نیکتۆ

بڵاوکردنەوە:

زەنوێر مەهدی

نووسەر:

زەنوێر مەهدی

بینراو:

900

بەش:

وێژە

هاژ و هوژی با لە هەموو شوێنێک بوو، هەموو شتەکان بەپەلە بوون، گەڵاکان کەوتبوونە لەرینەوە و خەڵک هەمووی بەخێرایی رێیان دەکرد تاوەکو زووتر لە کار و لە دەرەوە تەواو بن، دەنگە دەنگ زیاتر بووبوو، ناچاربوون بەرزتر لە رۆژانی ئاسایی قسە بکەن تاوەکو دەنگیان بگات بەیەکتر، تەنها نیکتۆ نەبێ کە ئەو هەرگیز هیچی نەدەبیست و نەشی دەتوانی هەرگیز قسەبکات،بۆ نیکتۆ هەموو ئەوەی پەلەپەلی تێدەکەوت لەبەرچاو بوو،  بەڵام دەیزانی رەشەبا هێلانەکان تێکدەدات، ئاگای لێبوو گوڵەکان بە رەشەبا ئەوەرن و پەپولەکان خۆیان دەشارنەوە، سمبولی جوانی خۆی دەشارێتەوە، ئەو دەیزانی هەندێک کات ژیان جوانی ناوێ.

ئەو بە رووخسارە سارد و سڕەکەیەوە بە شەقامەکەدا رێی دەکرد، هەمیشە چاوەکانی ترسهێن بوون بۆ دەوروبەر، ئەگەر لە کەسەکانی دەوریت بپرسیایە هیچکامیان بیرۆکەیەکی باشیان سەبارەت بە ئەو نەبوو تەنها لەبەرئەوەی زمانێکی نەبوو قسەی پێبکات و هەرگیزیش گرنگی بەوە نەدەدا، کە ئاخۆ خەڵک رقیان لەو دەبێتەوە یان خۆشیان دەوێ، لێی دەترسن یاخود باوەشی بۆ دەکەنەوە، تەنانەت پێی وابوو ئەگەر ترسێک هەبێ لەنێوان ئەو و خەڵکدا ئەوا شتێکی ئەوەندە خراپ نییە، ترسی خەڵک لە بێدەنگی ئەو و ترسی ئەو لە دەنگە دەنگی خەڵک.

ئەو نە رقی لە هیچکەس بوو نە هیچ کەسیشی خۆشدەویست تەنها ئاگای لە چرپەکانی ناو ناخی مرۆڤەکان بوو، دەیزانی ئەو دەنگانەی لە دەمیان نایەتە دەرەوە چین و دەڵێن چی، بۆیە هیچکات هەوڵی نەدەدا بەشێوەیەک لە شێوەکان دەوروبەر تێبگەیەنێت کە دەیەوێت چی بکات و دەیەوێت چی بڵێت، بەڵکو تەنها دەژیا، ژیان لەگەڵ خوێندنەوەی ناخی مرۆڤەکان ئەوەندە ئاسان نییە، بەڵام بۆ نیکتۆ کە دۆخەکەی کردبوو بە ژیان و بەتەواوی لەوە گەشتبوو کە دەبێ چۆن مامەڵەی لەگەڵ بکات، هەرچەندە خۆشبەختانە گوێی لێیان نەدەبوو تاوەکو ئەو جیاوازیە بەدی بکات کە لە قسەی ناخیان و قسەی سەر دەمیان هەیە.

هەرچەندە ئەو ئاگای لە ناخی خەڵکەکەی دەوری بوو بەڵام، لێکۆڵینەوە لە کار و کردەوە و ناخی ئەوانی تر گرنگیەکی بۆ نیکتۆ نەبوو تا ئەوەی گرنگی بە ناخی خۆی بدات، لەناو ناخی هەستی بەو گوژمە وزەیە دەکرد کە دەکرا وەڵامی پرسیارەکانی نیکتۆیان پێبێت، هەندێک کات پێی وابوو بوونەوەرێک لەناو ناخیدا دەژی و رێگای پیشان دەدا کە چۆن لە جەستەی بێتە دەرەوە و ئیدی ئازادببێت، بەڵام ئایا ئەوە خوودی خۆی نەبوو؟ لەناوەوە ئەوەندەی دەنگ لێبوو کە گرنگی بە دەنگەکانی دەرەوە نەدات، لە ناوەوە ئەوەندەی ئەمر پێبوو کە گرنگی بە ئەمرەکانی دەرەوە نەدات، لە دەرەوە دەژیا بەڵام لەناوەوە هۆکاری بۆ ژیان دەدۆزیەوە، شەڕ و پێکهاتن و لێکۆڵینەوەی لەناوەوە بوو نەک دەرەوە، لەبەرئەوەش بوو خەڵکی وەکو ئەهریمەنێک ئەویان دەبینی، کچێک کە نابیستێ و نادوێت و تەنها چاوەکانی هەن، بەڵام بە ئەهریمەن شێوێنراون، ئەو تەنها لە شوێنی خۆی دەوەستا کاتێ رووداوە ئاساییەکان روویان دەدا و بەهەمان شێوەش کاتێ رووداوە نائاساییەکانیش روویان دەدا هەر دەوەستا سەیری دەکرد، ئەو چی دەبینی؟ دەنگی ناو ناخی ئەو مرۆڤانەی رووداوە نائاساییەکانیان بەسەر دێت هەر بەراستی داوای چی دەکەن؟ ئەو تەنها سەیری دەکرد. سەیری ئازار و خۆشی و پێکەنین و گریانی خەڵکی دەکرد، لە دەرەوە فەرمانەکان زۆربوون، بەڵام لەناوەوە فەرمانێک لە گۆڕێدا نەبوو، دواجار پشتی دەکردە هەموو رووداوە ئاسایی و هەموو رووداوە نائاساییەکان و ملی رێگەی ماڵەوەی دەگرتە بەر، ئەو تەنها بە ناخدا رۆدەچوو، تەنها قوڵدەبوەوە و  لەوێشەوە فەرمان نەبوو، هەموو ئەوەی هەبوو تەنها روونکردنەوە بوو. بەردەوام شتەکانی لەلا روونتر و روونتر دەبۆوە.

کاتێک چاوم کردەوە لە پاسەکەدا بەرێوە بووم بۆ شوێنێک، سەرم بەرزکردەوە و بینیم کە ئەوە رێگەی ماڵەوەیە، بەڵام رێگەی زۆر شوێنی دیکەشە، بەهەرحاڵ من ماڵەوە هەڵدەبژێرم، ئەی چی ئەگەر هاتبم قەرز لە هاوڕێیەکم وەرگرمەوە، بەس ئاخر من کوا قەرزم داوە بە کەس؟ لە تەنیشتمەوە پیاوێکی سی چل ساڵان تەلەفونی بۆ هات و ئەویش باسی قەرزی دەکرد "ئەو پارەیەم نەیەنەوە شکات ئەکەم!" ئاوڕم بۆ دایەوە و ویستم بە سوعبەتەوە پێی بڵێم لێی خۆشبە دنیا ئەوە ناهێنێ! بەڵام کاتێ دەمووچاویم بینی سەیرم کرد دەموچاوی پێش کەتنکردنی هەیە، یاخود دەموچاوی پاش کەتنکردن، دەزانی خاسیەتێکی کەتنکردن ئەوەیە کە دەموچاوی ئینسانەکە هەروەکو خۆیەتی و ئەو ئیسراحەتە ناکات کە وەعدیان پێدابوو، بەهەرحاڵ، چین چین ئارەقی دەکرد و هەناسەی تەنگ بووبوو، هەرچەنی دەکرد نەیدەتوانی وەزعەکەی بشارێتەوە، چاوی چووبوو بە قوڵا و برۆکانی هاتبوونە دەرەوە بۆ ئەوەی چاوی داپۆشن، ئەگەر بۆی بکرایە بە برۆکانی هەموو جەستەی دادەپۆشی، بەڵام چاوەکان لەپێش هەموویدا چونکە چاوەکان ناتوانن راستیەکان بشارنەوە. دەزانی بیرم لەوە دەکردەوە رەنگە نەخۆشی زەختی هەبووبێ و کەمێک وەزعی تێکچووبێت، بەڵام هەر زوو چەکوشێکم دا بەو بیرکردنەوەیەدا و وتم پاک بینی دوورە لە منەوە، نا پاکبینی دوورە لە سەردەمی ئەمرۆوە.

لە پێشیشمەوە کچێک بوو بە جلێکی زۆر سوورەوە،  بەشێوازێک دەجوڵایەوە وەک بڵێی هەموو ناو پاسەکە لێکۆڵینەوە لە رەفتارەکانی ئەو بکەن، من هەموو کات رقم لەوە بووە کە گرنگی بەم بەوەی خەڵک چۆن بیرم لێ ئەکەنەوە، بەس راستیەکەی لەم دواییانە بۆم دەرکەوت من لە هەموو زیاتر گرنگی بەوە دەدەم کە خەڵک چۆن بیرم لێدەکەنەوە. لەو کاتەیا وێنای ئەوەم ئەکرد کە ئەو کچە دەکرێ بیر لەوە بکاتەوە ئەگەر تەلەفونی بۆ بێت ئاخۆ جەڕەسی مۆبایلەکەی بەدڵی چەند کەسمان دەبوو، چەند کەسمان وازمان ئیدی ئەومان لەبەرچاو دەکەوت، ئاخۆ هەرهەموومان ئەومان لەبەرچاوە تاوەکو لەبەرچاومان بکەوێ، من رقم لەوەشە کە کچێک وێنای ئەوە بکات کە من ئەوم لەبەرچاوە بۆیە خێرا رووم کردە جامەکە و بینیم پیاوێکی بەتەمەن قاچی خستۆتە سەر قاچ و رۆژنامە ئەخوێنێتەوە لەسەر کورسیەک کە تاکە کورسی گوزەرەکە بوو، بەشێوەیەک دانیشتبوو کە کورێکی گەنجی یەکێک لە دووکانەکانی ئەو شوێنە خاس هەموو رۆژێک کورسیەکی بۆ بێنێت و لەویا ئەو رۆژنامە بخوێنێتەوە و باس و  خواسێکی رۆژ بکەن، ئاخۆ کورە گەنجەکە بۆ ئەوە دەکات؟ چونکە دەیەوێت سوودمەند بێت لە ئامۆژگاریە بەسوودەکانی ئەو پیاوە بەتەمەنە؟ یاخود خەزووری داهاتوویەتی؟

ئایی منیش زۆر خراپم، خەیاڵم هێنایەوە و ویستم بزانم شێوەی کورە گەنجەکە چۆنە تاوەکو پێشینەیەک بۆ یەکێ لەو دوو بژاردەیە وەربگرم بەڵام زۆر درەنگ بووبوو پاسەکە خەریک بوو دەگەشتە ئامانجەکەی. دەترسام خەیاڵێکی تر ئیدی دابەزینەکەم بیربباتەوە، بەڵام گوێم پێ نەدا و یاخوود راستترە بڵێم نەمتوانی کۆنترۆڵی بکەم و خەیاڵم رۆشت، بەڵام هێشتا بەشێک لە خەیاڵم لەلای دابەزینەکە بوو، ئەمجارەیان لە ئاوێنەی پێشەوە لەگەڵ سایەقەکەی دەژیام و دەمویست بزانم لەوکاتەیا بیر لەچی دەکاتەوە؟ باشە ئەو جەستە و چاوە ماندووانەی ئەو سەیری مەوقیفی داهاتوو دەکات بە چ مەبەستێک؟ نەفەرێکی لێبێت و سەفەرەکەی خاو بکاتەوە و پارەیەکی زیاتر، یان نەفەرێکی لێ نەبێت و سەفەرەکەی زوو تەواوبکات و پارەیەکی کەمتر، ڕاسییەکەی قورس بوو پێشبینی وەها شتێک بکەم، بەڵام سوور بووم لەسەر ئەوەی بەردەوام دەبم تاوەکو دەگەمە دەرئەنجامێک، بینیم لە مەوقیفی داهاتوو چاوەکانی زیاتر دەکرانەوە و کەمێک جوڵەی ئەو نیوە جەستەیەی دەمبینی خێراتر دەبوو، ئەوەش نیشانەی ئەوەبوو کە ئەو ئیجابیانە سەیەی نەفەری مەوقیفەکان دەکات و بۆ ئەو پارەیەکی زیاتر گرنگترە لە ماندووبوونی کەمتر، لەویادا سیستمی سەرمایەداری رۆژگاری ئەمرۆم هات بەخەیاڵدا کە چۆن پارەی خستۆتە سەروو هەموو ماندووبوون و بەها مرۆیی و مەعنەویەکانی تریشەوە، کەمێک تورە بووم لەوە و لە سایەق پاسەکە کە بەشێکە لەو سیستمە بەبێ ئەوەی ئاگای لێی بێت.

لەخەیاڵدا بووم، دەستێک لە پشتمەوە بەئاگای هێنامەوە و سەرم هەڵبری کاتی دابەزینم بوو، سەیری پشتەوەم نەکرد و وتم دابەزین هەیە و خێرا دابەزیم و پاشان سەیری شوێنەکەی خۆمم کردەوە لە جامەکەوە بینیم کە دەستەکەی پێی وتم کە کاتی دابەزینمە نیکتۆ بوو! هەر کە لە پاسەکە دابەزیم و نیکتۆ م بینی، پاش کەمێک بیرکردنەوە بۆم دەرکەوت کە دەبوو ئاگام لە نیکتۆ بێ چونکە ئەو هەرگیز لە ماڵەوە و گەرەکەکەی ئێمە دوور نەکەوتۆتەوە، یەکەمجارم بوو لە شوێنێکی تر لە دەرەوەی ناوچەکەی خۆمان بیبینم، ئەو زۆربەی کات بە پێ بەناو شەقامەکانی لای خۆماندا دەسورایەوە و کاتێ رووداوێکی دەبینی، یاخود کەسێکی نوێی دەبینی رادەوەستا و سەیری دەکرد، ئەو ئامادە بوو بۆ چەندین خولەک رابوەستێ و سەیری رووداو و کەسە نوێیەکان بکات، تەنها و تەنها سەیرکردنیش، ئێمە لە گەرەکەکە هەموومان دەمانزانی کە نیکتۆ ناتوانێ گوێی لە هیچ بێت و ناشتوانێ قسە بکات، دەمانزانی کە ئەو دەبینێت، رەنگە بەهۆی ئەوەشەوە بێت کە ئەوەندە چاوەکانی ماندوو دەکات و بەردەوام سەیریان پێدەکات، بەشێوەیەک قسە دەکەم وەک بڵێی ئێمە چاوەکانمان بەکارنایەنین بەقەدەر ئەو، بەڵام خۆی مەبەستم ئەوەیە کە ئەو چونکە تەنها چاوەکانی هەیە، لە دوورەوە دەوەستێ و سەیری رووداوەکان دەکات و ئیدی ئەگەر سەدان کەس لە پشتیەوە بانگی بکەن ئاور ناداتەوە، هەرچەندە ئەو نابیستە و ئێمە هەموومان دەزانین بەڵام هەر بانگی دەکەین، لەخۆڕا نییە، چونکە هەرکاتێ بمانەوێ ئاراستەی رێگەکەی پێ بگۆڕین یان بمانەوێ پێی بڵێین باوک و دایکی ئیشیان پێیەتی، پێش ئەوەی زۆر زۆر لێی نزیک بینەوە و بە دەست ئاگاداری بکەینەوە،  ئاور دەداتەوە و یەکسەر بۆ ئەو شوێنە دەروات کە ئێمە دەمانەوێت ئەو بۆی بروات، بۆ من ئەو سەرنج راکێشە وەلەو بۆ گەرەک ئەو ئەهریمەنە.

هەندێک کات دەڵێم ئەو دەبیستێ و بەڵام خۆی نایەوێ گوێمان بۆ بگرێت، بەڵام هەمیشە ئەو بە کردارە سەیر و سەمەرەکانی کە بە پێچەوانەی هەموو خەیاڵکردنەکانمەوەیە بەدرۆم دەخاتەوە و ناچارم قەناعەت بەوە بکەم کە ئەو نابیستێ. بۆ ئێستا ئەوەی کە گرنگە ئەوەیە دەبێ بچم بە دایک و باوکی بڵێم کە ئایا ئاگادارن نیکتۆ چووەتە دەرەوە و کەمێک دووریش کەوتۆتەوە، دایک و باوکی نیکتۆ لە گوزەرەکەدا کەسانی خۆشەویستن و وەلەو هەمیشە کێشەی ئەوەیان لەگەڵ خەڵکەکە هەیە کە ئەوان کچەکەیان بە ئەهریمەن دەزانن و ئەمانیش هەمیشە بەرگری لە کچەکەیان دەکەن بە هەموو شێوەیەک، جاری پێشوو نیکتۆ سەیری کۆمەڵێک منداڵی کردبوو کە شەڕە بەردیان دەکرد و هەتا کۆتایی شەڕە بەردەکەیان هیچ شتێکی نەکردبوو تەنها سەیری کردبوو، ئیدی دایکی منداڵەکانیش یەخەی دایکی نیکتۆیان گرتبوو کە دەبوو کچەکەی شتێک بکات و هیچ نەبێ ئاگاداریان بکاتەوە بۆ ئەوەی ئەوان شتێک بکەن و رایان بگرن، دایکی نیکتۆش بە گریانەوە وتی کە دەتوانن حسابی نەبوو بۆ کچەکەم بکەن ئێوە، بەڵام بۆڵەبۆڵی ئەوان بەو قسەیەش تەواو نەبوو، لەکاتی ئەو شەڕەی ژنی گەرەک و دایکی نیکتۆشدا من سەیری نیکتۆم دەکرد کە سەیری ئەوانی دەکرد سەرزەنشتی دایکیان دەکرد و بەدەوریا سورامەوە بۆ ئەوەی رووخساری ببینم ئاخۆ بێتاقەتە؟ بەڵام هیچم بەدی نەکرد، ئەو وەک هەمیشە هەمان رووخساری هەبوو، رووخسارێکی فریشتە ئاسا، بە چاوانێکی ترسهێنەوە، وەلەو ئێمە کەسمان نازانین رووخساری فریشتە چۆنە، بەڵام من دڵنیام ئەو شتێکی هاوبەشی لەگەڵ فریشتەکان هەیە.

گەشتمە بەردەم ماڵی نیکتۆ و بینین باوکی خەریکی ماڵینی بەر دەرگاکەیانە لە گەڵا وەریوەکان، لەپاش سڵاوکردن و کەمێک قسەکردن، وتی کە ئەویش نازانێ نیکتۆ چووە بۆ کوێ! پێم وت کە باشترە بچین بەدوایدا بگەڕێین، بەڵام ئەو وتی نیکتۆ خۆی دێتەوە پێویست ناکا ئێمە کارەکە لەخۆمان ئاڵۆز بکەین، راستیەکەی کەمێک بەلامەوە سەیربوو کە ئەو ئەوەندە لەسەرخۆ بوو کاتێک منداڵەکەی لەشوێنێکە کە ئەو نازانێ کوێیە. بەڵام دواتر لە پاش قسەکردن بۆ ماوەی چەند سەعاتێک و پرسیارەکانی من لەسەر نیکتۆ لە ئەنجامی قسەکانیەوە بۆم دەرکەوت کە نیکتۆ بۆ دایک و باوکیشی بەهەمان شێوەی ئێمە نهێنی ئامێزە، بەڵام وەکو من نەوەک وەکو خەڵک، بۆ خەڵک ئەهریمەنێکی نهێنی ئامێز بوو، بۆ من و دایک و باوکی تەنها نهێنی ئامێز بوو، بەڵام راست بڵێم لەوە دڵنیا نەبووم بۆ دایک و باوکی ئەهریمەن بوو یان نا، چونکە کەمێک ترس بە قسەکانی باوکی نیکتۆوە دیار بوو، وەلەو ئەوان خۆشیشیان دەویست و دەتوانم بڵێم کە لەلای خۆشیان روون نەبوو کە ئەوان نیکتۆ بە ئەهریمەن دەزانن یان نا.

سارد و سڕی باوکی نیکتۆ لەسەر دۆزینەوەی کچەکەی لەلام پرسیار بوو تا ئەوکاتەی کە ئەو  لە قسەکردن وەستا و کەمێک تێڕاما و پاشان وتی "ئێمە (واتە خۆی و دایکی نیکتۆ) ئێمە پێمان وایە کە ئەوە نیکتۆ نییە بەقسەی ئێمە بکات، بەڵکو ئەوە ئێمەین دوای خواستی ئەو کەوتووین." بەو قسەیەی ئەودا کەوتمە قوڵایی و لەناخی خۆمدا بە خۆمم دەوت باشە نیکتۆ هەموو کات بەپێی خواستی ئێمە جوڵاوەتەوە، راستە ئەو خۆی دەگەرێت و بەردەوام بە چاوە سەیرەکانی لە هەموو شت دەروانێت، بەڵام هیچکاتیش نەبووە کە ئەو پێچەوانەی خواستی ئێمە شتێک بکات، من لەوکاتەدا ئەوەش هاتە مێشکم کەبۆچی نیکتۆ هەمیشە پێش ئەوەی دەست بدەین لە دەستیەوە خۆی ئاور دەداتەوە و ئەو شتە دەکات کە ئێمە دەمانەوێت بیکات، بەڵام هیچ هۆکارێکی گونجاوم پێ نییە بۆ ئەوەی کە ئاخۆ ئەو چۆن ئەوە دەکات!

هەرچۆنێکبێ نەمتوانی قسەکانی باوکی نیکتۆ بەهۆکار بکەم لە مێشکمدا، بەڵام لەبیریشم نەدەچوونەوە، هەر رێک لەوکاتەدا نیکتۆ گەرایەوە و وەک هەمیشە قژێکی خاوی کەمێک شێواو و رووخسارێکی جوان و چاوان ێکی ماندووی هەبوو، لەوکاتەدا بوو درکم بەوە کرد کە نیکتۆ هەمیشە رووخساری کەسێکی هەبوو کە کۆمەڵێک شت بزانێ کە نەیەوێت بیانزانێت، راستیەکەی من خۆشم ئەو یەک دوو شتی وا دەزانم کە ئەگەر بۆم بکرێ حەزدەکەم بۆ هەمیشە لەبیرم بچنەوە، بەڵام جارجار بیرم دەکەونەوە بەپێی رووداوەکان، رووخسارێکی ماندوو کە دەیەوێت پشوویەک وەرگرێت و سەیری هەرکوێیەک دەکات پشوویەک نییە، پشوویەکی دەست ناکەوێ و هیچ شتێکیش نییە دادی دا بدا، لەوکاتەیا بیرم لەوە دەکردەوە رەنگە ئەو بۆیە ئەوەندە سەیری شتەکان دەکات بۆ ئەوەی جوانییەک ببینێت کە پشوو وەرگرێت و بەڵام لەکۆتاییدا ئەمانە هەمووی خەیاڵاتی خۆم بوون. سەیرێکی کردین و پاشان بەلاماندا تێپەڕی و چووە ژوورەوە، منیش بە باوکی نیکتۆ م وت چۆن دەزانی کە بۆ کوێ چووە؟ و چۆن وەڵامت دەداتەوە؟ ئەویش وتی "ئێمە ئەوانە نازانین." و پاشان خوداحافیزی لێکردم.

ئێوارەی ئەو رۆژە ڤێرۆ کە چوەوە بۆ ماڵەوە، باوکی بەشێوەیەکی سەیر رەفتاری لەگەڵ دەکرد و لە زۆر شتی پرسی کە پێشتر نەیدەپرسین، ڤێرۆ ئامادە نەبوو بۆ هیچکام لە پرسیارەکان بەڵام هەرچۆنێک بێ وەڵامی دانەوە، لە وەڵامەکانی ڤێرۆدا نهێنی زۆر هەبوون کە باوکی ئاگای لێیان نەبوو، بۆیە خەیاڵی لەلای ئەوە بوو کە ئاخۆ باوکی بەدوای کامیاندا دەگەڕێت؟ کامیانی بۆ ئاشکرا بووە و تۆ بڵێی هەموویان بزانێت؟ قسەکردنەکەیان باش رۆشت و ڤێرۆ توانی سەرکەوتووانە لە پێچ و پەنایا بمێنێتەوە و ئەگەرچی باوکی بە چەند لایتێکیشەوە داخڵ بە کۆڵانەکانی ناو مێشکی ڤێرۆ بوو، هەستایە سەر پێ و دەستی خستە سەر شانی ڤێرۆ وەک ئاماژەیەک بۆ ئەوەی کە خۆشبەختانە هیچی نەشاردۆتەوە و بەروویدا زەردەخەنەیەکی کرد، ڤێرۆ هەستی بە تاوان دەکرد و بەڵام شاردنەوەی نهێنیەکان لە هەموو کەس بڕیارێک بوو کە پێشتر دایبووی بۆیە ئەمانەشی کە ئێستا روودەدەن و زۆر شتی دیکە و قورستریش کە دەکرێ رووبدەن لە داهاتوودا لەبەرچاوگیرابوون، لەگەڵ ئەوەشدا خەفەتی لەوە دەخوارد کە ئەوە نیشانەیەکی پیربوونی باوکێتی کەوا نەیتوانی درک بە نهێنییەکانی ڤێرۆ بکات، چونکە ئەو هەر شتێکی تر لە هەرکوێیەکەوە فێربووبێ پێشتر دواجار باوکی بوو کە لە هەموو کات و هەموو ساتدا مامۆستا سەرەکیەکەی بوو، زۆرجار سەری دەسوورما لەوەی کە بۆ دایمە ئەو وەڵامی پێیە بۆ هەموو پرسیارەکان، بۆ چەند ساتێک ڤێرۆ ئاواتی دەخواست کە باوکی نهێنیەکانی درک پێ کردبێ نەوەک پیربووبێت و لە دڵی خۆیدا دەیگووت هەر وایە.

باوکی نامەیەکی دەرهێنا و وتی "کوڕەکەم، ئەمڕۆ ئەم نامەیەم لە بەردەم دەرگاکە دۆزیەوە و هەرکەس نوسیبێتی باش تۆ دەناسێ، رەنگە لە من باشتر بتناسێ، وە نامەکەش بۆ منە و دەربارەی تۆیە، هەتا ئەوکاتەی خۆم رێگەت پێدەدەم هەوڵمەدە هەرگیز سەیری بکەیت، من لەلای خۆم هەڵیدەگرم و ئەمڕۆش هەر لەسەر بنامەی نامەکە پرسیارەکانم لێکردیت." ڤێرۆ ئەوەندەی تامەزرۆی ئەوە بوو کێ نامەکەی نوسیوە ئەوەندە تامەزرۆی ئەوە نەبوو چی تێدا نوسراوە، بەڵام ئایا کەی و چۆن نوسەری نامەکە دەدۆزێتەوە، ئەوە پرسیارێک بوو کە وەڵامەکەی لەلای نوسەری نامەکە بوو نەوەک ڤێرۆ. ئەو نهێنیانەی ڤێرۆ دەیشاردنەوە هەمووی دەربارەی ئەوەبوو کە لەگەڵ کۆمەڵێک هاوڕێ و بگرە کەسی نەناسیاویش گروپێکیان پێکهێنا بوو کە دەیانویست بەرگری بکەن، بەڵام بەرگری لە چ شتێک؟ ئەوان پێیان وابوو کە کۆمەڵێک کەسی خانەدان و دەسەڵاتداری وڵات خەریکی پلانێکن کە ئیدی هیچ کەس نەمێنێتەوە لە دەرەوەی بازنەی هێزی ئەوان بێت، ئەوان دەیانزانی کە ئەو دەسترۆشتووانە پلانێکی گڵاویان هەیە و شتێکی لەو بابەتەیە، لەئەوەندە دڵنیابوون بەڵام دواتر نەیاندەزانی بەتەواوی چی دەگوزەرێت؟ ئەوان چۆن وا دەکەن ئەم خەڵکە هەمووی بچنە ژێر قەناعەتی ئەوانەوە و چ سیاسەتێک وا دەکا کە کەسێک نەبێت بەرهەڵستیان بکات؟ ئەوە چییە رێگە بەوان دەدا  کۆنترۆڵی دانیشتوانی وڵاتەکە بکەن؟ کۆمەڵێکی پرسیاری گرنگ نەزانراوبوون بۆیان، بەڵام ئەوەی کە گرنگ بوو بەلای گروپەکەی ئەمانەوە ویستێک بوو بۆ بەرگری، بەرگری لە ئازادی، بەرگری لە ویست. ڤێرۆ و هاوڕێکانی بە وریاییەوە مامەڵەیان دەکرد و ئامانجێکی روونیان هەبوو، ئەویش تێکدانی پلانی دوژمن (ئایا دوژمنن یان نا ئەوەش روون نەبوو) بۆ بەکۆیلەکردنی خەڵک و تێکەڵکردنی ویستیان بە ویستی کەمینەیەکی زۆردار کە ئیدی لە پشتی هەموو رووداوەکانەوە بن.

"مامۆستا لوفی یەکێک بوو لەو مامۆستایانەی هەمیشە هەموومان خۆشمان دەویست، ئەو هیچکات نەبوو پێنەکەنێت، هەمیشە بەرووی ئێمەی منداڵدا پێدەکەنی و ئەگەرچی لاساریشمان بکردایە ئەو هەر بەردەوام دەبوو لەسەر پیشاندانی رووخسارە پرشنگدارەکەی، ئێمە کە ئێستا تەمەنمان تێپەڕیوە ئینجا دەزانین کە ئەو رووخسارە پرشنگدار و پڕ زەردەخەنەیەی ئەو ئەوەندە ئاسان نەبوو، ئەو جگە لەو هەموو قسە جوان و پڕ بە پێستەی پێی دەوتین و جگە لە دەستە بەخشندەکانی کە هەموو رۆژ دیاریە بچوکەکانی پێ بوو بۆمان، جگە لە هەموو ئەوانەی کە فێری کردین رووخسارە دەم بە خەندەکەی قورسترین باجی هەبوو لەسەری، ئێمە ئێستا وردە وردە بۆمان رووندەبێتەوە ئەو کە لەگەڵ ئێمە پێدەکەنی لەناو پۆلەکاندا لە دەرەوەی پۆلەکان بەچیدا تێدەپەری، بۆیە هەروەک چۆن لە منداڵیماندا ئەو نموونەی رەنگی سپی و متمانە بوو لە گەورەییشماندا ئەو نموونەی رێز و رەنگی رەساسی ئەزموونمانە."

ئەمە قسەی هاوڕێیەکی ڤێرۆیە کاتێک یەکێکی تر لە هاوڕێکانی ڤێرۆ لەسەر باوکی ڤێرۆ پرسیاری لێدەکات، لەپاش ئەوەی ڤێرۆ بە هاوڕێکانی راگەیاند کە نامەیەک سەبارەت بە ئەو دراوە بە باوکی. لەپاش ئەو قسانە هەمووان بۆیان روونبۆوە، کە نامەکە و مامۆستا لوفی جێگەی هیچ مەترسیەک نین بۆ ئەوان بەڵام هێشتا دەبێ بزانن چی تێدا نوسراوە و نابێ لەیادبچێت! ئەگەرچی بابەتەکە تایبەتیش بێ بە ڤێرۆوە بەڵام مادەم ئەوان پەیمانێکیان هەیە کە بەیەکەوە کاردەکەن بۆ بەگژاچوونەوەی جوڵەیەکی گەورە ئەوا دەبێ وریا بن.

لەپاش چەند رۆژێک، سیمبا پێی وتین کە یەکێک لە گومان لێکراوەکان و تاکە کەس کە ئێمە بتوانین شوێن پێی هەڵگرینەوە ئەمڕۆ لە شوێنی کارەکەیەوە دەگەرێتەوە بۆ ماڵەوەیان و ئەگەرێکی زۆر هەیە کە بەشێک لە پلان و رێڕەوی ئیشەکانی هەڵگرتبێت، بۆیە پلانی ئێمە بەشێوەیەکبوو کە ئەمڕۆ هەرچۆنێکبێ شتێک دەستبخەین لەم پیاوەوە، ئەوەبوو لەپاش چەند کاتژمێرێک چاوەرێکردن لەدەرەوەی یەکێک لە باڵەخانە بەرزەکانی شارەکە هاتە دەرەوە و من و سیمبا و دوو گەنجی تر بووین، پلانی ئێمە ئەوە بوو لە شوێنە گونجاوەکەدا پەلاماری بدەین و وای پیشان بدەین کە هاتووین دزی لێبکەین و لەو کەین و بەینەدا هەرچیەکی پێیە لێی بسەنین و رابکەین.

ئەوەبوو ئەو کە هاتە دەرەوە چاوەرێی کەسێک بوو، ئۆتۆمبێلێک هات و رۆشت و ئێمەش بە ئۆتۆمبێلێکەوە بەدوایدا ڕۆشتین بە وریاییەوە تاوەکو پێ نەزانێت، تاوەکو گەشتە کۆڵانە کۆن و هەژار نشینەکانی شار و لەویادا دابەزی لە سەیارەکە و بەجێیان هێشت، ئەوەی کە سەیر بوو بەلای ئێمەوە، ئەوە بوو کە ئێمە دڵنیابووین ماڵی ئەو لەوێ نییە، وە ئایا بۆ چاوپێکەوتن بە کەسێک چووە یاخوود نا، ئەوەیان پرسێکی تر بوو، بەڵام نەماندەتوانی هەلی کارەکەی خۆمان لەدەست بدەین رووخسارمان هەڵپێکا و چووین کاری خۆمان کرد و هەرچیەکی پێبوو لێمان سەند و بەجێمان هێشت. ئەوەی کە سەیربوو ئەوەبوو لەپاش لێدانەکە ئینجا من رووخساری ئەوم بەتەواوی بۆ دەرکەوت و هیچ بەرگریەکی پیشان نەدا، وە هەتا ئەو کاتەشی رامان دەکرد هەر بەچاوێکەوە سەیری دەکردین کە ئەو براوە بێت ئەگەرچی هەموو شتەکانیشمان لێسەندووە و چینێ باشیشمان لێداوە.

لەپاڵ نامەکەی کە لای باوکمە، رووخساری ئەو پیاوەش بوو بە دوو سندوقی بێ کلیل لە مێشکمدا. لەپاش ئەوە بریارمان دابوو هەرکەسەمان شتێک بباتەوە بۆ ماڵی خۆی و لەوێ باشتر دەشاردرێتەوە و لێی بکۆڵێتەوە، من کاغەز و ئەوراقەکانی ناو جانتاکەیم دابەش کرد بەسەر خۆم و کورەکانی تردا و سیمباش مۆبایلەکەی بردبوو چونکە ئەو شارەزاتر بوو لە تەکنەلۆجیادا. کاغەزەکانم شاردبۆوە لەناو جانتاکەی خۆمدا و کە رۆشتمەوە بەرەو ماڵەوە سەیرم کرد نیکتۆ وەک بڵێی چاوەرێی من بووبێت لە بەرامبەر ماڵمان وەستاوە و سەیری دەکات، بانگم کرد و وتم رەنگە ئەمجارە وەڵام بداتەوە، بەڵام ئاوڕی نەدایەوە و پاشان وردە وردە چوومە پێشەوە و پاشان ئاوڕی دایەوە و سەیری دەکردم، ئەو وەکو هەمیشە هەمان رووخساری هەبوو، ئەتوانم بڵێم تاڵە قژە شێواوەکانیشی هەر وەکو خۆی بوون، هەر سەیری دەکردم، سەیرکردنی نیکتۆ بۆ هیچ کەس سروشتی نەبوو، لەبەرئەوەی هەمووان لە چاوی نیکتۆ دەترسان بەڵام من چونکە ترسێکم لەچاوی نەبوو، بۆ من ئەوە هۆکارەکە نەبوو بەڵکو بۆ من ئەوەبوو کە ئەو سەیری رووخسار ناکا، سەیری منی دەکرد بەڵام من هەمیشە بەم شێوەیەبووم، ئەو سەیری چیدەکات؟ لەچی دەکۆڵێتەوە، لەوکاتەدا بۆ یەکەم جار بیرۆکەی ئەوەم بۆ هات بە مێشکمدا کە هەرچۆنێک بێت پێی بڵێم سەیری چی دەکات؟ ئەو هەر سەیری دەکردم، هەرچەندێک شتم نوسی و بە دەنگی بەرز و نزم و هەرچۆنێک قسەم کرد سوودی نەبوو، تا ئەوکاتەی ویستم بە گوێیدا بچرپێنم و ئیدی چوە دواوە، ئەو هەمیشە رقی لە نزیکبوونەوە بوو، رووی وەرگێڕا و بەرەو ماڵەوەی خۆیان کەوتەرێ.

منیش ئاوڕم دایەوە بۆ ماڵەوە و باوکم سەیری دەکردم، وتی "بەدرێژایی ئەمڕۆ چاوەڕێی دەکردی."

تەزوویەک هات بە گیانمدا و وتم "تۆ هۆکارەکەی دەزانیت؟"

وتی "نەخێر."

لەپاش دەستکەوتنی هەموو ئەو زانیاریانەی کە لەو پیاوەوە دەستمان کەوت، شتەکان لە ئێمە ئاڵۆزتر بوون، ئەو ئاگاداری ئێمە بوو، لەوەش ئاڵۆزتر ئەو زۆر لە ئێمە دەچوو، نازانم چۆن پێتان بڵێم بەڵام دڵنیابووم کە ئەو جیاواز نییە لە ئێمە، لەکاتی لێکۆڵینەوە پرسیم ئاخۆ ئەگەر دوژمنەکانیشمان هەروەکو ئێمە بن، کاممان تاوانبارین؟ هەر بەراستی ئەوانیش چیرۆکێکیان هەیە بیگێڕنەوە، لەو بیرکردنەوانەدا بووم و سیمبا تەلەفونی بۆ کردم کە دەیەوێت بمبینێت.

"ئەوان گروپێکی دژ بە دوژمنانی ئێمەن و ناویان لەخۆیان ناوە ترەیسس، رێکخراو کارەکانیان دەکەن و ئاگادارن بە هەمان ئەو زانیاریانەی ئێمە کە هەمانە دەربارەی ئەو کەسانەی دەیانەوێت ئەم وڵاتە بکەن بە شوێنی خەونەکانیان، ئەوان لە ئێمە بەهێزترن ڤێرۆ، دەبێ هەوڵبدەین پەیوەندیان پێوە بکەین، نازانم چۆن دەکرێ متمانەیان پێ بکەین بەڵام بەیەکەوە بەهێزتر دەبین."

سیمبا ئەگەر هەر وێنەکێشێک وێنەی بکێشایە نەیدەتوانی ئەو شێوە مارێنزیەی کە هەیەتی نەکێشێ و خۆی لێ لابدات، ئەو زۆر بەهێز بوو، ئەوەندە بەهێز بوو کە من بەهەموو ژیانم گەنجێکم نەبینیبوو ئەوەندەی ئەو بەهێز بێت، وە دڵیشی لە جەستەی بەهێزتر بوو چونکە بەهێزی دڵە دەگوازرێتەوە بۆ جەستەش. ئەو نەیدەتوانی بەباشی بیر لە شتەکان بکاتەوە و باوەڕی بە کردار هەبوو، بەڵام هەر بڕیارێک من رەئم لەسەری هەبووایە ئەو بەبێ ئاوڕدانەوە جێبەجێی دەکرد و بەو هێزەی کە هەیبوو واقعی دەچەمانەوە بۆ ئێمە. من دڵخۆشبووم بە بوونی ئەو، هەموو کات وام هەستکردووە کە شاخێک لە پشتمەوە بێت. بەڵام پەیوەندی کردن بە رێکخراوێک یان دەستەیەک، من نازانم چییان ناو لێ بنێم، ئەگەر بێتوو بە رووکەش هەمان ئامانجی ئێمەشیان هەبێت هەر ترسناکە و دەبێ ئاگاداربین، ئەگەرچی ئەوان تەڵەیەک بن؟ هەرچەندە ئێمە خۆمان کۆمەڵێک گەنجی هاوڕێی یەکدین و متمانەی تەواومان بەیەکە و ئەگەر بریارێک هی من بێ هی هەمووانیشە، وە لێتان ناشارمەوە منیش دەمویست وەکو سیمبا پەیوەندی بەو ترەیسسەوە بکەین و هەم ئەرکی سەرشانمان و هەم مەترسیمان لەسەر کەم ببێتەوە، هەم ئەوان شتانێکی زیاتر لەسەر دوژمنەکانمان دەزانن و ئەگەری سەرکەوتنمان زیاتر دەبێت و کۆمەڵێکی تر خاڵ هەبوون کە خزمەتیان بەو کۆبوونەوەیە دەکرد. بەڵام ئەوەی کە منی خسبووە گومانەوە رووخساری ئەو پیاوە بوو کە ئێمە ئەم زانیاریانەمان لێسەند و لێمان دا، ئەو رووخسارەی ئەو پیشانی دام، رووخساری کەسێک نەبوو متمانە بە کردارە دەرەکیەکانی بکەیت تاوەکو شارەزای ناخی نەبیت.

 

(ئەم چیرۆکە هێشتا کۆتایی نەهاتووە و درێژە دەکێشێت.)

زۆرترین بینراو

developed by Scorpion shield