کریسپر: بەکارهێنانی تەکنیکە سەردەمییەکان لە چارەسەری نەخۆشیدا.

بڵاوکردنەوە:

زنار بابەکر

نووسەر:

Real Science

بینراو:

948

بەش:

تەندرووستی

ئەم بابەتەی خوارەوە، لە کەناڵی (Real Science) وەرگیراوە کە بەهاوکاری (Curiosity Stream) بەرهەمهێنراوە، پاشان بۆ زمانی کوردی وەرگێڕدراوە و لێرە پێشکەشی ئێوە کراوە.

 

نەخۆشی Sickle Cell، بریتییە لە یەکێک لە کوشندەترین تێکچوونە بۆماوەییەکان کە شێوەیەکی نەشیاوی هیمۆگلۆبین پێکدەهێنێت و بەمەش خانەکانی خوێن تێکدەدات لە جەستەدا؛ شێوەیەکی دەمە داسی نا-ئاسایی پێکدەهێنێت کە لێشاوی خوێن دەوەستێنێت لە کۆئەندامی سووڕدا، دەبێتە هۆی زیان گەیاندن بە ئەندامەکانی جەستە و پلەیەکی لەڕادەبەدەر لە ئازار.

ڤیکتۆریا گرەی، بریتییە لە نەخۆشێک کە تەواوی ژیانی بەدەست ئەو نەخۆشییەوەی ناڵاندووە، بە گەشتی لەناکاو بۆ ژوورەکانی فریاگوزاری خێرا و پیشەیەکی دابڕاو و گشت ئاواتەکانیشی وەستێنراو لە ژیاندا. خانە دەمە داسییەکان زیانیان بە دڵی گەیاندووە، هەروەها زۆرێکیش لە نەخۆشەکانی تووشبوو بەم نەخۆشییە ناتوانن ناوەڕاستەکانی تەمەنییان تێپەڕبکەن، بەهۆی ئەوەی کە جەڵتەی لەناکاو هەمیشەیە هەڕەشەیە بۆسەر ژیانیان.

ئەم نەخۆشییە بەهیچ شێوەیەک ئاسان نییە بۆ چارەسەرکردن! هەندێک لە نەخۆشەکان دەتوانن سوود لە دەرمان وەربگرن، لە کاتێکدا ئەوانی تر بە چاندنی مەترسیدار لە مۆخی ئێسک تێپەڕدەبن. بەڵام، هێشتاش، ئەم ڕێگەچارانە بەس نین بۆ کۆتایی هێنان بە ئاستەنگییەکانی ئەم نەخۆشییە. بۆیە، کاتێک کە ڤیکتۆریا گرەی بە چاندنی مۆخی ئێسکدا تێپەڕبوو، پزیشەکانی پێشنیاری شتێکی جیاوازیان کرد، و لە ڕاستیشدا، شتێکی تەواو تازە و جیاواز وەک لەوەی کە هەبوو ڕابردوودا.

ڤیکتۆریا گرەی، بوو بە یەکەمین نەخۆش لە ئەمریکا بە نەخۆشییەکی بۆماوەییەوە تا چارەسەربکرێت لەڕێگەی تەکنیکێکی شۆڕگێڕانەی دەستکاریکردنی بۆهێڵییەوە، بەناوی "کریسپر." دوای ساڵێک، چارەسەرەکەی لە ڕاستیدا کاری خۆی کردبوو و زۆر زیاتریش لەوەی کە پزیشکەکانی چاوەڕێیان دەکرد!... پزیشکەکانی، ملیاران خانەی دەستکاریکراوی بۆهێڵییان خستبۆ جەستەیەوە کە ئێستا دەرکەوتبوو گشت ئاستەنگییەکانی نەخۆشییەکە ناهێڵێت و کەمدەکاتەوە.

بۆ ئەوەی بەتەواوەتی تێبگەیت لەوەی کە چی ڕوویدا لە جەستەی ڤیکتۆریادا کە وای کرد چارەسەری نەخۆشییە کوشندەکەی بکات، با بگەڕێینەوە بۆ سەرەتای دۆزینەوەی کریسپر، لە ساڵی 1987.

لەو کاتەدا، لێکۆڵەران تەنانەت نەیاندەزانی کە ئەوەی دۆزیبوویانەوە چیش بوو لە ڕاستیدا! لە کاتی لێکۆڵینەوە لە بۆهێڵێکی دیاریکراو لە بەکتریای E. Coli، تێبینی شێوازێکی سەرنجڕاکێشیان کرد لەو بۆماوە ماددەیەی کە دەوری بەکتریاکە دەدا: 5 زنجیرەی هاوشێوە، هەر یەکێکیان کە لە 29 تفت پێکهاتووە. ئەم زنجیرە دووبارەبۆوانە، لەیەکتر جیاکرابوونەوە بە 32 تفتی بۆماوە ماددەی ناوبراو بە سپەیسەرەکان (Spacer)، هەر یەکێکیش لەو سپەیسەرانە کۆمەڵەیەک لە بۆهێڵی بێهاوتایان لەخۆدەگرێت. زاناکان لە دەرەنجامی لێکۆڵینەوەکەیاندا نووسیبوویان، هەروەکو لەم دەقە ئاماژەی پێدەدەم: "گرنگی زیندەیی ئەم زنجیرانە نەزانراوە."

لەماوەی چەند دەیەی داهاتوو لە لێکۆڵینەوەکاندا، ئەم شێوازە دووبارەبۆوانە لە میکڕۆبە هەمەجۆرەکاندا دۆزرانەوە، تا لە کۆتاییدا ناوێکیان بۆ دانرا: Clustered Regularly Interspaced Short Palindromic Repeats، بەکورتکراوەیی CRISPR.

بەڵام، هێشتاش، گرنگییان نەزانراوبوو. ئەوە کە دەزانرا تەنها ئەوە بوو کە هەمیشە لە تەنیشت بۆهێڵی دیاریکراوی ئەنزیم دروستکەرەوە دێن، کە ناودەبران بە "بۆهێڵی بەستراو بە کریسپر،" یاخود "بۆهێڵەکانی کاس." ئەو ئەنزیمانەشی کە بۆهێڵەکانی کاس هەڵیاندەگرت دەتوانن DNA ببڕن! بەڵام لەو کاتەدا، نەدەزانرا کە بۆچی دەیانبڕی، هەروەها بۆچی هەمیشە لە تەنیشت زنجیرە کریسپرەوە هەبوون.

دواتر، زانایان تێبینی شتێکی تریان کرد لە زنجیرەکانی DNA: سپەیسەرەکانی کریسپر (واتە، زنجیرە گۆڕاوەکان لەنێوان زنجیرە دووبارەبۆوەکان) زۆر هاوشێوەی DNA ڤایرۆس بوون! هەروەها، بەم دەرکەوتنەش، مەبەستی زنجیرەکانی کرسیپر دەستیکرد بە ئاشکرابوون لە کۆتاییدا: ئەو شێوازە دووبارەبۆوانە بریتین لە چەکێک کە بەکتریا بەکاریدەهێنێت دژی ڤایرۆس!...

کاتێک کە ڤایرۆسێک تووشی بەکتریا دەبێت، ئەوە بۆماوە ماددەی خۆی دەخاتە ناو خانەی بەکتریاکەوە. ئەگەر، ڤایرۆسێکی تازەبێت و پێشووتر تووشی نەبووبێت، ئەوە سپەیسەرێکی تازە لە بۆماوە ماددەکەیەوە وەردەگیردرێت و دەخرێتە ناو زنجیرەی کریسپرەوە. بۆیە، هەروەک دەردەکەوێت، ئەو سپەیسەرانە بەشێوەیەکی بنچینەیی بریتین لە "مێژووی تووشبووە کۆنەکان" لە بەکتریاکە، تاکو دووبارە تووش نەبێتەوە. زنجیرەی کرسیپرەکە، دواتر وەردەگێڕدرێت بۆ دروستکردنی گەردی بچووکی لە RNA، کە بەشێوەیەکی زانستی ئاماژەیان پێدەدرێت بە crRNA و هەروەها سروشتێکی پاڵیندرۆمییان هەیە کە بەکورتی واتە زنجیرەکەی دەتوانێت بەسەر خۆیدا بنووشتێتەوە. دوای ئەمە، RNA ڕێبەری کریسپر (gRNA) دەبەسترێتەوە بە بۆماوە ماددەی هاوتای ڤایرۆسییەوە، تاکو ئەنزیمی کاس بیبڕێت و بۆماوە ماددەی هێرشبەر لەناوبەرێت. سروشتی پاڵیندرۆمی ئەنزیمی کاس، گرنگییەکەی لەوەدایە کە هاوکاری دەکات تا ڕێک ئەو شوێنە ببڕێت کە خۆی دەیەوێت.

بە بۆماوە ماددەیەکی تێکشکێنراو، ڤایرۆسەکە چیتر ناتوانێت خۆی لەبەربگرێتەوە و تووشبوونەکە دەوەستێت. بۆیە، کاتێک کە لێکۆڵەران بۆیان دەرکەوت کە ئەو میکڕۆبانە بۆخۆیان خۆیان بەرنامەڕێژ دەکەن لە سیستمە ئەنزیمییەکەیاندا بۆ گەڕان بەدوای و هەروەها لەناوبردنی زنجیرەی دیاریکراوی DNA، ئیتر تێگەیشتن کە چۆن دەتوانن کریسپر بەکاربهێنن: وەک ئامێرێک بۆ بڕینی DNA.

پێشووتر، لێکۆڵەران دەیانتوانی ئەنزیمی سنوردارکەر بەکاربهێنن بۆ بڕینی DNA، بەڵام ئەم تەکنیکە زۆر بەشێوەیەکی بێهاوتا هەمان ئەم کارە ئەنجامدەدا! سیستمی کاسی کریسپر، دەتوانێت بڕینی دەقیق ئەنجامبدا، کە ئەمەش ئاستێکی تەواو تازە لە تەکنەلۆژی دەستکاریکردنی بۆهێڵیدا دەردەخا.

تەکنەلۆژی کریسپر ڕێگەدەدا تا بۆماوە ماددە زیادبکرێت، لابدرێت یاخود بگۆڕدرێت لە شوێنێکی دیاریکراودا – هاوشێوەی داگرتنی کلیلەکانی Ctrl+F لەسەر تەختەکلیلەکەت بۆ دۆزینەوەی ئەو وشەیەی کە دەتەوێت لە فایلەکەتدا و دواتر دەستکاری کردنی بە هەرشێوەیەیەک کە دەتەوێت. بەڵام، هیچ تەختەکلیلێک لە جەستەی مرۆڤدا بوونی نییە، بۆیە زانایان پێویستە لەڕێگەی کارلێکە کیمیاییەکان و ڕاییکارییە زیندەییەکانەوە کاربکەن بۆ دەستکاریکردنی بۆهێڵی دەستنیشانکراو.

سەرەتا، دەبێت گەردی gRNA دروستبکەن و بەشێوەیەک ڕێکیبخەن تا هاوتای ئەو بۆهێڵە کە دەیانەوێت دەستکاری بکەن، کە ئەو گەردەش بەزۆری لە 20 جووتە تفت پێکدێت. دواتر، هاوشێوەی سیستمی ئامانجکراوی بەکتریا، ئەم گەردەی gRNA ئەنزیمەکەی کاس دەگوازێتەوە بۆ ناوچەی دیاریکراو لە DNA بۆ بڕین، کە ئەویش بەزۆری بریتییە لە ئەنزیمی "کاس٩." ئێستا، بڕینێک هەیە لە هەردوو زنجیرەکەی DNA و، لەم قۆناغەشدا، خانەکە درک بەوەدەکات کە زیانی پێگەیشتووە و هەوڵدەدات تا چاکی بکاتەوە. زاناکان، دەتوانن ئامێری چاککردنەوەی خانەکان، خۆیان، بەکاربهێنن بۆ زیادکردن و لابردنی هەر پارچەیەک لە بۆماوە ماددەی خوازراو بۆ ئەنجامدانی هەر گۆڕانکارییەک بە جێگرتنەوەی ئەو پارچەیە بە زنجیرەیەکی دەستکاریکراو.

ئەمەش، دەمانگێڕێتەوە بۆ ڤیکتۆریا گرەی. هەرچەندە، چارەسەرەکەی ئەو پێکنەهاتبوو لە ڕەشکردنەوە، زیادکردن یاخود جێگرتنەوەی هەر بۆهێڵیکی هاوپەیوەند کە ڕاستەوخۆ کاردەکاتە سەر نەخۆشییەکەی، چونکە بەشێوەیەکی تەندروستییانە ئەمە کارێکی ڕەوشتیانە نەبوو تا سەربەخۆییانە بۆماوە ماددەی مرۆڤ بگۆڕدرێت لەبەرئەوەی دەکرێت ببێتە هۆی گۆڕانکرای زیندەیی چاوەڕواننەکراو! لەجیاتی ئەمە، پزیشکەکانی ئەم تەکنیکەیان بەکارهێنا تەنها بۆ کەمکردنەوە و نەهێشتنی نیشانەکانی نەخۆشییەکە. ئەم چارەسەرەش، کە ناودەبرێت بە CTX001، دەتوانێت دەست بەسەر نەخۆشی Sickle Cell بگرێت لەڕێگەی هاندانی بەرهەمهێنانی هیمۆگلۆبینی کۆرپەلەییەوە (HbF). بیرۆکەی چارەسەرەکە، ئەوەیە کە گەڕاندنەوەی بەرهەمهێنانی هیمۆگلۆبینی کۆرپەلەیی دەتوانێت قەرەبووی هیمۆگلۆبینە تێکچووەکە بکاتەوە.

بۆ ئەنجامدانی ئەمەش، پزیشەکەکان سەرەتا پێویستە خانەی دایک کۆبکەنەوە لە مۆخی ئێسکی نەخۆشەکەدا. دواتر، پیکنەرەکانی کریسپر/کاس٩ دەگوازرێنەوە بۆ ئەو خانانە تا ڕەشکردنەوەیەک لە بۆهێڵی BCL11A ئەنجامبدەن، کە بریتییە لەو بۆهێڵەی هۆکاری لەبەرگیراو لەخۆدەگرێت بۆ وەستاندنی بەرهەمهێنای هیمۆگلۆبینی کۆرپەلەیی لە جەستەدا. ئەگەر ئەم بۆهێڵەش چیتر نەمێنێت لە بۆماوە ماددەی ئەو خانە دایکانەدا، ئەوە هیمۆگلۆبینی کۆرپەلەیی دەتوانرێت بەرهەمبهێنرێت هەر کە ئەو خانە دایکییانە گەشەدەکەن بۆ خانەی تایبەتمەند لە جەستەی نەخۆشەکەدا. ملیاران خانەی دایکی لەم شێوە دەستکاریکراو خرانە ناو جەستەی ڤیکتۆریاوە، بەڵام، هەموو خانە دایکەکانی خۆشی جێ پێ نەگیرانەوە، بەڵکو تەنها بەشی پێویست تاکو هیمۆگلۆبینی کۆرپەلەیی دەست بە گەشەکردن بکات.

ساڵێک دواتر، پزیشکەکان هیواخوازبوون کە لانیکەم ڕێژەی 20% هیمۆگلۆبینی جەستەی ڤیکتۆریا بووبێت بە هیمۆگلۆبینی کۆرپەلەیی، کەچی، دەرەنجامەکان زۆر چاوەڕوانی و پێشبینی پزیشکەکانیان تێپەڕکردبوو! ڕێژەی هیمۆگلۆبینی کۆرپەلەیی بریتی بوو لە 46%، هەروەها لانیکەم ڕێژەی 81% لە مۆخی ئێسکی ئێستا خانەی بۆماوەی دەستکاریکراو لەخۆدەگرێت بۆ بەرهەمهێنانی هیمۆگلۆبینی کۆرپەلەیی کە ئەمەش ئەوە دەردەخات ئەو خانە دەستکاریکراوەکان توانیویانە بۆ ماوەیەکی درێژخایەن بمێننەوە لە جەستەیدا.

ژیانی ڤیکتۆریا گرەی، هەڵگەڕایەوە! لە چەندان دەرزەن لە گواستنەوەی خوێن و گەیاندنی بە نەخۆشخانە، بۆ ژیانێکی ئاسایی و تەندروست کە هەموو مرۆڤێک شایستەیەتی، بێ هیچ ئازارێک، هیچ سەردانیکردنێکی ژوورەکانی فریاگوزاری، یاخود پێویستی گواستنەوەی خوێن. تەنانەت، ئەگەرچی ڤیکتۆریا گرەی یەکەمین نەخۆش بووە بە وەرگرتنی ئەم چارەسەرە، تەنها کەس نەبووە! نەخۆشەکانی تووشبوو بە Beta Thalassemia بەهەمان شێوە چارەسەری CTX001 وەرگرتووە بۆ بەرهەمهێنانی هیمۆگلۆبینی کۆرپەلەیی.

کەوابێت، ئایا ئەمە چارەسەرە بۆ تێکچوونی خوێن؟ لە ڕاستدا، نا، بەتەواوەتی چارەسەر نییە، بەڵکو چارەسەری بۆهێڵی لەم شێوەیە تەنها دەتوانێت ڕێگە لە ئاستەنگییەکانی نەخۆشییەکە بگرێت. نەخۆشییەکان هەر هەن، بەڵام نیشانەکانیان بەتەواوەتی لەناوبراون! هەروەک، گرتنەبەری ڕێگایەکی ئاسانتر و پارێزراوتر بۆ شوێنێکی دیاریکراو لەجیاتی ڕێگا قەرەباڵغ و مەترسیدارەکە.

هەرچەندە، چارەسەرەکە بێ بەرامبەر نییە! هاوشێوەی چاندنی ئاسایی مۆخ، وەرگری CTX001 بە چارەسەری کیماییدا دەڕوات بۆ لەونابردنی مۆخی ئێسکی خۆی تاکو بتوانرێت شوێن بکرێتەوە بۆ جێگیرکردنی خانە دایکە دەستکاریکراوەکان لە جەستەیدا. ئەمەش، کاریگەری لاوەکی ئازاربەخشی هەیە: بوورانەوە، دڵ تێکەڵهاتن، برینی دەم، نەمانی ئیشتیها، هەڵوەرینی قژ. هەروەها، ئەگەرچی، چارەسەرەکان تاکو ئیستا سەرکەوتوو بوون، بەڵام تازە دۆزراونەوە و خراونە ژێر چاودێرییەوە بۆیە هێشتاش کات ماوە لە بیستنی دەرەنجامی تەواوی ئەو چارەسەرانە. تێکچوونی خوێن تەنها یەکێک لە هەموو ئەو شتانەی کە کریسپر خەریکە چارەسەریان دەکات، ئەمڕۆ زاناکان بەکاریدەهێنن بۆ چارەسەرکردنی کوێری بۆماوەیی، تێکچوونی ماسولکەیی، هەوکردنی سییەکان، هەروەها تەنانەت شێرپەنجە!...

هێشتاش، لێکۆڵینەوەیەکی زۆر، زۆر هەیە تاکو ئەنجامبدرێت، هەروەها تازە خەریکە پەردە لەسەر ئەم تەکنەلۆژیە تازە لادەدرێت. ناتوانین بزانین کە کریسپر چ کاریگەرییەکی لە داهاتوودا هەیە، بەڵام بەدڵنیاییەوە دەتوانین بڵێین کە ئەوە کاریگەرییەکی ئێجگار گەورەیە.

 

زۆرترین بینراو

developed by Scorpion shield