من کچم

بڵاوکردنەوە:

ناوەندی پەڕنووس

نووسەر:

لینا عەبدوڵڵا

بینراو:

325

بەش:

وێژە

من کچم ... من، لێرە، باسی ژيانی کچێک دەکەم کە لە سەدەکانی ڕابردوو ڕوویداوە. نەک تەنها ئەم کچە، بەڵکوو چەندین کچی تر وەک ئەون یاری بە ژیانیان کراوە، وەک بووکەڵەیەک دەستیان بەسەر گرتووە.

 

من شۆلیم، تەمەنم ١٤ ساڵ بوو هاوسەرگیریم کرد. هاوسەرەکەم ٤٠ ساڵ گەورەتر بوو لە خۆم، ناوی (ئەشڤان) بوو. ئەو سەرۆک بنەماڵە بوو، بنەماڵەی ئەو یەکێک بوو لە هەرە خێزانە دەوڵەمەندەکان و خانەدانەکان. ئەو هاوسەری یەکەمی کۆچی دوایی کردبوو. چوار مناڵی هەبوو، کە ئەوانیش ٣ کوڕ و کچێک بوون. ئەو منی هێنا وەک خانمی ماڵەکە بۆ ئەوەی کارەکانی بکەم و ئاگاداری مناڵەکانی بم، بەتایبەت دووانە بچوکەکەی کە تەمەنیان ١٠ ساڵ بوو. کورە گەورەکەی، جیراد، ١٠ ساڵ لە من گەورەتر بوو، هەروەها جیرمی ٢٠ ساڵ بوو، دووانە بچوکەکەش ناویان لۆکاس و لۆلی بوو؛ دایکیان ئەم دوو ناوەی لێ نابوون.

ئەوان زۆر ڕقیان لە من بوو، وایان هەست دەکرد کە من شوێنی دایکیان دەگرم. جیراد و جیرمی ئازاریان نەدەدام، بەڵام ڕقەکەشیان نە دەشاردەوە. لۆکاس و لۆلی بە منیان دەوت دایکی ساختە، زۆریان ئازار دەدام. منیان بەردایەوە لەسەر قادرمەکان و زۆر شتی تر. ڕۆژیکیش، جیرمی کە مەشقی شمشێری دەکرد، لە بەڵەکۆنی سەرەوەی خانووەکە کاتێک زانی من لە باخچەکەم، بەئەنقەست گوڵدانەکەی بەردایەوە. گوڵدانەکە بەخراپی برینداری کردم. شوێنی برینەکە مایەوە کە ئەمەش وای کرد هەرگیز پرچم نەبەستم بۆ ئەوەی شوێنی برینەکە دیارنەبێت. هەر جارێک کە لە خەو هەڵدەستام وەک موعجیزە وابوو. کارەکانی ئەوان هەر بەردەوام بوو بۆ زیاتر لە سێ ساڵ. تا، ڕۆژێک ئەشڤان لە کاتی ئەرکدا بریندار بوو و بەهۆی سەختی برینەکەی کۆچی دوایی کرد. ئیتر، لێرە من بووم بە سەرۆکی خیزانەکە. زۆر سەیرە وەک ئەوەی ئەشڤان بزانێت کە ژیانێکی کەمی ماوە؛ ٦ مانگ پێش ئەوەی بچێتە ئەرکەکەی، منی فێری هەموو شتێک کرد. ئێستا، لەوانەیە بڵێن ئەی جیراد کوری گەورە نەبوو؟ بۆچی نەبوو بە سەرۆک خیزان؟ جیراد تەنها بە دوو شێوە دەبوو بە سەرۆک خێزان، یەکەمیان ئەگەر کەسی یەکەم و دووەمی خێزان لە ژیان نەبوونایە، دووەمیش ئەگەر هاوسەرگیری کردبووایە. چونکە، ئەگەر کوڕی گەورە هاوسەرگیری بکات ڕێک دێتە شوێنی باوکی کە سەرۆک خیزانە، بەمەش دەبوو بە کەسی یەکەم و هاوسەرەکەشی کەسی دووەمی خیزانەکە دەبوو.

ئەوە بوو بە ٢ ساڵ من سەرۆک خێزانم. زۆر شتم بەسەرهات، هەر ڕۆژە و شتێکم بەسەر دەهات. هەموو کەس ڕقی لێم بوو، کەس حەزی نەدەکرد کە بوومەتە سەرۆک خێزان. بە هەر جۆرێک بێ، من کەسێکی خانەدان نەبووم، کەسێکی پلە نزم بووم. سەرۆک خێزانەکانی تر هەموو کات پلانیان دادەنا تاوەکوو لەناوم بەرن. بە شێوەیەک مناڵەکانی ئەشڤانیش کرانە ناو پلانەکان تاوەکوو و ناچار کرام وازبێنم لە سەرۆک خێزانی. هەموو کات دەنگۆیان لەسەر من بڵاودەکردەوە، بەڵام من هیوام لەدەست نەدا چونکە ئەمانەتەکەم پاراست کە ئەشڤان پێی ڕاسپاردبووم. ڕووداوەکان وای کرد منداڵەکان لێم نزیک ببنەوە، ئەمەش زۆر دڵخۆشی کردم. هەروەها لە هەمووی دڵخۆشتر، ئەوە بوو جیراد هاوسەرگیری دەکرد لەگەڵ کچی خانەوادەی هیلسان، کە هەموو خانەوادەیەک دەیویست ببێتە بووکی خۆی بەهۆی ئەو پەروەردەی کە پێیدرابوو. ئەلیشا، جیرادی زۆر خۆشدەویست، بە هەمان شێوە جیرادیش. ڕۆژی هاوسەرگیرییەکە نزیک بووەوە و هەموو کەس خۆی ئامادە دەکرد، بە هەر شیوەیەک بێ هاوسەرگیری دوو خانەوادەی زۆر ناسراون، کە هاوسەرگیرەکە پێی دەوترێ هاوسەرگیری سەدە.

ڕۆژی هاوسەرگیریەکە، ئەلیشا هات بۆ لام بەیانی زووەکەی. هات و وتی کە جیراد هەرگیز حەز ناکات بچمە هاوسەرگیرییەکەی، خۆشی نەهات چونکە نایەوێت ڕۆژەکەی لێ تێکبچێت بەهۆی تۆوە. ئیتر ڕۆیشت، منیش ئەو ئامادەکارییەی بۆ ئاهەنگەکە کردم بوو بە ئامادەکاری بۆ ڕۆیشتنم لە ماڵەکە.

"بەڕێز جیراد، خاتوون شۆلی تا ئێستا نەهاتووە بۆ ئاهەنگەکە، زۆر دوواکەوتووە،" جیرمی، لۆکاس و لۆلی، کە گوێیان لێ بوو زۆر پێیان سەیر بوو، چونکە شۆلی خۆی هەموو شتێکی ڕێکخست بۆ هاوسەرگیریەکە، زۆر بەپەرۆش بوو ئیتر، ئێستا، بۆچی دوادەکەوێت. بە جیرمیم وت، بچێتەوە ماڵ تاوەکوو بزانێت بۆچی شۆلی ئامادە نەبووە. دوای ماوەیەک، جیرمی هاتەوە، زۆر شێواوبوو، وتی کە شۆلی لە ماڵ ڕۆیشتووە دوای ئەوەی ئەلیشا بەیانی زوو هاتووە. کاتێکیش ئەلیشا ڕۆیشت، شۆلی زۆر خەمباربووە. کە ئەمەم بیست، زۆر تووڕە بووم، ڕێک چوومە لای ئەلیشا کە بۆچی چووتە لای شۆلی، هەروەها بۆچی پێی وتووە کە من نامەوێت بێتە هاوسەرگیرەکە. ئەلیشاش وتی من نامەوێت بێت، هەروەها ناشمەوێت ئەو هەر سەرۆک خێزان بێ، چونکە تۆ، جیرمی، هەر دەتەوێت شۆلی سەرۆک خێزان بێ، منیش ئەمەم ناوێت. منیش زیاتر تووڕە بووم، وتم تۆ هیچ مافی ئەوەت نییە! چوومە دەرەوە، لەو کاتەش سەربازانی سێرفای هاتن، کە تایبەت بوون بە سنوور. لەگەل هاتنە ژوورەوە، ملوانکەکەی شۆلیان پێ بوو. کۆشک لەناو خوێن دابوو، هەر بە هاتنە ژوورەوە وتیان شۆلی ئەلیسیفان، هاوسەری کۆچکردوو ئەشڤان ئەلیسیفان و سەرۆک خێزانی ئەلیسیفان، لەگەڵ خزمەتکار و پاسەوانەکەی بە دڕندانەترین شێوە کوژراوە. هەر ئەم هەواڵە زوو لە وڵاتەکە بڵاوبۆوە، هاوسەرگیری سەدە گۆڕا بۆ هاوسەرگیری نەفرەتلێکراو. زۆر شت گۆڕا، خێزانی هیلسان ئەو شکۆمەندیەی هەیبوو، نەیما بەهۆی ئەلیشای کچیان چونکە بووە هۆی ئەوەی شۆلی وای لێبێ. لە هەموو شتێک سەیرتر، ئەوە بوو شۆلی بوو بە ئەو کەسەی کە ڕێزی لێ بگیرێ، خەڵک بەباشی باسی بکەن لە کاتێکدا پێشتر وەک جادووگەری خیزانی ئەلیسیفان باسیان دەکرد.

دوای هەفتەیەک، چوومە ژوورەکەی شۆلی کە یەکەم جارم بوو بچمە ژوورەکەی، دەفتەری یادگارییەکانی شۆلیم بینی کە باسی لەوە دەکرد کە ماڵەکەیان چۆن بووە، کە براکەی یاری قوماری دەکرد و هەموو کات لێی دەدا کە سەرخۆش بوو. هەروەها، شۆلی هیچ کەسی نەبوو، براکەی بەهۆی دۆڕانی لە قومار، منی فروشت. بەڵێ، منی فرۆشراو و ئەشڤان منی کڕییەوە. من بووم، ئەوە هەموو کات سوپاسگوزاری ئەو بووم کە شوێنێکی پێ بەخشیوم. هەموو کتێبەکەم خوێندەوە، یەک دێڕی بچووکم نەبینی کە باسی ئەو ڕووداوانە بکات کە ئێمە بەرانبەرمان کردبێت، تەنها باسی ئەو کاتەنەی کردووە کە لەگەڵ ئێمە دڵخۆش بووە. لە کۆتا پەڕ، نووسیبووی: ئەشڤان من دوای لێبووردن دەکەم کە نەمتوانی تا کۆتایی ئەمانەتەکەت بپارێزم، کە هەموو شتێک تا ئەویش مناڵەکانی بوو بەڵام ئەوان ئیتر منیان ناوێت بۆیە منیش دەڕۆم. دووبارە، بمبوورە، ئەشڤان. کتێبەکەم داخست، هەموو گیانم دەلەرزی، هەستم بە زۆرترین تاوان کرد لە کاتێکدا ئەو هەموو کات ئاگای لێمان بوو، کەچی ئێمە هەرگیز پێمان نەزانی. ئەو هیچ تاوانێکی نەبوو، ئەو تەنها کچێک بوو کە وەک بووکەڵە یاری بە ژیانی کرا و فرۆشرا کە بچووکترین مافی لێ خورا کە ئەمیش ژیانە.

زۆرترین بینراو

developed by Scorpion shield