جەنگی کوناکسا و تێپەڕینی لەشکری یۆنانی بە خاکی کوردستاندا (401 پ.ز)

بڵاوکردنەوە:

ئاریان ئومێد

نووسەر:

ئاریان ئومێد

بینراو:

765

بەش:

مێژوو

دوای مردنی داریوشی پادشای فارس، دوو کوڕی لە دوا بەجێما، ئەرتاکسیرس (ئەردەشێر) کوڕە گەورە و کۆڕشی کوڕە بچووک، کۆڕش وەکوو سەرداری ناوچەکانی باکوور مایەوە لە ژێر سایەی دەسەڵاتی برا گەورەکەیدا کە دوای باوکی پۆستی شای وەرگرتبوو.

سەرەتا ئەرتاکسیرس ویستی کوشتنی کۆڕشی برای هەبوو بەڵام لە ژێر کاریگەری دایکیدا لەو بڕیارە پاشگەز بۆیەوە، بەڵام بەم کارە ترسێکی هەمیشەیی خستە دڵی برا بچوکەکەیەوە و هێنایە سەر ئەو باوەڕەی زوو یان درەنگ، ئەرتاکسیرسی برای هەر دەیکوژێت و لە ناوی دەبات.

ئەمانەو زیاتریش وایان لە کۆڕش کرد کە پێیوابێت پۆستی (شا) لایەقی شان و شکۆی ئەوەو دەبێ برا گەورەکەی واتە ئەرتاکسیریس، لە پۆستەکەی لا بدات، بۆ ئەم مەبەستە سوپایەکی گەورەی لە شوێنکەوتە فارسەکانی خۆی و یۆنانیە کرێ گرتەکان پێکەوەنا و بڕیاریدا بەرەو باشوور بەڕێبکەوێت.

کۆڕش دەبوو لە ئاسیای بچوکەوە (تورکیای ئەمڕۆ) بە خۆی و هێزەکەیەوە بەرەو میزۆپۆتامیا و مەڵبەندی دەسەڵاتداری شای ئەخمینی بکشێت، بەڵام دەشبوو ئەم کارە لانی کەم تا نیوەی ڕێگا بە نهێنی بمێنێتەوە، هەر بۆیە لە سەرەتادا بانگەشەی ئەوەی دەکرد کە ئەم سوپایەی بۆ بەرەنگاری (پیسیدیەکان) کۆکردووەتەوە کە ڕەگەزێکی یاخی ناو دەوڵەتی فراوانی ئەخمینی بوون، ئەم بانگەشەیەی لەبەر دوو هۆ بوو، یەکەم تا سەربازەکانی و بە تایبەتتر یۆنانیەکان ورە بەرنەدەن، چونکە هێزو توانا و شکۆی پادشای ئەخمینی لە دڵ و دەرونی هەموواندا وەک هێزێکی گەورەی بێ ڕکابەر چەسپی بوو، هێزێک کە شەڕکردن لە دژی لە خۆکوژی و کات بەفیڕۆدان زیاتر نیە.

هۆیەکی تریش ئاگاداربوونی کۆڕش بوو لەهێزو توانای شا، ئەو دەیزانی ئەگەر براکەی زوو درک بە هەڵمەتەکە بکات دەتوانێ سوپایەکی گەورە بۆ بەرەنگاری کۆبکاتەوە، ئامانجی کۆڕش ئەوەبوو هەرچی زووە بگاتە نزیک بابل و دەرفەت بە ئەرتاکسیریسی برای نەدات سوپایەکی گەورە کۆبکاتەوە، چونکە کۆڕش باش دەیزانی ئەگەر براکەی بۆی بڕەخسێ بەهرە لە دەسەڵاتە بێ سنورەکەی وەربگرێت، دەتوانێ لەشکرێکی گەورە سازبکات کە بەبێ هیچ ئاستەنگێکی ئەوتۆ جەنگەکە لەبەرژەوەندی خۆی یەکلا بکاتەوە.

هەرچەند کۆڕش زۆر هەوڵیدا لەشکرکێشیەکەی بە نهێنی بهێڵێتەوە، بەڵام هەرچۆنێک بوو دوای ماوەیەک هەواڵی هاتنی کۆڕش بە ئەرتاکسیریسی برای گەیشت و ئەوەیش دەستی کرد بە ئامادەکاری بۆ ڕووبەڕوو بوونەوە.

لە درێژەی گەشتەکەدا چەند جارێک گرژی و لێک تێنەگەیشتن لە نێوان سەرکردەکانی سوپای یۆناندا دەهاتە پێشێ، بەڵام کۆڕش بە زانایانە و دوور لە توندوتیژی کێشەکانی چارەسەر دەکرد، کۆڕش سەرکردەیەک بوو کە دەیزانی چۆن مامەڵە لەگەڵ شوێنکەوتەکانی بکات و سۆزیان بەلای خۆیدا ڕابکێشێت، لە بەخشینی دیاری و ڕێز بە فەرماندەو پیاوەکانی درێخی نەدەکرد، هاوکات هانی خانەدانەکانی فارسی دەدا وەکوو سەربازێکی ئاسایی لە کاتی کێشەو گرفتەکان هاوکاری سوپاکە بکەن، تەنانەت لەکاتی چەقینی گالیسکەکان خانەدانەکان لە ژێر فەرمانی کۆڕشدا وەک ئەندامێکی ئاسایی سوپا لە ئەسپەکانیان دادەبەزین و هاوکاری سەربازەکانیان دەکرد، هەموو ئەم کارانە وای کردبوو کۆڕش لە نێوو شوێنکەوتەکانی بەڕێز و شکۆیەکی زۆرەوە لێی بڕوانرێت.

سەربازانی یۆنانی جگە لە سەردارەکەیان کەسیان درکیان بەوە نەکردبوو کە لەشکرکێشیەکە دژی شایە، ئەوەبوو دوای بڕینی ڕێگایەکی دوور و درێژ ئینجا پێیانزانی، بەڵام تازە کار لە کار ترازابوو، لە لایەک شارەزای ڕێگای گەڕانەوە نەبوون، لە لایەکیش کۆڕش بەڵێنی گەورە و پاداشتی زۆری پێدابوون، هەر بۆیە بە ناچاری ملی ڕێگایان گرتە بەرو بە شوێن کۆڕشدا بەرەو باشوور بەڕێکەوتن.

دوای بڕینی ڕێگایەکی درێژ سوپاکەی کۆڕش هەرێمی چیایان بەجێهێشت و گەیشتنە دەشتە پان و پۆڕەکانی میزۆپۆتامیا، بە درێژای ئەو ڕێگایە دێهات و شارەکان و ئاژەڵی کێوی سەرچاوەی خۆراکی سوپاکەیان دابین دەکرد، هەمووان لەوە ئاگاداربوون بەرەو چارەنوسێکی نادیار دەڕۆن، بەڵام ورە بەرزی کۆڕش ئومێدی بۆ ئەوانیش دەگێڕایەوە، هەندێک قسەڵۆک وایان نیشان دەدا کە (شا) بێ شەڕ ئامادەیە تاجەکەی ڕادەست بکات بەڵام کۆڕش نەک هەر ئەوەی باوەڕی بەم دەنگۆیانە نەدەکرد، بەڵکوو لەگەڵیدا جەختی لەوە دەکردەوە ئەگەر ئەو تاجی شایەتی لە ڕێگەی مەیدانی جەنگەوە بەدەست نەهێنێ، ئەوا هەرگیز وەری ناگرێت و قبوڵی نیە.

هەرچۆنێک بێ دوای تەیکردنی مەودایەکی درێژ سوپاکەی کۆڕش تا دەهات لە بابل نزیک دەبونەوە، تا ئەو جێیە جگە لە چەند سوکە پێکدادانێک، شتێکی تر ڕووی نەدابوو، لەشکری شا دەنگی نەبوو، بەڵام هەر بە نزیک بوونەوە لە مەڵبەندی حکومەت، وردە وردە هەواڵ و زانیاری جۆراو جۆر لەسەر لەشکرو ئامادەکاریەکانی شا دەگەیشتە کۆڕش، هەندێک کەس لە سوپای شا هەڵدەگەڕانەوە و پەنایان بۆ کۆڕش دەهێناو زانیاریان پێ دەدا، هەر لەو ڕۆژانە چەند جارێک سوپای کۆڕش بەتەواوی خۆیان ئامادەی ڕوبەڕوبونەوە کرد، بەڵام هیچ ڕووی نەدا و هێزەکەی شا زیاتر بەرەو دواوە دەکشایەوە. ئەم کردارە گەرم و گووڕی سوپاکەی کۆڕشی نەهێشت ئەو ئەگەرەشی زیاتر لە ڕاستی نزیک کردەوە کە گوایە شا مەبەستی شەڕی نیە.

 

دەستپکی شەڕ و مەرگی کۆڕش.

بارودۆخ بەم جۆرە بەردەوام بوو، تا لە بەیانیەکی زووی ساڵی ٤٠١ی پ.ز، هەواڵی نزیک بوونەوەی لەشکری شا گەیشتە کۆڕش، ئەویش هەر زوو کەوتە خۆی و فەرمانی دا کە هەمووان شوێنی خۆیان بگرن و ئامادەبن، بەڵام سوپاکە لە ئەنجامی کشانەوە بەردەوامەکانی شادا لە ئەگەری ڕودانی شەڕ سارد ببوونەوە، چەکەکانیان کردبووە ناو گالیسکەکان و بە بڵاوی دەڕۆشتن، هەر بۆیە زۆر بە زەحمەت خۆیان پێ ڕێکخرا. یۆنانیەکان و هێزە ناوچەییەکان بەسەر بەشی ڕاست و چەپی سوپاکەدا دابەش بوون، هەرچی کۆڕش خۆشیەتی بە شەسەد سوارەی تایبەتەوە لە ناوەڕاستی سوپاکەدا جێگیر بوو.

نێوەڕۆ داهات کەچی دووژمن هەر دیار نەبوو! بەڵام لە پاش نیوەڕۆ تۆز وەکوو هەوری سپی لە ئاسۆوە دەرکەوت، هێڵێکی ڕەش بە درێژای ئاسۆ دیاربوو، کە نزیک بوونەوە ئەوسا بریسکەی بڕۆنز ئەبینرا. هێزی سوارە لای باڵی چەپی سوپاکەو لە تەنیشتیشی زرێپۆش و لەولاتریشەوە تیر ئەنداز و سەرباز بە قەڵغانی دارینی گەورەوە بەدی دەکرا، لە پێشەوەی سوپاکەش گالیسکەی تیغدار دەبینرا.
دووژمن بەرەو پێشەوە دەهات و هێزەکەی کۆڕش هەر لە جێی خۆیان بوون، کۆڕش بەخێرایی بەری پێشەوەی سوپاکەی بەسەر کردەوە و بە کلێرخوسی فەرماندەی یۆنانی ڕاگەیاند لەشکرەکەی بەرەو ناوەڕاستی هێزەکەی دووژمن ببات چونکە شا لەوێدایە. لەگەڵ زیاتر نزیکبوونەوەی هێزەکەی شا، ڕیزەکانی سوپاکەی کۆڕشیش پڕتر و ئامادەتر دەبوون، یۆنانیەکان سرودی پایانیان خوێند و بەرەو دووژمن هێرشیان برد. بە هات و هاواری بەرز و بە دەنگی قەڵغان و شمشێرەکانیان، کە بەیەکیاندا دەکێشا، دەیانویست ئەسپەکانی دووژمن بترسێنن، زۆری نەبرد لەشکری شا دەستیان بە هەڵهاتن کرد و یۆنانیەکان ڕاویان دەنان.
کۆڕش بە بینینی ئەم دیمەنە گەشایەوە، هاوکارەکانی پێیان وابوو کە تەواو کۆڕش بوو بە پادشا، بەڵام خۆی دەیزانی جارێ هیچ ڕووی نەداوە و هەتاکوو ئەرتاکسیریسی برای نەکوژێت، کارەکە تەواو نابێت، هەر بۆیە بەخۆی و شەسەد سوارە تایبەتەکەی ڕاستەو ڕاست بەرەو ناوەڕاستی سوپای دووژمن و بارەگای شا هێرشی برد، لەسەرەتادا زۆر بە باشی پێشڕەوی کرد، توانی شەش هەزار جەنگاوەرە تایبەتەکەی شا تێک بشکێنێ و وەک دەڵێن سەر لەشکری هێزی شاهانەی بە دەستی خۆی کوشتووە، ئەم سەرکەوتنەی کۆڕش کاتیبوو، چونکە هەر زوو لەشکرە زۆر زەوەندەکەی شا گەمارۆیاندا و هێزەکەی کۆڕش پەرتەوازە بوو، تەنها خۆی و چەند سوارێکی لە نزیک مایەوە، لەو دەمەدا زۆر لە بارەگای شا نزیک ببوونەوە، کۆڕش شای بینی کە بە ژمارەیەک ڕیزی سەربازی چڕو پڕ دەورە دراوە، هاواری کرد دەیبینم و بەرەو ڕیزەکەی نزیک شا هێرشی برد، لەو کاتەدا کە خەریکی شەڕێکی دەستەویەخەی توندبوو، سەربازێکی هێزی تایبەتی شا بەو پەڕی تواناوە ڕمێکی لە ژێر چاوی کۆڕشدا و خستی، دەست بەجێ کۆڕش مرد.

هەر لەگەڵ بڵاو بوونەوەی هەواڵی مەرگی کۆڕش، شوێنکەوتەکانی بەرەو دواوە پاشەکشەیان کرد، یۆنانیەکان دواهەمین کەس بوون کە هەواڵەکەیان بیست، ئەوان تا نزیکی ئێوارە لەشەڕ بەردەوام بوون، هێزەکانی فارس لەبەرەی یۆنانیەکاندا خراپ تێک شکابوون، بەڵام هەر دوای بڵاو بوونەوەی هەواڵی مەرگی کۆڕش تەواوی سەرکێشیەکان بۆ بەرەنگاری هێزەکەی شا کۆتایی پێهات، ئەوەی هەبوو تەنها خەیاڵی خۆ دەربازکردن بوو، یۆنانیەکان دەبوو بڕیارێک بدەن ئەویش یان خۆ بە دەستەوەدانی بێ مەرج یان بەرەنگاری و هەوڵدان بۆ ڕێکەوتنێک لەگەڵ شادا تا دەرفەتیان بدات بە بێ گرژی و ئاڵۆزی بە ڕێی خۆیاندا بگەڕێنەوە، هەڵبەت ئەوان هەڵبژاردەی دووەمیان پەسەند کردوو خۆیان بە دەستەوە نەدا، کە هەر ئەمەش بووە هۆی تۆمارکردنی یەکێک لە سەرکێشیە هەرە مەزن و بەناوبانگەکانی مێژووی مرۆڤایەتی، کە بە گەڕانەوەی (١٠هەزار) سەربازە یۆنانیەکە بەناوبانگە.

 

ڕێپێوان بەرەو کوردستان.

دوای شەڕی کوناکسا کە لە نێوان هەردوو شازادەی فارس (کۆڕش و ئەرتاکسیرس) ڕوویدا، یۆنانیەکان کە لەبەرەی کۆڕش بوون، دوای مەرگی کۆڕش بێ سەرپەرشت و بێ سەرکردە مانەوە، بەڵام سەرکردە ناوخۆیەکانیان نەیانهێشت ڕێکخستنی سوپاکەیان تێکبچێت و سەرەڕای تاڵانکردنی سەربازگەکەیان و نەمانی خواردن، بەڵام هەر ئامادەنەبوون مل کەچ بکەن و خۆیان بەدەستەوە بدەن.
هەموو پێکڕا چاوەڕێی گفتوگۆ بوون لەگەڵ شای ئەخمینی بەڵکوو بێ شەڕپێفرۆشتن و مەرجی قورس، ڕێگەیانبدات بگەڕێنەوە بۆ نیشتیمانی خۆیان، بەڵام ئەوەندەی نەخایاند کە بۆیان ڕوون بویەوە شا تەنها یەک قسەی هەیە، ئەویش خۆبەدەستەوەدانی بێ مەرجە. بێگومان ئەمەش بۆ سوپاگەلی یۆنانی شتێکی مەحاڵ بوو، مەرگێگی حەتمی لە مەیدانی جەنگدا بەلایانەوە زۆر شیاوتربوو لە خۆبەدەستەوەدان بۆ چارەنوسێکی نادیار.

جەنەڕاڵەکان بیریان کردەوە نامەیەک بۆ ئاریاوسی هاوڕێی نزیکی کۆڕش بنێرن، بۆیان نوسی گەر بگەڕێنەوە چۆن پشتیوانی کۆڕشیان کردووە بەو شێوەیەش پشتیوانی ئەو دەکەن تا ببێت بە شا، بەڵام ئاریاوس وەڵامی دانەوە کە فارسی لەو پایەدارتر هەیەو ئەم ناتوانێ ئەو پێگەیە قبوڵ بکات، بۆیە ناگەڕێتەوە، بەڵکوو بەرەو باکوور دەکشێتەوە، بۆ یۆنانیەکانیشی نووسیبوو ئەگەر دەتانەوێ بگەڕێنەوە بەخێرایی خۆتان بگەیەننە هێزەکەم.

یۆنانیەکان دوای گفتوگۆیەکی چڕ، بڕیاریاندا بە ئاریاوس بگەنەوە، چونکە تاکە کەس بوو متمانەی پێبکەن و ڕێی گەڕانەوەیان نیشان بدات، ئەوەبوو زوو خۆیان ڕێکخست و بەڕێکەوتن. لە نزیک ڕووباری دیجلە بە هێزەکەی ئاریاوس گەیشتن
لەوێ بینیان ئاریاوس پەیوەندی لەگەڵ کیسافەرنیسی گەورە کاربەدەستی شا، بەستووە. ئەمە بەلای ئەوانەوە سەیربوو، چۆن یەکێک لە دڵسۆزترین پیاوەکانی کۆڕش ئێستا پەیوەندی لەگەڵ کاربەدەستانی شادا هەیە!. بەڵام هیچ چارەیەکیان نەبوو، ناچاربوون متمانەی پێ بکەن دوای ماوەیەک چاوەڕوانی کیسافەرنیسیش بەدەرکەوت و پێی ڕاگەیاندن مادەم پەشیمانن لەو پشتیوانیەی لە کۆڕشیان کردووە، شا لێیان خۆشبووەو ڕێگەیان دەدات بچنەوە نیشتیمانی خۆیان، بەڵام نابێ گوند و ئاوایەکانی سەر ڕێگا تاڵان بکەن، بەڵکوو دەبێ بە پارەی خۆیان خواردن بکڕن.
یۆنانیەکان ئەم مەرجانەیان هەموو قبوڵ بوو، ئەوان تەنها دەیانویست ڕێگایان نیشان بدەن تا بگەڕێنەوە. ئاریاوس و کیسافەرنیس بەڵێنی هاوکاری و ڕێ نیشاندانیان پێدان، هەر بۆیە دوای چەند ڕۆژێک بەڕێکەوتن. بەڵام تا دەهات پارەو پولی یۆنانیەکان زیاتر لە کەمی دەدا چونکە بە پێی ڕێکەوتنەکە نەدەبوو گوند و ناوچەکان تاڵان بکەن، بەس کاتێک گەیشتنە گوندەکەی دایکی کۆڕش، کیسافەرنیس وەک سوکایەتیەک بە کۆڕش، ڕێگەی بە یۆنانیەکاندا گوندەکە تاڵان بکەن. یۆنانیەکان کاتیان بە فیڕۆ نە ئەداو تا بۆیان بکرایە لە هەوڵدابوون خێرا ڕێگا ببڕن، بەڵام هاوکاتی ئەو ڕێ بڕینە، پەیتا پەیتا دەنگۆی نیەت خراپی کیسافەرنیس و هێزەکەی شا لە ناو سوپای یۆناندا بڵاو دەبۆیەوە، گوایە لە هەر کاتێکدا بێت لەشکری شا بەسەریاندا دەدەن. ئەم دەنگۆیانە جەنەڕاڵەکانی دودڵ کردبوو، ئەوەبوو کیسافەرنیس کلێرخوسی سەرلەشکری یۆنانیەکانی بانگێشت کرد بۆ ڕەشماڵەکەی خۆی و دوای گفتوگۆیەکی درێژ توانی ئەو دوودڵیەی جەنەڕاڵە یۆنانیەکە بڕەوێنێتەوە. وە ئەو شەوە لای خۆی هێشتیەوە و سبەی دوای نانی بەیانی ڕێگەیدا بگەڕێتەوە. ئەم ڕفتارەی کیسافەرنیس متمانەی لای سەرانی یۆنانی دروست کرد، تا گەیشتە ئەو ئاستەی کلێرخوس چەند جەنەڕاڵ و کاپتنی یۆنانی لەگەڵ خۆی ببات تا پێکەوە لەگەڵ کیسافەرنیس کۆ ببنەوە.
بەڵام بێ بەڵێنی و ناڕاستگۆیی فارس دووبارە خۆی نواندەوە، ئەوەبوو تەواوی جەنەڕاڵەکان بەدیل گیران و سەرباز و کاپتنەکانیش کوژران. یۆنانیەکان بەم هەواڵە زۆر خراپ ورەیان ڕووخا بە تایبەت کاتێک بینییان ئەوەی داوا دەکات خۆیان بەدەستەوە بدەن، ئاریاوسی کۆنە هاوڕێی کۆڕشە!. ئەم خیانەتەی ئاریاوس و بێ بەڵێنی کیسافەرنیس یۆنانیەکانی زۆر توڕە و نائومێد کردبوو.
بەڵام ئەم دۆخە وانەمایەوە و لە پڕێکدا یەکێک لە ئەفسەرە ئەسینییەکان بە ناوی (زەینەفۆن) بە یارمەتی هاوڕێکانی سوپاکەی ڕێکخستەوە و چەند وتارێکی پڕ بایەخی بۆ سەربازەکاندا، بەم کارە دووبارە هێز گێڕایەوه بۆ لەشکری یۆنانی.
یۆنانیەکان ئەنجومەنی جەنگیان پێکهێنا و بڕیاریاندا ئەگەر بە ئاشتی ڕێیان بۆ نەکرێتەوە، ئەوا بەشەڕ ڕێگای خۆیان بکەنەوە. کیسافەرنیس چەند جارێک هەوڵیدا دووبارە فریویان بدات بەڵام بێسود بوو. بۆیە بڕیاریدا لەگەڵیان بچێتە شەڕەوە، ئەوەبوو هەر لە دەشتایەکانەوە هەتا گەیشتن بە چیاکان چەند جارێک لەگەڵ یۆنانیەکان ڕووبەڕوو بوونەوە، بەڵام یۆنانیەکان کە ئیتر بەڵێنێک نەمابوو پێوەی پابەندبن، زۆر بوێرانە و بە توندی دەجەنگان، هاوکات تاڵانی ئەو گوند و ناوچانەشیان دەستپێکرد کە دەکەوتنە سەر ڕێیان. بەم جۆرە دوای چەند پێکدادانێکی قورس توانیان کیسافەرنیس ناچاربکەن بکشێتەوە. ئەوەبوو ڕەوشەکەیان بە جۆرێک کەوتەوە کە دوو هەڵبژاردەیان بێتە بەردەست، ئەویش یان بە ڕاستەڕێی خۆیاندا بڕۆن و هەتا دەگەنەوە نزیک دەریا شەڕ لەگەڵ فارسەکان بکەن و بە گوندی سوتاو و بێ خۆراکدا تێبپەڕن، یانیش دەبوو بەرەو باکوور ڕێی ناوچە شاخاویەکان بگرن تا دەگەنە ئەرمەنستان کە وڵاتێکی دەوڵەمەند و پڕ خۆراک بوو. بەڵام ئەوەی لە دودڵیدا دەیهێشتنەوە، ئەوەبوو کە بۆ گەیشتن بە ئەرمەنستان پێویست بوو بە خاکی کاردۆخیەکاندا تێبپەڕن!. ئەو گەل و هۆزە بە جەنگاوەری و ئازایەتی بەناوبانگ بوون، لە ژێر دەسەڵاتی شادا نەبوون و سەربەخۆبوون. دەگوترێ جارێک شای فارس هێزێکی (١٢٠ هەزار)کەسی ناردووەتە سەریان، بەڵام سوپاکە بە تەواوی تێداچوون و کەسیان بە زیندووی لێ نەگەڕاوەتەوە!.
سەرەڕای ئەم مەترسیانەش یۆنانیەکان بە ناچاری بڕیاریاندا بەخاکی کاردۆخیەکاندا تێبپەڕن و خۆیان بگەیەننە ئەرمەنستان. دوای بڕینی چیایەکی بەرز بەرەو دۆڵێک شۆڕبونەوە کە چەند گوندێکی تێدابوو، کاردۆخیەکان هەر بە بیستنی هاتنی سوپاکه بەرەو چیاکان ڕۆیشتن و گوندەکانیان چۆڵ کرد.
گوندەکان پڕبوون لە خۆراک، یۆنانیەکان گەیشتنە یەکێک لەو گوندانەو بڕیاریاندا تا بەیانی لەوێدابن. ڕێڕەوی ڕۆیشتن سەخت بوو، ئەمەش وایکرد نزیکی تاریکبوون ئینجا دوا کۆمەڵی سەربازە یۆنانیەکان بگەنە گوندەکە، هەر لەو کاتەدا ژمارەیەک لە کاردۆخیەکان هێرشیان بردە سەر بەشی دواوەی کاروانی سوپاکە، بە بەرد و قۆچەقانێ و تیر، ژمارەیەک سەربازیان کوشت و ژمارەیەکیشیان بریندار کرد، دواتر کشانەوە. ئەم گروپە کاردۆخیە ژمارەیان کەم بوو، بەڵام زەبری کوشندەیان لە یۆنانیەکاندا، ئەگەر زیاتر بوونایە دوور نەبوو نیوەی لەشکرە یۆنانیەکە ڕابماڵن!.
سەرەتا جەنەڕاڵەکان لەو ڕوانگەیەوە کە کاردۆخیەکان دژبەری دەسەڵاتی شان، بە ئومێدی ئەوەبوون بێ شەڕو شۆڕ، ڕێگا بدەن بە خاکەکەیاندا تێپەڕبن.
بەڵام بە پێچەوانە کاردۆخیەکان هیچ ئاماژەیەکی ئاشتییان نیشان نەدا!.
ئەو شەوە سوپاکە لە گوندەکەدا مانەوە، کاردۆخیەکانیش لە چیاکانی دەوروبەر ئاگریان کردبۆیەوە وەکوو ئامڕازێک بۆ ئاماژەدان بە یەکتر.
بۆ ڕۆژی دواتر جەنەڕاڵە یۆنانیەکان فەرمانیاندا هەرچی دیل و ئاژەڵ و شمەکی زیادەیە جێی بهێڵن، چونکە ئەو شمەکانە هەم ڕێپێوانەکەیان خاو دەکاتەوە، هەمیش دەبنە ئەرک و دەبێ پاسەوان بۆ پارێزگاریان دابنرێ.

دوای خۆ ڕێکخستن گوندەکەیان بەجێهێشت، بە درێژای ڕێگا دوچاری چەندین هێرشی یەک لە دوای یەکی کاردۆخیەکان بوونەوە، هێرشەکان لەپڕو پارتیزانانە بوون، گروپی بچوک هێرشیان دەکردو دوای ئەوەی زەبرێکیان لە سوپاکە دەدا، دەکشانەوە.
هەرچۆنێک بێت دوای شەڕو پێکدادانێکی فرە، یۆنانیەکان لەسەر بەرزاییەک جێگای خۆیان گرت، تا شەو لەوێدا بەسەر ببەن. ئەو ڕۆژە لە ئەنجامی پێکدادانەکاندا دوو سەربازی کاردۆخی بە دیل گیرابوون، هێنرانە لای زەینەفۆن و داوایان لێکرا زانیاری لەسەر وڵاتەکەیان و ڕێگاکان بدرکێنن، یەکێک لە پیاوەکان دوای هەڕەشەیەکی زۆر هەر نکۆڵی دەکرد و ئەوەی دووبارە دەکردەوە کە شارەزای ناوچەکە نیە، ئەوەبوو پیاوەکەیان لەبەرچاوی دیلەکەی دیکەدا کوشت، ئەمە ئەو دیلەی تری هێنایە قسەو وتی پیاوی پێشوو بۆیە هیچی نەوت چونکە کچێکی داوە بەشوو لەو ناوچەیەیە کە ئێوە دەبێ پێیدا بڕۆن. ئەو دیلە ناچارکرا ببێت بە ڕێنیشاندەریان و بەڵێنیان لێ وەرگرت کە به ڕێگایەکدا بیانبات کە وڵاخیشی پێدا بڕوات.

سبەی دوای نیوەڕۆ بەڕێکەوتن، ژمارەیەک سەربازی خۆبەخش کە لەسەر داوای زەینەفۆن کۆببونەوە لە پێشەوە ڕۆیشتن، زەینەفۆن و باقی سوپاکەش بە دوایاندا. بارانێکی بە خۆڕ دایکرد و گەیشتنە ئاوێک کە دەبوو لێی بپەڕنەوە، بەڵام لەسەر چیاکەوە بەردیان بۆ غلۆڕ دەکرایەوە کە هەندێکیان هێندەی گالیسکەیەک دەبوون!. ئەمە ڕێگاکەی لێ قورس کردن و نەیان دەتوانی نزیک ببنەوە، هەر بۆیە کشانەوە، تا درەنگانی شەویش گرم و هوڕی بەردەکان هەر دەهات کە کاردۆخییەکان لەسەر چیاکەوە غلۆریان دەکردەوە.
بۆ ڕۆژی دواتر یۆنانیەکان لە پشتەوە هێرشیان کردە سەر کاردۆخیەکانی سەر چیاکەو توانیان شوێنەکەیان بگرن، دواتر چەند زنجیرە هێرشێکیان بۆ گرتنی ئەو بەرزاییانە دەستپێکرد کە بەسەر ڕێگا سەرەکیەکەدا دەیانڕووانی.
لە هەندێک شوێن ڕووبەڕوو بونەوەی سەخت ڕویاندا لە هەندێ شوێنیش کاردۆخیەکان تەنها بە تیرو بەرد دوراو دوور شەڕیان دەکرد.
یۆنانیەکان چونە سەر گردێک و لەبەرامبەریان جەنگاوەرانی دووژمن دەرکەوتن، زەینەفۆن لە ڕێگەی وەرگێڕێکەوە قسەی لەگەڵدا کردن و داوای ئاگربەستی کرد، ئەوانیش بەو مەرجە ڕازیبوون کە یۆنانیەکان خانوەکانیان نەسوتێنن، زەینەفۆنیش ڕەزامەندی لەسەر ئەوە دەربڕی، کەچی هەر لە کاتی ئەو گفتوگۆیەدا کاتێک یۆنانیەکان بەرەو پێشەوە دەچوون، کاردۆخیەکان بەژمارەیەکی زۆر و هات و هاوارەوە هێرشیان کرد. شەڕێکی قورس قەوماو هەندێک کاردۆخی گەیشتنە سەر ئەو گردەی زەینەفۆنی لەسەربوو، لەوێوە بەردیان غلۆر دەکردەوە و چەند کەسێکیان بریندار کرد. یۆنانیەکان کشانەوەو خۆیان ڕێک خستەوەو بارەگایان دانا، هەندێک خواردن شەرابیشیان لە گوندەکانی دەوروبەر دەستکەوتبوو بەتایبەت لە ژێر زەمینێکدا بڕێکی زۆر شەرابی سەرداپۆشراویان دۆزیەوە، هەرچی زەینەفۆنیشە ڕێکەوتنێکی لەگەڵ کاردۆخیەکان کرد تا تەرمی کوژراوەکانیان بدەنەوە و لەبەرامبەردا ئەمانیش ڕێناسە ئەسیرەکه ئازاد بکەن. دواتر تەرمەکانیان وەرگرتەوە و بە ڕێوڕەسمێکی شایستە ناشتیانن. ڕۆژی دواتر بە بێ ڕێناس، بەڕێکەوتن، بە درێژایی ڕێگا لەگەڵ دووژمندا لە شەڕدا بوون، کاتێک گەروێکیان لێ دەگیرا فێرببوون کە بەرزایەکانی نزیک گەروەکە بگرن و دووژمن لە ڕێگاکە دەرپەڕێنن، ئەوەی یۆنانیەکانی هەراسان کردبوو تیرهاوێژەکان بوون، کاردۆخیەکان کەوانەکانیان چوار پێنج پێ درێژ بوون، تیرەکانیشیان سێ پێ دەبوون. کاتێک تیریان دەهاویشت قاچی چەپیان پێش دەخست و کەوانەکەیان لای ڕاستی قاچیانەوە چێ دەکرد، تیرەکانیان زرێی سینگ پۆش و قەڵغانی دەبڕی!.

ئەوەبوو لە کۆتایدا یۆنانیەکان لە گوندێکی سەر چیا لە دوا سنوری کاردۆخیەکان جێگیربوون، گوندەکە بەسەر دەشتاییەکدا دەیڕوانی کە ڕووبارێک بە نێویدا دەڕۆیشت و سنوری نێوان وڵاتی کاردۆخی و ئەرمەنستانی جیا دەکردەوە.
سەربازەکان هەموو بە بینینی ئەو دیمەنە دڵخۆشبوون، چونکە بە درێژایی یەک هەفتەی تەواو کە بە خاکی کاردۆخدا تێپەڕی بوون لە شەڕێکی سەخت و دژواردا بوون.
بۆ ڕۆژی دواتر کاتێک ویستیان بپەڕنەوە بینییان لەشکرێک لەوبەری ڕووبارەکەوە وەستاون، ئەمە کەمێک ئاستەنگی بۆ پەڕینەوەیان دروست کرد، بەڵام فشاری کاردۆخیەکان لە پشتەوە ناچاری دەکردن زوو بپەڕنەوە، ئەوەبوو دواجار پلانێکیان داڕشت و لە ڕووبارەکە پەڕینەوە، هاوکات لەکاتی پەڕینەوەدا کاردۆخیەکان لە چیاکان دابەزین و دوا هێرشی خۆیان کردە سەر لەشکری یۆنانی، هەتا کاتی پەڕینەوەی تەواوی سوپاکە شەڕ بەردەوامی هەبوو. بەم شێوەیە دوای ئاستەنگ و بەرەنگاریەکی سەخت لەشکری یۆنانی توانییان خاکی کاردۆخ (کوردستان) تێبپەڕێنن.
 

سەرچاوە:
گەشتەکەی زەینەفۆن لە نووسینی: جەنەڕاڵی یۆنانی (زەینەفۆن).

وەرگێڕانی: محمد مسعود محمد.

زۆرترین بینراو

developed by Scorpion shield