باسێکی کورتی {الاسراء والمعراج} و {التشهد} و {التحیات} و دابەزینی پێنج نوێژە فەرزەکە

بڵاوکردنەوە:

ئیسرا دزەیی

نووسەر:

ئیسرا دزەیی

بینراو:

418

بەش:

هی تر

شەهادە (گەواهی) و تەحیات :

خوای گەورە نوێژی بەسەر موسڵماناندا سەپاندووە، لە شەو و ڕۆژدا پێنج جار بە گەواهی(شەهادە)دان لە ناوەڕاستیدا، و تەواوکردنی لە کۆتاییا دووبارە بە گەوهیدان. گەواهیدان یەکێکە لەو ئەرکانەی ئیسلام کە ئەنجامدانی لە نوێژ ڕەوایە و بەوەوە نوێژەکەت بەتەواوی ڕاست و دروست دەبێت و تەنها لە ئایینی ئیسلامیشدا هەیە.

بۆیە ئەوەی ووشەکانی گەواهی دان جێبەجێ بکات، ئاسودەیی و ئارامی لە خۆیدا دەدۆزێتەوە، چونکە ئەو ووشانەی نێوان فریشتەی جوبریل و پێغەمبەری ئیسلامن (موحەممەدی کوڕی عەبدوڵا) – سڵاوی خوای لێبێت – کە، کاتێک لە سەفەری (ئیسرا و میعراجدا) بوون.

 

عەبدوڵای کوڕی مەسعود خوا لێی ڕازی بێت ئەفەرمووێت: پەیامبەری خوا – سڵاوی خوای لێبێت – ئاوەڕی لە ئێمە دایەوە و فەرمووی:

(کە نوێژتان کرد هەر یەکێک لە ئێوە، با بڵێت: التَّحِيَّاتُ لِلَّهِ وَالصَّلَوَاتُ وَالطَّيِّبَاتُ السَّلَامُ عَلَيْكَ أَيُّهَا النَّبِيُّ وَرَحْمَةُ اللَّهِ وَبَرَكَاتُهُ السَّلَامُ عَلَيْنَا وَعَلَى عِبَادِ اللَّهِ الصَّالِحِينَ، أَشْهَدُ أَنْ لَا إِلَهَ إِلَّا اللَّهُ وَأَشْهَدُ أَنَّ مُحَمَّدًا عَبْدُهُ وَرَسُولُهُ.)

 

چیڕۆکی تەواوی اسراء والمعراج و پێنج فەرزی نوێژ :

گەشتەکە ٣ ساڵ بەر لە کۆچی پێغەمبەری موحەممەد – سڵاوی خوای لێبێت – لە مەککە بۆ مەدینە لە ڕۆژی ٢٧ی مانگی ڕەجەبدا ڕوویدا، کە دەکاتە دەیەمین ساڵی پێغەمبەرایەتی.

کە لە ماڵەکەیدا لە مەککە، جوبریل سەقفی ماڵەکەی پێغەمبەری شەق کرد و دابەزی بۆ پێغەمبەر و سنگی شەق کرد و دڵی دەرهێنا و بە ئاوی زمزەم شۆردی و تەشتێکی زێڕینی پڕ لە ئیمان و دانایی لە سنگی پیرۆزی بەتاڵکرد و دوایی سنگی وەکو خۆی لێکردەوە و وەکو ئەوە وابوو هەر شەق نەکرابووبێت، ئەمەش سەرەڕای ئەوەی کە پێغەمبەر بە چاوەکانی خۆی بینی کە جوبریل دڵی دەرهێنا، وە ووتراوە کە شەقکردنی سەقفی ماڵی پێغەمبەر و ڕێکخستنی وەکو خۆی وەکو ئاماژەیەک بوو لە جوبریل کە وەکو چۆن توانیویەتی ئەو سەقفە شەق بکات و وەکو خۆی لێ بکاتەوە بەهەمان شێوە سنگی پێغەمبەریش لەوە ئاسانترە شەق بکرێت و وەکو خۆی لێبکاتەوە، "فُرِجَ عَنْ سَقْفِ بَيْتِي وَأَنَا بِمَكَّةَ، فَنَزَلَ جِبْرِيلُ عليه السلام، فَفَرَجَ صَدْرِي، ثُمَّ غَسَلَهُ بِمَاءِ زَمْزَمَ، ثُمَّ جَاءَ بِطَسْتٍ مِنْ ذَهَبٍ مُمْتَلِئٍ حِكْمَةً وَإِيمَانًا، فَأَفْرَغَهُ فِي صَدْرِي، ثُمَّ أَطْبَقَهُ."

 

پاشان جوبریل پێغەمبەری خستە سەر بوراق (ئەو بوونەوەرەی پێغەمبەری بردە ئاسمان) و لە مزگەوتی حەرام بەڕێکەوت بەرەو مزگەوتی ئەقسا و لەوێ دابەزین {گەشتی ئیسرا}.

بِسْمِ اللَّهِ الرَّحْمَـٰنِ الرَّحِيمِ {سُبْحَانَ الَّذِي أَسْرَى بِعَبْدِهِ لَيْلاً مِّنَ المَسْجِدِ الحَرَامِ إِلَى المَسْجِدِ الأَقْصَى}. صدق الله العظيم.

هەر لە مزگەوتی ئەقساوە پێغەمبەرمان پێش نوێژی کرد بۆ پێغەمبەرەکان (سڵاو و درودی خوای گەورەیان لێبێت)و دوایی هەر هەمان شەو پێغەمبەرمان بەرزکرایەوە بۆ ئاسمان و دەرگای بۆ کرایەوە و یەکەمجار پێغەمبەر ( ئادەم سڵاوی خوای لێبێت)ی بینی، دوایی بەرزکرایەوە بۆ ئاسمانی دووەم و لەوێ پێغەمبەر (یەحیا و عیسای بینی سڵاوی خوایان لێبێت)، دواییش دیسان بەرزکرایەوە بۆ ئاسمانی سێیەم و لەویا پێغەمبەر (یوسف سڵاوی خوای لێبێت)ی بینی، دواییش بۆ ئاسمانی چوارەم و لەویاش پێغەمبەر (ئیدریس سڵاوی خوای لێبێت)ی بینی، دواییش بۆ ئاسمانی پێنجەم و لەوێش پێغەمبەر (هارون سڵاوی خوای لێبێت)ی بینی، و لە ئاسمانی شەشەم (موسا سڵاوی خوای لێبێت)ی بینی، کە پێغەمبەر موسا هەر بە دیداری پێغەمبەر دەستی کرد بە گریان و کە پرسیان بۆ چی دەگریەیت؟ پێغەمبەر موسا لە وەڵامدا فەرمووی: لەبەهەشتدا ئوممەتی ئەو پێغەمبەرە لە ئوممەتی من زیاترە! دواییش پێغەمبەرمان بەرزکرایەوە بۆ ئاسمانی حەوتەم و لەوێ پێغەمبەر(ئیبراهیم سڵاوی خوای لێبێت)ی بینی و گشت پێغەمبەرەکان دانیان بە پێغەمبەرایەتی موحەممەد – درودی خوای لەسەر بێت – دانا، کە دوای ئەوە بەرزکرایەوە بۆ (سودرەتول مونتەها).

 

تێبینی/ سوردەتول مونتەها (سدرة المنتهی) درەختێکی مەزنە کە لە کۆتایی حەوت چینی ئاسمان دایە.

 

دابەزینی (التحیات) لە سدرة المتهی :

شلۆڤەکارەکان دەڵێن: پێغەمبەری خوا (سڵاوی خوای لێبێت) کاتێک لە گەشتی میعراج بوو، (تەحیات) یاد کراوەتەوە کە پێغەمبەر هەر کە گەیشتە سودرەتول مونتەها فەرمووی:

التَّحِيَّاتُ لِلَّهِ وَالصَّلَوَاتُ وَالطَّيِّبَاتُ {سڵاو و موڵک و گەورەیی و پەرستش و کردەوەی چاک هەر بۆ خودایە}، وە فریشتەکان پێی فەرموون: السَّلَامُ عَلَيْكَ أَيُّهَا النَّبِيُّ وَرَحْمَةُ اللَّهِ وَبَرَكَاتُهُ {سڵاو و ڕەحمەت و بەرەکەتی خوا بەسەرتا بڕژێت ئەی پێغەمبەر}، پێغەمبەریش (سڵاوی خوای لێبێت) وەڵامی سڵاوی خودای بۆ فریشتەکان دایەوە و فەرمووی: السَّلَامُ عَلَيْنَا وَعَلَى عِبَادِ اللَّهِ الصَّالِحِينَ {سڵاو لە ئێمە و بەندە چاکەکانی خوا و ئیمانداران}، فریشتەی جوبریل لە وەڵامدا فەرمووی: أَشْهَدُ أَنْ لَا إِلَهَ إِلَّا اللَّهُ وَأَشْهَدُ أَنَّ مُحَمَّدًا عَبْدُهُ وَرَسُولُهُ {من گەواهی دەدەم کە هیچ خوایەکی تر نییە جگە لە اللە و گەواهی دەدەم کە موحەممەد بەندە و نێردراوی ئەوە}.

 

تێبینی/ لە هەندێ سەرچاوە دەوترێت کە تەحیات قسەی نێوان پەروەردگار و پێغەمبەرە، بەڵام زۆرترین سەرچاوە ئەوە دەڵێن کە قسەی نێوان جوبریل و پێغەمبەرە (سڵاوی خوای لێبێت).

 

فەرزی پێنج ڕکاتی نوێژ :

دوای سودرەتول مونتەها پێغەمبەر (سڵاوی خوای لێبێت) دووبارە بەرزکرایەوە بۆ (بەیتول مەعمور) هەتاوەکو لە خودا نزیکبوویەوە و نزیکی دوو کەوانی مابوو پێی بگات {گەشتی میعراج}.

لەوێدا خودای گەورە ٥٠ ڕکات نوێژی بەسەر ئوممەتی موحەممەد کردە ئەرک و پێغەمبەر دابەزی لە ئاسمانەکان بەڵام لەگەڵ دابەزینی (پێغەمبەر موسا سڵاوی خوای لێبێت) داوای لە پێغەمبەرمان کرد کە بگەڕێتەوە لای خودا تاوەکو ئەو پەنجا ئەرکەی نوێژ لەسەریان کەم بکاتەوە و خوداش کردی بە ١٠ ڕکات و دووبارە کە پێغەمبەر دابەزی لە ئاسمانەکان (پێغەمبەر موسا سڵاوی خوای لێبێت) داوای لێکرد کە بگەڕێتەوە لای خودا تا کارئاسانی زیاتر بۆ ئوممەتەکەی بکات، ئەوساش لە ١٠ ئەرکی نوێژەوە کەم بوویەوە بۆ ٥.

 

حیکمەتی موعجیزەی الإسراء و المعراج لە چی دا بوو؟

حیکمەتی موعجیزەی ئیسرا و میعراج توانی تۆزێک لە خەم و نارەحەتی پێغەمبەرمان بباتەوە دوای کۆچی دوایی خێزانەکەی خەدیجە خوا لێی ڕازی بێت و مامی ئەبی تالیب.

زۆرترین بینراو

developed by Scorpion shield