ئیسلام و کەمینەکان

بڵاوکردنەوە:

ناوەندی پەڕنووس

نووسەر:

ڕۆمان عوسمان

بینراو:

522

بەش:

هی تر

مەبەست لە کەمینەکان چییە؟

کەمینە، گرووپێکی ناباڵادەستە لە دەوڵەتدا، ژمارەی کەمترە لە هاونیشتیمانییەکانی، تاکەکانی بە یەکێک یاخود زیاتر لە بەستەرە جیاکارەکانی (ڕەگەز، ئیتنیک، نەتەوە، ئایین، زمان) پێکەوە گرێ دراون. خاوەن ویستێکی (ئاشکرا یان نێوەکی)ـن بۆ پاراستنی ئەم تایبەتمەندییانە و گەشەپێدانیان. زاراوەی کەمینەکان زۆرجار بۆ هەموو گروپێکی مرۆیی لە هەر وڵاتێکدا بەکاردێت، کە بە هەندێک شت لە زۆرینەی خەڵکەکەی جیا دەکرێتەوە وەک: ئایین، مەزهەب، ڕەگەز. زاراوەیەکە کە داهێنراوە لە سەردەمی هاوچەرخدا بەهۆی ترس لە مافی ژمارەیەکی کەمی خەڵک کە لەنێو زۆرینەیەکدا دەژین کە لە ڕووی ئایین، مەزهەب، ڕەگەز، یان هاوشێوەکانی لەگەڵ ئەم کەمینە جیاوازە. هەروەها، کەمینەکان دوو جۆر مافیان هەیە، گشتی و تایبەت. ئەوان وەک هاوڵاتیەک بە مافەکانی ژیان و سەربەستی و خاوەندارێتیی تایبەت وڵاتنامە (الحق في الجنسية) و بەشداری لە بەڕێوەبردنی کاروباری گشتی و ڕادەربڕین و خۆنیشاندان و کار و دامەزراندنی سەندیکا و بیمەی کۆمەڵایەتی و سەرجەم مافەکانی دیکە شاد دەبن. ئەم مافانە بۆ گشت هاوڵاتیانە بە زۆرینە و کەمینەوە. سەرباری گرنگیان، مافە گشتییەکان مەبەستی ئێمە نییە، چونکە دەکرێ بوونیان هەبێ ئەوەی جێی بایەخە لە ڕاستیدا مافە تایبەتییەکانە. واتا‌ ئەو مافانەی کە تایبەتن بە کەمینەکان یاخود زیاتر کەمینەکان لێی سوودمەندن و دەکرێ بۆیان دابین بکرێت.

هەروەها، ئەگەر باس لە کەمینەکان بکەین لە یاسای نێودەوڵەتیدا بابەتی کەمینەکان و مافی کەمینەکان بابەتێکی نوێیە و مێژوویەکی درێژی نییە وە لە چەند قۆناغێکی هاوچەرخدا خەباتی کردووە بۆ دۆزینەوەی میکانیزم بۆ پاراستنی مافی کەمینەکان، یەکەم داواکاری بۆ پاراستنی کەمینەکان لە دوای پەیمانی وێستڤالیای (١٦٤٨)ەوە بوو بۆ داننان بە مافی کەمینەکان. یەکەمیان، کۆنفرانسی ڤیەننا بوو لە ساڵی ١٨١٥، کە بە یەکەم دەستپێک بۆ داننان بە مافەکانی کەمینەکان دادەنرێت، بەتایبەت نەتەوەکان. دواتر سیستەمی مافی کەمینەکان لە میساق و پەیماننامە نێودەوڵەتییەکان جێگیر کرا، کە فۆرمەکانی مافی کەمینەکانی ناساند.

پاراستن و پرسی کەمینەکان، بەر لە جەنگی جیهانی یەکەم، پتر لەلایەن هزرڤانان و بزاڤە چاکسازیخوازەکانەوە گرنگیی پێ دراوە و، لە هەندێ لە ڕێککەوتنە دووقۆڵییەکانی نێوان دەوڵەتان بە شێوەیەکی بەرتەسک ڕەنگی داوەتەوە. لەو سەردەمەدا، زیاتر گرنگی بە مافی کەمینە ئایینییەکان دراوە هەر بۆیە دەتوانین بڵێین یەکەمین کەمینە کە کەوتنە بەر پاراستنی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی، کەمینە ئایینییەکان بوون. بەڵام، ئەگەر باسی کەمینەکان بکەین لە دەوڵەتی ئیسلامیدا ئەوا مێژینەیەکی یەکجار دوور و درێژیان هەیە، بەڵام لە سەرەتادا بە تەواوی پێناسەیەکی واقعی بۆ کەمینەکان نەکراوە بەڵکوو تەنها ناسراون بۆ نموونە (جولەکە). ئیسلام ئایینێکی دادپەروەری و دڵسۆزییە، دوای ئەو فەتحە ئیسلامیانەی کە موسڵمانان و خەلیفە ڕێنمایی کراوەکان کردوویانە، کەمایەتییە غەیرە موسڵمانەکان لەناو دەوڵەتی موسڵماندا دەرکەوتن ئەوانیش ماف و هەروەها ئەرکیان هەیە بەرامبەر بەو دەوڵەتەی تێیدا دەژین. هەروەها، یەکێک لەو مافە سەرەکیانەی کەمینەکان یان پێکهاتەکان هەیانبوو لەژێر سێبەری دەوڵەتی ئیسلامیدا بریتی بوو لە ئازادی بیر و باوەڕ. هەرچەندە ئیسلام ئایینی سەرەکی  بووە لەو وڵاتە موسڵمانانەی کە فەتح کراون، بەڵام ئەو وتەیەی خودای گەورەیان جێبەجێ کرد کە دەڵێت: (لە ئاییندا ناچاری نییە). کەمینەکان، مافی ئەوەیان هەیە بێ ناچاری بچنە ناو ئیسلامەوە، یان لەسەر ئایینەکەی خۆیان بمێننەوە.

وە سەبارەت بە کەمینەکانی هەرێمی کوردستان، کاتێک لە ساڵی ٢٠١٥دا ماددەی ٥ لە پەرلەمانی کوردستان پەسەند کرا، سەرجەم خواست و ویستەکانی کەمینەکان لەو ماددەیەدا هاتە دی، کە تێیدا هەر یەک لە (تورکمان، کلدانی، سریانی، ئاشووری و ئەرمەن) بە کەمینەی نەتەوەیی و (مەسیحی، ئێزیدی، سابیئەی مەندائی، کاکەیی، شەبەک، فەیلی، زەردەشتی، و هیی دیکە)ی بە کەمینەی ئایینی و ئایینزایی لە قەڵەم داوە. وە ئەوەشی ئاماژەی پێ نەدرابێ بە مانای ئەوە نییە پشت گوێ خراوە بەڵکوو دەکرێ گرنگی پێبدرێت. هەروەها، کەمینەکان گرنگیەکی یەکجار زۆریان پێدراوە لە ئێراقدا. ئەگەر باس لە دۆسیەی ئێراق و کەمینەکان بکەین ڕاستەوخۆ هێزە چەکدارەکانی داعشمان بیر دەهێنێتەوە کاتێک کە چۆن هێرش کرایە سەر ئێزدییەکان و ڕفێندران و کوژران، بەڵام دواتر زۆربەی دیلەکان لەلایەن عێراقەوە ڕزگار کران یاخود بڵێین عێراق و هەرێم بوون بە پەناگەیەک بۆیان، ئەمەش گرنگی پێکهاتەکان لە ئێراقدا دەردەخات. بۆیە دەمێکە کەمینەکان ناوچەیەکی بچووکیان لە ئێراق هەیە (هەرێمی کوردستان) کە هەست بە سەلامەتی و ئاسایش دەکەن تیایدا، ئازادن لە پیادەکردنی بیروباوەڕەکەیان و پەیڕەوکردنی دابونەریتی باوباپیرانیان بەبێ ئەوەی مەترسی لەسەر ژیانیان هەبێت.

هەبوونی ئەو گروپە ئیتنیکی و ئایینیە جیاوازانەی کە ئاماژەم پێیان دا لە پاڵ یەکدا پێوستی بە تەبایی و یەکتر قبوڵکردن هەیە، گەلی کورد بەوە ناسراوە کە جیاوازییەکی زۆری ئایینی و نەتەوەی لەخۆی گرتووە. کۆمەڵگای کوردی لە سەدەکانی پێشوو، ئەگەرچی لەو ئاستە ڕۆشنبیری و پێشکەوتنەدا نەبووە کە پێویستە بۆ پێکهاتەکان، بەڵام گروپ و پیکهاتە جیاوازەکان هەر ئاوێتەی یەکتر بوون. وە لە ئێستاشدا لە بەرەوپێشچوونی بەردەوامدایە، بە جۆرێک چەندەها گروپی ڕەگەزی و نەژادی و ئاینی تێدا دەژیت بەبێ هەبوونی مەترسی ژیانکردنیان، بە پێچەوانەی وڵاتانی تری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە ئەو گرنگیە زۆرەی پێ نەدراوە، وەک تورکیا و ئێران و سوریا و لە دەرئەنجامی ئەوەشدا (پێکهاتەکان) ڕووبەڕووی کێشەی توند و تیژی و تیرۆری ڕەگەزی و نەژادی و ئایینی بونەتەوە.

لە کۆتاییدا، شارستانیەتی وڵاتان بە مامەڵەکردنیان لەگەڵ کەمینەکان (پێکهاتەکان)دەپێورێت.

زۆرترین بینراو

developed by Scorpion shield