زیندانی فلۆرانس

بڵاوکردنەوە:

سۆنیا مەحموود

نووسەر:

سۆنیا مەحموود

بینراو:

411

بەش:

هی تر

زیندانێکی فیدراڵی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکایە، لە ناوچەی فرێمۆنت، لە نزیک فلۆرانس، لە ویلایەتی کۆلۆرادۆ. لەلایەن نووسینگەی فیدراڵی زیندانەکانەوە بەڕێوەدەبرێت، کە بەشێکە لە وەزارەتی دادی ئەمەریکا و لە ساڵی (١٩٩٤) درووستکراوە و ساڵێک دواتر کراوەتەوە. پارێزراوترین زیندانە لە ئەمەریکا، تایبەتە بە زیندانیکردنی ترسناکترین تاوانبارەکانی جیهان وەک ڕێبەرانی کۆمەڵەی تیرۆرستی و سەرۆکی باندە مافیاکان. واتە ئەو زیندانیانەی کە هەڵهاتنیان مەترسییەکی گەورە بۆ سەر ئاسایشی نیشتمانی درووست دەکات.

ھۆکاری درووستکردنی ئەم زیندانە دەگەڕێتەوە بۆئەوەی کە لە مانگی ئۆکتۆبەری ساڵی (١٩٨٣)دا، تۆماس سیلڤەرستێن و کلیتۆن فۆونتەین لە زیندانی فیدراڵی لە شاری ماریون، لە ویلایەتی ئیلینۆیس، ئەفسەرانی چاکسازی (مێرل کلوتس) و (ڕۆبەرت هۆفمانیان) بە چەقۆ کوشت. لە دوای ڕوودانی ئەم حاڵەتە، بەڕێوبەری فەرمانگەی فیدراڵی زیندانەکان (نۆرمان کارلسۆن) پێشنیاری درووستکردنی دامەزراوەیەکی نوێی کرد بۆ جیاکردنەوەی مەترسیدارترین و بێکۆنتڕۆڵترین زیندانییەکان لەپێناو سەلامەتی و ئاسایشی کارمەندەکان، لەژێر سەرکردایەتی ئەودا. کارلسۆن، پێی وابوو کە زیندانەکە ئەو تاوانبارانە دەگرێتەوە کە ئەوەندە بێهیوا بوون کە ئەفسەرانی چاکسازی یان زیندانییەکانی دیکە بکوژن، بەو هیوایەی کە سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا بسەپێنرێت. هەرچەندە، ڕێوشوێنەکان توندوتیژن. بەڵام، ئەم ڕێوشوێنانە تاکە ڕێگەن بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو زیندانیانەی، کە هیچ خەمێکیان بۆ ژیانی مرۆڤ نەبووە و ناشبێت. فلۆرانس لە ساڵی (١٩٩٤) درووستکرا، وە لە ساڵی (١٩٩٥) کرایەوە، سەدان کەس بەشدارییان لە کردنەوەی دامەزراوەکەدا کرد، کە لەلایەن دوو کۆمپانیای پێشەنگی تەلارسازی دیزاین کراوە، درووستکردنی (٦٠) ملیۆن دۆلاری تێچووە. ئەم دامەزراوەیە کە (٢١) دۆنم ڕووبەرە، و توانای لەخۆگرتنی (٤٩٠) زیندانی هەیە و لە ئێستادا لە زیندانەکەدا (٣٤٤) زیندانیی تێدایە. تێکڕای تەمەنی زیندانییەکان لە نێوان (٢٤ بۆ ٧٧) ساڵدایە، تێکڕای ماوەی سزاکەش (٢٢) ساڵە.

لەڕووی ئاسایشیەوە لەسەر ئاستی جیهان پلەی یەکەمی هەیە. لەم زیندانەدا، بۆ هەر زیندانیەک دە پاسەوانی کارامە و لێھاتوو تەرخان کراوە. ھەروەھا، هەر (١٤٠٠) ژوورەکەی ئەم زیندانە بە دەرگایەکی پۆڵایین کە لەژێر چاودێریەکی ورد دایە، داخراوە. زیندانییەکان، ناتوانن بە هیچ شێوەیەک یەکتری ببینن. ئەفسەرانی ناوەندی کۆنترۆڵکردنی زیندانەکە، (٢٤) کاتژمێر چاودێری زیندانییەکان دەکەن و دەتوانن (دوگمەی ترس و دڵەڕاوکێ) چالاک بکەن، کە هەموو دەرگایەکی ناو دامەزراوەکە دادەخات، ئەگەر هەوڵی هەڵهاتن ڕووبدات. ھەر ئەمەش وایکردووە کە فلۆرانس یەکێک بێت لە پارێزراوترین بیناکانی جیهان. زیندانییەکان ڕۆژانە بۆ ماوەی (٢٣) کاتژمێر لە زیندانی تاکەکەسیدان، کە ژوورەکان ئامرازەکانیان لە کۆنکرێتی بەهێز درووستکراوە بۆ ڕێگریکردن لە زیانگەیاندن بە خۆیان. بە گشتی زیندانەکە ژمارەیەکی زۆر ئامێری دیاریکردنی جوڵە و کامێرا و (١٤٠٠) دەرگای پۆڵایینی تێدایە، کە لە دوورەوە کۆنترۆڵ دەکرێن. ژوورەکان بە شێوەیەک درووستکراون کە زیندانییەکان نەتوانن شوێنی خۆیان بزانن. ئەوان تەنها دەتوانن لە ژوورەکانیان ئاسمان و سەقف ببینن، بۆیە مەحاڵە پلانی هەڵهاتن دابنێن. زیندانییەکان، لە چاڵێکی کۆنکرێتیدا وەرزش دەکەن کە لە مەلەوانگەیەکی چۆڵ دەچێت، بۆیە لەم شێوەیەدا درووستکراوە تاوەکوو  شوێنی خۆیان لە دامەزراوەکەدا نەزانن. لە ماوەی کاتژمێرەکەیان لە دەرەوەی خانەکە، لەژێر چاودێری ئەفسەرەکاندا دەمێننەوە. ئەو یەک کاتژمێرەی کە پێیان دەدرێت، بۆ وەرزشکردن و پەیوەندی تەلەفۆنییە. ھەروەھا، خۆراکی ئەوان سنووردارە بۆ ئەوەی نەتوانن بە مەبەستی زیانگەیاندن بە خۆیان و تەندرووستیان بەکاریبھێنن. خواردن لەلایەن ئەفسەرانی چاکسازییەوە بە دەست دەگەیەنرێتە ھەر زیندانییەک. فلۆرانس، بەرنامەیەکی سێ ساڵەی هەیە کە زیندانییەکان بۆ ساڵی یەکەم (٢٣) کاتژمێر لە ژوورەکانیاندا دەهێڵێتەوە، واتا ماوەی سێ ساڵی یەکەم لەم دامەزراوەیە، زیندانییەکان بۆیان نییە لە هیچ کاتێکدا و لە هەر شوێنێکی بیناکەدا پەیوەندیی بە زیندانییەکانی دیکەوە بکەن. پاشان، وردە وردە لەگەڵ زیندانییەکانی دیکەدا دەتوانن پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانیان پتەو بکەن. لە ساڵی کۆتاییدا، زیندانییەکان, دەتوانن لە کاتژمێر (٦)ی بەیانی تا (١٠)ی شەو لە ژوورەکانیان دەربچن و لە ژووری نانخواردنی هاوبەشدا ژەمەکان بخۆن، لە بڕی ئەوەی خواردن لە ڕێگەی دەرگای ژوورە پۆڵایینەکەیانەوە بگەیەنرێتە لایان.

شایەنی باسە لە ١٤ی ئەیلولی ٢٠٠٧، نووسینگەی زیندانەکان ڕێگەی بە میدیاکان دا گەشتێک بۆ زیندانی فلۆرانس بکەن. پەیامنێرانی ئامادەبوو لێدوانیان لەسەر بێدەنگی سەرسوڕهێنەر و ترسناکی ناو زیندانەکە دا. هەروەها، باسیان لە هەستکردن بە سەلامەتی ناو زیندانەکە کرد بەهۆی ئەو ڕێوشوێنە توندەی کە گیراوەتەبەر. ھەروەھا، هێنری شۆستەر بەرهەمهێنەری فیلمی ٦٠ خولەک دەڵێت: "چەند خولەکێک لەناو ئەو خانەیە و دوو کاتژمێر لەناو سوپەر ماکسدا بەس بوو بۆ ئەوەی بیرم بخاتەوە کە بۆچی ساڵێک زووتر قوتابخانەی ئامادەییم بەجێهێشت، دیوارەکان زۆر خێرا دادەخرێن."

زۆرترین بینراو

developed by Scorpion shield