ئەنفلۆنزا (پەتا)

بڵاوکردنەوە:

موحەممەد فەرهاد عەبدولقادر

نووسەر:

محەمەد فەرهاد عەبدولقادر

بینراو:

1040

بەش:

تەندرووستی

تا ئێستا تووشی کۆکە و ئاوکردنی لووت بوویت؟ بەدڵنیاییەوە بەڵێ، زۆرینەی خەڵک ئەزموونیان کردووە. لە راستیدا ئەمانە ئەو نیشانانەن کە دەردەکەون کاتێک کە لەشمان تووشی ئەنفلۆنزا بووە، کە بەشێوەیەکی باو پێی دەوترێت فلو (پەتا).

 

ئەنفلۆنزا چیە؟

ئەنفلۆنزا نەخۆشییەکی گوازراوەیە لەلایەن هەندێک جۆری ڤایرۆسەوە دروست دەبێ، کە تووشی کۆئەندامی هەناسەدان دەبێ؛ بە زۆری سییەکان، قورگ و لووت. زۆر لە خەڵک ئەنفلۆنزا بە سووکی وەردەگرن چونکە زۆربەی کات خەڵک بە ئاسانی دەتوانێ لێیان دەربازبێت. بەڵام هەندێک کات ئەنفلۆنزا دەتوانێ کوشندەبێت ئەگەر بارودۆخەکان قورس بن. ئەگەر نەخۆشییەکە لە کاتی خۆیدا چارەسەر نەکرێت، لەوانەیە ببێتە هۆی تووشبوون بە نەخۆشیی دیکە، وەک هەوکردنی سییەکان (نیومۆنیا).

ئەنفلۆنزا دەتوانێت خەڵک لە هەر تەمەنێک تووشبکات، بەڵام ئەگەری پەرەسەندنەکەی زیاترە لە منداڵانی خوار تەمەن پێنج ساڵ، خەڵکی بەتەمەن، وە ئەو کەسانەی کە سیستەمی بەرگرییان زۆر لاوازە بە هەر هۆکارێک بێت. کاتێک کە جەستە تووشدەبێت بە ئەنفلۆنزا، دەتوانێت چەندین نیشانە پیشانبدات. نیشانە هەرە باوەکانی ئەنفلۆنزا بریتین لە کۆکە، سەرئێشە، لووت ئاوکردن، تا و ماندوێتی.

 

هۆکارەکانی ئەنفلۆنزا:

ئەنفلۆنزا نەخۆشییەک یان هەوکردنێکی ڤایرۆسییە کە بەزۆری دەگوازرێتەوە بۆ خەڵک لە خەڵکی ترەوە کە پێشتر تووشبوون بە نەخۆشییەکە. ئەمە لەبەرئەوەی کە ڤایرۆسی ئەنفلۆنزا دەتوانێت بە ئاسانی هاتووچۆ بکات لە هەوادا کاتێک کەسێک دەکۆکێت یان دەپژمێت. هەروەها، کەسانی تووشبوو دەتوانن ئەو شتانە پیسبکەن کە دەستی لێدەدەن. بۆیە کاتێک کەسێکی تەندروست دەست لە شتی پیسبوو دەدات، ڤایرۆسی ئەنفلۆنزا دەتوانێت بچێتە جەستەیەوە.

ئەو کەسانەی کە تووشبوون بە ڤایرۆسی ئەنفلۆنزا، دەستیان پیسبووە بە ڤایرۆسەکە. کاتێک کە تەوقە لەگەڵ کەسێک دەکەیت یان کەسێک دەکۆکێت بەسەرتدا، کارێکی باش دەکەیت دەستەکانت بشۆیت و بەزوویی خۆتبشۆیت.

 

جۆرەکانی ئەنفلۆنزا:

ئەنفلۆنزا چەندین جۆری هەیە، بەڵام جۆرە سەرەکییەکان بریتین لە جۆری A، B و C. مەترسیدارترین جۆری ئەنفلۆنزا، جۆری Aــە.  لەمە بەدەر، چەندین هەمەجۆرێتی بۆماوەیی ئەم جۆرانەی ئەنفلۆنزا هەیە، کە پێیان دەوترێت: چەشن تان تیرە (Strain). ئەم تیرانە پەرەدەسێنن ناو بەناو وە بەنزیکەیی هەموو ساڵێک تیرەیەکی نوێ لە ڤایرۆسی ئەنفلۆنزامان دەست دەکەوێت کە ناتوانرێر ڕێگری لێبکرێت بە کوتانەکانی ساڵانی پێشوو. بۆیە پێویستە هەموو ساڵێک کوتانی ڤایرۆسی ئەنفلۆنزا وەربگرین بۆ کەمکردنەوەی ئەگەری تووشبوون.

ناوی جیاواز هەیە بۆ تیرە جیاوازەکانی ڤایرۆسی ئەنفلۆنزا کە بریتین لە پیتی پێدراو؛ H و N بۆ جۆری A، وە ژمارەکان. پیتی H لە ناوی تیرەیەکدا لە تیرەی جۆری A هیمئەگڵوتینین دەنوێنێت، هەروەها N نیورامینیدەیز دەنوێنێت. ئەو تیرەیەی ئەنفلۆنزا کە لە ساڵی ١٩١٨ بووە هۆی مردنی زیاتر لە پێنج ملیۆن کەس، H1N1 بوو. تیرەیەکی ئەنفلۆنزا کە ناسراویشە بە ئەنفلۆنزای باڵندە، ناونراوە بە H5N1.

 

ڕێگرییکردن

خەڵک دەکرێت تووشی ئەنفلۆنزا بێت لە هەر کاتێکدا چونکە زۆر زەحمەتە خۆمان بەدوور بگرین لە بینینی خەڵک یان دەستلێدان لە شتەکان. بۆیە باشترین رێگا بۆ خۆبەدوورگرتن لە ڤایرۆسی ئەنفلۆنزا بریتییە لە وەرگرتنی ژەمێکی کوتان هەموو ساڵێک. کوتانەکە دڵنیایی ئەوە نادات کە ١٠٠٪ رێگری بکات لە ڤایرۆسەکە، بەڵام بە ڕادەیەکی بەرز ئەگەری تووشبوون کەمدەکاتەوە. کوتاوەکانی ئەنفلۆنزا دەتوانرێت وەربگیردرێت لە تەمەنی ٦ مانگی و سەرووترەوە. دوای وەرگرتنی ژەمێکی کوتان، هێشتاش کارێکی باشە کە دەست و جەستەت بشۆیت بە شێوەیەکی بەردەوام لە وەرزی پەتادا.

 

چەند ڕاستییەک:

• نزیکەی ٣٣٪ خەڵک کە تووشبوون بە ئەنفلۆنزا هیچ نیشانەیەکی ئەنفلۆنزا دەرناخەن.

• زۆربەی کات، پزیشکەکان پێشنیاری خەوتن و خواردنەوەی ئاوی زۆر دەکەن لە کاتی تووشبوون بە ئەنفلۆنزا.

• هەندێک لە کوتاوەکانی ئەنفلۆنزا بڕێکی کەم لە پرۆتینی هێلکە لەخۆدەگرن. ئەگەر هەستیاریت بە هێلکە هەیە، ئەوا سەرەتا قسە لەگەڵ پزیشکەکەت بکە.

 

زۆرترین بینراو

developed by Scorpion shield