دنیای کوانتەم
بڵاوکردنەوە:
زنار بابەکر
نووسەر:
زنار بابەکر
بینراو:
312
بەش:
زانست
فیزیای کوانتەم بریتییە لە قووڵترین و وردترین ئاستی لێکۆڵینەوە و ڕووانین بۆ ڕاستی بوون و نەبوون کە زانستی سەردەمی تاکوو ئەمڕۆ توانیویەتی پێی بگات. تەنانەت بیردۆزە ڕێژەییەکەی ئاینشتاینیش هێندە ئاڵۆز و بەرفراوان نییە! ئەگەرچی تەنانەت دیوێکی تەواو نەزانراو لە پرسیاری وەڵام نەدراوە لەبارەی ئەم بیردۆزەی کوانتەمەوە هەیە، بەڵام هێشتاش بریتییە لەو بیردۆزەی کە بەشێوەیەکی کردەیی زۆربەی هەرە زۆری تەکنەلۆژیای ئەمڕۆی لەسەر بنیتانراوە و ڕۆژانە کاری پێدەکرێت و سوودی لێ وەردەگیردرێت. کەوابێت، لێرەدا گومان لە بنچینەی ڕاستی و درووستی بیردۆزی کوانتەمدا نییە، بەڵکوو تەنها ئەوەی کە ئێمەی مرۆڤ تا چەند تێیدا قاڵاوینەوە و توانیومانە ڕاستییەکانی بدۆزینەوە.
لە دنیای کوانتەمدا شتێک بوونی نییە بەناوی ماددە! ... بەڵام، جارێ، با بزانین کە مەبەستمان چییە لە ماددە؟ وەڵام بەسادەیی: ئەوەی کە دەتوانرێت هەستی پێبکرێت لەڕێگەی هەستەوەرەکانمانەوە. ئێستا، سادەترین تەنی ماددی وەربگرە بە دڵی خۆت، وردی دەکەیتەوە و دەبینیت لە چی پێکهاتووە؟ گەردیلە و تەنۆلکەکانی. ئەی باشە، ئەو گەردیلە و تەنۆلکانە لە چی پێکهاتوون؟ تەنیا وزەی لەراوە.
جوان لەو دەستەواژەیە وردبەرەوە: (وزەی لەراوە). کاتێک کە دەوترێت هیچ ماددەیەک بوونی نییە جگە لە وزە، ئەوە مەبەست لەوەیە کە ماددەکە لە بنەڕەتدا هەر لە وزەوە هاتۆتە بوون بە گۆڕانی پلەی لەرینەوە. هەر بەڕاستی ئەوە دەرکەوتەی تازەی زانستییە کە دەڵێت (ماددە تەنها لە گۆڕانی ئاست و پلەی لەرینەوەی وزەوە سەرهەڵدەدات و دێتە بوونەوە). واتە، هەموو ئەوەی کە تۆ لە دەوروبەر و ژینگەی خۆتدا دەیبینیت کە لە تەنی ماددیی جۆراوجۆردا خۆی نواندووە، لە ڕاستیدا هەر تەنها وزەیە کە هەریەکەی ئاست و پلەیەکی دیاریکراوی لەرینەوەی خۆی هەیە تا تەنۆلکە و گەردیلەکانی بەو شێوەیە خۆی بنوێنێت کە هەیە.
دەزانم کە تۆ ناتوانیت هەموو شتێک تێبگەیت لەم دێڕە! و گومان لەوەشدا نییە کە سەختە و ئاسان نییە، بەڵام بۆچی؟ چونکە تۆ بەتەواوەتی نازانیت لەرەلەر و لەرینەوە چییە، لەوانەیە نەتوانیت بیرۆکەیەکی شیاو و شایستەشیان بۆ درووست بکەیت لە هزری خۆتدا، لە کاتێکدا کە ئەم دوو چەمکە سەرچاوە و بنەڕەتی تێگەیشتنە لە هەموو شتەکە و منیش پێویست بوو کە بەو پوختەیە سەرەتا هەموو شتەکە دەربڕم ئینجا بۆت شی بکەمەوە.
سەرەتا، پێویستە بەتەواوەتی بزانرێت وزە چییە و بتوانرێت بیرۆکەیەکی گونجاو بۆ "وزە" لە بیروهزردا درووست بکرێت. بۆچی؟ چونکە لەرەلەر و لەرینەوە دوو پێوەرن کە هیچ واتا و بەهایەکیان نییە بەبێ هەبوونی وزە. من کە لە وزەکە تێگەیشتم و زانیم چییە، ئەوکات دەتوانم بزانم چ پێوەرێکی هەیە و پاشانیش هەر لەڕێگەی ئەو پێوەرانەوە زیاتر و جوانتریش تێبگەم لە بوونی وزە. بۆ نموونە، ماددە شتێکی بەرچاو و ڕوونە، تەنێکی ماددیی بهێنەرە بەرچاوی خۆت و تۆ دەتوانیت پێوەر دابنێیت بۆ هەژماری ئەو ماددەیە لەڕێگەی تایبەتمەندییەکانییەوە. کاتێکیش کە پێوەرەکانت بۆی دانا ئەوە تۆ دەتوانیت جوانتر پێناسەی ئەو ماددەیە بکەیت و لە هەموو حاڵەت و بارێکدا وردتر دەری ببڕیت و بیخەیتە ڕوو بەو تایبەتمەندییانەوە. جا، پێوەرەکانی ماددە سادە و ساکارە، بۆ نموونە درێژی و پانی و بەرزی هەیە بۆ ڕووکار و ڕووبەڕی ڕووی، پاشان باری هەیە وەکوو ڕەقی و شلی و گازی، ئینجا چەندەها پێوەری تری جۆراوجۆری هەیە بۆ هەریەک لە تایبەتمەندییەکانی وەکوو جیڕێتی، چڕییەتی، و هەروەها. هەموو کەسێکی ئاسایی دەتوانێت پێت بڵێت ماددە چییە و پەنجەی بۆ درێژ بکات بڵێت ئەوە ماددەیە، هەر کاتێک کە توانی ئاوا دەست نیشانیشی بکات ئینجا دەتوانێت پێوەرەکانیشی بدۆزێتەوە بە سەرنجدان لە تایبەتمەندییەکانی، ئینجا کە پێوەرەکانیشی دۆزیەوە و بەو پێوەرانەوە توانی پێناسەی ماددە بکات ئەوە ئەوکات دەتوانێت بە شێوەیەک پێت بڵێت ماددە چییە کە بێگومان کەسانی ئاسایی ناتوانێت بەو شێوازە ورد و قووڵە شی بکاتەوە.
وزەش هەر بەهەمان شێوەیە و هیچ جیاوازی نییە لەڕووی چۆنیەتی تێگەیشتن لێی. من سەرەتا دەبێت دیمەنێک و بیرۆکەیەک لە بوونیەتی وزە وەربگرم لە بیری خۆمدا: هەموو شتێک بەلاوە بنێ و فڕێی بدە کە دەتوانیت بیبینیت، بیبیستیت، دەستی لێبدەیت، یاخود تام و بۆنی بکەیت، چونکە ئەوانە لە ماددەوە دەکرێت و جگە لە دیمەنێکی ماددی هیچی ترت پیشان نادات. تۆ کاتێک کە دەبینیت، ئەو ڕەنگ و ڕوواڵەتە وەربگرە کە ماددەکە دەری دەخات؛ کاتێک کە دەبیستیت، ئەو شتە بەلاوە بنێ کە دەنگەکە دەردەکا و خودی دەنگەکە وەربگرە؛ کە تام و بۆن دەکەیت، ئەو شتە لە بیری خۆت فڕێ بدە کە تام و بۆنت کردووە و هەر تەنها خودی تامەکە و بۆنەکە وەربگرە؛ کاتێکیش کە دەست بە هەوادا دەهێنیت، یان بەناو ئاودا دەیبەیت، یانیش هەر ماددەیەکی توند دەگریت، ئەو هەوا و ئاو و ماددە توندە وێڵ بکە و تەنها خودی بارەکە وەربگرە کە لە بەرکەوتندا هەستی پێدەکەیت. ئەوانە بریتین لە وزە! و لە ڕاستیشدا، جۆرێک لە جۆرەکانی وزە.
ڕەنگ بوونیەتێکی ماددی نییە! بۆیە هەیە کە هەر یەکەی ڕەنگێک دەنوێنێت و هەموو تەنێک بۆیەی خۆی هەیە، بەڵام خودی ئەو ڕەنگەی لە بۆیەکەدا هەیە بوونێکی ماددی نییە – ئەوە جۆرێکە لە جۆرەکانی وزە. یان بۆ نموونە، دەنگ شتێک نییە کە بوونێکی ماددی هەبێت، بەڵام وزەیەکە کە دەتوانم هەستی پێبکەم و تایبەتمەندی خۆی هەیە. کە تۆ دەست لە هەر شتێک دەدەیت و پەستانی دەخەیتە سەر دەبینیت توندە و ڕەق، خودی شتەکە خۆی ماددییە، بەڵام توندییەتی و ڕەقێتییەکە تێیدا جۆرێک لە وزەیە کە من هەستی پێدەکەم کاتێک کە پەستانی دەخەمە سەر. پێویست ناکات زۆر لەسەری بڕۆم، لەمانەوە دەردەکەوێت کە وزە چییە و چۆن بوونیەتێکی هەیە. جا، هەر وەک وتیشم، ئەوانە تەنها جۆرێکن لە جۆرەکانی وزە، ئەی گەرمی، کارەبا، موگناتیس، کێشکردن، و هەروەها. تۆ خۆت ساتێک بوەستە و تێڕامان لە هەریەک لەم جۆرانەی وزە بکە و سەرنج بدە لە چی؟ لەو شتە ماددییانە نا کە هەریەک لەو جۆرە وزانە دەردەبڕن، بەڵکوو هەریەک لەو وزە دەربڕاوانە. ئینجا، دەتوانیت بیرۆکەیەکی جوان وەربگریت لە بوونیەتی وزە و دەتوانیت دەستنیشانی بکەیت.
پاشان لە خۆم دەپرسم: ئەو پێوەرانە چین کە دەتوانم ئەو وزەیەم بۆ شی بکەنەوە؟ دەزانین پێوەرەکانی ماددە چییە و چۆن ئەو پێوەرانە هەر تەنێکی ماددی جیا دەکەنەوە لە تەنێکی تری ماددی، ئەی ئەو پێوەرانەی کە هەر جۆرێکی وزە جیادەکەنەوە لە جۆرەکەی تر؟ ... پێوەرەکانی وزە هێندە زۆرنین! تەنیا دووانە کە بریتین لە لەرەلەر و درێژەشەپۆل. جا، تەنانەت پێویستیمان بۆ درێژەشەپۆلیش نابێت، چونکە هەردوو پێوەری لەرەلەر و درێژە شەپۆل پێچەوانە و دژیەک دەوەستنەوە لە هەژماری وزەدا و تەنها بەکارهێنانی یەک دانەیان بەسە، بۆیە هەر لەرەلەرەکە بەکاردەهێنین بەو شێوەیەی کە خۆی بەگشتی چەسپاوە و بەربڵاو بووە لە بەکارهێناندا.
کەوابێت، ئێستا، لەرەلەر چییە؟ ... وزە بە شێوەی شەپۆل بوونی هەیە. شەپۆلیش هەمووان دەزانین چییە و چۆنە، چ جا گەر بە شێوەیەکی سادە وەکوو شەپۆلێکی ئاو وێنای بکەیت یاخود بۆ نموونە کاتێک کە پەتێک دەلەرێنیتەوە و دەبینیت ئەو شەپۆلە بەرز و نزمەی تێیدا پەیدا دەبێت. هەر وزەیەکی تریش بە هەر جۆر و شێوەیەک کە بوونی هەیە، بە هەمان ئەو شێوە شەپۆلییە بوونی هەیە! ئاگاداربە، لەو دوو حاڵەتە؛ نە ئاوەکە و نە پەتەکەش وزەیە، ئەوانە ماددیین، بەڵکوو ئەوەی لێیانەوە دەرکەوتووە و دەریان بڕیوە لە خۆیاندا و ئێمە بەو تەوژمە هەڵکشاو و داکشاوە دەیبینین بریتییە لە وزەکە. جا ئەو وزەیە کارەبا بێ، موگناتیس بێ، کێشکردن بێ، گەرمی بێ، ڕەنگ و دەنگ و هەر جۆرێک لە جۆرەکانی وزە بێ، هەر بەو شێوە شەپۆلییە بوونی هەیە و ڕاستەوخۆ زۆر بەئاسانی دەتوانرێت تایبەتمەندییەکی سەرەکی و بنچینەیی ئەو شەپۆلە ببینرێت کە بریتییە لە چی؟ بریتییە لە لەرەلەر – واتە، هەژماری ئەو جارانەی کە شەپۆلە وزەییەکە تێیدا دەلەرێتەوە لە هەر چرکەیەکدا.
"لەرینەوە" بریتییە لەو بارەی کە شەپۆلەکە تێیدا بوونی هەیە و تەنها ئاماژەیە بە چۆنیەتی هەبوونی وزەکە و، "لەرەلەر" بریتییە لە هەژماری ئەو لەرینەوەیەی کە وزەکە تێی کەوتووە. کەوابێت، کاتێک کە دەوترێت "وزەی لەراوە،" ئەوە تەنها دەربڕینێکی تری وردی زانستییانەیە بۆ ئەو بارەی کە جۆری وزەی باسکراو تێی کەوتووە. جا، هەر جۆرێک لە جۆرەکانی وزە، پلەیەکی دیاریکراوی لە لەرینەوەی خۆی هەیە و ئەوەی لە یەکتریان جیا دەکاتەوە هەر تەنها بریتییە لەو پلەی لەرینەوەیە و هیچی تر! ... سەردەمانێک هەبوو کە ئەگەر بیان وتبا ئەو هەورەی لە ئاسمان هەیە لەگەڵ ئەو ئاوەی ناو دەریا و زەریا هەر یەک شتە، هیچ کەس باوەڕی نەدەکرد و گاڵتە بەو قسەیە دەکرا – بەڵام ئەمڕۆ هەموو کەس دەزاێت کە هەردووکیان هەر لە ئاو پێکهاتوون و تەنها لە دوو باری جیاوازدان لە ڕاستیدا. دەی منیش ئێستا کە پێم وتی گەرمی و کارەبا و موگناتیس و کێشکردن و تەنانەت ڕەنگ و دەنگیش هەموویان هەر یەک شتن (یەک وزەن)، تەنها پلەی لەرینەوەیان جیاوازە، ئەوە کە پێکەنینت پێی هات بزانە هەمان ئەو حاڵەتە گاڵتەئامێزەیە کە دووبارە بە شێوەیەکی تر خۆی دەنوێنێت لێرەدا؛ شتەکە نەبیستراو و تازەیە، بۆیە قبوڵکردن و تێگەیشتن لێی کەمێک سەختە.
سەیری ئەم وێنەیەی خوارەوە بکە ... ئەوە بریتییە لە مەودای حەوت جۆرە جیاوازەکەی شەپۆلە کارۆموگناتیسییەکان کە جۆرێکە لە جۆرەکانی وزە. جوان سەرنج بدە و دەبینیت؛ کە تۆ ئەگەر یەک شەپۆلێکی دیاریکراوی وزەییت هەبێت بە کەمترین پلەی لەرینەوە کە لەو وێنەیەدا دەستنیشانکراوە، کاتێک کە بەس تەنها پلەی لەرینەوەکەی دەگۆڕیت و بەرزی دەکەیتەوە ئەوە بەتەواوەتی هەموو شێوازی دەرکەوتنی ئەو وزەیە دەگۆڕێت و دەبێت بە شتێکی تر کە زۆر جیاوازە، بەڵام لە ڕاستیدا هەر بریتییە لە هەمان وزە. شەپۆلی ڕادیۆیی لەناو وزەی شەپۆلی کارۆموگناتیسی کەمترین پلەی لەرینەوەی هەیە، جا شەپۆلی ڕادیۆییش بریتییە لەو شەپۆلانەی FM و AM کە لەڕێگەی ئامێرە کارەباییەکانی وەکوو ڕادیۆ و تەلەفزیۆن و کۆمپیوتەر و مۆبایل و هەرچییەکی ترە وەریان دەگرین و ئەو شتانەی پێ دەبینین و دەبیستین کە حەزمان لێیە. جا ئێستا، هەر ئەو شەپۆلە، پلەی لەرینەوەکەی تۆزێک بەرز بکەوە دەبێت بەو شەپۆلەی مایکڕۆوەیڤ کە لە ئامێری مایکڕۆوەیڤدا بەکاردەهێنرێت بۆ گەرمکردنەوەی خواردنەکانت. هەر هەمان ئەو وزەیەش پلەکەی بەرزتر بکەوە دەبێت بە شەپۆلەکانی ژێرسوور کە بۆ نموونە سادەترین بەکارهێنانی بریتییە لەو وزەیەی لەو کۆنترۆڵەدا هەیە کە وا دەکات کەناڵەکانی سەر تەلەفزیۆنەکەتی پێ بگۆڕیت کاتێک هەر دووگمەیەک دادەگریت. جا هەر ئەو وزەیەش، پلەکەی بەرزتر بکەوە دەبێت بە ڕووناکی بینراو و بە حەوت ڕەنگەکە خۆی دەنوێنێت یەک بەدوای یەکدا، تا ئەگەر هاتوو لەوەش بەرزترت کردەوە دەبێت بە چی؟ دەبێت بە تیشكی سەرووبنەوشەیی و بڵێ بۆچی بەکاردەهێنرێت؟ بۆ پاککردنەوەی ئاو و کوشتنی بەکتریا. جا هەر ئەو وزەیەش پلەی لەرینەوەی بەرزتر بکەوە دەبێت بە تیشکەکانی X و گاما، کە بۆ وێنەگرتنی جەستە بەکاردەهێنرێت لە بەکارهێنانی تەندرووستی و پزیشکیدا. ئێستا، ئەوە هەر یەک شەپۆلی وزەیی بوو لە سەرەتادا کە لە کەناڵێکی تەلەفزیۆندا خۆی دەردەخست بە شەپۆلی ڕادیۆیی، بەڵام تەنها بە گۆڕینی پلەی لەرینەوەی بوو بەو شەپۆلەی لای پزیشکەکەت وێنەی ئەندامەکانی جەستەی پێ دەگریت. دەی ئێستا، بڵێم تیشکی کەناڵی تەلەفزیۆنەکەت و ئەشیعەی دکتۆرەکەت هەر یەک وزەیە و بەس تەنها پلەی لەرینەوەی شەپۆلی وزەکە جیاوازە، باوەڕ دەکەیت؟ ...
ئێستا، دەزانیت وزە چییە؛ لەرەلەر چییە و جیاوازی لەنێوان هەر جۆرێک لە جۆرەکانی وزە تەنها پلەی لەرینەوەیە و هیچیکە. بەڵام، تاکوو ئێستا باسمان لە هیچ شتێکی وەها نەکردووە لە دنیای کوانتەمەوە و ئەوانەی پێتم وتووە زانیارییەکی گشتی و باوە بۆ تێگەیشتنت لە وزە.
لە کوانتەمدا، دەوترێت کە (هەموو شتێک لە وزە پێکهاتووە). واتە، نەک هەر تەنها ئەو وزە جیاوازانەی کە ماددەکان دەری دەبڕن بریتین لە وزەی جۆراوجۆر بە پلەی جیاوازی لەرینەوە، بەڵکوو خودی ئەو ماددانەش خۆیان لە بنەڕەتدا هەر بریتین لە وزە بە پلەی دیاریکراوی لەرینەوەی خۆیانەوە! بۆ نموونە کە من لە ژوورێک دانیشتووم، مێزەکەم بریتییە لە شەپۆلێکی وزە بە پلەیەکی دیاریکراوی لەرینەوە و کورسییەکەشم هەر شەپۆلێکی وزە بە پلەیەکی تری لەرینەوە، لەگەڵ چوار دیوار و هەر تەنێکی تری بەردەست و دەوروبەرم هەموو هەر بریتییە لە شەپۆلێکی وزەیی بە پلەیەکی دیاریکراوی لەرینەوە. ئەو هەوایەش کە هەڵی دەمژم و هەموو ئەوەی کە دەیبینم و لە دەوروبەرم بوونی هەیە و، کورتوپوخت، هەموو دنیای ماددی لە بنەڕەتدا بریتییە لە وزە بە پلەیەکی دیاریکراوی لەرینەوە. بەڵام، بۆچی من وەکوو ماددە دەیبینم و کە وزەیە چۆن بووە بە ماددە؟ ... وەڵام: بە گۆڕانی پلەی لەرینەوە.
با باس لەمە بکەینەوە و ئەمە شی بکەینەوە ... ئەوەی کە ماددەی پێک هێناوە چییە؟ توخمە کانزایی و ناکانزاکان؛ کە ئەوانیش پێکهاتوون لە گەرد و گەردیلەکان، پاشان تەنۆلکەکان. لە تەنۆلکەوە، بوونیەتی ماددی دەوەستێت و کۆتایی دێت؛ وزە سەرهەڵدەدات. لە بنەڕەتدا ئەو تەنۆلکانە خۆیان بریتین لە بوونیەتێکی وزەیی، هەر بە شێوەی وزەش لە سرووشتدا بوونیان هەیە، بەڵام چۆن توانیویانە گەرد و گەردیلە ماددییەکان پێکبهێنن و ئەو گەرد و گەردیلانەش هەموو دنیای ماددی؟ تەنها بە دابەزینی ئاستی لەرینەوەی تەنۆلکەکان تا بتوانن لە دەرکەوتن بە شێوەی وزە بوەستن و ئیتر خۆیان وەکوو بوونیەتێکی ماددی بنوێنن. هەروەک چۆن جیاوازی لەنێوان هەر جۆرێک لە جۆرەکانی وزە بریتی بوو لە پلەی لەرینەوە و بە گۆڕانی پلەی لەرینەوە جۆری وزە دەگۆڕێت، ئاواهیش بە گۆڕانی پلەی لەرینەوە و بەرزبوون و نزمبوونی ئاستی لەرینەوە تەنۆلکەکان لە بوونیەتێکی وزەییەوە دەگۆڕێن بۆ بوونیەتێکی ماددی؛ لەمەشەوە گەرد و گەردیلەکان و پاشانیش هەموو ئەو دونیا ماددییەی کە ئێمەی مرۆڤ تێیدا دەژین و بوونمان هەیە.
ئەمە گریمانە نییە، بیرۆکەیەکی تازە بەدیهێنراو نییە و پێشنیاز نییە، بەڵکوو ڕاستییەکی تەواو ددان پێدا نراو و کارپێکراوە لە زانستی سەردەمدا. بەڵام، با ئەوەشت پێ بڵێم کە تەنها تاکوو ئێرەیە زانست پشتگیری لێدەکات و قبوڵی دەکات – لەوەی کە دەڵێت هەموو شتێک هەر وزەیە و جیاوازی لەنێوان هەموو شتێکدا تەنها پلەی لەرینەوە. لێرە بەدواوە، هەر شیکردنەوەیەکی تر کە پێشکەشی تۆی دەکەم لە تێگەیشتن و ڕامانی خۆمەوەیە. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا، تەنها تا ئەم خاڵەی ئێرە کە زانست پشتگیری لێدەکات بەسە تاکوو هاوکاریم بکات لە وردبوونەوە و قووڵبوونەوەیەکی زۆر زیاتر لە سەرچاوە و بنەڕەتی ئەو ماددە و وزەیە؛ کە، تەنها گەر حەزت کرد لە چەند بەشێکی ئەم زنجیرە وتارە لەگەڵمدا بمێنەرەوە و منیش هەموو تێڕووانینت بۆ دنیا دەگۆڕم.
ماکس پلانک، دامەزرێنەری بیردۆزەکەی کوانتەم، لە سەرەتاکانی سەدەی بیستەم وتەیەکی زۆر ناودار و کاریگەر پێشکەش دەکات کە بە سادەترین و پوختەترین شێوە بریتییە لە هەموو دنیای کوانتەم: (وەکوو کەسێک کە هەموو ژیانی خۆی بۆ پڕشنگترین زانست؛ بۆ خوێندنی ماددە تەرخان کردووە، دەتوانم ئەوەندەت پێ بڵێم لە دەرەنجامی لێکۆلێنەوەکانم لەسەر گەردیلەکان: هیچ ماددەیەک بوونی نییە. هەموو ماددە و وزەیەک بە چاکەی هێزێکەوە بوونی هەیە کە وا لە تەنۆلکەی گەردیلە دەکات بلەرێتەوە و کۆمەڵەی خۆریی گەردیلە بەیەکەوە دەبەستێتەوە. دەبێت بیرێکی هۆشیار و زیرەک لەپشتی ئەم هێزەوە هەبێت. ئەو بیرە بریتییە لە سەرچاوەی هەموو ماددە).
ئەم وتەیە ئەگەرچی بەتەواوەتی وەکوو خۆی نییە و گۆڕانکاری بەسەردا هاتووە لەڕووی دەربڕینەوە تاکوو ئەمڕۆ، بەڵام هەر ئەوەیە کە ماکس پلانک پێشکەشی کردووە و ماوەتەوە. پلانک دەڵێت کە "هەموو ماددە و وزەیەک بە چاکەی هێزێکەوە بوونی هەیە کە وا لە تەنۆلەکەکانی گەردیلە دەکات بلەرێتەوە و کۆمەڵەی خۆری گەردیلە بەیەکەوە ببەستێتەوە." لێرەدا، کۆمەڵەی خۆریی گەردیلە ئاماژەیە بە ناوەڕۆکی پێکهاتەی گەردیلە کە هاوشێوەی کۆمەڵەی خۆرییە لە ئەلیکترۆنەکان بەدەوری پڕۆتۆن و نیوترۆنی ناوکدا هەروەک هەسارەکان بەدەوری خۆردا. بەڵام ئەو هێزە چییە کە دەڵێت وا لە تەنۆلکەکان دەکات بلەرێنەوە و ماددە و وزەکە پێکدەهێنن لەڕێگەی ئەو لەرینەوەیە؟ ... لە دواتردا، دەڵێت کە "دەبێت بیرێکی هۆشیار و زیرەک لەپشتی ئەم هێزەوە هەبێت." واتە، ئەوە بریتییە لە هێزێکی بیری و هزری کە کار لە تەنۆلکەکان دەکات بلەرێنەوە و ماددە و وزەکە پێکبهێنن لەڕێگەی گۆڕینی پلەی لەرینەوەیان؛ هێزێک لە بیری هۆشیار دەبێتە هۆی لەراندنەوەی تەنۆلکەکانی گەردیلە و، بە لەرینەوەی ئەو تەنۆلکانەش ئەو دنیایەی کە تێیدا دەژین. بۆیە "ئەو بیرە بریتییە لە سەرچاوەی هەموو ماددە."
لێکدانەوە و شیکردنەوەی زۆر هەیە لەسەر سرووشتی ئەو هێزە بیرییە کە دەبێت چی بێت؟ ... ئایا مەبەست پێی لە خودی بیر و هزری خۆمانە کە وا دەکات تەنۆلکەکان بلەرێنەوە؟ دەی گەر وابێت، ئایا هەموو ئەو دنیایەی کە هەیە هەر تەنها لە بیری خۆمانەوە سەرچاوەی نەگرتووە؟ ... یانیش بیرێکی زۆر گەورەتر و مەزنتری هۆشیار هەیە؛ هێزێکی بیری کە تەنها بتوانرێت پێناسە بکرێت بە زاراوەیەکی وەکوو "خودایی" و ئەوە لەو بیرە خوداییەوە بێت کە هەموو دنیای ماددی و وزەیی سەرچاوەی گرتووە؟ ... یانیش، مەبەست پێی لە شتێکی تری ونە لەنێوان ئەم دوو ئەگەرەدا کە ناتوانرێت هەر وا ئاسان درکی پێ بکرێت لەلایەن ئێمەوە. من نامەوێت لە ئێستادا، بەم زووییە لە دەستپێکی زنجیرە بابەتەکە، لەسەر ڕەچەڵەکی ئەو بیرە هۆشیارە بڕۆم لە کاتێکدا چەندەها شتی تری ئاماژە پێدراو هەیە تا لە پێشینە ڕوونی بکەمەوە. ئەوەی کە بە پێویستی دەزانم لێرەدا، بریتییە لەوەی کە لەو دێڕەدا ماکس پلانک هیچ گومانێک لەسەر ئەوە ناهێڵێتەوە کە هێزە بیرییەکان دەتوانن کاریگەرییان هەبێت بەسەر شێوازی دەرکەوتنی تەنۆلکەکان وەکوو پێکهاتەیەکی ماددی یاخود وزەیی و دەتوان کار لە پلەی لەرینەوەیان بکەن! ...
لە فیزیای کوانتەمدا، دیاردەیەک هەیە ناودەبرێت بە "دیاردەی چاودێر (Observer Effect)." بەکورتیوپوختی، دەڵێت کە دیاردەیەکە تێیدا چاودێر کاریگەری لەسەر دەرەنجامی تاقیکردنەوە کوانتەمییەکان هەیە. بە شێوەیەک، کە شەپۆلە بیرییەکانی چاودێر کاریگەری بەسەر ڕووداوە کوانتەمییەکانی تەنۆلکەکاندا دەبێت و دەرەنجامێکی جیاواز دەردەکەوێت وەکوو لەوەی کە تەنۆلکە کوانتەمییەکان چاودێری نەکرێن. جا، بزانە کە ئەگەر پێشووتریش ئەمەت بیستبێت و خۆت ئامادە کردووە تاکوو ڕەدم بدەیتەوە و بڵێیت ئەو دیاردەیە هیچ پەیوەندی بە هێزە بیرییەکان و هۆشیارییەوە نییە، ئەوە پێت دەڵێم کە زۆر لەدواوەییت و ئێستا هیچ گومانێک لەسەر ئەوە نەهێڵراوەتەوە کە هۆشیاری، واتە ئەوەی کە ناودەبرێت بە (consciousness)، کاریگەری ڕاستەوخۆی بەسەر تەنۆلکەکانەوە هەیە! ئەگەریش دەتەوێت لەمە یەکلاییت بکەمەوە، تەنها ئەم بابەتەی پێشووترم بخوێنەرەوە کە وەرگێڕانێکی ڕاستەوخۆیە لە سەرچاوەیەکی ئاماژەپێدراوی متمانەپێکراوەوە و تەنانەت دەتوانیت لەوێوە بچیتە ناو سەرچاوە بنەڕەتییەکەی کە منیش لێمەوە وەرگرتووە و وەرگێڕانم بۆی کردووە: فیزیای کوانتەم چییە؟... (دەتوانیت تەنها کلیلک لە ناونیشانی بابەتەکە بکەیت بۆ چوونە ناوەوە.)
ئێستا، هەموو ئەمانە چیمان پێ دەڵێت؟ پێمان دەڵێت کە هیچ گومان لەوەدا نییە هێزی بیری کاریگەری هەیە بەسەر تەنۆلکەکان لە دنیای کوانتەمدا. ئەگەریش ئەمە ڕاستبێت و یەکلایی کرابێتەوە لە زانستی سەردەمدا، کەوابێت دوور نییە کە هەر بەڕاستی هێزێکی بیری سەرچاوەی لەرینەوەی تەنۆلکەکان بێت و بریتی بێت لە سەرچاوەی وزە و ماددە، هەروەکوو پلانک دەیڵێت. بەڵام، ئەو هێزە بیرییە چییە؟ ...
کۆتایی بەشی یەکەم.
بابەتی هاوشێوە
زۆرترین بینراو
developed by Scorpion shield