بڕینی دەماری ددان چییە؟ چ کاتێک پێویستە و چۆن ئەنجام دەدرێت؟

بڵاوکردنەوە:

محەمەد حەسەن

نووسەر:

محەمەد حەسەن

بینراو:

1030

بەش:

تەندرووستی

بڕینی دەماری ددان Root canal treatment، نەشتەرگەرییەکی بچووکی پزیشکییە ئەنجام دەدرێت بۆ چارەسەرکردنی هەوکردنی ناوەڕۆکی ددانێک.

بڕینی دەماری ددان چارەسەرێکی ئازاراوی نییە، و دەتوانێت ددانە سروشتییەکەت ڕزگار بکات. چارەسەری بڕینی دەماری ددان لەجیاتی هەڵکێشانی تەواوەتیی ددانەکە و دەرهێنانی ددانەکە بەکاردێت.

 

بۆچی پێویستە؟

چونکە هەندێکجار هەوکردن تووشی ناوەڕۆک (ناوەخن)ـی ددانێک دەبێت (واتە ناوچەی ڕەگی ددانەکە The Root Canal).

ئەم حاڵەتەش ڕوودەدات لەدوای:

- پووکانەوەی ددانەکە (کاتێک بەکتریای زیانبەخش چینێکی لکێنەر دروستدەکات لەسەر ددانەکە).

- کونبوونی پڕکەرەوەی ددانەکە (ئەگەر پێشتر پڕکردنەوەت بۆ ددانەکە ئەنجام دابێت، ئەم حاڵەتە ڕوودەدات کاتێک لکێنەری نێوان پڕکەرەوەی ددانەکە و خودی ددانەکە دەشکێت بەهۆی چەند هۆکارێکی وەکو: تێچوونی خواردن، دزەکردنی ئاو، کاریگەریی لیک، یاخود هەندێکجار چوونەژوورەوەی بەکتریا بۆ ژێر پڕکەرەوەی ددانەکە).

- زیان بەرکەوتن بە ددانەکە بەهۆی زەبری دەرەکی، یاخود کەوتن لە شوێنێکی بەرزەوە.

 

پێکهاتەی ددان

هەر ددانێک پێکهاتووە لە دوو بەشی سەرەکی:

تاج Crown بەشی سەرەوەی ددانە کە لەنێو دەمدا دیارە، ڕەگ Root ئەو بەشەی ددانە کە درێژدەبێتەوە بەنێو ئێسکی شەویلگەدا کە ددانەکەی پێوە جێگیربووە.

هەروەها تاج پێکدێت لە:

- مینا Enamel: بەرگە ڕەقەکەی دەرەوەی ددان.

- دێنتن Dentin: ماددەیەکی نەرمترە پشتگیری لە مینا دەکات و ناوچەی ژێر مینا پێکدەهێنێت.

ڕەگیش پێکدێت لە:

- گەچ-ئاسا cementum: ماددەیەکی ڕەقە ڕووی دەرەوەی ڕەگ دادەپۆشێت.

- کاکڵ Pulp: شانە نەرمەکانی ناوەخنی ددانەکەیە.

کەواتە ناوچەی ڕەگ پێکهاتووە لە کاکڵ کە لە تاجی ددانەکەوە بەرەو کۆتایی ڕەگ درێژ دەبێتەوە.

ئەشێت ددانێک زیاتر لە یەک ناوچەی ڕەگیشی هەبێت.

 

لە چ کاتێکدا دەزانین پێویستمان بە بڕینی دەماری ددانە؟

بڕینی دەماری ددان کاتێک پێویستە کە لەڕێگای وێنەگرتنی تیشکی ئێکسەوە دەزانین کاکڵی ددانەکە تووشی زیان بووە بەهۆی هەوکردنی بەکتریاییەوە.

کاکڵی ددان ئەکرێ تووشی ئاوسان ببێت ئەگەر تووشی بەکتریا بێت، هەروەها کاکڵی ددان ڕێگا بۆ بەکتریاکە خۆش دەکات کە ژمارەکەی دوو هێندە ببێت و بڵاوببێتەوە.

نیشانە سەرەتاییەکانی تووشبوونی کاکڵ بریتییە لە:

-  ئازار لەکاتی خواردن یاخود خواردنەوەی شتی سارد یان گەرم.

- ئازار لەکاتی گەستن یاخود جوین.

- لەقبوونی ددانەکە.

لەگەڵ گەشەسەندنی زیاتری هەوکردنەکەدا کاکڵی ددانەکە دەمرێت، ڕاستەوخۆ لەدوای مردنی کاکڵی ددانەکەوە ئیدی ئەم نیشانانە نامێنن.

پاشان ددانەکە وادەردەکەوێت کە چاکبووەتەوە، بەڵام لەڕاستیدا هەوکردنەکە دەستیکردووە بە بڵاوبوونەوە بەنێو ناوچەی ڕەگی ددانەکەدا!

بۆیە پاش ماوەیەک نیشانەی قووڵتر لە ددانەکەدا دەردەکەوێت وەکو:

- گەڕانەوەی ئازار لەکاتی گەستن یاخود جوین.

- ئاوسانی پووکی دەوروبەری ددانەکە.

- دەرچوون و چۆڕینی کێم و پیسی لە ددانەکەوە.

- ئاوسانی ڕوومەت یان شەویلگە.

- ڕەشبوونەوەی ڕەنگی خودی ددانەکە.

زۆر گرینگە سەردانی پزیشک بکەیت ئەگەر ئازاری ددانەکەت زیاتر و زیاتر بوو، چونکە کاکڵی ددان توانای چاککردنەوەی خۆی نییە کاتێک ددانەکە تووشی هەوکردنی بەکتریایی دەبێتەوە.

فەرامۆشکردنی ددانی هەوکردوو لەنێو دەمتدا بارودۆخی ددانەکە زۆر خراپتر دەکات.

ئەگەر زوو سەردانی پزیشک نەکەیت ئەوا چانسی سەرکەوتنی نەشتەرگەریی بڕینی دەماری ددان کەم دەبێتەوە، چونکە بەتێپەڕبوونی کات هەوکردنەکان لەنێو ددانەکەدا شوێنی خۆی دەگرێت و جێگیرتر و دامەزراوتر دەبێتەوە.

هەروەها دەرمانە دژەزیندەییەکان Antibiotics کە بۆ چارەسەری هەوکردنی بەکتریایی بەکاردێت، کاریگەریی نابێت بۆ چارەسەرکردنی هەوکردنی ڕەگی ددان، ئەو دەرمانانە تەنها دەتوانن چارەسەری ئەو بارودۆخانە بکەن کە بڵاوبوونەوەی هەوکردنەکە هێشتا نەگەیشتۆتە ڕەگی ددانەکە (ئەگەرچی ئاوسانیشی دروستکردبێت).

 

بڕینی دەماری ددان چۆن ئەنجام دەدرێت؟

بۆ ئەوەی چارەسەری هەوکردنەکە بکرێت لەنێو ناوچەی ڕەگی ددانەکە، پێویستە بەکتریا تووشکەرەکە لاببرێت.

بەگشتی دوو ڕێگا هەیە بۆ چارەسەرکردنی هەوکردنی ناوچەی ڕەگی ددان:

- لابردنی بەکتریاکە لە ناوچەی ڕەگی ددانەکە (لەڕێگای نەشتەرگەریی بڕینی دەماری ددانەوە).

- لابردنی ددانەکە (هەڵکێشانی ددانەکە).

بەڵام زۆربەی کات پزیشکەکە پێشنیاری هەڵکێشانی ددانەکەت بۆ ناکات چونکە هەمیشە پێویستە تا ئەتوانرێت ددانە سروشتییەکەی خۆت بەسەلامەتی بهێڵدرێتەوە.

پێش ئەوەی نەشتەرگەریی بڕینی دەماری ددانت بۆ ئەنجام بدرێت، ئەوا سڕکەرێکی خۆجێیی لەڕێگای دەرزییەوە لە دەوروبەری شوێنی ئەنجامدانی نەشتەرگەرییەکە دەدرێت.

ئەمەش مانای ئەوەیە کە کردارەکە پێویستە بەبێ هەبوونی ئازار ئەنجام بدرێت، و بەهیچ شێوەیەک کرداری ئەنجامدانی نەشتەرگەریی بڕینی دەماری ددان ناخۆشتر نییە لە پڕکردنەوەیەکی ئاسایی ددان.

پاش ئەوەی کە بەکتریاکە بەتەواوی لادەبرێت، ناوچەی ڕەگی ددانەکە پڕدەکرێتەوە و پاشان هەر لەڕێگای پڕکەرەوەوە ناوچەی تاجی ددانەکە سەرمۆر دەکرێتەوە.

لە زۆربەی بارودۆخەکاندا شانە هەوکردووەکانی دەوروبەری ددانەکە پاش ئەنجامدانی نەشتەرگەرییەکە بەشێوەیەکی سروشتی و بەتێپەڕبوونی کات چاکدەبنەوە.

نەشتەرگەریی بڕینی دەماری ددان بەزۆری سەرکەوتوو دەبێت، لە هەر 10 نەشتەرگەرییەکدا 9 دانەیان دەبێتە هۆی پاراستن و ڕزگارکردنی ددانەکە بۆ ماوەی زیاتر لە 10 ساڵ!

 

ماوەی چاکبوونەوە

زۆر گرینگە چاودێریی ددانەکەت بکەیت لەدوای ئەنجامدانی نەشتەرگەرییەکەوە.

دەبێت دووربکەویتەوە لە گەستنی خواردنی ڕەق هەتا ئەوکاتەی کە چارەسەرکارییەکەت بە چەند جارێک بۆ تەواو دەکرێت.

لەدوای کۆتا ئەنجامدانی چارەسەرکارییەکەوە، ددانە چاککراوەکەت چیتر ئازاری نابێت، تەنها هەست بە ئازارێکی کەم دەکەیت بەشێوەیەکی کاتی بۆ چەند رۆژێک.

بۆ بنەبڕکردنی ئەو ئازارەش، تەنها پێویستت بە چەند ئازارشکێنێکی ئاسایی دەبێت، وەکو پاراسیتامۆڵ Paracetamol و ئیبۆپڕۆفین Ibuprofen بۆ حەواندنەوەی هەر ناڕەحەتییەک لە شوێنی نەشتەرگەرییەکەدا.

ئەگەر لەدوای وەرگرتنی ئازارشکێنەکانەوە هێشتا ئازار یاخود ئاوسانت هەبوو ئەوا پێویستە بگەڕێیتەوە بۆ لای پزیشکەکەت.

لەزۆربەی حاڵەتەکاندا پێویستە لەدوای سەرکەوتنی نەشتەرگەرییەکەوە هەوڵ بدەیت قەدەغەی پێویستبوونی نەشتەرگەرییەکە بۆ جارێکی تر بکەیتەوە ئەویش لەڕێگای:

- هێشتنەوەی ددانەکانت بەخاوێنی.

- نەخواردنی زۆری شیرینییەکان.

- وازهێنان لە جگەرەکێشان (ئەگەر جگەرەکێش بیت).

 

زۆرترین بینراو

developed by Scorpion shield