پێگەی تاووس لە ئایینی ئێزدی

بڵاوکردنەوە:

ئوسامە حەسیب

نووسەر:

ئوسامە حەسیب

بینراو:

764

بەش:

هی تر

گەیشتن بە ئەنجامێکی تەواو دەربارەی پێگەی تاووس لە ئایینی ئێزدی کارێکی ئاسان نییە و ناتوانرێ ئەنجامی تەواو دیاری بکرێ. بەجۆرێک ڕەنگە بەشێک لە ئێزدیەکان خۆشیان تەواو لەبارەیەوە وەڵامێکی ڕەهایان نەبێت، بەهۆی ئەوەی تا ئێستا زۆرێک لە بنەما و پیرۆزیەکانی ئایینەکە بەنهێنی هێشتراوەتەوە. ڕەنگە هۆکاری ئەو بەنهێنی هێشتنەوەیە بگەڕێتەوە بۆ دوو خاڵ:

یەکەم: بەهۆی شاڵاوە داگیرکاری و بە کافر دانانەکانیان بەدرێژایی سەدەکان نەیانتوانیوە بەئازادی بیروباوەڕیان ئاشکرا بکەن.

دووەم: لە جەلوەدا هاتووە (ئەوانەی کەوا نهێنی من ناڵێن خێریان پێدەگات).

 

— مانا و لێکدانەوەی ووشەکە:

تاووس لەزمانی کوردیدا بەو باڵندەیە دەگوترێ کە جوانیەکی تایبەت و دەنگێکی سەرنجڕاکێشی هەیە. سەبارەت بە بنەچەی ووشەکە زۆر بیروڕا هەیە، بەشێک لە زمانەوانان پێیان وایە لە ووشەکانی (تاوۆس taos، تاڤوس Theos ,tavus کە بەواتای خواوەند دێت)ی یۆنانی وەرگیراوە. بەڵام، ئەوانیش لە زمانێکی ڕۆژهەڵاتیان وەرگرتووە. لە سەردەمی دەسەڵاتدارێتی پارسەکان و ساسانیەکان تاووس مەلی دەربارو تەلاری خانەدانەکان بووە و لە وێوە بردراوەتە یۆنان، واتە ناوەکە بە بنەچە یۆنانی نیە. لە ئاڤێستاشدا بەشێوەی (تاڤس) هاتووە. بەشێک پێیان وایە کە ووشەکە لە ئەسڵدا لە زمانە سامیەکانەوە هاتووە، وەک دەڵێن لە (تەمووز-Tammus)ی بابلیەوە یان لە ئارامیەوە هاتووە. هیچ کام لەم بۆچوونانەش ڕاست نین لەبەر دوو هۆکار:

یەکەم: ئەو باڵندەیە بەشێوەیەکی سروشتی لە هیند و خواروویی ڕۆژهەڵاتی ئاسیا بوونی هەیە درەنگتر هێندراوەتە ئەو ناوچەیە دواتر بردراوە بۆ یۆنان.

دووەم: جەوالیقی لە کتێبەکەی خۆیدا ئاماژەی بەوە کردووە کە ووشەی (طاووس) لە عەجەم (کوردی -فارسی) وەرگیراوە.

کۆمەڵێکی تر دەڵێن ووشەکە لە ناوی خواوەندی هیندۆ ئەوروپیەکان وەرگیراوە، کە کورد بەشێکە لێیان کە بریتییە لە (تێوس، دێوس، دیۆنس، زێوس، زێوە). پێدەچێت ووشەی (دێو)ی کوردیش هەر لەوەوە هاتبێت کە مەبەست لێی گیاندارێکی زەبەلاح و دڕندەیە، بەڵام ئەمە پێویستی بە سەلماندنە. بەگوێرەی لێکۆڵینەوەکانی مامۆستا "تۆفیق وەهبی" ناوی تاووس دەگەڕێتەوە بۆ (دیاوس) کە خواوەندی ئاسمان بووە لای نەتەوە سروشتپەرستەکان (ئاری)یەکان. دواتر، ناوەکە گۆڕانی بەسەردا هاتووەو بووە بە تاووس. بە بۆچوونی دکتۆر "نەجم ئەڵوەنی" ووشەی تاووس ووشەیەکی (ئاری-کوردی) داڕێژراوە لە ڕەسەندا لەشێوەی (تاوستان) بەکارهاتووە، ئێستاش لە ناوچەی لوڕستان و هەندێ ناوچەی گەرمیان بۆ ناونانی وەرزی هاوین بەکاردەهێنرێت. پێکهاتەی ووشەکە (تاو+ستان)ە. (تاو) واتا هەتاو یان خواوەندی هەتاو، (ستان)یش پاشگرێکە لەزمانی کوردی بچێتە دوای هەر ووشەیەک مانای شوێنی پێدەدات. لەم ووشەوە چەند ووشەیەکی تر داڕێژراون کە پەیوەندیان بە گەرما و هەتاوەوە هەیە وەک (تا، تاوسان، تاوسەندن،تاوسێنن). بە تێپەربوونی کات و لەژێر یاسای کورتکردنەوە ووشەکە لەپاشگرەکە تەنها دەنگی (س)ی ماوە و دواتر (و)ێکی بۆ زیادکراوە و بووە بەو شێوەی ئێستا (تاووس). لەوەوە دەگەینە ئەو ئەنجامەی کەوا، ووشەکە ووشەیەکی کوردی یان هیندۆ ئەوروپی ڕەسەنە و لە هیچ کام لەزمانێکی تر وەرنەگیراوە. لەکۆنەوە واتای هەتاو (وڵاتی هەتاو) یان ناوی خواوەندی ئاسمانی هەبووە لای نەتەوە سروشتپەرستەکان کە ئەو ناوەیان کردبووە هێما بۆ ڕۆژ. کۆمەڵێ میللەت، لە ڕابردوودا باوەڕیان بە هەتاو پەرستی هەبووە و هەریەکە لەسەر زەوی باڵندەیەکیان کردبووە نوێنەر یان هێمای پیرۆزی ئەو خواوەندە وەک (هەڵۆ) ناو میسرییەکان و (مراوی) ناو یۆنانیەکان. میللەتی (ئیبراهیم) پێغەمبەر و گەلی بەلقیسی شاژنی سەباء، ڕۆژیان بەپیرۆز زانیوە. دیاردەیەکی سەیر و نامۆ نیە کەباڵندەی (تاووس) و جوانی ڕەنگی پەرەکانی کە زۆر لە ڕەنگی خەرمانەی خۆر دەچێت، هێمایەک بێت بۆ هەتاو پەرستی لەناو ئێزدیەکان. چونکە، ئێزیدیەکان ڕۆژ بەپیرۆز دەزانن و یەکێکە لەو توخمانەی بەپیرۆز سەیری دەکەن و بەیانیان و ئێواران لە بەرامبەریدا نوێژ دەکەن. لەناو ئێزیدیەکان بەشێوەی (تاووس مەلەک، مەلەک تاووس) گوزارشتی لێدەکرێت، ئەوانەشی کە لەسەر ئێزدیەکانیان نووسیووە بەشێوەی (فریشتە تاووس، تاووسی فریشتە، مەلەک تاووس، تاووس مەلەک، شەیتان) ناویان بردووە. ئێزدیەکان خۆیان (مەلەک تاووس یان تاووسی مەلەک)ی پێ دەڵێن، لە کتێبەکانیشیاندا بەهەمان شێوە هاتووە.

 

— درووستبوونی تاووس

بەگوێرەی جەلوە مەلەک تاووس لە پێش هەموو خەڵقێکەوە خەلق کراوە. دەکرێت وا لێکبدرێتەوە کە لەپێش هەموو بوونەوەرێک درووستکراوە، بەڵام ڕەنگە مانای ئەزەل بوونیشی هەبێت کە ئەو کات سیفاتی خودا بوون وەردەگرێت، واتە درووستبوونەکەی بەگوێرەی بیروڕای ئەوان لە ئەزەلەوەیە و یان هاوشانی ئەو چەند خوایەکی تر بوونیان هەیە. بەڵام، هیچ کام لە خواکان پەیوەستیان بە کاری ئەو نیە.

لە چەندین ئاماژەی تر لە جەلوەدا مەلەک تاووس خواوەندە، لە کاتێکدا لە مەسحەفی ڕەش لەلایەن خواوە دروستکراوە، کە ئەمە نەک تەنها دوو دەقی دژ بەیەکە بەڵکو لەگەڵ بیروباوەڕی ئێزدیەکان تێک ناکاتەوە. (عیزەددین باقەسرێ، خدرێ سلێمان و خەلیل جندی) کە هەرسێکیان توێژەری ئێزیدین باوەڕیان وایە کە ئەو دوو دەقە دەقی متمانە پێکراو نین. چونکە، دەقەکان جیاوازیان لەنێودا هەیە، هەروەها بەهیچ جۆرێ دەگەڵ قەولی ئێزدیان تێک ناکەنەوە. ئەحمەد تەیمور پاشاش دەنوسێ: "گومانی تێدانیە کە ئەم جیلوەو مەسحەفا ڕەشە ئەوە نین کەشێخ حەسەن نووسیویەتی ئەو مرۆڤە زۆر عاقڵە نابێ ناکرێ شتی ئاوا خراپ بنووسێ". ووتەی ئەو توێژەرە ئێزدیانە دەرخەری ئەوەیە کە ناتەواویەک هەیە لەو دەقانەی جەلوە و مەسحەفی ڕەش. واتە تاووس لە ئەزەلەوە بوونی نەبووە، و خوا خەڵقی کردووەو دواتر کردوویەتی بە سەرۆکی دەستەی بەڕێوەبردنی کاروباری دنیا کە حەفت فریشتەن و هەریەکەیان ئاماژەیە بە شێخێک یان پیرێکی ئێزدی. بەڵگەیەکی تر، کە دەیسەلمێنێت کە تاووس خوایەکی تر دروستی کردووە و لەو بەدەسەڵات ترە بریتییە لە قەولێکی (مەلەک تاووس) کە لەناو ئێزدیەکان باوە "یاڕەبی عەلاشانەک و عەلامەکانەک و عەلاسوڵتانەکە یا ڕەبی تویی کەریمی.. تۆیی ڕەحیمی یاڕەبی هەر تو خودای هەر تویی لائیقی مەدح و سەنای یاڕەبی تو مەلەکێ کوللی جیهانی"  وەک لەو ووتەیەی تاووس ڕا دیارە خۆی بە بەندەی خوا دەزانێ و ستایشی خوای گەورە دەکات و پێی هەر ئەو گەورەی تەواوی جیهانە. مامۆستا تۆفیق وەهبی دەڵێت "تاووسی مەلەک، بەگوێرەی بیروبڕوای یەزیدی یان، لەخوای گەورە و تواناوە، پەیدابووبێ. واتە: لە تیشکی ئەو پەیدابووبێ، ئەوەی هەروەکو نوێنەرێکی لێپرسراوی خۆی ناردراوە لەجیاتی بۆ پارێزگاری گشت جیهان. واتە هەموو بوون هەر لە ئەم یەک لەدوای یەکی تری، شەش خوداوەندەکەی تری لێ پەیدابووە ئەوانەی کە لەگەڵ خۆی هەر بە یەک کەس دەژمێردێن“. ئەوەڵ ڕۆژی کە خەڵقی کرد ڕۆژی یەک شەنبە بوو. مەلەکێکی خەڵق کرد، ناوی "عزراییل"ە. ئەویش تاووس مەلەکە کە گەورەی هەموویانە. لە بەراوردکردنی ئەو دەقەی ئێزدیەکان و بۆچوونەکەی تۆفیق وەهبی دەتوانین بڵێین، کە تاووس سەرەتا بوونی نەبووە. دواتر خوا خەڵقی کردووە و گەورەترین پێگە و تەواوی کاروباری دنیا و بەتایبەت گەلی ئێزدی بداتە دەست و پرس و ڕاوێژی پێبکات، توانای بەخشینی هیدایەت و حەڵاڵ و حەرامکردنی هەبێت، سەرۆکی فریشتە بەڕێوبەرەکانی دنیا بێت، بەهۆی ئەو خوا لەتاوانی میللەتی ئێزدی خۆش بێت و نەیانخاتە دۆزەخەوە. ئەوانە وایکردووە ڕەنگدانەوەی خواوەندی هەبێت و زۆر جار بووبێتە هۆی لەبیرچوونەوەی خوای گەورە کە دروستکەری تاووس و بەخشەری ئەو دەسەڵاتە زۆرەیە پێی.

پەیوەندی نێوان خەڵقی ئادەم(علیە سلام) و مەلەک (فریشتە) تاووس. دیارە لە جەلوەدا هیچ باسێک دەربارەی خەڵقی ئادەم باس نەکراوە بۆیە لێرەدا ئاماژە بە چەند بڕگەیەکی نووسراوە ڕەش دەکەین کە باسی خەڵقی ئادەمی تێدا کراوە.

— خودای گەورە بە مەلائیکەتەکانی گوت: من ئادەم و حەوا خەڵق دەکەم و دەیانکەم بە بەشەر. لەسڕی ئادەم شاهر(شاهد ابن جر) دەبێ و لە ئەویش میللەتی لەسەر ئەرز پەیدادەبێ. لە پاشتر میلەتی ئیزرائیل واتە تاووس مەلەک کە یەزییدیە پەیدادەبێ. لێرەدا ئاماژە بەوە کراوە کە خوای گەورە فریشتەکان ئاگادار دەکاتەوە دەیھەوێت ئادەم و حەوا خەڵق بکات. کە لە ئایینی ئیسلامیش هەمان باس هاتووە وەک خوای گەورە لە قورئانی پیرۆز دەفەرموێت (إِذْ قَالَ رَبُّكَ لِلْمَلَائِكَةِ إِنِّي جَاعِلٌ فِي الْأَرْضِ خَلِيفَةً  ). هەروەها، ئاماژە بەوە کراوە کە لەنەوەی ئادەم و حەوا جگە لەمرۆڤایەتی، میللەتی ئیزرائیل یان (فریشتە) تاووس پەیدادەبن کە ئەمەش واتای ئەوەیە کە تاووس و میللەتەکەی پێگەی تایبەتیان هەیە لای خوای گەورە. بەگوێرەی کتێب و بیروباوەڕی ئەوان. لە پاشتر خودا هاتە خوارێ بۆ سەر کێوەڕەش و قیژاندی سی هەزار فریشتەی خەڵق کرد کردنی بەکۆمەڵ. چل هەزار ساڵ عیبادەتیان کرد. لە پاشدا داینە دەست تاووس مەلەک و لەگەڵیان چووە ئاسمان. لە پاش سەد ساڵ مەلەک تاووس بە خودای گوت چۆن ئادەم و نەسڵی زۆر دەبێ. خودا گوتی،  ئەمرۆ تەدبیر ئەمەیە ئەوا دامە دەست تۆ. هات بە ئادەمی گوت: تۆ گەنمت خوارد، گوتی نا، چونکە خودا نەیهێشت. گوتی: بخۆ، بۆ تۆ چاکترە. لە پاش خواردن سکی فودرا. تاوس مەلەک لە جەننەت کردیە دەرێ و بەجێی هێشت و سەرکەوت بۆ ئاسمان. لەبەر سکی تەنگی پێ هەڵچنرا. چونکە، کونی نەبوو. خودا کۆترێکی بۆ نارد و بە دندوک کونی بۆ کرد،  ئارامی گرت. جوبرائیل سەد ساڵ لەو گووم بوو. سەد ساڵ غەمبار بوو. خودا فەرمووی بە جوبرائیل، هات و حەوای خەڵق کرد لەبن باغەڵ چەپی ئادەم. لە پاشدا تاووس مەلەک هاتە سەر ئەرز لەبەر تائفەی مەخلووقەی ئێمە. لێرەدا بەشێکی باسی خەڵقی ئادەم وەکو ئاینە ئاسمانیەکانی ترە بەوەی خودای گەورەی فریشتەکان ئاگادار دەکاتەوە لە دروستکردنی ئادەم.

ڕێگری خواردنی لێکردووە لە بەرهەمی دارێک و دروستکردنی حەوا لە ئادەم، بەڵام جیاوازیەکە لە ئایینی ئێزدی لەوەیە کە لە مەسحەفی ڕەش تاووس بەو دەسەڵاتەی هەیەتی ویستوویەتی بزانێت نەوەی ئادەم چۆن زۆر دەبن و خواش کاروبارەکە دەداتە دەستی ئەو. هەروەها، تاووس داوای لە ئادەم کردووە لە بەری دارەکە بخوات، دواتر دەری دەکات لە بەهەشت و دواتر بەجێی دێڵێت. چۆنیەتی دروستکردنی حەوا لە ئادەمیش جیاوازە لای ئێزدیەکان. چونکە، بەگوێرەی بیروباوەڕی ئیسلامی لە پەراسووی ئادەم خوای گەورە حەوای دروستکردووە.

ئەوانە ئەو جیاوازیانەن کە هەیە دەربارەی خەڵقی ئادەم لە نێوان ئێزدیەت و ئایینە ئاسمانیەکانی تر، تاووس لەنێوان فریشتە و شەیتان بوون. وەک ئاشکرایە ئێزیدیەت ئایینێکی داخراوە و بانگکەوازکەر نیە، هەر ئەمەش وایکردووە کە تێگەیشتن لێی ئاسان نەبێت و ئەنجامی یەکلاییکەرەوە ئاسان نەدۆزرێتەوە.

لێرەدا دەمانھەوێت هەڵوێستەیەک لەسەر ئەوە بکەین کە ئایا تاووس فریشتە (مەلەک)ە یاخود شەیتان (ئیبلیس)ە. هەندێک پێیان وایە کە تاووس هەمان شەیتانی نەفرین لێکراوە، بەڵگەشیان بۆ ئەوە ئەوەیە کە دەڵێن تاووس هۆکار بووە بۆ دەرکردنی ئادەم لە بەهەشت بەوەی پێی گوتوە لەو گەنمە بخۆ ئەویش خواردوویەتی، و دواتر تاووس دەری کردووە و ئێزیدیەکانیش کە تاووس بەپیرۆز دەزانن، یان وەک بەشێک دەڵێن دەیپەرستن، پێیان بڵێن شەیتان پەرست ڕاستیەکەی ئەوانەی پێیان دەڵێن شەیتان پەرست بێ بەڵگە نین. چونکە، لە دەقێکی مەسحەفی ڕەشدا هاتووە کەوا دروست نیە کەلیمەی شەیتان بڵێن، چونکە ناڤی خودامانە. هەم دروست نیە قسە بە لەفزێ بکەین کە لەناڤی ئەو بکا وەکو قەیتان و شەت و شەڕ. لێرەدا دەڵێت شەیتان ناوی خودامانە لەسەر ئەو بنەمایە زۆرێک پێیان وایە شەیتان پەرستن و شەیتانیش هەمان تاووسی مەلەکە. چونکە، هۆکاری دەرکردنی ئادەم بووە لە بەهەشت. جگە لەوە، فەلسەفەیەک ناو ئێزدیەکان باوە کە خودا داوای لەسەرجەم فریشتەکان کردووە سوجدەی ڕێز بۆ ئادەم ببەن. بەڵام، تەنها ئیبلیس(شەیتان) نەیبردووە و گوتوویەتی سوجدە بردن تەنها بۆ خودایە و خوداش کردوویەتی بە تاووسی فریشتەکان. یەک لەوانەی ئەو ڕایەی هەیە مێژوونووس و گەڕیدەی کۆچ کردووی بەناوبانگی کورد مامۆستا (کەریم زەند)ە. بەڵام، هەرچی مامۆستا (شاکر فەتاح)ە پێی وایە کە تاووس دوای ئەوەی قسەی خوای گەورەی شکاند و سوجدەی بۆ ئادەم نەبرد خوای گەورە ماوەی ۷۰۰۰ ساڵ (فریشتە تاووس) ئازار و ئەشکەنجە دەدات و دواتر چاوی لە گوناهی پۆشی و سەر لەنوێ کاروباری جیهانی پێ سپاردەوە، و خۆشەویستی خۆی پێ بەخشیەوە. هەرچی ڕایەکەی ترە تەواو پێچەوانەی ئەو ڕایەیە کە دەڵێت تاووس فریشتەیەکی دەسەڵاتدارە و خاوەن پێگەی بەرزه لای خوای گەورە و سەرۆکی دەستەی فریشتە بەڕێوبەرەکانی کاروباری دونیایە. شەیتان(ئیبلیس)ی نەفرین لێکراو هەمان فریشتە تاووس نیە کە ئێزیدیەکان بەپیرۆز سەیری دەکەن. لێکۆڵەر مامۆستا (تۆفیق وەهبی)ە، کە دەڵێت ناوهێنانی ئێزیدیەکان بە شەیتان پەرست تەنها تۆمەتێکە و ئەو تۆمەتە تا ناوەڕاستی سەدەی هەژدە نەدرابووە پاڵیان. بەڵگەشی بۆ ووتەکەی هەردوو کتێبی مێژوویی بەناوبانگ (شەرەفنامە) و (سیاحەتنامەی ئەولیای چەلەبی)ە کە باسی شەیتان پەرستی ئێزدیەکان نەکراوە، لەکاتێکدا باسی ئێزدیەکان لەهەردوو کتێب کراوە. مامۆستا تۆفیق وەهبی بەڵگەیەکی تر دەهێنێتەوە دەڵێت کە (شێخ عبداللە رەبتاکی) کە توێژەرێکی کورد بووە و لە نزیک یەزیدیەکان ژیاوە، چەند فەتوایەکی لەدژی ئێزدیەکان تۆمارکراوە لەساڵی (۱۷۲٤ز). بەڵام، لەو فەتوایانەشدا تۆمەتی شەیتان پەرستی ئێزیدیەکان نەهاتووە. لە جیاوازیەکەشدا لێکۆڵەر تۆفیق وەهبی کە لەنێوان مەلەک تاووس و شەیتان کردوویەتی دەڵێت:

۱- تاووسی مەلەک لە ڕوناکی خوای گەورە پەیدابووە، بەڵام شەیتان جنۆکەیە و لەئاگر دروستکراوە.

۲- تاووسی مەلەک نوێنەری خوای گەورە و بەتوانایە بۆ پاراستنی گشت جیهان. بەڵام، شەیتان دەرکراوێکی بێ ئایینی نەفرەت لێکراوە.

۳- تاووسی مەلەک دوژمنی ئادەمیزاد نیە، بەڵام شەیتان دوژمنی ئادەمیزادە.

٤- تاووسی مەلەک توانایەکی پیرۆزی ئاسمانی هەیە لەسەر ئادەمیزاد، بەڵام شەیتان هیچ جۆرە توانایەکی لەسەر ئادەمیزاد نیە.

٥- تاووسی مەلەک نە ئادەمیزاد هەڵدەخەڵەتێنێ و نەفێڵیشی لێدەکات. بەڵام، شەیتان ئادەمیزاد هەڵدەخەڵەتێنێ و فێڵیشی لێدەکات.

٦- تاووسی مەلەکە خوداوەندێکی نەمرە، بەڵام شەیتان شیاوی مردنه و لەکۆتاییدا فرێ دەدرێتە ناو دۆزەخ. کەواتە لای مامۆستا تۆفیق وەهبی تاووس و شەیتان دوو دروستکراوی جیاوازن.

 

— پێگەی تاووس:

بێگومان تاووس خاوەن پێگەیەکی بەرزە لە ئایینی ئێزدی و ئێزدیەکان بەپیرۆز سەیری دەکەن، لێرەدا دەمەوێ ئاماژە بە چەند خاڵێک بکەم کە دەرخەری ئەو پێگەیەن.

— پێش هەموو خەڵقێک خەڵق بووە و هەر دەمێنێتەوە.  — نوێنەری خودایە لە زەوی.

— کاروباری دونیای بەدەستە و سەرۆکی دەستەی فریشتە بەڕێوبەرەکانە.

— پارێزگاری لە میللەتی ئێزدی دەکات و لە دواڕۆژیش خودا بەهۆی چەند دڵۆپێکی تاووس کە لەناو ئاگر ڕشتوویەتی چاوپۆشی دەکات لە بردنە دۆزەخی ئێزدیەکان.

— بێ کتێب ڕێنیشاندەدات و تۆڵەش لەو کەسانە دەکاتەوە کە بڕوای پێ ناکەن.

— خودا چۆنیەتی زۆربوونی نەوەی ئادەمی داوەتە دەست.

 

هەروەها، سێ بەسەرهاتیش ئاماژە پێدەدەم کە بەگرینگیان دەزانم.

— قەوالەکانی ئێزدی سەرگوزشتەیەک دەگێرنەوە کە لە نووسراوە ڕەشیشدا نووسراوەتە. گوایە خوای گەورە له (عیسی)پێغەمبەر سەلامی خوای لێبێت دڵی شکاوە لەناو زیندانێکا دایناوه. کەڵە بەردێکیشی خستۆتە سەر دەمی زیندانە قووڵەکە (عیسی) هەر هاوارێکی کردووە لەبەر دەم پێغەمبەران و ڕاسپێراوەکانی خوادا کەسیان بەدەنگیەوه نەهاتوون، کە بۆی بپاڕێنەوە لەخواو لەو زیندانە بیهێنێتە دەرەوە. پاشان ناسیاوێکی هاتۆتە سەر دەرکی زیندانەکە و ئامۆژگاری کردووە کە پەنا بەرێتە بەر فریشتە تاووس. کە (عیسی)یش هاواری بۆ فریشتە تاووس بردووە دەست بەجێ بەدەنگیەوە هاتووە و کەڵە بەردەکەی لەدەرکی زیندانەکە لابردوەو (عیسی)ی ئازاد کردووە. خوای گەورەش کە لەئاسماندا بە (عیسی) گەیشتووە، لێی پرسیوە کێ لە زیندان دەری هێناوی؟ ئەویش پێی ووتوە: فریشتە تاووس، کاتێ خوای گەورە ئەو قسەیەی بەر گوێ کەوت چاوپۆشیلێکرد و قسەی نەکرد و ڕۆی.

— ئێزیدیەکان دەڵێن ڕۆژێک خودا بانگی پێغەمبەر(ص) و مەلەک تاووسی کردووە، خوای گەورە فەرموویەتی سێ ڕۆژ بەڕۆژوو بن. پێغەمبەر(ص)، چونکە عەرەبە و بەتەماحە ووتویەتی سی ڕۆژ باشە، مەلەک تاووس زانیویەتی پێغەمبەر (ص) بەهەڵە چووە، گوتوویەتی با ئێزیدی سێ ڕۆژ بگرن، خوا نەیگووتووە سی، گووتوویە سێ.

— مەلەک تاووس چەند فەرمانڕەوایەکی بە ئێزیدیەکانی بەخشیووە بەدێژایی مێژوو وەک (بەخت نەسر، نەبو خوزنەسر) لەبابل.  ئاخە شورش (ئاسیۆرس) لەناو عەجەم، و ئەغرینقالوس (ئاگرینکالیۆس) لە قوستەنتینیە. جگە لەوانە چەندین خاڵی تر هەیە کە دەرخەری پێگەی بەرزی تاووسن لەو ئایینە، بۆیە ئێزیدیەکان بەپیرۆز سەیری دەکەن و پشتی پێدەبەستن لەژیانی ڕۆژانەیان. هەر ئەمەش وای کردووە کە چەند هەیکەلێکی لە مس و برۆنز بۆ دروست بکەن.  "سەنجاقەکان" بریتین لە حەفت هەیکەلی تاووسی لە مس و برۆنز دروستکراو، وەک هێمایەک بۆ فریشتە تاووس لەسەر زەوی. هەر تاوسێکیان داناوە بۆ شوێنێک لەو حەفت شوێنەی کە نەتەوەی ئێزدیان تێدایە، بەڵام مامۆستا تۆفیق وەهبی پێیوایە بەهەڵە پێی دەگوترێ تاووس، چونکە ئەو باڵندەیەی کە لەسەر پەیکەری ستوونەکەیە تاووس نیە. لە فەتوایەکی شێخی رەبتاکیدا دەڵێ، ئەو سەنجاقە پێی دەگوترێ "پەیکەری ئاڵاکەی شێخ ئادی". لەزمانی تورکیدا سەنجاق واتا ئاڵا یان بەیداغ. هەروها دەڵێت "من وایدەبینم کەوا (سەنجاقی یەزیدیەکان) بریتییە لە شێوەیەکی گۆڕاوی (پەیکەری ئاڵای میثرایی) ئەوەی لەشوێنەواری کۆنە شاری هاترا بەکارهاتووە. ئێزدیەکان بڕوایان وایە کە خودا دروستی کردوون، سەرۆکی ئایینی ئێزدیەکان بۆ ئێزدییەکانی دەپارێزێت، ئەو سەرۆکە هەموو تاووسەکان لەژوورێکدا دادەنێت و دەیپارێزێت. کە پێی دەڵێن (خانەی تاووس). هەر ئەویشە کە فەرمان دەدات دەریان دەهێنێتە دەرەوە لە ژوورەوە و دەیان دەنە دەست قەوالەکان(سروود بێژەکان) تا بیان گێرن بەناو ئێزدیەکاندا بۆ پارە کۆکردنەوە. لەپاش ئەوەی تاووسەکان بە ئاوی پیرۆز کە لە گۆڕستانی (شێخ عدی) دایە، پیرۆزکران و بە ئاوی ترش ژەنگیان لێکرایەوە و بە ڕۆنی زەیتونیش چەورکران. قەوالەکان لە هەندێک خۆڵی نزیک گۆری شێخ عدی بە ئاوە پیرۆزەکەی ناو گۆرستانەکە قورێک هەڵ دەشێلن و تۆپەڵی بچکۆڵە بچکۆڵەی لێ دروست دەکەن، تا هەر کاتێک ئێزیدیەکان هاتنە سەردانی تاووس بیاندەنێ. ئینجا، قەوالەکان تاووسەکە هەڵ دەگرن لەناو هەگبەیەکدا و دەیدەن بە کۆڵیاندا و ڕوو دەکەنە ئەو شوێنەی کەدیاری کراوە بۆی بچن. خەڵکەکە بە پیاو و ژنەوە دێن بەپیلیانەوە. چاکترین بەرگی خۆیان ئەپۆشن. سروودە نەتەوەیی و ئایینیەکانی خۆیان دەڵێن، ئافرەتەکانیش هەلهەلە لێ دەدەن. دەوڵەمەندەکان لەسەر ئاڵاکە دەکەونە بەربەرەکانی. کامیان پارە زۆرتر بدات تاووسەکە دەبردرێتە ماڵی ئەو کەسە. جا ئەگەر کەسی بێگانەی لێنەبوو، تاووسەکە لە هەگبەکه دەردەهێنن و لەشوێنی تایبەتی خۆی دای دەنێن. ئینجا، دانیشتوانی گوندەکە تاک تاک و کۆمەڵ کۆمەڵ دێنە بەردەم تاووسەکە خۆیانی بۆ دەنوشتێننەوە و ماچی دەکەن و هەرچیان پێبێت پێشکەشی دەکەن. لە پاشان لە تاووسەکە دەپاڕێنەوە کە لە گوناهیان ببورێت و خۆیان و مناڵەکانیان لە گەڕ، گێچەڵ، خشم و قینی خۆی بپارێزێ. دوای ئەوە قەوالەکان دەوەستن و دەست دەکەن بە دەف و دووزەلە لێدان بە ئاوازێکی دڵگیر، ئەوانی تریش دەست دەکەن بە جۆرە هەڵپەرکێیەکی ئایینی. هەست و دەروونیان ئەجۆشێ و لەنێوان ترس و هیوادا شپرزە دەبن و حاڵ دەیانگرێ. جاری وایش هەیە ئاگایان لەخۆیان نامێنێ و تاووسەکەش هەڵدەگرن و لەگەڵ خۆیان هەڵی دەپەرێنن.

یەزیدیەکان، ئەوە بە ڕۆژێکی پیرۆز دادەنێن لە شەودا مۆم و چرایەکی زۆر هەڵدەگیرسێنن، گیای بۆن خۆشیش زۆر دەسوتێنن، ئێشک دەگرن و بە دیار تاووسەکەوە دەوەستن، نەوەک بێگانەیەک بیدزێ. خاوەن ماڵەکە کە تاووس میوانیەتی بەناوی ڕێزگرتن لەوەوە گا یان مانگایەک سەر دەبڕێت. دانیشتووانی گوندەکەش نان و چێشتێکی زۆر بۆ خۆیان ئامادە دەکەن. ئەو ڕۆژە تێر و پڕ دەخۆن و دەخۆنەوه و بەزم و ڕەزم دەکەن. ڕۆژی دواتر، قەوالەکان تاووسەکه دەخەنەوە ناو هەگبەکه و ڕوو دەکەنە گوندێکی تر. هەروەک لەمەو پێش باسمان کرد پەیکەری تاووس بەلای ئێزیدیەکانەوە نیشانەیەکە بۆ فریشتە تاووس هەروەها ئاڵایەکیشە. لەبەر ئەوەی ئێزدیەکان بە پەرۆشەوەن بیپارێزن لە بینین و دزینی لەلایەن بێگانەکانەوە، گەلێک قسە و باس هەیە لەسەر دزینی ئەو تاووسانە و بردنیان بۆ ماڵە دەوڵەمەندەکان یان بۆ ناوازگە(مۆزەخانە)کانی ئەوڕوپا. بەڵام، تا ئێستا ئەو ووتوێژانە لەڕاستیەوە دوور بوون. تەنها ئەوەندەیە هەیه (فریق عمر وهبی پاشا) کە سوڵتانێکی عوسمانی بووە، لەساڵی (۱۸۹۲.ز) بەخۆی و لەشکرەکەیەوە هەڵی کوتاوەتە سەریان تا بە زۆر بیانکات بە موسڵمان، بەڵام بەگوێیان نەکردووە، ئەویش چوار پەیکەری لە پەیکەری تاووسەکان (سەنجاقەکان) داگیرکردووە و ناردوویەتی بۆ بەغداد. لەوێ لە کۆگای لەشکر پارێزراون. دواتر، لە ساڵی (۱۹۰۸.ز ) هەر چوار سەنجاقەکەیان داونەوە.

 

 

سەرنجێک:- من وەک موسڵمانێک باوەڕی ئایینیم بەزۆرێک لەو بابەتانەی لەسەرەوە باسم کرد نیە، بەڵام تەنها ویستم هەوڵێک بدەم بۆ تێگەیشتن لە پێگەی تاووس لەئایینی ئێزدی. ئەویش بە ئاماژەدان بە سەرچاوەو کتێبەکانی خۆیان، بێگومان کارەکەی من بێ کەموکوڕی نیە، بەڵام ویستم دەرگایەک بکەمەوە بەو هیوایەی کەسانی تر هەوڵ بدەن بەشێوازی باشتر و وردتر زانیاری باشتر پێشکەش بکەن. زۆری ڕا جیاوازی توێژەران بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە ئایینەکە ئایینێکی داخراوە و بەنهێنی پەرستشەکانیان دەکەن.

 

 پەراوێزەکان:

۱- مێژووی کورد لە شارستانی ئیسلامیدا، نووسینی(د. ئەحمەد محمود ئەلخەلیل) — وەرگێڕانی(زرار عەلی)،چاپی دووەم، ۲۰۱۱، لا۱۱۸.

٢- هەردوو کتێبی پیرۆزی ئێزدیان (جەلوە و مەسحەفی ڕەش)، نووسینی(د. ماکسیمیلیان بیتنەر)، وەرگێڕانی(د. حەمید عەزیز)، ۲۰۰۷، لا۳۱.

۳- ئەفسانە و پەندی کۆمیدی(گاڵتە ئامێزی) کوردی (لیکۆڵینەوە)، د. نەجم ئەڵوەنی، ۲۰۰۷، لا٦۱+ لێکۆڵینەوەکەی بەڕێز شاسوار هەرشەمی دەربارەی بنەچەی ووشەی (تاووس).

٤- لێکۆڵینەوەی بەڕێز شاسوار هەرشەمی دەربارەمی بنەچەی ووشەی (تاووس).

٥- ئەفسانەو پەندی کۆمیدی(گاڵتە ئامێزی) کوردی (لیکۆڵینەوە)، د. نەجم ئەڵوەنی،۲۰۰۷، لا٦۱.

٦- فرهنگ فارسی-کوردی (سەنتەری دانیشگای کوردستان)ٚ، بەرگی یەکەم، بەسەرپەرشتی ماجد مردۆخ رۆحانی.

۷- لێکۆڵینەوەی بەڕێز شاسوار هەرشەمی دەربارەی بنەچەی ووشەی (تاووس).

۸- ناوی تەواوی (أبو منصور بن محمد بن الخضر بن الحسن الجواليقي البغدادي)(٤٦٥-٥٤۰هجري).

۹- لێکۆڵینەوەکەی بەڕێز شاسوار هەرشەمی دەربارەی بنەچەی ووشەی (تاووس)+ئەفسانەو پەندی کۆمیدی(گاڵتە ئامێزی) کوردی (لیکۆڵینەوە)، د. نەجم ئەڵوەنی،۲۰۰۷، لا٦۳.

۱۰- یەزیدی یەکان و ئایینی یەزیدی(شاکر فتاح)، ۱۹٦۹، لا٤۲، پاشماوەی ئاینی میثرایی لەهاترا، تۆفیق وەهبی بەگ، وەرگێڕانی(شێخ بورهان بەرزنجی)، ۲۰۱۰.

۱۱- فەرهەنگی خاڵ(کوردی-کوردی)، شێخ محمدی خاڵ،۲۰۱۷، لا۱۱۷.

۱۲- ئەفسانەو پەندی کۆمیدی(گاڵتە ئامێزی) کوردی (لیکۆڵینەوە)، د. نەجم ئەڵوەنی،۲۰۰۷، لا٦۳.

۱۳- ئەفسانەو پەندی کۆمیدی(گاڵتە ئامێزی) کوردی (لیکۆڵینەوە)، د. نەجم ئەڵوەنی،۲۰۰۷، لا٦۲.

۱٤- زمانی ئایینی کورد، سەلام ناوخۆش بەکر، ۲۰۱۲،لا۸۷. ۱٥- ئەفسانەو پەندی کۆمیدی(گاڵتە ئامێزی) کوردی (لیکۆڵینەوە)، د. نەجم ئەڵوەنی، ۲۰۰۷،لا٦۳.

۱٦- ئایین و باوەڕ لەکوردستاندا، گەڕیدە کەریم زەند، ۱۹۷۱، لا۳۱+ تێڕوانینێک بۆ (زەردەشتی، یەزیدی، کاکەیی)، ئەحمەد حەمەئەمین(ڕەنجیار)،۲۰۱٦، لا ٤۳.

۱۷- جەلوە،دبیاجە، دەقی یەکەم.

۱۸- جەلوە، فەسڵی نخوستین، دەقی ۱۷.

۱۹- زمانی ئایینی کورد، سەلام ناوخۆش بەکر، ۲۰۱۲، لا۹٦. ۲۰- زمانی ئایینی کورد، سەلام ناوخۆش بەکر، ۲۰۱۲، لا۹٦. ۲۱- ئەفسانەو پەندی کۆمیدی(گاڵتە ئامێزی) کوردی (لیکۆڵینەوە)، د. نەجم ئەڵوەنی، ۲۰۰۷،لا٦٥.

۲۲- پاشماوەی ئاینی میثرایی لەهاترا، تۆفیق وەهبی بەگ، وەرگێڕانی (شێخ بورهان بەرزنجی)، ۲۰۱۰، لا۱۰٦.

۲۳- مەسحەفی ڕەش، دەقی ۹.

۲٤- سورەتی (البقرة) ئایەتی (۳۰).

۲٥- یەزیدی یەکان و ئایینی یەزیدی، شاکر فەتاح، ۱۹٦۹، لا٤۳.

۲٦- پاشماوەی ئاینی میثرایی لەهاترا، تۆفیق وەهبی بەگ، وەرگێڕانی (شێخ بورهان بەرزنجی)، ۲۰۱۰، لا۱۱۲.

۲۷- پاشماوەی ئاینی میثرایی لەهاترا، تۆفیق وەهبی بەگ، وەرگێڕانی (شێخ بورهان بەرزنجی)، ۲۰۱۰، لا۱۱۳.

۲۸- پاشماوەی ئاینی میثرایی لەهاترا، تۆفیق وەهبی بەگ، وەرگێڕانی (شێخ بورهان بەرزنجی)، ۲۰۱۰، لا۱۰٥.

۲۹- یەزیدی یەکان و ئایینی یەزیدی، شاکر فەتاح، ۱۹٦۹، لا٤۰-٤۱.

۳۰- تێڕوانینێک بۆ (زەردەشتی، یەزیدی، کاکەیی)، ئەحمەد حەمەئەمین(ڕەنجیار)،۲۰۱٦، لا ٤۳-٤٤.

۳۱- تێڕوانینێک بۆ (زەردەشتی، یەزیدی، کاکەیی)، ئەحمەد حەمەئەمین(ڕەنجیار)،۲۰۱٦، لا ٦۳+ مەسحەفی ڕەش، دەقی ۲۷.

۳۲- یەزیدی یەکان و ئایینی یەزیدی، شاکر فەتاح، ۱۹٦۹، لا٤٤.

۳۳- پاشماوەی ئاینی میثرایی لەهاترا، تۆفیق وەهبی بەگ، وەرگێڕانی (شێخ بورهان بەرزنجی)، ۲۰۱۰، لا۹۱.

۳٤- یەزیدی یەکان و ئایینی یەزیدی، شاکر فەتاح، ۱۹٦۹، لا٤٤.

۳٥- یەزیدی یەکان و ئایینی یەزیدی، شاکر فەتاح، ۱۹٦۹، لا٤٦.

۳٦- یەزیدی یەکان و ئایینی یەزیدی، شاکر فەتاح، ۱۹٦۹، لا٤٤.

زۆرترین بینراو

developed by Scorpion shield