گەشتێک بەناو مێژووی گەردوون
بڵاوکردنەوە:
زنار بابەکر
نووسەر:
زنار بابەکر
بینراو:
1672
بەش:
زانست
"زانست تەنها دیمەنێکە لە ڕاستی." – فڕانسس بەیکن.
پێشەکی نووسەر
هەر تاکێکی ژیوەر، ئامانج و مەبەستی دیاریکراوی خۆی هەیە. گرنگ نییە کە تۆ ئیش و کارت چییە، خاوەن چ پیشەیەکیت و ژیانت بە چ شێوازێکە، لە چ بارودۆخێکی ژیاندا لەدایکبوویت و هەروەها بەرەو کوێ ڕێ دەکەیت، هەمیشە بەدوای دۆزینەوەی "واتایەک" بۆ ژیان دەگەڕێیت. ئەمە، پێدەچێت کە پاڵنەرێکی نیهادی مرۆیی بێت و سروشتییانە لە بیروهۆشماندا هەبێت. هەروەها، هەمیشە ئەو ئامانج و مەبەستەش کە لە ژیانماندا دیاریمانکردووە و لەپێناویدا دەژین، بەتەواوەتی هاوتای ئەو واتایەیە کە بە بیروهۆشی خۆمان توانیومانە لە ئەنجامی تێڕامان و بیرکردنەوەدا پێی بگەین. ژیان، تەنها لای ئەوانە بێواتایە، کە تاکو ئێستا هیچ ئامانج و مەبەستێکیان نییە لەپێناویدا بژین. بەڵام، بۆچی هەمیشە بەدوای دۆزینەوەی واتای ژیاندا دەگەڕێین؟ چونکە گشتمان بێئەوەی ئاگاییانە درک بەخۆمان بکەین، وێڵین و بەدوای ڕاستیدا دەگەڕێن! بەدوای ڕاستی ژیان و بووندا دەگەڕێین.
دۆزینەوەی ڕاستی، بیرێکی هۆشیار و فراوانی دەوێت. هەروەها، بۆ گەیشتن بە شێوازێکی جوانتر و پڕواتاتری ژیان، پێویستە زیاتر لە ڕاستی نزیک ببینەوە. کەوابێت، ئەوەی کە لێرەدا خاڵی ناوەندییە بۆ دۆزینەوەی ڕاستی و گەیشتن بە ژینێکی جوانتر پڕواتاتر، بریتییە لە بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیاریمان و هەروەها فراوانکردنی بیروهۆشمان.
لەم نووسینەدا، – کە تەنها بریتییە لە بەشێک لە زنجیرە بابەتێک، – خوازیارم کە لەبارەی زانستەوە بۆ ئێوە بدوێم. زانست، ئەگەرچی کە تاکو ئێستا نەیتوانی ڕاستی ژیانمان بەتەواوەتی بۆ دەربخات و هێشتاش چەندان پرسیاری وەڵامنەدراوە لەخۆدەگرێت. بەڵام، لەگەڵ ئەوەشدا، لایەنێکی زۆر گرنگی ژیانە کە دەتوانێت بیروهۆشی مرۆڤ فراوان بکات و زیاتر بەرەو دۆزینەوەی ڕاستی پاڵی بنێت. فڕانسس بەیکن، فەیلەسوفی ئینگلیز، لە وتەیەکدا دەڵێت، "زانست تەنها دیمەنێکە لە ڕاستی." بۆیە، هەرچەندە، کە زانست ناتوانێت تەواوی ڕاستی بە تۆ ببەخشێت، بەڵام دەتوانێت دیمەنێکی زۆر ناوازەت پێببەخشێت.
لە تەمەنێکی بچووکتری زانخوازیمدا، کاتێک کە تازە بیری خۆم بەڕووی چەمکە هەمەجۆرە زانستییەکاندا دەکردەوە، ئەو بوارەی کە هەمیشە منی بەرەو خۆی کێش دەکرد و تەنها جارێک لە فێربوونی شتێکی تازەدا درێغی نەدەکرد لە سەرسامکردنم و هەروەها پەرۆشکردنم بۆ فێربوونی شتێکی تازەتر، بریتی بوو لە گەردوونناسی. بەڕاستی، زانستی گەردوونناسی بیروهۆشی مرۆڤ بەناو ئەستێرەکاندا دەفڕێنێت و هەروەک پشتێنەیەکی هەسارۆکەیی بەدەوری خۆری ناوچەقی زانست و زانیارییەکاندا دەیخولێنیت! کاتێک کە لێرە، لە پەڕنووس، دەستم بە نووسین کردووە، هەر هەمان ئەو بوارەم بۆ دەستپێکردن بژاردە کردووە کە لە ژیانی خۆمدا دەستپێکی هەموو شتێک بووە. بەهیوای ئەوەی، کە بە فێربوون و وەرگرتنی زانیاری، بتوانم ئەگەر کەمێکیش بێت بیروهۆشی ئێوەش فراوانتر بکەم و هەروەها بەهەر شێوەیەک بێت واتایەکی زیاتر و قووڵتر بە ژیانی ئێوە ببەخشم. بەم شێوەیە، لەم نووسینەدا، خوازیارم سوود بە گشت خوێنەرانی هاونیشتمانم بگەیەنم و بەو تۆزەی کە لە توانمدا هەیە، خزمەتی ئێوەی پێبکەم.
بەر لە نزیکەی 13.8 ملیار ساڵ لەمەوبەر، تەواوی بارستایی و وزەی گەردوون لە خاڵێکدا کۆکراوبۆوە بەناوی "تاکییەتی (Singularity)". تەنها، بیهێنە بەرچاوت! هەموو ئەو بارستاییەی کە ئەستێرە نەژمێردراوەکان لەم گەردوونە بێکۆتایەدا پێکیدەهێنن، کۆکرابێتەوە و خەستبووبێتەوە لەناو خاڵێکی بچووک کە تەنها قەبارەی تۆپێکی بچووک لەخۆبگرێت. ئەمە، بەپێی "بیردۆزی تەقینەوە گەورەکە (The Theory of Big Bang)،" سەرەتا و بنچینەی گەردوونی ئێمە بووە.
بەهۆی ئەو هەموو وزەیەی کە ئەو بارستاییە بێشومارە لەخۆیگرتبوو و لەخۆیدا خەستی کردبۆوە تەنها لەو خاڵە بچووکەدا، تاکییەتییەکە ناجێگیر بوو و لەناکاو تەقیەوە. دووبارە، بیهێنە بەرچاوی خۆت! تەقینەوەیەک، لە بارستایی و وزەی تەواوی ئەم گەردوونە بێکۆتایەوە؛ ئەمە دەستپێک و سپێدەی چرکە ساتەکانی گەردوون بوو و، دوای ئەو تەقینەوەیە، هەر کە هەموو شتێک بەخێرایی زیاتر لە خێرایی ڕووناکی بە بۆشاییدا پەرش و بڵاودەبۆوە، تەنۆلکە ژێر-گەردیلەییەکان پێکهاتن و دواتر لەوانیشەوە گەردیلەکان. پاشان، توخمەکان و لەوانیشەوە تەم و هەورە ئەستێرەییەکانی ناوبراو بە نێبیولاکان. بەهۆکاری هێزی کێشکردنیشەوە، کە توخم و بارستاییەکانی بەرەو یەکتر کێش دەکرد لەناو ئەو نێبیولایانەوە، ئەستێرەکان پێکهاتن و ئیتر دوای ئەمەش گەلە-ئەستێرەکان و، لە کۆتاییدا، دوای 13.8 ملیار ساڵ، ئەم گەردوونەی کە بە چاوەکانمان دەتوانین سەیری بکەین و بیبینین لە ئاسمان.
ئەم داڕشتەی پێشوو، تەنها پوختەیەکی زۆر سادە و ساکار بوو تا بەتەواوەتی هەموو ئەوەت لەبەرچاوبێت کە کاتێک باس لە مێژووی گەردوون دەکرێت بەپێی بیردۆزی تەقینەوە گەورەکە، ئەوە هەموو شتێک لە چییەوە دەستی پێکردووە و تا ئەمڕۆ لەکوێ کۆتایی پێدێت و دەوەستێت. ئەگینا، ئەگەر بمانەوێت بەوردی بزانین هەموو شتێک چۆن ڕوویداوە و گەردوون لە هەر خاڵێکدا بەچیدا تێپەڕبووە، ئەوە دەبێت باس لەو قۆناغ و ماوە جیاکراوانە بکەین کە زانایانی ئەمڕۆ لەبارەی کاتە-هێڵی گەردووندا خستوویانەتەڕوو و دایانناوە. یەک بەدوای یەک، بە باسکردنی هەر یەکێک لە سەردەم و چاخە جیاوازەکان، دەتوانین بیرۆکەیەکی زۆر ورد و پوخت وەرگرین لە ڕابردوو و مێژووی ڕەچەڵەکی بوونمان، هەروەها، لەوانەشە بیرۆکەیەک بۆ داهاتووی گەردوونمان.
سەردەمی پلانک
سەردەمی خودی تاکییەتییەکە، خۆی، بریتییە لە یەکەمین ماوەی ناونراوە بە "سەردەمی پلانک،" کە هەروەک ئاماژەمان پێیدا، تەواوی بارستایی گەردوون لە خاڵێکدا چڕکرابۆوە و گەرمییەکی بێشوماری هەبووە. پاشان، دوای ئەوەی کە ئەو تاکییەتە بەهۆی ناجێگیرییەوە دەتەقێتەوە و بارستایی و وزە دەست دەکات بە بڵابوونەوە، ئیتر یەکەمین چرکە ساتەکانی گەردوون دەستی پێکردووە.
کاتێک کە زایانایان هەوڵی لێکۆڵینەوە دەدەن لە بارودۆخ و هەروەها ڕووداوەکان لە سەردەمی پلانک، هەرگیز ناتوانن هەمان ئەو پێوەرەی کات بەکاربهێنن کە تاکو ئێستا لە بوارەکانی تری فیزیا و هەروەها ژیانی ئاسایی ڕۆژانەی هەر یەکێک لە ئێمە بەکارهێنراوە. بۆچی؟ چونکە ماوەی ڕوودانی ڕووداوەکان و گۆڕانی حاڵەت و بارودۆخەکان لە یەکەمین چرکە ساتەکانی دوای تەقینەوە گەورەکە ئەوەندە کەمە، هێندە وردیلە و کورتخایەنە، کە پێویست دەکات پێوەرێکی کاتیی بۆ بەکاربهێنرێت کە ئێجگار لە کاتی ئاسایی بچووکتربێت! ئەو پێوەرەش، بریتییە لە "کاتی پلانک." پێوەرێک، کە ماکس پلانکی باوکی فیزیای کوانتەم، ئەو کاتەی کە لە سەردەمی خۆیەوە دۆزیەوە و پێشکەشی کرد بەهیچ شێوەیەک گرنگییەکی وەهای پێنەدرا و بەهەند وەرنەگیرا، بەڵام، ئێستا دووبارە هەمان ئەو پێوەرە وەرگیراوەتەوە و بەکاردەهێنرێت لە لێکۆڵینەوە لە بیردۆزی تەقینەوە گەورەکەدا؛ هەر لەمەشەوە، ئەم سەردەمەیان بە "سەردەمی پلانک" ناونا.
لە نزیکەی (10)^-43 بۆ (10)^-36 چرکە دوای تەقینەوە گەورەکە، گەردوون بە چەند حاڵەتێکی گۆڕاودا تێدەپەڕدەبوو لە پلەی گەرمیدا، هەروەها فراوان دەبوو و وردە وردە ساردیش دەبۆوە لەگەڵ ئەمەدا. گرنگترین شت کە لەم سەردەمە ڕوویدا، بریتی بوو لە جیابوونەوەی هێزە بنچینەییەکان لە گەردووندا – ئەو چوار هێزە بنچینەییەی کە هەموو یاسا و بنەمایەکی فیزیایی بەڕێوەدەبەن لە کات و بۆشاییدا. زانایان گریمانەی ئەوە دەکەن کە ئەوە لەم ماوەیەدا بووە کە یەکەم هێزیان، هێزی "کێشکردن،" لە هێزەکانی تر جیابۆتەوە. دواتر، لە چرکەی (10)^-36 بۆ (10)^-32، پلەی گەرمی گەردوون بای ئەوەندە نزمبۆوە کە هێزە بنچینەییەکانی تریش بەهەمان شێوە هەر جیابوونەوە. ئەم جیابوونەوەیەش لە هێزە بنچینەییەکانی گەردوون، بوو بە دەستپێکی سەردەمی دواتر لە زنجیرە-ڕووداوی گەردووندا: "سەردەمی هەڵئاوسان."
سەردەمی هەڵئاوسان
لەم سەردەمەدا، – چرکەی (10)^-32 بۆ کاتێکی نەزانراو و دیارینەکراو، – گریمانەی ئەوە دەکرێت کە گەردوون بەتەواوەتی بە چڕیەتییەکی وزە-بەرز پڕکرابۆوە. هەروەها، بە هۆکاری زۆری لەڕادەبەدەری پلەکانی گەرما و پەستان، فراوانبوونێکی ئێجگار خێرا ڕوویدا و دووبارەش بەهەمان شێوە لەگەڵیدا ساردبوونەوە،... هەروەک، "هەڵئاوسان" گەردوون بە بۆشاییدا بڵاوبۆوە.
ئینجا، لەم ماوەیەدا، گەردوون بە ڕاییکارییەک تێپەڕبوو کە ناودەبرێت بە "باریۆجێنێسس (Baryogenesis)،" کە تیایدا نا-هاوسەنگییەک لە بارستایی گەردووندا سەریهەڵداوە و تەنۆلکەکانی باریۆنیکی (تەنۆلکەی ماددەی ئاسایی) زاڵکردووە بەسەر تەنۆلکەی دژە-ماددەدا. بۆیە، ماددەی زاڵبوو لە بارستایی ئەمڕۆی گەردووندا، هەروەک بەئاشکرا تێبینی دەکرێت، بریتییە لە ماددەی ئاسایی ناوبراو بە "ماددەی باریۆنیک" لە ڕاستیدا.
دوای ئەوەی کە ئەم ماوەیەی هەڵئاوسانی گەردوون کۆتایی پێدێت، پێکهاتەی گەردوون "پلازمایەکی کوارکی و گلووانی" لەخۆدەگرێت؛ کە ئەمەش واتە، بارستایی گەردوون لە دۆخێکی پلازماییدا دەبێت بە هەڵگرتنی هەردوو تەنۆلکە ژێر-گەردیلەییەکانی کوارک و گلووانەکان لە زۆرترین و بەرزترین ڕێژەدا. ئینجا، گەردوون زیاتر ساردبۆوە و ماددەش دەستیکرد بە یەکەگرتن و پێکهاتن لەدوای ئەمەوە، لە سەردەمێکی تر کە ناودەبرێت بە "سەردەمی ساردبوونەوە."
سەردەمی ساردبوونەوە
هەر کە چڕیەتی و پلەی گەرمی زیاتر کەمدەبۆوە، گەردوون بە حاڵەتی دواییەکی گۆڕاوتردا تێپەڕدەبوو چونکە ئەم کەمبوونەوەی چڕی و پلەی گەرمی وای دەکرد کە وزەی تەنۆلکەکان کەمتر و کەمتر ببێتەوە. تا، وای لێهات کە هێزە بنچینەییەکانی گەردوون ئیتر هەر بەو شێوەیە دەردەکەوتن کە هەر ئەمڕۆ دەتوانرێت چاودێری بکرێن و تێبینی بکرێن – لە کاتێکدا، ئەوەندەی کە زانایان پێمان دەڵێن هێزە بنچینەییەکان لە یەکەمین چرکە ساتەکانی دوای تەقینەوەی گەورەکە کەمێک جیاوازتربوون بە هۆکاری دیاردەیەک کە ناودەبرێت بە “Relativistic Speed”. هەروەها، بە هۆکاری ئەوەی کە لەم ماوەیە بەدواوە، بڕی وزەی تەنۆلکەکان ئیتر گەیشت بە نرخێکی هەژمارکراو کە دەتوانرێت بەدەستبهێنرێت لە تاقیکردنەوە فیزیاییەکانمانەوە، ئیتر ڕووداو و حاڵەتەکانی داهاتووتر لەم خاڵە بەدواوە کەمتر گریمانەیین و زیاتر دەکەونە ناو دەرەنجامێکی بەدەستهێنراوی تاقیکارییەوە.
لەم سەردەمەی ساردبوونەوەدا، (10)^-11چرکە دوای تەقینەوە گەورەکە، لەناکاو بڕی وزەی تەنۆلکەکان زۆر کەمدەکات و نزمدەبێتەوە. هەروەها، لە نزیکەی (10)^-6 چرکە، تەنۆلکە ژێرگەردیلەییەکانی کوارک و گلووانەکان یەکیانگرت بۆ پێکهێنانی تەنۆلکە گەردیلەییە باریۆنەکان – کە ئەوانیش بریتین لە پڕۆتۆن و نیوترۆنەکان. هەروەها، بەهۆی ئەو ڕاییکارییەی کە گەردوون پیایدا تێپەڕ ببوو لە ماوەیەکی تری ڕابردووی ناوبراو بە "باریۆجێنێسس،" – کە تیایدا بڕێکی زیاتر لە کوارک و گلووان هەبوو وەکو لە دژە-کوارک و دژە-گلووان، – بۆیە هەر لەم ماوەیەشدا بڕێکی زیاتر لە تەنۆلکەکانی باریۆن دروستبوو وەکو لە دژە-باریۆن.
دوای ماوەیەکی تر، پلەی گەرمی نزمتریشبۆوە، بەڵام ئەمجارەیان بە ڕادەیەک کە چیتر نەدەتوانرا جووتی پڕۆتۆن و دژە-پڕۆتۆن یاخود نیوترۆن و دژە-نیوترۆن پێکبهێنرێت. بۆیە، گەردوون ئیتر گەیشت بە حاڵەتێک کە چیتر ناتوانێت تەنۆلکەی دژە-باریۆن بەرهەم بهێنێت. بەڵام، ئایا دەزانیت لە کارلێک کردنی تەنۆلکەکانی جووتی دژیەک – پڕۆتۆن لەگەڵ دژە-پڕۆتۆن یاخود نیوترۆن لەگەڵ دژە-نیوترۆن – چی ڕوودەدا؟ دیاردەی "ئەنایەڵەیشن (Annihilation)" ڕوودەدا، کە دیاردەیەکە تیایدا ماددە بەتەواوەتی لەناودەبا و لە ئەنجامدا بەشێوەی وزەی پوخت دەریدەخا! تا ئەو ماوەیە، بڕێکی زۆر لە تەنۆلکەی دژە-باریۆنیک پێکهاتبوو، دوا بەدواش هەر کە تەنۆلکەی باریۆنیک زیاتر و زیاتر دەبوو، ئیتر پێکداچوون و کارلێکردن لەنێوانیاندا زۆرتر دەبوو و گەردوون بە قۆناغێکی ئەنایەڵەیشنی زۆر گەورە تێپەڕبوو! ئەمەش، وای کرد تەنها ڕێژەی 1 لە (10)^10 لەو باریۆنیکانە (پڕۆتۆن و نیوترۆنانە) بمێنێتەوە کە پێشووتر هەبوون و هەروەها هیچ تەنۆلکەیەکی دژە-باریۆنیکیش (دژە-پڕۆتۆن و دژە-نیوترۆن) چیتر نەمێنێتەوە. هەروەک ئاماژەشمان پێیدا، گەردوون ئێستا پلەی گەرمی ئەوەندە ساردبۆتەوە گەیشتووە بە ئاستێک ناتوانێت دژە-باریۆنیک بەرهەمبهێنێتەوە، بۆیە لێرە بەدواوە تەمەنی دژە-باریۆنیکی سروشتی کۆتایی پێدێت و هەر بۆیە ئەمڕۆش ناتوانرێت هیچ ماددەیەکی دژە-باریۆنیک لە بۆشاییدا ببینرێت. سەرەڕای ئەوەش، لەدوای ئەو زنجیرە ئەنایەڵەیشنەی کە لە گەردووندا ڕوویدا، جووڵەی تەنۆلکەکانی پڕۆتۆن، نیوترۆن و هەروەها ئەلیکترۆن هێواشتربۆوە و (Relativistic Speed) کەمبۆوە. لە دەرەوەی دیوە ماددییەکەی گەردوون و بەشە وزەییەکەشی، ئەوەی کە زاڵبوو تەنۆلکەکانی فۆتۆن بوو، بە بڕێکی کەمتریش تەنۆلکەکانی نیوترینۆ. گەردوون، ئێستا، تەنها لەم تەنۆلکە هەمەجۆرانە پێکدێت؛ هەمان ئەو تەنۆلکانەی، کە گەردوونی ئەمڕۆ پێکدەهێنێت.
دوای تێپەڕبوونی چەند خولەکێکی کەم بەسەر تەقینەوە گەورەکە، ماوەیەکی تر لە گەردوون دەستیپێکرد بەناوی "ناوکەپێکهاتن (Nucleosynthesis)،" کە تیایدا، پلەی گەرمی گەردوون بۆ نزیکەی 1 ملیار پلەی گڵڤن نزمبۆوە و، پڕۆتۆن و نیوترۆنەکانی گەردوون یەکیان گرت بۆ پێکهێنانی دیوتێریۆم (کە بریتییە لە هاوتایەکی هایدرۆجین) و هەروەها هیلیۆم. بەڵام، لەگەڵ ئەوەشدا، هێشتاش بڕێکی زۆر لە پڕۆتۆنەکان بە نا-پێکهاتوویی هەر تەنها وەک ناوکێکی ئاسایی هایدرۆجینی مابوونەوە. ئێستاش، گەردوون بەزۆری لەم ناوکانە (پێکهاتووی پڕۆتۆن و نیوترۆنیانە) و هەروەها ئەلیکترۆنە سەربەستەکان پێکدێت. پاشان، تا ماوەی 379 هەزار ساڵ، ئەلیکترۆنەکان خەریکبوون یەکیاندەگرت لەگەڵ ئەو ناوکانە بۆ پێکهێنانی گەردیلەکان. بەزۆریش، ئەوەی کە پێکدەهات بریتی بوو لە گەردیلەی هایدرۆجین (ناوکێکی یەک پڕۆتۆنی و یەک نیوترۆنی لەگەڵ تەنۆلکەیەکی بەستراوی ئەلیکترۆنی)، کە، هەر لەگەڵ پێکهاتن، تیشکدانەوەی دەرچووشیان هەبوو و بەشێوەی تەنۆلکەکانی فۆتۆن بە بۆشاییدا بڵاودەبۆوە. باوەڕ وایە، کە کۆنترین و بەتەمەنترین تیشکەکانی ڕووناکی گەردوون بریتییە لەو تیشکدانەوانەی کە لە پێکهاتنی یەکەمین گەردیلەکانی گەردوونەوە سەریهەڵداوە و، هەروەها، هەر هەمان ئەم تیشکانەش ئێستا ئەمڕۆ ئەو وێنە پاشبنەما گەردوونییەیان پێکهێناوە کە لە دوورترین خاڵەکانی بۆشاییدا لە دووری 13.8 ملیار ساڵی ڕووناکی دەبینرێت و بە CMB (Cosmic Microwave Background) ناودەبرێت.
سەردەمی پێکهاتە
بۆ ماوەی چەند ملیار ساڵێکی دواتر، بەردەوام گەردیلەکان لە تەنۆلکەکان، گەردەکان لە گەردیلەکان، هەروەها تەنی بچووک و وردیلەی ماددیش لە گەردەکانەوە پێکدەهات و دروستدەبوو تا بۆشاییەک داگیربکات لە گەردوونی پەرش و بڵاوبوو. ئەو ناوچانەی گەردوون کە بە بڕێکی چڕتر ماددەیان لەخۆگرتبوو، لە ڕێگەی هێزی کێشکردنەوە سەرەڕای ئەوەی کە یەکیاندەگرت بۆ پێکهێنانی تەنی گەورەتر، هەمان کات خودی ناوچەکانی خۆشیان چڕتریش دەکردەوە بە کێشکردنی تەنە پەرش و بڵاوەکانی تر. لەمەشەوە، هەور و تەمە ئەستێرە گازاوییەکان پێکهاتن و هەروەها ئەو پێکهاتانەش لە گەردووندا دەردەکەوتن کە ناودەبرێن بە نێبیولاکان.
هەر کە تەم و هەورە گازاوییەکان و هەروەها نێبیولاکان پێکهاتن، ئیتر گەردوون هەموو شتێکی پێویستی هەبوو بۆ دروستکردنی ئەستێرە جۆراوجۆرەکان و هەروەها گشت پێکهاتەکانی تر؛ لەمەوە، ئەم سەردەمەیان بە "سەردەمی پێکهاتن" ناوبرد، کە، تاکو ئەمڕۆش، هەر بەردەوامە و دەتوانین بڵێین ئەم سەردەمە بریتییە لە گەردوون بەو شێوەیەی کە ئێمە ئێستا تیایدا دەژین.
لە نێبیولاکانەوە، هەر بە هۆکاری هێزی کێشکردنەوە، تەنە ئەستێرەییەکان یەکیان دەگرت و لە ئەنجامدا ئەستێرەکان پێکهاتن. پاش ماوەیەک، ئەستێرەکان ئەوەندە زۆربوون کە هێزی کێشکردن بەشێوەی کۆمەڵەیەک کۆیدەکردنەوە و لەمەشەوە "کۆمەڵە ئەستێرەکان" دەرکەوتن. ئینجا، کۆمەڵە ئەستێرەکان بە شێوازێکی گەورەتر بەیەکەوە کۆببوونەوە کە ئیتر "گەلەئەستێرەکان" دەردەکەوتن. پاشان، لە گەلەئەستێرەکانیشەوە، "هێشووەکان" دەرکەوتن. ملیۆن و ملیۆنان و تەنانەت ملیاران ساڵ تێپەڕی و سوڕی ژیانی چەندان و چەندان ئەستێرە کۆتایی هات و توخمە تازە و جیاوازەکان لەماوەی سوڕی ژیانی هەر ئەستێرەیەک لە کڕۆکەکانیاندا دروست دەبوون. لە کۆتایی سوڕی ژیانی هەر ئەستێرەیەکەیش کە تەقینەوەیەکی ئەستێرەیی سوپەرنۆڤا سەریهەڵدەدا، پێکهاتەی تری وەک کونەڕەشەکان و ئەستێرە نیوترۆنییەکان لە گەردوون دەرکەوتن. هەروەها، ئەو ئەستێرانەشی کە سوڕی ژیانیان بە تەقینەوەیەکی وەک سوپەرنۆڤا کۆتایی نەدەهات، بە نێبیولای هەسارەیی و کورتەبنە سپییەکان کۆتاییان دەهات. بەم شێوەیە، گەردوون بەردەوامبوو و هەروەها تا ڕۆژی ئەمڕۆش هەر بەم شێوەیە بەردەوامە: هەر لەگەڵ کۆتایی هاتن و دەستپێکردنەوەی هەر سوڕێکی ژیانی ئەستێرەیی و گەلەئەستێرەیی هەموو پێکهاتەیەکی گەردوون زیاتر و زیاتر بە بۆشاییدا بڵاودەبێتەوە و گشت ئەستێرەکان و پێکهاتە نا-ئەستێرەییەکانیش زیاتر لەیەکتر دووردەکەونەوە.
مێژووی بیردۆزی تەقینەوە گەورەکە
ئەوە هەر دۆزینەوەی ئەمە بوو لەلایەن زانایانەوە کە "گەردوون بۆ هەمیشە هەر لە فراوانبووندایە،" وای کرد کە جۆرجس لێمێتر لە ساڵی 1931 پێشنیازی ئەوە بکات کە: ئەگەر گەردوون هەر لە فراوانبووندابێت، ئەوا دەبێت لە ڕابردوودا بارستایی گەردوون هەمووی لە خاڵێکی ئەوەندە بچووکدا کۆکرابێتەوە کە هەر لە خودی ئەو خاڵەوە خۆی هەردوو "بۆشایی" و "کات" سەرچاوەیان گرتووە. بەڵام، دەرەنجامەکانی جۆرجس لێمێترا یەکەمین نیشانە و ئاماژە نەبوون بە بیردۆزێکی وەکو بیردۆزی تەقینەوە گەورەکە لەناو زانایانەوە. بەر لە ئەو، بۆ یەکەمین جار، گەردوونناسی ئەمریکی ڤێستۆ سلیفەر لە ساڵی 1912 شیکاری بۆ دیاردەی "سوورهەڵگەڕان (Redshift)" لە چەند گەلەئەستێرەییەکی لوولپێچی کرد و بۆی دەرکەوت کە ئەو گەلەئەستێرانە لە گەلەئەستێرەکەی ئێمە دووردەکەونەوە (ئەگەرچی، لەو کاتەدا باوەڕ وابوو کە ئەوانە گەلەئەستێرەی ترنین بەڵکو تەنها نێبیولان).
پاشان، ئەستێرەناسی ڕووسی، ئەلێکساندەر فریدمان، لە ساڵی 1922 لەڕێگەی سوود وەرگرتن لە "بیردۆزی ڕێژەیی گشتیی" ئەلبێرت ئاینشتاین توانی "هاوکێشەکانی فریدمان" پێشکەش بکات، کە پێچەوانەی هاوکێشەکانی ئاینشتاین، پێشنیازی ئەوەی دەکرد کە گەردوون لە بارێکی فراوانبووندایە. دواتریش، لە ساڵی 1924، هەژمارەکانی ئێدوین هابڵ بۆ زۆرترین دووری لە نزیکترین نێبیولای لوولپێچییەوە، دەریخست کە لە ڕاستیدا ئەوانەی ڤێستۆ سلیفەر شیکاری بۆ کردن گەلەئەستێرەی ترن! پاشان، لە ساڵی 1929، هەر ئێدوین هابڵ و چاودێرییە تەلیسکۆبییەکانی بە دۆزینەوەی هاوپەیوەندییەک لەنێوان دووری و خێرایی دوورکەوتنەوە (کە ئێستا بە یاسای هابڵ ناسراوە) بەتەواوەتی دەریانخست کە، بەڵێ، گەردوون لە ڕاستیدا لە فراوانبووندایە! ڕاستەوخۆ، دوای ڕاگەیاندنەکەی هابڵیش، ئاینشتاین ڕایگەیاند کە "گەورەترین هەڵەی" ئەو بریتی بووە لەوەی کە "نەگۆڕێکی گەردوونی" بۆ هاوکێشەکانی داناوە تا نیشانی بدات گەردوون لە بارێکی جێگیر و نەگۆڕدایە، لە کاتێکدا کە چاودێرییە گەردوونییەکان، بەپێچەوانەوە، دەریانخست کە گەردوون لە بارێکی فراوانبووندایە. بەڵام، تەنانەت بەر لەو ڕاگەیاندنانەی هابڵ و ئاینشتاینیش، جۆرجس لێمێترا خۆی لە ساڵی 1927 توانی هەمان ئەو ئەنجامانە دەربهێنێت لە لێکۆڵینەوەکانی کە ئەلێکساندەر فریدمان پێیگەیشتبوو لە هاوکێشەکانی. ڕاگەیاندنەکانی هابڵ و ئاینشتاین، تەنها دڵنیاییەکی زیاتری بە لێمێترا بەخشی بۆ پێشکەشکردنی ئەو بیرۆکانەی کە لە دواتردا بوو بە "بیردۆزی تەقینەوە گەورەکە."
ئەم دۆزینەوە و پێشنیازانە مشتومڕێکی زۆریان دروستکرد لە کۆمەڵگای زانستیدا. زۆرینەی زانایان، بیروڕایان لەگەڵ ئەوەدابوو کە گەردوون لە بارێکی جێگریدایە وەک لە نا-جێگیر. تەنانەت، زۆرێک دەیانوت کە بیرۆکەکەی لێمێترا زیاتر بە بیرۆکەیەکی "ئایینی" دەچێت وەک لە "زانستی." بەڵام، چاودێرییە تەلیسکۆبییەکان و لێکۆڵێنەوەکان وردە وردە بەپێی کات زیاتر و زیاتر ئەو بیرۆکەیەیان لە چوارچێوەیەکی "ئایینی" دەکێشایە دەرەوە. تا، دوای جەنگی جیهانی دووەم، تەواوی مشتومڕەکان کۆتایی هات و خودی ئەو زانایایەی کە بیرۆکەی گەردوونێکی جێگیری بەفەرمی پێشکەشکرد و نوێنەرایەتی گشت ئەو زانایانەی تر دەکرد کە دژی لێمێترا دەوەستانەوە، فرێد هۆیڵ، لە پێشکەشکردنێکی ڕادیۆیی BBC لە ساڵی 1949 خۆی زاراوەی "تەقینەوە گەورەکەی" بۆ بیرۆکەکەی گەردوونێکی نا-جێگیر پێشکەشکرد وەک ناشرین کردن و سوکایەتی پێکردنێک. بەڵام، سەرەڕای چاودێرییە تەلیسکۆبییەکانیش، دۆزینەوەی CMB لە ساڵی 1965 بوو بە پاڵپشتێکی زۆر گەورە بۆ بیرۆکەی تەقینەوە گەورەکە لەسەر ڕەچەڵەک و پەرەسەندنی گەردوون. ئینجا، لە ساڵانی 1960 تا 1990 چەندان لێکۆڵینەوە و چاودێری تر لەلایەن گەردوونناسان و ئەستێرەناسانەوە ئەنجامدرا کە چەندان ناکۆکی و دژواری تریان لە بیردۆزی تەقینەوە گەورەکە سازاندەوە. بەتایبەت، کاتێک کە لە ساڵی 1981، ئالان گوث، گریمانەی ماوەیەکی فراوانبوونی ئێجگار خێرای کرد لە گەردوون وەکو ئەوەی کە ئێستا ناودەبرێت بە "سەردەمی هەڵئاوسان." هەروەها، دوای ئەوەش، ماددە و وزەی تاریک دۆزرایەوە، کە، سەرەڕای ئەوەی بۆمانی ڕوونکردەوە ئەو بارستاییە ونبووە نا-باریۆنیکەی گەردوون کە ڕێژەی هەر زۆری بارستایی گەردوونی لەخۆگرتووە، لەکوێیە و چی پێکیدەهێنێت، ئەوەشی ڕوونکردەوە کە بۆچی گەردوون هەر بەردەوام لە فراوانبووندایە و ناوەستێت. جگە لەمەش، دۆزینەوەی ماددە و وزەی تاریک هاوکێشەکانی فریدمانی پشتڕاست کردەوە و هەروەها "نەگۆڕەکەی ئاینشتاینی" دووبارە بەهەڵەخستەوە.
بەدەر لە بیردۆزی تەقینەوە گەورەکە، هەر لەماوەی مشتومڕی زانایان لەو سەردەمە چەند بیرۆکەیەکی تر پێشکەشکرا لەبارەی ڕەچەڵەک و پەرەسەندنی گەردوون، لەوانەش شێوازەکەی ئێدوارد ئارثەر میلن و هەروەها شێوازێکی تر لەلایەن ئەلبێرت ئاینشتاین، کە هەردووکیان هەر لەسەر بنچینەی خودی بیردۆزە ڕێژەییە گشتییەکەی ئاینشتاین، خۆی، بنیاتنرابوون. ئەمڕۆش، چەند تێڕوانینێکی تر و بیرۆکەیەکی تر هەیە لەبارەی سەرەتا و دەستپێکی گەردوون تا پەرەسەندی بۆ ئەمڕۆ و تەنانەت داهاتووشی بەپێی گریمانە و بۆچوون، بەڵام هێشتاش باوترینیان لەناو فیزیازانان و گەردوونناسان هەر بیردۆزی تەقینەوە گەورەکەیە. ئەگەرچی، ناتوانم لەم نووسینەدا گریمانە و بیردۆزەکانی تریشتان بەهەمان شێوە هەر بۆ بخەمەڕوو و پێشکەشتانی بکەم، بەداخەوە. بەڵام، لەوانەیە، لە داهاتوو و نووسینێکی سەربەخۆ و تردا هەر یەکێکیان مافی تەواوی خۆی پێببەخشم. هەر کامێک لە بیرۆکە و تێڕوانینەکانی تر، بەبێگومانەوە شایستەی باسکردن و ڕوونکردنەوەی قووڵ و پێویستی خۆیانن، بۆیە ناتوانم تەنها بە باسێکی کەم و ڕوونکردنەوەیەکی سادە و ساکار لە هیچ کامێک لەو بیرۆکە و تێڕوانینانەی تر کەمبکەم.
داهاتووی گەردوون بەپێی بیردۆزی تەقینەوە گەورەکە
ئەگەر گەردوون خاڵێکی دەستپێکردنی هەبێت، ئەوە بەبێ گومانەوە دەبێت خاڵێکی کۆتایی هاتنی هەبێت. بەڵام، ئایا گەردوون چۆن کۆتایی دێت؟ ئایا هەر لە فراوانبوون بەردەوام دەبێت؟ یاخود، ڕۆژێک لە ڕۆژان هێزی فراوانبوونی کۆتایی پێدێت و بەرەو یەکبوونەوە دێت؟
باوترین ئەگەر کە زانایان لەسەری کۆکن تاکو ئێستا، بریتییە لەوەی کە ناودەبرێت بە (Big Crunch)، کە تیایدا گەردوون دەگات بە گەورەترین قەبارەی خۆی و دواتر دەست دەکات بە داڕمان. ئەمەش، تەنها ئەو کاتە دەکرێت ڕووبدات ئەگەر هاتوو چریەتی بارستایی گەردوون گەورەتربێت لە نرخێکی دیاریکراوی ناونراو بە چڕیەتی شلۆق (Critical Density)، نرخێکی بیرکارییانە کە تیایدا داتاشراوەی نەخشەکە یان یەکسانە بە سفر یان ئەوەتا پێناسەنەکراوە. ئەم نرخەش، بەپێی لێکۆڵینەوە و شیکارییە فیزیاییەکان بە (1-3 x (10)^-26 کیلۆگرام لە هەر مەتر سیێجایەکدا) گریمانەکراوە. ئەگەر هاتوو، دوای گەیشتن بەوپەڕی ئاستی فراوانبوون چڕیەتی بارستایی گەردوون لەسەروو ئەم بڕە مایەوە، ئەوە گەردوون دەستدەکات بە داڕمان و یەکهاتنەوە. ئەگینا، ئەگەر چڕیەتی بارستایی گەردوون یەکسان یاخود بچووکتر بوو لەم نرخە، ئەوە ڕادەی فراوانبوونەکە هێواشتر دەبێتەوە بەڵام هەرگیز ناوەستێت؛ ئەم ئەگەرەش، بە (Big Freeze) ناودەبرێت، کە تیایدا گەردوون لە فراوانبوون بەردەوام دەبێت هەتا چیتر ناتوانێت هیچ ئەستێرەیەک پێکبهێنێت و هەموو ئەو ئەستێرانەشی ماونەتەوە لە کۆتاییدا دەبن بە کونی ڕەش، ئەستێرەی نیوترۆنی یاخود کورتەبنەی سپی. وردە وردە، دوای ئەمەش، پێکداچوونی کونەڕەشەکان بەیەکەوە دەبێتە هۆی پێکهاتنی کونی ڕەشی گەورەتر و گەورەتر بەدوای خۆیەوە. هەروەها، پلەی گەرمی ئاسایی گەردوونیش دەگات بە سفری ڕەها و ئینجا کونەڕەشەکان بەهەڵمدەبن هەر کە کۆتا "تیشکدانەوەی هۆکینگی" خۆیان بە گەردوونی فراوانبوودا پەرشکردەوە. لە کۆتاییشدا، ئینترۆپی گەردوون بە ڕادەیەک زیاد دەکات کە هیچ وزەیەک تیایدا دەرناچێت و بەدەست نایات؛ کۆتاییەک، کە ناونراوە بە (Heat Death). بەڵام، جگە لەمە، کۆتاییەکی تریش گریمانە کراوە کە تیایدا هەموو شتێک لە گەردووندا – سەرەتا هێشووەکان، پاشان گەلەئەستێرەکان، ئینجا ئەستێرە و هەسارە و و تەنەکانی تر، تا گەرد و گەردیلە و ناوکەکان بۆ تەنۆلکە ژێرگەردیلەییەکان – هەموویان، لەناودەچن و دادەڕمێن هەر لە ئەنجامی کاریگەری خودی فراوانبوونەکەی گەردوون خۆی؛ ئەم دیاردەیەشیان، ناونراوە بە (Big Rip).
کۆتایی بەشی یەکەم
سەرچاوەکان:
٢. https://www.space.com/25126-big-bang-theory.html
٣. https://phys.org/news/2015-12-big-theory.html
٤. https://www.space.com/what-is-the-planck-time
بابەتی هاوشێوە
زۆرترین بینراو
developed by Scorpion shield