ژنێکی ئیفلیج لە ڕێگەی ئاڤاتارەکەیەوە قسە دەکات

بڵاوکردنەوە:

ناوەندی پەڕنووس

نووسەر:

پێوار کوردی

بینراو:

436

بەش:

هی تر

ژنێکی ئیفلیج لە ڕێگەی ئاڤاتارەکەیەوە قسە دەکات؛ ئەمە سەردێڕی توێژینەوەیەکە، کە  ٢٣/٨/٢٠٢٣ بڵاو کرایەوە، بەڵام گرنگی و سوودی ئەم هەواڵە چییە؟

 

ئاشکرایە زمان و قسەکردن بەگشتی و هەموو پێواژۆ/پڕۆسەکانی زمان لە مێشکدا ڕوو دەدەن، کۆمەڵێک بەشۆچکە لە ناوچە جیاجیاکانی مێشکدا لێهاتوویییەکانی زمان (نووسین، خوێندنەوە، قسەکردن، تێگەشتن، زمانی جەستە) جێبەجێ دەکەن، بەڵام کاتێک مێشک تووشی زیان دێت، بە هەر هۆکارێکی دەروونی و دەماری، زیان بەو بەشۆچکانە دەگات، کە بەرپرسن لە پێواژۆ زمانییەکان، ئەوا کەسەکە لە یەکێک، یان زیاتری لێهاتوویییەکانی زماندا کێشەی بۆ درووست دەبێت، جا دەکرێت قسەکردنی لاواز ببێت، یان لە دەستی بدات، یان تێگەشتنی خراپ ببێت و ...تاد.

کێشە گەورەکەش لەوەدایە، خانەکانی مێشک، وەک خانەکانی جەستە نین، گەر بمرن درووست نابنەوە جارێکی تر و لەدەستچوونەکانیان بۆ هەمیشەیە.

تاقیکردنەوەیەکی زانستییە لەسەر ئافرەتێکی ئیفلیج، کە بەهۆی جەڵتەی مێشکەوە تووشی شەلەلی هاتووە و توانی جەستەیی و زمانی لەدەست داوە، بەڵام لە ڕێگەی بەکارهێنانی ئامێرێکی کۆمپیتەریی پەیوەستکراو بە مێشکی ئافرەتەکەوە، دووبارە دەتوانێت هەست و بیرەکانی ناخی بۆ کەسانی چواردەوری دەرببڕێت. ئامێرەکە بە BCI (brain_computer interface)1 ناو براوە.

ئامێرەکە بە مێشکی ئافرەتەکە پەیوەستکراوە و توانای خوێندنەوەی سیگناڵەکانی مێشکی ئافرەتەکەی هەیە، بەڵام ئەمە شتێکی زۆر نوێ و تازە نییە و پێشتریش کراوە، بەڵکو بابەتەکە لەوە زیاترە، ئەویش:

١- خوێندنەوەی زمانی جەستە و دەربڕینە دەموچاوییەکانە (facial expressions)، کە کاریگەریی دەخاتە سەر واتای وشەکان و مەبەستی قسەکانی کەسی قسەکەر. ئاڤاتارەکە لە ڕێگەی دەموچاوی ئافرەتەکەوە دەتوانێت ئەوە دەستنیشان بکات، کە غەمبارە، یا دڵخۆشە، یان تووڕەیە و ...تاد، ئەمەش کار دەکاتە سەر واتا و مەبەستی قسەکانی کەسی قسەکەر، بە نموونە: کاتێک کەسەکە ئارام و لەسەر خۆیە و ئەم ڕستەیەی خوارەوە دەردەبڕێت :

ـ دەتوانی بڕۆی.

واتایەکی زۆر ڕوونی هەیە، کەسی قسەکەر ڕێگە بە ڕۆیشتنی تۆ دەدات، بەڵام لە کاتی تووڕەبووندا هەمان ڕستە (دەتوانی بڕۆی) مەبەستێکی تری هەیە، وەک ئەوەی زۆر بێزار بێ و بڵێ بڕۆ لە کاتێکدا تۆ نیەتی ڕۆیشتنت نەبووە واتا دەرت دەکات)، یان ئەگەر قسەکەرەکە ئافرەت بێت، (واتا تۆ ئەگەر خۆت و حەوت پشتت پێ پیاوە بڕۆ جا من دوایی قوربانتەبم)، ئیتر لەو کاتەدا نابێت بە واتا ڕوونەکە تێبکەویت و دەبێت ٪١٠٠ی مێشکت بەکاربێنی بۆ لێکدانەوەی مەبەستەکە.

٢- لە بری ناسینەوەی وشەکان، یەکبەیەکی فۆنیم/دەنگەکان دەناسێتەوە. بیهێنە پێش چاوت فێری زمانێکی نوێ دەبیت لە ڕێگەی فەرهەنگێکەوە کە تەنیا واتای وشەکانی زمانە بیانییەکە نووسراوە و لە بەرانبەریشدا واتاکەی بە زمانی خۆت و تۆش هیچ شتێک نازانی تەنیا ئەم وشانە لەبەر دەکەیت، بەم شێوازە:

ـ world جیهان

ـ black ڕەش

ـ flower گوڵ

بەڵام یەکێک گەر لە ئەلفبێی زمانەکەوە فێری بووبێت، دەتوانێت دەستنیشانی دانەبەدانەی فۆنیم/دەنگەکان بکات، ئەو کاتەش دەزانێت بۆچی لە وشەکانی (world, black, flower) دا کام دەنگە دەخوێنرێتەوە و کامەی نا، بۆچی هێشووی2 (ck) لە وشەی (black)دا تەنیا بە دەنگی (ک) دەخوێنرێتەوە، یان بۆچی (r)ی (flower) ناخوێنرێتەوە. ئەمەش نیشانی دەدات، کە چەند ورد و دەقیق ئەم ئامێرە کار دەکات.

٣- دەنگی ئاڤاتارەکە هەر دەنگی ئافرەتەکە خۆیەتی، بەڵام چۆن؟ خۆ ئافرەتەکە قسە ناکات و دەنگی نایەت. توێژەرەکان بۆ دانانی دەنگ و تۆن و ئاوازێکی گونجاو، هاتوون دەنگی ئافرەتەکەیان وەرگرتووە و لە ئاڤاتارەکەدا پڕۆگرامیان کردووە، ئەویش لە ڕێگەی دەنگی ئافرەتەکە خۆی کاتێک لە ڕۆژی هاوسەرگیرییەکەیدا چەند وتەیەک پێشکەش دەکات و ئاڤاتارەکە دەنگی ئافرەتەکە وەردەگرێت و بەهەمان تۆن و ئاوازە و قسەکان دەکات.

ئەم کارە لە ڕێگەی ٢٥٣ کۆدی ئەلیکترۆنی چێنراو لەسەر مێشکی ئافرەتەکە و بەتایبەت ئەو ناوچانەی، کە گرنگن و ڕۆڵی سەرەکی دەبینن لە زمان و قسەکردندا (ئەوانیش، ناوچەکانی: بڕۆکا، ڤێرنیکا، ڕیشاڵە کەوانەیییەکان (arcuate fasciculus) و چەند ناوچەیەکی ترن. هەڵبەت ئەوەش باس بکەین، کە لەسەرەتادا ئامێرەکە سەرکەوتوو نەبووە لە تێگەشتن و خوێندنەوەی سیگناڵەکانی مێشکی ئافرەتەکە و دوای چەند هەفتەیەک و دووبارەکردنەوەی بەردەوامی ئەم کردەیە، بەرەبەرە ئامێرەکە لە هێڵکاریی جوڵانی سیگناڵەکانی مێشکی ئافرەتەکە تێگەشتووە و توانیویەتی بیانکات بە وشە و ڕستە. هەروەها لە ئێستادا کار لەسەر ئەوە دەکرێت بتوانن ئەم کردارە بەبێ وایەر بکرێت (wireless) و ئەمەش لە وەشانی داهاتوودا هەوڵ دەدرێت بەردەست بێت، نەک تەنیا ئەوە، بەڵکو بتوانرێت ئەم ئاڤاتارە لەسەر مۆبایلەکەت بێت و لە هەمانکاتدا بە مێشکتەوە پەیوەست کرابێت، نەک ئەم هەموو وایەر و شاشە گەورەیەی ناو ڤیدۆکە.

جا ئەمە شتێکی تری بیرخستمەوە، وەک دەزانن دەمێکە ئیلۆن مەسک خەریکی پەرەپێدانی چیپێکە، کە لە مێشکی مرۆڤدا بیچێنێت و قەرەبوونی ئەو خانەمردووانەی مێشکی بۆ بکاتەوە و کار و فرمانەکانی بۆ ڕاپەڕێنێ، پێشتر ئەمەی لەسەر بەرازێک تاقی کردبۆوە، کە شەلەل بوو و نەیدەتوانی بڕوا، بەڵام دوای چاندنی چیپەکە، بەرازەکە توانای ڕۆیشتنی بۆ گەڕایەوە. جا ئەم چیپەی ئیلۆنیش زۆر زۆر شتێکی باش دەبێت بۆ ئەو کەسانەی، کە توانا زمانییەکانیان لاواز بووە، یان لەدەست داوە، هەڵبەت ئەگەر بەتەواوی بتوانێت قەرەبووی خانە مردووەکان بکاتەوە ڕۆژێک لە ڕۆژان، ئەوە گەورەترین داهێنان دەبێت بۆ ئەم بووارە (واتا بوواری ئارێشەکانی زمان - language disorders)، چونکە زمان تەنیا قسەکردن نییە، بەڵکو نووسین و  زمانی جەستە و تێگەشتن و خوێندنەوەشە، کە لە ڕێگەی ناوچەی جیاواز لە مێشکدا بەئەنجام دەگەیەنرێن.

هیوادارم ڕۆژێک بتوانرێت سەرکەوتنی ئەم داهێنانە بەچاوی خۆمان ببینین، چونکە بەڕاستی کەسانێکی زۆر هەن دەناڵێنن بەدەست لاوازی زمان و نەتوانینی قسەکردنیانەوە.

 

پاشکۆ:

١. یەکێک تاڕاددەیەک شارەزای زمانی ئینگلیزی و ئەم ئامێرە بێت و یارمەتیمان بدات بۆ ئەوەی وشەیەکی گونجاوی بۆ بدۆزینەوە لە زمانی کوردیدا.

٢. هێشوو (cluster): لە زانستی زماندا کاتێک دوو دەنگ/پیتی کۆنسنانت، ئەوەی پێی دەڵێین نەبزوێن بەدوایەکدا دێن، هێشوو درووست دەکەن.

 

سەرچاوە:

AI Revolution: Paralyzed Woman 'Speaks' via Digital Avatar - Neuroscience News

 

زۆرترین بینراو

developed by Scorpion shield