ئاشناییەک بە بۆماوەهێڵی گەردوون
بڵاوکردنەوە:
زنار بابەکر
نووسەر:
زنار بابەکر
بینراو:
566
بەش:
زانست
لە بەشی پێشووتردا (گەشتێک بەناو مێژووی گەردوون)، بەتەواوی باسمان لە مێژووی گەردوون کرد بەپێی ئەو بیروباوەڕەی کە باوترینە لەناو کۆمەڵگەی زانستی سەردەمدا: بیردۆزی تەقینەوە گەورەکە. ئێستا، دوای ئەوەی کە تێگەیشتین زانست پێمان دەڵێت گەردوون چۆن دەستی پێکردووە و دروستبووە، با بزانین کە ئەو گەردوونە لە چی پێکهاتووە چی لەخۆگرتووە؟ پێکهێنەرەکانی چین و چی هەڵگرتووە؟ لەم بەشەی دووەمدا، بەشێوەیەکی بەرفراران ئاماژە بە یەکێک لە پێکهێنەرە هەر سەرەکییەکانی گەردوون دەدەم هەر لە ڕەچەڵەکی پێکهاتنیانەوە تا بەرهەم و پاشماوەی دوای لەناوچوونی خۆیان.
پێکهاتووەکان چۆن پێکدێن؟
پێکهاتووەکانی گەردوون هەمەجۆرن، زۆرینە و بنچینەترینیشیان بریتین لە ئەستێرەکان. ئەستێرەکان؛ "پێکهاتەی ناوەندی گەردوونن." هەموو شتێکی تر، ١) بەر لە پێکهاتنی ئەستێرەکان بوونی هەیە کە دواتر ئەستێرەکان پێکدەهێنێت. یان، ٢) لەماوەی پێکهاتنی ئەستێرەکان سەرهەڵدەدات لەو پاشماوەیەی کە ئەستێرەکان لە بۆشایی دەوروبەری خۆیان دروستی دەکەن. یانیش، ٣) دوای تەواوبوونی سوڕی ژیانی ئەستێرەکان پەیدادەبێت لە ئەنجامی داڕمان و تەقینەوەی ئەستێرەکان.
ئەوەشی کە من لەم بەشەدا باسی دەکەم و دەیخەمەڕوو، بریتییە لە، تەنها و تەنها، ئەستێرەکان. چونکە، بەڕاستی هەر تەنها خودی خۆیان بەشێکی تایبەت بە خۆیان پێویستە بۆ ڕوونکردنەوەی هەموو شتێک بەتەواوەتی و بەشایستەیی. گشت پێکهاتوویەکی تریش، کە، هەروەک لە خاڵەکاندا ئاماژەم پێیداوە، لەماوەی پێکهاتنی ئەستێرەکان سەرهەڵدەدات لە پاشماوەی جێماوی ئەستێرەکان و ئەوانەی کە لەدوای کۆتایی هاتنی سوڕی ژیانی ئەستێرەکان پێکدێن لە داڕمان و تەقینەوەیان – کە هەردووکیان بەیەکەوە چەند پێکهاتوویەکی زۆر و هەمەجۆر لەخۆدەگرن – پێویستیان بە بەشێکی تر و تایبەتی خۆیان هەیە کە ئەگەر هەموو شتێک بەو شێوەیە بڕوات کە خۆم دامڕشتووە ئەوە لە بەشی داهاتوودا باسیان دەکەم.
بەڵام، ئێستا، ئاشناییەک بە بۆماوەهێڵی گەردوون: ئەستێرەکان و باوانیان...
نێبیولاکانی دایکی ئەستێرەکان
ئەوەی کە بەر لە پێکهاتنی ئەستێرەکان بوونی هەیە، بریتییە لە نێبیولاکان. ئەگەر ئەستێرەکان بە "پێکهاتووی ناوەندیی گەردوون" دابنێین، ئەوە نێبیولاکان دەبێت "پێکهاتە بنچینەییەکان" بن، چونکە یەکەمین پێکهاتووی گازی و تەپوتۆزاوی پەرش و بڵاون کە تیایاندا ئەستێرەکان دەتوانن پێکبێن.
ئەگەر، بۆشایی گەردوون بەو ئاسمانە وێنا بکەین کە بە چاوەکانمان دەیبینین لە بەرگەهەوای زەویدا، ئەوە دەبینین کە هەورەکان هەروەک پەڵەیەک دەرکەوتوون لێر و لەوێ و جاروباریش زۆر بەچڕی و بەخەستی هەموو بەیەکەوە ئاسمان داگیردەکەن. نێبیولاکانیش، هەر بە هەمان شێوەی ئەو هەورانەن لە گەردووندا، پەڵەی گازی و تەپوتۆزاوین کە لێر و لەوێ بۆشایی داگیردەکەن و هەندێک جاریش زۆر بەخەستی و بەچڕی بەشێکی ئێجگار گەورە لەخۆدەگرن.
جا، بەر لەوەی کە بۆت باسبکەم چۆن یەکەمین ئەستێرەکان لە نێبیولاکانەوە پەیدابوون، با ئەوەت پێبڵێم، کە، یەکەمین نێبیولاکان هەر لە بەرەبەیان و سپێدەی ڕۆژگاری گەردوونەوە دەستیان کردووە بە دەرکەوتن – سەرەتای دەستپێکردنی فراوانبوونی گەردوون دوای تەقینەوە گەورەکە. هەر کە گەردە گەورەتر و گەورەترەکان پەیدابوون بە ساردبوونەوەی پلەی گەرمی گەردوون و بڵاوبوونەوەیان بە بۆشاییدا لە ئەنجامی فراوانبوونی گەردوون، ئیتر تەنی گەورەتر و گەورەتر دەستی بە دەرکەوتن کردووە تا بگات بەوەی کە بەشی ئەوە هەبێت تا یەکەمین و سەرەتاییترین نێبیولاکان دەربکەون لە بۆشاییدا.
ئینجا، لەناو ئەم تەمە گازاوی و هەورە تەپوتۆزاوییانەدا – لەناو نێبیولاکاندا – بە کاری هێزی کێشکردن ئەم تەنە گەورەترانە بەرەو یەکتر کێشکراون و بەسەریەکدا داڕمێنراون بۆ پێکهێنانی، وردە وردە، تەنی گەورەتریش و زەبەلاحتریش! تا، لە کۆتاییدا، ئەوەندە ئەم تەنانە بەسەریەکدا دادەڕمێن کە کڕۆکێکی ناوبراو بە پڕۆتۆستار (Protostar) پێکدەهێنن. ئەوە، بریتییە لەم کڕۆکەی پڕۆتۆستار کە لە دواتردا بە لەخۆگرتنی تەنە بچووکترەکان و پەڵە گازاوییەکانی دەوروبەری خۆی، ئەستێرەیەک پێکدەهێنێت.
ئەمە، هەم بریتی بوو لە چۆنیەتی پێکهاتنی ئەستێرەکان (پێکهاتووە ناوەندییەکانی گەردوون)، هەروەها هەم بریتی بوو لە باسێک لەو پێکهاتووە سەرەکییانەی کە بەر لە ئەستێرەکان بوونیان هەیە: نێبیولاکان (پێکهاتووە بنچینەییەکانی گەردوون).
بەڵام، ئەوەش بزانە، کە لەو ماوەیەی ئەستێرەیەک پێکدێت لە کڕۆکێکی پڕۆتۆستارەوە، ئەوە هەرگیز ئەو کڕۆکە ناتوانێت هەموو شتێکی دەوروبەری خۆی کۆبکاتەوە بۆ پێکهێنانی ئەستێرەکەی خۆی. بەڵکو، ئەوەی کە دەمێنێتەوە وەک پاشماوەیەک، دەکرێت شتی تر سەرهەڵبدات لێیەوە – هەروەک لە دووەم خاڵی چۆنیەتی پێکهاتنی پێکهاتووەکان ئاماژەم پێیداوە. بۆ نموونە، لە حاڵەتی کۆمەڵە خۆرییەکەی ئێمەدا، بەشێك لەو تەنە وردیلەترانە و تەمە گازاوییانەی کە خۆرەکەمان دوای پێکهاتنی نەیتوانیوە لە خۆی بگرێت، کڕۆکی تری بچووکتری دروستکردووە کە لە دواتردا زەوییەکەی ئێمە و هەسارەکانی تری پێکهێناوە. هەر ئەوەندەش نا، بەڵکو بەشی تریشی کە ماوەتەوە، ئەو پشتێنە هەسارۆکییەی پێکهێناوە کە لەنێوان هەر دوو هەسارەکانی مەریخ و موشتەریدا دەبینرێت. هەروەها، بەشی تریشی، کلکدارەکان و یاخود هەر تەنێکی تری نا-ئەستێرەیی پێکهێناوە کە لە کۆمەڵە خۆرییەکەماندا دەبینرێت. ئەمانە گشتیان نموونەی جۆراوجۆرن، کە، لە بەشەکانی داهاتوودا دەکرێت زۆر بەوردی باسیان بکەم و ڕوونکردنەوەی تایبەتی خۆیان لەسەر پێشکەش بکەم.
نێبیولاکان، بریتین لەو سەرچاوەیەی کە هەموو تەنێکی ئەستێرەیی گەردوون سەری لێوە هەڵداوە. ئەوان، بریتین لەو منداڵدانانەی کە ئەستێرەکان پێکدەهێنن و بە لەخۆگرتنیان ئامادەیان دەکەن بۆ لەدایکبوون لەناو خێزانێکی دیاریکراوی کۆمەڵە ئەستێرەییەکان. بۆیە، ئاماژەیان پێدەدەم بە "پێکهاتووە بنچینەییەکان" و هەروەها ناویان دەبەم بە "دایکی ئەستێرەکان."
ئەستێرەکانی نەوەی نێبیولاکان
ئێستا، دەزانیت کە ئەستێرەکان چۆن پێکدێن. ئەوەی کە ماوەتەوە لێرە تا پێتبڵێم، ئەوەیە کە جۆری ئەو ئەستێرەیەی پێکدێت لەسەر چی بەندە و چ شتێک ئەوە دیاری دەکات کە جۆری ئەستێرەی پێکهاتوو سەر بە کام کۆمەڵەیە؟ بەڵام، تەنانەت بەر لەوەش، تۆ، وەرە، با من لە تۆ بپرسم کە ئاخۆ ئەستێرە چییە؟ هەر بەڕاستی! ئایا دەزانیت ئەستێرە چییە و لە چەمکە زانستییەکاندا چ پێناسەیەکی بۆ خۆی هەڵگرتووە؟
زۆرێک لەوانەی کە ئاشنانین بە زاراوە گەردوونناسییەکان، وشەی ئەستێرە بەهەڵە بەکاردەهێنن و نازانن بەتەواوی ئەوە چییە کە ناودەبرێت بە ئەستێرە. ئاخر، بزانە، کە هەموو ئەوەی تۆ لە ئاسمان دەیبینیت، پێی ناوترێ ئەستێرە! بەڵکو، ئەستێرە: "بریتییە لە هەر شتێک کە ڕۆشنایی دەربکات و بدرەوشێتەوە لە بۆشاییدا." بەڵام، بە مەرجێک! ئەویش ئەوەی کە (تەنەکە خودی خۆی سەرچاوەی درەوشانەوەکە بێت و ڕووناکییەکە دەربکات.) ئەمەش، واتای ئەوە دەگەیەنێت کە دەبێت ئەو تەنە جۆرە "ڕایکارییەک" لەخۆبگرێت لە ناخ و هەناوی خۆیدا تا وای لێبکات ڕووناکی دەربکات. نموونەش بۆ تەنێکی گەردوونی لەم شێوەیە؟ ئەم خۆرەی خۆمانە کە لە ئاسمانەوە دەبینرێت! کەوابێت، خۆرەکەمان، ئەستێرەیە. بەڵام، ئایا زەوی ئەستێرەیە؟ نەخێر! چونکە زەوی خۆی ڕووناکی دەرناکات بەڵکو ئەوە هەر ڕووناکی خۆرە کە دەیداتەوە و دووبارە بە بۆشاییدا بڵاوی دەکاتەوە. بە هەمان شێوەی ئەم زەوییەی ئێمەش، چەندەها تەنی تر هەیە کە شەوانە تۆ لە ئاسمان دەیبینیت و بەهەڵە ناوی دەبەیت بە ئەستێرە. بۆچی؟ چونکە ڕووناکییەکە هی خۆی نییە، بەڵکو دەکرێت هی ئەستێرەیەک بێت کە هەر هاوشێوەی ئەو خۆرەی ئێمەیە و ئەوە ڕووناکی ئەو ئەستێرەیەیە کە وەریدەگرێت و دەیداتەوە. لەبەرئەمەیە، کە ناتوانیت هەرچی تۆ لە ئاسمان بینیت پێی بڵێیت ئەستێرە.
و، ئەوەش بزانە، کە ناتوانیت هەر ئەستێرەیەکی تری هاوشێوەی ئەو خۆرەی ئێمەت بینی بۆ چەند تەنێکی تر، ڕاستەوخۆ بڵێیت، "ئەوە خۆرێکی تری ئەو تەنانەیە!" وشەی "خۆر،" ناوێکی تایبەتییە و بێهاوتایە تەنها بۆ ئەستێرەکەی ئێمە کە دیاردەیەکی وەکو ڕۆژ و شەوی بۆ ئێمە دابین کردووە و هەسارەکەمانی ڕۆشن کردووە. هەروەک چۆن، "زەوی" ناوێکی تایبەتییە بۆ هەسارەکەی ئێمە و هەرگیز ناتوانیت نە بە هیچ هەسارەیەکی تر و نە بە هیچ جۆرە تەنێکی تریش بڵێیت کە، "ئەوە زەوییەکی ترە!" لە هەر گفتوگۆ و مشتومڕێکی زانستیدا، ئەستێرەکان، یا ئەوەتا دەبێت بە ناوی تایبەتی خۆیانەوە ئاماژەیان پێبدرێت کە پێیان بەخشراوە، یا ئەوەتا دەبێت بەپێی ئەو جۆر و کۆمەڵەیە دەستنیشان بکرێن کە پێیان جیادەکرێنەوە و پۆلێندەکرێن. جا، منیش، حەز دەکەم بەم شێوەیە لە باسی ئەستێرەکاندا پەیڕەو بە باسەکە بدەم؛ بە شێواز و بنچینەی جیاکاری و پۆلێنکاریان...
زاناکان، نەخشەیەکی هێڵکاری بەکاردەهێنن بۆ پۆلێنکاری ئەستێرەکان کە ناودەبرێت بە نەخشەی "هێرتزسپرەنگ-ڕەسڵ (Hertzsprung-Russell)،" یاخود، هەر تەنها “HR” بەکورتکراوەیی. ئەم هێڵکارییە دوو دوورییە، لە خوارەوە بۆ سەرەوە زیادبوونی درەوشانەوە دەنوێنێت، هەروەها لە ڕاستەوە بۆ چەپ زیادبوونی پلەی گەرمی دەنوێنێت (ڕەنگی سوور بۆ سارد و هەوەها شین بۆ گەرم). ئێستاش، یەک بە یەک کۆمەڵە جیاکراوەکانت بۆ باس دەکەم و نەخشەکەت جوان بۆ ڕووندەکەمەوە...
ئەستێرە زنجیرە سەرەکییەکان
ئەستێرە زنجیرە سەرەکییەکان (Main Sequence Stars)، هەروەک هێڵە چەماوە دیاریکراوەکەی خۆی کە لە نەخشەکەدا دەبینرێت، ئەستێرە بە ڕووناکی زۆر و پلەی گەرمی بەرز لەخۆدەگرێت تا ڕووناکی ناوەندی و پلەی گەرمی ناوەندی. لەدوای ئەم "ناوەندییە،" هەر کە پلەی گەرمییان نزمدەبێتەوە و ڕووناکییان کەمدەبێتەوە، ئەوە دەگۆڕێن بۆ دوو جۆری تر کە ناودەبرێن بە "کورتەبنەی سوور" و "کورتەبنەی قاوەیی،" کە، ئەگەرچی ئەمانیش هەر دەکەونە ناو کۆمەڵەی ئەستێرە زنجیرە سەرەکییەکانەوە، بەڵام بە جۆرێکی جیاواز لە ئەستێرەکان جیاکراونەوە بە "هۆکاری دیاریکراو"...
ئەم جۆرە ئەستێرانە – ئەستێرە زنجیرە سەرەکییەکان – بریتین لە زۆرترین جۆری ئەو ئەستێرانەی کە لە گەردووندا بوونیان هەیە، بەڕێژەی 90% و خۆرەکەی خۆشمان هەر دەکەوێتە ناو ئەم کۆمەڵەیەوە. بیرتە کە پێموتیت دەبێت ئەستێرەکان جۆرە "ڕایکارییەک" لەخۆبگرن تا وایان لێبکات ڕووناکی دەربکەن؟ جا، ئەم کۆمەڵەی ئەستێرانەش، لە کڕۆکەکانیاندا گەردیلەی هایدرۆجین دەتوێننەوە بۆ پێکهێنانی گەردیلەی هیلیۆم و ئەوە ئەم کرداری "تواندنەوەی ناوکییەیە (Nuclear Fusion)" کە وایان لێدەکات تیشکی ڕووناکی دەربکەن.
سەرجەم ئەو ئەستێرانەی کە دەکەونە ناو ئەم کۆمەڵەیەوە، بارستاییان دەکەوێتە نێوان یەک لەسەر دەی (دەییەکی) بارستایی خۆرەکەی خۆمان تا نزیکەی 200 ئەوەندە گەورەتر و زیاتر. ئینجا، لەسەر ئەم باسی بارستاییە، با ئەوەشت بۆ ڕوونبکەمەوە کە ئەو "هۆکارە دیاریکراوە" چییە کە کورتەبنە سپییەکان و قاوەییەکان جیادەکاتەوە: لەو ماوەیەی کە پڕۆتۆستارێک سەریهەڵداوە لەناو نێبیولایەکدا، ئەگەر هاتوو ئەو پڕۆتۆستارە بارستایی پێویستی هەبوو (کە کەمترین بڕی پێویست بریتییە لە 0.08ی بارستایی خۆرەکەی خۆمان)، ئەوا ئەو ئەستێرەیە کە پێگەیشت وەکو جۆرێک لە کۆمەڵەی ئەستێرە زنجیرە سەرەکییەکان دەست بە سوڕی ژیانی خۆی دەکات، بەوەی کە بە هەبوونی ئەم بڕە دیاریکراوەی بارستایی توانای ئەوەی دەبێت تا کرداری تواندنەوەی ناوکی ئەنجام بدات و بەمەش ڕایکارییەک لەخۆبگرێت تا وای لێبکات ڕووناکی دەربکات. ئەگەریش نا، (واتە، ئەگەر بارستایی لەم بڕە پێویستە کەمتربوو و نەیتوانی تواندنەوەی ناوکی ئەنجام بدا)، ئەوا دەبێت بە جۆرە ئەستێرەیەکی تر کە لە کۆمەڵەکانی کورتەبنەی سوور و قاوەییدا جیاکراوەتەوە.
دووبارە، دڵنیاتدەکەمەوە، کە کورتەبنە سوور و قاوەییەکان هەر سەر بە کۆمەڵەی ئەستێرە زنجیرە سەرەکییەکانن، بەڵام بەهۆی شێوازی دەرکەوتنیان و کارکردنیان جیاکراونەتەوە. کورتەبنە سوورەکان، بەگشتی بارستاییان 0.06 بۆ 0.08 ئەوەندەی خۆرە، واتە بەئەستەم دەتوانن تواندنەوەی ناوکی ئەنجام بدەن. بەڵام، کورتەبنە قاوەییەکان، بارستاییان لەمەش کەمترە و هیچ تواندنەوەیەکی ناوکی کاریگەر ئەنجام بدەن. ئەگەرچی، وتم ئەگەر هەر تەنێک ڕایکارییەک لەخۆنەگرێت تا ڕووناکی دەربکات، ئەوە بە ئەستێرە دانانرێت، بەڵام هێشتاش کورتەبنە قاوەییەکان بە ئەستێرەکان جیاکراونەتەوە سەرەڕای ئەم تواندنەوە ناوکییە زۆرکەمەشەکیان. بۆچی؟ وەڵام: چونکە هاوشێوەی ئەستێرەکان، لەماوەی پێکهاتنیاندا گەردیلەکانی هایدرۆجین و هیلیۆمیان لە خۆیاندا خەست کردۆتەوە. ئەگەر وانەبا، ئەوە بە جۆرە تەنێکی تر جیادەکرانەوە، بەڵام لەبەر ئەم هۆکارە ناتوانن پێناسەی هیچ جۆرە تەنێکی تر لەخۆبگرن. بۆیە، سەرەڕای ئەوەش کە ناتوانن تواندنەوەی ناوکی بەشێوەیەکی کاریگەر ئەنجام بدەن، هێشتاش هەر بە ئەستێرە جیاکراونەتەوە.
جا، لەناو سەرجەم کۆمەڵەی ئەستێرە زنجیرە سەرەکییەکانیشدا، بڕی جۆرەکانی کورتەبنەی سوور لە هەموویان زۆرترن. جگە لەمەش، خاوەن درێژترین تەمەنن! بۆچی؟ چونکە ئەستێرە تا گەورەتر بێت، تەمەنی بچووکترە. لەبەرئەوەی هەتا قەبارەی گەورەتربێت، ئەوە کرداری تواندنەوەی ناوکی خێراتر دەبێت و سەرچاوەی وزەی ئەستێرەکە زووتر کۆتایی پێدێت. کورتەبنە سوورەکانیش، ئەگەرچی بەئەستەم دەتوانن تواندنەوەی ناوکی ئەنجام بدەن، بەڵام بچووکترین ئەستێرەن تا بتوانن ئەم جۆرە ڕایکارییە لەخۆبگرن بۆیە بەخاوترین شێوە ئەنجامی دەدەن! هەر بۆیە، خاوەنی درێژترین تەمەنن؛ خەمڵێنراو بە زیاتر لە یەک تریلیۆن ساڵ! لە کاتێکدا، کە تەمەنی ئەمڕۆی گەردوون تەنها بریتییە لە 13.8 ملیار ساڵ. واتە، هەموو ئەو ماوەیەی کە دەکرێت بوونیان "هەبووبێت" تەنها 13.8 ملیار ساڵە، بە بەراورد بەو تەمەنەی کە دەکرێت بوونیان "هەبێت" کە یەک تریلیۆن ساڵە. ئێستا... فەرموو، بیربکەوە: گەردوون چەندە ساوایە، ها؟
کورتەبنە سپییەکان
کورتەبنە سپییەکان، بریتین لە کۆتا قۆناغی سووڕی ژیانی زۆرینەی هەرە زۆری ئەستێرەکانی گەردوون؛ بە نزیکەیی، ڕێژەی 97% لە سەرجەم ئەستێرەکانی گەردوون. هۆکاری ئەم ڕێژە زۆرەش، دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە کورتەبنە سپییەکان لەو ئەستێرانەوە پێکدێن کە بارستاییان کەم و هەروەها ناوەندییە – کە ئەمەش زۆرینەی هەرە زۆری ئەستێرەکانی گەردوون دەگرێتەوە هەروەک باسمان کرد لە کۆمەڵەی ئەستێرە زنجیرە سەرەکییەکاندا. بەشێوەیەکی خەمڵێنراو، هەر ئەستێرەیەک کە بارستاییەکەی لە 8 ئەوەندەی بارستایی خۆر کەمتربێت، ئەوا لە کۆتایی سوڕی ژیانیدا، کاتێک کە ئەو ئەستێرەیە کرداری تواندنەوەی ناوکی کۆتایی پێدێت، ئەستێرەیەکی کورتەبنەی سپی پێکدەهێنێت. ئەم پێوەرەش، هەر تەنها کورتەبنە سوورەکان و قاوەییەکان ناگرێتەوە، بەڵكو ئەوانەش دەگرێتەوە کە بە ئەستێرەی ئاسایی زنجیرەی سەرەکی دادەنرێن و بارستاییان زیاترە. ئینجا، چۆنیش کورتەبنەیەکی سپی پێکدەهێنن؟ بەوەی کە ئەستێرەکە توێکڵی دەرەوەی خۆی فڕێدەدات و ئەڵقەیەک پێکدەهێنێت کە ناودەبرێت بە "نێبیولای هەسارەیی (Planetary Nebula)." پاشانیش، ئەو کڕۆکەی کە لە ئەستێرەکە دەمێنێتەوە کز و کاڵدەبێتەوە تا کورتەبنەیەکی سپی پێکدەهێنێت.
تا ئەمڕۆ، لەناو کۆمەڵەی ئەستێرە زنجیرە سەرەکییەکاندا، هیچ کام لە کورتەبنە سوورەکان نەگەیشتوون بە قۆناغی کورتەبنەی سپی. بۆچی؟ چونکە تەمەنییان ئەوەندە زۆرە کە هەتاوەکو ئێستاش هیچ کام لە کورتبنە سوورەکانی گەردوون نزیکیش نەبوونەوە لە قۆناغەکانی کۆتایی سووڕی ژیانیان بۆ گەیشتن بە کورتەبنەیەکی سپی. سەرەڕای ئەوەش، پێشبینی دەکرێت، کە کورتەبنە سوورەکان بەهۆی کەمی بارستاییانەوە نەتوانن ئەڵقەیەکی نێبیولای هەسارەیی پێکبهێنن لە دواساتەکانی ژیانیاندا، بۆیە، هەر تەنها بەئاسایی کاڵ و کزدەبنەوە بۆ کورتەبنەیەکی سپی و هیچی تر.
کورتەبنە سپییەکان چڕن، بەڕادەیەک کە بە یەکێک لە تەنە هەرە چڕەکانی گەردوون دادەنرێن! بەگوێرەی ناسا، هێزی کێشکردن لەسەر ڕووی کورتەبنەیەکی سپی 350,000 ئەوەندەی هێزی کێشکردنی زەوییە. ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت کە کەسێک ئەگەر هاتوو کێشی گریمان 68 کیلۆگرام بێت لەسەر ڕووی زەوی، ئەوە لەسەر کورتە بنەیەکی سپی 22.7 ملیۆن کیلۆگرامە! هۆکاری ئەم هەموو چڕیەتییە زۆرەی کورتەبنە سپییەکانیش، دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە ئەلیکترۆنەکانی لەماوەی کرداری تواندنەوەی ناوکیی ژیانی پێشینەی ئەوەندە بەسەریەکدا داڕماون، کە شتێکی پێکهێناوە ئێستا ناودەبرێت بە "ماددەی لێکهەڵوەشاو (Degenerate Matter)،" کە، ئەمیش بریتییە لە جۆرێکی ماددە کە چیتر ناتوانرێت بە بنەما و یاسا کلاسیکی و باوەکانی فیزیای گشتی شیکاری و لێکدانەوەی بۆ بکرێت تەنها بە کوانتەم نەبێت.
چارەنووسی کورتەبنە سپییەکان چییە؟ زۆرینەیان، بەپێی کات تەواوی وزەکەیان دەردەکەن تا لە کۆتاییدا دەبن بەوەی کە ناودەبرێت بە کورتەبنەی ڕەش. بەڵام، هەندێکیان چارەنووسێکی جیاوازتر چاوەڕێیان دەکات. بۆ نموونە، ئەگەر هاتوو کورتەبنە سپییەکە بەشێک بوو لە سیستمێکی دووانی (دوو ئەستێرە کە بەدەوری یەکدا دەخولێنەوە)، ئەوە چەند ئەگەرێک دێتە کایەوە. یەکێک لەو ئەگەرانەش، دەکرێت ئەوەبێت کە کورتەبنە سپییەکە بارستایی هاوەڵەکەی خۆی کێشدەکات بۆ زیادکردنی بارستایی خۆی، ئەمەش وای لێدەکات کە دابڕمێت بۆ پێکهێنانی ئەستێرەیەکی نیوترۆنی. هەروەها، ئەگەرێکی تریش، ئەوەیە کە کورتەبنە سپییەکە کاتێک کە بارستایی لە هاوەڵەکەی خۆی کێشدەکات، پلەی گەرمی بەرزدەبێتەوە و زیاد دەکات تا وای لێدێت کارلێکێک ڕوودەدات کە دەبێتە هۆی پەیدابوونی تەقینەوەیەکی سوپەرنۆڤا و لەناوبردنی کورتەبنە سپییەکە. بەڵام، ئەم دوو ئەگەرە، ئەگەر هاتوو هاوەڵەکەی کورتەبنە سپییەکە ئەستێرەیەکی زیندوو و چالاک بوو. ئەی ئەگەر هاوەڵەکەشی هەر کورتەبنەیەکی سپی بوو؟ ئەوە بەهەمان شێوە دوو ئەگەری تر هەیە: یەکەمیان، ئەوەیە کە هەردوو کورتەبنە سپییەکە پێکدادەچن بۆ پەیداکردنی تەقینەوەیەکی سوپەرنۆڤا. دووەمیشیان، ئەوەیە کە یەکێک لە کورتەبنە سپییەکان تەنها بارستایی بەشی ئەوەندە کێشدەکات کە تەقینەوەیەکی ئاسایی نۆڤا دروستبکات کە تیایدا کورتەبنە سپییەکە لەناوناچێت، بەڵكو دووبارە و دووبارە بۆ چەند جارێک هەر هەمان ئەم تەقینەوە بچووکترەی نۆڤا دروست دەکات و هەر جارێک تەمەنی کورتەبنە سپییەکە درێژتر دەکاتەوە تاکو بەتەواوەتی لەناودەچێت.
ژێر-کورتەبنەکان
لەناو نەخشەی HRی پێشکەشکراودا، کۆمەڵەیەک دەبینیت کە ئاماژەی پێدراوە بە "ژێر-کورتەبنە (Sub-dwarf)." ئەم کۆمەڵەی ئەستێرانە، بەوە جیادەکرێنەوە کە کۆمەڵە توخمێک لەخۆدەگرن قورسترە لە هیلیۆم، هەروەها ڕۆشناییەکی کەمتریش پەخشان دەکەن بە بەراورد بە ئەستێرەیەکی کۆمەڵەی زنجیرەی سەرەکی لە هەمان پلەی گەرمیدا.
زەبەلاحەکان
هەروەک چۆن ئەستێرەکانی کورتەبنەی سپی لە ئەستێرەکانی زنجیرەی سەرەکییەوە پێکدەهاتن کاتێک کە کرداری تواندنەوەی ناوکییان کۆتایی پێدەهات، ئەستێرە زەبەلاحەکانیش هەر بە هەمان شێوە لە ئەستێرەکانی زنجیرەی سەرەکییەوە پێکدێن، بەڵام ئەمان کاتێک کە سەرچاوەی کرداری تواندنەوەی ناوکییان "بەرەو کۆتایی دەڕوات" نەوەک کە "کۆتایی هات." بە واتایەکی تر، سەرچاوەی توخمەکانیان بۆ ئەنجامدانی کرداری تواندنەوەی ناوکی لە کڕۆکی ئەستێرەکەدا تەواوبووە، بەڵام هێشتاش ئەو کارلێکەی کە لە هەناوی ئەستێرەکەدا لە ڕەوتدایە، بەردەوامە و لەڕێگەیەوە ئەستێرەکە ڕۆشنایی دەردەکات.
چی وا دەکات ئەستێرەکە بە قۆناغی زەبەلاحیدا بڕوات بەرلەوەی کە کورتەبنەیەکی سپی دەربچێت؟ تەنها، بارستایی دەتوانێت بڕیادەری ئەوە بێت. بیرتە کە ئاماژەم بەوەدا هەر ئەستێرەیەک بارستایی کەم و ناوەندی بێت (8 ئەوەندەی خۆر کەمتر) ئەوا سوڕی ژیانی بە کورتەبنەیەکی سپی کۆتایی دێت؟ بەڵام، لەگەڵ ئەمەشدا، هەر ئەستێرەیەک بارستاییەکەی تەنها کەمێک زۆر بێت (0.4 ئەوەندەی بارستایی خۆر) ئەوە سوڕی ژیانی سەرەتا بە ئەستێرەیەکی زەبەلاحیدا دەڕوات ئینجا لە داهاتوودا، "لەوانەیە،" کورتەبنەیەکی سپی لێدەربچێت. بۆیەش، وتم "لەوانەیە،" چونکە، جوان وردببەرەوە، پێوەری بوون بە کورتەبنەی سپی بریتییە لە 8 ئەوەندەی بارستایی خۆر کەمتر، لە کاتێکدا کە پێوەری بوون بە زەبەلاح بریتییە لە 0.4 ئەوەندەی بارستایی خۆر زیاتر. جا، دەشێت، ئەستێرەیەک لە جۆری زەبەلاح بێت بەوەی کە بارستاییەکەی لە 0.4 ئەوەندەی بارستایی خۆر زیاترە، هەروەها لە هەمان کاتیشدا لە 8 ئەوەندەی بارستایی خۆر زیاترە و ناتوانێت ببێت بە کورتەبنەیەکی سپی لە کۆتایی سوڕی ژیانیدا. لەم حاڵەتەدا، ڕووداو و پێکهاتووی تر سەرهەڵدەدات، کە، زۆر درێژدادڕی دەکەم ئەگەر ئێستا باسیان بکەم و با هەڵیگرم بۆ بەشێکی تر لە داهاتوودا.
خۆرەکەی ئێمە، لە ئێستادا، لە قۆناغێکی دیاریکراوی ئەستێرەی زەبەلاحییە کە ناودەبرێت بە کورتەبنەی زەرد. کرداری تواندنەوەی ناوکیی ڕووی لە کەمبوونە، بەڵام بارستایی زۆرە و لەم تەمەنەی 4.5 ملیار ساڵەیدا هەڵاوساوە و قەبارەی گەورەبووە. هێشتاش، ڕۆشناییەکی زۆر دەردەکات و لە توانایدا هەیە تا بەشی 5 ملیار ساڵی تر کرداری تواندنەوەی ناوکی ئەنجام بدات. بەڵام، لەدوای ئەمەوە، خۆرەکەمان قۆناغی ئەستێرەیەکی زەبەلاحی تێپەڕ دەکات و گەورەتریش دەبێت و ساردتر دەبێتەوە بۆ گەیشتن بە قۆناغی زەبەلاحی سوور. ئینجا، چەند ملیار ساڵێک دوای ئەمەش، لە زەبەلاحی سوورەوە دەگۆڕێت بۆ کورتەبنەیەکی سپی و سوڕی ژیانی خۆی تەواو دەکات، دوای پێکهێنانی نێبیولایەکی هەسارەیی.
ئەستێرەیەک لە کۆمەڵەی ئەستێرە زنجیرە سەرەکییەکاندا، بە ڕۆشناییەکی زۆرتر لە ئەستێرەکانی هاوکۆمەڵەی خۆی، هێشتاش دەکرێت بە جۆرێک لە زەبەلاح دابنرێت، بەڵام بە ناوی ژێر-زەبەلاح (Sub-giant). ئەگەرچی، بەشێوەیەکی گشتی، هەروەها پۆلێنکراوتر، زەبەلاحەکان لە کۆمەڵەیەکی سەرووتری ئەستێرە زنجیرە سەرەکییەکان جیاکراونەوە. ئینجا، ئەوانەشی کە ناودەبرێن بە زەبەلاحە ڕۆشنەکان (Bright Giants)، زەبەلاحە نایابەکان (Super Giants)، هەروەها سەروو زەبەلاحەکان (Hyper Giants)، جیاوازیان لەگەڵ زەبەلاحە ئاساییەکان تەنها لە ئاست و پلەی ڕۆشنایی و دەرکردنی تیشکی ڕووناکیدایە.
هەر ئەستێرەیەک، بارستایی لە 0.4 ئەوەندەی بارستایی خۆر کەمتربێت، ئەوە ناگات بە قۆناغی ئەستێرەیەکی زەبەلاح، بەڵکو ئەوانە بەزۆری بریتین لە ئەستێرە کورتەبنە سوورەکانی گەردوون و هەروەک پێشووتر باسکراوە ڕاستەوخۆ دەچنە ناو قۆناغی کورتەبنەی سپییەوە هەر کە کرداری تواندنەوەی ناوکییان کۆتایی پێدێت. بەڵام، ئەو ئەستێرانەی زنجیرەی سەرەکی کە بارستاییان لەو بڕە دیاریکراوە زیاترە – 0.4 ئەوەندەی بارستایی خۆر – ئەوە هەر کە هایدرۆجینی بەردەستیان لە کڕۆکەکەی خۆیاندا خواردەوە بۆ تواندنەوەی ناوکی، کڕۆکەکەیان دەست بە کشان دەکات. لێرەشەوە، ئەو هایدرۆجینەی کە ماوەتەوە دەگۆڕێت بۆ هیلیۆم لە کڕۆکەکەیاندا و چینی دەرەوە کڕۆکەکەش دەکشێت و سارد دەبێتەوە (جۆرێک لە هەڵاوسان لە ئەستێرەکەدا ڕوودەدات). ئەمە، بریتییە لەم قۆناغەی کە ئەستێرە زنجیرە سەرەکییەکان تیایدا ناودەبرێن بە ژێر-زەبەلاح و لە ڕەوتی ژیانی خۆیاندان بۆ گەیشتن بە زەبەلاح.
زەبەلاحە سوورەکان
قۆناغی دواتری سووڕی ژیانی ئەستێرەکان لە ڕەوتی گەیشتن بە ئەستێرەیەکی زەبەلاح، بریتییە لە زەبەلاحی سووڕ. لەم قۆناغەدا، ئەستێرەکە هیچ سەرچاوەیەکی هایدرۆجینی نەماوە بۆ ئەنجامدانی تواندنەوەی ناوکی و تەنها بە هایدرۆجینی ماوە لە هەناویدا بەرەو مردن دەڕوات. لەگەڵ تەواوبوون و کۆتایی هاتنی ئەو هایدرۆجینە ماوەش، ئەستێرەکە زیاتر و زیاتر دەکشێت و فراوان دەبێت بۆ تەنانەت چەند سەد جارێکی قەبارەی ئاسایی پێشووتری ئەستێرەکە خۆی! کە، هەر بۆ لەبەرچاوگرتن، لە حاڵەتی ئەستێرەیەکی ئاسایی وەکو خۆرەکەی ئێمە کاتێک کە دەگات بە قۆناغی زەبەلاحی سوور لە داهاتوودا، بەو هەڵاوسانە دەکرێت هەندێک لە هەسارەکان بخواتەوە و کێشیان بکات تا قووتیان بدات. پلەی گەرمی ئەستێرەکەش، بەهۆی ئەم فراوانبوونەوە ئەوەندە کەمدەکات، کە ڕۆشناییەکەی لە زەرد و سپییەوە دەگۆڕێت بۆ سوور، کە ناوەکەشی هەر لەسەر ئەم بنچینەیەوە پێبەخشراوە. ئەم فراوانبوون و سوور هەڵگەڕانە بۆ گەیشتن بە قۆناغی زەبەلاحێکی سوور، ملیۆنان و ملیۆنان بۆ ملیار ساڵ دەخایەنێت، هەر بە نموونە وەک وتم خۆرەکەی خۆمان جارێ لە قۆناغی زەبەلاحی زەرددا 5 ملیار ساڵ تەمەنی ماوە. چارەنووسی زەبەلاحە سوورەکانیش دوای ئەمە؟ وەک ئاماژەم پێیدا، ئەگەر بارستایی لەناو پێوەری بوون بە کورتەبنەیەکی سپیدا بوو (واتە 8 ئەوەندەی خۆر کەمتربوو)، ئەوە بە کورتەبنەیەکی سپی کۆتایی پێدێت. ئەگەریش، لەو بڕە زیاتربوو، ئەوە هێشتاش فراوانتر و سوورتر هەڵدەگەڕێن بۆ پێکهێنانی زەبەلاحێکی سووری نایاب (Super Red Giants) و پاشان سوڕی ژیانیان بە تەقینەوەیەکی سوپەرنۆڤادا دەڕوات و، لێرە بەدواوە، چیرۆکی ژیانی گەردوون لە بەشێکی تردا بە شێوەیەکی تر دەڕوات و بەردەوام دەبێت.
کۆتایی بەشی دووەم
سەرچاوەکان:
٢. https://www.space.com/22437-main-sequence-star.html
٣. https://www.britannica.com/science/Hertzsprung-Russell-diagram
٤. https://www.space.com/23772-red-dwarf-stars.html
٥. https://earthsky.org/space/definition-what-are-brown-dwarfs/
٦. https://www.space.com/23756-white-dwarf-stars.html
٧. https://www.newworldencyclopedia.org/entry/Giant_star
٨. https://www.newworldencyclopedia.org/entry/Giant_star
٩. https://esahubble.org/wordbank/red-giant/
بابەتی هاوشێوە
زۆرترین بینراو
developed by Scorpion shield