ئەفلاتۆن و ئافرەت

بڵاوکردنەوە:

ئاری ساڵح قادر

نووسەر:

ئاری صاڵح قادر

بینراو:

539

بەش:

فەلسەفە

پێشەکی

ئەم پرسەی لێکۆڵینەوەیە دەربارەی ئەفلاتۆن و ئافرەت دەخاتە بەر توێژینەوە، پوختەکەی ئەوەیە هەوڵدەدات بۆ وەڵام دانەوەی ئەم پرسیارانە؛ ئایا بەڕاستی ئەفلاتۆن پشتیوانی ژن بووە؟ ئایا ئەو یەکەم فەیلەسوف بووە بانگەشەی یەکسانی نێوان ژن و پیاوی کردووە؟ بۆ ئەوەی وەڵامی ئەم پرسیارانە بدەینەوە ئەوا پێویستە ئێمە لێکۆڵینەوەکە بەم شێوازە دابەش بکەین .

 

پوختە

لە پوختەی ئەم توێژینەوەیە دەگەینە ئەو ئەنجامەی کە ڕەوشی ئافرەت لە نێو کۆمەڵگای یۆنانی بە گشتی خراپ بووە، چونکە لە ئەسینادا لە نێو کونجی ماڵ ئافرەت زیندانی بووە و بۆی نەبووە بێتە دەرەوە بەبێ پەچە کە نیشانەی موڵکداریەت تایبەتی پیاو بووە و کەسێك بۆی نەبووە دەستی بۆ ببات .

 

 

ئەفلاتۆن لە دیالۆگی کۆماردا

کتێبی یەکەم لە دیالۆگی کۆمار بە پێناسەکردنی فرە ڕەنگی دادپەروەری دەستپێدەکات و تەواو دەبێت، بەڵام کتێبی دووەم لە دادوەری تاکدا دەمانگوازێتەوە بۆ دادپەروەری لە دەوڵەتدا، بەو پێیەی دووەمیان وێنەیەکی گەورەکراوی یەکەمیانە و ئینجا بۆ ئێمە ئاسانە درکی پێ بکەین. لێرەدا ئەفلاتۆن دەست دەکات بە توێژینەوە لە پەیدابوونی دەوڵەت، ئەو ئاگاییەکی تەواوی بەوە هەبوو کە بنچینەی کۆمەڵبوونی مرۆیی و بنەڕەتی ڕاستەقینەی پەیدابوونی دەوڵەت "پێویستی"یان بێتوانای تاک بووە بۆ خودگەرایی، بەتایبەتیش لە بابەتە پێویستەکانی وەک خۆراک و پۆشاک و ماڵ. تێرکردنی ئەم پێداویستیانە بە تاکە کەسێک ناکرێت بەڵکو پێویستە کار دابەش بکرێت بۆ ئەوەی هەر کەس بە ڕێکوپێکی کارەکانی خۆی جێبەجێ بکات، ئەمەش وا لە تاک دەکات بە تەنیا بە کارێکەوە ببەسترێتەوە، هەیە تەنیا کشتوکاڵ دەکات، هەیە گاسن و جەنجەڕ بۆ ئەو دروست دەکات، پێڵاو دروست دەکات، هەیە ماڵ دروست دەکات و هەمیشە کرێکاری دەکات ...هتد. هەروەها پێویستە لەپاڵ شوان و پیشەوەر و جووتیار و کرێگرتەدا بازرگان و هێنەر و نێردەر هەبن، کە کاری بازاڕداری بە بەرهەمە ناوخۆیی و دەرەکییەکانەوە بکەن. لە هەموو کۆمەڵگەکاندا ڕێسایەکی سەرەکی هەیە ئەویش بوونی چینی بەرهەمهێنەرن کرێکار و چینی خزمەتگوزارەکانە خۆ ئەگەر لەم دۆخەدا بوەستین ئەوە" گۆمەڵگای شەهوەت"مان هەیە کە خوێ و زەیتون و پەنیر و سەوزە و میوەی تێدایە، هەروەها هەموو ئەو خۆراك و پۆشاکانەیش کە مرۆڤ پێویستی پێیانە. بەڵام ئەو ژیانەی بەوەندە وازدەهێنێت و قەناعەت دەکات ئەوە نزیکترە لە" ژیانی بەرازەکان"ەوە! خۆ ئەگەر دەوڵەتەکەمان وەها دامەزرێنین ئامانجی ئەم کاروبارانە بێت ئەوا (وەک ئەوەیە شاری بەرازەکان ڕێکبخات) ئەمە لە دەروونێکی شەهوەتباز دەچێت کە ئەرکی خۆی تەنیا لە تێرکردنی جەستەیدا دەبینێتەوە. بەڵام دوای ئەوە ئێمە پێویستمان بە پاراستنی شارەکەمان هەیە و کەسێکە کە فەرمانڕەواییەکەی هەڵسوڕێنێت. خۆ جووتیار و وەرزێڕ و پیشەوەرەکانیش ناتوانن ئەم کارە بکە، وەک گوتمان) پێویستە هەر تاکێک شارەزایی لەیەک ئیشدا پەیدا بکات). بەم جۆرە دەبێت چینێکی تر دەبکەوێت ئەویش چینی سەربازەکانن و لەمیانیشەوە چینی فەرمانڕەواکان دروست دەبن لە نزیکەی کۆتایی کتێبی دووەمدا بۆ یەکەمجار ئەفلاتۆن گوزارەی "پاسەوانەکان" بەکاردەهێنێت بۆ ئاماژەکردن لە هەردوو چینەکە پێکەوە. ئەم پاسەوانە پێویستیان بە پەروەردەیەکی توند هەیە، چونکە جەنگ هونەرە، کەسێک لەسەری ڕانەهێندرابێت ناتوانێت بیکات، دەبێ کەسێک بێت بزانێت چۆن لەسەرەخۆیی و نەرم و نیانی لەگەڵ هاونیشتمانییەکانی و توندوتیژی لەگەڵ دوژمنەکانیدا پیشان دەدات )وەک ئەو سەگە ڕەسەنەی کە ئێجگار هێمن و لەسەرخۆیە دەرهەق بەو کەسانەی هۆگریانە و دەیانناسێت و بە پێچەوانەشەوە دەرهەق بەو کەسانەی نایانناسێت). بەڵام پاسەوانەکان وێڕای ئەمەش دەبێت بۆ ئەم گوڕوتینە لێوڕێژە سیفەتەکانی فەیلەسوفیش کۆبکەنەوە) کە لەسەر بنەمای مەعریفەت هاوڕێکەی لە دوژمنەکەی جیادەکاتەوە). کتێبی دووەم بەپێی گوتەی ئەفلاتۆن بە" چیرۆکی فێرکردنی پاسەوانەکان "دەست پێدەکات، )مەشقە وەرزشییەکان بۆ جەستە و میوزیک بۆ دەروون). ئەمە لە پەروەردەی کلتووری ئەسینایی سەردەمی ئەفلاتۆندا دابەشکردنێکی باوبوو).

 

یەکسانی لەنێوان هەردوو ڕەگەزەکەدا

ئەفلاتۆن لە کتێبی پێنجەمی" کۆمار"دا دەگەڕێتەوە بۆ تاوتوێکردنی ئەو بابەتەی لە کۆتایی کتێبی چوارەمدا بەسەرپێی دەیخاتەڕوو، مەبەست لە "هاوبەشێتی لە ژنان و منداڵان"دا، ئەو لێرەدا بیرۆکەی خۆی لەبارەی یەکسانی نێوان هەردوو ڕەگەزەکە دەخاتەڕوو، ئەو پێی وایە) پیاوان سەگی پاسن و پاسەوانی مێگەل دەکەن (و ژنانیش وەک دەڵەک) مێیەی سەگ)ی پاسن، ئەوانیش دەبێت وەک پیاوان خەریکی شەوبێداری بن بۆ پاسەوانیکردنی مێگەلەکە. مانای ئەمەش ئەوەیە دەبێت هەردوو ڕەگەزەکە پێکەوە خەریکی پاسەوانی بن. پاسەوانەکان ئامڕازی بزوێنەری خودی دەوڵەتن، ئەوان" ڕۆحی دەوڵەتن "هەر ئەوان بەرگری لێ دەکەن، هەر ئەوانیشن کاروبارەکانی هەڵدەسوڕێنن، لە شاری ئەفلاتۆنیدا دەسەڵاتەکان لێکجیانەکراونەتەوە، ئەمەش لە دەوڵەتانی کۆندا شتێکی ئاسایی بوو، ئەوانەی لە وەختی ئاشتیدا فەرمانڕەوایەتییان دەکرد و دەسەڵتیان بە دەستەوە بوو هەر ئەمانە لە کاتی جەنگ و شەڕ و شۆڕیشدا بەرگریان لە دەوڵەت دەکرد. لێرەدا ئەفلاتۆن خۆی سەرقاڵ کرد بە هەڵبژاردن و فێرکردنی ئەم چینەوە. ئەم هەڵبژاردنە وردە بێئاگامان دەکات لە جیاکردنەوەی هەردوو ڕەگەزەکە، وەک "ئەلێکسەندەر کۆرییە" دەڵێت ئەگەرچی ژن بەشێوەیەکی گشتی لە پیاو بێهێزترە، کەچی ئەم جیاوازییە جیاوازییەک نییە لە ماهییەتدا. بەڵام ئەگەر هەمان ئەرکی پیاومان بەسەر ژناندا سەپاند ئەوا دەبێت بە هەمان شێوەی پیاو فێریان بکەین. کەواتە پێویستە ژنان بەشیان لە فێرکردن و هونەری جەنگدا هەبێت و لەڕووی پەروەردەیی جەستەیی و میوزیك و وەستان بەڕووتی بێجاڕزبوونیش هەمان مامەڵەی پیاوانیشیان لەگەڵ بکرێت و ڕەنگە ئەم پێشنیارانە بەهۆی ناکۆک بوونیان لەگەڵ حاڵەتی باودا نامۆ و سەیر دەربکەون. بەتایبەتیش مەشقکردنی ژن بەڕووتوقووتی لەگەڵ پیاواندا لە گۆڕەپانی وەرزشدا، مەبەستم تەنیا لە بچووکەکانیان )کەم تەمەنەکان (نییە، بەڵکو مەبەستم لە گەورەکانیشە. نابێت لە گاڵتە و تانەوتەشەنەی خەڵکی قۆشمە و قەشمەڕجاڕەکان بترسین نە لە پەروەردەی جەستەیی ژنان و نە لە پەروەردەی میوزیکی و زەینییان و ڕاهێنانیان لەسەر هەڵگرتنی چەک و ئەسپسواری. ئەفلاتۆن پێی وایە گاڵتە و تانەی قەشمەڕجاڕان دواکەوتووییە و )یۆنان درك بەوە دەکات ئەمە بۆیان باشترە) بەڵام دەبێت یەکەم جار لەوە بکۆڵینەوە ئایا (سروشتی ژن ڕێدەدات بە بەشداریکردن لەگەڵ پیاوان لە کارەکانیاندا، یاخود ناتوانێت هیچ کارێک لەو کارانە جێبەجێ بکات؟( ڕاستییەکەی جیاوازی لەنێوان سروشتی پیاو و سروشتی ژندا تەنیا جیاوازی زمانییە، خۆ ئەگەر پێویست بێت سروشتە جیاوازەکان ئەرکی جیاوازیش جێبەجێ بکەن، ئەوا لێرەدا لەبەردەم سروشتێکی ژنانەدا نین کە لە سروشتی پیاو جیاواز بێت. ئەگەر وەکو پێشتر "لیکۆرگۆس" گوتوویەتی ژن لە سەرجەم هەست و سۆزە ناسک و لاوازەکان و خەسڵەتە گشتییەکانی مێینەیی وەک هەست بە شەرم کردن لە ڕووتبوونەوە لەبەردەم پیاودا یان هەست کردن بە خۆشەویستی بەرامبەر بە کەسێکی دیاریکراو یان هەستی دایکایەتی بەرامبەر بە منداڵەکانمان... هتد دابماڵین، ئەوا لە نێوان ئەو و پیاودا هیچ جیاوازییەک نامێنێتەوە جگە لەوەی کە ژن منداڵی دەبێت و پیاو منداڵ دەخاتەوە. بەڵام ئەمە جیاوازییەکی وانییە لە سروشتی ژن کە لە سروشتی پیاو جیای بکاتەوە و ئەوانیش وەزیفەی تایبەتی ژن و پیاو نین، بەڵکو دەبێت بەدوای وەزیفەی تردا بگەڕێن. خۆ ئەگەر بەڵگەنەویست بێت پیاو دەوڵەت بەڕێوەدەبات و بەرگری لێ دەکات، ئەوا کێشەکەمان گەڕانە بەدوای وەزیفەیەکی هاوشێوەدا بۆ ژن. ئەفلاتۆن بەو دەرئەنجامە دەگات لە ژیانی شاردا وەزیفەیەک و کارێک نییە ئەنجامدانی بۆ سروشتی پیاو شیاو بێت و بۆ سروشتی ژن شیاو نەبێت .خۆ ئەگەر جیاوازییەکان لە نێوان پیاو و ژندا بەرتەسک بکرێتەوە، ئەوا جیاوازی لەنێوانیاندا تا ڕادەی جیاوازی نێوان پیاو و پیاوە، بۆ نموونە) لە نێوان پیاوی کەچەڵ و پیاوی قژن)دا کاڵدەبێتەوە. لە هەموو ئەوانەیشەوە بۆمان ڕووندەبێتەوە لە بەڕێوەبردنی دەوڵەتدا کارێک نییە تەنیا تایبەت بێت بە ژنان وەك ئەوەی ژنن یان تایبەت بێت بە پیاوان وەك ئەوەی پیاون، ئەگەرچی لە هەموو شتێکدا ژن کەم هیزترن وەك لە پیاوان. ئەمەی باسکرا کورتەی هێڵە دیارەکانی بیرۆکەی بەناوبانگی یەکسانی هەردوو ڕەگەزەکە بوون کە ئەفلاتۆن لە کتێبی پێنجەمی کۆماردا دەیخاتەڕوو، ئەم بیرۆکەیەش مشتومڕێکی زۆری لەنێوان لێکۆڵەراندا نایەوە لەو بارەی ئایا بەڕاستی ئەفلاتۆن ئازادیی ژنانی ویستووە؟ ئایا بەڕاستی بانگەشەی یەکسانی لە نێوان هەردوو ڕەگەزەکەدا کردووە؟ ئایا ئەو لە جیهانی کۆندا پەیامبەری مافی ژنان بووە؟ ئایا لە پشت ئەو یەکسانییەی لە بارەیەوە دواوە ئەندێشەیەکی مرۆیی وا هەبووە شعوری جوڵاندبێ لەبارەی پەراوێز کەوتنی ژنان و ئەنجامدانی کاری سانای وەک ڕستن و چنین، ئەگەرچی لە کاتی ئاشتیدا توانای ئافراندن و داهێنان و لە کاتی شەڕیشدا توانای هێرشبردن و هەڵهاتنی هەیە؟ ئایا ئەو بانگەشەی کردووە بۆ سەرفرازیی ژنان لە زیندانەکانیان و ڕزگارکردنی) گەرووی لە کارکەوتوو)ی نیوەی کۆمەڵگای کە پیاوان بە زۆری زۆردارەکی لە حەرەم سەراکاندا زیندانییان کردوون؟ هەندێك لە توێژەران بە قسەکانی ئەفلاتۆن تێکەوتوون و تەنیا حەرفییانە و ڕووکەشانە وەریانگرتووە، هەندێکیان وای بۆ چوون) ئارەزووی ئەو لە یەکسانی نێوان هەردوو ڕەگەزەکە ناڕەزاییەك بووە دژی ئەو بوارە بەرتەسکە داخراوانەی کە تێیدا ژنی هاوسەردەمی خۆی لە کۆمەڵگەی ئەسیناییدا تێدا قەتیسبوو بوو وە بەوەش ئەو پێش بزووتنەوەی ئازادیی ژنان کەوتووە). من نازانم بە چ هەقێک دەڵێن ئەفلاتۆن ئازادبوونی ژنانی وەك نیوەی کۆمەڵگا ویستووە، لە کاتێکدا بەتەواوی بێدەنگی کردوون لە باسی ژن لە ڕێسا میلییە ناسراو و باوەکەدا و هەرگیز لە بارەیەوە قسەی نەکردووە، ئەگەرچی لەمەیاندا ژن هەر بەڕاستی نیوەی زیاتر کۆمەڵگەی پێکهێناوە. تەنانەت ئەگەر ئێمە بە ڕێگەی دیالۆگ بڕوامان بەوە هێنا ئەفلاتۆن بانگەشەی" ئازادبوونی ژنان"ی کردووە ئەوا ئەمە تەنیا بۆ چینی پاسەوانەکان ڕاستە، ئەم چینەش لەڕووی ژمارەوە زۆر کەم بوون و دەستەبژێریی ئەرستۆکراتی کۆمەڵگە بوون و) هیچ کلۆجێک ناکرێت نیوەی کۆمەڵگە بن). بەڵکو ئەفلاتۆن کاتێک لە دیالۆگی" یاساکان"دا وەک پاش کەمێکی تر دەیبینین، لە بارەی نیوەی کۆمەڵگەوە دواوە قسەی لەسەر "ئازادبوونی ژن "نەکردووە، بەڵکو لەبارەی بەشداریکردنی لە خوانی خواردن، یان تەنیا لەبارەی ژەمی هاوبەشەوە قسەی کردووە، ئەوەش کاتێک پیاوێکی ئەسینایی گازاندەی ئەوە لە سپارتاییەکان دەکات خوانە هاوبەشەکانیان کردۆتە خوانی پیاوان بێ ژنان، ئەگەرچی ڕێکنەخستنی ژنانیش لەم خوانە هاوبەشانەدا تەنیا نیوەی کێشەکە نانوێنێت بەڵکو دوو هێندەیشی دەکات، چونکە ئامادەییە خۆڕسکەکەی بۆ فەزیلەت زۆر کەمترە لە ئامادەگی پیاو. ڕەنگە ئەمە بووبێت "دیمۆنیلی"ی ڕاکێشابێت بۆ گومانکردن لە تەواوی ڕێڕەوی پاساوەکە بۆیە دەڵێت )مرۆڤ دەچێتەوە سەر ئەم بابەتە و گومان لەو ڕۆڵە تەواو هاوشێوەیە دەکات کە ئەفلاتۆن بۆ هەردوو ڕەگەزەکە خوازیاری بووە، فەرامۆشکردنی جیاوازییە فیسیۆلۆژییەکان وەك ئەوەی جیاوازی گەلێکی بێ بایەخن و پشتگوێخستنی ئەو جیاوازییە سایکۆلۆژییانەی کە هەیانە وامان لێ دەکەن بگەینە لێواری ئەو مەترسیەی لێیەوە هەڵدەخلیسکێن بۆ فەرامۆشکردنی جیاوازییە تایبەتمەندەکانی ژن).

 

دەرئەنجام

لە هەموو ئەوانەی باسمان کردن بەو دەرئەنجامە دەگەین کە ئەفلاتۆن لە چوارچێوەی ئەو نەریتە یۆنانییە دەرنەچووە کە لە ناخی خۆیدا دوژمنیەتی، ئەگەر نەڵێین ڕقوکینەی بەرامبەر بە ژن هەڵگرتبوو، ئینجا ئەوە ڕاست نییە کە دەوترێت ئەفلاتۆن یەکەم کەس بووە بانگەشەی بۆ" ئازادبوونی ژن" کردووە، یان یەکەم کەس بووە بانگەشەی بۆ یەکسانی لە نێوان هەردوو ڕەگەزەکە کردووە لە جیهانی دێریندا پەیامبەری مافی ژن بووە، پێشتر بینیمان گوزارشتەکانی یەکسانی لە" کۆمار"دا فریودانەیە و بۆ خودی خۆی نەخوازراوە، بەڵکو بەرئەنجامی لەنێوبردنی موڵکایەتی و هەڵوەشاندنەوەی خێزان و ئینجا لە نێوچوونی ڕۆڵی تەقلیدییانەی ژن وەك کەیبانووی ماڵ بوو، چونکە ئیدی ماڵ لە گۆڕێدا نییە، ئیدی هیچیش بۆ ئەفلاتۆن نەمابووە وە جگە لەوەی ژن بگۆڕێت بۆ پیاو بۆ ئەوەی لەگەڵ ئەو بنەما پەروەردەییانەیدا بگونجێت کە بۆ هەر تاکە کەسێک وەزیفەیەک دیاری دەکات .

 

سەرچاوەکان

١ ساتێک لەگەڵ ئەفلاتۆن: پۆڵ ستراتێرن  چاپەمەنی سایە  سلێمانی، چاپی یەکەم، ٢٠١٠ .

٢  ئەفلاتۆن و ژن: د.ئیمام عبدولفەتاح ئیمام  چاپەمەنی موکریانی  هەولێر، چاپی یەکەم، ٢٠١٣ .

٣ ئەفلاتۆن و ئافرەت؛ د.ئیمام عبدولفەتاح ئیمام  چاپەمەنی کارۆ  هەولێر، چاپی یەکەم، ٢٠٠٨ .

٤ جمهوریة أفلاطون  دراسة و ترجمە: د.فؤاد زكریا  الهیئة المصریة للكتاب، ١٩٨٥ .

٥  محاورات أفلاطون  ترجمة: د.زکي نجیب محمود  لجنة التألیف و الترجمة و النشر، ١٩٦٦ .

٦  تشارلز الكسندر روبنصن: أثینا في عهد بركلس، ترجمة : د. أنیس فریحة، لبنان، ١٩٦٦ .

٧ أفلاطون: السفسطائیین و التربیة  ترجمة: د.عزت قرني، مكتبة سعید رأفت، ١٩٨٢ .

٨  أفلاطون: مأدبة  ترجمة : د.ولیم المیري، دار المعارف بمصر، ١٩٧٠ .

٩  د. أحمد فؤاد الأهواني: أفلاطون، سلسلة نوابغ الفكر الغربي عدد ٥، دار المعارف بمصر، ١٩٦٥ .

١٠  أفلاطون: فیدون  ترجمة:  د.عزت قرني مع مقدمات و شروح، مكتبة الحریة الحدیثة، القاهرة، ١٩٧٩.

 

زۆرترین بینراو

developed by Scorpion shield