ بە ئەڤینداری حیکمەت ناوی ببەین نەوەکو حەکیم. لێرەدا چەمکی حیکمەت سنوردار و گرێدراو بە هیچ جۆرە بیرۆکەیەک نییە، هەروەها ئەو شتەی کە ئێمە ئەمڕۆ بە ((زانست)) ناوی دەبەین فەلسەفەش لەخۆ دەگرێ، ئەم شێوە لە بەکارهێنان، لە قەوارەیەکی وەکو کۆرسی فەلسەفەی سروشتی ماوەتەوە.
دوابەدوای ئەوەی ئاستی ڕۆشنبیری و زانیاری لە هەر بەشێکی تایبەت دەچووە سەرێ، لێکۆڵینەوە و خۆێندنەوەکان لەو بەشە، لە فەلسەفە جیادەبوونەوە و بەشێکی سەربەخۆ لە زانستیان پێکدەهێنا، دواهەمین بەشەکانی ئەم جۆرە زانستانە "دەروونناسی و کۆمەڵناسی بوون."
بەم شێوەیە چوارچێوەی فەلسەفە بە پێشکەوتنی مەعریفه و زانستە جۆراوجۆرەکان بەرتەسک و سنوردار بووەتەوە. ئیدی ئێمە ئەو کێشە و گرفتانەی کە دەتوانین لەڕێگەی ئەزموونەکانەوە وەڵامەکانیان بەدەست بهێنین بە کێشە و گرفتی فەلسەفی نازانین، بەڵام ئەوە بەو واتایە نییە کە فەلسەفە لە دەرئەنجام بە هیچ دەگات.
پێکهاتەی زانست و وێنەیەکی گشتی ئەزموونی مرۆڤایەتی و ڕاستەقینە تا ئەو جێگەیەی لە تواناماندا بێت بە باوەڕێکی گونجاو سەبارەت بەم کێشانەمان بگەیەنێت لە چوارچێوەی فەلسەفە دەمێننەوە، لەبەرئەوەی ئەم جۆرە کێشانە لە ڕووی پێکهاتن و سروشتەوە لەڕێگەی هیچ کام لە زانستە سروشتییەکان ناتوانین شوێنی کەوین و لێکۆڵینەوەی لەسەر بکەین، گەرچی ئەو پنتەی کە فەیلەسوفەکان تاکو ئێستا لەسەر کێشە باسکراوەکانی سەرەوە بە ڕێکنەکەوتنێکی گشتی نەگەیشتوون تا ڕادەیەک دەمانخاتە ناو دڵەڕاوکێوە، بەڵام ناتوانین بەو ئەنجامە بگەین کە لە هەر کوێ کە بە دەرئەنجامێکی ڕەها و پەسەندکراوی جەماوەر نەگەیشتین هەوڵدان و لێکۆڵینەوەکان بەبێ نرخ بزانین، لەوانەیە دوو فەیلەسوف کە ڕێکنەکەوتوون کە بە هەمگەلێک بخولقێنن لە هەمان کاتیشدا، بەڕەهایی لە هەڵە بێبەری نەبن، بەڵام ئەو بۆچوونە جیاوازانەی کە پێشکەشمان دەکەن تەواوکەری یەکتربن.
لەم واقعیەتە کە بوونی هەر فەیلەسوفێک پێویستیەکی گرنگە بۆ تەواوکردنی کاری فەیلەسوفەکانی تر، بەو ئەنجامە دەگەین کە کاری فەلسەفە کردەیەک نییە بەتەنیا گرێدراوی تاک یان کەسێک بێت بەڵکو پڕۆسەیەکی گشتییە. یەکێک لە خاڵە باشەکانی دابەشکردنی کارپێداگرییەکە کە هەر تاکێک لە ڕوانگەی خۆیەوە بۆ کێشەیەک هەیەتی، بەشێکی زۆر لە کێشە فەلسەفییەکان گرێدراوە بە زانستی ئێمە لەسەر شمەک و بابەتەکان، نەوەکو شمەک و بابەتەکان بۆ خۆیان، ئەمەش هۆیەکی ترە بۆ ئەوەی کە لەبەرچی فەلسەفە بێ ناوەڕۆک دێتە پێش چاو؟ بەڵام باسگەلێکی وەکو دوا پێوەری حەقیقەت، لەوانەیە لەکاتی بەکارهێنانیان نەخوازراو لە دەستنیشانکردنی ئەو بابەتانەی کە ئێمە لە کردەوە بە ڕاستیان دەزانین کارتێکەربن. باسگەلی فەلسەفی لەسەر تیۆری ناسین بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ کاریگەری زۆری لەسەر زانستەکان داناوه.
گرنگی فەلسەفە لە چیدایە؟
ئەو پرسیارەی کە زۆرێک لە خەڵک لە کاتی ڕووبەڕوو بوونەوە لەگەڵ (واتا فەلسەفە) لە خۆیانی دەکەن، ئەوەیە کە قازانجی فەلسەفە لە چیدایە؟ ناتوانین چاوەڕوان بین، کە فەلسەفە ڕاستەوخۆ بتوانێ یارمەتیدەر بێت بۆ کۆکردنەوەی سامانی ماددی، بەڵام ئەگەر ئێمە سامانی ماددی وەکو تەنیا شتێکی بەهادار و گرنگ چاو لێنەکەین، ئەوەی کە فەلسەفە ناتوانێ بەرهەمهێنەری سامانی ماددی بێت بەو واتایە نییە کە فەلسەفه لە باری کردەوە گرنگیەکی نییە سامانی ماددی لەخۆتەن (فی نفسە) گرنگیەکی وەهای نییە، بۆ نمونە کۆیەک کاغەز کە پێی دەگوترێ پارە، لە هەناویدا باش و خێر نییە، بەڵکو لەو لایەنەوە باشە کە ئەتوانێ ئامێرێک بێت بۆ خۆشی و کامەرانی.
گومانێک لەوەدا نییە یەکێک لە سەرچاوە گرنگەکانی خۆشی و کامەرانی بۆ ئەو کەسانەی بتوانن کەڵکی لێ وەربگرن بەدواداچوونی ڕاستی و بیرکردنەوە و تێڕامانە لە واقیع، ئەمەش هەمان ئەو ئامانجەی فەیلەسوفە جیاواز لەوانەی کە لەبەرئەوەی هۆگری تیورێکی تایبەتن هەڵسەنگاندنێکی یەکسانیان بۆ تەواوی چێژەکان نییە، ئەو کەسانەش کە لە بنەماوە ئەزموونی وەها چێژێکیان کردبێت بە چێژێک کە لە تەواوی چێژەکانیتر لەپێش و سەرترە دایئەنێن، لەوەیدا کە زۆرینەی ئامێرە پیشەییەکان بە دەر لەوانەی پەیوەندی بنەڕەتیان بە پێویستیەکانی ژیانەوە هەیه تەنیا سەرچاوەی دەستەبەرکردنی حەسانەوە و چێژ لێوەرگرتنن.
فەلسەفە لە لایەنی دەستەبەر کردنی قازانج، ئەتوانێ لەگەڵ زۆرێک لە بەرهەمە پیشەییەکان بکەوێتە ململانێوە، بەتایبەت کاتێک ئەبینی کۆمەڵێکی کەم تەواوی کاتەکانی ژیانیان بۆ لێکۆڵینەوە فەلسەفییەکان تەرخان کردووە، جێی داخە، ئەگەر هیچ نەبێ بەشێکی بچوک لە تواناکان بۆ بەدواداچونیان تەرخان بکەین، تەنانەت ئەگەر بە تەنیا سەرچاوەیەکی بزانین کە نەک زەرەر بەڵکو چێژێکمان پێ ئەبەخشێ کە لە هەناوی خۆیدا نرخێکی تایبەتی هەیە (نەک تەنیا بۆ فەیلەسوفەکان، بەڵکو بۆ ئەو کەسانەش کە شتیان لێ فێرئەبن و ئەکەونە ژێر کاریگەرییانەوە).
بەڵام ئەمە تەواوی ئەو شتە نییە کە داکۆکی لە فەلسەفە دەکات لەبەرئەوەی بەدەر لەو بەها گرنگانەی کە لە هەناوی فەلسەفە دا هەیە و لێرە دا چاوپۆشی لێ دەکەین، فەلسەفە تەنانەت لە سەر ئەو کەسانەش کە هیچ شارەزاییەکیان لەسەری نەبووە بەشێوەیەکی ناڕاستەوخۆ کاریگەری زۆر گرنگی داناوە و لە ڕێگەی وتاراوە، ئەدەبیات، ڕۆژنامە و داب و نەریتەکانەوە یارمەتیدەر بووە بۆ پاڵاوتەکردنی بیری کۆمەڵگە و هەروەها جیهانبینی و ڕوانینی تاکەکانی کۆمەڵگەی خستووەتە ژێر کاریگەری خۆیەوە. ئەوەی ئەمڕۆ ئێمە بەناوی دینی مەسیحەوە دەیناسین، بەشێکی زۆری لە ژێر کاریگەری فەلسەفە دا بووە، ئێمە لە بەشێک لە بیر و بڕواکان کە کاریگەری گرنگیان لەسەر بیرکردنەوەی گشتی ئەویش لە پانتاییەکی بەربڵاو داناوە قەرزداری فەیلەسوفەکانین. بڕواگەلێکی وەها کە نابێ وەکوو ئامێر و کەرەستە لەگەڵ مرۆڤەکان هەڵسوکەوت بکرێت یان دەسەڵاتدارانی وڵات دەبێ پەسەندکراوی خەڵک بن.
بە تایبەت ئەم گۆڕانکارییە لە بەشی سیاسەت زۆر گرنگ و بەرچاوە، بۆ نمونە یاسای بنەڕەتی وڵاتی ئەمریکا یەکێک لەو بابەتانەیە کە لە داڕشتن و پیادە کردنی، تا ئاستێکی زۆر لە ئەندێشەی (جان لاکی فەیلەسوف) کەڵک وەرگیراوه، بەو جیاوازییەوە کە لە ئەندێشەی (جان لاک) لەباتی پاشایەک کە دەسەڵاتی لە باپیرانییەوە پێدەگەیشت ئەوە سەرۆک کۆمارەکە دەسەڵات بە دەستەوە دەگرێ، هەروەها هاوڕاییەک لەسەر بەشداری و کاریگەری بیرۆکەی (رۆسۆ) لەسەر شۆرشی فەڕەنساوە (١٧٨٩) هەیە: هەڵبەت بێ گومان هەندێک کات فەلسەفە کاریگەری نەرێنیشی لەسەر سیاسەت داناوە: فەیلەسوفەکانی سەدەی نۆزدەهەمی ئەڵمانیا بەشێک لە گوناحی ئەو ناسیونالیزمە رادیکاڵەی کە لە ئەڵمانیا سەری هەڵدابوو، کە لەئەنجامدا بەرەو لارەڕێیی رۆییشت لەئەستۆ دەگرن، هەرچەن ئەو شتەی لەسەری قەدەغەکراون زۆر کات زۆربڵێی کراوە و بەهۆی لێڵی و تەماوی بوونی کێشەکەوە، دانانی چوارچێوە و سنورێکی دیاری کراو کارێکی ئەستەمە، بەڵام ئەگەر فەلسەفەی خراپ کاریگەری خراپ دادەنێت، فەلسەفەی باشیش کاریگەری باش دادەنێت. ئێمە بەهیچ شێوەیەک ناتوانین بەر بەکاریگەرییەکانی فەلسەفە لەسەر سیاسەت بگرین، لەبەر ئەوە دەبێ بە تەواوی چاودێری ئەوەبین کە کام چەمکە فەلسەفیانەن کە ئەتوانن کاریگەری باش لەسەر سیاسەت دابنێن نەک خراپ. جیهان کەمتر تووشی کێشە و گرفت ئەبویەوە ئەگەر ئەڵمانییەکان لەجیاتی فەلسەفەی نازیسم، لەژێر کاریگەری فەلسەفەیەکی باشتر بوونایە.
بە لەبەرچاو گرتنی ئەوەی کە تێمانپەڕان، ئیدی دەبێ ئەو بڕوایەی کە فەلسەفە بەهاو بایەخێکی هێندەی سامانێکی ماددی نییە بە لاوە بنێن، فەلسەفەیەکی باش لە جیاتی فەلسەفەیەکی خراپ، ئەتوانێت لە ڕێگەی کاریگەری دانان لەسەر سیاسەت، یارمەتی دەر بێت لە کۆکردنەوەی سامانی ماددی، بێجگە لە پیشکەوتنە بەردەوامەکانی زانست و بەرهەمە دەستکەوتووەکان، گرێدراوی بەشی فەلسەفیەکەیەتی. تەنانەت ئەم بابەتەش کە بێ گومان پیاهەڵگوتن نییە وتراوە تەواوی پێشکەوتنە شارستانییەکان گرێدراوە بە گۆڕانێک کە لەسەر چەمکی هۆ یان هۆکار کراوە: واتا گۆڕان لە چەمکێکی سیحری و خورافەیی بۆ چەمکێکی زانستی، چەمکی هۆکاریش، بێ گومان یەکێک لە گرفتە فەلسەفیەکانە، ئەو ڕوانینە زانستییەش بۆ جیهان لە خویدا هەڵگری فەلسەفەیەکە و تا ئاستێکی بەرز فەلسەفە لەو جۆرە ڕوانینە کاریگەری هەبووە.
بەڵام ئەگەر فەلسەفە وەکو تەنیا ئامێرێک چاو لێبکەین، کە ناڕاستەوخۆ بۆ دەستەبەرکردنی سامانی ماددی بەکاردێت ڕوانینێکی گونجاومان هەڵنەبژاردوە ئەرکی بنەڕەتی فەلسەفە بریتییە لە ڕەخساندنی دۆخێکی فکری و عەقڵی بۆ ڕووە دەرەکی و هەستیارەکانی شارستانییەتێک و ڕوانگە تایبەتیەکانی ئەو شارستانییەتە. بڕێ کات لەسەر ئەرکی فەلسەفە هەڵکێشانە گەلێکی زۆر گەورەکراوە، (وایتهد) یەکێک لە گەورەترین بیرمەندانی سەرسوڕهێنەری ئەم سەدەیە، دەسکەوتەکانی فەلسەفە بە دروستکردنی ڕوانین، دوور ئەندێشەیی، درککردنی بەهاکانی ژیان، بە شێوەی گشتی وەها هەستێکی گەورە کە رۆحی خستە هەموو ئەو تێکۆشانانەی کە مرۆڤ لە ڕێگەی شارستانییەتەکانەوە دەیکێشا بەڕێزییان، هەروەها دەڵێن هەر کاتێک شارستانییەتێک ئەگاتە دواهەنگاوەکانی خۆی ئەوە نەبوونی فەلسەفەیەکی یەکگرتوو و هاوئاهەنگە کە لە تەواوی ئەو کۆمەڵگەیە پەرەی سەندبێت، بەڵگەی گەندەڵی لەناوچوون و بە خەسار چوونی تێکۆشانەکانیانە لە ڕوانگەی ئەم بەڕێزە فەلسەفە لەو لایەنەوە گرنگی هەیە کە تێکۆشانێکە بۆ ڕونکردنەوەی بڕواگەلی بنەڕەتی کە پێکانی ئەساسی کاکڵی کەسایەتی هەر تاکێک دەردەخات.
سەرچاوەکان:
١. Kompridis، Nikolas (2000). "So We Need Something Else for Reason to Mean". International Journal of Philosophical Studies. 8 (3): 271–295. doi:10.1080/096725500750039282.
٢. " individuals, for example, "humans have reasonCompare: MacIntyre ، Alasdair (2013). Dependent Rational Animals: Why Human Beings Need the Virtues. The Paul Carus Lectures. Open Court. ISBN 978-0-8126-9705-6. لە ڕێکەوت 2014-12-01 ھێنراوە. [...] the exercise of independent practical reasoning is one essential constituent to full human flourishing.
٣. Aristotle, Nicomachean Ethics 6 – The Intellectual Virtue
زۆرترین بینراو
developed by Scorpion shield