چۆن دەتوانین بەناو بۆشاییدا گەشت بکەین؟

بڵاوکردنەوە:

زنار بابەکر

نووسەر:

زنار بابەکر

بینراو:

327

بەش:

زانست

لەکوێوە دەستی پێکرد؟

یەکەمین – با بڵێین ئامێر – کە داهێنرا و توانای هەبوو بچێتە دەرەوە لە بەرگەهەوای زەوییەوە، بیرتی بوو لە مووشەکی V2ـی ئەڵمانی کە لە سەردەمی جەنگی جیهانی دووەم لەسەر دەستی گرۆیەک لە زانای نازی درووستکرا بە سەرپەرشتی ڤارنەر ڤان بڕۆن (Wernher von Braun). دوای کەوتنی بەرلین، زۆرینەی هەرە زۆری زانایانی ئەڵمانی خۆیان ڕادەستی ئەمەریکا کرد وەک لەوەی بکەونە ژێر دەستی سۆڤیەت؛ لەڕێگەی ئۆپەڕاسیۆنێکەوە بە ناوی (Paperclip)، زۆرینەی هەرە زۆری زانایانی ئەڵمانی گوازرانەوە بۆ خاکی ئەمەریکا و لەوێ دوای وەرگرتنی مافی هاووڵاتی، پیشەی خۆیان لە کارامەیی خۆیاندا پێبەخشرا. لەناو ئەمانیش، ڤان برۆن یەک لە ناودارترینیان بوو و هەر کە دەزگای ناسا دامەزرا لە ساڵی 1958، کرا بە بەڕێوەبەری ناوەندی بەرپرس بۆ گەشتکردن بە بۆشاییدا. ئەوە هەر خۆشی بوو، کە، توانی بزوێنەری مووشەکیی Saturn V درووست بکات کە بریتی بوو لەو ئامێرەی توانی کەشتییە ئاسمانییەکانی ئەمەریکا بخاتە سەر مانگ.

ئەم مێژووە پوختەم بۆ ئەوە بۆ گێڕایتەوە، تا کە لێیان پرسیت گەشت بەناو بۆشاییدا لە کێوە سەری هەڵدا؟ ڤارنەر ڤان بڕۆن؛ ئەو داهێنەرە بلیمەتەی کە بۆ هەمیشە بریتییە لە یەک لەو زانایانەی بە بەرزی لێی دەڕووانم لەناو بواری گەردوونناسی. بەڵام، من لەم بابەتە نامەوێت مێژووت بۆ بگێڕمەوە و تەنها باسی ئەوەت بۆ بکەم کە تا ئەمڕۆ لە چ سەردەم و چ حاڵەتێکدا توانیومانە بە چی بگەین و چۆن پێی بگەین – ئەمانە زانیارییەکی زۆر گشتی و باوە کە لە هەموو شوێنێک دەتوانرێت بدۆزرێتەوە و پەیدا بکرێت. بەڵکوو، من دەمەوێت باسی ئەوەت بۆ بکەم کە ئەگەر هاتوو بمانەوێت گەشت بەناو بۆشاییدا بکەین، ئەو ئاستەنگییانە چییە کە ڕووبەڕووی دەبینەوە و هەروەها پێویستە چ شتانێک لەبەرچاو بگرین تاکوو لەڕێگەی هەر کەشتییەکی ئاسمانییەوە لە خاڵێکەوە بۆ خاڵێکی تر گەشت بکەین.

 

ئێمە؛ وەکوو مرۆڤ

بەر لە هەموو شتێک، با سەیرێکی خۆمان بکەین؛ ئێمە مرۆڤین. هەموو بوونەوەرێک، جەستەی وەکوو ئامێرێک وایە کە بە شێوازێک گەشە دەکات و پەرە دەسێنێت تاکوو ڕێگەی بدات لەو ژینگەیەدا لە ژیان بمێنێتەوە و بەردەوامبێت کە تێیدا دەژیات. کەوابێت، جەستەی ئێمەش، بە شێوازێک هەڵکەوتووە کە تەنها دەتوانێت لەسەر هەسارەی زەوی خۆی بگونجێنێت، جگە لە زەویش تاکوو ئێستا مرۆڤایەتی لە هیچ ژینگەیەکی تری بێگانەدا نەژیاوە تاکوو کۆمەڵەیەکمان هەبێت جەستەی لەوێ پەرەی سەندبێت و گەشەی کردبێت بۆ مانەوە. هەربۆیەش، کاتێک کە ئێمەی مرۆڤ گەشت دەکەین بۆ هەر شوێنێک لە دەرەوەی زەوی، چ جا بۆشایی بێت یاخود هەسارە و هەسارۆکە و هەر تەنێکی تری ئەستێرەیی، ئەوە یەکەمین ئاستەنگی کە پێویستە فێربین مامەڵەی لەگەڵدا بکەین و ڕووبەڕووی ببینەوە بریتییە لەو گۆڕانکارییەی کە بەسەر خودی جەستەی خۆماندا دێت.

مەبەستم چییە لە گۆڕانکاری؟ من ناڵێم دەستی تازە و قاچی تازەمان لێ دەڕوێت یاخود شاخ و قۆچمان بۆ پەیدا دەبێت. بەڵکوو، بۆ نموونە، ئێسکەکانی جەستەی ئێمە توانیویانە خۆیان بگونجێنن و بڕێکی دیایکراو لە ماددەی کانزایی لەخۆبگرن تاکوو بتوانن کێشی جەستەمان بەتەواوەتی هەڵبگرن. کێشی جەستەی ئێمە، لێرە، بە هێزی کێشکردنی هەسارەکەمانەوە پەیوەستە؛ بڕی m/s2 9.8. ئێستا ئەگەر بێتوو جەستەی ئێمە بکەوێتەوە ژینگەیەکی ترەوە کە کێشی کەمتری هەبێت وەکوو مەریخ و مانگ، یاخود بۆشایی کە هێزێکی کێشکردنی ئەوەندە کەمی هەیە هەر هەژماری بۆ ناکرێت، ئەوە ئێسکەکانمان تا زیاتر لەو ژینگە جیاوازە بمێننەوە خۆیان دەگۆڕن و لە بڕی ماددەی کانزایی خۆیان کەم دەکەنەوە؛ چونکە کاتێک کە کەوتوونە ژینگەیەک کە هێزێکی کێشکردنی ئەوەندە زۆری نییە، ئەوە ئەوانیش ئەوەندە ماددەی کانزاییان ناوێت بۆ هەڵگرتنی کێشی جەستەمان. جا، جگە لەوەی کە مرۆڤ پێویستە فێربێت مامەڵە لەگەڵ ئەم گۆڕانکارییە جەستەییانەدا بکات، هێشتاش لەوە ناخۆشتر ئەو ساتەیە کە دەگەڕێیتەوە بۆ زەوی! چونکە ئێستا ئێسکەکانی جەستەی تۆ سستبوون و توانای ئەوەیان نەماوە بەرگەی هێزی کێشکردنی زیاتری هەسارەی زەوی بگرن، بۆیە دووبارە پێویستیت بەوە هەیە بە گۆڕانکارییەکی تردا بڕۆیتەوە لەسەر زەوی تا ئێسکەکانت ماددەی کانزایی زیاتر لەخۆدەگرن.

ئەمە هەر تەنها یەک نموونەی سادە بوو. ئەی لێدانی دڵ؟ ئەی هێزی ڕیشاڵی ماسوولکەکان؟ ڕەوتی هەناسەدان و جووڵەی پەلەکان؟ ئەمانە و چەندان شتی تر هەمووی دیاردەیەکی جەستەیی ئێمەی مرۆڤە کە پێویستی بۆ خۆگونجاندن لەگەڵ ژینگەدا هەیە. کاتێکیش کە ژینگە دەگۆڕێت، ئەوە ئەوانیش ناچاردەبن کە خۆیان بگۆڕن تاکوو بتوانن جەستەمان بەزیندوویی بهێڵنەوە. چەندان حاڵەت و ڕووداو هەبووە هەر کە کەشتییەوانانی بۆشایی ئاسمان گەڕاونەتەوە بۆ سەر زەوی ڕاستەوخۆ بووراونەوە و کەوتوون، یاخود لە بۆشاییدا لە ماوەکانی سەرەتا کە بە گۆڕانکارییە جەستەییەکاندا دەڕۆن تووشی وڕبوون و سەرگێژخواردن و خەیاڵکردن بوون، بەهۆی ئەوەی کە بڕی خوێن و ئۆکسیجینی ڕۆیشتوو بۆ مێشکیان گۆڕاوە و ئیتر چالاکی مێشکیشیان تووشی تێکچوون بووە؛ نموونەیەک بۆ ئەمە هەر یەکەم گەشت بووە کە کەشتییەوانانی ئاسمانی سۆڤیەت ڕووبەڕووی بوونەوە لە سەردەمی کێبڕکێی بۆشایی لە ماوەی جەنگی سارددا. لەو گەشتە، کە بڕیاربوو 66 ڕۆژ بەردەوامبێت پاشان بگەڕێنەوە، هەر تەنها دەوروبەری 40 ڕۆژێک بەردەوام بوو و کۆتایی پێهێنرا، چونکە کەشتییەوانان دەیانوت کە کێشەیەک هەیە و بۆنێکی ژەهراوی دێت لەناو کەشتییە ئاسمانییەکە، یان ئەوەتا گازێکی ژەهراوی هاتۆتە ناوەوە یاخود کێشەیەکی تەکنیکی هەیە. بەڵام، دوای ئەوەی کە دەستەیەکی تر نێردرا تا فریایان بکەون و لە کەشتییەکە جێگەیان بگرنەوە بە پێداویستی و کەلوپەلی تەواوەوە بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ هەر گازێکی ژەهراوی و کێشەیەکی تەکنیکی، دەرکەوت کە هیچ شتێکی لەم شێوەیە بوونی نەبووە! بەڵکوو، هەموو ئەمانە لە ماندووێتی و تێکچوونی باری دەروونی و جەستەییان ڕوویداوە لە ڕووبەڕووبوونەوەی ژینگەی نالەباری بۆشایی. جا، ئێستا بیهێنەرە بەرچاوت کە دەبێت چۆن بتوانین خۆمان بگونجێنین کاتێک کە دەچین بۆ سەر مەریخ – لەوێ – کە بڕی هێزی کێشکردنی تەنها سێیەکی هەسارەی زەوییە و تاکوو دەکەوینە حاڵەتێک کە بەتەواوەتی فێری خۆگونجاندن دەبین لەگەڵ ژینگەی مەریخ، ئەوە باری جەستەییمان لەڕووی ئێسک، ماسوولکە، ترپەی دڵ و قەد و باڵا بەشێوەیەکی باش گۆڕانکاری بەسەردا دێت. ئەو بەرگەی کە کەشتییەوانانی بۆشایی دەیپۆشن، بۆ ئەوەیە کە پارێزگارییان لێبکات لە ژینگە نالەبارەکانی دەرەوەی بەرگەهەوا زەوی. بەڵام، تەنانەت ئەو بەرگەش هەر تەنها بەشێوەیەکی ڕووکەشی وەکوو زرێپۆشێک دەتوانێت جەستەی مرۆڤ بپارێزێت و نەهێڵێت لەناوبچێت، ئەگینا ئەمیش ناتوانێت ڕێگری بکات لە گۆڕانکارییە بنچینەییەکان کە ڕووبەڕووی دەبینەوە لە کار و فرمانە زیندەییەکانی جەستەمان.

 

پێوەر و هەژمارەکان

ئێستا، با لە دەرەوە بڕووانین؛ بۆ گەشتکردن بەناو بۆشاییدا ... تاکوو ئێستا، چەندان گەشت بەناو بۆشاییدا کراوە و مرۆڤ گەیشتووە بە مانگ و هەروەها چەندان گەڕۆکی بێ کەشتییەوانی خودکار لەسەر مەریخ بوونی هەیە و چەندەهای تر لە پڕۆژەدایە لەلایەن دەزگا جیاوازەکانی بۆشایی سەربەخۆ و دەوڵەتییەوە. با سەرەتا ئەو پێوەرە بیرکاری و فیزیاییانەت بۆ باس بکەم کە پێویستە زانراوبێت کاتێک کە هەر کەشتییەکی ئاسمانی گەشتێک دەکات لە خاڵێکی بۆشاییەوە بۆ خاڵێکی دی: -

1. دووری و ئاڕاستە؛ پێویستە دووری خاڵی ئامانج بەتەواوەتی زانراوبێت و بەوردی ئاڕاستەکەی دەستنیشانکراوبێت لە ساتی دەرچوون لە خاڵی دەستپێکەوە. ئەگەریش بزانیت – وەک لە بابەتی پێشووتردا بەتەنها باسی ئەمەم کرد بەدوورودرێژی – فراوانی بۆشایی ئەوەندە کەم نییە.

2. خێرایی و تاودان؛ بەدەستهێنانی تاودانێکی ئێجگار زۆر، بە لەبەرچاوگرتنی هێزی کێشكردن لە خاڵی دەستپێک وەک هێزێکی گەڕێنەرەوە و گیرکەر، هەروەها گەیشتن بە بڕی خێرایی پێویست بۆ دەرچوون لەم هێزە گەڕێنەرەوە و گیرکەرە.

3. جووڵەی خولگەیی؛ تۆ لەو خاڵەی کە لێیەوە دەردەچیت – گریمان زەوی – پێویستە بزانیت لە چ ئاستێکی خولگەی زەویت و هەروەها ئەو ئامانجەشی کە بۆی دەچیت، پێویستە بزانیت کە لەو سات و کاتەی تۆ پێی دەگەیت، دەگات بە چ ئاستێک لە خولگەکەی خۆی! واتە، تۆ کە لێرەوە دەردەچیت، ئامانجی تۆ ڕاستەوخۆ ئەو خاڵە نییە کە تەنەکە لێیەتی لەم ساتە دیاریکراوە. تۆ چەندەها ڕۆژت پێدەچێت تاکوو دەگەیت، مەگەر نابێت بزانیت کە لەو ڕۆژەی پێی دەگەیت ئەو تەنە لە چ ئاستێکە لە خولگەکەی خۆی؟ ئەگینا بە هیچ ناگەیت جگە لە بۆشاییەکی بەتاڵ. ئەمەش، بە لەبەرچاوگرتنی هەژماری هەردوو خاڵەکانی پێشووتر – دووری و ئاڕاستە لەگەڵ خێرایی و تاودان – ئەنجام دەدرێت بە یەکخستنەوەیان لەگەڵ هەژماری ڕەوتی خولگەیی تەنی ئامانج.

4. بزوێنەر و سیستەمی پاڵنەر؛ دەزانیت چ بزوێنەر و سیستەمێکی پاڵنەر بە چ ئاستێکی بەرزی تەکنەلۆژی پێویستە تاکوو بتوانێت تۆ لە هێزی کێشکردنی زەوی دەربکات و هەروەها بڕێکی خێراییشت پێبدات تا لە کاتی دەستنیشانکراو بتگەیەنێت بە تەنی ئامانج لەو ئاستەی خولگەکەی خۆی کە دیاریت کردووە بۆ گەیشتن؟ واز لە هەموو ئەو هەژمارە بیرکارییەکە بهێنە کە لەم حاڵەتەدا پێویستە، گریمان ئێمە کەشتییەوانی گەشتکردووین نەک بیرکاریزان و ژمێریاران؛ لێرەدا، ئەوەی بۆ ئێمە گرنگە بریتییە لە توانای کارامەیی بزوێنەر و هەروەها هێزی پاڵنەریی کەشتییەکەمان. بەڵام، تاکوو ئەمڕۆش لە ئەرکەکانی بۆشاییدا، چەندان ڕووداوی چاوەڕوان نەکراو ڕوودەدات کە بزوێنەرەکانی کەشتییە ئاسمانییەکان یاخود پاڵنەرەکانیان شکست دەهێنن و هەر لەگەڵ تەقینەوە، ژیانی سەرجەم کەشتییەوانانیش لەگەڵیاندا لەناودەچێت. سەرەڕای ئەو هەموو گەشتەش کە بەسەرکەوتووانە ئەنجاممان داوە و گەڕاوینەتەوە بۆ سەر زەوی، هێشتاش نەمانتوانیوە بزوێنەرێک و سیستەمێکی پاڵنەری بە ڕێژەیەکی سەرکەوتوویی 100% بۆ کەشتییە ئاسمانییەکانمان تەرخان بکەین.

5. ڕێنیشاندەر و سیستەمی ڕێبەری؛ ئەگەر تەنانەت توانیت بەخێرایی گونجاو و ئاڕاستەی تەواویش لە زەوییەوە دەربچیت بۆ تەنی ئامانج، ئەوە تۆ باسی هەژمارێکی بیرکاری ئەوەندە زۆر و گەورە دەکەیت کە ناتوانیت بە هیچ شێوەیەک بڵێیت بە ڕێژەی 100٪ وەکوو خۆی دەردەچێت هەروەکوو ئەوەی کە پێشبینیم بۆی کردووە. بۆیە، ئەگەر هەر هەڵەیەکی نەخوازراو و بەلاڕێدا ڕۆیشتنێک هەبوو لە کەشتییە ئاسمانییەکەدا، ئەوە پێویستە سیستەمی ڕێنیشاندەری بنیاتنراو لەسەر نەخشەی ئەستێرەکان هەبێت لەگەڵ بزوێنەری یەدەگدا تا لەو حاڵەتانە بتوانێت ئاڕاستەی کەشتییە ئاسمانییەکەت ڕێک بکاتەوە.  

6. سیستەمی ژیوەر؛ تۆ مرۆڤ دەنێریت و هەڵدەگریت لەناو کەشتییە ئاسمانییەکەدا، بۆیە پێویستیت بە چەندین سیستەمی جۆراوجۆر دەبێت بۆ دابینکردنی خواردن و ئۆکسجین، جێگیرکردن و هاوسەنگی پلەی گەرمی، هەروەها تەنانەت ڕەچاوکردنی پاشەڕۆ و هەر پێداویستییەکی تر کە کەشتییەوانان پێویستیان پێی دەبێت بۆ مانەوە لە ژیان.

7. پەیوەندی؛ سیتەمێک کە بتوانێت بەردەوام لە پەیوەندیدا بتهێڵێتەوە لەگەڵ وێستگە و ناوەندەکانی سەر ڕووی زەوی، خاڵێکی بنچینەییە و لە هەر حاڵەتێکی پچڕانی پەیوەندیدا ئەوە کەشتییەوانان بەتەواوەتی سەربەخۆ دەمێننەوە و لەوانەیە تووشی هەر شتێکی چاوەڕواننەکراو بن کە دەکرێت بیری لێبکرێتەوە! چونکە، ئەو هەژمار و داڕشتانەی کە لە وێستگە و ناوەندەکانی سەر ڕووی زەوی دەکرێت، لەگەڵ ئەو پاڵپشتییانەی کە دەکرێت بنێردرێت و ئەو ڕێنماییانەش کە دەکرێت ببەخشرێت، زۆر وردتر و بەرفراوانترە وەکوو لەوەی کە کەشتییەوانان خۆیان دەتوانن بیکەن لەسەر خۆیان لەناو کەشتییە ئاسمانییەکەدا. جگە لەوەش، تەنها بڕۆ گوێ لە چیرۆکی ئەو کەشتییەوانانە بگرە کە پەیوەندییان بچڕاوە لەگەڵ زەوی و بەتەنها لە بۆشایی دوانەهاتوودا ماونەتەوە؛ بزانە بە چ بارودۆخێکی ترسێنەر و تێکچوونێکی دەروونیدا ڕۆیشتوون.

8. ماوەی ئەرک؛ تۆ نەک هەر تەنها دەبێت بیر لەوە بکەیتەوە کە چەندت پێدەچێت تاکوو دەگەیت بە ئامانجی دەستنیشانکراو، بەڵکوو دەبێت بیر لەوەش بکەیتەوە کە ئایا لەو کاتەدا تۆ دەتوانیت ئەرکەکە بەسەرکەوتوویی تەواو بکەیت و بگەڕێیتەوە؟ بۆ نموونە، ئەو پێداویستیانەی کە دەتوانیت تەرخانی بکەیت بۆ کەشتییەوانان، بەرگەی ئەو هەموو ماوەیە دەگرێت؟ ئایا ئەو زیانە جەستەییەی کە لە تیشکدانەوەی بۆشاییدا ڕووبەڕووی دەبنەوە لەو ماوەیە، کەشتییەوانان تووشی شێرپەنجە و هەر نەخۆشیییەکی تر ناکات؟ و هەروەها.

9. مەترسی دیاردەکانی بۆشایی؛ لە بۆشاییدا، چەندان دیاردەی چاوەڕواننەکراو بوونی هەیە. بۆ نموونە، تەنها یەک نەزەکێکی وردیلەی زۆر بچووک هەر بە قەبارەی بەردێکی ئاسایی، دەکرێت بەر کەشتییە ئاسمانییەکەت بکەوێت و ببێتە هۆی تێکچوونی تەکنینی و دواکەوتن لە ماوەی تەواوبوونی ئەرکەکەت بەهۆی چارەسەرکردنی کێشە تەکنیکییەکە. یاخود، لە حاڵەتێک کە کەشتییەوانان لە دەرەوەی کەشتییە ئاسمانەکەن، ئەگەر هاتوو بەر ئەوان بکەوێت ئەوە ڕاستەوخۆ دەبێتە هۆی مردن و ئەو بەرگەشی کە پۆشیویانە ناتوانێت پارێزگاریان لێبکات! ئەگەر تەنانەت بەر خودی خۆشیان نەکەوێت بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ، دەکرێت لە دەرەوە بن و ئەو نەیزەکە وردیلەیە بەر بەشێکی کەشتییە ئاسمانییەکە بکەوێت بۆ تێکشکاندن و پەرشکردنەوەی وردیلکەی بەشە تێکشکاوەکە بە هەموو لایەکدا و دەرەنجام تەنها یەک لەوانە بەر بەرگی کەشتییەوانەکە بکەوێت و ببێتە هۆی مردن.

10. EDL؛ ئەمە کورتکراوەیە بۆ (Entry, Descent and Landing)، کە مەبەست لێی ئەوەیە تەنها مەرج ئەوە نییە تۆ بتوانیت کەشتییەکە لە سەر ڕووی زەوی دەربکەیت تا لە بەرگەهەوا دەربچێت و بکەوێتە سەر ڕێڕەوی خۆی، بەڵکوو هەر کە گەیشتیت بە تەنی ئامانجیش، چۆن بتوانیت بەسەلامەتی بنیشیتەوە بێ تێکشکان و سەرهەڵدانی هەر کێشەیەکی تەکنیکی؟ پاشانیش، دوای تەواوکردنی ئەرکەکەت لە تەنی ئامانج، چۆن بتوانیت لەوێ دەربچیتەوە و کەشتییەکە بیخەیتەوە سەر ڕێڕەوی خۆی بۆ گەڕانەوە بەرەو زەوی؟ هێشتاش، کە گەیشتیتەوە سەر زەوی، چۆن بتوانیت کەشتییەکە بەسەلامەتی بنیشێنیتەوە بە ژیانی سەرجەم کەشتییەوانانی ناوی؟ لە هەموو ئەو گەشتانەی کە بۆ مانگ کراوە، دوای دەرچوون لە زەوی و گەیشتن بە مانگ، سەختی لە نیشتنەوە و پاشان دەرچوون نەبووە لە مانگ! چونکە مانگ بەرگەهەوایەکی زۆر تەنک و کێشێکی زۆر کەمیشی هەیە. بەڵکوو، کێشە لە نیشتنەوە هەبووە لەسەر زەوی! کە، کاتێک کەشتییە ئاسمانییەکەت دەگەڕێتەوە ناو بەرگەهەوای زەوی و دووبارە ڕووبەڕووی ئەو هەموو کێشە زۆرەی هەسارەی زەوی دەبێتەوە، چۆن دەتوانیت وای لێبکەیت بەسەلامەتی بنیشێتەوە؟ دەزانیت کە تا ئەم ماوانەی کۆتاییش سەرجەم گەشتەکان کە لە بۆشاییەوە گەڕاونەتەوە لەلایەن ناسا، هەمووی دوای گەیشتنەوە بە زەوی لە زەریاکاندا فڕێدراونە خوارەوە؟ چونکە نەتوانراوە سیستەمێکی نیشتنەوەیان بۆ دابنرێت کە بتوانێت هەم ژیانی کەشتییەوانان و هەمیش کەشتییە ئاسمانییەکە بەزیندوویی بهێڵێتەوە – تۆ نازانیت ئەو کەشتییە ئاسمانییە هەر کە هاتەوە ناو بەرگەهەوا زەوی ئیتر بە چ خێراییەک دەست دەکات بە کەوتنە خوارەوە! تەنها لەم ساڵانەی دوایی، دەزگاکەی SpaceXـی ئیلۆن مەسک توانی کەشتییەکی ئاسمانی درووست بکات کە هەم دەتوانێت دەربچێت لە هەسارەی زەوی و هەمیش بنیشێتەوە بەسەلامەتی؛ ئەمە، دەستکەوتێکی ئەوەندە گەورە و مەزن بوو، کە لەدوای کارەکانی ڤارنەر ڤان بڕۆن، یەکێکە لەو بەدەستهاتانەی چارەنووسی گەشتی بۆشایی بە بازێکی زۆر گەورەوە بەرەو پێش هەڵدەدات – هەروەک ئەو گەشتانەی کە ئیلۆن مەسک لە پلان دایناوە بۆ سەر مەریخ. کەشتییەکی ئاسمانی کە بتوانێت خۆی بنیشێتەوە بێ هەبوونی هیچ کێشەیەک، سەرەڕای ئەوەی کە ئەرکەکەت ئێجگار زۆر ئاسانتریش دەکات، ئەی ئەو هەموو تێچووەی کە بۆت قەرەبوو دەکاتەوە تاکوو بۆ گەشتێکی تر تۆ کەشتییەکی تری ئاسمانی سەرلەنوێ درووست نەکەیتەوە؟ بەڵام، سوپاس بۆ ئیلۆن، ئیتر گەیشتووین بە قۆناغێک کە پێویست نەکات بۆ هەر تاکە ئەرکێک تەنها یەک کەشتی درووست بکەین و فڕێیان بدەینە ناو زەریاکانەوە.

 

ئێستا، لەکوێین ئێمە؟

ئاستی کەشتییە ئاسمانییەکانی سەردەم، بۆ بەدیهێنانی هەر یەک لەم خاڵانەی کە ئاماژەم پێیدا، ئەوەندە نزمە کە ئەگەر هاتوو بەراوردی بکەم بە شتێک تا تێبگەیت، ئەوە لە قۆناغێکین وەکوو ئەوەی کە تازە مرۆڤایەتی ئاگری دۆزیبێتەوە! چەندەها بەرەوپێشچوونی تەکنەلۆژی و داهێنانی نوێتر پێویستە تاکوو تەنها ئەم چەند خاڵە بۆ کەشتییەکی ئاسمانی بەتەواوەتی بەدیبهێنرێت و بڵێین: سوپاس بۆ خوا، کەشتییەکی ئاسمانی ڕێکوپێکمان درووست کرد کە هیچ کەموکوڕییەکی بنچینەیی و سەرەتایی نەبێت لە گەشتکردن بە بۆشاییدا. بەڵام، بوەستە! تۆ باسی چ گەشتێکی بۆشایی دەکەیت؟ مەبەستت ئەو بۆشاییەیە کە تەنها لە کۆمەڵەی خۆری خۆماندا هەیە لەنێوان هەسارە، هەسارۆکە و مانگەکان؟ دەزانیت گەیشتن بە ئاستێک کە کەشتییەکی ئاسمانی وەها درووست بکەین تا بتوانێت بەتەواوەتی گەشت بکات بەناو کۆمەڵەی خۆری، وەکوو چی وایە؟ وەکوو ئەوە وایە بڵێین: سوپاس بۆ خوا، لە کۆتاییدا مناڵەکەم فێری ڕۆیشتن و ڕاکردن کرد تا لەناو کۆڵاندا بتوانێت یاری بکات.

ئێمە تەنها تا گەشتێکی ئاسایی دەکەین بۆ سەر مانگ و دەگەڕێینەوە، وەکوو گەشتەکانی ئەپۆلۆ، چەند ڕۆژێکمان پێدەچێت. پێتوایە کە ئەمە کاتێکی کەمە و زۆرباشە؟ مانگ هەر تەنها 384,400 کیلۆمەتر دوورە لێمانەوە کە ئێمە چەند ڕۆژێکمان پێدەچێت تا دەچین و دێینەوە. بەڵام، دەزانیت مەریخ چەند دوورە؟ 225 ملیۆن کیلۆمەتر. کەوابێت، ئەگەر بەراوردکارییەک بکەین بە هەمان ئاستی خێرایی ئەو کەشتییە ئاسمانییانەی کە ناردوومانە بۆ مانگ تا بزانین چەندمان پێدەچێت بۆ مەریخ، ئەوە ئەو چەند ڕۆژە دەبێت بە چەند مانگێک! ئینجا، هێشتاش مەریخ هەر زۆر نزیکە، ئەی ئەو هەسارە، هەسارۆکە و مانگانەی تر لەناو کۆمەڵەی خۆریمان کە بە چەندەها ئەوەندەی مەریخ دوورترن لێمانەوە؟ ماوەکان دەبن بە ساڵ و چەندان ساڵ، تەنها بۆ یەک گەشت! ... بەڵام، دەتوانین بڵێین کە تەکنەلۆژیمان بەرەوپێش دەڕوات و گومان لەوەدا نییە کە کەشتی ئاسمانی زۆر خێراتر و کارامەتر درووست دەکەین، بۆیە زۆر ئاساییە کە لە داهاتوویەکی نزیکدا ئەو ماوانەی کە ئێستا چەند ساڵێک دەخایەنێت تەنها ببێت بە چەند مانگێک و ئەوانەشی کە ئێستا چەند مانگ دەخایەنێت تەنها ببێت بە چەند ڕۆژێک. خۆ، کێشەکە لەوەدا نییە. من، وەکوو خۆم، بە هیچ شێوەیەک گومانم لەوەدا نییە کە ڕۆژێک لە ڕۆژان، لە داهاتوو، هیچ هەسارە و مانگێکی ئەم کۆمەڵەی خۆرییە نامێنێت بە چەند هەسارۆکەیەکیشەوە کە ئێمەی مرۆڤ نەتوانین سەردانی بکەین. بەڵام، ئەوانە نزیکن! من سەرەتا بە ژمارە گەورەکان سەرسامت دەکەم تاکوو بزانیت کە ئەوەی ئێمە باسی دەکەین چەندە سەختە، بەڵام لە کۆتاییدا هەمیشە شتێکی تریشم هەیە تا ئەو ژمارە گەورەیەت بە شتێکی زۆر، زۆر گەورەتر بۆ بچووک بکەمەوە.

 

ڕووانینێک لە گەشتکردن بۆ دەرەوەی کۆمەڵەی خۆری

ئەگەر بیرت بێت لە بابەتی پێشووتر، باسم کرد کە دووری لەنێوان هەر کۆمەڵەیەکی ئەستێرەیی بۆ کۆمەڵەیەکی تری ئەستێرەیی بە سەدان هەزار یەکەی AU زیاترە، وەکوو لە هەر تەنێکی ناو یەک کۆمەڵەی ئەستێرەیی بۆ تەنێکی تر لەناو هەمان کۆمەڵەی ئەستێرەیی. ئەوکات، باسی ساڵی ڕووناکیم نەکرد – چونکە پێویست نەبوو، کاتێک کە باس لە خودی کۆمەڵەی خۆری دەکەیت، یەکەیەکی بچووکی وەکوو AU بەسە. بەڵام لە گەشتکردن بە بۆشاییدا بۆ دەرەوەی کۆمەڵەی خۆری، ئای هاوڕێ! هیچ شتێک دادت نادا جگە لە ساڵی ڕووناکی ...

ساڵی ڕووناکی: بریتییە لە دوورییەی کە ڕووناکی دەتوانێت ببیبڕیت بە بۆشاییدا لەماوەی یەک ساڵدا. بەڵام، جارێ بزانە کە خێرایی ڕووناکی چەندە: (229,792 کیلۆمەتر لە هەر چرکەیەکدا). واتە، بەو خێراییە زۆرە، ڕووناکی دەتوانێت چەند بڕوات بەناو بۆشاییدا، ئەوە بەو دوورییە دەڵێن یەک ساڵی ڕووناکی.

ئەگەر بیرتبێت، باسی ئەستێرەی Proxima Centauriـم کرد – نزیکترین ئەستێرە لێمانەوە؛ لە دەرەوەی کۆمەڵەی خۆری. هەورەها، کە دوورییەکانمان بە یەکەی AU دەردەبڕی، ئاماژەم بەوەدا کە بەنزیکی 267,500 یەکەی AU لێمان دوورە. ئەی، دەزانیت ئەو دوورییە چەند دەکات بە ساڵی ڕووناکی؟ 4.24 ساڵی ڕووناکی. واتە، ئەگەر تەنانەت تۆ بتوانیت بەخێرایی ڕووناکی – نزیکەی 300,000 کیلۆمەتر لە یەک چرکەدا – بڕۆیت، ئەوە هێشتاش 4 ساڵ و چەند مانگێکت پێدەچێت تا تەنها دەگەیت بەو نزیکترین ئەستێرەیە لێمانەوە لە دەرەوەی کۆمەڵەی خۆری، ئینجا دواتریش گەڕانەوە ... نازانم، پێویست دەکات بەراوردکاری ئەمەت بۆ بکەم لەگەڵ کەشتییە ئاسمانییە سەردەمییەکان تا بزانین چەندیان پێدەچێت؟ نەخێر، پێویست ناکات، دەزانیت بۆچی؟ چونکە نەک کەشتییە ئاسمانییە سەردەمییەکان، بەڵکوو ئەگەر هاتوو کەشتییەکی ئاسمانیمان درووستکرد کە لە هەموو ڕوویەکە نایاب بوو و لە هیچی کەم نەبوو لەو ڕووانەی کە باسم کرد و خستمەڕوو و هیچ کێشەیەکیشی تێدا نەبوو، ئەوە هێشتاش تەنانەت ئەو کەشتییە ئاسمانییەش ناتوانێت بەو خێراییە بڕوات! گەیشتن بە خێرایی ڕووناکی، مەحاڵە – هەر بە واتای خودی وشەی مەحاڵ، مەحاڵە. چونکە هەر شتێک کە تەنها تۆزقاڵێک بارستایی هەبێت بە بڕێکی ئەوەندە کەم کە هەر تەنها چەند گەردێکیش بێت، ناتوانرێت بەو خێراییە پاڵبنرێت و بجووڵێنرێت. کاتێک کە هەر ماددەیەک دەگات بە خێرایی ڕووناکی، ئەوە دەگۆڕێت بۆ وزە و چیتر تەنانەت وەکوو ماددەش بوونی نامێنێت! چ جا، باسی ئەوە بکەیت کە تۆ کەشتییەکی ئاسمانی گەورە و زەبەلاح بەو خێراییە بە بۆشاییدا بەڕێبکەیت؟ تەنها یەک وشە هەیە بۆ وەڵامی ئەمە و بەس: مەحاڵ.

لەوانەیە بڵێیت، باشە، ئەی چی دەربارەی کەشتییەکی ئاسمانی کە نەگات بە خێرایی ڕووناکی، بەڵکوو تەنها لەو خێراییە نزیکبێتەوە و لە باری ماددیی جێگیری خۆیدا بمێنێتەوە؟ بیرۆکەیەکی جوانە! بەڵام، یەکەم: چۆن و لەکوێ ئەو وزەیە بۆ کەشتییەکی ئاسمانی دابین دەکەیت تا پاڵی بنێیت بە خێرایی نزیک لە خێرایی ڕووناکی؟ هەروەها، دووەم: ئەگەر بە خودی خێرایی ڕووناکی تەنها بۆ نزیکترین ئەستێرە 4 ساڵ زیاترت پێبچێت تا دەگەیت، ئەوە هێشتاش ماوەی تێچوو بۆ هەر گەشتێکی چوون و هاتنەوە، بە خێراییەکی زۆر نزیکیش لە خێرایی ڕووناکی نەک هەر نزیکییەکی ئاسایی، تەنها بۆ نزیکترین ئەستێرە کەمتر نییە لە 10 ساڵ! ... پێتوایە کە گەڕان بەناو بۆشایی گەردووندا، بەم شێوەیە دەکرێت؟

 

هەوڵ و کۆششە سەردەمییەکان لە بەرەوپێش بردنی سیستەمە پاڵنەرییەکان

سیستەمە پاڵنەرەکانی ئەمڕۆ کە بۆ کەشتییە ئاسمانییەکان هەمانە: پاڵنەری کیمیایی (Chemical Propulsion هەرگیزاوهەرگیز لەو ئاستە نییە تا بتوانێت گەشتی نێوئەستێرەیی پێ ئەنجام بدرێت. لەدوای ئەمیش، بەهێزترین و کاریگەرترین سیستەمی پاڵنەری کە ئەمڕۆ هەمانە و دەتوانین سوودی لێوەربگرین بۆ گەشتی بۆشایی، بریتییە لە پاڵنەری ئایۆنی (Ion Thruster). ئەگەرچی لەوانەیە ئەم جۆرە پاڵنەرە لە توانایدا هەبێت بمانگەیەنێت بە خێراییەکی ئێجگار زۆری لە ڕادەبەدەر، بەڵام کێشەیەکی هەیە، ئەویش ئەوەیە کە ئەم جۆری پاڵنەرە لە خێراییەکی دیاریکراوەوە دەست پێناکات و هەروەها ناشتوانرێت خۆویستانە دەستەمۆی تاودانەکەی بکرێت. بەڵکوو، خۆی لە بڕێکی کەمی دیاریکراوەوە دەستپێدەکات و بەپێی کات هەر زیاد دەکات و زیاد دەکات. ئەگەرچیش دەتوانێت، لە کۆتاییدا، لە ڕادەبەدەر خێرایی زۆر بکات. بەڵام، کە تۆ باسی گەیشتن بە خێرایی نزیک لە خێرایی ڕووناکی دەکەیت بۆ گەشتی دەرەوەی کۆمەڵەی خۆری، ئەوە کاتێکی ئەوەندە زۆری پێدەچێت کە، بەداخەوە، ناتوانرێت سوودی لێ وەربگیردرێت و ئەوەی کە بە لایەنی کەمەوە هەر سەرزارەکی هەژمارم کرد بە 10 ساڵ، هێشتاش درێژتر دەبێتەوە بە چەندان و چەندان ساڵ.

جگە لە پاڵنەری کیمیایی ئاسایی و، ئەم جۆرەی پاڵنەرەی ئایۆنی، هیچی تری کردەییمان نییە تا ئەمڕۆ. ئەگەرچی، چەند جۆرێکی تری پاڵنەر هەیە کە لە ئێستادا تەنها لە پەرەپێدان و گەشەسەندن دایە، بەڵام هێشتاش بەرەوپێچوونی زۆری تەکنەلۆژی ماوە تاکوو بتوانرێت بکرێن بەکردەیی. وەکوو: پاڵنەری چارۆکەی لەیزەری (Laser Sail Propulsion) و پاڵنەری چارۆکەی خۆری (Solar Sail Propulsion کە، هەردووکیان لەسەر هەمان بنەمای پەستانی ڕووناکی کاردەکەن. لە هەردوو جۆردا، چارۆکەیەکی کانزایی لەسەر کەشتییە ئاسمانییەکە جێگری دەکرێت، تا بتوانێت ئەو فۆتۆنانە بگێڕێتەوە و بداتەوە کە تێی دەگیرێت – لە جۆری یەکەم لە سەرچاوەیەکی لەیزەری و جۆری دووەم لە  سەرچاوەیەکی خۆری. لە ئەنجامی گێڕانەوە و دانەوەی فۆتۆنەکان، تەوژمێک پەیدا دەکات کە دەتوانێت بەخێرایی پاڵی بنێتە پێشەوە و کەشتییە ئاسمانییەکە بەڕێبکات. چارۆکە خۆرییەکە کەمتر کارایە بەوەی کە هەمیشە پێویستی بە سەرچاوەیەکی خۆری هەیە و لەناو کۆمەڵەی خۆریماندا تەنها یەک خۆرمان هەیە. بەڵام، ئەوەی دووەمیان بەشێوەیەکی گریمانیی دەکرێت زۆر کاراتربێت. چونکە، نەک هەر تەنها لەسەر ڕووی زەوی، بەڵکوو دەتوانین چەند سەرچاوەیەکی لەیزەر لە خولگەی زەویش دابنێین و لەجیاتی یەک دانە، چەند دانەیەک لە یەک ساتی دیاریکراودا تیشکۆ بخەنە سەر چارۆکەی کەشتییە ئاسمانییەکە و زۆر بەتوندی پاڵی بنێن. هێشتاش! ئەگەر هاتوو فراوان بووین و چەند بنکەیەکمان هەبوو لە چەند خاڵێکی دیاریکراوی کۆمەڵەی خۆری، ئەوە ئەوسا چەند سەرچاوەیەکی پاڵنەری لەیزەری جێگیر بکەین بۆ کەشتییە ئاسمانییەکانمان لە شوێنی جیاواز و، بەکورتی و پوختی، سیستەمێک بنیاتدەنێین وەکوو ئەوەی کە ڕێگە و ڕێچکەی دیاریکراومان درووستکردبێت لەنێوان هەر تەنێکی کۆمەڵە خۆرییەکەمان بۆ تەنێکی تر کە هەموو ڕێچکەکان لە زەوییەوە دەردەچن و بۆ زەویش دەگەڕێنەوە؛ ئەوسا، دەشێت لەجیاتی ڕۆمای کۆن، بوتورێت: (All roads lead to Earth).

بەڵام، ئایا دەتوانین هەریەک ئەم دوو سیستەمە بەکاربهێنین بۆ گەشتی نێو-ئەستێرەیی؟ نەخێر! هەر خودی بنەمای کارکردنی ئەم دوو سیستەمە، لەسەر سەرچاوەیەکی فۆتۆنییە. تاکوو کەشتییە ئاسمانییەکە لە سەرچاوە ڕووناکییەکە دوورتر بکەوێتەوە، ئەوە هێزی پاڵنەری کەمتر دەبێتەوە چونکە بڕێکی کەمتری لە فۆتۆنەکان پێ دەگات. بەڵام، ئەگەر هاتوو هەر یەک لەم دوو جۆرە خرایە بوارێکی کردەییەوە، ئەوە ئەوەندە کارا دەبن کە گەشتی نێو-هەسارەیی ئەوەندە سادە و ئاسان دەکەن کە هیچ ئاستەنگییەکمان نامێنێت بۆ گەڕان لەناو خودی کۆمەڵەی خۆریی خۆمان.

بەڵام، جۆرێکی تریش هەیە، سیستەمێکی تری پاڵنەری کە لەوانەیە – تەنها لەوانەیە – بتوانێت گەشتمان پێبکات بۆ دەرەوەی کۆمەڵەی خۆری: پاڵنەری ناوکی (Nuclear Propulsion). بنچینەی ئەم جۆرە پاڵنەرە، بەندە بە وزەی دەرچوو لە کارلێکی ناوکییەوە – هەروەک چەکە ناوکییەکان. ئەگەرچی، هەروەک گریمانە دەکرێت، گومان لەوەدا نییە کە خێرایی بەدەستهێنراو لەم جۆرە پاڵنەرە زۆر زیاترە وەکوو لە هەر جۆرێکی تری ناوبراو. بەڵام، ئایا بەسە بۆ گەشتی نێو-ئەستێرەیی؟ وەڵامی ئەمەیان، "مەحاڵ" نییە، بەڵکوو تەنها: "لەوانەیە." هێشتاش، بە سیستەمێکی لەم شێوەیەش، چەندین دەیە و هەتا سەدان ساڵیشمان پێدەچێت بۆ گەشتکردن بەرەو دەرەوەی کۆمەڵەی خۆری. دەبینیت؟ تەنانەت هێشتاش ئەمە ماوەیەکی زۆرە، بەڵام کە تەنیا وتم "لەوانەیە،" هۆکار ئەوەبوو کە ئەم دەرەنجامە تەنها گریمانەیە و مرۆڤایەتی هەر کات گەیشت بە ئاستێک کە پاڵنەرێکی ناوکی بۆ کەشتی ئاسمانی درووست بکات، ئەوە شتی تریش دێتە ئاراوە.

 

کەوابێت، دەرەنجام بوو بە چی؟

بەکورتی و پوختی، ئەو دەرەنجامەی کە من پێشکەشی تۆی دەکەم ئەوەیە کە ... گەشتکردن بەناو کۆمەڵەی خۆری و گەڕان بە هەموو سووچێک و تەنێکی؟ تەنها پێویستی بە کاتە و هیچیکە. بەڵام، دەرچوون لە کۆمەڵەی خۆری "لەڕێگەی گەشتکردن بەناو بۆشایی؟" مەحاڵە. تەنها مەگەر بارودۆخ و حاڵەتی زۆر لەبار و تایبەت بێتە ئاراوە، ئینجا ئەم "مەحاڵییە" دەکرێت ببێت بە "لەوانەیی." نموونەش بۆ حاڵەتی بوون بە لەوانەیی، وەکوو درێژبوونی تەمەنی مرۆڤ؛ بوارێک کە کاری زۆری لەسەر دەکرێت و پەرەی خێرای پێدەدرێت. ئەگەر هاتوو سەرکەوتووش بوو، ئەوە ئەو گەشتانەی چەندان ساڵی پێدەچێت لەوانەیە ئاستەنگییەکی هێندە سەختیش نەبێت. یاخود، ناردنی ڕۆبۆت و ژیری دەستکرد لەجیاتی مرۆڤ؛ کە، ئەمەشیان دەکرێت ببێتە ڕێڕەوێکی تر بۆ ڕووانین بەسەروو ئەو ماوەیەی گەشتەکان دەیخایەنێت. بەڵام، ئەگەر بێتوو باسی گەشتی دەرەوەی کۆمەڵەی خۆری بکەیت بە کەشتییەوانی مرۆڤی ئەمڕۆ بەم بارودۆخەی ئێستا، نەک هەر تەنها بۆ سەردانی کردن و گەیشتن بەڵکوو تەنانەت بۆ ئاستێک کە هاتوچۆی پێدابکرێت و لێکۆڵینەوەی تێدا بکرێت، ئەوە دڵنیابە لەوەی کە دەبێت بۆ بەدەستهێنانی ئەمە ڕێگەی "گەشتکردن بە بۆشاییدا" بەلاوە بنرێت و پەنا بۆ ڕێگەی تر ببردێت.

 

زۆرترین بینراو

developed by Scorpion shield