تا ئێستا هیچت بیستووە سەبارەت بە (دەوالی)؟

بڵاوکردنەوە:

ڕاستی عبداللە ڕەزا

نووسەر:

ڕاستی عبداللە ڕەزا

بینراو:

1296

بەش:

تەندرووستی

نەخۆشی دەوالی

ناوە زانستییەکەی (Varicose Veins – هەڵئاوسانی خوێنهێنەر)ـە کە هەڵئاوسان لە خوێنهێنەرەکان ڕوودەدەن و زۆر بەئاسانی لە دەرەوەی پێستەکە هەست بە هەڵئاوساوییەکەی دەکرێت، ئەم حاڵەتە زۆر بە ڕوونی لە خوێنهێنەرەکانی لاقدا بەدەردەکەون هەروەها لە زۆرینەی حاڵەتەکانیش، ئافرەتان لەدوای منداڵبوون لە حەوزیاندا ئەم هەڵئاوساوییە دەبینرێت. ئەم هەڵئاوسانە دەبێتە هۆی زیادبوونی پێدارۆیشتنی خوێن و بە ڕەنگێکی (مۆر یان شین) خوێنهێنەرەکان دەردەکەون و ئەم زیاد پێداڕۆیشتنەی خوێنیش وا دەکات ئازار لەو خوێنهێنەرانەدا دروست ببێت.

 

ئایا چ کاتێک خوێنهێنەر رووبەڕووی ئەم حاڵەتە دەبێتەوە؟

ئەم حاڵەتە کاتێک ڕوودەدات کە خوێنهێنەرەکان لاوازبووبن بە هەر هۆکارێک، ئەمەش دەبێتە هۆی دروستبوونی پەستانێکی زۆر لەسەر خوێنهێنەرەکانی دیکە و خوێنە کۆبووەوەکە ناتوانێت بگەڕێتەوە دواوە، چونکە زمانەی ناو خوێنهێنەرەکان ڕێگردەبن لەو کردارە و پاشان دەبێتە هۆی هەڵئاوسانی دیواری خوێنهێنەرەکان.

 

هۆکاری بنچینەیی ئەم هەڵئاوسانە بریتییە لە لاوازبوونی خوێنهێنەرەکان.

پرسیارەکە ئەوەیە: (ئایا خوێنهێنەرەکان بە چ هۆکارێک لاوازدەبن)؟

لاوازبوونی خوێنهێنەرەکان چەند هۆکارێکی هەیە، لەوانە:

١ - کاریگەریی هۆرمۆنەکان (ئەم هۆکارە لەئافرەتاندا زیاترە).

٢ - کاریگەریی تەمەن (سەروو 50ساڵی).

٣ - قەڵەوی و جگەرەکێشان.

٤ - پەستان خستنەسەر خوێنهێنەرەکان لە کاتی زۆر وەستان بە پێوە یان دانیشتنی نادروست.

٥ - هۆکاری بۆماوەیی.

 

نیشانەکانی ئەم نەخۆشییە چییە؟

* دەرکەوتنی خوێنهێنەری هەڵئاوساوی مۆر یان شین لەرووی پێست.

* هەستکردن بە ماندووێتی و قورسبوونی قاچەکان.

* خورشت (چواردەوری ئەو ڕووبەرەی خوێنهێنەرەکەی هەڵئاوساوە، پێستەکەی تووشی خوراندن دەبێت).

* گۆڕانی ڕەنگ (دوای تێپەرینی کاتێکی زۆر لە نیشانەکانی نەخۆشیەکە و دواخستنی چارەسەریەکەی، ئەوا ڕەنگی‌ پێست دەگۆڕێت بۆ قاوەیی).

 

چارەسەرەکانی چین؟

١ - کەمکردنەوەی هەندێ ڕەفتاری وەک: وەستان بەپێوە بۆ ماوەیەکی زۆر، دانیشتن و جوڵەی نادروست.

٢ - هێشتنەوەی کێشت بەشێوەیەکی رێک و تەندروست و خۆ بەدوورگرتن لە قەڵەوی.

٣ - خۆبەدوورگرتن لە (تووتن) بەهەموو جۆرەکانییەوە، چونکە زیانبەخشە بۆ خوێنهێنەرەکان.

٤ - چارەسەری لەیزەر، کە وادەکات خوێنهێنەرە لاوازکراوەکە دابخرێت و هەڵئاوسانەکە ئاسایی بکرێتەوە.

٥ - چارەسەر بەدەرزی، بە بەکارهێنانی دەرمانی "Sclerotherapy" کە دەکرێتە ناو خوێنهێنەری هەڵئاوساو و دەبێتە یارمەتیدەر بۆ پیاڕۆیشتنی خوێنەکە.

٦ - نەشتەرگەری، کە بەلابردنی خوێنهێنەرە لاوازبووەکان وادەکات جارێکی دیکە هەڵئاوسان سەرهەڵنەداتەوە.

زۆرترین بینراو

developed by Scorpion shield