فیزیای کوانتەم چییە؟

بڵاوکردنەوە:

زنار بابەکر

نووسەر:

زنار بابەکر

بینراو:

470

بەش:

زانست

فیزیای کوانتەم بریتییە لە لێکۆڵینەوە لە ماددە و وزە لە بنچینەترین ئاستەکانی بووندا، بە ئامانجی ئەوەی کە شیکردنەوە بۆ پێکهاتە و شێوازی هەڵسوکەوتی بنچینەترین پێکهێنەرەکانی سرووشت بکات.

 

ئەگەرچی زۆرێک لە تاقیکردنەوە کوانتەمییەکان لە تەنۆلکەی زۆر وردیلە دەکۆڵنەوە، وەک ئەلیکترۆن و پڕۆتۆنەکان، بەڵام لە ڕاستیدا دیاردە کوانتەمییەکان لە هەموو دەوروبەریشمانەوە ڕوودەدەن لە ئاستە گەورە و بەرزەکانیشدا. هەرچەندە، لەوانەیە هێشتاش نەتوانین درکیان پێبکەین و شیکردنەوەیان بۆ بکەین هەر وا بەئاسانی؛ ئەمەش، وای کردووە کە بۆ زۆرێک فیزیای کوانتەم بە زانستێکی سەیر و نامۆ یاخود نا-ڕاستەقینە دەربکەوێت. بەڵام، لەگەڵ ئەوەشدا، فیزیای کوانتەم زۆرێک لە بۆشاییە بەتاڵەکان لەسەر پرسە زانستییەکان پڕدەکاتەوە کە تەنانەت بنچینەی سەرەکییە بۆ هەر شتێک کە بوونی هەیە لە ژیانی ڕۆژانەی هەر یەکێکماندا.

دۆزینەوە کوانتەمییەکان، ئەمڕۆ، تەنانەت جێگەی خۆیان لە بنەما بنچینەییەکانی تێگەیشتن لە زانستەکانی کیمیا، زیندەوەرزانی و هەروەها گەردوونناسیشدا کردۆتەوە. هەر هەمان ئەم دۆزینەوانەش بوون بە سەرچاوەی سرووشی چەندەها داهێنانی سەردەمی، وەکوو ئامێری لەیزەر و تڕانزستەر، هەروەها وا خەریکە ڕێگەمان دەدەن کە بەرەوپێشچوونی گەورە ئەنجام بدەین لە بواری تەکنەلۆژی وەک نزیکبوونەوەی زیاتر لە کوانتەم کۆمپیوتەر. هێشتاش، چاوەڕێی زۆر زیاتر لە دۆزینەوە کوانتەمییەکاندا دەکرێت و پێشبینی ئەوە دەکرێت کە سەرنجی تەواومان لەسەر هێزی کێشکردن و پەیوەندیشی بە بۆشایی و کاتەوە بگۆڕێت. تەنانەت، فیزیای کوانتەم تەنها لقی زانستە کە دەوترێت دەکرێت هەر هەموو هێزێک لە گەردووندا بەیەکەوە ببەستێتەوە و نیشانمان بدات کە هەموو شتێک نەک هەر تەنها چۆن لە گەردوونی خۆماندا بەستراوەتەوە بە یەکتر، بەڵکوو تەنانەت چۆنیش بەستراوەتەوە بە گەردوونەکانی ترەوە لەڕێگەی ڕەهەندی بەرزتر کە تەنانەت هەستەوەرە مرۆییەکانمان ناتوانێت درکیشیان پێبکات.

 

ڕەچەڵەکی فیزیای کوانتەم

بواری فیزیای کوانتەم لە کۆتاییەکانی ساڵانی 1800 و سەرەتاکانی 1900ـەکان سەری هەڵدا لەڕێگەی چەند چاودێرییەکی تاقیکاری گەردیلەیی کە لەو کاتەدا هیچ واتایەکی نەبوو بەپێی ناوەڕۆکی فیزیای کۆن. لەناو ئەو دۆزینەوە بنچینەییانەشدا، دەرکەوتەی ئەوە هەبوو کە ماددە و وزە دەکرێت وەک گورزەی یەکەکراو بوونیان هەبێت، کە ناودەبرا بە "کوانتا،" و هەر کوانتایەک بڕێکی دیاریکراوی پەیوەست بە خۆی هەبوو. بۆ نموونە، ڕووناکی بە لەرەلەرێکی جێگیر، وزە لە کوانتایەکەوە دەردەکات کە ناودەبرێت بە "فۆتۆن." هەر فۆتۆنێک لەم لەرەلەرە دیاریکراو و جێگیرەدا، هەمان وزەی دەبێت لەگەڵ هەر فۆتۆنێکی تردا و ئەم وزەیە دەتوانرێت دابەش بکرێت بەسەر یەکەی بچووکتردا.

- وشەی "کوانتەم (quantum)" لە ڕەگی لاتینییە و بە واتای "چەند" دێت.

 

زانست لە بنەما کوانتەمییەکاندا هەموو تێڕووانینی ئێمەی بۆ گەردیلە گۆڕی. شێوازە سەرەتاییەکانمان لەسەر گەردیلە بریتی بوو لە وێناکردنی ئەلیکترۆن وەک تەنۆلکە کە بە دەوری ناوکدا خولگەی داوە، هەروەک مانگە دەستکردەکان بەدەوری زەویدا. بەڵام، فیزیای کوانتەمی سەردەم بە شێوازێک لە ئەلیکترۆنەکان دەڕووانێت وەک ئەوەی کە بەناو خولگەی دیاریکراودا دابەشبووبن، خولگەکانیش هاوشێوەی چەشنی بیرکاریانە کە هەریەکەی ئەگەرێک لە بوونی ئەلیکترۆنەکاندا دەنوێنێت لە زیاتر لە یەک شوێن لەناو مەودایەکی دیاریکراو لە هەر چرکە ساتێکدا. ئەلیکترۆنەکان بەم شێوەیە دەتوانن لە خولگەیەکەوە باز بدەن بۆ خولگەیەکی تر هەرکات کە وزە بەدەستدەهێنن یاخود لەدەستی دەدەن، بەڵام لەناو خودی خولگەکاندا نەبێت هەرگیز ناتوانرێت لەنێوانی خولگەکاندا بوونیان هەبێت.

 

لەماوەی لێکۆڵینەوە و بەدواداچوونی زانستی سەدەی ڕابردوودا، چەند چەمکێکی زۆر گرنگی زانستی هەبووە کە توانیویانە سەرەنجام بنەمای دامەزراندنی کوانتەم پێکبهێنن. لەوانە: -

- دووانیەتی تەنۆلکە-شەپۆل (Wave-particle duality): ئەمە بریتییە لە بنەمایەک کە دەگەڕێتەوە بۆ ڕۆژگاری سەرەتاکانی دەستپێکی زانستی کوانتەم، کە، تێیدا شیکردنەوە بۆ دەرەنجامەکانی ئەو تاقیکردنەوانە دەکرێت کە دەری دەخەن ڕووناکی و ماددە تایبەتمەندی هەردوو تەنۆلکە و شەپۆلیشیان لەخۆگرتووە – لەسەر بنچینەی ئەوەی کە چۆن هەژمار دەکرێن. واتە، دەبینرێت کە هەم تایبەتمەندی شەپۆل و هەمیش تایبەتمەندی تەنۆلکە لەخۆدەگرن. بەڵام، ئەمڕۆ، دەزانرێت کە ئەم ڕەفتارەی بەم شێوە دووانیەتییە دەردەکەوێت، لە ڕاستیدا نە تەنۆلکەیە و نە شەپۆلیش، بەڵکوو شێوەیەکی تری کوانتەمی جیایە کە ناتوانرێت وێنابکرێت و بە شتێک بچووێنرێت. بە واتایەکی تر، ئەگەرچی نە شەپۆلە و نە تەنۆلکەش، بەڵام دەزانرێت کە شتێکی ترە و لە هەمان کاتدا هەردوو تایبەتمەندی تەنۆلکە و شەپۆلیشی لەخۆگرتووە و دەتوانێت وەکوو هەردووکیان ڕەفتار بکات – تەنها لای ئێمە هەر وا بەئاسانی درکی پێناکرێت و ناتوانرێت وێنابکرێت و بە شتێکی دیاریکراو بچووێنرێت کە لەم شێوەیەیە، چونکە لە دنیای گەورە و زەبەلاحدا شتێکی لەم شێوەیەمان نییە کە لە یەک کاتدا وەکوو شەپۆل و هەروەها وەکوو تەنۆلکەش ڕەفتار بکات. بەڵام، هەروەک ئێستا دەزانرێت، شتێکی لەم شێوەیە لە دنیای وردیلەیی کوانتەمدا بوونی هەیە و هەربۆیە، دنیای کوانتەمی زۆر بەجیاواز لە دنیای گەورە دادەنرێت.

- نایابەوار (Superposition): ئەمە بریتییە لە زاراوەیەک کە بەکاردەهێنرێت بۆ باسکردن لە تەنێک کە لە یەک کاتدا لە چەند دۆخێکی چاوەڕوانکراودا بوونی هەیە. بۆ نموونە، ئەلیکترۆنەکان لە خولانەوەدا یان بەرەو سەرەوە یانیش بەرەو خوار دەخولێنەوە. بەڵام، بەر لە هەژمارکردن، لە یەک کاتدا لە هەردوو باری سەرەوە و خوارەوەشدا دەخولێنەوە. بە واتایەکی بیرکاری، تەنێک لە نایابەواردا هاوکێشەیەک دەنوێنێت کە زیاتر لە یەک ئەنجامی هەیە. ئەگەر هاتوو تۆ ئەو هاوکێشەیە بە چارەسەر نەکراوی جێبهێڵیت، ئەوە ئەو هاوکێشەیە هەردوو ئەنجامی خۆی هەر هەیە و بەو شێوازەش خۆی دەنوێنێت. بەڵام، ئەگەر بێتوو تۆ هاوکێشەکە چارەسەر بکەیت، ئەوە لەدوای گەیشتن بە ئەنجام تۆ تەنها یەک لە دوو ئەنجامەکە هەڵدەبژێریت. هەروەک چۆن؛ لە تایبەتمەندی دووانیەتی شەپۆلدا تەنۆلکەکان بەر لەوەی هەژماربکرێن لە یەک کاتدا هەم وەکوو تەنۆلکە و هەمیش وەکوو شەپۆل خۆیان دەنوێنن، بەڵام لەدوای هەژمارکردن بەپێی شێوازی هەژمارەکە یان وەک تەنۆلکە یانیش وەکوو شەپۆل دەردەکەون.

- بنەمای ناهەمواری (Uncertainty Principle): ئەمەیان بریتییە لە چەمکێکی بیرکاری کە ناهەموارییەک درووست دەکات دەکات لەنێوان دوو پێوەری تەواوکاری هەژمارکراوەوە. لە فیزیادا، ئەمە واتای ئەوە دەگەیەنێت کە لە هەر دوو تایبەتمەندییەک کە تەنۆلکەیەک لەخۆی دەگرێت، گریمان شوێن و خێراییەکەی، ئەوە ناتوانرێت لە هەمان کاتدا بەدەقیقی هەردووکیان بپێورێن. بەڵکوو، تا دانەیەکیان وردتر و دەقیقتر بپێوین، ئەوە ئەوەی تریان بە ناتەواوی بەردەست دەخەین. بۆ نموومە، کاتێک کە تۆ دەتەوێت شوێنی تەنۆلکەیەک هەژمار بکەیت، ئەوە تۆ لەو هەژمارەدا بە ڕۆشناییەک بەرکەوتەت لەگەڵیدا دەبێت و سەرەنجام ئەم کارلێکە خێراییەکەی دەگۆڕێت. بۆیە، ئەگەرچی تۆ لەم ڕێگەیەوە توانیت شوێنی تەنۆلکەکە بەوردی دەستنیشان بکەیت، بەڵام ئەو خێراییەی کە دواتر دەستت دەکەوێت جیاوازە لەوەی کە هەبووە کاتێک کە تۆ شوێنی تەنۆلکەکەت لەو هەژمارەدا دۆزیوەتەوە. هەروەها، بەپێچەوانەوەش هەر درووستە، ئەگەر هاتوو تۆ وردتر بتەوێت خێراییەکەی هەژماربکەیت، ئەوە ئەو بەرکەوتەیەی کە تۆ لە هەژمارکردنەکە لەگەڵ تەنۆلکەکە دەتبێت کار لە شوێنەکەی دەکات و سەرەنجام شوێنی دەستنیشانکراوی تەنۆلکەکەت زۆر بەناتەواوی بۆ دەردەکەوێت.

- لێک ئاڵاوی (Entanglement): ئەم دیاردەیەکە کاتێک ڕوودەدات کە دوو تەنۆلکە یاخود زیاتر بە شێوازێک بەیەکەوە بەستراونەتەوە کە دەتوانرێت وەک یەک سیستەمی دیاریکراو مامەڵەیان لەگەڵدا بکرێت، ئەگەر تەنانەت زۆر زۆریش لە یەکتر دووربن. باری یەک لە تەنۆلکەکان لەناو ئەم سیستەمە پێکبەستراوەدا، ناتوانرێت بەتەواوەتی هەژماری بۆ بکرێت بەبێ زانیاری لەسەر باری تەنۆلکەکەی تر. بە هەمان شێوەش، تێگەیشتنی زیاتر لەسەر تەنۆلکەیەک لەم سیستەمەدا، ڕاستەوخۆ دەتوانێت شتێکی ترت بۆ دەربخات لەسەر تەنۆلکەکەی تر. هەروەها، هەر کات کە هەر گۆڕانکارییەک لە هەریەک لە تەنۆلکەکان ڕوویدا لەم سیستەمەدا، ئەوە ڕاستەوخۆ لە تەنۆلکەکەی تریشدا دەردەکەوێت و سەرهەڵدەدا.

 

بیرکاری و سرووشتی ئەگەرێتی تەنە کوانتەمییەکان

زۆرێک لە چەمکە کوانتەمییەکان ئێجگار سەخت و تەنانەت مەحاڵن تا بتوانرێت وێنا بکرێن، بۆیە بیرکاری شتێکی زۆر گرنگ و بنچینەییە لەم بوارەدا. هاوکێشە بەکاردەهێنرێت بۆ دەستنیشانکردن و پێشبینی کردنی تەن و دیاردە کوانتەمییەکان بە شێوازێک کە زۆر وردتر و دەقیقترە وەکوو لەوەی کە وێناکردن و خەیاڵەکانمان دەتوانێت بەدیبهێنێت.

بیرکاری بە هەمان شێوە پێویستە بۆ دەرخستنی سرووشتی ئەگەرێتی دیاردەی کوانتەمی. بۆ نموونە، شوێنی ئەلیکترۆنێک لەوانەیە نەتوانرێت بەدەقیقی بزانرێت. بۆیە لەجیاتی ئەمە، مەودایەک لە ئەگەری هەبوونی شوێنی دیاریکراو دەستنیشان دەکرێت (وەک خولگەکان)، لەگەڵ هەر شوێنێکیش پەیوەست بە ئەگەری دۆزینەوەی ئەلیکترۆنەکە لەوێدا.

هەر بەهۆی ئەم سرووشتە ئەگەرێتییەی تەنە کوانتەمییەکانەوە، زۆرجار پشت بە "چالاکیی شەپۆلی (Wave Function)" بیرکاریانە دەبەسترێت و لەو ڕێگەیەوە ڕووندەکرێنەوە؛ بڕێک کە بە هێمای یۆنانی سای (ψ) ئاماژەی پێدەدرێت. هەر بڕێک کە لە چالاکیی شەپۆلییەوە دەستدەکەوێت، ئەنجامە بۆ "هاوکێشەی شڕۆدینگەر (Schrödinger Equation)،" ئەو هاوکێشەیەی کە لەڕێگەیەوە دەتوانرێت ئەگەری دەستنیشانکردنی شوێنی تەنۆلکەیەک پێشبینی بکرێت لەناو مەودایەکی دیاریکراودا. سای، لە هاوکێشەی شڕۆدینگەردا، ژمارەیەکی ئاوێتەیە (Complex Number)، واتە بەشێکی ڕاستەقینە و بەشێکی خەیاڵیشی هەیە. بەشە ڕاستەقینەکەی چڕیەتی ئەگەرەکان دەردەخات یاخود ئەوەی کە تەنۆلکەکە لەکوێدا دەدۆزرێتەوە، لە کاتێکدا کە بەشە خەیاڵییەکەی ئاماژە بە دۆخی شەپۆلەکە دەدات. دۆخی شەپۆلەکەش، گۆشەی شەپۆلەکە دیاری دەکات و دەتوانرێت لەڕێگەیەوە بزانرێت کە شەپۆلەکە چۆن ڕەفتار دەکات. بۆ نموونە، دوو شەپۆلی هاودۆخ ئەگەر هاتوو کارلێک بکەن ئەوە بارێکی پێکهێنەری لەگەڵ یەک دەنوێنن، بەڵام ئەگەر دوو شەپۆل لە دۆخی جیادا کارلێک بکەن ئەوە بارێکی تێکدەری لەگەڵ یەک دەنوێنن.

 

- هاوکشەی شڕۆدینگەر:

* H بریتییە لە (Hamiltonian Operator)، کە ئاماژەیە بۆ وزەی گشتی لە سیستەمێکی دیاریکراودا.

* ψ بریتییە لە چالاکیی شەپۆلی و هەروەها ژمارەیەکی ئاوێتەیە.

* i ژمارەیەکی خەیاڵییە، یەکسانە بە ڕەگی دووجای -1.

* ħ، یاخود (h-bar)، بریتییە لە نەگۆڕی پلانک دابەش .

* ∂ψ(t)/∂t بریتییە لە داتاشراوەی ناتەواوی چالاکی شەپۆلی پەیوەست بە کات.
 

تەنها لەڕێگەی ئەم هاوکێشەیەوە، دەتوانرێت: -

- ڕەفتاری ئەلیکترۆنەکان لە گەرد و گەردیلەکاندا بزانرێت.

- تایبەتمەندی فۆتۆن و تەنۆلکەکانی تری ڕووناکی بزانرێت.

- ڕەفتاری گەردیلە و گەردەکان لە دۆخی ڕەق، شل و گازدا بزانرێت.

- ڕەفتاری تەنۆلکەکان لە بواری موگناتیسیدا بزانرێت.

- ڕەفتاری تەنۆلکەکان لە بواری هێزی کێشکردندا بزانرێت.

بەڵام، پێویستە ئەوە هەمیشە لەبەرچاوبێت کە هاوكێشەی شڕۆدینگەر ژمارەی ئاوێتەی لەخۆگرتووە و تەنها بەدەگمەن نەبێت، وەکوو ئەو هەژمارەی کە بۆ خولگەی ئەلیکترۆنەکان بەدەوری ناوکدا دەکرێت، ئەگینا ناتوانرێت بەتەواوەتی دەرەنجامی هەر یەکێک لەو خاڵانەی ئاماژەی پێدرا بزانرێت. بەڵکوو، هەر دەرەنجامێک کە بەردەستی تۆ دەکەوێت بەشێوەی ئەگەری دەبێت و دەقیق نابێت، بە هەمان ئەو هۆکارانەی دووانیەتی شەپۆل-تەنۆلکە و هەروەها بنەمای ناهەمواری و نایابەوارییەی کە باسمان کرد لە دنیای کوانتەمدا دەردەکەوێت. بەڵام، هێشتاش، توانیویەتی ببێت بەو هاوکێشەیەی کە تێگەیشتنی هەموو مرۆڤایەتی لە بنچینەی پێکهاتنی گەردووندا بگۆڕێت و تا ئەمڕۆش بۆ دۆزینەوە و داهێنانی تازە سوودی لێوەربگیردێت.

 

چاودێریکردنی تەنە کوانتەمییەکان

کرداری "چاودێریکردن" بریتییە لە باسێکی زۆر مشتومڕ لەسەرکراو لە فیزیای کوانتەمدا. لە سەرەتای هاتنە ناو بواری کوانتەم، زانایان زۆر ڕووبەڕووی ئاستەنگی دەبوونەوە بە دۆزینەوەی ئەوەی کە تەنها چاودێریکردنی تاقیکردنەوەیەکی دیاریکراو، دەرەنجامی تاقیکردنەوەکە دەگۆڕێت. بۆ نموونە، ئەلیکترۆنێک وەک شەپۆل ڕەفتاری دەکرد کاتێک کە چاودێری نەدەکرا، بەڵام کرداری چاودێریکردنی ئەلیکترۆنەکە لە تاقیکردنەوەکەدا وای دەکرد کە شەپۆلەکەی دابڕمێت و ئەلیکترۆنەکە وەکوو تەنۆلکەیەک ڕەفتار بکات. دووبارە، هەروەک لە بنەما کوانتەمییەکانی پێشووتردا ڕوونکراویەوە. بەڵام، ئەمڕۆ، زانایان درکیان بەوە کردووە کە زاراوەی "چاودێریکردن" بەهەڵە بەکاردەهێنرێت لەم ناوەڕۆەکدا، و پێشنیازی ئەوە دەکەن کە ئاگاهی (consciousness) لەم حاڵەتەوە گلاوە. بۆیە، لەجیاتی ئەمە، زاراوەی "هەژمارکاری" جوانتر باسی ئەم کاریگەرییە دەکات، کە تێیدا گۆڕانکاری دەستکەوتوو لە دەرەنجام دەتوانرێت کارتێکراوبێت لەڕێگەی پێکداچوونی دیاردەی کوانتەمی لەگەڵ ژینگەیەکی دەرەکیدا، بەو ئامێرەشەوە کە بەکاردەهێنرێت بۆ چاودێریکردنی دیاردەکە و هەروەها هەڵوێستی ئاگاییانەی لێکۆڵەرانیش بەسەر دیاردە کوانتەمییەکەوە. بەڵام تەنانەت لەم پەیوەندییەش دەبێت هەر وریابین و تێگەیشتنێکی تەواو لە پەیوەندی نێوان هەژمار و دەرەنجام هێشتاش هەر پێویستە.

 

تاقیکردنەوەی جووت-کەلێنی

تاقیکردنەوەی جووت-کەلێنی (Double-slit Experiment)، بریتییە لە تاقیکردنەوەیەک کە دەرهاویشتنی تەنۆلکە لەخۆدەگرێت وەک فۆتۆن و ئەلیکترۆن بەناو بەربەستێکدا کە دوو کەلێنی لەخۆگرتووە. یەکەمجار، لە ساڵی 1801 سوودی لێوەرگیرا بۆ دەرخستنی ئەوەی کە ڕووناکی لە شەپۆل پێکهاتووە. لەو کاتەشەوە، تا ئێستا چەندین جار ئەم تاقیکردنەوەیە زیندووکراوەتەوە بۆ دەرخستنی ئەوەی کە ماددە دەتوانێت بە هەمان شێوە وەکوو شەپۆل ڕەفتار بکات، و هەروەها بەکاردەهێنرێت بۆ نیشاندانی بنەماکانی نایابەوار، لێک ئاڵاوی و کاریگەری چاودێری بەسەر دیاردە کوانتەمییەکانەوە.

کاتێک کە تەنۆلکەی وەکوو ئەلیکترۆن یاخود فۆتۆن، لەم تاقیکردنەوەیەدا سوودی لێوەردەگیردێت و دەهاویشترێت بە ئاڕاستەی بەربەستێکەوە کە دوو کەلێنی لەخۆگرتووە، ئەوە دوو ئەنجام دەستدەکەوێت بەپێی شێوازی هەژماری لێکۆڵەران لەسەر تاقیکردنەوەکە: -

١- ئەلیکترۆنەکە تەنها بە یەکێک لە کەلێنەکاندا دەچێت و لەو دیوی بەربەستەکە لە خاڵێکی دیاریکراو و دەستنیشانکراودا دەردەکەوێت – ئەگەر هاتوو هەژماری بە چاودێری ڕاستەوخۆ بۆ بکرێت.

٢- ئەلیکترۆنەکە لە یەک کاتدا بە هەردوو کەلێنەکاندا تێدەپەڕێت و لەو دیوی بەربەستەکەوە ئەگەر هاتوو نیشاندەرێک دابنرێت، ئەوە دەبنرێت کە ئەلیکترۆنەکە وەک شەپۆلێک خۆی نواندووە و خاڵی شێوە شریتی تاریک و ڕۆشن لەسەر نیشاندەرەکە درووست دەبێت – ئەگەر هاتوو بەشێوەیەکی ناڕاستەوخۆ لەڕێگەی ئامێرێکی نیشاندەری شەپۆلییەوە هەژماری بۆ بکرێت.

ئەم تاقیکردنەوە، دووبارە بنەماکانی دووانیەتی شەپۆل-تەنۆلکە، باری نایابەواری و هەروەها ناهەمواری دەسەلمێنێت لە دیاردە کوانتەمییەکاندا.

 

بواری فیزیای کوانتەم لەوانەیە بە دنیایەکی شاراوە یان نابەجێ دەربکەوێت، بەڵام لە ڕاستیدا هەموو شتێک لە دەوروبەرمان ڕوون دەکاتەوە و تا ئەمڕۆ چەندەها تاقیکردنەوەی کرداری لەسەر سەلمێنراوە، ئینجا درکی پێبکەین یاخود نا. تێگەیشتن لە زانستی کوانتەم تەکنەلۆژی تازە دەهێنێتە ئاراوە، لە هەردوو بواری بەردەست بۆ ئێستا و ئەوانەشی کە دەکرێت بەردەست بخرێن بۆ داهاتوو.

 

سەرچاوە: ئەم بابەتە بەتەواوی لە ماڵپەڕی (Science Exchange)ـی سەر بە Caltech وەرگیراوە، بە تەنها دەستکارییەکی کەم لەڕێگەی زیادکردنی چەند بەشێک بۆ باشتر تێگەیاندن و هەروەها بەخشینی ڕوونکردنەوەیەکی قووڵتر لەسەر باسەکە.

 

زۆرترین بینراو

developed by Scorpion shield