مەبەست

بڵاوکردنەوە:

زنار بابەکر

نووسەر:

زنار بابەکر

بینراو:

533

بەش:

فەلسەفە

بە بڕوای من – ئەوەندەی کە لە تێڕامان و سەرنجی خۆمەوە بۆم دەرکەوتووە – مرۆڤەکان بە دوو ڕێگا ئەزموونی ژیان دەکەن؛ هەموو ئەو ملیارانەی کە هەریەکەی خاوەن بیرکردنەوەی جیاواز و جودایە، بۆخۆی. جا، بەر لەوەی کە هەر یەکێک لە دوو ڕێگاکە باس بکەم، با پێتان بڵێم کە لە چییەوە سەریان هەڵداوە و بنچینەیان گرتووە: مەبەست.

واز لەوە بهێنە کە "مەبەست" لای تۆ چ واتایەک دەبەخشێت هەروەها چییە و چۆنە؛ لەناو فەرهەنگدا، مەبەست "بریتییە لەو هۆکارەی کە لەپێناویدا شتێک ئەنجامدەدرێت؛ دروستدەکرێت؛ بوونی هەیە." واتە، کاتێک کە شتێک ئەنجامدەدرێت بەهۆی شتێکی ترەوە، ئەوە ئەو شتەی تر بریتییە لە مەبەست؛ کاتێک کە شتێک دروستدەکرێت بەهۆی شتێکی ترەوە، ئەوە ئەو شتەی تر بریتییە لە مەبەست؛ کاتێک کە شتێک بوونی هەیە بەهۆی شتێکی ترەوە، ئەوە ئەو شتەی تر بریتییە لە مەبەست. ئێمەش، کە لە ژیان هەچییەک  دەکەین – جا بە هەر شێوەیەک دەژین و هەر کار و کردەوەیەک ئەنجامدەدەین – ئەوە بەدڵنیاییەوە هۆکاری خۆی لەپشتە و ئەو هۆکارەش بۆ کارە و کردەوەکانمان... بریتییە لە "مەبەست."

ئینجا، لێرەدا، شتێک هەیە کە پێویستە تۆ تێیبگەیت: "هۆکار پێشینەیە، وەک لە ئەنجام." ئەگەر "هۆکار" بریتی بێت لە مەبەست و هەروەها "ئەنجامیش" کار و کردەوەکانمان، ئەوە واتە "مەبەست پێشینەیە، وەک لە کار و کردەوەکانمان. (لێرە بوەستە و، دڵنیابەرەوە لەوەی کە بەتەواوەتی لەگەڵمدایت ئینجا بەردەوامبە.) کەوابێت، ئێمە کە هەر کار و کردەوەیەک ئەنجامدەدەین و هەر شتێک دەکەین – بە هەر شێوەیەک ژیان بەسەر دەبەین و چی دەکەین و چی ناکەین – ئەوە، بەدڵنیاییەوە، پێشووتر مەبەستی خۆمان دیاریکردووە و هۆکارەکەمان دەستنیشان کردووە. ئەگەر، تەنانەت، ئاگاییانەش دەستنیشانمان نەکردبێت، ئەوە ژێرئاگاییانە لە زۆردووبارەبوونەوە بیرمان خۆی خودکارییانە مەبەستەکەی دیاریکردووە. جا، بۆیە، لەمەوە بۆم دەرکەوت، کە ((ئەوەی ئەوە دیاریدەکات ئاخۆ مرۆڤ چۆن دەژی و ژیان گوزەردەکات، بریتییە لە "مەبەست"))... پاشان، لەمەشەوە، بیرمکردەوە و بە چەندان کاتژمێر ڕامام و سەرنجمدا کە ئاخۆ مەبەستەکان چین و چۆنن، چەن جۆریان هەیە و لای هەر کەسێک بە چ شێوەیەک خۆیان دەردەخەن، کامانەن کە زۆرترین و مەزنترین ئەزموونەکانی ژیان دەبەخەشن و مرۆڤە باڵاکان جیادەکەنەوە لە مرۆڤە داکەوتوو و شۆڕکەوتووەکان... زۆری نەبرد، کە بۆم دەرکەوت ئەمەشیان، لە کۆتاییدا، ڕەگوڕیشەی خۆی هەر لە "بیروباوەڕدا" دەگرێتەوە هەروەک چۆن چەندان شتی تری لەم شێوەیە هەبوو دوای ڕامانێکی زۆر جگە لە بیروباوەڕ نەمدەتوانی بیگەڕێنمەوە بۆ هیچ شتێکی دیکە. بیروباوەڕ، – واتە، ئەو بنەما و بنچینانەی کە مرۆڤ شێوازی بیرکردنەوەی خۆی بۆ ژیان لەسەر بنیاتناوە – ئەمە ئەوەیە کە مەبەست و هۆکارەکان بۆ مرۆڤ دەستنیشان دەکات بۆ گەیشتن بە ئەنجامی کار و کردەوەکان.

هەمان کار و کردەوە، ئەگەر دوو کەس ئەنجامی بدەن، ئەوە دەرەنجامێکی جیاوازییان دەستدەکەوێت. بۆچی؟ چونکە هەر لەسەرەتاوە، بۆ ئەنجامدانی کار و کردەوەکە، هەر یەکەیان مەبەستێک و هۆکارێکی جیاوازییان هەبووە. خۆ، شتەکە هەر هەمان شتە و هیچ نەگۆڕاوە، بەڵام ئەوان هەردووکیان بەشێوەیەکی جیاواز لێی دەڕوانن بە بیروباوەڕی خۆیان، بۆیە مەبەست و هۆکاریان لە ئەنجامدانی ئەو شتە جیاوازدەبێت و، بەمەش لە کۆتاییدا هەریەکەیان دەرەنجامێکی جیاواز لە شتەکە بەدەستدەهێنن.

ئەم داڕشتەیەی پێشوو، بریتییە لە "بۆ-دەرکەوتەیەکی ژیری" ئەوەندە زێڕین و ڕەونەقدار کە مرۆڤانێک هەیە بەقەد کونکردنی کێوێک ڕادەمێنن و بیردەکەنەوە تا بیری خۆیان هەڵکەنن و ڕابماڵن بەس تا پێیبگەن و بیدۆزنەوە!... بۆیە، پێتدەڵێم کە جوان سەرنجی بدە و لێی وردبەوە...

بەهەرحاڵ، ئینجا ئێستا بۆ ئەو دوو ڕێگایەی کە پێموتیت مرۆڤەکان ئەزموونی ژیانی پێدەکەن، ئەو دوو ڕێگایەی کە وتم لە مەبەستەوە سەرچاوەی گرتووە...

کاتێک کە مرۆڤەکان – بە بیروباوەڕی خۆیان – هەر مەبەست و هۆکارێک دەستنیشان دەکەن بۆ هەر شتێک، ئەوە بەگشتی یەکێک لەم دوو شێوەی مەبەست دەردەخەن: ١) ئەو مەبەستە دیاریکراوەی کە بۆ خودی شتەکە هەیە و دانراوە، یاخود ٢) ئەو مەبەستە ڕێژەییەی کە خۆیان بۆ شتەکە دروستی دەکەن و دایدەنێن. جا، با بزانین کە هەریەکێک لە مەبەستانە چییە و چۆنە...

"مەبەستی دیاریکراو،" بریتییە لەو مەبەستەی کە هەر خودی شتەکە، خۆی، کە هەیە و دروستکراوە ئەوە لەپێناو ئەو هۆکار و مەبەستە دیاریکراوەدا دروستکراوە. "مەبەستی ڕێژەییش،" بریتییە لەو مەبەستە-گۆڕاوەی کە شتێک پێی بەخشراوە، لە کاتێکدا لە بنەڕەتدا کە هەیە و دروستکراوە ئەوە لەپێناو ئەو مەبەستە ڕێژەییەدا دروستنەکراوە. بۆ نموونە؛ هەر لە شتی سادە و ماددیی ڕۆژانەوە، وەکو ئەو کەوچکەی کە لەناو دەستمدایە هەر لە نووسینی ئەم دێڕەوە. مەبەست و هۆکار لەم کەوچکە چییە، ئەم کەوچکە بۆچی دروستکراوە؟... بۆ خواردن، نەک، بۆ بڕین یاخود هەر کردارێکی دیکە. مەبەستی "خواردن" لە کەوچکدا بریتییە لە مەبەستێکی دیاریکراو، بەڵام "بڕین" و هەروەها هەر شتێکی تر بریتییە لە مەبەستێکی ڕێژەیی. شتێکی تر، وەکو جلوبەرگەکانمان؛ ئایا ئەوانە بۆ پۆشین و لەبەرکردنە، یاخود بۆ سڕینەوە و پاککردنە؟ کامیان مەبەستێکی دیاریکراو و کامیشیان ڕێژەییە؟ شتەکە پێموابێ ڕوونە، بۆیە زیادەڕەوی ناوێت.

بەس، تۆ واز لە شتەکان بێنە کە کار و کردەوەیەک دروست دەکەن لە ئاستێکی ماددیدا، ئەوە زۆر سادە و ئاسانە، با نموونەیەک بهێنینەوە لە ئاستێکی بیری و دەروونیدا. من، ڕێک بەر لەوەی دەستبکەم بەم نووسینە، خەریکی گفتوگۆیەک بووم لەگەڵ هاوڕێیەک لەبارەی ئەوەی کە پەرتووک پێویستە چۆن لێی بڕواندرێت و سەیربکرێت. ئەو، دەیوت، کە پەرتووک دەبێت هەمیشە وەکو "ئامڕازێک" سەیربکرێت و بۆ بەدەستهێنانی مەعریفە و هۆشیاری بەکاربهێنرێت، نەک وەکو شتێک کە وابکات پەیوەست و ئاڵودەبیت پێیەوە بەڕادەیەک کە تێکتبدات و باری دەروونیت ناجێگیر بکات. منیش، وتم، ئاخر ئەوە ناکرێت ببێت بە پێوەرێک بۆ هەموو پەرتووکێک، چونکە پەرتووک هەیە کە تایبەت بۆ ئەوە دروستکراوە کە واتلێبکات ئاڵودەبیت و گیرۆدەبیت پێیەوە، هەشە تەنها بۆ فێربوون و بەدەستهێنانی هۆشیاری و مەعریفە. جا، من نموونەم بە "چێژ" هێنایەوە بۆ ئەو پەرتووکانەی کە بۆ ئەوە نووسراوە تا گیرۆدەت بکات، وتم کە دەکرێت ئەوە ئەو چێژە بێت کە خوێنەران لە پەرتووکەکەوە بەدەستی دەهێنن تا وایان لێبکات گیرۆدەبن پێیەوە. ئەویش، "سوودی" بەکارهێنا لە وەڵامدانەوە و وتیشی کە تەنانەت چێژەکەش جۆرێکە لە سوود و هەروەها سەرەڕای ئەوەش کە بۆ چێژ نووسراوە بەڵام ئەو چێژەش لە چەندین لایەنی ترەوە دەکرێت سوودی ترت هەر پێبدات، بۆ نموونە، وەک فێربوون و هۆشیاری، زانست و زانیاری،  هەروەها پاڵنەرێکی دەروونی و چەندان شتی دیکە. بەڵام، لێرەدا، من ڕاستەوخۆ شێوازی دەربیرینی خۆم گۆڕی! سەرەتا، کە من وتم پەرتووک هەیە تەنها بۆ ئەوە دروستکراوە گیرۆدە و ئاڵودەت بکات، ئەوە لە ڕوانگەیەکەوە قسەم دەکرد کە من "مەبەستە دیاریکراوەکانی" شتەکان بخەمەڕوو، بەڵام ئەو بەشێوازێک وەڵامیدایەوە کە "مەبەستی ڕێژەیی" بۆ کۆمەڵە پەرتووکێک دانا! وەکو ئەوەی کە وتی، چێژیش جۆرێکە لە سوود و هەروەها دەکرێت سوودی تریش لەو چێژە ببینیت وەکو فێربوون و هۆشیاربوونەوە و هتد. بۆ ئەوەی مەسەلەت لا ڕوونتربێت، گریمان من پەرتووکێک دەنووسم و مەبەستی من لە نووسینی تەنها و تەنها بریتییە لە گیرۆدەکردن و ئاڵودەکردنی خوێنەر. ڕاستە، ئەگەرچی "مەبەستی دیاریکراوی" من تەنها بریتییە لە گیرۆدەکردنی خوێنەر، بەڵام بەبێگومانەوە چەندەها "مەبەستی تری ڕێژەییش" دەکرێت سەرهەڵبدات لێیەوە. جا، کە دەڵێم دوو ڕێگا بۆ ئەزموونکردنی ژیان هەیە، ئەوە یەکیان هەمیشە ڕەچاوی مەبەستە دیاریکراوەکان دەکات و لە حاڵەتی پەرتووکەکەی مندا تەنها بە مەبەستی گیرۆدەبوون پێیەوە دەیخوێنێتەوە، لە کاتێکدا هەیە کە ڕەچاوی مەبەستە ڕێژەییەکان دەکات و ئەگەر پەرتووکەکەی منی خوێندەوە ئەوە بۆ گیردەبوون نا، بەڵکو بۆ مەبەستی تر دەیخوێنێتەوە (مەبەستی تر کە خۆی پێی دەبەخشێتێت و بە هەرشێوەیەک بێت لێی هەڵدەکۆڵێت). ئەمانە، بریتییە لە دوو شێوازی ئەزموونکردنی ژیان کە هەموو شتێک دەگرنەوە! هەمووان، کاتێک کە هەر شتێک ئەنجامدەدەین، یان ئەوەتا بە خودی مەبەستە دیاریکراوەکە خۆی ئەنجامی دەدەین، یان ئەوەتا خۆمان مەبەستێکی ڕێژەیی پێدەبەخشین. لە هەڵبژاردنی هەر یەکێک لەم دوو جۆرەی مەبەستیشدا، تەنها شت کە بڕیاردەرە بریتییە لە "بیروباوەڕ" و هیچیکە.

با بۆت ڕوونتر بکەمەوە: ئەو هاوڕێیەم، باسی هاوڕێیەکی تری خۆی هێنایە ناو مەسەلەکەوە کە خۆی کوشتووە بەهۆی تێکچوونی بارودۆخی دەروونی لە ئەنجامی زۆر خوێندنەوەی پەرتووکی جۆربەجۆرەوە. لەمەوە، ئەو هاوڕێیەم بیروباوەڕێکی بۆ دروستبووە کە وای لێدەکات بترسێت و هەمیشە هەموو پەرتووکێک بە "مەبەستی دیاریکراوی" خۆی وەرنەگرێت و تەنها هەر وەکو "ئامڕازێک" لێی بڕوانێت نەکا ئەویش تووشی شتێکی لەم شێوەیەبێت. بەڵام، من، کە خاوەن بیروباوەڕێکی ترم، پێموت کە ئەگەر مرۆڤ کەوتە حاڵەتێکی دەروونی ئەوەندە ناخۆش و ئازاربەخشیش تا بیرۆکەی خۆکوشتن بخاتە مێشکیەوە ئەوە هێشتاش هەر دەبێت لەسەر هەمان ڕێچکە بمێنێتەوە و بەرگەی بگرێت!... دەبینیت! من کەسێکم، بەشێوازێک دەژیم کە هەمیشە "مەبەستە دیاریکراوەکان" وەردەگرم، بەڵام ئەو بەپێچەوانەوە "مەبەستە ڕێژەییەکان." خۆ، شتەکەمان هەر هەمان شتە؛ هەمان پەرتووکە، حاڵەت و بارودۆخە ئازاربەخش و ناخۆشەکەش کە باسی دەکەین ڕێک یەکە، بەڵام چونکە بیروباوەڕمان جیاوازە ئەوە یەقینیشمان لەسەر شێوازی ئەنجامدانی شتەکە (کە خوێندنەوەی پەرتووکە) جیاوازە.

جا، ئێستا، لەوەیە تۆی خوێنەر بیرت بەلای ئەوەدا ڕۆیشتبێت کە کاممان ڕاستین و کاممان هەڵە؛ لەوەیە ململانێیەک دروست بووبێت لە بیری تۆدا بۆ یەکلایی کردنەوەی ئەوەی کە کام جۆرەی ئەزموونکردنی شتەکە هەڵەیە و کامەی ڕاستە. بەڵام، لە ڕاستیدا، هەردووکی هەر یەک شتە!... لێرەدا، شتێک بوونی نییە بەناوی ڕاست یا هەڵە، چون هەردووکی هەر هەمان شتە! دەزانیت وەکو چی وایە؟ وەکو ئەوەی کە دەڵێت، ئەگەر ئامانجت هەر هەمان شوێن بێت ئەوە بە هەر کوێیەکدا بڕۆیت هەر وەکویەکە (زوو بێت یا درەنگ هەر دەگەیت ئەگەر بزانیت چۆن دەڕۆیت). ئێ، خۆ، ئامانجی من و ئەو هاوڕێیەشم لە خوێندنەوەی پەرتووک هەر تەنها هۆشیارکردنەوە و فراوانکردن و هەروەها بەهێزکردنی بیر و هزرە، با شێوازی ئەزموونکردنی خوێندنەوەی پەرتووکیشمان جیاوازبێت بەوەی کە من کاتێک پەرتووکەکان دەخوێنمەوە بە مەبەستە دیاریکراوەکانیان دەیانخوێنمەوە و ئەویش کاتێک کە دەیانخوێنێتەوە بە مەبەستە ڕێژەییەکانیان دەیانخوێنێتەوە. ئەو دەڵێت، گیرۆدەبوون و ئاڵودەبوون تۆ ناگەیەنێت بە هۆشیاربوونەوە و مەعریفە، بەڵام من هاوڕانیم لەگەڵ ئەوەدا و بەپێچەوانە بیردەکەمەوە بەشێوەیەک کە گیرۆدەیی و ئاڵودەیی دەتگەیەنێت بە هۆشیاربوونەوە و مەعریفەیەکی زیاتر. هەردووک، بیروباوەڕمان جیاوازە! کاتێکیش کە بیروباوەڕمان جیاوازە، ئەوە کە پەرتووک دەخوێنینەوە بە مەبەستی جیاواز دەیخوێنەوە و لەمەشەوە ئەزموونی جیاواز وەردەگرین لەو خوێندنەوە! ئەمە ئەوەیە کە جیاوازی ئەزموونی ژیان دروست دەکات لەنێوان من و ئەودا. بەڵام، هەردووک ئامانجمان هەر یەکە، بۆیە سەرەڕای ئەزموونی جیاوازیش، لە کۆتاییدا ئەزموونە جیاوازەکانمان هەر دەمانگەیەنێتەوە بەهەمان شت و هیچ فەرقی نییە (زوو بێت یا درەنگ هەر دەگەین بە هەمان شت ئەگەر بزانین چۆن ئەزموونی شتەکە دەکەین).

ئەزموونکردنی هەموو شتێک لە ژیان هەر بەم دوو ڕێگایەیە! تەنها لێی وردببەرەوە و قووڵبەرەوە، دەبینیت کە لە کۆتاییدا ئەزموونەکە هەرچۆنێک و بە هەرشێوەیەکیش بێت یا ئەوەتا لە "مەبەستە دیاریکراوەکاندا" خۆی دەبینێتەوە یا ئەوەتا لە "مەبەستە ڕێژەییەکان." هەر بۆ نموونە، ڕێچکەی خوێندن لە ژیان. مەبەست لە خوێندن چییە؟ (بەس، ئاگاداربە، ئەو خوێندنە دەڵێم کە یەک ساڵی باخچەی مناڵان و دوانزە ساڵی قوتابخانە و هەروەها چەند ساڵێکی زانکۆی لەگەڵە) تەنها شەهادە و بڕوانامەیە، هیچیکە! جا، ئێستا، هەیە کە تەنها ئەو مەبەستە دیاریکراوەی وەرگرتووە و کاتێک کە دەخوێنێت جگە لە بەدەستهێنانی بڕوانامە تەرکیز و هەوڵ و کۆششی ژیانی لەسەر هیچ شتێکی دیکە نییە، هەشە بەپێچەوانەوە، کە مەبەستی تری ڕێژەیی بۆ خوێندن داناوە و لەگەڵ بەدەستهێنانی بڕوانامەکە چەندان پلان و بیرۆکە و شتی تری لە ژیانی خۆیدا جێگیرکردووە کە هەوڵدەدات لەگەڵ بڕوانامەکەدا ئەوانیش بەدەستبهێنێت بەهەمان شێوە... جا، ئەوەش بزانە، ئەو کەسەی کە تەنها مەبەستە دیاریکراوەکەی خوێندنی وەرگرتووە، بەواتای وشەکە خۆی، جگە لە بەدەستهێنانی بڕوانامە هیچ ئامانجێکی تری نییە! بەڵام، ئەوەی کە مەبەستی تری ڕێژەیی لە خوێندنەوە هەڵکۆڵیوە، ئەوە لەوانەیە کۆمەڵە شتانێک هەبێت کە تەنانەت بیخستبێتە سەروو بەدەستهێنانی بڕوانامەکەشەوە!... هەروەک چۆن کەسێک کە فێربوون و مەعریفە دەخاتە سەروو چێژ و حەزەوە لە خوێندنەوەی پەرتووکێکەوە کە تەنها بۆ گیرۆدەکردنی خوێنەر نووسراوە، ئەویش دیاردەکەی بەهەمان شێوەیە کە ئەو مەبەستە ڕێژەییانەی بە خوێندنی بەخشیوە دەخاتە سەروو بەدەستهێنانی بڕوانامە و شەهادەوە... دەڵێت، با چێژ و حەزیش لە پەرتووکەکە نەبینم، بەڵام دەکرێت مەعریفە و هۆشیاری لێ بەدەستبهێنم؛ با بڕوانامەش لە خوێندن بەدەست نەهێنم، بەڵام دەکرێت مەبەستە ڕێژەییەکانم بەدیبهێنم.

چەند نموونەی ترت دەوێت لە ژیان، من ئەزموونەکانت ئاوا بۆ دەخەمەڕوو و بەپشت بەستن بە مەبەستە دیاریکراو و ڕێژەییەکان بۆت جیادەکەمەوە. جا، بە تێگەیشتن لە مەبەستە دیاریکراو و ڕێژەییەکان، لەوەش گەورەتر و خۆشتر کە دەتوانیت ئەزموونەکان جیابکەیتەوە، ئەوەیە کە دەتوانیت و فێردەبیت جۆری کەسایەتی و بیروباوەڕەکان جیابکەیتەوە! کەسایەتی ئەو بیروباوەڕەی کە مەبەستە دیاریکراوەکان بۆ ژیان هەڵدەبژێرێت، بە بەراورد لەگەڵ ئەو کەسایەتییەی مەبەستە ڕێژەییەکان، چەندە جیاواز و لێکجودان!... ئاگاداربە، لێرەدا، بەهیچ شێوەیەک مەرج نییە یەک کەسایەتی بەتەنها مەبەستی دیاریکراو بۆ هەموو شتێکی ژیان هەڵبژێرێت و هەروەها کەسایەتییەکی تر بەتەنها ڕێژەیی بۆ هەموو شتێک، نەخێر. بەڵکو، لە هەموو کەسایەتییەکاندا، هەم ڕێژەیی و هەم دیاریکراوی مەبەست بوونی هەیە، هەر جۆرەی مەبەستیش بە تەنها بۆ یەک شتێکی ژیان. واتە، دەکرێت، من کە بە مەبەستێکی ڕێژەییانەوە لەگەڵ ئەزموونێکی ژیان دەڕۆم، لە هەمان کاتدا بە مەبەستێکی دیاریکراوانەوە لەگەڵ ئەزموونێکی تری ژیان بڕۆم. بۆیە، تۆ، لێرەدا دەبێت لەگەڵ من بەوردی و جوانی بدوێیت، تا تێبگەیت و بتوانیت جۆری بیروباوەڕ و کەسایەتیم لە مەبەستە دیاریکراو و ڕێژەییەکانی ژیانمەوە دەستنیشان بکەیت.

جا، تۆ، واز لەو ئەزموونانەی ژیانیش بێنە کە کاردەکەنە سەر باری دەروونی و هەست و سۆزەکانمان هەروەها بەدەستهێنانی دەستکەوتی ژیانمان، ئەی چی لەبارەی ئەو مەبەستانەوە کە خودی بیروباوەڕەکانمان دیاریدەکەن بۆ بنیاتنانی کەسایەتیمان؟! خۆ، بەدڵنیاییەوە، با بیروباوەڕەکانیشمان مەبەستە ڕێژەیی و دیاریکراوەکان دەستنیشان بکەن بۆ ئەزموونکردنی ژیان، بەڵام خودی بیروباوەڕەکانیشمان مەبەستێکیان لەپشتەوە هەیە و هۆکاری خۆیان هەیە کە ئێمە ئەوانمان هەڵبژاردووە و دەستنیشانمان کردوون بۆ بنیاتنانی کەسایەتیمان... ئایا، ئەو مەبەستانەی کە بیروباوەڕەکان دەستنیشان دەکەن، ئەوانیش ڕێژەیی و دیاریکراوییان هەیە؟... لێرەوە، کۆتایی دەهێنم بەم نووسینە و، کەی دووبارە مێشکم پڕژایەوە ئەوسا لەسەری دەڕۆمەوە.

زۆرترین بینراو

developed by Scorpion shield