کە دەڵێن گەردوون زۆر گەورەیە و بۆشایی زۆر فراوان؛ واتە چەند گەورەیە و چەند فراوان؟
بڵاوکردنەوە:
زنار بابەکر
نووسەر:
زنار بابەکر
بینراو:
387
بەش:
زانست
ئەوەی کە تاکوو ئێستا زۆرینە ناتوانێت لێی تێبگات و مێشکی قبوڵی بکات، ئەوەیە کە هەر بەڕاستی بۆشایی چەندە فراوان و زەبەلاحە و هەروەها لە نێوان هەر دوو تەنێکی دیاریکراودا چەندە دوورییەکی بڕواپێنەکراو بوونی هەیە! واتە، تۆ پێتوایە ئەو مانگەی کە بە کامێرای مۆبایلە زیرەکەکەت دەتوانیت نزیکی بکەیتەوە و تیشکۆی بخەیتە سەر بۆ وێنەگرتن، ئەوەندە نزیکە لێتەوە؟ دەزانیت بە بڕی کیلۆمەتر مانگ چەند دوورە لێمانەوە؟ (سێ سەد و هەشتا و چوار هەزار و چوار سەد کیلۆمەتر!) ئەوەم بە وشە بۆ نووسیت لەجیاتی ژمارە، تاکوو بەتەواوەتی بە دەم بیخوێنیتەوە و بزانیت کە هەر بە وتن لە دەم خۆشە ئەو ژمارە. هەڵنەخەڵەتێی بەوەی کە تاکوو ئێستا لە پەڕاوەکانی سەرجەم پەرتووکەکاندا بینیوتە کاتێک زەوی و مانگ لای یەک دەکێشن، هەر تەنها دوو یا سێ پەنجەیەک لە یەک دوورتر دایان دەنێن، وا بزانیت کەوابێت دەبێت زۆر لە یەکتر نزیک بن. ئەگەر بێتوو هەژماری دووری ڕاستەقینەی نێوان مانگ و زەوی وەربگریت و بەشێوەیەکی ڕێژەییانە بچووکی بکەیتەوە بۆسەر ئاستی پەرتووکێک بێ ئەوەی کە حەقی تەواوی دووری ڕاستەقینەی نێوانیان بخۆیت، ئەوە دەبێت زەوی لە پەڕەی یەکەم و مانگ لە چەند پەڕەیەکی زۆر دواتر دابنێیت و بنووسیت: ئەمە بریتییە لە زەوی (لە پەڕەی یەکەم) ... ئینجا، چەند پەڕەیەکی زۆر هەڵبدەیتەوە و هەمووی بەتاڵ جێبهێڵیت ئینجا بنووسیت: ئەمەش بریتییە لە مانگ (نزیکترین تەنی گەردوونی لێمانەوە).
سەرت نەسوڕمێ! ئەوە نزیکترین تەنی گەردوونییە لێمانەوە، من جارێ هەر تەنانەت دەستم پێنەکردووە. لەدوای مانگ، نزیکترین تەنی گەردوونی چیمان هەیە؟ مەریخ. پێش ئەوەی پێت بڵێم مەریخ چەند دوورە؛ ئێستا کە بیرۆکەیەکی بچووک و سادەت هەیە لەوەی کە مانگ هەر بەڕاستی چەند دوورە لێمانەوە، دەزانیت چ هەوڵ و کۆششێکی نزیک لە مەحاڵ و ئەستەم بووە کاتێک کە مرۆڤایەتی توانیویەتی تا ئێستا نەک یەک، دووان و سیان، بەڵکوو زیاتر لە دە کەسیش بنێرێتە سەر مانگ و چەند گەشتێکیشی بۆ بکات نەک هەر تەنها یەک؟ من هەر باسی ئەوەم بۆ نەکردووی کە گەشتکردن بەناو بۆشایی ئاسماندا چۆن دەکرێت و چ بەربەست و ئاستەنگییەکی تێدا هەیە (کە ئەگەر ئەوانەت بۆ باس بکەم ئەسڵەن بۆت دەردەکەوێت کە دووری سادەترین شتە!)، بەس تەنها دووری نێوانیانم پێ وتوویت و هیچیکە. ئاخر، وەرە گریمانە بکەین کە تۆ ئەگەر بە خودڕۆیەک بە خێرایی 100 کیلۆمەتر لە هەر کاتژمێرێک بڕۆیت بەردەوام بەبێ وەستان، ئەوە دەزانیت چەندت پێدەچێت تا دەگەیتە سەر مانگ؟ 160 ڕۆژ. لە کاتێکدا، ئەگەر بە هەمان ئەو خێرایی 100 کیلۆمەتر لە هەر کاتژمێرەدا بتەوێت لەسەر هێڵی کەمەریی بەدەوری زەوی سووڕ بکەیتەوە بێ وەستان تا دەگەیتەوە شوێنی خۆت، تەنها شەش کاتژمێرێکت کەمتر پێدەچێت لە 16 ڕۆژ! واتە بەو 160 ڕۆژەی کە تۆ پێتدەچێت تاکوو دەگەیتە سەر مانگ بەو خێراییە، دەتوانیت دە جار بەدەوری زەویدا بخولێیتەوە. جا، ئێستا، وەرە هەموو ئەم خەمڵاندنانە بۆ مەریخ بکە کە (دوو سەد و بیست و پێنج ملیۆن کیلۆمەتر) لە زەوییەوە دوورە! هەر بەڕاستیش، خەڵک هەیە کە زۆر لای فشەیە کاتێک کە یەکێکی وەکوو ئیلۆن مەسک (دەوڵەمەندترین پیاوی جیهان) دەبینێت و دەڵێت مرۆڤ دەنێرم بۆ مەریخ؛ دەڵێن جا بۆ ناتوانێت، پارەی هەموو دنیای هەیە! ئاخر، بابەتەکە هیچ پەیوەندی بە پارەوە نییە، تۆ ناتوانیت دووری ئەو خاڵە بچووکە سپییە بهزرێنیت لە ئاسمانی شەو کە ئەگەرچی نزیکترین هەسارەیە لێمانەوە، بەڵام بەم وشەی "نزیکترینە" هەڵمەخەڵەتێ و وا نەزانی کە ئەوەندەش نزیکە. من و تۆی مرۆڤ، لەسەر هەسارەیەکی خاکی و ئاویدا دەژین، کە وا ژمارەمان گەیشتووە بە 8 ملیار کەس و هێشتاش ڕووبەڕی ڕووی ئەو خاکەمان هەمووی داگیر نەکردووە کە تەنها 29% هەسارەکەمان پێکدەهێنێت، لە کاتێکدا کە ئەو بەشەی ڕێژەی %71 پێکدەهێنێت لە ئاو هێشتاش وەکوو دیوێکی تری نەزانراو و نەبیراو وایە و هەر خۆی دنیایەکی تری ونە لێمانەوە. جا، وەرە باسی ئەوە بکەیت کە کۆمەڵەیەک لە مرۆڤ بهێنیت و گەشتیان پێبکەیت بۆ دووری 225 ملیۆن کیلۆمەتر و لێگەڕێیت دەست بکەن بە ژیان بۆ بنیاتنانی شارستانیەتێکی تازەی مرۆڤایەتی لە هەسارەیەکی دی؟ ئەم شتانە، هەر بە قسە خۆشە، هاوڕێ! من ناڵێم کە مەحاڵە (مەحاڵی لە ئاستی تەکنەلۆژی و پێشکەوتنی زانستی ئەمڕۆماندا بوونی نەماوە بۆ ئەم ئامانجانە، تەنها پێویستی بە هەوڵ و کۆششی زیاتری بەکۆمەڵی مرۆڤایەتییە)، بەڵکوو ساویلکەیی شتەکە لەوەدا دەبینم کە زۆرینەی هەر زۆر، وا دەزانن کە ئەمانە شتانێکی زۆر سادە و ساکار و ئاساییە.
وێنەیەک لە دیمەنی زەوی لە مانگەوە.
دیمەنی زەوی لە مەریخەوە.
من ناتوانم تەن بە تەنی گەردوون خەمڵاندن بۆ تۆ بکەم تا بزانیت گەردوون چەندە فراوانە. خۆی، من تا ئێستا باسی هەموو کۆمەڵەی خۆرم بۆ نەکردووی، ئیتر گەردوونی چی! لێرە بەدواوە دوو هەژمار هەیە تا خەمڵاندنی پێ بکرێت لە باسی گەردوون، ئەوانیش یەکیان بریتییە لە ساڵی ڕووناکی و ئەوەی تریش بڕی AU کە کورتکراوەیە بۆ یەکەی گەردوونی (Astronomical Unit). بۆ ئەوەی بزانیت هەر بڕێک لە AU دەکاتە چەند، ئەوە 1 AU دانراوە بە دووری نێوان هەسارەی زەوی و ئەستێرەی خۆر، کە دەکاتە 149.6 ملیۆن کیلۆمەتر. هەر تا باشتر بزانیت کە تەنها یەک AU چەندە فراوانە، ئەوە بزانە کە لە بۆشایی ئەو دوورییەی لەنێوان خۆر و زەویدا بوونی هەیە، تۆ دەتوانیت بەنزیکی (یازدە هەزار و حەوت سەد و بیست دانە زەوی) بەدوای یەکدا ڕیزبکەیت هەتاکوو دەگەیت بە خۆر – ئەم ژمارانە، دیسان دەڵێم کە هەر بە وتن خۆشە. بەڵام، هەرچۆنێک بێت، ساڵی ڕووناکی کەمێک سەختە بۆ تێگەیشتن و باشتر وایە AU بەکاربهێنین لە ڕوونکردنەوەدا ...
هەسارەی موشتەری (گەورەترین هەسارەی کۆمەڵەی خۆری)، بە بڕی 5.2 AU دوورە لە زەوی، واتە تۆ دەتوانیت پێنج جار بگەیت بە خۆر تا جارێک بگەیت بە موشتەر. زوحەل بە بڕی 9.5 AU؛ ئۆرانۆس بە بڕی 19.2 AU؛ نیپتۆن بە بڕی 30 AU؛ پلۆتۆ بە بڕی 39.5 AU. ئاگاداربە، هەموو ئەو بڕانەی کە من دەری دەبڕم بۆ هەژماری دووری نێوان هەر تەنێک لە زەوی، ئەوە بڕی ناوەندییە! هەر تەنێک لە ماوەی خولگەی خۆیدا بە دەوری خۆر، دوور دەکەوێتەوە و نزیکیش دەکەوێتەوە لە زەوی، هەروەک چۆن زەوی کە دەخولێتەوە بە دەوری خۆردا ئەوە حاڵەت دەبێت کە نزیکتر دەبێتەوە یان دوورتر دەکەوێتەوە لەو هەسارانە. بەڵام، دەتوانین بە هەژماری دوورترین خاڵ و نزیکترین خاڵیان، ئەم بڕە ناوەندییانە دەربهێنین. پێشت وانەبێت کە ئەم بڕانە زۆرن! ئێمە هێشتا تەنها لەناو کۆمەڵەی خۆرین. ئەگەر نزیکترین تەنی گەردوونی وەربگرین لێمانەوە لە دەرەوەی کۆمەڵەی خۆری خۆمان: ئەستێرەی Proxima Centauri لەناو سیستەمی ئەستێرەی سیانی Alpha Centauri، ئەوە بەنزیکی بە بڕی (دوو سەد و شەست و حەوت هەزار و پێنج سەد یەکەی AU) لە ئێمەوە دوورە! تەنانەت هەتا پلۆتۆش، بڕەکان هەر تا 40 AU بوو، کەچی هەر کە لە کۆمەڵەی خۆری دەرچووین بڕەکان لە دوو سەد هەزار AU تێپەڕی تەنها بۆ نزیکترین تەنی گەردوونی. دەزانیت ئەمە واتای چی؟ واتە دووری نێوان هەر کۆمەڵە ئەستێرەیەک بۆ کۆمەڵە ئەستێرەیەکی تر، بەڕێژەی سەدان هەزار یەکەی AU زیاترە وەک لەنێوان تەنێک بۆ هەر تەنێک تر لەناو یەک کۆمەڵەی ئەستێرەیی. جوان بیر لەمە بکەرەوە، هەر کە پێتدەڵێم تەنها لەناو گەلەئەستێرەی کاکێشانی خۆماندا؛ ئەگەرچی بەتەواوەتی نازانرێت چەند دانە، بەڵام دەوترێت کە سەدان ملیار ئەستێرە بوونی هەیە! جا، ئەگەر بۆشایی نێوان هەر دوو کۆمەڵەیەکی ئەستێرەیی لەناو ئەو سەدان ملیار ئەستێرەیە بە سەدان هەزار یەکەی AUبێت، ئەوە دەبێت فراوانی خودی گەلە ئەستێرەکەمان لەم سەر تا ئەو سەر (واتە تیرەکەی) چەندبێت؟ ... بەنزیکی 6.95 ملیۆن AU – واتە، ئەگەر بتەوێت گەشتێکی ئەم سەر و ئەو سەری گەلەئەستێرەکەمان بکەیت، ئەوە تا جارێک تۆ ئەم گەشتە دەکەیت، لەوانەیە 7 ملیۆن جار بچیتە خۆر – یان 3 ملیۆن و نیو جار بڕۆیتە خۆر و 3 ملیۆن و نیو جار بگەڕێیتەوە زەوی.
ئەرێ؟ نازانم، ئێوەش وان؟ ... من کە مێشکم دەست دەکات بەوەی لە ژمارەکان ئیتر واق وڕبمێنێت، ئەوە پێکەنین دامدەگرێت.
جا، لەوەش خۆشتر، ئەوە هەمووی هەر تەنها باسی یەک گەلەئەستێرەی گەردوون بوو – گەلەئەستێرەی کاکێشان. چۆن دەڵێن سەدان ملیار ئەستێرە لە هەر گەلەئەستێرەیەکدا بوونی هەیە، دەزانیت هەر واش دەوترێت کە لەناو گەردووندا سەدان ملیار گەلەئەستێرە بوونی هەیە؟ ئەگەر بێتوو ژمارەی هەموو ئەو ئەستێرانەی کە لە هەموو گەلەئەستیرەکانی گەردووندا بوونی هەیە کۆی بکەیتەوە، ئەوە زیاترە لەو ژمارەیەی کە بەدەستی دەهێنیت لە کۆکردنەوەی دەنک بە دەنکی لمی سەر ڕووی خاک و ناو زەریا و دەریای هەموو هەسارەی زەوی! جا، ئەگەر دووری نێوان هەر دوو ئەستێرەیەک بە سەدان هەزاران یەکەی AU بێت، ئەوە تۆ دەبێت ژمارەی هەموو ئەستێرە هەژمارنەکراوەکانی گەردوون سەدان هەزار ئەوەندە لێکدان و ئەوەندە بکەیت تاکوو بتوانیت بڕی فراوانی بۆشایی تەواوی گەردوون بەدەستبهێنیت. بەڵام، هێشتاش! ئەوە من تەنها باسی گەردوونی بینراو دەکەم. تۆ دەزانیت کە گەردوون بەردەوام و بەردوام هەر لە فراوانبووندایە و گەورەتر دەبێت، سەرەڕای هەموو ئەم زەبەلاحییەی خۆشی؟ بەڵام ئەگەر گەردوون هەرچەند گەورتریش و گەورەتریشبێت، تەنانەت ئێمە هەر ناتوانین قەت بشیبینین! چونکە، لەدوای سنوور و بەربەستی گەردوونی بینراوەوە، مەودایەک دێت کە تا ڕووناکی ئەستێرەکان دەگات بە هەسارەی ئێمە و توانای ئەوەی دەبێت کە هەموو ئەو دوورییە ببڕیت بە خێرایی ڕووناکی، ئەوە ئەسڵەن تەمەنی خودی گەردوون، خۆی، تەواو دەبێت و کۆتایی پێدێت! واتە، ئەگەر مرۆڤایەتی تەنانەت نەمربێت و ئەوەندەی گەردوون دەتوانێت بژیات ئەویش بژی، ئەوە هێشتاش ئێمە هەموو شتێک لە گەردووندا نابینین.
گەلەئەستێرەی کاکێشان بە سەدان ملیار ئەستێرەوە. ئەگەر ورد سەرنجی وێنەکە بدەیت دەبینیت لەو شوێنەی کە نووسراوە خۆر (Sun)، بازنەیەکی بچووک هەیە؛ ئەمە بریتییە لە مەودای هەموو ئەو ئەستێرانەی تا بەیانی بۆی دابنیشیت لە ئاسمانی شەو ناتوانیت بیژمێریت – ئینجا، بیهێنەرە بەرچاوت ئەو گەلەئەستێرە زەبەلاحەی کە بەتەواوەتی لەو وێنەیەدا دەیبینیت!
ئەمە بریتییە لە هێشووە گەلەئەستێرەی ڤیرگۆ (Virgo Supercluster)؛ هەر خاڵێک لەم وێنەیە بریتییە لە گەلەئەستێرەیەک و ئەو وێنەیەشی کە پێشووتر بینیت لە گەلەئەستێرەی کاکێشانی خۆمان تەنها یەک تاکە خاڵە لەناو ئەم هەموو خاڵە ڕۆشنەدا.