شەهید

بڵاوکردنەوە:

نینا مەحمود عەلی

نووسەر:

نینا مەحمود عەلی

بینراو:

471

بەش:

وێژە

شەهید: ئەو کەسەی کە لە ڕێگەی خوا یان خاکی خۆیدا دەکوژرێت. بۆیە ناودەبرێت بە "شەهید،" چونکە خوا و فریشتەکان شایەتی بۆ دەدەن کە لەپێناو فیداییەکی ڕەوادا گۆشەیەکی بۆ گیانی خۆی لە بەهەشت جێگیر کردووە.

هەر لەگەڵ خوێندنەوەی پەرتووکی "شەهیدی کەرخ،" و بیستنی چیرۆکی شەهیدیی "ئەحمەدی لاو،" جارێکی تر خەمێک دایگرتمەوە کە بۆنی ئەو خوێنەی بۆ هێنامەوە کە خاک و خۆڵی نیشتیمانەکەی منی تەڕ کردووە. خوێنێک، کە شاخ و کێوەکانی نیشتیمانەکەمی بە ڕەگ و ڕیشەی گوڵە سوورەکان ڕووپۆش کردووە.

شەهید خاوەن پیرۆزترین فیداکارییە؛ ئەو، لەپێناو پاراستنی ژیانی ئێمە بە بەهاترین شت کە خودا پێی بەخشیوە – ڕۆح و گیانی خۆی – خۆی تەرخان کردووە. گەل و نەتەوە، نەک هەر تەنها بە ڕۆح و گیانی شەهیدان پارێزراو و زیندووە، بەڵکو ئەوە هەر بوێری پێ هەڵنانە سەر ڕێچکەی شەهیدییە کە سەرفرازی و شکۆمەندی دەبەخشێت بە کۆمەڵانی هەر خاکێک و دەیسەلمێنێت کە تاکەکانی ئەو کۆمەڵە چەندە فیداکار و قوربانیدەرن لەپێناو گەل و نەتەوە.

قوربانی شەهید بە گیانبەخشی، هیچ قەرەبوویەکی نییە. ڕۆیشتن بەرەو مەرگ، بەشانازییەوە، لەپێناو ژیانی ئەوانی تر و هەروەها خوا، دەتوانێت بتکات بە خشڵی ناوچەقی تاجی سەروەری بۆ هەمووان و هەروەها بەندەی فیداکار بۆ خوا. گیانی خەمخۆری شەهید و سۆزە خۆتەرخانکارییەکەی، لە پێناسەکردن نایات! ئەو، گشت ژیانی خۆی دەخاتە سەر بەلەمێکی ڕۆح-فیداکەر بۆ گەشتکردن بەناو لێشاوی ڕووباڕێکی خوێناوی، کە باوبۆران و زریان تەنانەت ئەو بەلەمە هەڵدەگرێت و دەیدات بە تاشەبەردی سوورهەڵگەڕاو بە خوێنی شەهیدە گیان-فیداکەرەکانی هاوگەشتیارانی هەمان ئەو ڕووبارە خوێناوییە.

ئەگەرچیش، ئەو ڕێچکەیەی کە شەهید هەڵیبژاردووە و پێی ناوەتە بەر ئەوەندە خوێناوی و سەخت و ئازاربەخشە، بەڵام، شەهید گەمژە نییە و لە نەفامیش پێی بەو ڕێچکەیە نەگرتووە! ئاخر، ئەگەر هەڕەشە لەسەر مانەوەی هەموو ئەوە هەبوو کە تۆ لە ژیانتدا خۆشتویستووە و خۆتت بۆی تەرخانکردووە، مەگەر ئامادەنیت خوێنی خۆشتی بۆ بڕژی و گیانیشت فیدابکەی لەپێناویدا؟ ئەگەر، نەخێر، ئەوە دیارە کە تۆ هێشتا نازانیت عاشقبوون چییە! ئەگەریش، بەڵێ، ئەوە بەڵێ! عاشق شەیدا و فیدای مەعشوقە!...

کاتێک کە مرۆڤ، هەر لە منداڵییەوە لەناو کۆشی دایە و بە شان و باڵی بابە گەورەبوو و قاچی گرت بە یاریکردن لەگەڵ خوشکە دڵسۆز و برا ئازاکانیدا، ئەوە تۆوێکی عیشق و خۆشەویستی پێشەکی لە دڵیدا دەچێنرێت بەرامبەر بە خێزانەکەی. ئینجا، ئەگەر گەیشت بە تەمەنی نەوجەوانی و بە سۆز و میهرەبانی لەناو کۆمەڵگە چەکەرەی کرد ئەم تۆوەی عیشقە، ئەوە هەرچی زووە خێرا گەورە دەبێت و گەشەدەکات تا بتوانێت لە بۆن و بەرامی خۆی پێشکەش بەو کۆمەڵگەیە بکات. لە کۆتاییشدا، ئەگەر هات و خونچە و گوڵەکەی هەڵنەوەرا بە ڕق و کینە، بەڵکو ئاوی پێدرا بە هەر پاڵپشتی و پشتیوانییەک کە پێویستی پێی هەیە، ئەوە بەرێک پێشکەش دەکات کە هەر ئەوەنییە جوانییەکی ڕووکەشی هەبێت و تەنها بە دیمەن بڵێن زۆر گەییووە و کڕۆکەکەی هیچ تامی نییە، نا، بەڵکو بە هەر پارچەیەک لەو بەرە هەموو ئەو سکە برسیانەی کە پاڵپشتی بوون و پشتیوانیان کردووە بە هەمان ئەو عیشقە تێردەکاتەوە کە هەر لە ڕۆژگارێکی تۆوینییەوە پێیان گەورەبووە.

ئەم گیانە عاشقانە؛ ئەوانەی کە لەژێر سێبەری سۆز و میهرەبانی مەعشوقیان، کە بریتییە لە خاوخێزان و کۆمەڵگە و خاک و گەلیان، گەورەبوون و چاویان بە دونیا هەڵهێناوە، هەرگیز ناتوانن تەنانەت چرکە ساتێکیش لە دەرەوەی سایەی ئەم عیشقە لە ژیان بەردەوام بن. ئەی، ئەگەر هاتوو بە چاوەکانی خۆیان بینیان هەڕەشەیەک لەسەر مانەوەی ئەم عیشقە هەیە؟ یاخود، بیستیان کە مەترسیەک بۆسەر ژیانی ئەو مەعشوقەیان وا لەڕێیە؟ بە چ ویژدانێکەوە بتوانن هەر تەنها دابنیشن و بیربکەنەوە لەوەی کە هەموو ئەوەی تیایدا گەورەبوون و خۆشیان بۆی تەرخانکردووە تا تیایدا پیربن، ئەگەر دەستەوەستان بوەستن تاسەر نییە و ئەوەی کە دێت وا کۆتاییە؟... دەی، شەهید ئاخر بۆیە تەنانەت باکی بە فیداکردنی ڕۆح و گیانی خۆشی نییە.

کاتێک کە دەوترێت "شەهید،" خۆ، مەبەست لە مردوو نییە! ڕۆیشتوو نییە! تیاچوو نییە! نا، هەرگیز مەبەست لە گیانێکی ونبوو و دیارنەماو نییە. ئەگەرچی، جەستەی لێرە نییە، هەروەها دەرکەوتەیەکیشی بۆ هەستکردن بە چاو و گوێچکە و دەستەکانی ئێمە نییە، بەڵام، خۆ کە گیانی خۆی فیداکردووە واتای ئەوە نییە کە تەواو ئیتر ڕۆیشتووە و لامان نییە! ئەی هاوسۆز و هاودەردانی ئازیزم، مەگەر ئەوە بەڵێنی خودا، خۆی، نییە کە گیانی شەهید بۆ تاهەتا لای ئەو داڵدەی داوە و بێ ماڵ و حاڵ نییە؟ ئەی، مەگەر خودا لەکوێیە؟ لە هەموو جێگە و شوێنەک نییە؟ لە هەمووشی زیاتر، لەناو دڵی هەر تاکە مرۆڤێک نییە؟ کەوابێت، هەموو شەهیدانیشمان ئێستا لەناو قووڵایی دڵەکانمان لەگەڵماندان و لەگەڵ هەر ترپەیەکی سۆز و خۆشەویستیمان بۆیان، ڕۆح و گیانیان دەزرینگێتەوە لەگەڵمان. شەهید؛ ئەوە شەهیدە، بەوە دەوترێت کە بە جوانترین دروستکراوی خودا – جەستەی مرۆیی خۆی – قوربانی لەپێناو داد و ڕەوایەتی داوە و گیانی عاشقی، ئێستا، لەگەڵ گیانی مەعشوقانی لەسەر شانۆی عیشقی خودا لە سەمای سۆز و خۆشەویستییە.

هەست و سۆزی من، تەنها بۆ داستانی شەهیدیی ئەحمەدی لاو نییە. بەڵکو، لەگەڵ ئەحمەددا، هەست و سۆزی کچە کوردێکە بۆ هەزاران و هەزاران لاوی وەک ئەحمەد لە نیشتیمانەکەم. ئەو شەهیدانەی، کە لەسەر دەستی هەمان ئەو ستەمکار و زاڵمانەی جەستەی پاک و بێخەوشی ئەحمەدی جوان و نازداریان تا مردن ئەشکەنجە دا؛ هەمان ئەو زاڵم و ستەمکارانەی، کە لەگەڵ لاو و گەنجان، دایبابان و پیر و بەتەمەنی گەل و نیشتیمانەکەمیشیان ئەنفال کرد و زیندەبەچاڵیشیان کردن بە ژمارەیەکی نەزانراو و دیارینەکراو تاکو ئێستاش. تەنها، دەمەوێت بڵێم کە ئێمەش هاوسۆزین، لە قووڵایی سووچ بە سووچی پەناگەکانی دڵمانەوە هەست بە خەم و پەژارەی ئێوەی خاوخێزانی ئەحمەد و، ئێوەی هاونیشتیمانیانی ئەحمەد، وەک کوردێک دەکەین. چونکە، ئەگەر زیاتریش بە ئێمە نەچەشترابێ بە دەستی هەمان ئەو زاڵم و ستەمکارە بێهەست و دڵڕەقانەوە، ئەوە هەرگیزاوهەرگیز کەمترمان پێ نەچەشتراوە.

 

نینا مەحمود عەلی

4/11/2022



 

شەهیدم من

 

شەهیدم من؛ ڕێگەم خوێنە

پێگەم پیرۆز؛ ڕەوای سوێنە!

جێگەم؛ نەوای خوا و هەوێنە

بۆ دەوای دڵ: خەم ڕەوێنە

 

عاشقم من، خاک ئەوینمە

عیشقێکیش پاک؛ داک ئەمینە

سۆزی مەعشوق چاک کەمینمە

خۆزی بۆشم: چەک، کە دینمە

 

گیانم فیدا! بەڵام لە ژین

بۆتاهەتا، پەیوەست بە ڤین

لەگەڵ زاڵم هێشتا دژین

بەڵام بۆ دوژمنی بێ دین

 

داستانەکەم، هەر وەک خەڵات

پێشکەش بە تۆ، نەوەی وەڵات!

جارێکی تر، کە خۆر هەڵات

لەبیرنەکەی، بۆمکەی سەڵات

 

لێرەم ئەمن، هێشتا لاتم

ڕێنیشاندەر؛ لەگەڵ پاتم

بانگم بکە! هەر کە هاتم

نوری مانگم، نەک نەهاتم

 

زنار عەلی بابەکر

5/11/2022

زۆرترین بینراو

developed by Scorpion shield