جوولەکەکانی شاری سلێمانی

بڵاوکردنەوە:

ئاریان ئومێد

نووسەر:

ئاریان ئومێد

بینراو:

320

بەش:

ڕامیاری

کورتەیەکی مێژوویی سەبارەت بە جوولەکەکانی کوردستان:

خاکی کوردستان لە سەردەمانی دێرینەوە تا بە ئەمڕۆ دەگات، هەمیشە نشینگەو کۆکەرەوەی ئایین و بیروباوەڕە جیاوازەکان بووە. هەردەم کەمایەتییە ئایینی و مەزهەبییەکان لە کوردستاندا توانیویانە ئازادانە پەیڕەوی بیروباوەڕ و ئایینی خۆیان بکەن و ناچار نەکراون بیروباوەڕیان بگۆڕن. جوولەکەکان نموونەیەکی دیاری ئەو کەمایەتییە ئایینیانەن کە بۆ ساڵانێکی زۆر لە خاکی کوردستاندا نیشتەجێبوون و تا ساتەوەختی کۆچکردنیان بۆ وڵاتی ئیسرائیل، هەردەم بە سەربەستی گوزارشتیان لە بیروباوەڕی خۆیان کردووە. ئەمەش بەڵگەیەکی ڕوونە لەسەر ئەوەی کە ئازادی ئایینی و بیروڕا، لە کوردستاندا ڕەگ و ڕیشەیەکی مێژوویی و قوڵی هەیە.
سەرەتای هاتنی کۆمەڵی جوولەکە بۆسەر خاکی کوردستان دەگەڕێتەوە بۆ ساڵانی پێش زایین، ئەوەش چەند بۆچونێکی جیاوازی لەسەرە، بەشێک لە بۆچونەکان سەرەتای هاتنیان دەگێڕنەوە بۆ سەدەی نۆیەمی پێش زایین و بەدیاریکراویش سەردەمی حوکمڕانی (شەلمانسەری سێیەم ٨٥٨-٨٢٤ پ.ز) کە پاشای ئاشوورییەکان بووەو هێرشی کردوەتە سەر فەڵەستین و جوولەکەکانی بۆ کوردستان ڕاگواستووە. بەڵام بۆچونێکی دیکە پێیوایە سەرەتای هاتنیان بەشێوەیەکی فراوان دەگەڕێتەوە بۆ سەدەی حەوتەمی پێش زاین، کاتێک (نەبووخەزنەسر)ی پاشای بابل هێرشێکی فراوانی کردوەتە سەر فەڵەستین و ژمارەیەکی زۆری جوولەکەکانی بەرەو عێراقی ئەمڕۆ ڕاگواستووە، دیارە بەپێی ئەوەی دەوڵەتی بابل و دەوڵەتی میدیا هاوپەیمان و دۆستبوون، ڕێی تێدەچێ بە ڕەزامەندی پاشای ماد بەشێک لەو ڕاگوێزراوە جوولەکانە لە خاکی کوردستاندا نیشتەجێکرابن.

 

جوولەکەکانی شاری سلێمانی:

مێژووی نیشتەجێبوونی جوولەکە لەشاری سلێمانیدا دەگەڕێتەوە بۆ سەرەتای بنیادنانی شارەکە کە لەساڵی (١٧٨٤)دا لەلایەن ئیبراهیم پاشای بابانەوە بنیاد نراوە. ئەگەرچی دەگوترێ جوولەکەکان پێشتر لە قەڵاچوالاندا ژیاون و پاشان لەگەڵ دروستکردنی سلێمانیدا هاتونەتە شارە نوێکەوە، بەڵام پێناچێ ئەمە تاکە کۆچی جوولەکە بێت بۆ شارەکە، چونکە پیش بنیادنانی سلێمانیش جوولەکە لە گوندەکانی نزیکی شارەکەو ناوچەکانی قەرەداغ و هەڵەبجەو پێنجوێندا ژیاون و بوونیان هەبووە. پێدەچێت بەشێکی جوولەکەکان لەو ناوچانەوە کۆچیانکردبێت بۆ شارەکە.
گەڕیدەی بەناوبانگی بەریتانی (کلۆدیوس جێمس ڕیچ) کە لەساڵی (١٨٢٠)دا سەردانی شارەکەی کردووە، واتە (٣٦) سی و شەش ساڵ پاش بنیادنانی سلێمانی. ئاماژەی بەوەداوە (١٣٠) ماڵی جوولەکە لەشارەکەدا نیشتەجێن، بوونی سەدوسی خێزانی جوولەکە لەشارێکی تازە بنیادنراودا، بەڵگەیە لەسەر تێکەڵبوون و پەیوەستبوونیان بە سەرەتاکانی دروستبوونی شارەکەوە، هەروەک چۆن لەکۆی ئەو حەوت گەڕەکەی کە لەسەرەتای شارەکەدا دروستکراون یەکێکیان گەڕەکی جوولەکان بووە.

 

ژمارەی جوولەکەکان:

سەبارەت بە ژمارەی جوولەکەکانی شاری سلێمانی، بەپێی قۆناغ و سەردەمەکان قسەی جیاوازی لەبارەوە کراوە. هەڵبەت بەهۆی نەبوونی ئامارێکی فەرمی و دڵنیایی، دەبێت بگەڕێینەوە بۆ ئەو تۆمارو نووسینانەی کە لەلایەن گەڕیدەو ڕۆژهەڵاتناس و حاکمی سیاسیی و داگیرکاری بەریتانییەوە تۆمار کراون. سەرەتای ئەو نووسین و سەرچاوانەش بە گەشتنامەکەی گەڕیدەو دیپلۆماتی ئینگلیز (کلۆدیوس جێمس ڕیچ) دەستپێدەکات کە لەساڵی (١٨٢٠)دا سەردانی شاری سلێمانی کردووە. ڕیچ تێکڕای ژمارەی دانیشتوانی شاری سلێمانی بە (١٠٫٠٠٠) کەس دەخەمڵێنێت. کۆی گشتی خێزانەکانی سلێمانی بە (٢١٣٩) خێزان دادەنێت، کە لەو ژمارەیە (١٣٠) خێزانیان جوولەکە بوون. خۆ ئەگەر بەپێی ئەو ئەگەرەش بێت کە نووسەر (سدیق ساڵح) بۆ ئەو ژمارەیەی داناوەو گریمانەی ئەوە بکرێت هەر خێزانێک لە پێنج کەس پێکهاتبێت، ئەوا کۆی گشتی جوولەکەکانی شاری سلێمانی لەساڵی (١٨٢٠)دا، نزیک بە (٦٥٠)کەس بووە.
لەپاش نووسینەکەی ڕیچەوە تا ساڵی (١٩٤٧) کە نزیک لە وادەی کۆچکردنی جوولەکەکانە، چەند ژمارەیەکی جیاواز سەبارەت بە ڕێژەی جوولەکەکان خراوەتەڕوو، ئێمە لێرەدا ئەوانەیان وەردەگرین کە لە واقیعەوە نزیکترن. لەوانە نووسینەکانی (لیک لاما)ی گەشتیار کە لە (دائرة المعارف الٲسلامیة)دا تۆمار کراوە، لاما  لە ساڵی (١٨٦٨)دا ژمارەی دانیشتوانی سلێمانی بە شەش هەزار ماڵە کوردو سی ماڵی مەسیحی و پازدە ماڵە جوولەکە دادەنێت. لێرەدا پێدەچێ هەڵەیەک لەنووسینی ژمارەکەدا هەبێ و ژمارەی ڕاستەقینە (١٥٠) بێت نەک (١٥)، بەو پێیەش ئەگەر ئەندامانی خێزان بە پێنج کەسیش دیاری بکرێت ژمارەی جوولەکەکانی شار لەو ساڵەدا بە (٧٥٠) کەس دەخەمڵێندرێت.
هەرچی تۆمارەکانی مێجەرسۆنیشە زانیاری جیاواز دەخەنەڕوو، بەڵام ڕەنگە ئەو نووسینەی لە ساڵی (١٩١٩)دا تۆماری کردووە زیاتر لە ڕاستیەوە نزیک بێت، کە تێکڕای ژمارەی جوولەکەکانی شارەکە بە (٥٧٢) جوولەکە دادەنێت بەرامبەر بە (٩٧٢٨) موسڵمان و (٦٠) مەسیحی.
هەر لە نێوان ساڵانی (١٩١٩-١٩٢٢) تۆمارێکی شارەوانی سلێمانی ئاماژە بە ژمارەی دانیشتوانی شار دەکات و کۆی گشتی جوولەکەکان بە (٦٧٢) کەس دادەنێت. بەڵام کوردناسی بەناوبانگ (مینۆرسکی) لە ساڵی (١٩٢٤)دا ژمارەی دانیشتوانی شاری سلێمانی بە زیاتر لە (١٩٠٫٠٠٠) کەس دادەنێ کە (١٥٥٠)یان جوولەکەن، بەڵام  وادیارە مەبەست لەم ژمارەیە کۆی گشتی دانیشتوانی سنوورەکەیە نەک تەنها ناو شاری سلێمانی.
ئەگەر سەرژمێری ساڵی (١٩٤٧) وەک کۆتا ئامار وەربگرین، دەبینین ژمارەی دانیشتوانی شار (٤٣٠٤٩) کەس بووە، کە (٤١٠٢٩) کەسیان موسڵمان و (٥٠٣)یان مەسیحی و (١٥١٥) کەسیان جوولەکە بوون.
بەڵام لەپاش دروستکردنی وڵاتی ئیسرائیل لەساڵی (١٩٤٨)دا، زۆرینەی هەرەزۆری جوولەکەکانی عێراق و کوردستان ناچار بە کۆچکردن کران، لەوانە جوولەکەکانی شاری سلێمانی، بۆیە لەپاش ساڵی (١٩٥٠)ەوە، ژمارەی جوولەکەکان لەناو شاردا نزیک بوویەوە لە سفر.

 

شوێنی نیشتەجێبوونی جوولەکەکان:

جوولەکەکانی شاری سلێمانی وەک زۆربەی جوولەکەکانی شارو ناوچەکانی دیکە، گەڕەکێکی تایبەت بەخۆیان هەبووە بەناوی گەڕەکی جوولەکان، کە وەک ئیدمۆنس دەڵێت دەکەوتە خواروی شارو نزیک ڕووبار هەڵکەوتبوو، هەڵبەت مەبەست لە ڕووبار زیاتر ئاوەڕۆی گەڕەکەکانی دیکەبووە کە لەوێدا کۆبووەتەوە. ئەو شوێنە ئەمڕۆ گەڕەکی شێخ عەباس دەکات.
گەڕەکەکەیان بەراورد بە گەڕەکەکانی دیکەی سلێمانی ڕێک و پێک و بە سیماتربووە، لە سلێمانیدا هەموو جووێکی خێزاندار خاوەنی خانووی خۆی بووەو بەدەگمەن تێیاندابووە کە کرێچی بێت. هەروەها گۆڕستانێکیان هەبووە بەناوی (گردی گۆڕە جوولەکە) کە دەکەوتە سەروی گەڕەکەکەیانەوە. پەرستگەی تایبەت بە خۆشیان هەبووە کە لە پاش کۆچکردنیان کراوە بە مزگەوت و ئەمڕۆ بە مزگەوتی شێخ عەباسی یەکەم یان مزگەوتی جوولەکان، ناسراوە.

 

پێگەی ئابووری و کۆمەڵایەتی جوولەکەکان:

ژمارەیەکی کەم لە جوولەکەکان لە گوندەکاندا ژیاون، بەشی هەرە زۆریان لە شارەکاندا نیشتەجێبوون، بۆیە زیاتر گرنگییان بەو بوارانەی کار داوە کە لەناو شارەکاندا گرنگ بوون. بەوە ناسراون کە خاوەنی ژیری و لێهاتوییەکی باشبوون لەبواری کارو بازرگانیدا. جوولەکەکانی سلێمانی تا کاتی کۆچکردنیان بۆ ئیسرائیل، بەنزیکەیی تەواوی زەڕنگرەکانی شاریان پێکدەهێنا.
تەنها لەساڵانی (١٩١٩-١٩٢٢) جوولەکەکان (٣٧) زەڕنگەریان لەشاردا هەبووە. جگە لەو پیشەیەش زۆرکاری دیکەی وەک عەتاریی و توجاڕی و بەزازییان کردووە. حەزیان بەکاری پۆلیسی و فەرمانبەری حکومی نەبووەو زیاتر خولیای کاری سەربەخۆو بازاڕی ئازادییان هەبووە. دەستکورت و هەژاریان زۆر کەمبووەو بەگشتی کەسانی دەوڵەمەند و خاوەن سامان بوون. بەراورد بە ژمارەیان بەشێکی زۆرو گرنگی بازاڕیان بەدەستەوە بووە. هەر ئەمەش وایکردووە گەڕەک و ماڵەکانیشیان بەراورد بە ماڵ و گەڕەکەکانی دیکەی سلێمانی جوانترو ڕێکوپێکتربێت، بەتایبەت کە وەستای دەستڕەنگینیان هێناوە تا بە نەخش و نیگار ڕوکاری خانووەکانیان بڕازێنێتەوە. ئەگەرچی لە ئێستادا بەشی هەرەزۆری خانووەکانیان ڕوخاوەو بە خانووی نوێ جێگەی گیراوەتەوە، بەڵام هێشتا چەند خانوویەک لە سلێمانیدا ماون کە شوێنەواری ئەو دەستڕەنگینی و هونەرکاریەی جوولەکەکانیان پێوە ماوەتەوە.

 

جوولەکەکان پاش کۆچکردنیان بۆ ئیسرائیل:

لە پاش دروستکردنی وڵاتی ئیسرائیلەوە حکومەتی پاشایەتی عێراق بەپێی بڕیارێک کە لە ئازاری (١٩٥٠)دا دەریکرد، مافی نیشتەجێبوونی لە جوولەکەکانی عێراق وەرگرتەوە. بەهۆی ئەم بڕیارەوە دەست بەسەر ماڵ و سامانی جوولەکەکاندا گیرا. لەسەرەتاوە کە بڕیارەکە دەرچوو تا ساڵی (١٩٥١)، واتە بۆ ماوەی ساڵێک جووەکان لەژێر چاودێریدا بوون و ڕێگریان لێدەکرا وەک جاران لەبازاڕەکاندا کاربکەن. پاشان لەڕێی گەراجی شارە جیاوازەکانەوە بەڕێکران بۆ شاری بەغداد، پێش ڕۆشتن پۆلیس جلەکانیان دەپشکنین تا ئەگەر زێڕ یان هەر شتێکی بەنرخیان پێبێت لێیان بسەندرێت، هەر جولەکەیەک لە (٢٠) دینار زیاتری پێبوایە لێی دەستێندرا.  پاشان لەڕێگەی فڕۆکەوە نێردرانەوە بۆ وڵاتی ئیسرائیل. سەبارەت بە سەرەتای ژیانیان لە ئیسرائیل، جووەکانی سلێمانی و باشووری کوردستان بەگشتی، ژیانێکی زۆر سەخت و دژواریان هەبوو، چونکە بە تەواوی لەماڵ و سامانی خۆیان بێبەشکرابوون. بەڵام جولەکەکانی وڵاتانی دیکە بەو جۆرەنەبوون و پێش هاتنیان لەلایەن حکومەتی وڵاتەکانیانەوە ڕووت نەکرابونەوە، هەر ئەمەش هۆکاربوو تا زۆربەی کارە قورس و سەختەکان لە بنیادنانی ئیسرائیلدا وەک دروستکردنی شەقام و خانوبەرە و چاندنی دار بەر جولەکەکانی کوردستان بکەوێت. ئەو ڕوتاندنەوەیەی حکومەتی پاشایەتی عێراق بەئاگاداری ئینگلیز بەرامبەر جولەکەکانی کوردستان ئەنجامیدا هەتا ساڵانێکی زۆر کاریگەری لەسەریان بەجێهێشت، چونکە هەژاری وایکرد ببن بە چینی پلە نزم لە دەوڵەتی ئیسرائیلداو نەتوانن بە ئەندازەی جولەکەی وڵاتانی دیکە بەرەو پێشەوە بچن و پلەو پایەی بەرز لە دەوڵەتدا بەدەست بخەن. هەروەها بەپێی گوتەی یەکێک لەو کەسایەتیە جووانە بەناوی (داود میر) کە لەدایکبووی ساڵی (١٩٣٤)ی شاری سلێمانییە، جوولەکەکانی کوردستان پاش کۆچکردنیان بەسەر شارو ناوچە جیاوازەکانی ئیسرائیلدا دابەشکراون، واتە هەمویان لەیەک جێگەدا کۆنەکراونەتەوە.

جولەکە کوردستانییەکان لە ئیسرائیل بۆنەیەکی ساڵانەی تایبەتیان هەبووە بەناوی (کەپرە شینە) لەو بۆنەیەدا بە گۆرانی و هەڵپەڕکێی کوردی بەشدارییان کردووە. بەڵام بەپێی کات لەگەڵ پیربوون و مردنی ئەو جولەکانەی لە کوردستانەوە هاتبوون، زمان و کولتووری کوردییش بەرەو تواندنەوەو نەمان ڕۆیشتووە. لە ئێستادا نەوەکانیان بەتەواوەتی زمانی کوردییان لەبیرچوەتەوەو ئەگەر شتێکیشیان لەباوو باپیریانەوە بیستبێ لە چەند وشەیەکی کەم تێپەڕ ناکات. بەڵام هێشتا بەڕوونی دەزانن بنچینەی خانەوادەکانیان لە کوردستانەوە هاتووەو سۆزێکی زۆریان بۆ کوردو کوردستان هەیە. لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا چەند گروپ و پەیجێکی تایبەتیان هەیەو تێیدا کۆبونەتەوە.

 

سەرچاوەکان:

١- بەرزان ئەحمەد کورده: مێژووی جوولەکەکانی کوردستان، چاپی یەکەم، ٢٠١٩.
٢- ڕێبوار حەمەتۆفیق: جوولەکەکانی سلێمانی، ٢٠١٥.

٣- ساسۆن: گۆڤاری مامۆستای کورد، ژمارە ١٩، ١٩٩٣.

٤- چاوپێکەوتن لەڕێگەی وەتس ئەپەوە، لەگەڵ (داود میر David mier) جوولەکەی شاری سلێمانی و نیشتەجێی وڵاتی ئیسرائیل، (١٧/١٠/٢٠٢٣)، کاتژمێر (٥:٠٠) ئێوارە.

زۆرترین بینراو

developed by Scorpion shield