ئەزما چییە؟

بڵاوکردنەوە:

خونچە حەیدەر

نووسەر:

خونچە حەیدەر

بینراو:

906

بەش:

تەندرووستی

ئەزما (هەناسەتەنگی) حاڵەتێکی درێژخایەنە کە کاریگەریی دەکاتە سەر ڕێڕەوی هەناسە لە سییەکان، ڕێڕەوی هەناسەدان کۆمەڵێک بۆریین کە هەوا لە ناوەوە و دەرەوەی سییەکانت دەگوازنەوە. ئەگەر ئەزمات هەبێت دەکرێ هەندێ جار ڕێڕەوەکانی هەناسە هەڵئاوسابێت و تەسکبێت. ئەمە وا دەکات چوونەدەرەوەی هەوا لە سییەکانت زەحمەتتر بێت کاتێ هەناسە دەدەیت، ئەمە یەکێکە لە بڵاوترین نەخۆشییە درێژخایەنەکان لەناو منداڵاندا، بەڵام گەورەکانیش تووشیدەبن.
 

نیشانەکان:

توندبوونی سنگ (وا هەست بکەی کە شتێک سنگت دەگوشێت یان لەسەری دانیشتووە).

هەستکردن بە ماندوویی، زوو خەمباربوون، مەزاجی ناجێگیر.

دڵەڕاوکێیی.

ڕەنگ زەردبوون، ئارەقە کردنەوەی ڕوخسار (دەگەڕیتەوە بۆ ئەو ڕاستییەی کە ئەوانەی ئەزمایان هەیە ئۆکسجینی تەواویان بۆ ناچێت).

کۆکەکردن لە شەو یان بەیانی زوو.

هەناسەدانی بەدەنگەدەنگ (وەکو دەنگی فیکە و جیڕەکردن).

خەوتنی خراپ - کێشەی خەوتن.

 

چی دەبێتە هۆی ئەزما؛ چالاککردنی ئەزما

بەرکەوتنی هەموو جۆرە زیانبەخشەکان (بێزارکەرەکان)ی ماددەکان کە دەبێتە هۆی زیادبوونی هەستیاری ئەزما. کە دەکرێ ببێتە هۆی بەرزبوونەوەی نیشانە و دەرکەوتنی ئەزما. چالاکبوونەکانی ئەزما لە کەسێکەوه بۆ کەسێکی تر دەگۆڕێت وە پێکدێت لە:

هەستیاریی هەوایی وەکو هەڵاڵە، ئەو زیندەوەرانی لە ناو خۆڵدا هەن، کەڕوو.

کێشەی هەناسەدان، وەک سەرمابوونی ئاسایی.

چالاکی جەستەیی.

کەشی سارد.

پیسکەرەکانی هەوا وەکو جگەرە.

هەندێ دەرمانی دیاریکراو وەکو دەرمانی کەمکردنەوەی پەستانی خوێن و ئەسپرین.

کاریگەریی بەهێزی سۆزداری، نیگەرانی.

ئەزما بەهۆی وەرزشەوە، بەتایبەتی کاتێک کەشوهەوا سارد و وشکە.

 

چۆن ئەزما کاردەکاتە سەر ڕێڕەوە هەواییەکانت؟

ڕێڕەوە هەواییەکان لە ناو سییەکانت زۆر هەستیارن بە هەندێک ماددە وەکو (توتن، جگەرە، خۆڵ، هتد...) ئەوانە پێیان دەوترێت چالاککەرانی (هاندەرانی) ئەزما، چونکە سیستەمی بەرگریی کاردانەوەی گەورەی دەبێت بۆیان.

وا لە چینی ناوەوەی ڕێڕەوە هەواییەکان دەکات زیاتر هەڵبئاوسێت و دەبێتە هۆی هێشتنەوەی خانەی کەمتر لە ڕێڕەوە هەواییەکان تا هاتووچۆی پێدابکات.

وا لە ماسوولکەکانی دەوری ڕێڕەوە هەواییەکان دەکات گەورەتر و توندتربن. ڕێڕەوە هەواییەکان دەگوشێت و بچووکتریان دەکاتەوە (ئەم حاڵەتە پێی دەوترێت "bronchospasm").

وا لە ڕژێنەکان دەکات لینجیی (جەلی) ئەستور لە ڕێڕەوە هەواییەکاندا دروستبکەن، کە دەبێتە هۆی داخستنی ڕێڕەوە هەواییەکان.

ئەو گۆڕانکارییانە وا دەکەن کرداری هەناسەدان قورستر بێ.

 

بە شێوەیەکی ئاسایی ڕێڕەوە هەواییەکانت کراوەن بۆیە ئەو هەناسەیەی هەڵیدەمژیت بەئازادی دەچنە ناو سییەکانت و دێنە دەرەوە. کاتێ نیشانەکانی ئەزمات تێدا دەرکەوت، لایەکانی ڕێڕەوە هەناسەییەکانت ئەستور دەبن (هەڵدەئاوسێن)؛ شوێنی کەمتر بۆ گواستنەوەی هەناسە بەئازادی بەردەستدەبێت.

 

ئایا ئەزما چارەسەر دەکرێت؟

ناتوانین ئەزما چارەسەر بکەین بەڵکو دەتوانین کۆنتڕۆڵی بکەین، دەتوانیت لەگەڵ دکتۆرەکەت خشتەیەکی چارەسەر دروستبکەی.

 

چارەسەری سروشتی ئەزما

دەکرێ دکتۆری دەروونی یارمەتیدەر بێت بۆ مامەڵەکردن لە نیشانەکانی ئەزما، بۆ نموونە، دەکرێت کاردانەوەیەکی نەرێنی بۆ دڵەڕاوکێیەکی دەروونی ببێتە هۆی زیادکردنی حاڵەتی ئەزما، هەندێک چارەسەری ئارامکەرەوەی سروشتیی وەکو هەڵمژینی هەناسەی قووڵ، ڕاهێنانی پشووپێدانی ماسولکەکان، پێشبینی (وێناکردنی) ئەرێنییانە و دوورخستنەوەی دڵەڕاوکێ.

دەرزیئاژنین، چارەسەری نەریتی چینی، چارەسەرکردن بە دانانی دەرزی باریک لە ناو خاڵی دیاریکراو لەسەر جەستە، لە کاتێکدا هەندێک خەڵک دەڵێن چارەسەری دەرزیئاژنین نیشانەکانی ئەزما کەمدەکاتەوە، تەنها بەڵگەیەکی بچووک هەیە کە دەڵێت دەتوانێت کاریگەریی هەبێت وەکو چارەسەرێک بۆ ئەزما.

گیا و سەربارە خۆراکییە سروشتییەکان، زۆرێک گیا و ڕووەک و هاوشێوەکانی بەکاردەهێنن بەتایبەتی "گیای چینی" بۆ چارسەری ئەزما، ڕوون نییە کە تا چەند کاریگەرییان هەیە. توێژینەوەی زیاتر پێویستە لەسەر سەربارەکانی وەکو مەگنیسیۆم و ڕۆنی ماسی. بەڵام ڤیتامینەکانی C، D و E دەکرێ یارمەتیدەربن بۆ کەمکردنەوەی مەترسی نیشانەکانی (حاڵەتەکانی) ئەزما.

دابەزاندنی کێش، زۆربەی ئەو کەسانەی کێشی زیادیان لە ناوەڕاستی جەستەیان هەیە وا لە سییەکان دەکات پڕۆسەی هەناسەدانی قورستربێت.

کافاین، چارسەری سییەکانە واتە یارمەتی کرانەوەی ڕێڕەوی هەناسە دەدات، زانست بۆی دەرکەوتووە کە دەکرێت ئەوە یارمەتی باشترکردنی کرداری هەناسە بدات لەو کەسانەی ئەزمایان هەیە.

 

سەرچاوەکان:

https://www.mayoclinic.org/diseases-conditions/asthma/symptoms-causes/syc-20369653

• https://www.cdc.gov/asthma/faqs.htm#:~:text=Asthma%20is%20a%20disease%20that,or%20early%20in%20the%20morning

 

زۆرترین بینراو

developed by Scorpion shield