جادوو

بڵاوکردنەوە:

ئاری ساڵح قادر

نووسەر:

ئاری صاڵح قادر

بینراو:

466

بەش:

هی تر

سەبارەت بە سیحر و جادوو چی دەزانین؟

ئایا سیحر و جادووکردن بوونی هەیە؟

ئایا دەکرێ سیحر و جادوو ئەنجامبدرێ؟

جادووکردن بۆ چ مەبەستێک بەکاردێت؟

ئایا ئەو کەسەی جادووی لێ دەکرێ چی بەسەر دێ؟

وە یاخود ئەوانەی جادوو و سیحربازی دەکەن کۆتاییەکەیان بە چی دەگا؟

 

دونیا مەترسیدار نییە ئەوەی مەترسیداری دەکات ئێمەین، مرۆڤ لە دێرزەمانەوە خۆی بە شتانێک سەرقاڵ کردووە کە لە سەرووی خۆیەوە دەیبینێ. لە گەردوونەوە بگرە تا بچووکترین شتی سەرزەوی، لە شتە بینراوەکانەوە تا شتە نەبینراوەکان، لەو کارانەی کە دەتوانێ ئەنجامی بدات تا ئەو شتانەی کە بە خەیاڵ بیریان لێ دەکاتەوە. یەکێک لەو کارانەی کە زۆر کات مرۆڤەکان دەستی بۆ دەبەن تاوەکو ئەوەی خۆیان دەیانەوێ بە دەستی بهێنن سیحر و جادوو کردنە.

سیحر و جادوو چ لە ئێستا و چ لە ڕابردووش لە ناو هۆز و تیرە جۆراوجۆرەکان هەبووە وە بە گشتی لە وڵاتانی ئەفریقا و ئەمریکای باشوور واتا ئەمریکای لاتین بەربڵاوە، وە هەروەها لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش ئەم کارە دەکرێ. بەگشتی ناوی سیحر و جادوو بە جنەکانەوە بەستراوەتەوە وە بۆ ئەوەی جنەکانیش ئەم کارە ئەنجام بدەن پێویستە چەندین وشە و کاری تایبەت ئەنجام بدرێت کە ئەویش بۆ لێهاتوویی کەسەکان دەگەڕێتەوە لە کارەکەیاندا. بەڵام دوای ئەنجام دانی هەر سیحر و جادوویەک لەلایەن هەر مرۆڤێکەوە شتانێکی وا ڕوودەدات کە لە دەسەڵاتی خۆیدا نامێنێت و دەکەوێتە ناو بارودۆخێکی زۆر ترسناک کە گەڕانەوەی نییە! لە ڕێگای نینۆکێکی بچووک یاخود تاڵە موویەک دەکرێ کارێکی کارەساتبار ئەنجام بدرێ، هەر بۆیە زۆربەمان ئەوەمان بیستووە کە زۆر جار بۆ جیاکردنەوەی خێزانێک ئەم کارە قێزەونە ئەنجام دراوە.

بەڕاستی بەداخەوە بۆ ئەو کەسانەی کە کاری سیحر و جادوو بۆ جیاکردنەوەی خێزانیک یاخود بۆ هەر مەبەستێکی تر بەکاری دەهێنن وە دەبێ ئەوەش بگوترێ هەر کەسێک سیحر و جادوو دەکات ئەوا لە ڕۆژی دواییدا شوێنی ئەو لە دۆزەخدا دەبێ. سیحر و جادوو لە هەرکەسێک بکرێ وای لێ دێت کە لە دۆخی ئاسایی خۆیی بێتە دەرەوە و ببێت بە کەسێکی تر کە هەرگیز بەو شێوەیە نەبووە.

مێژووی جادوو زۆر دوور دەڕوات، دەکرێ بڵێین مێژووەکەی پێشبڕکێ لەگەڵ مێژووی مرۆڤایەتی دەکات. لەلای یەهودیەکان سیحر و جادوو زۆر بەوردیی کاری لەسەر کراوە و ئەنجامی دەدەن. بەشێوەیەک خەڵک نۆرەیان گرتووە بۆ ئەوەی خۆیان فێری جادوو بکەن. بە گوێرەی باسەکان ئەوانەی کە جادوویان لێ کراوە بە ئاسانی دەتوانێ هەستی پێ بکات. لە خەویان پشیلە دەبینن، ددانەکانی بەبێ خواستی خۆی بەردەوام بە یەکتر دەخشێنێ، هەست کردن بە ماندووبوونێکی زۆر، هەست بەوە دەکات بەردەوام چاودێری دەکرێت، هەست بە ترس دەکات. ئەوانەی کە باس کران بە بەشێک لەوە دادەنرێن کە کەسی جادوو لێکراو هەستی پێ دەکات. جادوو نەک تەنها لەسەر کەسێکی فیزیکی دادەنرێت بەڵکو دەتواندرێت لەسەر کۆرپەلەیەکیش بکرێت کە هێشتا لە ناو سکی دایکیدایە، وەک ئەوەی کە باس کراوە کە لە ساڵی ١٩٩١ی زایینی بە سۆنەر وێنەی کۆرپەی ناو سکی دایکێک گیراوە دوایی وێنەگرتنەکە و سەیرکردنی لەلایەن پسپۆڕانەوە گەیشتنە ئەو ئەنجامەی کە تەنها لە ڕێگەی جادوو دەکرێ کاریگەرییەکی لەم شێوەیە بخرێتە سەر کۆرپەلەیەک لە ناو سکی دایکیدا.

لە ئەفریقیا جۆرە جادوویەک هەیە بە ناوی (ڤۆدۆ)، ئەم جادووە لەسەر بوکەڵەیەک ئەنجام دەدەرێ و بەهۆیی چەندین کرداری تایبەت، بوکەڵەکە پەیوەست دەکرێ بە جەستەی کەسی جادوو لێکراو. کاتێ دەرزی لە بوکەڵەکە بدرێ ئەو کەسەی کە جادووی لی کراوە هەست بە ئازار دەکات هەتا بە شێوەیەک ئەگەر بوکەڵەکە لە ناو ئاگر بسوتێندرێت کەسی جادوو لێکراویش مەرگ یەخەی دەگرێ.

جۆرە جادوویەک هەیە لە ناوچە جوگرافییەکەی ئێمە واتا عێراق، سوریا، تورکیا و ئێران وە بە تایبەت لە کوردستانی خۆشمان، ناوی ئەم جادووە (پاپاز)ـە، ئەم جادووە بۆ ئەوە بەکاردێت کە ئافرەتێک پەیوەست بکرێت بە پیاوێکەوە یاخود بەپێچەوانەوە.

یەکێکی تر لە جادووەکان، جادووی (ڕەش)ـە. هەر لە ناوەکەشیەوە دیارە کە یەکێکە لە خراپترین جۆرەکان. ئەو کەسانەی ئەم سیحر و جادووەیان لەسەر دەکرێ، تووشی ڕووداوی زۆر ناهەموار دەبن، بە شێوەیەک ئەم جادووە خراپ و مەترسیدارە گەر هاتوو بەخێرایی چارەسەری بۆ نەدۆزرێتەوە ئەوا کەسی جادوو لێکراوە بەرەو مەرگ دەبات. شایەنی باسە تەنها بە یەک ڕێگە دەتواندرێت ئەم جادووە بۆ ماوەیەک سڕ (بەنج) بکرێت وە پێداویستیەکانیشی بە نرخێکی کەم دەست دەکەوێ، چەندین دەرزی لە سابوون دەدرێت و دواتریش سابوونەکە بە پەتێک دەبەسترێتەوە تا ئەو کاتەی سابوونەکە دەتوێتەوە کاریگەری جادووەکە سڕ دەبێ.

ئەوانەی کە سحر و جادوو دەکەن تەنها هۆکارێکن بۆ ئەنجامدانی ئەو کارە، ئەو کەسانەی کە جادووی ڕەش ئەنجام دەدەن هەرگیز ناتوانن چۆنیەتی ئەنجام دانەکەی بۆ کەسێکی تر باس بکەن یاخود فێری بکەن، ئەگەر ئەو کارە بکەن ئەوا ئەو جادووەی کە ئەنجامیان داوە بە پێچەوانە کار دەکات. واتا ئەو کەسەی کە جادووەکەی کردووە لەسەر کەسێک ئەوا لە خۆی هەڵدەگەڕێتەوە و جادووەکە دەکەوێتە سەر خۆی. لایەنێکی تری خراپی جادوو ئەوەیە ئەو کەسەی کە جادووەکەی کردووە ناتوانێت جادووەکە هەڵبوەشێنێتەوە، دەبێت کەسێکی تر جادووەکە هەڵبوەشێنێتەوە. زۆرتر بە شەوان جادووەکە ئەنجام دەدرێت، ئەو سیحر و جادووانەی کە بە شەوان دەکرێن کاریگەریان زۆرترە بە بەراورد بەو جادووانەی کە لە ڕۆژدا دەکرێن. لە ناو جادووگەرەکاندا باوە کە لە تاریکیدا کارەکانیان ئەنجام بدەن چونکە پێیان وایە کە زۆرترین هێزی تاریکی لە ناو سیحر و جادووەکانیان کۆ دەبێتەوە.

لە ناو میسڕییە کۆنەکاندا سیحر و جادوو پارچەیەک بووە لە ژیانی ڕۆژانەیان. پەیکەرێکیان لە مۆم دروست دەکرد و بە ڕۆحی کەسێکیان دەبەست، وە لە شوێنێک دەیانشاردەوە. هەر کاتێک مۆمەکە توابایەوە، ئەوا ئەو کەسەی جادووی لێکراوە دەمرد. جۆرە جادوویەکی تریش هەیە بە ناوی جادووی (سوور)، ئەمەش یەکێکە لە جۆرە خراپەکانی جادوو بەشێوەیەک کە ئەو کەسەی جادووی لی دەکرێت بۆ خۆی خۆی دەکوژێت. ئەم جۆرە جادووە لە پاشماوەی تەرمی مرۆڤ دابین دەکرێ. وە هەندێک لە جادووگەرەکان ماددە هۆشبەرەکانیش بەکاردەهێنن، هەروەها هێندێکیشیان مێشکی گوێدرێژێک بەکاردەهێنن.

جۆرێکی تری جادوو هەیە کە لەسەر پارچە ئێسکی گیانداران دەنووسرێت بە تایبەت ئێسکی مەڕ و بزن و مانگا و هەتا دوایی. دەتوانن لە گۆشت فرۆشەکان بپرسن و پێتان دەڵێن کە کام بەشەیە، هەروەها گۆشت فرۆشەکان ئەو بەشە ئێسکە دەشکێنن تاوەکو بۆ کاری سیحر و جادوو بەکار نەهێندرێت. سیحر و جادوو بۆخۆی فێڵ و تەڵەی شەیتانییە، جادووگەرەکان داوا دەکەن کاریگەری جادووەکەیان زیاتر بمێنێتەوە، هەر بۆیە دوای ئەوەی کە جادووی یەکەم ئەنجام دەدات ئەوا جادووەکەی دووبارە نوێ دەکاتەوە. بەم شێوەیە چەندین جار ئەم کارە دووبارە دەکاتەوە تا ئەو کاتەی کە جنەکان لە دەسەڵاتیان نامێنن بەم شێوەیەش بۆخۆی دەکەوێتە ژێر دەسەڵاتی جنەکان. وە بە هۆی ئەمەوە لە ماوەیەکی کەمدا جادووگەرەکە ڕسوا و ڕەزیل و هەژار دەبێت و لە کۆتایدا بەم شێوەیە دەمرێت.

هیوادارم هیچ کەسێک خۆی نزیکی سیحر و جادوو نەکاتەوە، چونکە لە ڕۆژی دواییدا تەنها دۆزەخ جێگای دەبێت.

 

سەرچاوەکان:

١. National Library of Medicine:

https://www.ncbi.nlm.nih.gov/pmc/articles/PMC1447285/

٢. Isha Foundation:

https://isha.sadhguru.org/us/en/wisdom/article/what-is-black-magic

هەروەها، چەند سەرچاوەیەکی تری نووسەر.

زۆرترین بینراو

developed by Scorpion shield